گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١ 

زمان و پەروەردە، دەوڵەت-نەتەوە و نەتەوەی بێ‌دەوڵەت

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025

وریا، قادر (٢٠٢٥): زمان و پەروەردە، دەوڵەت-نەتەوە و نەتەوەی بێ‌دەوڵەت . گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ١١٩–٩٠. https://doi.org/10.69939/TISHK0071

DOI 10.69939/TISHK0071

“نەتەوە” لەو چەمکانەیە کە کۆمەڵناسان و زانایانی بواری زانسته کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی جیاواز پێناسەیان کردوون. لەپشت ئەو پێناسانە، ئایدۆلۆژیا و ڕوانین و بەرژەوەندیی سیاسیی جۆراوجۆر هەن کە بەشێکیان لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیکه دامەزراون. لە بەراییدا پێویستە بگوترێت کۆمەڵە خەڵکێک کە خۆیان بە نەتەوە دەزانن، بەڵام لە مافی هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و دەوڵەتی نەتەوەیی بێبەش کراون، پێناسە و خوێندنەوەیان لە نەتەوە، جیاوازیی زۆری هەیە لەگەڵ پێناسەی وڵاتێک کە لە چەند نەتەوەی خاوەن زمانی جیاواز و سەرزەویی تایبەت بە خۆیان پێک هاتووە و هەموویان بەسەر یەکەوە بە یەک نەتەوە ناو دەبات.

پوختە

یەکێک لەو کێشە گرنگانەی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان هەیانە، بێ‌بەشبوون لە مافی سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەر خاکی خۆیانە. ئەم بێ‌بەشییە سەرکوت و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییی ئەوانیشی لێ کەوتووەتەوە، بەتایبەتی زمانەکانیان ڕووبەڕووی پەراوێزخران و تەنانەت حاشالێکردن بووەتەوە. دەوڵەت-نەتەوەکان بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە، دەوڵەتی نەتەوەی سەردەستن و سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی وڵاتیان خستووەتە خزمەت ئەم پەراوێزخستن و حاشالێکردن و سڕینەوەیە، ئەویش لە ڕێگای زاڵکردنی تاکزمانی لە سیستەمی پەروەردە و ڕێگاگرتن لە بەکارهاتنی زمانانی‌ دیکە لە پەروەردەدا. وڵاتی ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە سیاسەتی زمانیان بۆ خزمەتی ئایدۆلۆژیا و ئامانجگەلی سیاسیی دیاریکراو بەکار هێناوە. ئایدۆلۆژیای زاڵ لە ئێران لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا ئەم وڵاتەی وەک وڵاتی یەک نەتەوە و یەک زمان پێناسە کردووە، نەک هەر دانی بە فرەنەتەوە و فرەزمان بوونی خەڵک و وڵاتی ئێراندا نەناوە، بەڵکو هەوڵی حاشالێکردن و پەراوێزخستنی ئەو نەتەوە و زمانانە و ڕێگری لە جێبەجێبوونی مافە نەتەوەیی و زمانییەکانیانی داوە. لەم  توێژینەوەیەدا هەم ئاوڕ لە ناوەرۆکی پڕۆسەی “نەتەوەسازی” لەلایەن دەوڵەت -نەتەوەی ئێران بە یارمەتی و هاوکاریی سیستەمی پەروەردەی تاکزمانی دەدرێتەوە، هەم گرنگیی بەرپەرچدانەوەی ئەم پڕۆسەیە لەلایەن نەتەوە نافارسەکانی ئێران و بە دیاریکراوی نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی کورد، لە ڕێگای داواکردن و پێداگری لەسەر پەروەردە بە زمانی خۆیان باس دەکرێت.

١-نەتەوە و دەسەڵاتی سیاسی

١-١-چەمکی نەتەوە و جۆراوجۆریی ڕوانگەکان

“نەتەوە” لەو چەمکانەیە کە کۆمەڵناسان و زانایانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی جیاواز پێناسەیان کردوون. لەپشت ئەو پێناسانە، ئایدۆلۆژیا و ڕوانین و بەرژەوەندیی سیاسیی جۆراوجۆر هەن کە بەشێکیان لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوانی‌ دیکە دامەزراون. لە بەراییدا پێویستە بگوترێت کۆمەڵە خەڵکێک کە خۆیان بە نەتەوە دەزانن، بەڵام لە مافی هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و دەوڵەتی نەتەوەیی بێبەش کراون، پێناسە و خوێندنەوەیان لە نەتەوە، جیاوازیی زۆری هەیە لەگەڵ پێناسەی وڵاتێک کە لە چەند نەتەوەی خاوەن زمانی جیاواز و سەرزەویی تایبەت بە خۆیان پێک هاتووە و هەمووانیان بەسەر یەکەوە بە یەک نەتەوە ناو دەبات. کەم نین ئەو کۆمەڵە خەڵکانەی سەرزەوی، زمان، مێژوو و کولتووری تایبەت بە خۆیان هەیە و بەڕاستی لەوانی دیکە جیاوازن، بەڵام هەر بەو هۆیەوە کە نەیانتوانیوە سەربەخۆییی خۆیان ڕابگەیەنن و دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان پێک بێنن، بە نەتەوە دانانرێن.

لە پێناسەکردنی کۆمەڵە خەڵکێک وەک نەتەوە فاکتەری جۆراوجۆر دەور دەبینن. بەپێی پێناسە کۆنەکان زمانی هاوبەش، سەرزەویی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و کولتووری هاوبەش لە سەرەکیترین فاکتەرەکانن. جاران ئابووریی هاوبەشیش وەک یەکێک لەو فاکتەرانە ناوی دەهات. بە نموونە ژۆزێف ستالین، ڕێبەری حزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت لە پێناسەکەی خۆیدا “نەتەوە”ی لە ڕەگەز، ئێتنیک لەلایەکەوە و ئیمپراتۆری لەلایەکی دیکەوە جیا دەکردەوە. ئەو لەسەر ئەم باوەڕە بوو: ”نەتەوە کاتێک پێک دێت کە چەندین هۆکاری سەقامگیر لە دەوری یەک کۆ ببنەوە، بۆ نموونە ئابووریی هاوبەش، زمانی هاوبەش، نیشتمانی هاوبەش و فەرهەنگی هاوبەش یان پێکهاتەیەکی سایکۆلۆجیی هاوبەش کە لە پێکهاتنی فەرهەنگی هاوبەشدا ڕەنگی دابێتەوە” (موهتەدی،٢٠٢١).[1] دیارە ئەم پێناسەیەی ستالین و ڕێبەرانی دوای ئەو بۆ نەتەوەکان، تەنانەت بەفەرمی ناسینی مافی جیابوونەوە بۆ نەتەوەکانیشی لە تیۆریدا لەگەڵدا بوو، بەڵام بەکردەوە بەپێچەوانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەتەوەکان کرد. ئەم فاکتەرانە ئەگەر لەبارەی هێندێک نەتەوەش ڕاست و لەجێی خۆیاندا بن، ناتوانن بۆ هەموو نەتەوەکان دروست بن، چونکە بەکردەوە دەبینین چەندین کۆمەڵە خەڵک هەن کە هەم سەرزەویی هاوبەشی خۆیان هەیە، هەم زمانی تایبەت بە خۆیان؛ لە درێژایی مێژووشدا هەبوون، بەڵام چونکە لە بڕگەیەک لە مێژوودا نەیانتوانیوە سەربەخۆییی خۆیان ڕابگەیەنن و دەوڵەتی نەتەوەییی تایبەت بە خۆیان پێک بێنن و بیچەسپێنن، بە نەتەوە ناژمێردرێن.

١-٢-مەرجدارکردنی نەتەوە بە هەبوونی وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆ

بۆ چوونە نێو ئەم باسە، لە پێشدا چەند پێناسەیەکی جیاواز و جۆراوجۆری “نەتەوە” دەخەینە ڕوو. دواتر لەسەر ئەمە ڕادەوەستین کە کورد وەک کۆمەڵە خەڵکێکی دەیان میلیۆنی و خاوەنی سەرزەوی و نیشتمانێک کە ڕووبەرەکەی لە ڕووبەری دەیان وڵاتی سەربەخۆی ئەمڕۆی جیهان گەورەترە، ئایا دەکەوێتە خانەی “نەتەوە”؟ ئەم کۆمەڵە خەڵکە، ئەگەر نەتەوەن بۆچی مافی هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و دەوڵەتێکی نەتەوەییی تایبەت بە خۆیان پێ ڕەوا نابیندرێت؟ ئەگەر “نەتەوە” نین شایانی چ ناوێکی دیکەن؟ ناسنامەکەیان چییە؟ چییەتیی کێشەکەیان چۆن لێک دەدرێتەوە و ئەم کێشەیان چۆن دەبێت چارەسەر بکرێت؟

 نەتەوە بە شێوەی جیاواز پێناسە کراوە. جاری وایە لەم پێناسەکردنانەدا سنووری نێوان نەتەوە و کۆمەڵە خەڵکێکی خوارتر لە نەتەوە بۆ وێنە “قەوم”(ئێتنیک) بە زەحمەت لێک جیا دەکرێنەوە. واتە هەر ئەو پێناسەیەی بۆ نەتەوە کراوە، دەکرێت بۆ قەومێکیش بەکاری بێنی. هێندێک پێناسەکانیش نەتەوە بە هەبوونی دەوڵەت دەبەستنەوە، واتە نەتەوەیەک کە دەوڵەتی نەبێت، نەتەوە نییە. لە بەرانبەردا پێناسەی ئەوتۆش هەیە کە نەتەوەبوونی کۆمەڵە خەڵکێک بە قەناعەت و بڕواهەبوونیان بە نەتەوەبوونی خۆیانەوە گرێ دەداتەوە. لەم بەشەدا ئاماژەیەکی کورت بە ژمارەیەک لەو پێناسە جیاوازانە دەکرێت. “شەبانی” نەتەوەی بەم جۆرە پێناسە کردووە : ”نەتەوە بریتییە لە خاڵی هاوبەشی كۆمەڵێك خەڵك لەبارەی زمان و کولتوور و جوگرافی و شێوەژیان و ڕەگ و ڕیشە مێژوویی‌یەكانەوە”. هەر ئەم سەرچاوەیە بەم جۆرە درێژەی بە پێناسەی نەتەوە داوە: ”بەڵام لە ڕووی تیۆری و ڕەگ و ڕیشەوە زاراوەی نەتەوە زیاتر دیاردەیەكی مێژوویی سیاسییە. نەتەوە یەكینەیەكی گەورەی سیاسییە كە لەنێوان كولتوور و هۆشیارییەكی هاوبەشدا گرێبەستێك ساز دەكات” (شەبانی،٢٠١٥: ٣٢٦)[2]. پێناسەیەكی‌ دیکەی ئەم چەمکە بریتییە لە: ”كۆمەڵگەیەكی هاوڕەگەز كە خاوەنی پێشینەیەكی مێژووییی یەكسان و بەرژەوەندییەكی هاوبەش و زمانێكی یەكگرتوو بێت ”(سمکۆ محەمەد،٢٠٠٩: ٩٩)[3]. ئەگەر بەراوردێکی ئەم پێناسانە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە هەبوونی خاڵی هاوبەش لە ڕووی زمان و کولتوور و شێوەژیان و ڕەگوڕیشەی مێژوویی بۆ ناودێرکران بە “نەتەوە” مەرجێکی پێویستە، بەڵام مەرجی تەواو ئەوەیە کە پێویستە نەتەوە” یەکینەیەکی سیاسی”ش بێت؛ یەکینەیەکی سیاسی کە لەسەر بناغەی هاوڕەگەزی و خاڵە هاوبەشەکان، گرێبەستی دروست کردبێت. مەبەستیش لەم وشانە ئەوەیە توانیبێتی وەک دەوڵەتێک بوونی خۆی بسەلمێنێت. ئاشکرایە دەوڵەتیش لەسەر خاکێکی دیاریکراو پێک دێت. بەم جۆرە پێناسەی نەتەوە، سێگۆشەیەک دەگرێتە خۆی: گۆشەیەک کۆمەڵە خەڵکەکەیە بە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانیانەوە، گۆشەکەی دیکە وڵات یا سەرزەوییەکە کە ئەو خەڵکەی لەسەر دەژین و لە گۆشەی سێیەمیشدا دەوڵەتی ئەو نەتەوەیە هەیە.

بیرمه‌ندی فەره‌نسی، “ئەرنێست ڕێنان”پێی وایه‌ نه‌ته‌وه‌ به‌‌یه‌كه‌وه‌ژیانێكی ئاره‌زومه‌ندانەیە كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ و ئاره‌زووی هاوبه‌شی تاكه‌كانی داده‌مه‌زرێت. بەپێی بۆچوونی ڕێنان: ”بوونی سه‌روه‌ری و شانازییه‌كانی ڕابردوو، هه‌بوونی ویست و ئیراده‌ی هاوبه‌ش له‌ ئێستادا، ئه‌نجامدانی كاری گه‌وره‌ و مه‌زن له‌ ڕابردوودا و هه‌وڵدان به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی كاری زیاتریش به‌ یه‌كه‌وه‌ بكرێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ بوون به‌ نه‌ته‌وه‌ پێویستن” (جەعفەر عەلی،٢٠١٧)[4]. ڕێنان، نەتەوەی بە هاوپێوەندییەک زانیوە کە بەهۆی ئاگامەندیی مێژوویی‌یەوە دەپارێزرێت. مەبەستی لەم قسەیە ئەمەیە: ”ئەم هاوپێوەندییە دەبێت بە خواستی ژیانی هاوبەشەوە درێژەی پێ بدرێت. بە هەمان ئەندازە کە ڕابردووی مێژوویی گرنگە، ئێستاش گرنگە. ناکرێت ئێستا فیدای ڕابردوو بکەین و نەتەوەیەک بەهۆی ئەوەی پێشینەیەکی هاوبەشیان بووە، بە ناچاری لای یەک ڕایانبگری یان لە یەکیان جیا بکەیتەوە” (موهتەدی، ٢٠٢١)[5]. کاکڵەی پێناسەکەی ڕێنان “نەتەوەی سیاسی” دەگرێتەوە. چونکە ڕێنان لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە “نەتەوە” بریتییە لە ڕاپرسییەکی ڕۆژانە. تەبریزی لێکۆڵەری ئێرانی، مەبەست لەم قسەیەی ڕێنانی بەم جۆرە لێک داوەتەوە: ”بنەمای نەتەوە لەسەر ئیختیار و ڕەزامەندی و حەز و ئارەزوومەندێتی بۆ پێکەوەژیان دادەمەزرێت کە ئەمەش لە ڕاپرسیدا خۆی دەرخستبێت، نەک جارێک ڕاپڕسی و بۆ هەمیشە، بەڵکو ڕاپڕسییەکی ڕۆژانە و بەردەوام و بەستنەوەی مانەوە و پێکەوەژیانی ئەو نەتەوە سیاسییە بە ڕەزامەندیی بەردەوام و ڕۆژانە (تبریزی، ٢٠٠٨)[6]. “بێنێدیکت ئاندرسۆن” کە پێکهاتنی نەتەوە و ناسیۆنالیزم(نەتەوەپەرستی)ی گەڕاندووەتەوە بۆ سەرهەڵدانی پیشەسازی و سەرمایەداری، لەو بڕوایەدا بوو بۆ پێكهێنانی نه‌ته‌وه‌ مه‌رجه‌ دوو پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تێك بشكێنرێت. یه‌كیان تێكشكاندنی گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌روو نه‌ته‌وه كه‌ ئیمپراتۆرییەت و ده‌وڵه‌تی دینی و هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌؛ دووه‌میان، تێكشكاندنی گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خوار نه‌ته‌وه‌، كه‌ خۆی له‌ بنه‌ماڵه‌ و خێڵ و عه‌شیره‌ت و هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌ بچووكتردا ده‌بینێته‌وه”(سەرچاوەی پێشوو). ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆمەڵە خەڵکێک کە خۆیان بە یەک نەتەوە دەزانن، ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان  لە بەستراوەیی بە گرووپی سەرووتر یان خوارتر لە نەتەوە، بە گرنگتر دەزانن.

١-٣-نەتەوە بەپێی تیۆریی دەوڵەت- نەتەوە

جیهان لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی هەژدەیەم و پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکانی ئەمریکا (١٧٨٦) و فەرانسە (١٧٨٩) بەرەبەرە شایەتی پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوەکان بوو. پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە لە سەدەی نۆزدەیەم لە ئەوروپای ڕۆژاوا و باکووری ئەمریکا پەرەی گرت، پاشان ئەم ڕەوتە لە سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکای لاتین، ئاسیا و ئەفریقا گەشەی کرد، وای لێهات لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا نزیکەی پانزدە ئیمپراتۆریی لاوازی چەند ئێتنیکی (وەک عوسمانی، نەمسا و هەنگاریا) ڕوخساری سیاسیی جیهانیان پێک دێنا (حەمدی و هاوکارانی،٣٣٣:١٣٩٩)[7]. تیۆریی دەوڵەت-نەتەوە داواکار بوو کە ئیمپەراتۆرییەکانی ئەو سەردەم بەگوێرەی پێکهاتە ئێتنیکی و نەتەوەیی‌یەکانیان دابەش ببن، بە جۆرێک کە هەر نەتەوەیەک دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆی هەبێت. زۆر لە وڵاتانی ئەو سەردەمیش ڕێک لەسەر ئەم بناغەیە دروست بوون. لەم تیۆرییەدا نەتەوە پێش دەوڵەت دەکەوت، واتە نەتەوە دەبوو هەبا، جا دەیتوانی دەوڵەتی هەبێت. تیۆریی ناوبراو ئەم مافەی دەدا بە هەر نەتەوەیەک کە دەوڵەتی خۆی هەبێت. لە ڕاستیدا بەپێی ئەم تیۆرییە پۆلێنکردنی بلۆکە سیاسییەکانی جیهان دەبوایە بەپێی پۆلێنکردنی نەتەوەکان بێت. لەم تیۆرییەدا نەتەوە بوون هۆکار و دەوڵەت ئەنجامەکەی بوو.

لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە یان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە بەشەکانی دیکەی دنیاش بە پشتبەستن بەم تیۆرییە، ژمارەیەک دەوڵەت-نەتەوە دروست بوون، یان بە ئیلهاموەرگرتن لە تیۆریی دەوڵەت- نەتەوە، خۆیان و خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان پێناسە کردەوە. وەک نموونە دەوڵەتی تورکیا کە لەسەر وێرانەکانی ئیمپراتۆریی هەڵوەشاوەی عوسمانی دروست بوو، خۆی وەک نوێنەری ئیرادەی نەتەوەی تورک پێناسە کرد و خەڵکی ئەو وڵاتەی- کە لە ڕووی نەتەوایەتییەوە پێکهاتەی جیاوازیان هەبوو-، وەک یەک نەتەوە(نەتەوەی تورک) پێناسە کرد. دەوڵەتی ئێرانیش خەڵکی وڵاتەکەی بە نەتەوەی ئێران پێناسە کرد و خۆشی وەک دەوڵەتی نەتەوەی ئێران، ناساند. لە وڵاتە تازە پێکهاتووەکانی دیکەی سەر نەخشەی سیاسیی جیهانی نوێش، بۆ نموونە سوریا و عێراق، دەوڵەتەکان خۆیان وەک نوێنەری ئیرادەی سیاسیی نەتەوەیەکی دیاریکراو، پێناسە کرد: نەتەوەی سوریا و نەتەوەی عێراق. بەڵام هەر وەک لە ئێران نەتەوەیەکمان بە ناوی نەتەوەی ئێران نەبووە و نییە، لەو دوو وڵاتەی دیکەش، نەتەوەی سوریا و نەتەوەی عێراق نەبووە و نییە. م. هەورامانی پستبەستوو بە پێناسەی حافیزنیا (١٣٨٨)، میللەت یان نەتەوەی بە کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان زانیوە کە لە چوارچێوەی سنوور و جوگرافیای سیاسیی یەک وڵات (واتە کیانێکی سیاسی)دا دەژین و‌ ماف و بەرپرسیاریەتیی وەک یەکیان هەیە (هەورامی، ٢٠٢٠: ٦١٨)[8]. هەبوونی پێگەی سیاسی و بوون بە دەوڵەت لە زۆربەی پێناسەکاندا کراوە بە مەرجێکی سەرەکی. لە باوەڕی جوگرافیزانانی سیاسیدا، کاتێک قەومییەت یا ئێتنیک بەرگی نەتەوە دەپۆشێت کە بتوانێت خۆی لە چوارچێوەیەکی سیاسی یان”State”دا ڕێک بخات. بۆ وێنە ئەفغانستان، تاجیکستان و ئێران لە زۆر بوارەوە و بەتایبەت زمان، ئایین و کولتوور، وەک یەکن بەڵام بە هۆی جیاوازیی سنوور و وڵاتەوه، بوون بە سێ نەتەوەی جیاواز. لە بەرانبەردا نەتەوەی سویسڕا هەیە کە لە وڵاتێکی بچووکدا چوار زمانی جیاواز پێکەوە، نەتەوەیەک پێک دەهێنن.

بە چاوخشاندنێک بەو پێناسانەی بۆ نەتەوە کراون، نەتەوە خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوەیە: ١- وڵات و حکوومەتێکی هاوبەش،٢- زمان و فەرهەنگی هاوبەش،٣- ئایین و باوەڕی هاوبەش، ٤-خاک و سەرزەمینی هاوبەش، ٥- بیرەوەریی سیاسیی هاوبەش و ٦- مێژوو و چارەنووسی هاوبەش” (سەرچاوەی پێشوو: ٦١٨)، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەوە تەنیا تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی کۆمەڵە خەڵکێک نین کە دەیانکەن بە هاوشانی نەتەوەکانی‌ دیکە. نەتەوە بە مانا نوێیەکەى، پێویستیی بە سروشتێکی دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ نەتەوەکانى دیکە هاوشان بێت. لێکۆڵەری کورد، کنێر عەبدوڵڵا پێی وایە: ”ئەو نەتەوانەی دواى دروستبوونی دەوڵەت دروست بوون، یان ئەو نەتەوانەی دەوڵەتێکیان هەیە، بەشێک لە سروشتی دامەزراوەییی دەوڵەتیان وەرگرتووە و جۆرێک لە ڕێکخستنیان هەیە کە یارمەتییان دەدات گەشە بکەن و خۆیان بەئاسانی لەگەڵ قۆناغە جیاوازەکان بگونجێنن ”(کنێر عەبدوڵلا،٢٠١٧)[9]. بەڵام ئەو نەتەوانەی نەبوون بە خاوەن دەوڵەتێک و ئەو نەتەوانەی خراونه‌ چوارچێوەی دەوڵەتێک کە نەتەوەیەکی نامۆ و دژ تێیدا باڵادەستە، بۆ مانەوە بەگشتی و پەیداکردنی سروشتی دامەزراوەیی بەتایبەتی، ئەرکی قورستریان لەسەر شانە. ئەم لێکۆڵەرە کوردە نووسیویەتی: ”نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان پێویستیان بە ڕێکخستن هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی ئەو شەپۆلانە بگرن کە بە ئاراستەى لاوازکردنیان دەجووڵێنەوە” (سەرچاوەی پێشوو). 

دەتوانین لە کۆی ئەم باسە  ئەم ئاکامە وەربگرین: لە پڕۆسەی لەدایکبوونی دەوڵەت – نەتەوەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، نەتەوەی وا هەبوون ئەگەرچی بەپێی هێندێک لە پێناسەکان نەتەوە بوون، بەڵام نەیانتوانی یان نەیانهێشت ببن بە خاوەن دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیان. کورد نموونەی ئەو نەتەوانە بوو. هێندێک نەتەوەش دروست کران کە نەتەوەی خەیاڵی بوون، کۆمەڵە خەڵکێکی پێکهاتوو لە ئێتنیک و نەتەوەی جیاواز بوون، بەڵام بەو هۆیەوە کە بە حوکمی مێژوو یان بەپێی ویستی زلهێزەکان و براوەکانی شەڕی جیهانی، کەوتبوونە نێو جوگرافیایەکی سیاسیی دیاریکراو، ناوی نەتەوەیان لەسەر دانرا. وەک موهتەدی وتوویەتی: ”پێکهاتنی زۆرێک لە دەوڵەت-نەتەوەکان بەرهەمی ئاوێتەبوون یان جیابوونەوەی زۆرەملیی ئەوان لەلایەن دەسەڵاتە بیانی و کۆلۆنیالیستەکانەوەیە، نەک ئەوەی بەرهەمی یەکگرتنی مێژوویی و گەشەی سروشتیی ئەم کۆمەڵگەیانە بێت” (موهتەدی، ٢٠٢١)[10]. ئەگەر فاکتەرەکانی خاکی هاوبەش، مێژوو و ڕابردووی هاوبەش، کولتووری هاوبەش و لە هەمووی ئەمانە گرنگتر وشیاری و ویستی نەتەوەییی تاکەکان بکەینە پێوەر، کورد نەتەوەیەکی تەواوە. نەتەوەیەکە کە نیشتمانەکەی پارچەپارچە کراوە و هەر پارچەیەک لە خاکەکەی خراوەتە سەر دەوڵەت -نەتەوەیەک. داگیرکەرانی خاکەکەی و تەنانەت سیستەمی نێودەوڵەتیش ڕێگرن لەوەی خاکەکەی بخاتەوە سەریەک و دەوڵەت نەتەوەی خۆی دابمەزرێنێت. نەک هەر وەک نەتەوەیەک سەیری ناکەن و بە قەوم و بچووکتر لە قەومیش ناوی دێنن، تەنانەت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەت-نەتەوە داسەپاوانەشدا کە بەبێ ویست و ئارەزووی کورد پێک هاتوون، سەرەتاییترین مافە نەتەوەیی‌یەکانی پێ ڕەوا نابینن.

١-٤-پێویستیی هەبوونی پێگەیەکی دەستووری -نەتەوەیی

 “نەتەوەی بێ‌دەوڵەت” چەمکێکی ناسراوی ئەم سەردەمەیە. ئەم چەمکە بۆ ئەو خەڵکانە بەکار دەهێنرێت کە زۆر لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیان تێدایە، بە نموونە خاوەن سەرزەوی و مێژووی تایبەت بە خۆیانن، لە ڕووی زمان و کولتوورەوە لە خەڵکانی دەوروبەری خۆیان جیاوازن، لەمانەش گرنگتر خۆیان باوەڕیان وایە کە نەتەوەیەکی جیاوازن و پێشێنەی خەبات بۆ دروستکردنی کیانی سیاسی و نەتەوەیی‌یان هەیە و هەتا ئێستاش لەسەری بەردەوامن، بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەمانەشدا هەروا لە سەربەخۆییی وڵات و هەبوونی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان بێبەش ماونەوە. نەتەوەی کورد، گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت و بەرچاوترین نموونەی ئەم جۆرە نەتەوانە لە هەموو جیهاندایە. ئەم نەتەوەیە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییی خۆی و بەرگریلێکردن و پێشخستنی لەنێو هەر یەک لەو دەوڵەت- نەتەوانەدا کە کوردستانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە، پێویستە پێگەیەکی دەستووریی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەجۆرێک کە هەم بتوانێت لەسەر نیشتمان و سەرزەوییەکەی خۆی، خۆی بەڕێوە بەرێت، هەم پشکی تایبەت بەخۆی لەنێو ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسیی دەوڵەت -نەتەوەکانی ئێستادا هەبێت و لەم ڕێگایەشەوە پارێزگاری لە پێگەی سیاسی-نەتەوەییی تایبەت بەخۆی بکات. بوونی پێگەیەکی دەستووری- نەتەوەییی تایبەت بە کورد یان هەر پێکهاتەیەکی نەتەوەییی بندەست لە نێو ئێران یان لەنێو دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکەی ناوچە و شانبەشانی ئەمەش پشک هەبوون و بەشداربوونی ئەو نەتەوانە لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت -نەتەوەکاندا، جگە لەوەی کۆتایی بە حاشاکردن لە فرەیی نەتەوەیی و زمانی لەو وڵاتانەدا دێنێت، دەروویەکیان بە ڕوودا دەکاتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی، چی دیکە ناوەند و دامەزراوەی سیاسی، بەڕێوەبەری و یاسادانان لەسەر ناسنامەی سەردەست و تاقە پێکهاتەیەک تاپۆ نەکات و جومگەکانی دەسەڵات بۆ سڕینەوەی ناسنامەکانی دیکە و یەکسانکردن بەکار نەهێنێت. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و دیاریکردنی سیاسەت و پلانی زمانیش، چی دیکە لە خزمەت دروستکردنی نەتەوەیەکی خەیاڵی و هەڵاواردن و پەراوێزخستن و سڕینەوەی نەتەوە تا ئێستا بندەست و پشتگوێخراوەکاندا نابێت.

٢-پێناسە و کورتەمێژووی سیاسەت و پلانی زمانی

٢-١- سیاسەتی زمانی

چەمکی”سیاسەت” پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. زۆر لە پێناسەکان لەوەدا یەک دەگرنەوە کە سیاسەت بە سەرجەمی هەوڵەکان بۆ بەدەستەوەگرتن یان پاراستنی دەسەڵات دەگوترێت. ”سیاسەت بە واتا گشتییەکەی بە هەر ستراتیژی و تاکتیک و ڕێگا و شێوازێک بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارێک چ کەسی و  چ گشتی دەگوترێت، بەڵام بە واتا تایبەتەکەی سیاسەت بریتییە لەو مێتۆد و شێوازانەی بەڕێوەبردن کە پێوەندییان بە دەوڵەتەوە هەبێت” (آشوری،٢١٢:١٣٩٤)[11]. دیارە ئەو بوارانەی سیاسەت پێوەندیی بەوانەوە هەیە زۆرن بۆیە بۆ لێکهەڵاواردن و ناسینەوەی سیاسەتەکان، بەگوێرەی بوارە پێوەندیدارەکان ناویان دەبرێت وەک سیاسەتی ئابووری، سیاسەتی دەرەوە، سیاسەتی نێوخۆیی، سیاسەتی پەروەردەیی، سیاسەتی کولتووری و… هتد. یەکێکیش لەو بوارانە کە سیاسەت پێوەندیی بەوانەوە هەیە، بواری زمانە.

لەسەر پێشینە و مێژووی سیاسەتی زمانی دوو بۆچوونی جیاواز هەن. بۆچوونێک مێژووەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆر کۆن. لە کتێبی “سفر پیدایش”دا هاتووە کە حەزرەتی ئادەم ئەرکی ناودانان لەسەر گیاندارانی باغی عەدەنی گرتە ئەستۆ. هەروەها هاتووە کە خودا لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دانیشتووانی بابلدا زمانی ئەو قەومەی تێک دا و ئەمری کرد کە فرەزمانی لەنێو ئەو قەومەدا پەرە بگرێت. “سپۆلسکی”، لە کتێبی “سیاسەتی زمانی”دا، ئەم نموونانەی وەک بەڵگەی کۆنبوونی”سیاسەتی زمانی” هێناوەتەوە و وتوویەتی: ”بە هیچ جۆر بابەتێکی نوێ نییە” (اسپالسکی، ٥:١٣٩١)[12]، بەڵام سەرەڕای بوونی بۆچوونی لەم چەشنە بە بڕوای زۆر لە خاوەنڕایان و شارەزایانی سیاسەتی زمانی و مێژووەکەی، چەمکی “سیاسەتی زمانی” چەمکێکی تا ڕادەیەک نوێیە. خودی اسپالسکی(١٦:١٣٩١) ، نووسیویەتی: ”یەکەمین کتێب کە زاراوەی سیاسەتی زمانی تێدا بەکار هێندراوە، کتێبی سیبۆلێرۆیە” (قازی،١٧:٢٠٢٢)[13]. هەر ئەوەش کە یەکەم کتێب بەم ناوە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا بڵاو بووەوە و پێشتر ئەم چەمکە لە نووسیندا خۆی دەرنەخستووە، بەڵگەیە بۆ نوێبوونی چەمکەکە. ئاماژە بەو ڕاستییەش پێویستە کە ئەم چەمکە زۆر جار بەهەڵە لەگەڵ “پلانی زمانی” کە ئەویش وەک سیاسەتی زمانی چەمکێکی نوێیە، بە یەک واتا بەکار هێنراون. دیارە ئەم بۆچوونە ڕاست نییە و لەنێوان سیاسەتی زمانی و پلاندانانی زمانی ئەگەرچی پێوەندییەکی چڕ هەیە، بەڵام جیاوازی هەیە. ”سیاسەتی زمانی مەبەست و بیرۆکەی زاڵ بەسەر چۆنیەتیی داڕشتنی پلانداڕێژیی زمانیدایە و پلانداڕێژیی زمانی پلانێکی کردارییە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی زمانی”( قازی،٢٠:٢٠٢٢)[14]. لەڕاستیدا پلانی زمانی بۆخۆی بەشێکە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی زمانی. سیاسەتی زمانی ئەگەر پلانی زمانی لەپشت نەبێت ئامانجەکانی نایەنەدی. پلانی زمانیش ئەگەر سیاسەتێک ئاراستە و ڕێنوینیی نەکات، بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون هەنگاو دەنێت و دەستکەوتێکی دیاریکراوی نابێت، ئەم دووانە تەواوکەری یەکترن. هەرچی سیاسەتی زمانییە، لایەنی تیۆریی هەیە، بەڵام پلانی زمانی بەکردەیی کردنی ئەو سیاسەتەیە کە لە پشتیەتی. بە گوتەی “بالدۆف” ”پلان و سیاسەتی زمانی لە ساڵانی دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا هاتنە ئاراوە. هەڵبەت ڕەگە فەلسەفی و پراکتیکییەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ سەردەمی ناپلیۆن لە فەرەنسا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە ناپلیۆن هەستی بەوە کرد زمانێکی یەکگرتووی بۆ بەڕێوەبردنی سوپا پێویستە”  (Baldauf, 2012: 203)[15]. کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم کاتێک بیرمەندانی زمانەوانی بە دوای ئامرازە چەمکدارەکاندا دەگەڕان، بۆ تێگەیشتن و شەرعی بوونی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو پڕۆژە ڕۆشنبیرییە گەورەیە بە بایەخەوە دەرکەوت و گەشەی کرد.

سیاسەتی زمانی بوارێکی بەرفرەیە، ئاوێنەیەکە هاوکات هەم بیرکردنەوە و ڕوانینی وڵاتێک و کۆمەڵێکی لەبارەی زمانەکانی تێدا دەخوێنینەوە، هەم هەوڵەکان و کردەوە و دژکردەوەکانی پێوەندیدار بەو ڕوانینانە. لێکۆڵەری کورد “قازی” پێی وایە: ”سیاسەت و پلانداڕێژیی زمانی بریتییە لەو کردەوە دەستانقەستانەی کە لەلایەن حکومەت، ڕێکخراو، ناوەند، تاک و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕەفتاری زمانی تاک و کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێت، کردەوەگەلێک کە بە مەبەستی پەرەپێدان، سەپاندن یا سڕینەوەی شوناسی گرووپە ئینسانییەکان ئەنجام دەدرێت کە لەسەر دەستی زمان ڕوو دەدات” (قازی،٢٣:٢٠٢٢)[16]. بە دەربڕینێکی‌ دیکە کۆی ئەو پێوەندییانەی ژیان و زمان لێک گرێ دەدەن، کاکڵەی سیاسەتی زمانی پێک دێنن. “لوییس جان کالفی” سیاسەتی زمانی بە سەرتاپای ئەو ڕێگایانە دەزانێت کە لە بواری پێوەندییەکانی نێوان زمان و ژیان لە وڵاتێکدا بەکار دەهێنرێن (کالفی،١٥٢:٢٠١٢)[17]. وەک دەبینین پێناسەی جیاواز بۆ سیاسەتی زمانی کراوە، بەڵام هەموویان لە ناوەرۆکێکی گشتیدا کۆک و هاوڕان کە بەم جۆرەیە: ”سیاسەتی زمانی بریتییە لە داڕشتنی بنەماکانی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی زمان یان زمانەکان لە ڕێگای پێدانی پێگەیەکی دەستووری و یاسایی لە وڵاتدا بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی زمان لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا. بەپێی جۆری سیستەمی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆژیای سیاسیی دەسەڵات لە وڵاتدا، پێگەی زمانەکانیش دەگۆڕێت” (سلێمان،١٧٣:٢٠٢١).[18]

 ئەو پێناسانەی لەبارەی سیاسەتی زمانییەوە هەن، ئەگەر لە فۆرمۆڵەکردن و دەربڕینی وشەکانیشدا جیاوازییان هەبێت لە ناوەرۆکدا لێکدوور نین. سیاسەتی زمانی لە ڕووی تیۆرییەوە هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکە. سپۆلسکی، تیۆریی سیاسەتی زمانی بە هەڵگر و خاوەنی چوار تایبەتمەندیی بنەڕەتی زانیوە. یەکەمین تایبەتمەندی، دابەشبوونی سیاسەتی زمانی بە سەر سێ بواردایە کە بریتین لە: ئەلف) بەکارهێنانە زمانییەکان، ب)باوەڕ و ئایدۆلۆژییە زمانییەکان و ج) ئەو سیاسەت و پلانە وردانەی لە خزمەت چاکسازیی ڕێوشوێن و ئایدۆلۆژیاکانی کۆمەڵێکدان (اسپالسکی،٥٥:١٣٩١)[19]. دووەم تایبەتمەندیی بنەڕەتی لە ڕوانگەی سپۆلسکییەوە ئەوەیە کە سیاسەتی زمانی هەر تەنیا زارە دیارەکانی زمانێک ناگرێتەوە، بەڵکو پێوەندیی بە سەرجەم پێکهاتەکانی هەموو ئاستەکانی زمانەوە هەیە، وەک دەنگسازی، ڕێنووس، وشەسازی، ڕێزمان، شێواز؛ هەروەها زمانی بەد، زمانی ڕەگەزپەرستانە، زمانی دزێو، زمانی دروست و… هتد. شێوەزارەکانیش دەگرێتەوە. سێیەم تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سیاسەتی زمانی، پانتایی و گۆڕەپانی کارپێکردنیەتی (سەرچاوەی پێشوو: ٥٦). ناوچەی ژێرکاریگەریی سیاسەتێکی زمانی نەک هەر جڤاتێکی زارەکی، بەڵکو جڤاتێک بە هەموو ڕەهەندەکانیەوەیە. سپۆلسکی لەم بارەیەوە نووسیویەتی: ”قەڵەمڕەوی سیاسەتێکی زمانی دەتوانێت گرووپ یا جڤاتێکی ئایینی، سیاسی یان کۆمەڵایەتیی دەستنیشانکراو بیت کە دەکرێت بنەماڵەیەک، دەستەیەکی وەرزشی، گەڕەکێک، شوێنی کار، ڕێکخراوێک، شارێک، وڵاتێک یا فیدراسیۆنێکی ناوچەیی بێت. چوارەم تایبەتمەندیی بنەڕەتیی تیۆریی سیاسەتی زمانی ڕۆڵگێڕان و کارابوونی لە ژینگەیەکی خۆجێییدایە کە زنجیرەیەک پێوەندیی ئاڵۆز، توخمەکان، گۆڕاوەکان و هۆکارە زمانی و نازمانییە خۆجێییەکان پێکەوەی گرێ داون. زۆر جار خۆگونجاندنی لەگەڵ وەها ژینگەیەکدا لەگەڵ کێشە و گرفت و شکان بەرەوڕوو دەبێتەوە” (سەرچاوەی پێشوو:٥٧-٥٦). خاڵێک کە جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردن لە ناوهێنان و شیکردنەوەی ئەم تایبەتمەندییانەدا کە سپۆلسکی ئاماژەی پێداون، گونجان و نەگونجانی سیاسەتێکی زمانی لەگەڵ ژینگەکەیدایە. زمانناسی کورد شێخولئیسلامیش بۆچوونێکی هاوشێوەی سپۆلسکی هەیە: ”سیاسەت و پلانی زمانیی باش ئەوەیە کە بە بەشداریی خەڵک دادەڕێژرێت، بە شێنەیی و لێزانی وەگەڕ دەخرێت، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بەردەوامی بۆ دەکرێت و لە کاتی پێویستیشدا بە پڕۆسەی بەردەوامی چاکسازی و ڕێفۆرمدا دەڕوات” (شێخولئیسلامی،١٨:٢٠٢٣)[20]. ئەمەش گرنگە کە پلاندانانە زمانییەکان لەگەڵ ناوەرۆکی سیاسەتە زمانییەکەدا گونجاو بن. سیاسەتێکی زمانی دەکرێت لە نێوەرۆکدا لەگەڵ ژینگە، یا ئەو وڵات و جڤاتەی سیاسەتەکەی بۆ دانراوە گونجاو بێت، بەڵام ئەو پلانانەی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکە داڕێژراون، لەوانەیە زانستی نەبن. تەنانەت ئەگەر پلانەکانیش زانستی بن، بەڵام ئەوانەی جێبەجێی دەکەن بە مەرجێک لێوەشاوەیی و ئەزموون و توانایی پێویستیان بۆ ڕاییکردنی نەبێت، ئاکامی جێبەجێکردنەکە نەخوازراو و نەرێنی دەبێت و بەم جۆرە لە ئەنجامدا سەرنەکەوتنەکەی بە مل سیاسەتەکەدا دەشکێتەوە. کێشە و گرفتی گەورە ئەو کاتە ڕووبەڕووی سیاسەتێکی زمانی دەبێتەوە کە ناوەرۆکەکە لەگەڵ ڕاستییەکانی ژینگەی جێبەجێکردنەکەیدا نەگونجێت. لە بارێکی ئەوتۆدا ئەگەر وردترین پلانەکانیش دابڕێژین و پسپۆرانی کارامە و لێهاتوویش بخەینە خزمەت جێبەجێکردنی، سیاسەتەکە هەرچەند لە کورتخایەنیشدا ڕووبەڕووی کێشە نەبێتەوە، لە درێژخایەندا خۆی دەبێتە سەرچاوەی کێشەی گەورە. هەر بۆ وێنە لە وڵات و جڤاتێکی فرەزمان، سیاسەتێکی زمانی کە ئامانجەکەی پەراوێزخستن و سڕینەوەی زمانەکان لە پێناوی زاڵکردنی تاکە زمانێکدا بێت، ئەو سیاسەتە قەیرانخوڵقێن دەبێت، قەیرانەکەش تەنیا داوێنی زمانە پەراوێزخراوەکان ناگرێتەوە، بەڵکو کێشەی سیاسی لێ دەکەوێتەوە.

٢-٢-پلانی زمانی

پلانی زمانی بووە بە ئاوەڵدووانەی سیاسەتی زمانی. بەزۆری ئەم چەمکە بە دوای سیاسەتی زمانیدا دێت، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ چەمکی سیاسەتی زمانیشدا نەیەت، یەکەم شتە کە بە بیستن و دیتنی چەمکی سیاسەتی زمانی بە بیرماندا دێت. هۆی ئەم لێکگرێدراوییەیان بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە سیاسەتی زمانی بێ پلانی زمانی ناگاتە ئەنجام و پلانی زمانیش بێ سیاسەتی زمانی، دەبێتە توێکڵێکی بێ‌کاکڵ. پلاندانان واتە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکان بە جۆرێکی وشیارانە و کۆنتڕۆڵکراو. پلاندانانە کۆمەڵایەتییەکان کە پلاندانانی زمانیش یەکێکیانە، نموونەیەکن لە بڕیاردان بە هۆی کەسانی خاوەنبیر بۆ چارەسەریی کێشەیەک. لێکۆڵەری ئێرانی، ئەفخەمی پێی وایە: ”بناغەی پلاندانانی زمانی لەسەر چاولێکردنی زمان وەک سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت. گرنگیی ئەو سەرچاوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵ و بایەخی لە دروستکردنی پێوەندی و ناسنامە لە کۆمەڵێکی دیاریکراودا” (ئەفخەمی،٩:١٣٨٤)[21]. سەرهەڵدانی چەمکی “سیاسەتی زمانی”دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٤٥)ی زایینی. ”چەمکی “پلاندانانی زمانی”یش لە کۆتایی‌یەکانی دەیەی (١٩٥٠)و بە دیاریکراویش بە هۆی “هاوگێن”ەوە لە وتارێکدا لەژێر ناوی” دیالێکت، زمان، نەتەوە” بۆ چارەسەرکردنی ئاریشە و گرفتەکانی بەردەم زمان لە وڵاتی نۆروێژ بەکار هاتووە” (حەمەئەمین و کەریم،١١:٢٠١٧).[22]

 دەیەی(١٩٩٠) بە وەرچەرخانێک لە مێژووی لێکۆڵینەوەکانی زمانەوانیی کارەکیدا دەژمێردرێت. بە بۆچوونی “داوەری”، دوو ڕووداو ڕێخۆشکەر بوون بۆ دروستبوونی هەلومەرجێکی ئەوتۆ: “”یەکەم، پەرەگرتنی بێ‌وێنەی زمانی ئینگلیزی و دنیاداگیرکردنی لە درێژەی ڕەوتی بەجیهانیبووندا. دووەم، هاوکاتبوونی هاتنەگۆڕ و بڵاوبوونەوەی هزری ڕەخنەگرانە و پۆستمودێرن”. “داوەری” لەم بارەیەوە وتوویەتی: ”ئەم دووانە بوارێکی لەباریان بۆ چڕبوونەوەی سەرنجەکان و وردبوونەوە لەبارەی چەمکی سیاسەتی زمانی ڕەخساند. لە ئاکامی ئەو هەلومەرجەدا بواری سیاسەت و بەرنامەڕێژیی زمان، بووژانەوە و بەهێزبوون و بەرینبوونەوەیان بەخۆوە دیت” ( داوەری ،٨:١٣٩٩)[23]. بە گوتەی ئەفخەمی، زۆرتر سیاسەتمەداران ڕۆڵیان لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی پلانی زمانیدا هەیە و پسپۆڕانیش ئەرکی ئامادەکردنی پلانەکە دەگرنە ئەستۆ. پسپۆڕان، دوای لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرچاوانەی مەزەندە دەکرێن، چەندوچۆنیی بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانە لە خزمەت ئامانجی پەرەپێداندا هەڵدەسەنگێنن و کاتێک لەسەری ڕێک کەوتن، ئامراز و تەکنیکەکانی جێبەجێکردنی دیاری دەکەن. دوایە یاسادانەران ئەم قۆناغانە پەسەند دەکەن و بۆ جێبەجێکردن دەیدەنە دەست دەوڵەت(ئەفخەمی،٩:١٣٨٤)[24]. پلانی زمانی، چەندین بنەمای بەیەکەوە گرێدراوی وەک زنجیرەی هەیە کە ئەو بنەمایانە هەنگاو بە هەنگاو پێڕەو دەکرێن تا وەکو ببنە باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی بەردەم زمان لە کۆمەڵگەدا. “حەمەئەمین” و “کەریم”(١٣:٢٠١٧)[25] لە لێکۆڵینەوەی هاوبەشی خۆیاندا ئەم قۆناغانەیان بەم جۆرە دەستنیشان کردووە:” ١-کێشە و گرفت کە تێیدا کێشەی بەردەم زمان یا زمانەکان دەستنیشان دەکرێت، ٢-خاوەن بڕیار (دەسەڵات) لەم قۆناغەدا حکومەت و دەزگا پێوەندیدارەکان، بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن و ئەرکی چاوەدێریکردن و گۆڕین و باشترکردنی زمانیان دەکەوێتە ئەستۆ، ٣-جێگرەوەکان(بەدیلەکان)، لەم قۆناغەدا لە ڕێگای هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە یان وەرگرتنی ڕای پسپۆڕان و شارەزایانەوە، شوێنگرەوە و ڕێگاچارە گونجاوەکان پۆل پۆل دەکرێن. ٤- هەڵسەنگاندن، لەم قۆناغەدا جێگرەوەکان بەپێی پێوەرێکی زانستی و گونجاو، هەڵدەسەنگێندرێن و تاقی دەکرێنەوە. ٥-پێڕەوکردن، کە ئەمەش قۆناغی جێبەجێکردنی پلانەکە و بەڕێوەبردنی دەگرێتەوە”. دیارە جێبەجێکردنی پلانی زمانی، پێویستی بە هاوکاری و بەشداریی کۆمەڵێک زانست و بواری دیکەش هەیە، چونکە لەلایەک لەگەڵ زمانناسی و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ کۆمەڵناسی لە پێوەندیدایە، هاوکات پێوەندیی بە لقە جۆراوجۆرەکانی بەرنامەڕێژی و زانستی سیاسەتیشەوە هەیە.

٢-٣- ڕەهەندەکانی سیاسەتی زمانی

سیاسەتە زمانییەکان بە شێوەیەکی گشتی، یان ئاشکران یان شاراوە. بۆ ناسینەوەی سیاسەتە ئاشکراکان، ئاسانترین ڕێگە ئەوەیە لەو سیاسەتانەی بە شێوەی بەیاننامەی فەرمی لە بەڵگەنامەکانی وڵاتێکدا بەرچاو دەکەون، ورد بینەوە. بۆ وێنە لەوانەیە ئەو سیاسەتانە وەک ماددەیەکی یاسایی لە دەستووری وڵاتدا یان یاساکانی پێوەندیدار بە زمان، یان بەڵگەنامەیەکی دەوڵەت یان لە ڕێنمایی‌یە کارگێڕییەکاندا خۆیان بنوێنن. بە گوتەی سپۆلسکی لە ئێستادا (١٢٥) وڵاتی جیهان لە دەستووری خۆیاندا باسی جۆریک لە سیاسەتی زمانییان کردووە و نزیکەی (١٠٠) وڵاتی جیهانیش لە سوودەکانی بەکارهێنانی یەک یان چەند زمانی نەتەوەیی و فەرمی دواون. دەستووری (٧٨) وڵات تاکە زمانێکیان وەک زمانی نەتەوەیی یان زمانی فەرمیی خۆیان ناو بردووە (اسپالسکی، ١٦:١٣٩١)[26]. شیفمەن لە پێناسەکردنی سیاسەتی زمانیدا، سیاسەتی بە شێوەیەکی گشتی بە ڕێگایەکی دیاریکراو زانیوە کە لەنێو چەند یان چەندین ڕێگای دیکەدا هەڵبژێردراوە و پێی وایە ئەم سیاسەتە دوو دیوی هەیە، دیوی ئاشکرا و دیوی شاراوە (ئەردەکانی،١٣٨٨ :١٠٣)[27]. بەگوێرەی جۆراوجۆریی زمان لەنێو کۆمەڵ و چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوەی ئەو کۆمەڵە لەگەڵ جۆراوجۆرییە زمانییەکان، سیاسەتی زمانیی جۆراوجۆر هەن. شیفمەن لە پۆلێنبەندییەکەی خۆیدا ئەم چەشن و جۆرانەی سیاسەتی زمانی ناو بردوون: ”پەرەپێدەرانە، مەیدانپێدان، یەکسانیخوازانە، سنووردارکردن، سنوورداربوونی ژینگەی بەکارهێنان، فەرمی، نافەرمی، شاراوە و ئاشکرا” (قورەیشی و هاوکاران،١٢٧:١٣٩١)[28]. بوارەکانی پلانداڕێژیی زمانیش جۆراوجۆرن. “قازی” سێ بواری بۆ پلانداڕێژیی زمان ناو بردوون: ”بواری چالاکییەکانی پلانداڕێژیی زمان بە سەرنجدان بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم زمانەکان، دابەش دەبنە سەر سێ بوار کە بریتین لە: ١- پلانداڕێژیی پێگە، ٢-پلانداڕێژیی جەستە و ٣- پلانداڕێژیی فێرکاریی زمان” (قازی، ١٩:٢٠٢٠).[29]

جۆرێکی دیکەی پۆلێنکردنی بوار و جۆرەکانی پلانی زمانی هەیە کە لە جیاتی دابەشکردنیان بە سەر پلانداڕێژیی جەستە، پلانداڕێژیی پێگە و پلانداڕێژیی فێرکاریی زمان، بە سەر پلانی پێگە و پلانی دەستەجەمعی دابەشیان دەکات. “ناوخۆش” لەبارەی ئەم دوو جۆرە پلانە وتوویەتی: ”پلانی پێگە، پرستێژی زمان یا زارێک لە کۆمەڵ دەردەخات، ئەم جۆرە پلانە لە هەڵبژاردنی بەراییی زمانێک دەکۆڵێتەوە. پڕۆسەکە چەند ئەرکێکی هەیە وەک گۆڕینی ئەرکی زمانێک یان شێوە زمانێک، هەروەها دیاریکردنی مافی خەڵک لە بەکارهێنانی ئەو زمانە یان ئەو زارەدا. ئەم جۆرە پلانەی زمان، دوو سێ بیرۆکە دەورووژێنێت و مەبەست لە هەر یەکەیان دروستکردنی پایەی زمانە. پلانی دەستەجەمعی پەیوەستە بە (هەڵبژاردن) و کۆدکردنی بنەماکان لە نووسینی ڕێزمان و بە ستانداردکردنی ڕێنووسی زمان، ئەم جۆرە پلانە هەوڵ دەدات پەرە بە زارێکی زمان بدات یان زمانێک بە ستاندارد بکات” (ناوخۆش، ٢٨:٢٠١٠)[30]. زۆرێک لەو لێکۆڵینەوانەی تایبەتن بە چییەتیی پلانی زمانی، ئاماژەیان بەوە داوە کە “ڕوانگەی زمانی” و وشیاریی زمانی”ی خەڵک، ڕۆڵێکی گرنگیان لە جێبەجێبوون و سەرکەوتنی ئەو پلانەدا هەیە. ئەفخەمی وتوویەتی هەر جۆرە پلاندانانێکی زمان دەبێت بەگوێرەی ڕوانینەکانی خەڵک بێت. ناوبراو پشتبەستوو بە بۆچوونی “مەک نامارا” پێی وایە: ”یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی سەرکەوتوو نەبوونی پلاندانانێکی زمانی، بە جۆرێکی نادروست پێناسە و دەستنیشانکردنی ئامانجە درێژخایەن و کورتخایەنەکانە”(ئەفخەمی،١٢:١٣٨٤)[31]. ئەم گرنگیدان بە ڕوانگەی خەڵک لەم ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەموو یان بەشێکی زۆر لە ئامانجەکانی پلانە زمانییەکان پێوەندییان بەو خەڵکەوە هەیە کە زمانەکە بەکار دەهێنن. ئەگەر ئەوان پێشوازیی لێ نەکەن و هەڵوێستێکی دژیان هەبێت، بە جێگەی ئەوەی ببن بە فاکتەرێکی یارمەتیدەر، دەبن بە کۆسپ لەسەر ڕێگای جێبەجێبوونی، بەڵام ئەگەر ئامانجی پلانسازییەکە لە بازنەی هەستی نەتەوەیی و بیروباوەڕی نیشتماندۆستیی خۆیاندا ببینن، پێشوازی و پشتیوانیی لێ دەکەن، تەنانەت لە ڕووی دارایی و دابینکردنی پێداویستییەکانیشیەوە هاوکاریی دەکەن. ڕەزامەندی و ڕووی خۆش نیشاندانی ناوەندە ئەکادیمییەکان، زانکۆکان، پارتە سیاسییەکان، هەروەها ڕۆژنامە و میدیا شوێندانەرەکان لەم بارەیەوە گرنگە کە ئەو ناوەند و دامەزراوانە کاریگەرییان لەسەر پەروەردەی فکری، زانستی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی تاکەکان هەیە. ئەگەر ئەوانە پشتی پلانە زمانییەکە نەگرن و لەگەڵیدا نەبن، پلانەکە ڕووبەڕووی بەرهەڵست و کارشکێنی دەبێتەوە. 

٣- سیاسەتی زمانی لە خزمەت ئامانجی سیاسی و ئایدۆلۆژیای زمانیدا

بنەچەی چەمکی ئایدۆلۆژیا، وەک چەندین چەمکی دیکەی باو لە جیهانی هزر و فەلسەفە و ئەدەبیاتی سیاسیدا، بۆ یۆنان دەگەڕێتەوە. لەو چەمکانەیە كۆمەڵێك مانای جیاوازی وەرگرتووە. مەبەست لە ئایدۆلۆژیا کۆمەڵێک باوەڕ و بۆچوونی جێگرتوو لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە کە تاک یا گرووپ دەکرێت هەیانبێت.

٣-١- ئایدۆلۆژیای زمانی

هەندێك بیرمەند چەمكی ئایدۆلۆژیا بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێننەوە. ئایدۆلۆژیا جار هەیە وەک چەمكێكی پۆزەتیڤ و جاریش هەیە بە ناحەز و نیگەتیڤ بەكار دێت. سمکۆ محەمەد لەبارەی پێشینە و جۆری بەکارهێنانی ئەم چەمکە لە ڕابردوودا نووسیویەتی: ”ماركس لەكاتی لاوێتیدا كە بەكاری هێناوە وەكو تیۆرێك و وەكو واتایەكی دزێو كە ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیای ئاڵمانی دەگرێت و مەبەستیشی لە “كانت” و “هیگڵ” و “فیورباخ” و “فیختە” بووە. بەڵام “جۆرج لۆكاچ” و “تیری ئیگلتۆن” پێیان وایە ئایدۆلۆژیا چەمكێكی قووڵی فكری و دیالكتیكییە و “ئانتۆنیۆ گرامشی”یش بە هەمان شێوە بە چەمكێكی گرنگی تەماشا دەکات” (محەمەد، ٢٦٩:٢٠٠٩)[32]. زمان و ئایدۆلۆژیا، پێوەندییەکی چڕ و چەند لایەنەیان هەیە. سیاسەتی وڵاتان و دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان لە بواری جیاوازدا، بەزۆری لەژێر کاریگەریی ئەو ئایدۆلۆژیانەدان کە سیستەمی سیاسی و بناغەی دەسەڵاتی ئەوانی لەسەر دامەزراوە. ئایدۆلۆژیا دەبێتە ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری وڵاتان لە سیاسەتدانان و پلانداڕێژییان لە بواری جیاوازدا. بەتایبەتی دامەزراوە پەروەردەیی و کولتوورییەکانی وڵات ناچار دەکرێن لە دانانی نەخشەڕێگا و ناوەرۆکی بەرنامە و پلانەکانیاندا، بگەڕێنەوە سەر سەرچاوەی ئایدۆلۆژیای دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی.

سیاسەتی زمانیی وڵاتان یەک لەو گۆڕەپانانەیە کە ئایدۆلۆژیا، جڵەویان دەگرێت و ڕوانینی خۆی بەسەریاندا دەسەپێنێت. لەلایەکی‌ دیکەوە زمان مەیدانی ململانێی ئایدۆلۆژیاکان و وێککەوتنی بیر و باوەڕ و ڕوانینە جیاوازەکانە. ئایدۆلۆژیایش وەک  سیاسەت و ئایین و کولتوور و زۆر چەمک و دیاردەی‌ دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی لە زماندا بوونی هەیە و بە ڕێگای زماندا بوونی خۆی دەسەلمێنێت. لەنێوان سیاسەتی زمانی، ئامانجەکان و پاڵنەرەکانی پلاندانانی زمانی و ئایدۆلۆژیا سیاسییەکاندا پێوەندییەکی بەهێز هەیە و زۆربەی کاتەکان لێکهەڵاواردنیان دژوارە. جگە لەو ئایدۆلۆژیا سیاسییانەی سەرخانی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی پێک دێنن و سێبەر دەخەنە سەر سیاسەت و پلانداڕێژیی دامودەزگا و دامەزراوەکانیان، کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیای زمانی هەن کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە سیاسەت و پلاندانانی زمانییەوە هەیە.

 ئایدۆلۆژیای زمانی چییە؟ هەروا کە ئایدۆلۆژیای ئایینی، سیاسی، ڕەگەزی و هی دیکەمان هەیە، ئایدۆلۆژیای زمانیش هەیە و چەمکێکی ناسراو و جێگرتووە. قەمەری و حەسەنزادە لەسەر پێناسەی ئایدۆلۆژیا زمانییەکان، (پشتبەستوو بە شوهامی ٢٠٠٦) دەنووسن: ”ئایدۆلۆژیا زمانییەکان باوەڕی خەڵک بە زمانەکان پێشان دەدەن. ناتوانین ئەم بوارە بەڕوونی لە ئایدۆلۆژیا سیاسییەکانی دەوڵەت جیا بکەینەوە. بەگوێرەی ئەم جۆرە لە ئایدۆلۆژیاکان، زمانەکان لەگەڵ نەتەوەکان یەکسانن و بە نیشانە سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دەژمێردرێن. ئایدۆلۆژیای زمانی دەپەڕژێتە سەر ئەم پرسە کە زمان چۆن بەکار بهێنرێت و فێربوون و فێرکردنی زمانەکان بە چ شێوەیەک بێت”. هەر ئەو دوو لێکۆڵەرە لە زمانی سەرچاوەی پێشوووە دەڵێن: ”ئایدۆلۆژیا زمانییەکان دەتوانن ببنە ئامرازی ئایدۆلۆژیا سیاسی و دینییەکان و ببن بە چەقی شەڕە سیاسییەکان” (قەمەری و حەسەنزادە،١٦٥:١٣٨٩)[33]. ئایدۆلۆژیای زمانی لقێکی لێکۆڵینەوەیی تا ڕادەیەک نوێیە. ئەم لقە لە هەناوی قوتابخانەی ئەتنۆگرافیی قسەکردن کە پێداگریی لەسەر چەمکە کولتوورییەکانی زمان دەکرد، لە دەیەکانی شێست و حەفتای زایینیدا سەری هەڵدا. ”لە دەیەی هەشتای زایینی، چەندین لێکۆڵەری سەر بەم قوتابخانەیە، لێکۆڵینەوەکانی خۆیان بۆ پێوەندیی نێوان زمان و دەسەڵات و ئابووریی سیاسی تەرخان کرد. لەو سەردەمدا هۆگرییەکی ڕوو لەگەشە بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە هەبوو کە سیاسەت و کارلێکی کۆمەڵایەتی چۆن کار دەکەنە سەر تایبەتمەندییەکانی بنیاتی زمان”(Judith T. Irvine: 2020)[34].

ئایدۆلۆژیای زمانیش وەک هەر ئایدۆلوژیایەک تایبەت نییە بە تاکەکەسێک، واتە هیچ ئایدۆلۆژیایەک لە تاکەکەسێکدا قەتیس نامێنێت. ئایدۆلۆژیا سنووری تاک تێدەپەڕێنێت و دەبێتە باوەڕی کۆمەڵە مرۆڤێک. شێخولئیسلامی ئایدۆلۆژیا زمانییەکان بە دەستەیەک لەو بیروباوەڕانە دەزانێت کە هەم هاوبەشن و هەم باو … مەبەستی ئەم زمانەوانە لە هاوبەشی و باو بوون ئەوەیە: ”هی تاکەکەس نین بەڵکو دەستەیەک لە خەڵک، چینێک جا باڵادەست، یان هی خوارەوە، یان گرووپێکی ئێتنیکی بەیەکەوە هەیانە. مەبەست لە “باو”بوونیشیان ئەوەیە کە برەویان هەیە و ئەم برەوپەیداکردنەیان زۆر گرنگە، بەو واتایە کە وەک باوەڕێکی ئاسایی و سروشتییان لێ هاتووە و ڕێگا نادەن بخرێنە ژێر پرسیارەوە ” (شێخولئیسلامی، ٢٠٢٢: ٩٢-٩٣)[35].  ئایدۆلۆژییە زمانییەکان چ سەبارەت بە پلە و پایەی زمان قسە بکەن بۆ وینە زمانێک فەرمی بێت یان نەبێت، چ سەبارەت بە پێکهاتەی زمانەکان قسە بکەن، گرنگیی تایبەتیان هەیە.

٣-٢- جۆرەکانی ئایدۆلۆژیای زمانی

لە هەر کۆمەڵ و وڵاتێک جۆرێک لە ئایدۆلۆژیای زمانی پەسەندە و برەوی هەیە و دەوڵەت و دەسەڵاتی زاڵ لەو شوێنە، بەپێی باوەڕیان بە یەکێک لەو ئایدۆلۆژیایانە و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی درێژخایەنی خۆیان و پێکهاتەی ئێتنیکی و ڕەوشی زمان لە وڵاتەکەیان، ئایدۆلۆژیایەک دەکەن بە سەرچاوەی سیاسەت و پلاندانانی زمانی. قوڕەیشی و هاوکارانیشی بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی کوباروبیاس (٦٣:١٩٨٣) هەر ئەم پۆلێنکردنەیان بۆ ئایدۆلۆژیا زمانییەکان هەیە. ئەوان ئایدۆلۆژیا زمانییەکانیان بەم جۆرە ناو بردووە:” ١-یەکسانکردنی زمانەکان، ٢-فرەچەشنیی زمانی، ٣-گەڕانەوە بۆسەر زمانە خۆجێییەکان، ٤-هەڵبژاردنی زمانی نێودەوڵەتی” (قوڕەیشی، ١٢٨:١٣٩٧-١٢٧)[36]. چەند ئایدۆلۆژیایەکی‌ دیکەی زمانی هەن کە لە هێندێک لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاماژەیان پێ کراوە، بە نموونە ”ئایدۆلۆژیای پەسەندکردنی زارێکی نەتەوەیی، ئایدۆلۆژیای سیاسەتی دەستوەرنەدان، سیاسەتی زمانیی جیهانگەرایی و سیاسەتی زمانیی کەرتی (سێکتەری). جۆرێکی‌ دیکەی ئایدۆلۆژیا زمانییەکان ئەوانەن کە نیازی زیندووکردنەوەی ئەو زمانانەیان هەیە کە لەنێو چوون یان خەریکن لەنێو دەچن”(میرمکری، ٢٠٢١: ١١٢ -١١٤)[37]. ئایدۆلۆژیا زمانییەکان بە گوێرەی کاکڵ و ناوەرۆکیان لەسەر سیاسەت و نەخشەڕێگای دەوڵەتان بۆ چارەسەریی پرسی زمان کاریگەرییان هەیە. لەوانەیە کاکڵ و ناوەرۆکی ئایدۆلۆژیا زمانییەکە، “یەکێتیی زمانی” واتە “یەک وڵات و یەک زمان” بێت(وەک ئێران). لەبارێکی ئەوتۆدا، جۆراوجۆرییە زمانییەکان لە پێناوی ئامانجی ئایدۆلۆژیا ناوەندییەکەدا (سەردەستیی تاکەزمانێک) دەکرێنە قوربانی، بەڵام ئەگەر ئایدۆلۆژیای زمانیی دەوڵەت و دەسەڵاتی وڵاتەکە، لەسەر “فرەچەشنیی زمانی” واتە “یەک وڵات و چەند زمان” دامەزرا بێت، ئەوە ڕێگای بەفەرمیناسینی زمانەکانی دیکەی وڵات و لەنێویاندا زمانی کەمینە ئێتنیکییەکان لە جوگرافیای دیاریکراوی خۆیاندا دەدات.

٤- سیاسەتی زمانی لە بواری پەروەردەدا

٤-١- پێگە و گرنگیی زمان لە پڕۆسەی پەروەردەدا

ڕۆڵی بەرچاوی زمان لە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندندا ڕووبەڕووی ئەم پرسیارەمان دەکاتەوە کە ئاخۆ زمانی پەروەردەش دەکەوێتە ڕیزی ئەو فاکتەرانەی ڕۆڵیان لە پێشڤەچوون و سەرکەوتنی پەروەردەدا هەیە؟ جێگە و پێگەی زمانی بەکارهاتوو لە پەروەردە و فێربووندا ڕاستەوخۆ لەژێر باندۆری ئایدۆلۆژیای سیاسیی وڵاتدایە. ئایدۆلۆژیای سیاسیی دەوڵەتیی وڵاتێک هەر چییەک بێت، ناوەند و دامەزراوەکانی دیکەی سەربە دەوڵەت هەوڵیان ئەوە دەبێت ئەم ئایدۆلۆژییایە لە

ڕێگای دامەزراوەکانیان بکەن بە بەشێک لە باوەڕ و بیرکردنەوەی خەڵک. سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، ئەو شوێنەیە کە دەوڵەت بۆ جێگیرکردنی ئایدۆلۆژیا و باوەڕەکانی خۆی لەنێو تاکەکانی وڵاتدا بەکاریان دێنێت. پسپۆڕی بواری پەروەردە، مستەفازادە پێی وایە: ”وڵاتان و نەتەوەکانی جیهان بەگوێرەی جۆری بیرکردنەوە و ئەو قوتابخانە فەلسەفی و سیاسییەی بڕوایان پێیانە، ئامانجە پەروەردەیی‌یەکانی خۆیان پێناسە دەکەن، ئەمەش میتۆد و شێوازی جیاواز لە ئامانجە پەروەردەیی‌یەکانیدا لێ دەکەوێتەوە” (مصطفی زادە،١٣٩٤: ١٣)[38]. جیاوازییەکانی دنیابینیی پەروەردە و فێرکردنی ئێران لە هەر دوو سەردەمی شایەتی و کۆماری ئیسلامیدا نموونەیەکی دیارن بۆ ڕاستیی ئەم قسەیە کە هەر ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، جۆرێکی جیاواز لە پەروەردە و فێرکردنی لێ دەکەوێتەوە. تەنانەت جیاوازیی نێوان ئایدۆلۆژیای سیاسیی ئەو دوو سەردەمە، لە جۆری هەڵسوکەوتی دەوڵەتانی ئەو دوو سەردەمە جیاوازە بەرانبەر دوو زمانی دیاریکراودا دەردەکەوێت. ڕژێمی شایەتی کە دۆست و هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژاوا بوو و دژایەتییەکی لەگەڵ کولتووری ڕۆژاوایی نەبوو، بایەخێکی تایبەتی دەدا بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندندا، بەڵام گرنگییەکی ئەوتۆی بە زمانی عەرەبی نەدەدا، کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای دینی بە سەریدا ئاستی زمانی عەرەبیی وەک زمانی قورئان و زمانی پێوەندی لەگەڵ بەردەنگە موسوڵمانەکانی تا ئاستی زمانی دووەم لە ئێراندا بەرز کردووەتەوە. چەندی بۆشی کراوە بایەخ و گرنگیی فێربوون و بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزیی کەم کردووەتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراوی لەو وڵاتانەدا کە کوردستان بە سەریاندا دابەش کراوە، پەروەردە و فێرکردن و زمانی پەروەردە هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە خراونە خزمەت نەتەوەسازی و دروستکردنی دەوڵەت- نەتەوە. ناسیۆنالیستەکانی نەتەوەی سەردەست لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یەکێتیی زمانیان کردووە بە گرنگترین پێویستییەکانی یەکێتیی مێژوویی و سەرزەوی. ئەم هەوڵە بە نوێکردنەوەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن دەستی پێکرد. بە بۆچوونی لێکۆڵەر هەورامان فەریق، سیستمی پەروەردە و فێركردنی مۆدێرن یەکێک لە ڕەگەزەكانی نەتەوەسازی و وەك پێویستییەكی دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرن بوو: ”دامەزراندنی كەرتی پەروەردە و فێركردن و ناردنی منداڵان لە حەوت ساڵییەوە بۆ قوتابخانە، یەكێكە لە ڕەگەزەكانی دەوڵەت نەتەوەسازی، هەر ئەوەی كە ئەتاتورك لە توركیا، ڕەزا شا لە ئێران، قەزافی لە لیبیا كردیان”(هەورامان فەریق،٦٢:٢٠٢١)[39]. ئەم دەوڵەت-نەتەوانە بە پێڕەوی لەم قسەیەی میچێل بیلیگ کە ”مەرجی سەرەکیی سەپاندنی هەژموونی نەتەوەیی، زۆر جار سەپاندنی هەژموونی زمانە” (سەرچاوەی پێشوو، لاپەرەی١١)، شانبەشانی بەکارهێنانی نێوەرۆکی سیستەمی پەروەردە بۆ زاڵکردنی هەژمۆنی خۆیان، زمانەکەی خۆشیان لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردنەوە، بەسەر پێکهاتە نەتەوەیی و زمانییە جیاوازەکانی وڵاتدا زاڵ کرد. لە ئێران ئەوە هەر دەسەڵاتداران نەبوون کە بەم جۆرە قۆڵیان لە نەتەوەسازی و جێگیرکردنی دەوڵەت نەتەوە هەڵماڵی، بەڵکو ڕووناکبیرانی فارسیش لەگەڵیاندا بوون. “سلێمانی” و “محەمەدپوور” بڕوایان وایە: ”هەرلە کۆتایی‌یەکانی سەدەی (١٩)ەوە، کە ناسیۆنالیزمی فارس سەرەڕای چەندکولتووری و چەندزمانەبوونی دانیشتووانی ئێران خۆی کرد بە ئایدۆلۆژیای دەوڵەت، ڕووناکبیرانی فارس بە ڕیزکردن و خستنەڕووی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی مێژوویی و کولتووری، وایانکرد زمانی فارسی وەک ناسنامەیەکی ئەزەلی و گشتگیر کە هەموو ئێرانییەکانی گرتووەتەوە، بناسێنن”(سلێمانی و محەمەدپوور،١٣٦:٢٠١٩)[40]. لێکۆڵەر ئەتابەکی، پێی وایە دەسەڵاتداران و ڕووناکبیرانی نەتەوەی سەردەست باوەڕەیان وابووە کە تەنیا دەوڵەتێکی بەهێز لە ناوەند دەتوانێت یەکپارچەییی وڵات بپارێزێت و ڕەوتی چاکسازی بەرەوپێشەوە ببات: ”بڕوایان وابوو کە نوێکردنەوە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ لە ئێران، پێویستی بە کەمڕەنگکردنەوەی جیاوازییە کولتوورییەکان و یەکسانکردنی ئێتنیکی هەیە….” (تورەج ئەتابەکی،٢٠١٣)[41]. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئەمانە پێشمەرجەکانی وەدیهاتنی دەوڵەت- نەتەوە بوون و ئەگەر پێی بگەن دەتوانن یەکپارچەییی وڵات بپارێزن و جێپێیەک بۆ نیشتمانی خۆیان لە جیهاندا بدۆزنەوە، ئەمەش یانی ئەو کاتەی نزیک بە تەواوی دانیشتووانی وڵات لە ڕووی بیرکردنەوە وەکو یەک خۆیان سەر بە یەک نەتەوە بزانن.

دەوڵەت- نەتەوەی ئێران، لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردنەوە زمانی فارسیی کردووە بە زمانی بەئێرانیکردنی دانیشتووانی وڵات؛ زمانی فارسیی کردووە بە زنجیرێک بۆ لێکبەستنەوەی هەموو دانیشتووانی نێو جوگرافیای پانوبەرینی ئێران. لە ئێران جۆرێک بیرکردنەوە لەنێو بیرمەندان و ڕووناکبیرانی سەر بە نەتەوەی سەردەستدا دەبینرێت کە پێی وایە زمانی فارسی و ئێرانیبوون هاوتای یەکن. شاهڕوخ مەسکوب لە کتێبی “هویت ایرانی و زبان فارسی”دا هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت کە “ئێرانییەکان، ئێرانێتیی خۆیان بە یارمەتیی زمانی فارسی ڕاگرتووە و سەرەڕای بەربڵاویی سیاسی لە یەکە جوگرافییە جۆراوجۆرەکاندا، پێکەوەگرێدراویی مێژووی نەتەوەییی خۆیان پاڕاستووە و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکەیان هێناوە” (رجبی و احمدوند،٥٨:١٣٩٩)[42]. تەرخانکردنی ئەم جێگە و پێگەیە بۆ زمانی فارسی لە بواری پەروەردە و بوارە گرنگەکانی دیکەدا، هەر تایبەت بە سەردەمی شایەتیی پەهلەوی نییە و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا ئەم سیاسەتە درێژەی پێ دراوە. زمانی فارسی بە هۆی جێگە و پێگەیەک کە لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی ئێراندا هەیەتی، دەرەتانێکی بێ‌وێنەی بۆ پەرەگرتن و دەوڵەمەندبوون لە هەر ڕوویەکەوە بۆ ڕەخساوە و بەردەوام خزمەتی دەکرێت. هاوکات بووە بە زمانی پێناسەکردن و ناساندن و جێگیرکردن و خۆبەرهەمهێنانەوەی ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆژیا و ناسنامەیەکی تایبەت کە خۆی بە”ناسنامەی نەتەوەیی” ناودێر کردووە؛ ناسنامەیەک کە لەژێر ناوی “نەتەوەیی” بووندا، سەرجەم پێکهاتە ئێتنیکی و زمانییە نافارسییەکانی ئێرانی خستووەتە پەراوێز و جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان پێ ڕەوا نابینێت.

٤-٢- دیاردەکانی تاکزمانی و فرەزمانی لە پەروەردەدا

چەمکەکانی تاکزمانی، جووتزمانی و فرەزمانی کە بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا ڕووبەڕوویان دەبینەوە، نیشاندەری پێکهاتەی کۆمەڵ و وڵاتی جیاواز لە ڕووی جۆراوجۆریی زمانی و هەروەها توانای تاکەکان لە بەکارهێنانی ڕادەی زمانەکاندان. ئەم تایبەتمەندییەی وڵاتانی فرەنەتەوە و فرەزمان لەسەر پرسی زمانی پەروەردە کاریگەریی زۆری هەیە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت. “پەیوەندی”، کۆمەڵناس و لێکۆڵەری ئێرانی پێی وایە: ”وڵاتانی جیهان لەسەریەک لانیکەم دوو ڕێبازی گرنگیان لە هەڵبژاردنی زمانی پەروەردەدا گرتووەتە بەر. ڕێبازی یەکەم: پەروەردە بە زمانی دایک کە لەم ڕێبازەدا منداڵان هەر لە سەرەتاوە بە زمانی دایک وانە جۆراوجۆرەکان لە قوتابخانە دەخوێنن. زمانی نەتەوەیی یان سەرانسەری لەپاڵ زمانی دایک دەخوێندرێت و پەروەردە و فێرکردن بەرەبەرە دەبێتە جووتزمانی. لە دواساڵەکانی قۆناغی ناوەندیدا قورسایی زیاتر لە بەرنامەی خوێندندا دەدرێت بە زمانی سەرانسەری. ڕێبازی دووەم: خوێندنی زمانی دایکە (پێوەندی، ٢٠٢٠)[43].  لە ڕێبازی دووەمدا زمانی نەتەوەیی یان زمانی سەرانسەری، زمانی سەرەکیی پەروەردە و خوێندن دەبێت و قوتابییان لەپاڵ زمانی فەرمی فێری زمانی دایکیان دەبن، واتە بە زمانی دایک ناخوێنن بەڵکو فێری خوێندنەوەی زمانی دایک و نووسین بە زمانی دایک دەبن و بە ڕێنووس و ڕێزمان و ئەدەبیاتی زمانی دایکیان ئاشنا دەکرێن. لەم ڕێبازەدا بابەتە دەرسییە جۆراوجۆرەکان بە زمانی فەرمی یا سەرانسەری دەخوێندرێن. ڕێباز یان مۆدێلی پەروەردەی ئەوتۆش هەن کە زیاتر لە یەک یان دوو زمان لە پەروەردەدا سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئەم مۆدێلە بە “پەروەردەی چەندزمانی” یان  “پەروەردەی فرەزمانی” بەناوبانگە.

٤-٣- تاکزمانی لە پەروەردەدا

بە شێوەیەکی سەرەکی دوو مۆدێلی تاکزمانی لە سیستەمی پەروەردەدا هەیە: مۆدێلی یەکەم، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە دانیشتووانیان تەنیا لە یەک نەتەوە پێک هاتوون و تەنیا بە یەک زمان قسە دەکەن (کە نموونەی ئەوتۆ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە دەگمەن دەست دەکەوێت)، لەم مۆدێلەدا پەروەردە و خوێندن بە یەک زمانە کە زمانی هەموو دانیشتووانی وڵاتەکەیە و شتێکی ئاسایی‌یە. باشیی ئەم مۆدێلە لەوەدایە کە فێرخوازان بە زمانی دایک کە هەمان زمانی نەتەوەیی‌یانە، دەخوێنن. لێکۆڵەری کورد ئاشتی ئەحمەد حەسەن لەبارەی ئەم مۆدێلە لە پەروەردەی تاکزمانی وتوویەتی: ”لەو جۆرە پەروەردەیەدا، تەنها بە زمانی دایک دەخوێنن، یان بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی دایک دەخوێنن، ئەم شێوازە پەسەندە و لە هیچ سەرچاوەیەکدا بە شێوەیەکی نەرێنی باس نەکراوە، بۆ نموونە پەروەردەکردنی منداڵێکی کورد بە زمانی کوردی یان پەروەردەکردنی منداڵێکی ئینگلیز بە زمانی ئینگلیزی. بە پێچەوانە هەموو سەرچاوەکان باس لە گرنگیی خوێندن بە زمانی دایک بەتایبەتی لە پۆلەکانی سەرەتای خوێندن دەکەن”(حەسەن،١٠٠:٢٠٢٢)[44]. دیارە وڵاتان بە هۆکاری جۆراوجۆر بۆ وێنە پێویستیی زانستیی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا، یان پێویستیی پێوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی وڵات بە زمانێکی نێودەوڵەتی، هەروەها بە هۆکاری ئایینی بەتایبەتی لە وڵاتانی موسوڵمان، هەر لە قۆناغە سەرەتایی‌یەکانی خوێندن یا لە قۆناغەکانی دواتردا، فێربوونی زمانێک یا چەند زمانی بیانی دێننە ڕیزی بەرنامە دەرسییەکانیان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، زمانی فەرمی و سەرەکیی پەروەردە و فێرکردن لەم مۆدێلەدا، زمانی گشتی و نەتەوەیی ئەو وڵاتانەیە. منداڵێکیش کە لەم مۆدێلەدا دەخوێنێت، هەتا ئەو کاتەی بە زمانی خۆی دەخوێنێت و فێری زمانێکی دیکە نەبووە، بە “یەکزمانە” دەژمێردرێت. مۆدێلی دووەم، ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە دانیشتووانیان لە نەتەوە و زمانی جیاواز و جۆراوجۆر پێک هاتوون، بەڵام زمانە جۆراوجۆرەکانی دانیشتووانی وڵات، جێگەیەکیان لە خوێندن و پەروەردەدا نییە. بە هۆکاری سیاسی و ئایدۆلۆژیا و لەژێر ناوی پێکهێنان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی وەکیەک و یەکگرتوویی نیشتمانی و یەکپارچەییی وڵاتدا، تەنیا یەک زمان لە بواری پەروەردەدا فەرمییەتی هەیە و پێی دەخوێندرێت، ئەویش زمانی گەورەترین پێکهاتەی ئێتنیکیی وڵاتەکە یان نەتەوەی سەردەستە. بەم جۆرە منداڵانی سەر بە ئێتنیکەکانی دیکە و کەمینە زمانییەکان لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەشن. ئەو منداڵانە بەو هۆیەوە کە زمانی قسەکردن لەنێو بنەماڵەیان لە زمانی خوێندن لە قوتابخانە جیاوازە، هەر لە سەرەتای خوێندنەوە، ڕووبەڕووی ئەزموونی جووتزمانی دەبنەوە. ”لەم قوتابخانانەدا سیستەمی پەروەردەی تاکزمانییە، یان زمانی بیانییە و ڕێگا نادرێت بە زمانی دایک بخوێندرێت. ئەم شێوازە لە پەروەردە بە پەروەردەی تاکزمانی ناسراوە، بەپێی زۆر لە سەرچاوەکان شێوازێکی ناپەسەندە و چەندین لێکەوتەی خراپی هەیە”(حەسەن،١٠٠:٢٠٢٢).[45]

بێبەشیی فێرخوازان لە خوێندن بە زمانی دایک، لە ڕووی دەروونی و پەروەردەیی و فێربوونەوە بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی هەتا ئێستا کراون، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر منداڵانی جووتزمانی هەیە. شیلان عومەر حوسێن گرفتە دەروونییەکانی ئەو منداڵانەی زمانی خوێندنیان لە زمانی قسەکردن لە ماڵەوە جیاوازە، بەم جۆرە ناو بردوون:” لە ناخیاندا و لە ڕووی دەروونییەوە لە ناو کۆمەڵەکەیاندا جۆرێک لە نامۆیی و ناوازەیی و شازبوونیان تیا دەردەکەوێت؛ ئاستی تێگەیشتن و بیرورووژاندنی خوێندکار بۆ ئەوانەی کە بە زمانی دایکیان ناخوێنن، سفرە”. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی ناوبراو: ترسناکیی پەراوێزخستنی زمانی دایک بۆ تاک هەر لەوەدا نییە کە داخوراندنی زمانەوانی و سستبوونی فەرهەنگی و… هتدی لێ دەکەوێتەوە، لە هەموو ئەمانە مەترسیدار ئەوەیە کە ڕێگە و شێواز و چۆنێتیی بیر و بیرکردنەوەی دەگۆڕێت، ڕەنگدانەوەی ئەمەش لە هەموو بوارەکانیدا دەبێت” (حوسێن،٦٩:٢٠١٦)[46]. سکۆتناب کانگاس کاریگەریی پەروەردەی تاکزمانی لەم جۆرە وڵاتانەدا، پەروەردەیەک کە بریتییە لە بێبەشیی منداڵ لە خوێندن بە زمانی دایک، ئەوەندە بە گەورە و زیانبار دەبینێت کە بە ژێنوسایدی ئێتنیکی ناوی دەبات (کلان،٢٠١٨: ٥٠)[47]. ئەو زمانانە کە ڕێگای بەشداری لە پەروەردە و فێرکردنیاندا پێ نادرێت، ڕێگای بووژانەوە و گەشەکردن و پێشکەوتنیان لێ دەگیرێت و ڕووبەڕووی پەراوێزخران و دابەزینی پێگەیان لەنێو ئاخێوەرانیان دەبنەوە. جگە لەمەش ئەم ستەم و هەڵاواردنە زمانییە وەک بە کردەوەش لە زۆر شوێنی جیهان دەیبینین بووە بە سەرچاوەی کێشە و ئاڵۆزیی سیاسی.

٤-٤- جووتزمانی لە پەروەردەدا

مەبەست لە جووتزمانی لە سیستەمی پەروەردەدا، پەروەردەیەکە کە لەپاڵ زمانی فەرمیی وڵات، زمانێکی دیکەش لە هەموو یان چەند قۆناغی پەروەردەدا پێی دەخوێندرێت. وای دانێین منداڵێکی فارسیزمان کە هاوکات زمانی دایک و زمانی فەرمیی وڵاتەکەی یەکن، لەپاڵ زمانی فارسی بە زمانێکی دیکە بۆ وێنە زمانی ئینگلیزی، دەخوێنێت. لەم بارەدا ئینگلیزییەکە، بە زمانی دووەمی دادەنرێت. لە هەرحاڵدا زمانی دایک زمانی یەکەمی مرۆڤە، ئەگەر لە قوتابخانە بە زمانێکی دیکە جگە لە زمانی دایک خوێندی، زمانی خوێندنەکە پێی دەگوترێت زمانی دووەم.  لێکۆڵەر ئاشتی ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەو ڕاستییە کردووە کە بەهۆی زۆریی جۆرەکانی جووتزمانی، زمانەوانان لەسەر پێناسەیەکی گشتگیر بۆ پەروەردەی جووتزمانی هاوڕا نین. ئەو لێکۆڵەرە بۆخۆی جووتزمانی بەم جۆرە پێناسە کردووە: ”پەروەردەی جووتزمانی: بریتییە لە پەروەردەکردنی قوتابی بە دوو سیستەمی زمانی جیاواز لە سیستەمی پەروەردەدا، یەکەمیان زمانی دایکە، دووەمیان زمانێکی دیکەیە کە قوتابی پێ ئاشنا نەبێت، واتە پەروەردەی جووتزمانی بە سیستەمێکی پەروەردەیی پێناسە دەکرێت کە تێیدا زانیاری بە دووزمان پێشکەش بە قوتابییان دەکرێت”(حەسەن،١٠١:٢٠٢٢)[48]. لێرەدا گرنگە جیاوازیی نێوان “پەروەردەی جووتزمانی” و “منداڵی جووتزمان” بکەین. پەروەردەی جووتزمانی، بەو سیستەمە لە پەروەردە دەگوترێت کە لە دوو زمان بۆ فێرکردن و خوێندن سوود وەردەگرێت، بەڵام منداڵی جووتزمان بە منداڵێک دەگوترێت کە زمانی ماڵەوە و زمانی خوێندنی جیاوازن. جووتزمانبوونی منداڵ ئەو واتایە ناگەیەنێت کە لە قوتابخانە بە دووزمان دەخوێنێت. بۆ نموونە لە ئێران هەموو منداڵە قوتابییە نافارسەکان کە سەر بە ئێتنیک و زمانی جیاوازن، سەرجەمیان دوو زمانەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە قوتابخانە تەنیا بە یەک زمان دەخوێنن کە ئەویش زمانی فارسییە. کەواتە بۆیە پێیان دەگوترێت جووتزمان، چونکە زمانی قسەکردن لەنێو بنەماڵە و زمانی خوێندنیان جیاوازە. بۆ ئەم جۆرە قوتابییانە ”لە ڕاستیدا زمانی باڵادەست، هەڕەشەیەکە بۆسەر زمانی زگماکیی ئەوان و لە کۆتاییدا دەبێتەوە جێگرەوەی زمانی دایکیان” (رحمت زهی و شجاعی فر، ٢٠١٨)[49]. بە گوێرەی ئەو بەرنامەیە منداڵان ئەرکدار دەکرێن بابەتە دەرسییەکان و ناوەرۆکیان بە زمانی سەردەست فێر بن. لەم ڕوویەوە دەتوانین بڵێین کە بە سەرنجدان بە پێوەرەکانی خوێندنی دوو زمانە، ئەم شێوەیە لە خوێندنی جووتزمانیدا جێگایەکی نییە؛ چونکە بابەتەکانی خوێندن تەنیا بە زمانی دووەم یان زمانی سەردەست دەخوێندرێن.

٤-٥- پەروەردەی فرەزمانی

زۆربەی وڵاتانی جیهان لە سەردەمی ئێستادا بە وڵاتانی چەندزمانە دەژمێردرێن. کەمتر وڵاتێک لە ڕۆژگاری ئێستادا هەیە کە دانیشتووانی تەنیا بە زمانێک بدوێن. ئەلیاسی، لێکۆڵەری ئێرانی پشتبەستوو بە بۆچوونی “لی وی” زمانەوانی چینی-بریتانیایی(٢٠٠٠) نووسیویەتی: ”بە شێوەیەکی ئاسایی سێ یەکی خەڵکی جیهان واتە لە هەر سێ کەس کەسێک بە هۆی پێداویستیی پیشەیی و بنەماڵەیی، لە کاتی ئاساییدا دوو زمان یان زیاتر بۆ قسەکردن بەکار دێنن (زەنگەنە و هاوکارانی، ٧٨:١٣٩٩)[50]. ئەگەرچی زۆربەی وڵاتانی جیهان بە شێوەی فەرمی بە وڵاتی تاکزمانی دەژمێردرێن، ”لە زیاتر لە (٢٠) وڵاتی جیهاندا زیاتر لە زمانێک هەیە، لە وڵاتی هیندوستان زیاتر لە ١٩زمانی فەرمی و لە ئەفریقا (١١) زمانی فەرمی هەیە” (سەرچاوەی پێشوو،٧٧). جۆراوجۆری و فرەیی زمانی و کولتووری یەک لە تایبەتمەندییەکانی زۆر لە وڵاتانی ئەمڕۆی جیهانە. زۆر لەو وڵاتانە هەوڵیان داوە بە گرتنەپێشی جۆرێک دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کولتووری، یارمەتیدەری گەشە و پێشکەوتنی سەرجەم کەلتوورەکانی نێو وڵاتەکەیان بن. بە گوتەی داغچی: ” فرەیی زمانی و کولتوورییان کردووە بە دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی و پێشکەوتنی وڵات و گەشەی گەشتوگوزار و… هتد. ئەو وڵاتانە تێکۆشاون بە دیاریکردن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی دروست و زانستی، بەستێنێکی لەبار بۆ پێشکەوتنی هەموو ئێتنیکەکان و نەتەوەکانی نێو وڵاتەکەیان پێک بێنن” (داغچی،٨:٢٠١٢)[51]. لە ساڵانی ڕابردوودا ئوسترالیا، زولاندی نوێ، ئیسپانیا، وڵاتانی سکاندیناوی و…هتد، فرەزمانییان وەک سیاسەتی فەرمیی خۆیان ناساندووە و بە چاوی سامانی وڵاتی خۆیان لە فرەزمانییان ڕوانیوە (اومود،٦١:٢٠١٦).[52]

 پرسێکی گرنگ لە پێوەندی لەگەڵ  بوونی فرەزمانی لە هەر کۆمەڵ و وڵاتێکدا، ڕادە و چۆنیەتیی مەیداندان بەو زمانانە لە پەروەردەدایە. پەروەردەی وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان ئەو کاتە دەتوانێت پەروەردەیەکی سروشتی و دادپەروەرانە بێت کە پەروەردەیەکی فرەزمانی بێت، بەو واتایە کە سیستەمی پەروەردەش ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆریی زمانی و نەتەوەیی ئەو کۆمەڵ و وڵاتە بێت. پەروەردەی فرەزمانی بریتییە لە پەروەردەکردنی قوتابی بە چەند زمانێک، واتە قوتابی بە زیاد لە زمانێک پەروەردە دەکرێت. “ئاشتی ئەحمەد حەسەن” لە ڕوونکردنەوەی ئەم پێناسەیەدا وتوویەتی فرەزمانی ئەوەیە: ” سیستەمی وڵاتێک فرەزمانی بێت و قوتابییان ئازاد بن بە کام زمان پێیان باش بێت بخوینن، هەروەها دەکرێت بە واتایەکی تریش بێت، ئەویش ئەوەیە قوتابی لە یەک کاتدا بە زیاد لە دوو زمان پەروەردە بکرێت، واتە پەروەردەی فرەزمان پێواژۆیەکی پەروەردەیی‌یە کە جگە لە زمانی دایک زیاتر لە زمانێکی بیانی فێر دەکات و یەکێک لە زمانە بیانییەکان دەکاتە زمانی فێرکردن بۆ بابەتەکانی تر”(حەسەن،١٠٣:٢٠٢٢)[53]. خاڵی جەوهەری لە پەروەردەی فرەزمانیدا ئەوەیە کە بناغەکەی لەسەر پەروەردە بە زمانی دایک دامەزرا بێت. تۆڤە سکۆتناب کانگاس کە ئەزموونێکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە پەروەردەی چەندزمانی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا هەیە، گرنگییەکی تایبەتی داوە بە پێشخستنی زمانی دایک لە پەروەردەی فرەزمانیدا. لە ڕوانگەی سکۆتناب کانگاس، پەروەردەیەکی چەند زمانیی دامەزراو لەسەر بناغەی زمانی دایک کاتێک دەتوانێت ئەنجامێکی باشی لێ بکەوێتەوە کە: ”زمانی دایک بۆ ماوەی چەندین ساڵ( ئەگەر بگونجێت بۆ ماوەی ٨ ساڵ) وەک زمانی سەرەکیی پەروەردە بەکار بهێنرێت، فێربوونی زمانێکی فەرمیش هەر لە سەرەتاوە یا لانیکەم لە پۆلەکانی سێیەم، چوارەم و پێنجەمی سەرەتایی‌یەوە وەکو وانەیەکی خوێندن لە پاڵیدا دەست پێبکرێت. هەر بەم جۆرە زمانێکی بیانیش هەر لە سەرەتاوە وەک وانەیەکی خوێندن هەبێت”(کلان، ٧٩:٢٠١٨)[54]. ئەنجامێک کە لە خوێندنەوەی سەرچاوەکانی پێوەندیدار بە فرەزمانی دەستمان دەکەوێت ئەوەیە کە فرەزمانی، دیارەدەیەکی سروشتیی کۆمەڵە مرۆیی‌یەکانی سەردەمی ئێستایە، هەر بۆیە ئەگەر ئەم فرەزمانییە لە پەروەردەدا ڕەنگدانەوەی نەبێت، ناسروشتییە. دیارە پەروەردەی فرەزمانی مۆدێلی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام مۆدێلێک دەتوانێت وەڵامدەری ویستی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، بەتایبەتی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت کە زمانی دایک بکات بە زمانی سەرەکیی پەروەردە.

٥-  زمان و پەروەردە لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازیدا

زمان و پەروەردە دەکەونە کوێی پڕۆسەی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازییەوە؟ ئەم پرسیارە دەکرێت بە گوێرەی جیاوازیی دۆخی سیاسیی دوو جۆر نەتەوە، وەڵامی بدەینەوە. جۆری یەکەم، نەتەوەیەکی سیاسی کە نەتەوەیەکی یەکدەست نییە و لە پێکهاتەی ئێتنیکیی جیاواز پێک هاتووە و لە چوارچێوەیەکی جوگرافی-سیاسیی دیاریکراو و دانپێدانراودا دەژیت و خاوەنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیەتی، بۆ نموونە وڵاتی ئێران یا ئەو وڵاتانەی لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کۆتاییهاتنی کۆلۆنیالیزم، هاتنە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان. جۆری دووەم، نەتەوەیەکی بندەست کە لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بەدەستی خۆی بێبەشە، خۆی و نیشتمانەکەی بە سەر چەند وڵات و دەوڵەتدا دابەش کراون و بۆ ڕزگاری لە بندەستی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی‌یەکانی خۆی لە خەباتدایە، بۆ نموونە نەتەوەی کورد.

٥-١-زمان و پەروەردە لەلای دەوڵەت- نەتەوەکان

ئەو دەوڵەتانەی دەکەونە ئەم گرووپە، جیاوازن. ژمارەیەکیان خاوەن پێشینەی مێژوویین و تێیدا بۆ ماوەی سەدان ساڵ، چەند یا چەندین پێکهاتەی ئێتنیکیی جیاواز لە چوارچێوەی ئیمپەراتۆرییەک یا وڵاتێکی گەورەدا لەتەنیشت یەکتر ژیاون. وڵاتی ئێران خۆی نموونەی ئەم جۆرە وڵاتانەیە. وڵاتانێکیش هەن کە لە سەدەی بیستەم، لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپەراتۆرییەتی عوسمانی، یا دوای کۆتاییهاتنی داگیرکاری و ئیستیعمار دروست بوون و هاتنە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان. ”تورکیا، سوریا، عێراق، لوبنان، ئۆردۆن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەدوای لێکهەڵوەشانەوەی ئیمپەراتۆرییەتی عوسمانی و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هاتنە ڕیزی وڵاتانی سەربەخۆ. لە ئەفریقاش جەزائیر، تونس، تانزانیا، کۆنگۆ، جیبۆتی، گابۆن، نایجریا، موزامبیک، ئانگۆلا و چەند وڵاتێکی دیکە؛ هەروەها لە ئاسیا دەتوانین هیندوستان، فیلیپین، بێرما(میانمار)، مالیزیا، ئەندونێزیا ناو بەرین کە زۆربەشیان لە نێوەڕاستەکانی سەدەی ڕابردوودا سەربەخۆییان بەدەست هێنا” ( تاریخ عمومی، ١٣٦٧: ٨٣-٨٥)[55]. چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان و پەروەردە لەم وڵاتانە، سێ جۆری جیاواز لە سیاسەتی لەپشت بووە، کە بریتین لە:

١-هەڵبژاردنی زمانی ئەو دەوڵەت و وڵاتە کۆلۆنیالیستەی سەرزەوییەکەی ئەوانی کردبووە کۆلۆنیی خۆی بە مەبەستی جیاواز (ویلیما،٢٠٢١)[56]. بەکارهێنانی سیستەمی پەروەردە بۆ جێگیرکردن و ڕاییکردنی ئەو ئامانجە سیاسی و کولتوورییانەی لەپشت ئەو بڕیارە هەبوون؛

٢-زاڵکردنی زمانی نەتەوەی باڵادەستی وڵات بەسەر زمانی کەمینە نەتەوەیی و زمانییەکان و بەکارهێنانی سیستەمی پەروەردەی وڵات بۆ وەک یەک لێکردنی دانیشتووانی وڵات لە ڕووی زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی‌یەوە؛

٣- داننان بە جۆراوجۆریی زمانەکان و بە فەرمی ناسینیان و  بنیاتنانی پەروەردە و فێرکردنی چەندزمانە، هەروەها بەکارهێنانی سیستەمی پەروەردە بۆ جێگیرکردن و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان بە هەموو جۆراوجۆرییەکانەوە لە چوارچێوەی وڵاتێکدا.

هەرچی جیاوازیی ئێتنیکی و ئایینی لە وڵاتێک زیاتر بێت، نەتەوەسازی لەو وڵاتە دژوارتر و چارەسەرکردنی پرسی زمانی ئاڵۆزتر دەبێت. ویممەر، ڕووسیای ڕۆمانۆف بۆ ئەم لایەنە بە نموونە دێنێتەوە کە زۆربەی کەمینە زمانییەکان دینی جیاواز لە زۆرینەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی زمانیان هەبوو، بەڵام لە وڵاتی وەک سویسرا نەتەوەسازی ئاسانتر بوو، چونکە جیاوازییەکە هەر لایەنی زمانی هەبوو نەک ئایینی” (ویممەر،٢٠١٩)[57]. ئەم دژوارییە چەندقات زیاتر دەبێت ئەگەر دەوڵەتی وڵاتێک لەجیاتی داننان بە جۆراوجۆرییە ئێتنیکییەکان و بەفەرمی ناسینیان و پەسەندکردنی مافە زمانییەکانیان، ڕێگای حاشالێکردن و پەراوێزخستنیان بگرێتە بەر. لە ڕواڵەتدا لەم جۆرە وڵاتە ئاڵۆزییەکە کەمتر دەبێتەوە، چونکە بە پێویست نازانرێت یاسای تایبەت و هێزی مرۆیی و سەرمایەی ماددی و میکانیزم و ڕێوشوێنی ئاڵۆز بۆ دابینکردن و ڕاییکردنی ماف و بەرپرسیارەتییە زمانییەکان تەرخان بکەن، بەڵام ئەزموونی وڵاتانی لەم چەشنە سەلماندوویانە کە جگە لەوەی زمانە بندەستەکان لە ماوەیەکی درێژخایەندا لەم سۆنگەیەوە زیانی جۆراوجۆریان پێگەیشتووە، ئاسایش و یەکپارچەییی ئەو وڵاتانە و یەکێتی و هاوپێوەندیی خەڵکەکەشیان ڕووبەڕووی کێشەی جیددیی نێوخۆیی بوونەوتەوە.

٥-٢-بەکارهێنانی زمان و پەروەردە لەلایەن نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکانەوە

نەتەوەی کورد کە نیشتمانەکەی بەسەر چوار دەوڵەت- نەتەوەدا دابەش کراوە، کاتێک دەتوانێت پڕۆسەی دەوڵەتسازی بگرێتە بەر و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دروست بکات کە هەموو بەشەکانی نیشتمانەکەی یا لانیکەم یەکێک لە بەشەکانی لە داگیرکراوی ڕزگار کردبێت. پڕۆسەی دەوڵەتسازی لەسەر خاکێکی دیاریکراو و بەهۆی دەوڵەتێکی دانپێدانراو و لەنێو خەڵکێک کە کەوتوونە چوارچێوەی سنوورەکانی ئەو خاکە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام نەتەوەسازی بێ هەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەییش دەگونجێت، بەو مەرجەی لە نێویاندا وشیاریی نەتەوەیی، وشیاریی زمانی، خۆڕێکخستن و تێکۆشان و خەبات بۆ پاراستنی ناسنامە و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و زمانییەکانیان هەبێت و بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان خەبات بکەن. ئەو نەتەوانەی نەبوونە خاوەن دەوڵەتێک و ئەو نەتەوانەی خراونه‌ چوارچێوەی وڵاتێک کە دەوڵەت و دەسەڵات لە پاوانی نەتەوەی سەردەستدایە، نەک هەر ڕێگای ئەوەیان پێ نادرێت لە داڕشتن و دیاریکردنی سیاسەتە پەروەردەیی و زمانییەکانی وڵاتەکەدا بەشدار بن، بەڵکو ڕووبەڕووی سڕینەوەی ناسنامە و زمانکوژی دەبنەوە. سیستەمی پەروەردەی وڵاتیش لە خزمەت ئەو سەرکوت و سڕینەوە و هەڵاواردنەدایە. نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان بە وتەی لێکۆڵەری کورد هۆگر ئیبراهیم بۆ مانەوە بەگشتی و پەیداکردنی سروشتی دامەزراوەیی بەتایبەتی:” ئەرکی قورستریان لەسەر شانە، ئەوان پێویستیان بە ڕێکخستن هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی ئەو شەپۆڵانە بگرن کە بە ئاراستەى لاوازکردنیان دەجووڵێنەوە” (ئیبراهیم، ٢٠١٧).[58]

فەیلەسووفی کانادایی “کیملیکا” ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی بۆ نەتەوەسازیی ئەو دەوڵەتانە هەیە کە پڕۆسەی نەتەوەسازی لەواندا بەهۆی “زۆرایەتی” جێبەجێ دەکرێت و بەرەو پێشەوە دەبرێت. ئەو پێی وایە دادپەروەریی ئێتنیکی و زمانی لەم پڕۆسەیەدا پێشێل دەکرێت، هەر بۆیە پێویستە بە هۆی دابینکردن و دەستەبەرکردنی مافی کەمایەتییەکان پێش بەو نادادپەروەرییە بگیرێت: ”مافەکانی کەمایەتی بریتین لەو مافانەی کە لەبەرانبەر نادادپەروەریی سەرچاوەگرتوو لە نەتەوەسازیی زۆرایەتی، پارێزگاری لە کەمایەتییەکان دەکەن” (بادامچی،٢٠١٦)[59]. کیملیکا لەسەرئەمە پێداگرە کە پڕۆسەی نەتەوەسازی دەبێت هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی گرنگی وەک “پێکهێنانی یەکسانیی دەرفەتەکان”، “هەستی هاوپێوەندی”، “متمانەی نەتەوەیی” و “پێکهێنانی بەستێنێک بۆ جێگیرکردنی دیموکراسیی دیالۆگ”بێت. بە بۆچوونی ناوبراو ئەوە کە دەگوترێت حکومەتەکان نەتەوەسازی دەکەن، بەو واتایە نییە کە لەسەریانە هەر تەنیا یەک کولتوور پەرە پێ بدەن؛ بەپێچەوانەوە حکومەت لە دانانی سیاسەت لە نێوخۆی وڵاتێکدا ئەو دەسەڵات و لێهاتوویی‌یەی هەیە کە لە یەک کاتدا دوو یان چەند کولتووری کۆمەڵایەتی پەرە پێ بدات. نموونەیەک کە کیملیکا بۆ ئەم لێهاتوویی‌یە دەیهێنێتەوە، حکومەتە چەند نەتەوەیی‌یەکانی کانادا، سویس، بێلژیک و ئیسپانیایە (سەرچاوەی پێشوو).

زمانەوانی کورد، “فەرەج” ئاماژەی بەو ڕاستییە کردووە کە: ”نەتەوەیەکی خاوەنزمان، کە نیشتمانەکەی داگیرکراو و بەشبەشکراو بێت، ئەوا جوگرافیای زمانەکەشی دەکەوێتە بەر چەندان گوشاری جیاواز” (فەرەج،١٠:٢٠٢٢)[60]. ناوبراو بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەی خۆی نەتەوەی کورد بە نموونە دێنێتەوە کە: ”داگیرکەرانی کوردستان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە کار لەسەر نابوودکردنی دەکەن، بەتایبەت لە ڕێگای دژایەتیکردنی زمانەکەیەوە، چونکە زمان ناسنامەی نەتەوەکانە و داگیرکەرانیش مەبەستیانە داگیرکراوان لە ناسنامەی ڕەسەنیان دابماڵن” (سەرچاوەی پێشوو:٦٠). خەبات و تێکۆشان لە چەندین بەرەدا بۆ دەربازبوون لە بندەستی و داگیرکراوی و بەدەستهێنانی سەروەریی نەتەوەیی یان لانیکەم بۆ پاراستن و زیندووڕاگرتنی ناسنامەی نەتەوەیی، کولتووری و زمانی، هەروەها بە مەبەستی هاوبەشی لە دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتدا، چارەنووسێکە کە مێژوو لە بەردەم ئەم جۆرە نەتەوانەی داناوە. نەتەوە بندەست و بێ‌دەوڵەتەکان بۆ دەربازبوون لەو مەترسییانەی لەسەریانە دوو ڕێگای سەرەکییان لە بەردەمدایە: ١-بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، ٢- بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بە شێوەی ئوتۆنۆمی یا فیدراڵی.

٥-٣- پاراستنی ناسنامە بە هۆی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی:

 لە ئەدەبیاتی سیاسییدا پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆ و دەوڵەتی نەتەوەیی بە بەرزترین فۆڕمی چارەسەریی پرسی نەتەوەیی هەر میللەتێک دادەنرێت. ئەوە کە نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان بە قەوم (ئێتنێک) ناو دەبرێن؛ زمان، ئەدەبیات، هونەر، شارستانییەت، درەوشانەوەی کەسایەتییەکانیان و دەستکەوتە زانستییەکانیان لە شوناسێکی دیکە و بە ناوی وڵاتێک کە ئەوانی لە بندەستیدا ڕاگرتووە، ون و بێسەروشوێن دەکرێت، یەکێک لە لێکەوتەکانی بێ‌دەوڵەتییە. قەرەداغی لەم بارەیەوە وتوویەتی: ”هەر نەتەوەیەک کە وڵاتی سەربەخۆ و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی نەبێت، هەر لە پەراوێزی مێژوودایە و بوون و ناسنامەکەی لۆکاڵی دەبێت”(عەتا قەرەداغی، ٢٠١٧)[61]. نەتەوەیەک ئەگەر دەوڵەتی هەبێت ”لە ڕێگای ئەم دەوڵەتەوە وەکو نەتەوە دەبێتە بکەرێکی بەشدار و کارا لە بنیادنانی مێژوو و شارستانێتی مرۆڤایەتیدا و لەئاستی ناوخۆشدا لەناو چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا، نەتەوەسازی دەکات. بێ‌پێکهێنانی دەوڵەت، نەتەوە هەر لە بازنەیەکی داخراودا دەمێنێتەوە، نە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، نە تامی ئازادی دەکات”(سەرچاوەی پێشوو). شاراوە نییە کە گرتنەبەری ئەم ڕێگایە بە هۆکاری جۆراوجۆر وەک شەڕ و لەشکرکێشیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، نایەکسانبوونی توانای سوپایی و بەرگری، نەبوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و… هتد، جگە لەوەی قوربانیدانێکی زۆری مرۆیی و وێرانی و کارەساتی جۆراجۆری لە زیانی نەتەوەی داواکاری سەربەخۆیی لێ دەکەوێتەوە، ئەگەری گەیشتنی بە سەرەنجامی دڵخوازیش زۆر کەمە. ئەزموونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کورد لە عێراق(٢٠١٧)، کاتالۆنیا لە ئیسپانیا(٢٠١٧) کە ئەنجامی هەر دوو ڕێفراندۆمەکان، دەنگدانی زۆرینەیەکی بەهێز بە سەربەخۆیی بوو، بەڵام ئەو دوو ناوچەیە لە گەیشتن بە سەربەخۆیی ناکام مانەوە، دژوار و دوورەدەست بوونی ئەم ڕێگایە دەسەلمێنێت.

٥-٤- پاراستنی ناسنامە بە هۆی بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس

ڕێگایەکی دیکە بۆ ئەوەی نەتەوەیەک یا کەمایەتییەکی نەتەوەیی، لەسەر نیشتمانەکەی مافی چارەنووسی خۆی بگرێتە دەست، بەدەستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەری) و گرتنەدەستی بەڕێوەبەرێتیی ناوچەکەی خۆی لە سیستەمێکی فیدراڵیدایە. لە ئۆتۆنۆمیدا دەسەڵاتی ناوەندی لە چوارچێوەی یاسا و بەگوێرەی ڕێککەوتن، وێڕای قبووڵکردنی کۆمەڵێک لە مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی پێکهاتەیەکی ئێنتیکیی وڵاتەکەی، بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکەش بەو پێکهاتە نەتەوەیی‌یە جیاوازە دەسپێرێت. بەم جۆرە دەسەڵات لەنێوان ناوەند و ناوچەیەکی دیاریکراو دابەش دەکرێت. هەم ئەو ناوچەیە هەست بە دابینبوونی مافەکانی و جۆرێک زاڵبوون بەسەر چارەنووسی خۆیدا دەکات، هەم وڵاتەکەش وێڕای پاراستنی یەکپارچەییی خاکەکەی، کێشەیەکی ئێتنیکی چارەسەر کردووە. جیاوازییەکەی لەگەڵ فیدرالیزم لەوەدایە کە فیدرالییەت، سیستەمێکی حکومەتییە کە لە یەکگرتنی یەکە ناوچەیی و ئەیالەتییەکان پێک دێت. لەم سیستەمەدا وێڕای ئەوەی هەر یەکەیەک(ئەیالەت، پارێزگا یا ناوچە) دەسەڵاتێکی بەڕێوەبەریی تایبەت بەخۆی هەیە، دەسەڵاتێکی ناوەندیش بە هاوبەشیی هەمووان پێک دێت. دەسەڵاتی وڵات بەپێی یاسا لەنێوان ناوەند و یەکە فیدڕالەکان دابەش دەکرێت. مەرج نییە ئامانجی هەموو سیستەمە فیدرالییەکان لەسەر بناغەی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ ئێتنیکەکان و چارەسەری پرسی نەتەوەیی و کولتووری بێت. ”فیدرالیزم لە زۆر وڵات تەنیا لایەنی ئیداری و دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ ئەیالەت و پارێزگاکانی هەیە و لەوانەیە دانیشتووانی وڵات لە ڕووی ئێتنیکی و زمانییەوە کێشەیەکیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی یا لەگەڵ یەکتر نەبێت” (ئێرانپوور،٢٠٠٣)[62]. کانادا، سویسرا، بێلژیک و عێراق نموونەیەک لەو وڵاتانەن کە جۆراوجۆریی ئێتنیکی و زمانییان تێدایە، سروشتی فیدرالیزمەکەشیان ئێتنیکییە.

 خاڵێکی گرنگ دەبێت لە درێژە و ئەنجامی ئەم باسەدا ئاماژەی پێ بکریت ئەوەیە کە پڕۆسەی نەتەوەسازی نابێت بۆ ئەو کاتە هەڵ بگیرێت کە یەکێک لەم دوو ڕێگایە بە ئاکام دەگەن. بەر لەوەش نەتەوەیەکی بندەست پرسی نەتەوەییی خۆی بە یەکێک لەو فۆڕمانە (ئوتۆنۆمی، فیدراڵی یا سەربەخۆیی) چارەسەر بکات، دەبێت بەردەوام و لە هەموو بوارێکدا پڕۆسەی نەتەوەسازی لە نێوخۆیدا بەرەوپێش ببات. بەرەوپێشبردنی پرۆسەی نەتەوەسازی لەنێو نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەتدا، بە پلەی یەکەم لەئەستۆی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستییە؛ بزووتنەوەیەک کە هەڵگری ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەیی و ڕێبەریی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەی بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیە. پڕۆسەی نەتەوەسازی هەتا گشتگیرتر بێت و ڕەهەندی زیاتر و جۆراوجۆرتری هەبێت، قووڵتر دەبێت و بناغەی بەهێزتر بۆ دروستکردنی نەتەوە دادەمەزرێنێت. یەکێک لەو ڕەهەندانە کە لایەنی هزری هەیە، بریتییە لە پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی بیری نەتەوەیی و دروستکردنی وشیاریی نەتەوەیی لەنێو تاکەکانی نەتەوەدا. ڕەهەندی دووەم، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و هەوڵدان بە مەبەستی زیندووڕاگرتن و بەرگریلێکردنی لەبەرانبەر هەڕەشەی سڕینەوە و توانەوەدایە. زمان وەک یەک لە گرنگترین فاکتەرەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دەبێت لەم پڕۆسەیەدا زیاترین بایەخی پێ بدرێت.

ئەزموونی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەئاستی ئێراندا، بۆمان دەسەلمێنێت کە بایەخدان بە زمانی کوردی و ڕاکیشانی وشیاریی تاکەکان بۆ خزمەتی زمانەکەیان و پاراستن و بەرگری لێکردنی، توانیوێتی وێڕای زیندووڕاگرتن و بووژانەوە و پێشخستنی ئەو زمانە، گیانێکی بەهێزی ڕاوەستان بەرانبەر ستەمی نەتەوەیی و زمانی لە نێویاندا دروست بکات. ئەوە کە ئەم بزووتنەوەیە لە هەر دەرفەتێکی ڕەخساودا، پەروەردە بەو زمانەی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیدا وەڕێ خستووە، زمانی کوردیی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی و لە دامودەزگاکانی شۆڕشدا کردووە بە زمانی فەرمی؛ ئەم زمانەی کردووە بە زمانی سەرەکیی میدیای خۆی؛ پرسی زمانی کوردیی هێناوەتە نێو چەقی بەربەرەکانێی خەڵکی کوردستان لەگەڵ سیاسەتی تاکزمانیی ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، ڕۆڵێکی گەورەی لە بەرینبوونەوەی جوگرافیای بزووتنەوەی نەتەوەیی و کولتووریی کورد لە ئێران هەبووە (وریا،٥:٢٠٢٢)[63]. بەرچاوترین بەڵگە و جیلوەی گشتگیربوونی ئەو بزووتنەوەیە، وەڕێکەوتنی بزاڤێکی زیندووە بۆ خۆفێرکردنی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی بە پانایی سەرجەم پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو  شار و ناوچانەی ئێران کە کوردیان لێ دەژین.

٦-ئەنجام:

-بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنی ئایدۆلۆژیای سیاسی لە ڕێگای  سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، یەکێکە لەو سیاسەتە بنەڕەتییانەی نەتەوە سەردەستەکان بۆ تواندنەوەی زمان و ناسنامەی نەتەوە بندەستەکان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا، بەکاری دێنن. دەوڵەت -نەتەوەی ئێران، نموونەیەکی دیاری ئەو جۆرە وڵاتانەیە.

-نەتەوەی سەردەست لەو وڵاتانەدا کە خەڵکەکەیان لە نەتەوە و ئێتنیکی جیاواز پێک هاتوون، بۆ پەراوێزخستن و تواندنەوەی زمانەکانی دیکەی وڵات لە زمانی خۆیدا پەنا دەباتە بەر سیاسەتی زمانی و پەروەردە. زمانی نەتەوەی سەردەست لە هەموو ئاستەکان بەتایبەتی لە پەروەردەدا دەکەن بە زمانی فەرمی.

– بێبەشکردنی نەتەوە بندەستەکان لە پەروەردە بە زمانی خۆیان و خوێندنی زۆرەملێ بە زمانی نەتەوەی سەردەست ، لە ڕووی  دەروونی، پەروەردەیی و زانستییەوە، دەبێتە سەرچاوەی کێشە و گرفت بۆ قوتابییان بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتایی‌یەکانی پەروەردە و فێربووندا. لە بەرانبەردا پەروەردەی فرەزمانی لە وڵاتێکی فرەنەتەو و فرەزماندا، دەتوانێت هەم زمانێکی هاوبەش و سەرانسەری بگرێتە خۆ، هەم مافی خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی‌ دیکە دابین بکات.

– پڕۆسەی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی لە وڵاتی ئێران، وەک دەوڵەت نەتەوەکانی دراوسێ و ناوچەکە، لەسەر بناغەی سڕینەوە و تواندنەوەی ناسنامە و زمانی ئەوانی دیکە لە نەتەوەی سەردەستدا، چووەتە پێش. دەوڵەت- نەتەوەی ئێران هەر لەم ڕوانگەیەوە دژایەتیی دابینبوونی مافی نەتەوە بندەستەکان بەتایبەتی بەفەرمی ناسینی زمانی ئەوان لە پەروەردەیدا کردووە و بۆ یەکگرتوویی و یەکپارچەییی وڵات و ئایدۆلۆژیایەکەی خۆی  بە مەترسیی زانیوە.

– نەتەوەی کورد لە ئێران، بە توندی ڕێگری لە بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی و دابینبوونی مافە نەتەوەیی و زمانییەکانی کراوە و دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییەش لە ڕێگای بەرگری لە زمانی خۆی و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە زمانییەکانی، دژی سڕینەوەی نەتەوەیی و پەراوێزخرانی زمانی وەستاوەتەوە. ئەگەر لە ئەنجامی ئەم خەباتە، مافی پەروەردە بە زمانی خۆی بەدەست بهێنێت، هەلومەرجێکی لەبار بۆ گەشەکردنی زمانەکەی لە زۆر بواردا دەخوڵقێنێت.

– حاشا لەوە ناکرێت کە بۆ نەتەوەی بندەست و خاک و نیشتمان دابەشکراوی کورد، سەربەخۆبوون و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، بەرزترین شێوازی چارەسەری پرسی نەتەوەیی و کاریگەرترین شێوازی بەرگری لە مانەوەی خۆی و خاکەکەیەتی، بەڵام تا گەیشتن بەو ئامانجە درێژخایەنە، پێویستە بەهۆی بەفەرمی ناساندنی زمانەکەی و بەدەستهێنانی مافی پەروەردەی فەرمی بە زمانی کوردی، سیاسەتی ئاشکرا و نهێنیی دەوڵەت نەتەوەکان  بۆ سڕینەوەی ناسنامەی خۆی، پووچەڵ بکاتەوە.

سەرچاوەکان

[1] – موهتەدی، سیامەند (٢٠٢١)، پێناسە کردنی نەتەوە و نەتەوەخوازی-بەشی یەکەم، ماڵپەڕی خاک، ١٢/٠٦/٢٠٢١، لینک:

 https://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=26929&type=komalayati

[2] – شەبانی، ئەحمەد (٢٠١٠)، فەرهەنگی زانستی سیاسی(فەرهەنگی زاراوە و قوتابخانە سیاسییەکان)، زانستگەی کوردستان.

[3]  -محەمەد، سمکۆ (٢٠٠٩)، ناسیۆنالیزم لە نێوان فکر و سیاسەتدا، دەزگای لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر.

[4] – جەعفەر عەلی،٢٠١٧

[5] -(موهتەدی، ٢٠٢١).

[6] -تبریزی، آیدین (٢٠٠٨)، ملت ایران، یا مردم ایران؟ سایت ایران گلوبال، لینک:

    https://iranglobal.info/node/22785

[7] – حمدی، یحیی؛ کلدی، علیرضا و وثوقی، منصور (١٣٩٩)، نقش نظام آموزشی در شکل گیری دولت- ملت در ایران، فصلنامە علمی آموزشی سبک زندگی اسلامی با محوریت سلامت، دورە٤، شمارە٢، تابستان.

[8] – هەورامی، م(٢٠٢٠)، پلۆرالیسمی زمانی و ئاسایشی نەتەوەیی، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٥٧، ساڵی بیست و دووەم، پاییز.

[9]– حەمە عزیز، کنێر عەبدوڵڵا(٢٠١٧)، نەتەوەسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتسازیدا، ماڵپەڕی پێنووس، لینک:

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/468-2018-09-02-18-56-38

[10] -(موهتەدی، ٢٠٢١)

[11] – آشوری، داریوش (١٣٩٤)، دانشنامە سیاسی(فرهنگ اصطلاحات و مکتب های سیاسی)، انتشارات مروارید، تهران.

[12] – اسپالسکی، برنارد (١٣٩١) سیاست زبانی، ترجمە: سید مهدی عرفانی، حسین داوری، ابوطالب ایرانمهر، دانشگاە دامغان، دامغان.

[13] – قازی، سەعد عەبدولڕەزاق (٢٠٢٢)، سیاسەت و پلانداڕێژیی زمانی لە سیستەمی پەروەردە هەرێمی کوردستاندا، تێزی دکتۆرا، زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر.

[14] -(قازی،١٧:٢٠٢٢).

[15] -Liddicoat, A., & Baldauf, R. B. (Eds.). (2012). Language planning and policy: Language planning in local contexts. Multilingual Matters.‏

[16] -(قازی،٢٣:٢٠٢٢).

[17] – کالفی، لویس جان (٢٠١٢)، شەڕی زمان و سیاسەتی زمانی، وەرگێڕانی بەهادین جەلال، دەزگای لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر.

[18] – سلێمان، ئازاد عەزیز (٢٠٢٢)، سیاسەت و پلانی زمانی لە ڕاگەیاندندا، کەناڵە ئاسمانە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان بە نموونە، تێزی دکتۆرا، زانکۆی سەلاحەدین. هەولێر.

[19] -(اسپالسکی،٥٥:١٣٩١).

[20] – شێخولئیسلامی، جەعفەر (٢٠١٨)، “زمانناسیی کۆمەڵایەتی لە نووسینەکانی د.ئەمیر حەسەنپووردا”، دەروازە(گۆڤاری کوردی بۆ زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکان، ژمارە ٢، نیسان.

[21]– افخمی، علی و داوری اردکانی نگار (١٣٨٤)، برنامەریزی زبان و نگرش های زبانی، مجلە ادبیات و علوم انسانی دانشگاە تهران، شمارە ١٧٣، دورە ٥٦، تهران.

[22] -( حەمەئەمین، خۆشناو عەزیز و کەریم، عومەر مەحموود (٢٠١٧)، کورد و پلانسازیی زمان، گۆڤاری زانکۆی کۆیە بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان و کۆمەڵاتییەکان، ژمارە ٤٢، کۆیە.

[23] – داوری، حسین (١٣٩٩)، سیاست و برنامەریزی زبانی، رویکرد میان رشتەای مغفول در حوزە سیاست گذاری های کلان فرهنگی و آموزشی کشور، مجلە “راهبرد فرهنگ”، شمارە چهل و نهم، بهار.

[24] -(ئەفخەمی،٩:١٣٨٤).

[25] -“حەمەئەمین” و “کەریم”(١٣:٢٠١٧)

[26] -(اسپالسکی، ١٦:١٣٩١).

[27] – داوری اردکانی، نگار ( ١٣٨٨)، برنامەریزی زبان، فرهنگ زبانی و مولفەهای آن(مطالعە موردی شهر تهران)، فصلنامە تحقیقات فرهنگی، دورە دوم، شمارە ١، بهار.

[28] -قریشی، ف. عباس زادە، صدقی، علیزادە اقدم و کهنەپوشی (١٣٩٧)، برساخت گفتمانی سیاست زبان در روند نوسازی ایران، مورد مطالعە: نشریە کاوە(١٢٩٤-١٣٠١)، دوفصلنامە جامعەشناسی اقتصادی و توسعە، سال هفتم، شمارە دوم، پاییز و زمستان

[29] -(قازی، ١٩:٢٠٢٠).

[30] -(ناوخۆش، ســەلام ؛ خۆشــناو نەریــمان. (٢٠١٠)، زمانەوانــی، بەرگەکانــی چــوارەم، پێنجــەم، شەشــەم و حەوتــەم. هەولێــر، چاپخانــەی منــارە.

[31] -(ئەفخەمی،١٢:١٣٨٤).

[32] -( سمکۆ محەمەد، ٢٦٩:٢٠٠٩).

[33] – قمری، محمدرضا و حسن زادە، محمد (١٣٨٩)، نقش زبان در هویت ملی، دو فصلنامە علمی- پژوهشی زبان پژوهی دانشگاە الزهرا، سال دوم، شمارە ٣، پاییز و زمستان.

[34] (Judith T. Irvine: 2020)       

[35] – شێخولئیسلامی، جەعفەر (٢٠٢٢)، گۆڤاری زمان و زار، دیمانە لەگەڵ حەسەن قازی لە ستێرک تیڤی. ژمارە ٣، بەهار، هەولێر.

[36] -(قوڕەیشی، ١٢٨:١٣٩٧-١٢٧).

[37] -میرمکری منیژە (٢٠٢١)، تقویت گفتمان سیاست زبانی خانواده (FLP) در جوامعی با سیاست آموزشی تک زبانه،  فصلنامە “تیشک”، شمارە ٥٩-٦٠، سال بیست و سوم، بهار و تابستان

[38] – مصطفی زادە، اسماعیل و فزونمهر، نادر (١٣٩٤)، تحلیل محتوای کتاب های درسی با تاکید بر کتاب های درسی دورە ابتدایی، انتشارات آریوحان.

[39] (هەورامان فەریق،٦٢:٢٠٢١).

[40] – سلیمانی، کمال ؛ محمدپور، احمد (٢٠١٩)، آیا غیر فارسها می توانند صحبت کنند؟، نشریە آزادی اندیشە، شمارە٨

[41] – اتابکی، تورج (٢٠١٣)، تنوع قومی و تمامیت ارضی ایران، سازگاری داخلی و مخاطرات منطقه ای، مجلە گفتگو، شمارە ٤٣، ماه جولای.

[42] – رجبی، ابوالفضل و احمدوند، شجاع ( ١٤٠١)، سیاستگذاری زبانی و جایگاه زبان فارسی در سیاستهای زبانی جمهوری اسلامی ایران، فصلنامەی مطالعات ملی ،٨٩ ، سال بیست وسوم، شمارەی ١، بهار.

[43] – پیوندی، سعید (٢٠٢٠)، «آموزش در ایران و چالش زبان مادری»،۰۲/اسفند/۱۳۹۸، سایت  رادیو فردا، لینک:

https://www.radiofarda.com/a/commentary-on-the-right-of-learning-the-first-language/30447503.html

[44] – (ئاشتی ئەحمەد حەسەن ،١٠٠:٢٠٢٢)

[45] – ئاشتی ئەحمەد حەسەن ،١٠٠:٢٠٢٢

[46] – حسێن، شیلان عومەر (٢٠١٦)، داخورانی زمانی دایک، بنەما و پەسنکردن، گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژمارە ٥٠، ئایار ، سلێمانی.

[47] – کلان، امیر (٢٠١٨)، چە کسی  از آموزش چند زبانە می هراسد؟ مترجم: هیوا ویسی، محل چاپ ؟.).

[48] -(ئاشتی ئەحمەد حەسەن،١٠١:٢٠٢٢)

[49]– رحمت زهی، خدانظر؛ شجاعی فر، زینب (١٣٩٧)، “تاثیر دوزبانەبودن بر پیشرفت تحصیلی دانش آموزان”، کنفرانس دستاوردهای نوین جهان در تعلیم و تربیت، روانشناسی، حقوق و مطالعات فرهنگی اجتماعی.

[50] – زنگنە، ثریا؛ زارع، امین و مرادی، محمود (١٣٩٩)، بررسی رابطەی بین مهارت های چند زبانگی و  رفتار اطلاعاتی دانشجویان  تحصیلات تکمیلی  دانشگاە رازی، فصلنامە مطالعات دانش شناسی، سال هفتم، شمارە ٢٤، پاییز.

[51] – داغچی، سردار (٢٠١٢)، نگاهی بە کشورهای کثیرالملە و چند زبانە، ١٥٤-١٥٧، دانشگاە استنفورد امریکا.

[52] – اومود، آ (١٣٩٤)، آموزش بە زبان مادری، زمستان، بی جا.

[53] -(ئاشتی ئەحمەد حەسەن،١٠٣:٢٠٢٢).

[54] -(کلان، ٧٩:٢٠١٨).

[55] – تاریخ عمومی (١٣٦٧)، نگاهی بە تاریخ جهان در قرن بیستم، کتاب درسی سال چهارم آموزش متوسطە عمومی،(وزارت آموزش و پرورش ایران)، چاپخانە الهادی قم.

[56] – ویلیما و هریسون، ام (٢٠٢١) ، زبان های بومی افریقایی در رویارویی با زبان های استعماری، (گفتگو با دویچەولە فارسی)  ٢٢ فوریە ، سایت etilaatroz (اطلاعات روز). 

[57] – ویممەر، ئاندرێیاس (٢٠١٩)، سەرهەڵدانی دەوڵەت و نەتەوەسازی، کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی، ماڵپەڕی کوردستانوکورد. لینک:

https://kurdistanukurd.com/?p=46107

[58] – ئیبراهیم، هۆگر (٢٠١٧)، نەتەوەسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتسازیدا، لینک:

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/469-2018-09-02-18-56-38

[59] – میثم بادامچی، (٢٠١٦) ، حقوق اقلیت‌ها همچون پاسخی به ملت‌سازی، سایت رادیو زمانە. لینک:

  https://www.radiozamaneh.com/318570

[60] – فەرەج، هۆگر مەحموود (٢٠٢٢)، هەورامی گۆڤەرێکی ڕەسەنی زمانی کوردییە، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری زمان و زار، ژمارە(١).

[61] – قەرەداغی، عەتا (٢٠١٧)، “له‌ نێوان دوانه‌ی ده‌وڵه‌تسازی و نه‌ته‌وه‌سازیدا: ده‌وڵه‌ت و شوناس!” ماڵپەڕی خەندان، لینک:

https://www.xendan.org/detailwtar.aspx?jimare=1023&nuser=1017

[62] – ایرانپور، ناصر (٢٠١٦)، بازاندیشی در برخی از مفاهیم کلیدی فلسفەی سیاسی، جلد دوم، چاپ ڕوشنگری (آلمان).

[63] – وریا، قادر (٢٠٢٠)، شەڕی ناسنامە و سەنگەری زمان، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولیر.

وتارەکانی تر

Publication Info

    Publication Info

      Publication Info

        Publication Info

          Publication Info

            Publication Info

              Publication Info

                Publication Info

                  Publication Info

                    Publication Info

                      Publication Info

                        لۆگۆی ناوەند

                        ئەم وتارە هاوبەش بکە!

                        Publication Info