پەیامی نەورۆزیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

یەکێک لەو سیمبۆلانەی ئێمەی کورد کە ئاگری هەمیشەیی چیا و پێدەشتەکانی مێژوومان نەوە بە نەوە دەگوازێتەوە نەورۆزە. ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە تەنیا نوێبوونەوەی ساڵ و سووڕی زەوی و گیا و گوڵ نییە… بۆ ئێمە نەورۆز “گەشتی ڕۆح”ە بەنێو تووناوتوونی سەدەکاندا، جۆرێکە لە “دۆناودۆن” کە بە تاریکیدا – لەو دەمەی کە پێیانوایە لەنێو چووین و نەماوین – دەمانهێنێتەوە بۆ ڕووناکی؛ هەموو جارێک بەهێزتر لە جاران بەبەرچاوی چاوی ئەبڵەقی دوژمنانمانەوە بە هەڵپەڕکێ و دیلانێ و قریوەوە بەو بەرگە هەزار ڕەنگەوە، سەرلەنوێ لە ڕەشبەڵەکی بەهارانەدا سەوز دەبینەوە. ئەم “گەشتی ڕۆح”ە، نوێبوونەوە و بەهێزبوونەوە و یەکیەتیی نەتەوە و نیشتمانی ئێمەیە.

“نەورۆز” جەژنێکە زیاتر لە جەژن، بۆنەیەکە زیاتر لە بۆنە، ڕەمزێکە زیاتر لە ڕەمز… بۆ ئێمە “نەورۆز” ژیانەوەی بیرەوەریی سەروەرییەکی مێژووییە کە بەدرێژایی سەدەکان ئێمەی بەپێوە ڕاگرتووە و تا گەیشتن بە “ئازادی” و پاش ئازادی و تاهەتایە دەبێ کڵپەی لە ناخماندا ئاواتەکانمان بگەشێنێتەوە.

نەورۆزمان پیرۆز و گەشتی ڕۆحمان هەمیشەیی

ناوەندی لێکۆلینەوەی کوردستان-تیشک