گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢
شۆڕشی ژیان، دابڕان لە دۆخی درۆی داگیرکەران
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 15.10.2025
دەباغی، شەهلا (٢٠٢٥):شۆڕشی ژیان، دابڕان لە دۆخی درۆی داگیرکەران. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ١٣٤–١٢١. https://doi.org/10.69939/TISHK0072
بەو خوێنانەی لەو ڕێبازە ڕژاوە
گوڵی ئاڵی سەربەستیی کورد ڕواوە
منیش بە دڵی پڕ لە هیوا و بڕواوە
دڕۆم بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون
دەڕۆم دەڕۆم تا تروپکی ڕزگاربوون
هێمن
واتسلاڤ هاڤێل لە کتێبی «هێزی بێدەسەڵاتان»دا خۆجیاکردنەوەی خەڵک لە «دۆخی درۆ»، میکانیزمی درۆ و ئیدئۆلۆژیی حاکم وەک دەستپێکی ئازادی دەبینێ. ئەم وتارە دەخوازێ ئەم پرسیارە بێنێتە بەر باس کە بۆچی کورد سەرەڕای ئەوەی بەردەوام جێنۆساید دەکرێ و لە «دۆخی ئاوارتە» و لەژێر هەڕەشەدا دەژی، بەڵام لە ڕۆژانی نەورۆزدا سەدان هەزار کوردی خاکیپۆش لە کوردستان شاد و خەرامان دێنە سەر شەقام؟ ئەم وتارە هەوڵێکە تا نیشان بدا نەورۆزی خاکیپۆشان (٢٠٢٥) هومێد و شۆڕشێکە بۆ ژیان، بەردەوامیی دابڕانی کوردە لە دۆخی درۆی داگیرکەران و جەستەیەکی ژنانەی هەیە.
سەرەتا
سارۆ ئەردەڵان لە وتاری «شیکاریی گوتاری نەورۆزی دژەکۆلۆنیالیستی لە کوردستان»دا1 هەوڵ دەدا ڕەچەڵەکناسیی نەورۆز لە سەردەمی خانی ڕا هەتا نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٤ بکا و «ئەو گۆڕانە گوتارییانەیە کە لە ناوەڕۆک و فۆڕمی پێشکەشکردنی بۆنەی نەورۆز لە پارچەکانی کوردستان ڕووی داوە تا بەرەبەرە لەگەڵ جێژنی نەورۆز لە نێوان نەتەوە و گەلانی دیکەدا جیاواز ببێ» نیشان بدا. ئەردەڵان لە نێوان دوو چەمکی جێژن (Holiday) و کارنەڤاڵ (Carnival) جیاوازی دادەنێ و پێی وایە ئەوەی لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە کوردستان ڕووی داوە ئەوەیە کە «بەرەبەرە بۆنەی نەورۆز لە جێژنێکی کولتوورییەوە بەرەو گۆڕان بۆ کارنەڤاڵێکی سیاسی هەنگاوی ناوە. نەورۆز وەک کارنەڤاڵێکی سیاسی جۆرە فێستیڤاڵێکی (Festival) تایبەتە کە ئەگەرچی ڕیشەی لە بۆنەیەکی کۆنی کولتووری یا ئایینیدا هەیە و ڕەنگە بۆ جۆرە کولتوورێکی کشتوکاڵی و زیندووبوونەوەی زەوی بگەڕێتەوە، بەڵام لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان سەرەتا وەک جێژنێک سەیر کراوە کە تیایدا هەموو خەڵک جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن، پێکەوە هەڵدەپەڕن و ئاگر دەکەنەوە؛ نەورۆز خاڵی هاوبەشی هەموو پێکهاتە زمانی و ئایینییەکان لە کوردستان بووە. بەڵام دواتر لە چەند قۆناغی جیای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان و لە هەر کام لە پارچەکانی باکوور، باشوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا سەرەتا وەک جێژنێکی نەتەوەییی تایبەت بە کورد پێناسە کراوە و دواتر مانایەکی سیاسی و دژەستەمی بۆ بینراوەتەوە. بەم شێوەیە جێژنی نەورۆز وەک کردەوەیەکی کولتووریی کۆمەڵانی خەڵکی کورد مانایەکی سیاسیی هاوبەشی نەتەوەییی بۆ ساز کراوە و وەک کارنەڤاڵێکی سیاسی و دژەکۆلۆنیالیستی یەکێک لە سازێنەرەکانی ناسنامەی نەتەوەی کورد بووە.»2
ئەم وتارە وەک وتارەکەی ئەردەڵان پێداگرە لەسەر ئەوەکە نەورۆز لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە جێژن و کردەوەیەکی فەرهەنگی تێپەڕیوە و بووەتە جووڵانەوەیەکی سیاسیی دژەکۆلۆنیالیستی. هاوکات لێرەدا بە یارمەتی وەرگرتن لە چەند بیرمەندی وەک ئاگامبێن3، واتسلاڤ هاڤێل4 و ئێڤا ڤۆن ڕێدێکێر5، هەوڵ دەدەرێ ئەو باسە بێتە گۆڕێ کە ناوەرۆکی «هومێدبەخش و شادیهێنەر»ی نەورۆزەکانی دوو ساڵی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ دژەکۆلۆنیالیست بوونیان، وڵامێک بوون بە سەد ساڵ کوشتار و جێنۆسایدی کورد و ئەم کارنەڤاڵانە «دابڕانێکن لە دۆخی درۆی داگیرکەران» و «شۆڕشێک بوون بۆ ژیان»6.
هەروەک پێشتر ئاماژە کرا ئەردەڵان بەدروستی باسی ئەوە دەکا کە نەورۆزەکانی سەد ساڵی ڕابردووی کورد بوونەتە کەرنەڤاڵێکی سیاسیی دژە ئیستعماری. جیاوازییەکی نێوان وتارەکەی ئەردەڵان و ئەم وتارە ئەوەیە کە ئەردەڵان زۆر بنەڕەتی، ڕەچەڵەکناسیی دژەکۆلۆنیالیستیی نەورۆزی سەد ساڵی ڕابردووی کردووە و دەیان نموونەی ئەدەبی و بەڵگەی مێژوویی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ بۆچوونەکەی خۆی هێناوەتەوە کە چۆن وردە وردە نەورۆز ئەم فۆڕم و ناوەرۆکە دژەکۆلۆنیالیستییەی پەیدا کردووە کە ئێستا دەیبینین. وتارەکەی ئەردەڵان ئارشیوێکی مێژوویی و شیکردنەوەیەکی دیسکۆرسییە. بەڵام ئەم وتارەی بەردەستتان تەنیا تەکووز دەکاتە سەر نەورۆزی ٢٠٢٥ و هەوڵێکە تا بە یارمەتیی هێندێک تیۆری و بە زیادکردنی ڕوانگەیەکی جێندێری بە باسەکەی ئەردەڵان، باسێک لەسەر ناوەرۆکی شاد و پڕهومێدی ئەم دوو نەرۆزە بێنێتە گۆڕێ کە بۆ بیچمی نەورۆزی دوو ساڵی ڕابردوو تا ڕادەیەکی زۆر ژنانەیە. من پێشتر لە وتاری ڕامانیک بۆ پرسی ژن لەنێوان کۆلۆنیالیزم و جنسدا(٢٠٢٠) بە ڕوانگەیەکی «ئینتێرسێکشن»7 باسی جەستە و پرسی ژنی کوردم لەنێوان کۆلۆنیالیزم و جەستەدا کردووە.8 لەم وتارەدا دەمهەوێ چرکەساتەکانی ڕزگاریی جەستەی ژن لە جیژنەکانی ڕۆژانی نەورۆزدا بێنمە بەر باس. هەروەها لە وتاری بکەری ئاگا لە دۆخی ئاوارتەدا(٢٠٢١) باسی بەرخۆدانی کوردم لە دۆخی ئاوارتەدا کردووە و لێرە باسی نەورۆزی ٢٠٢٥ وەک لوتکەی ئەم بەرخۆدانە و دژایەتیی کورد لەهەمبەر دۆخی درۆی دەسەڵاتدا دەکرێ.
دۆخی ئاوارتە/ State of Exception
ساڵی ٢٠٢١ لە وتاری «بکەری ئاگا لە دۆخی ئاوارتەدا»9 چەمکی «دۆخی ئاوارتە» بە دۆخی کوردستانەوە گرێ درا و باسی ئەوە کرا کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی تارانەوە ئینسانی کورد هۆمۆساکێرێکی بێمافە و کوردستان شوێنێکە کە دۆخی ئاوارتەی بەسەردا سەپێنراوە. لەو وتارەدا دوای چوونە زیندانی زارا محەمەدی کە بە هۆی گوتنەوەی وانەی زمانی دایکی پینج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو، باسی بکەری ئاگا لە دۆخی ئاوارتەدا کرا. لەم وتارەدا جێژنی نەورۆزی ٢٠٢٥ پەنجەرەیەکە کە هەمیسان چاو لە دۆخی ئاوارتەی کورد بکەینەوە.
جۆرج ئاگامبێن (١٩٩٥) هەوڵ دەدا بە هێنانە بەرباسی چەمکی هۆمۆساکێری ڕۆمی کەونارا، باسی بێمافیی ئینسان لە دۆخی ئاوارتەدا بکا. هۆمۆساکێر کەسێک بوو کە دەکرا بکوژرێ بێ ئەوەی کوشتنەکە وەک تاوان بناسرێ. پلەی هۆمۆساکێر نزم دەبینرا و نەدەکرا لە بۆنەکانی ئایینیدا قوربانی بکرێ. واتە هۆمۆساکێر/ ئینسانی بێماف، سیمبۆلێکە بۆ بوون لە دەرەوەی یاسا.10 ئاگامبێن چەمکی بایۆپۆلیتیک/ ژی هێز(زیست- قدرت)11 کە لەلایەن میشێل فۆکۆوە هاتۆتە ناو باسەکانی فکری و سیاسی پەرە پێدەدا. بەڕای فۆکۆ لەدوای سەدەی هەژدەوە دەوڵەتی مۆدێڕن نەتەنیا لە ڕێگای زەبروزەنگ و یاساوە، بەڵکوو لەڕێگای کۆنتڕۆڵی جەستە و بە سیاسەتی بایۆپۆلیتیک حوکم بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا دەکا و لە ڕێگای دامەزراوەکانی وەک نەخۆشخانە، قوتابخابە و زیندان دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێ.12 بەڕای ئاگامبێن لە دەوڵەتی مۆدێڕن/modern stats دا ژیان ڕووتە (bare life) و ئینسان بێماف. جەستەی بیۆلۆژیک بە بێ هیچ مافێک دەژی. بۆ وێنە ئەوانەی لە «کەمپی نازییەکان»دا دەژیان. لە کەمپدا ئینسان لە ئینسان بوون و مافەکانی دەشۆرێتەوە. نموونەی ئەم ژیانی ڕووتە دەتوانین لە ڕۆمانی هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان (٢٠١٨)دا ببینین. بێهرووز بووچانی لە ڕۆمانەکەی خۆیدا کە لە دوورگەی «مانوس» نووسیویەتی، باسی دانیشتووانی بێمافی کەمپی پەنابەران دەکا کە چۆن لە دەرەوەی یاسادا دەژیان و دەوڵەتی ئۆسترالیا چەندین ساڵ ئەو پەنابەرانەی لە هەموو مافێکی یاسایی و ژیانێکی سەروەر بێبەش کردبوو. 13
دەوڵەتی مۆدێڕن ئینسانەکان بۆ ژیانێکی ڕووتی بێ ماف دادەبەزێنێ. 14 ئاگامبێن قامک لە سەر ئەوە دادەنێ کە لە ژیانی ڕووتدا هێندێک گرووپ زیاتر لاواز دەکرێن و دەکەونە بۆشاییی یاسایی و زۆنی خۆڵەمێشی و دەبنە جەستەیەکی بیۆلۆژیکی لە دەرەوەی یاسا بە بێ هیچ مافێکی سیاسی و ئینسانی. بۆ وێنە ترامپ دەڵێ «ترانس» بوونی نییە و ئێمە تەنیا دوو جنسمان هەیە. یا سیاسەتی ترامپ و دەستەڕاستییەکان کە دەیانهەوێ ئابۆرت (لەباربردنی کۆرپەلە) قەدەخە بکەن. لێرەدا سیاسەتی ترامپ بەڕای من دروست ئەو دەسەڵاتەیە کە ئاگامبێن ڕەخنەی لێ دەگرێ. ئاگامبێن لە کتێبی «هۆمۆساکێر، دەسەڵاتی حاکم و ژیانی ڕووت»دا دەنووسێ: «دۆخی ئاوارتە تەنیا ڕیزپەڕێک نییە و تەنیا لە کاتی شەڕ و قەیراندا بەڕێوە ناچێ، بەڵکوو بەشێکە لە پێکهاتەی سیاسیی سیستەمەکانی ئێستای ڕۆژاوایی و دۆخێکی بەردەوامە». هەوڵی ئاگامبێن ئەوەیە کە بڵێ کەمپ تەنیا تایبەت بە نازییەکان یا کۆمۆنیستەکان نەبووە، بەڵکوو ئەوە پێکهاتەی سەرەکیی سیاسەتی دەوڵەتی مۆدێڕنە. بۆ دروستبوونی ئەم بۆچوونەی ئاگامبێن دیسان دەتوانین نموونەیەک باس بکەین؛ لە ئاخر مانگی ساڵی ٢٠٢٤دا Yoon Suk-Yeol لە کوریای باشوور کە بە پێی دێمۆکراسی بەڕێوەدەچی، دۆخی ئاوارتەی بەسەر وڵاتەکەی خۆیدا داسەپاند. 15
لە وڵاتێکی وەک ئێران بە حاکمییەتێکی تۆتالیتەروە، دۆخی ئاوارتە دەتوانێ زۆر توند و بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا بسەپێنرێ و تەنانەت یاسا ناتەواوەکانی خۆشیان بخەنە ژێر پێ. هەر نموونە لە کەیسی زارادا گەرچی لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا خاڵێکی ناتەواو بەناوی مادەی ١٥هەیە بەڵام زارا ساڵی ٢٠٢١ بە هۆی گوتنەوەی زمانی دایکی خرا زیندان. هەر لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵیشدا «سروە پوورمحەمەدی» بە تاوانی چالاکی لە «ڕێکخراوی نۆژین» دا خرایە زیندان. 16
زۆربەی جار دۆخی ئاوارتە بەناوی پاراستنی ئاسایشی وڵات دادەسەپێنرێ. بەپێی ئاگامبێن (2004) دۆخی شەڕی ناوخۆ و بەرخۆدان، ئەو بەرزەخەن کە پڕن لە دژایەتی و خودی یاسا دەکەوێتە هەڵپەساردن و تاک بێ پشتوپەنا دەمێنێتەوە. بۆ وێنە لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا بوومەلەرزەیەک لە وڵاتی میانمار (بێرمە) ڕووی دا کەچی دەوڵەتی میانمار لە جیاتی هاوکاریی خەڵکی لێقەوماو، خەریکی بۆمبارانی دژبەرانی خۆی بوو. 17
ئاگامبێن پێی وایە Sovereign Power / دەسەڵاتی سەروەر، یاساکان هەڵدەوەشێنێتەوە و هەڵیاندەپەسێرێ؛ واتە یاسا هەیە بەڵام هیچ مانا و کاکڵی نییە و دێمۆکراسی کاری خۆی ناکا. بۆ وێنە لە دوای ١١ی سێپتامبر لە ئەمریکا، دۆخی ئەمنییەتی (security state) دروست بوو. 18
لە ئێراندا بۆ وێنە بەلووچ و کورد بە ئایین، ئیتنیسیتە و بۆچوونی سیاسیی جیاواز، بەناوی خەتەر دژی ئەمنییەتی وڵات، چاویان لێ دەکرێ. لە ئێراندا کە دیکتاتۆری بەشێکە لە کولتووری سیاسی، دۆخی ئاوارتە بەردەوام و هەمیشەییە بۆ ئەوەی هەر جۆرە بەرخۆدانێکی خەڵک سەرکوت بکرێ. دۆخی ئاوارتە و بێمافیی ئینسان بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە ئێراندا. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم باسە بەلووچ و کوردن کە لە دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی تاران وەک دژە ئیسلام، دژە شێعە و ئەویتر چاویان لێ کرا و زۆر جار ئەم ڕوانگەیە بە کوشتار لە کوردستان و بەلووچستان و داسەپاندنی حکوومەتی نیزامی و «وضعیت استثنایی» تەواو بووە.
لە وتاری «بکەری ئاگا لە دۆخی ئاوارتەدا» تا ڕادەیەک وڵامی ئەو پرسیارە دراوەتەوە، کە دەسەڵاتی ئێران لەدوای ڕێبەندانی ١٩٧٩، بە ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامی لە کوردستان و بە دروستکردنی شەڕ لەگەڵ کورد، یا شەڕی ئێران و عێراق و هتد، بەردەوام دۆخی نیزامی و «وضعیت ویژە»ی ڕاگەیاندووە، بە جۆرێک کە بۆ نەتەوەی کورد لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە ماوەی ئەم چل و چەند ساڵەدا ئەم دۆخە هەمیشەیی بووە. هەر ئەو جۆرەی ئاگامبێن پێی وایە لە ڕۆژاوا لە دۆخی ئاوارتەدا حاکم بڕیاردەرە، ئێرانی دوای ١٩٧٩ کەوتە دۆخێک کە دەکرێ بە دۆخی ئاوارتە (ئیستیسنایی) ناوی لێ ببەین. لەم دۆخەدا پرسی کورد و چارەسەری پێویست لەگەڵ فۆڕم و سروشتی پرسەکە لەژێر ناسیۆنالیزمی شیعە-فارسدا بەردەوام لە دۆخی ئاوارتەدا ماوەتەوە. هەڵبەت بەلووچەکان و عەرەبەکانیش بەهۆی بەرخۆدان ئێستا زۆر زیاتر لە جاران کەوتوونەتە بەر زەبروزەنگی دەسەڵاتی تاران. لە ڕاستیدا حاکمی تاران بە هیچ جۆرێک تاکی نەتەوەکانی ژێردەست وەک تاکی نەتەوەی باڵادەست نابینێ، گەرچی دەزانین کە تاک و گرووپی یاخی لە نەتەوەی باڵادەستیش بوونەتە قوربانی. شوناسی مێژووییی نەتەوەکانی ژێردەست بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت کراوە و گوتاری زاڵی حاکمییەتی ئێرانی لەلایەک بە نەفیی ئەوانیتر، گەڵتەپێکردن و نزم نیشاندانی پرسی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو و لەلایەکی تر بەسووژەکردن و بەکەسایەتیکردنی نەتەوەی باڵادەست بووە. ئەم بەسووژەکردنە لە ڕێگای ئاپاراتووسەکانی حاکم و دامودەزگاکانی پڕوپاگاندا لەگەڵ زەختی هێزە چەکدارەکان، بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕێکخراون. هێز و کاراییی تاک و نەتەوەکانی دیکە یان بەرەو لاوازی بردراوە یان خراوەتە خزمەتی دەسەڵات. دەسەڵاتی سەرووی یاسا (یاساکانی خۆی) لە هەموو ئەو ساڵانەدا زەبروزەنگی بەکار هێناوە. دەسەڵات پێی وایە هەر ئەکتێک لە دەرەوەی ویستی حاکمان هەڕەشەیە بۆ سەر بوونی ئەوان. بە سەدان جار ڕێبەرانی ئێران باسی ئەوەیان کردووە کە ‹نظام در خطر است› و دەوڵەت لە چوارچێوەی بە ناو ‹امنیت ملی› و خەتەر لەسەر ئاسایشی خەڵک و وڵات، سیمپاتی نەتەوەی باڵادەست بۆ خۆی ڕادەکێشێ. 19
هێزی بێدەسەڵاتان
باسی سەرەکیی کتێبی هێزی بێدەسەڵاتان20 لە نووسینی هاڤێل «ژیان لە حەقیقەت»دا وەک هێزی بەرەنگاری لە بەرانبەر دەسەڵاتی تۆتالیتاریستیدایە. بەڕای هاڤێل لەو کۆمەڵگایانەی بناخەیان لەسەر درۆیە، بەردەوامییان تەنیا بەهۆی دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکوو خەڵکی ئاساییش لەگەل سیستەمی درۆ «کایە دەکەن»، بۆ وێنە لە ڕێگای دووپاتکردنەوەی وشە و دروشمی بۆش و بەتاڵ. هاڤێل لەم کتێبەدا نیشان دەدا کە سیستەمێکی تۆتالیتار تەنیا لەسەر زەبروزەنگ دانامەزرێ، بەڵکوو لەسەر «ژیان لەناو درۆ» دایە کە دەمێنێتەوە واتە هەم دەسەڵاتدار و هەم شارۆمەند لە شانۆیەکی درۆییندا بەشدارن. سەوزەفرۆشێک کە دروشمی «کرێکارانی جیهان یەک گرن!» ی لەناو سەوزەکانی داناوە، بە هۆی باوەڕی بە دروشمەکە نییە و دەزانێ کە ئەو دروشمە درۆیە، بەڵام ئەو کارە دەکا چونکە سیستەم چاوەڕوانیی لێی هەیە کە ئەم کارە بکا. 21بەمجۆرە وەهمی یەکگرتوویی و باوەڕی ئایدیۆلۆژیکی و بەردەوامیی دەسەڵات دروست دەکرێ. دیکتاتۆر بە دروستکردنی سیستەمی ئاڵۆز و سامان وداراییی دەوڵەت و پەرەپێدانی بۆرۆکراسی و پۆلیس، هەرچی زیاتر دەست بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دەگرێ. هەرچی دیکتاتۆرییەتەکە بچووکتر و خەڵک کەمتر پێشکەوتوو بن، دیکتاتۆر دەتوانێ زیاتر و ڕاستەوخۆ خواستی خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ. بەڵام کاتێک دەسەڵات داوای هاوڕایی و ڕەزایەت بۆ درۆ لە شارۆمەند دەکا، ئەگەر شارۆمەند ڕەزایەت بە درۆی دەسەڵات نەدا ئەوە دەبیتە هۆی تێکدانی دەسەڵات.
هاڤێل پێی وایە کاتێک تاک ئیتر لە «درۆی بە کۆمەڵ» خۆ دەکشێنێتەوە و لە گەڵ ڕاستیدا دەژی، دەسەڵات دەکەوێتە بەر هەڕەشە. هاڤێل نموونەی دووکاندارێک باس دەکا کە ڕۆژێک دروشمی سەر کاغەزی «کرێکارانی جیهان یەکگرن» لەناو میوەکانی دوکانەکەی لادەبات. گەرچی ئەمە ئەکتێکی بچووکی تاکەکەسییە، بەڵام شۆڕشێکی قووڵە دژی دەسەڵات/حیزب. کەوایە درۆکانی دەسەڵات تا ئەو کاتە دەتوانێ بەردەوام بێ کە خەڵک وا نیشان بدەن کە قەبووڵیانە و لەگەڵ حیزبی دەسەڵاتدارن. هێزی بێدەسەڵاتان نیشان دەدا کە بەشداریی خەڵکی ئاسایی لە «ژیان لەناو درۆدا» دەبێتە هۆی بەردەوامیی سیستەمە تۆتالیتەرەکان، بەڵام کاتێک تاک خەتەردەکا و ئیتر لەم شانۆییەدا بەشدار نابێ، بەتاڵی و بۆشاییی سیستەم دەردەکەوێ کە دەتوانێ ببێتە هۆی هاندانی هاتنەدەر لە «ژیانی لەناو درۆ»ی تاکەکانی دیکە. بەمجۆرە خەڵكێكی زیاتر ژیان «لەناو حەقیقەت»دا هەڵدەبژێرن. ئەمە دەبێتە هۆی ڕووخانی دەسەڵات لەناو خۆیدا. بەڕای هاڤێل، ئەمە شۆڕشێکی کلاسیک نییە، بەڵکوو «شۆڕشێکی وجودی»یە کە بێدەسەڵات هەست بە جۆرێک دەسەڵات دەکا و چیترنابێتە دەندەچەرخێک لە ماشێنی درۆی دەسەڵاتدا.22
هاڤێل داهێنەری چەمکی «پۆستتۆتالیتەر»ە. مەبەستی هاڤێل لە پۆستتۆتالیتەر ئەوە نییە کە دەسەڵات چیتر تۆتالیتەر نییە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کە هێندێک لە تۆتالیتەرەکان بۆ وێنە لە چیکوسلەواکی هەر لە بنچینەوە جیاوازن لە دیکتاتۆرە کلاسیکەکان و ئەوانەی لە مێشکی ئێمەدان.23 هاڤێل باس لەوە دەکات کە چۆن تاکەکان یان گرووپەکان دەتوانن بەرەنگاری سیستەمێکی ستەمکاری درۆزن ببنەوە، ئەوەش بە هەڵبژاردنی «ژیان لە ڕاستی»دا، وەستان دژی «ژیان لە درۆ»دا و بە ڕەتکردنەوەی بوونە بەشێک لەو ئایدۆلۆژیایەی سیستەم هەوڵی سەپاندنی دەدات. لە ڕێگەی بەرخۆدانی بچووک و تاکەکەسی و بە ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە گێڕانەوەی درۆزنانەی سیستەمەکەدایە کە مرۆڤەکان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن، واتە جۆرێک لە «نافەرمانیی مەدەنی»24.
شۆڕش بۆ ژیان
فیلسوفی ئاڵمانی Eva Von Redecker، لە کتێبی خۆیدا شۆڕش بۆ ژیان (٢٠٢٢) کە ساڵێک دواتر وەرگێڕدراوەتەوە سەر ئینگلیسی25 باس لە چەمکی «شۆڕش بۆ ژیان» دەکا. ڕێدێکێر جووڵانەوەی ژنان، پرسی ژینگە، پرسی پەنابەران و جووڵانەوەکانی دژی نەژادپەرەستی وەک Black Lives Matter و یا جووڵانەوەی دژی سێکسیزم وەک Me Too بۆ گۆڕانی شێوە ژیان بە گرینگ دەزانێ. ڕێدێکێر بە ئاماژە بە جووڵانەوەی ئەفرۆئەمێریکانەکان دوای کوشتنی جۆرج فلۆید باسی ئەوە دەکا چۆن ئەوان لە پارکێک کۆ دەبنەوە و باسی ئەوە دەکەن کە پۆلیس ناگۆڕێ و ئەوان دەبێ بۆخۆیان مافی خۆیان وەدەست بێنن:
Breathe out your doubts, because we are here for each other for. 26
ڕێدێكێر بە ڕەخنە لە سیستەمی کاپیتالیستی پێی وایە ئەم جووڵانەوە کۆمەڵایەتییانە تەنیا پرۆتێستێکی کلاسیکی و توندوتیژی نین بەڵکوو ئەوانە شۆڕشن بۆ گەڕانەوە بۆ ژیان و دژ بەم بارودۆخەی ئێستا ئینسان تێیدا دەژی. ڕێدێکێر سیستەمی کاپیتالیستی بە وێرانکەر و دژی ژینگە ناو دەنێ و پێی وایە دەبێ شۆڕشێکی ڕاستەقینەی قووڵتر بۆ ژیان و گۆڕینی شێوەی ژیان بکەین. لەم ڕووەوە ڕێدێکێر گرینگیی تایبەت بەو جووڵانەوە کۆمەڵایەتییانە دەدا کە شۆڕشێكی زۆر گەورەی لەپڕ نین بەڵام دەتوانن ڕۆژانە ئاڵوگۆڕ و یەکگرتوویی و هاوکاری دروست بکەن. ڕێدێكێر ئەمە بە «شۆڕشی زیندووەکان دژی وێرانیی ژیان» ناو دەنێ کە تەنیا بەرخۆدان نییە، بەڵکوو شۆڕشی سازکردنەوەی ژیانە. لای ڕێدێکێر ئینسان قوربانییەکی بێ ئیڕادە نییە بەڵکوو ئینسانەکان مێژووسازن و دەتوانن ئاڵوگۆڕی بناخەیی پێک بێنن. ڕێدێکێر گرفتی ئەمڕۆی جیهان تەنیا لە چەند سەرمایەداردا نابینێ، بەڵکوو پێی وایە کێشەکە ڕێشەییترە لە ڕواڵەتێکی ئەوها سادە. ئەو، کێشەکە لە «ئیدئۆلۆژیی ڕۆژانە»دا دەبینێ. هەموو دەزانن گرفت و پرس و کێشە هەن و ژیان سەختە بەڵام ڕەوتی چارەسەری ئاڵۆزە و زۆر شت دەبێ فێربین. سیستەم نە تەنیا ئێمە دوبارە بەرهەم دێنێتەوە بەڵکوو لە ڕێگای ئێمەوە فەرمانڕەوایی دەکا. لە کۆی مێژوودا زۆر جار شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێژیمگەلی کۆنسیرڤاتیڤ گەیشتوون، بەڵام ئەمە بە مانای هەڵە بوونی جووڵانەوەکان نەبووە. هەر ئێستا لە جیهاندا ڕووی ڕاستەقینەی بێڕەحمیی دەسەڵات ئاشکرا دەبینین. پێشتر دەبا دەیان شیکردنەوەت بۆ ئەمە کردبا، بەڵام ئێستا ئەمە شتێکی ڕوونە و تەنانەت دیکتاتۆرەکان شانازی بە زەبروزەنگی خۆیانەوە دەکەن. بەڵام زەبروزەنگ لە بەرانبەر ئەو جووڵانەوە کۆمەڵایەتییانەدا نیشانەی هێزی جووڵانەوەکانە. ساحیبانی دەسەڵات، شادی و هومێدی خەڵکی بێدەسەڵاتیان بۆ قەبووڵ ناکرێ، بەڵام ڕێدێکێر پێی وایە لەناو دەروونی هەر ئینسانێکدا هومێد هەیە؛ هومێد بۆ ژیان. دەسەڵات دەیهەوێ ئەو هومێدە بکوژێ و لەناوی ببا. کاتێک ئینسان هومێد بە ڕزگاری وەلا بنێ و بۆ خۆگونجاندن بەشێک لەخۆی سەرکوت بکا، ناتوانێ ببینێ کە کەسانی دیکە ڕێگای دیکە نیشان دەدەن و ئازاد دەژین. ڕێدێكێر دەڵێ «من باوەڕم بەوەیە کە ژیانی باشتر بۆ هەمووان مومکینە. ژیان تەنیا کۆکردنەوەی سامان نییە.» 27
جێنۆسایدی کوردان
جێنۆسایدی کوردان چ لە دەورانی پێش دەوڵەتانی مۆدێرن وەک کوشتاری خەڵکی قەڵای دمدم و چ لە دوای دروستبوونی بەناو دەوڵەتی مودێڕنی تورکیە، عێراق و ئێران و سووریا بەشێوەیەکی سیستەماتیک ڕووی داوە. دەوڵەتی ئێران لەدوای شکانی شۆڕشی سمایل ئاغای شکاک (١٩٢٢-١٩١٨) بەهەزاران کوردی کۆمەڵکوژ کرد. لەدوای دروستکردنی کۆماری تورکیە و هاتنەسەرکاری کەماڵ ئەتاتورک (١٩٢٣) زمانی کوردی قەدەغە کراوە و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و فەرهەنگی کوردی دراوە. دوای دروستبوونی ئەم کۆمارە، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥) بە خاک و خوێن کێشرا. لەنێوان ساڵانی (١٩٣٨-١٩٣٧) لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی سەقامگیرکردنی تەناهی/ ئەمنییەت لەنێوان ١٣٠٠٠ هەتا ٧٠٠٠٠ کورد لە کارەساتی «درسیم»دا شەهید کران.28 دوای کۆماری کوردستان (١٩٤٧-١٩٤٦) سەدان کەس شەهیدکران و دۆخی ئاوارتە بەسەر ڕۆژهەڵاتدا داسەپا. لەداوی ١٩٨٠کان و کودەتای سەربازی لە تورکیە هەزاران کورد ئیعدام و زیندانی کران. هەر دوابەدوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا کوردستان وەک وڵاتێکی داگیر کرا و کەوتە بەر تۆپباران و بۆمبارانی حکوومەتی ئیسلامی و سەدان کەس لە ڕۆژهەڵات تیرباران کران. خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٩٨٠دا فەرمانی «جیهاد»ی دژی کورد دا. سەرۆککۆماری ئێران، بەنیسەدر، دەستووری بە سپا و ئەرتەش دا کە تا لەناوبردنی هەموو «دژەشۆڕش»ەکان واتە کوردەکان، چەکمەکانیان لە پێ دەرنەهێنن. زۆربەی خەڵکی گوندەکانی قارنا و قەڵاتان و ئیندرقاش جێنۆساید کران. لەماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامی لە تاران بەردەوام لەژێر ناوی پاراستنی «ئەمنییەت» و پاراستنی سنوورەکان کوشتاری کورد کراوە. ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد لە شاخەکانی ڕۆژهەڵات دەکوژرێن.
حاکیمییەتی داگیرکەری تاران، چ لە دوای مەشرووتە و هاتنەسەرکاری ڕەزا شا و دروستکردنی ئەفسانەی «ایرانشهری» و چ لە دوای «انقلاب اسلامی» و ئیدەی «امت اسلامی» لە زستانی ١٩٧٩ بە بەرینی دەستیان لە سەرکوت، زەبروزەنگ دژی کورد، پاکتاوی ڕەگەزی و جێنۆسایدی کورددا بووە. هەروەک گوترا ئەم سەرکوت و جێنۆسایدە بەتایبەتی لەدوای ١٩٧٩ و هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ئێسلامی چەندقات بووە. دەیان حاکم شەرعی وەک «خەڵخاڵی» حوکمی ئێعدامی سەدان کورد تەنانەت منداڵی یازدە ساڵەیان داوە. کورد وەک تێرۆریست و دژی ئەمنیەت دەناسێنرێت کە سەری منداڵی شیعەکان دەبڕن. بەم شێوەیە دوای هاتنەسەرکاری خومەینی بەردەوام ڕۆژهەڵات لە دۆخی ئاوارتە دا بووە و کورد خراوتە دەرەوەی یاسا (تەنانەت یاسا وەپاشکەوتووەکانی خودی حکوومەتی ئیسلامی) و وەک ژیانێکی بیۆلۆژیک و «جەستەی ڕووت»ی بێ ماف هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە.
ڕێژیمی بەعس و سەدام لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢هەتا ١٩٨٨ لە پرۆسەیەکی دژی ئینسانی بەناوی ئەنفال زیاتر لە ١٨٢٠٠٠ کوردیان بردە باشووری عێڕاق و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیابانەکانی باشووری عێڕاقدا چاڵیان کردن. سەرئەنجام ساڵی ١٩٨٨ شاری هەڵەبجە بە بۆمبی شیمیایی بۆمباران کرا و زیاتر لە ٥٠٠٠ ئینسان شەهید کران.29 دیسان لە ئێڕاق لە پاییزی ٢٠١٤ دا داعش هێرشی کردە سەر شنگال و کوردانی ئێزدی و هەزاران ئینسان شەهید کران. دڵتەزێنتر لەوانە ٦٠٠٠ کچ و ژنی کورد دزران و کرانە کۆیلەی سێکسیی پیاوانی داعش. تەنانەت هێندێک لەو ژن و کچانە بە خەڵکی وڵاتانی عەڕەبی فڕوشراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لە تورکیە ساڵی ٢٠١٦ ئەردوغان دۆخی ئاوارتەی بەسەر باکووری کوردستاندا سەپاند و کەس نییە کارەساتی شرناخ و جزێرە و سووری ئامەدی لەبیرکردبێ. هەر ئێمە خۆمان شاهید بووین کە ئەرتەشی تورک بەشێک لە ڕۆژئاوای لە دوای ٢٠١٩ داگیر کردووە و ئێستاش ڕۆژانە لە لایەن ئەرتەشی تورکەوە بۆمباران دەکرێ. ئەم داگیرکاری و جێنۆسایدە تەنانەت دارە زەیتوونەکانی عەفرینی گرتەوە و زۆر دار بنەبڕ کران.
جیا لە لەناوبردنی فیزیکی، بەردەوام خاکی کورد تەعریب و تەفریس دەکرێ. منداڵی کورد مافی خوێندن بە زمانی دایکیی خۆی نییە. فەرهەنگ و زمان و مۆسیقای کوردی دەدزرێ و لە کورد دەستێنرێت و داگیرکەران خۆیانی لێ دەکەنە خاوەن. کوردەکان لەژێردەستی هەموو داگیرکەراندا نەتەنیا ژیانیان لێ دەستێنرێت کە بگرە لە فەرهەنگ و ناسنامە و زمان و مافە سیاسییەکانیان بێبەش دەکرێن. لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە ملیۆن کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەناچار زێد و نیشتمانی خۆیان بەجێ هێشتووە. زەبروزەنگ دژی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەتا ئێستا بەردەوام normalized/ بەئاسایی کراوە. دەوڵەتانی داگیرکەر بە زیندانیکردن و تێرۆری ڕێبەرانی کورد لەژێر ناوی پرسی ئەمنییەتی (بۆ وێنە ئۆجەلان و دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی) پرسی کورد لە پرسێکی ئینسانی و سیاسی دادەماڵن و کورد دەهاوێژرێتە دەرەوەی یاسا. کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە دۆخی ئاوارتە و لە زۆنی شەڕدا بووە. چیرۆکی کوشتار و ڕاوڕووتی کورد و دابەشکردنی کورد لە نێوان چوار دەوڵەتی بەناو «مۆدێرن»دا چیرۆکێکی پڕ لە تڕاژێدی و کارەساتە.
دوکتور کازیوە ساڵح، پسپۆڕی بواری جێنۆساید، لە سیمینارێکی تایبەت بە پرسی «کولتووری جێنۆساید و کۆلۆنیال ناسی»30 دا باسی ئەوەی کرد کە پرسی جێنۆساید، تەنیا پرسی سەرکوتی کورد بەدەست ڕێژیمی بەعس نەبوو و ئیستاش خەڵکی عەرەب هەن کە دان بەم تاوانەدا نانێن و ئەمە کولتوورێکی لە پشتە. دەوڵەت بڕیاری جێنۆساید دەدا، سەربازەکان ئەنجامی دەدەن، هێندێک چاوی لێ دەکەن. کازیوە ساڵح باسی ئەوە دەکا کە هێندێکیش وەک دەوڵەت و سەربازەکان پێیان وایە ئەم جێنۆسایدە دەبێ بکرێ.
لێرەدایە کە دەتوانین بە گوێرەی بۆچوونەکانی بیرمەند ئاگامبێن، ببینین چۆن هێندێک گرووپ زیاتر دەکەوێتە دۆخی ئاوارتەوە. کوردی کۆلۆنیالکراو وەک شتێکی دژ بە نۆرم و دەسەڵاتی هێژمۆن و هەڕەشەی ئەمنیەتی بۆ سەر وڵات دەبینرێ؛ ئەوەی دەوڵەتانی داگیرکەر لە هەر چوارپارچەی کوردستان بەردەوام وەک ئارگیۆمێنت بۆ داپۆشینی تاوانەکانی خۆیان باسی دەکەن. هیچ جێنۆسایدێک لە بۆشاییدا ڕوو نادات بەڵکوو هەوەڵ دۆخی ئاوارتە بەسەر گرووپ یا نەتەوەیەکدا دەسەپێنرێ و دەکرێتە «جەستەی ڕووت کە هیچ ماف و یاسایەک نایانپارێزێ». ئەو گرووپانە هەموو مافێکی یاسایی و سیاسییان لێ دەستێنرێتەوە و دواتر لەناودەبرێن. کاتێک دەسەڵاتی حاکم، گرووپێک دەکاتە هۆمۆساکێر، ڕێگای کوشتاری بەکۆمەڵیشیان دەکاتەوە چونکە ئیدی کوشتنی ئەوان لەباری یاسایی وەک تاوان نابینرێ. جێنۆساید نموونەیەکی ڕادیکاڵی «بیۆپۆلیتیک»ە کە ئینسان دەبێتە جەستەیەکی ڕووتی بێماف. جێنۆساید دۆخێک نییە تێپەڕ بووبێ بەڵکوو هەر ساتێک لە نوختەیەکی ئەم دنیایەدا دەتوانێ ڕوو بدات و نەتەوەیەکی داگیرکراوی دابەشکراوی وەک کورد زۆر زیاتر ئەم هەڕەشەیەی لەسەرە.
نەورۆز و هەرەوەزی31 هێز و ئیڕادە
هەزاران ساڵ و لە کۆنەوە نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەوقاز، ئەفغانستان، هەتا هێند و تا عێراق و سووریە جەژن گیراوە. بەڵام بە ڕای سارۆ ئەردەڵان(2024)، لە سەد ساڵی ڕابردودا ئیلیتی سەروەریخوازی کورد گرینگییەکی تایبەتیان بە نەورۆز داوە و نەورۆز بووەتە سیمبولێکی گرینگی خەبات لە بەرانبەر سەرکوت و ژێردەستەییی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی داگیرکەردا. 32
بەهەمان شێوە دەتوانین لە بەرخۆدانی کورد لە ڕۆژهەڵات لە دوای ١٩٧٩ و گرتنی نەورۆز لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێبگەین. کاتێک کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی خومەینی هاتە سەر دەسەڵات، کورد بە خێرایی کەوتە دۆزی ئاوارتە و دۆخی «ژیان لە درۆ»دا بەڵام کورد ملی بەم دۆخە نەدا. ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئیسلامی لەسەر بنچینەی توندوتیژیی مەزهەبی و دەسەڵاتی ناوەندی، هەوڵی دا کە لەژێر ناوی «امت اسلامی»ی یەکگرتوو دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو نەتەوەکانی غەیری فارس و تورکدا بسەپێنێت. کورد کە خاوەنی ناسنامە و کولتووری جیاوازە، کەوتە بەر هەڕەشەی ئەم ئیدئۆلۆژییە کە لەسەر بناخەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی- ئیسلامی و لەسەر ئەخلاقی «تەقیە» دامەزرا. «تەقیە» لە مەزهەبی شیعەدا دەستی تاک و حاکم ئاواڵەدەکا تا درۆ بکات بە بێ ئەوەی ئەم کارە بە گوناح دابندرێ. نەتەوەی کورد بە وەستان دژی دەسەڵاتی ئێران و ئیدئۆلۆژیی درۆ، بەرنگاری ڕێژیم و سیستەمی درۆ بووەوە و ڕێفراندۆمی «آری یا نە»ی ڕێژیمی ئیسلامی بایکۆت کرد. ئەمە تەنیا سەرەتای بەرخۆدانێکی سیاسی و پاراستنی ناسنامەی کورد نەبوو. بەڵکوو بەهەمان بۆچوونی هاڤێل «پرسێکی ئەخلاقی»یش بوو کە تاک لە مەیدانی کایەی ئیدئۆلۆژیی درۆ، خۆی دوور کردەوە. سەرەڕای داسەپاندنی دۆخی ئاوارتە بەسەر کوردستاندا، بە کۆمەڵکوژی و داگیرکاری، بە ئیعدامی گەنجان و لاوان، خەڵکی کورد چ لە ڕێگای هەڵبژاردنی شەڕی چەکداری دژی ڕێژیمی تازەی ئیرانی و چ لە ڕێگای جووڵانەوە مەدنییەکان لە ماوەی ئەم ٤٥ساڵەدا، توانیوێتی ناسنامەی خۆی لەبەرانبەر ئیدئۆلۆژیی درۆدا بپارێزی و «ژیان لە ڕاستی»دا هەڵبژێرێ.
هەرەوەزی خەڵک و کۆبوونەوەی هەزاران کورد لە دوو نەورۆزی مەشخەڵان (٢٠٢٤) و نەورۆزی خاکیپۆشان (٢٠٢٥) دیاردەیەکی سەرنجڕاکێشە، ئەویش دوابەدوای سەرکوتی شۆڕشی ژینا (۲۰۲۲) و کشانی تەم و خەمۆکی بەسەر خەڵکدا. لە ئاخر ڕۆژانی ساڵی ٢٠٢٣ و ساڵی ٢٠٢٤خەڵک وەک قەقنەسێک کە لە خۆڵەمێشی دوای شۆڕش هاتبنە دەر، مەیدانەکانی شار و دەشتی گوندەکانیان کردە شوێنی کۆبوونەوەکانی نەورۆز. پرسی ناسنامە، مافی سیاسی و فەرهەنگی بۆ کورد پرسێکی جیدی و بناخەیییە. ڕەهێلەی پەیوەندییەکان، بوونی ماسمێدیا، سەدساڵ بەرخۆدانی کۆی کورد لە هەر چوارپارچە، کاریگەریی حیزبەکان، هەزاران هەزار شەهید، یادەوەریی هاوبەش، بێمافی، سووربوون لەسەر گەیشتن بە مافی سیاسی، ئیرادە، وەفاداری بە ئەوانەی بۆ پرسی کورد شەهید کراون، بنکە و تۆڕەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، زیاتر باس کردنی پرسی کورد لە دامودەزگا نێونەتەوەیییەکان و هتد هەمووی ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی سەرەڕای گوشار و هەڕەشە، خەڵک توانیوێتی وەک بکەری ئاگا لە دۆخی ئاوارتەدا،33 وەک ئینسانێک کە هێشتا ئینسان بوون و ئاگاییی خۆی پاراستووە و وەک نەتەوەیەک کە سنوورە سیاسی و فەرهەنگییەکانی خۆی دیاری دەکا34 بێتە سەر شەقام و ناو مەیدان. کولتوور و ناسنامە، پەیوەندییەکی لێکدانەبڕاویان هەیە و زۆر جار دەبنە هۆی هەرەوەز و ئەکتی سیاسیی دژەکۆلۆنیالیستیی بە کۆمەڵ وەک لە ئەم دوو نەورۆزەدا بینیمان. کورد سەرەڕای دابڕان و ئەزموونی شکست و تەمکێشان بەسەر کۆمەڵگادا، هەمیسان بەردەوامە لە خەبات بۆ گەیشتن بە سەروەری و پاراستنی خاک و وەدەستهێنانی مافە سیاسی و ئینسانییەکانی خۆی.
تایبەتیتر لە نەورۆزی ٢٠٢٥ دا دیتمان کە لە تەواوی گوند و شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ماوی مانگێک زیاتر جێژن گیرا. لە شارەکانی بۆکان، سەقز و ورمێ زیاتر لە سەدهەزار کەس کۆبوونەوە. نەورۆزی ئیلام لە باشووری ڕۆژهەڵات و پۆلدەشت لە باکووری ڕۆژهەڵات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە ڕێژیم بەردەوام ویستوویەتی لە فەزا و ڕۆحی کوردایەتی دووریان کاتەوە، خەتی سوورێک بوو کە نیشانی دا لە هەر کوێ زیاتر هەوڵی ئاسیمیلاسیۆن بدرێ، خەڵک زیاتر پێ لەسەر کوردبوونی خۆیان دادەگرن. (لە باکووری کوردستان دوای چەندین ساڵ هەمیسان لە دیاربەکر زیاتر لە یەک میلیۆن ئینسان لە ڕۆژی نەورۆزدا کۆبوونەوە.) لە هەڵپەڕکێ و سرووری نەورۆزدا، یەکسانی و هاوشانیی ژنان و پیاوان لە خەباتی دژەکۆلۆنیالیستی و هاوکات بەرخۆدانی ژنان بۆ مافەکانی ژنان لە کۆمەڵگایەکدا کە پێکهاتەی باوکسالاری، پیاوسالاری و نێرسالاری و دین سالار زیاتر لە چل ساڵە هیچ مەیدانێک بە ژنان نادا، زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە. نەورۆز دەبێتە سیمبۆل بۆ بەرخۆدان دژی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و تۆتالیتەر و نیشاندانی هێز و ورە و ئیرادەی نەتەوەیی و خەباتێکی سیاسی و فەرهەنگیی دژەکۆلۆنیالیستی بۆ ڕزگاری و وەدەستهێنانەوەی ئازادی و سەروەرییەک کە مافی ڕەوای ئەوە سەرەڕای ئەو ژیانە سیاسییە ڕووتەی دەیهەوێ ئەو بکاتە هۆمۆساکێرێک.
ئەمڕۆکە نەورۆز زیاتر پەیامی خەبات و ڕزگاری لەبەرانبەر جێنۆساید و تاوانباریی دەسەڵاتی دەوڵەتانی داگیرکەردا هەڵگرتووە. ئیتر نەورۆزی کوردان تەنیا جێژنێکی تازەبوونەوەی ساڵ و زاوزێی سروشت نییە، بەڵکوو بەرخۆدان و ئیرادەیەکی بەکۆی نەتەوەیییە دژ بە دەسەڵاتە داگیرکەرەکان. کورد لە نەورۆزدا بەکۆ دژ بە دەوڵەتانی داگیرکەر ڕادەوەستن.
ئەم خەون و ساتە تەنانەت لە دوورترین گۆشەی خاکی کوردان خۆ دەنوێنێ. بۆ وێنە کاتێک نەورۆز لە ئیلام جێژن دەگیرێ و ژنان چالاکانە تێیدا بەشداردەبن، لەوێ ژنان لە هەموو دین و تەریقەت و مەزهەبەکان (ئیسلام، یارسان، سوننی، شیعە و تاد)، گەنج و پیر، شاری و گوندی، پێداگری لەسەر جلوبەرگ و ناسنامەی کوردی دەکەنەوە. نەورۆز وەک جێژنێکی کۆنی کوردی دژی ستەمکاری، کوردستانی بوونی ئەم خاکە، بەرهەڵستکاری دژی دەسەڵاتی ناوەند دەکرێ و هەموو ئەم فاکتەرانە تێک دەهالێن و «یەکەیەکی دژە کۆلۆنیالیستیی- فێمێنیستی» دروست دەبێ کە لەوێ ئەگەر بۆ چەند ساتێکیش بووبێ، جەستەی ژن شاد، ئازاد و ڕەها دەبێ و بە قەولی باتلێر «تاک دەبێتە ئەوەی کە دەیکا و شوناسێکی تازە دەخوڵقێنێ کە هەم فێمینیستییە و هەم دژەکۆلۆنیالیستی. ژنی بێدەنگی ژێردەستی سیستەمی دین سالار، پیاوسالار و کۆلۆنیالکراو، دەبێتە بکەرێکی نەترسی قسەکەر و ئاگا و دژی کۆلۆنیالیزم، دژی پیاوسالاری و دژی دینسالاری.»
پێرفۆرمانسی جەستە
لە نەورۆزی ٢٠٢٥ ژن دەبێتە سیمبولی هەم ئازادیی جەستەی خۆی و هەم بەرخۆدانی کوردان. جەستەیەک کە بەبێ ترس لەناو مەیداندایە و تەنانەت نەریتەکانی شایی و هەڵپەڕین دەشکێنێ. جنس و جەستە پێرفۆرمانسێک لەخۆی نیشان دەدا کە پێشتر نەدیتراوە. جلوبەرگ، جووڵە، دەربڕین و نمایشێک کە جەستە لە خۆی نیشان دەدا، نۆرمەکانی جنسییەت تێدەپەڕێنێ و لەسەر شانۆ وەک بکەرێکی بەهێز و بەئیڕادە و دژی یاساکانی دەسەڵات شوناسێکی تازە دروست دەکا. شوناسێک غەیری ئەوی تر کە دەسەڵات شۆک دەکا.
جودیت باتلێر پێی وایە جەستە ئەو شتە نییە کە هەیە بەڵکوو ئەو شتەیە کە لە ڕێگای کردەوە، جووڵە و نمایشی جەستەیی و لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا نیشانی دەدەین.35 (لێرەدا ڕستە بەناوبانگەکەی سیمۆن دێ بوارم دێتەوە یاد کە دەڵێ ئینسان ژن لە دایک نابێ، بەڵکوو دەبێتە ژن، واتە لە پرۆسەی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی ژنانە دەدرێتە ژن.) مەبەستی باتلێر ئەوەیە کە جەستە ئەو شوێنەیە کە نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی، پێکهاتەی دەسەڵات و «مقاومەت» / بەرهەڵستکاری تێیدا خۆ نیشان دەدەن. (و لێڕەش ڕستە بەناوبانگەکەی فۆکۆمان دێتەوە یاد کە دەڵێ جەستە نوختەی داسەپاندنی دەسەڵاتە.)
کاتێک لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاری مەزهەبی و پێکهاتەی پیاوسالاری لە ئێراندا، جەستەی ژن تابۆیە و دەبێ دەرنەکەوێ و دەسەڵات بڕیاری بەسەردا دەدا، کەچی ژنانی کورد «پێکەوە و تیکڕا» لەگەڵ نیوەی تری کۆمەڵ واتە پیاوان لە ڕۆژانی نەورۆزدا دەچنە ناو کارنەڤاڵێک، ئازاد و بێترس هەڵدەپەرن، سەما دەکەن، سەرچۆپی دەگرن، جووڵەی جەستە ئازاد دەکرێ و هیچ نۆرم و یاسایەکی دەسەڵات و سیستەم ڕەچاو ناکەن، ڕاست دەبنە ئەو شتەی کە بە قەولی باتلێر ئەنجامی دەدەن نەک ئەو شتەی کە هەن و بە قەولی باختین لەو کارنەڤاڵەدا جەستە یاساکان دەشکێنێ. ژنان بە جووڵە و پێرفۆرمانسی خۆیان دەبنە ئەکتێکی سیاسی و هاوکات سەروەر لەسەر جەستەی خۆیان. نەورۆز نەتەنیا دەبێتە کارنەڤاڵێکی دژەکۆلۆنیالیستی (ئەردەڵان)، بەڵکوو نەتەوە دەبێتە جەستەیەکی ئۆرگانیک و جەستەیەکی ژنانە. ڕاست لەو ئانوساتەدا ئەم جەستە ژنانەیە (هەم پیاو و هەم ژن) کەواوپاتۆڵ لەبەر و جامانە و هەوری لەسەر ئازاد هەڵدەپەڕن و دەبنە ئەو شتەی کە دەیکەن و ئەو شتەی کە بۆی هاتوونەتە مەیدان. کاتێک کوردەکان لە کاتی نەورۆزدا بە پێی نەریت و یاسای ئیسلامی ناجووڵێنەوە و هیرارکی و ڕۆڵەکانی جنسییەتی تێک دەدەن و لەمانە گرینگتر وەک بکەرێکی چالاک لە مەیداندا خۆ دەنوێنن، دەبنە «جەستەیەکی ئازاد و ڕزگارکراو لە چرکەسات»دا. ئەم ئەکتە هەموو چین و توێژێک تەنانەت تەعەلوقی ئایینیش تێدەپەڕێنێت. جەستەی ژنانە دەبێتە هەڵگری چەندین توێژ و نوختەی تێکهاڵانی ئیتنیسیتە، چین، دین، جنس. ئێمە ئیدی ناتوانین ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە نەورۆزی ٢٠٢٥ دا تەنیا بە یەک ڕوانگە و بۆچوونی ژنایەتی یا کوردایەتی هەڵسەنگێنین. نەورۆز دەبێتە ئانوساتی پێک گەیشتن و یەکتربڕین و تیکەڵاویی فاکتەرەکانی جنس، ئیتنیستیتە، چین، ئایین و دۆخی پۆستکۆلۆنیالیستی.36 بەمجۆرە ئەکتی ژنان لە کارنەڤاڵی سیاسیی نەورۆزدا دەبێتە ئەکتێکی دژەکۆلۆنیالیستیی ژنانە و هاوکات کۆی نەتەوە دەبێتە جەستەیەک کە شۆڕشێک بۆ ژیان بەرپا دەکا بە دژی دۆخی درۆ و «تەقیە» کە تایبەتمەندیی دەسەڵاتی تارانە. لێرەدایە کە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکەی سپیواک: ئایا ژێردەست دەتوانێ بدوێ؟37 وڵامەکە بە ڕای من بە ڕادەیەکی ڕێژەیی ئەمەیە: بەڵێ، ژنی کورد چ وەک ئەندامی نەتەوەی داگیرکراو و چ وەک نیوەی کۆمەڵ کە ژێردەستی یاساکانی دین و پیاوسالارییە، لە نەورۆزدا دەدوێ و دەبێتە سوبژە و بکەرێکی بەقسەهاتوو لە ڕێگای جەستەی خۆیەوە. ئەم جەستەیە نە تەنیا سەما دەکا بەڵکوو دەبێتە ئەو شتەی کە دەیکا، جووڵەیەکی ئازاد و نۆڕم شکێن. ژنان لە ئەکتێکی بەکۆمەڵی کوردانەدا وێڕای پیاوەکان، ڕاست لەم چرکەساتانەدا بەسەر ترس، ژێردەستی و خەمۆکیی سەدساڵەدا زاڵ دەبن و دەبنە ئەوەی کە سەد ساڵە بۆیان بووەتە خەونێکی شاعیرانە. نەتەوە بە بێ خەون بوونی نییە و کورد خەونی ڕزگاریی هەمیشە لە جەستە و ڕۆحی خۆیدا هەڵگرتووە. لە نەورۆزدا هەموو دەبنە شاعیری خەونێکی مەزن، جەستەیەکی یەکگرتوو و دژەداگیرکەر. لە نەورۆزدا ئەوە جوانیی جەستە نییە کە گرینگە بەڵکوو جەستەی ژن دەبێتە نوختەی تێکهاڵانی خەون، ڕزگاری و ئازادی. ئەگەر جاران بە پێی فۆکۆ جەستە «خاڵی داسەپاندنی دەسەڵات بوو» ئەوە لە نەورۆزدا جەستە دەبێتە ناوندی داسەپاندنی دەسەڵاتی خەونەکان، دەسەڵاتی جەستە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری و بە قەولی باتلێر ئەو شتەی کە دەیکا.38 دەسەڵاتی جەستە لە بەرانبەر دەسەڵاتی حاکمدا ڕادەوەستێ. دەسەڵاتێکی نوێ سنوورەکانی داگیرکاری و پیاوسالاری تێپەردەکا و جەستەیەکی سیاسیی نوێ بۆ هەر دوو مافی جنسییەتی و نەتەوەیی لە دایک دەبێ. جەستەیەک کە لەم جێژن و ساتانەدا، لە ڕێگای ئەکت و بەرخۆدانی خۆی بەسەربەخۆییی خۆی دەگا و لە بەرانبەر دەسەڵاتی کۆلۆنیالی و دەسەڵاتی دینی و پیاوسالاردا باڵای دەردەکەوێ. جەستەی ژن کە سەدان ساڵە، هەر لە «دمدم»ەوە تا ئێستا فڕێ دراوە، دێتە ناو چەقی مەیدان و دەبێتە خاڵی ڕزگاری و داڕشتنی ناسنامەیەکی تازە، هەم بۆ خۆی و هەم بۆ نەتەوە. کارنەڤاڵی نەورۆز دەبێتە ئەکتی دژەکۆلۆنیالیستی، وەدیهاتنی خەونی ڕزگاریی نەتەوە و ئازادیی جەستەی ژن لەو چرکەساتانەدا.
Where life is precious, life is precious.
Ruth W. Gilmore
سەرچاوەکان:
- تیشک، ژمارە ٦٩، بەهاری ٢٠٢٤
- هەمان سەرچاوە
- Homo Sacer, Suverän makt och naketliv, 1995.
- Vaclav Havel, The power of powerless (1985)
- Eva Von Redecker. Revolution for live: Reflections on the New Protest Movements. Verso Books2023.
- Revolution for live (2023)
- Intersection
- تیشک ژمارە ٥٧، ساڵی ٢٠٢٠
- تیشک، ژمارە ٦٢، ساڵی ٢٠٢١
- Homo Sacer, Suverän makt och naket liv, 1995.
- bio-power میشل فوکو، ارادە بە دانستن. نشر نی ١٣٨٦. ل ١٦١
- میشل فوکو، ارادە بە دانستن
13.بێهرووز بووچانی لە ڕۆمانەکەی خۆیدا، هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان (٢٠١٨) کە لە دورگەی مانوس لە مۆبایلێکدا بە چەند نامەیەکی جیا جیا لە ڕێگای واتسئاپەوە بۆ دەرەوەی مانووسی دەنارد باسی ئەم دۆخە بێمافییە دەکا. ئەم کتێبە لەلایەن د. ئەحمەدزادەوە ٢٠١٩ کرا بە کوردی.
- reduce
- Krigslagar och politisk kris i Sydkorea – detta har hänt | SVT Nyheter
- https://t.me/kurdch1/83118
- Jordbävning i Myanmar – allt du behöver veta om katastrofen | RESCUE
- Agamben Giorgio. Undantagstillståndet. Förlag, (2004).
- برکی ڕزگاری، ل. ١١٨ تا ١٢١
20.ڤاسلاڤ هاڤێل. هێزی بێدەسەڵاتان. وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە ئاسۆ ئیسلامپەنا. ناوەندی ئاوێر. هەولێر (٢٠٢٤)
- ل. ٢٤
- ل. ٢١ تا ٤٣
- هێزی بێدەسەڵاتان. ل ٢٢ -٢١
- قدرت بیقدرتان اثر واتسلاف هاول | معرفی و بررسی کتاب | کافهبوک
- Eva Von Redecker. Revolution for live: Reflections on the New Protest Movements. Verso Books 2023.
- At every point where such life saving begins, it is possible to imagine living together on a different footing. On June 7, 2020, nine of the eleven councillors of Minneapolis – the city where George Floyd was murdered – announced that their police force had proved to be unreformable and that they would therefore work to abolish it and create a new culture of safety. This historic moment unfolded at a public gathering in Powderhorn Park, organised by a range of activists and members of the Black community. Alongside political speeches and discussions, there was also a collective breathing exercise. “Breathe in our possibilities,” the moderator said to the people scattered across the sunny park. “Breathe out the false barriers which we are trying to destroy. Breathe in our possibilities of creating safety in our communities. Breathe out your doubts, because we are here for each other.” Of course, the participants were wearing masks. As Ruth W. Gilmore said in an interview, “Where life is precious, life is precious” – an incisive summary of the abolitionist vision. Starting at the nexus of systemic violence has a long tradition in Black Feminism. The lesbian feminist Combahee River Collective wrote in 1977: “If Black women were free, it would mean that 28 everyone else would have to be free since our freedom would necessitate the destruction of all the systems of oppression.” Revolution for life, A Philosophy of the New Forms of Protest. p 28-29. Eva von Redecker. Translated by Lucy Duggan. First extract: Introduction and first chapter (pp. 9–41). 2023.
- https://t.me/iv?url=https://www.radiozamaneh.com/852154/&rhash=0ceb6994783a68
سەرچاوەی ڕادیو زمانە بۆ نووسینی ئەم ڕاپۆرتە ئەم ماڵپەڕەیە
‘Het betere leven is voor iedereen mogelijk’ – De Groene Amsterdammer
- شەڕەفکەندی، سادق، بزووتنەوە نەتەوایەتییەکانی کورد. پادکەست ڕێگا. ئاپریل ٢٠٢٥
- جینۆسایدی کیمیا بارانی هەڵەبجە- 1988
- یەکشەمبە ٣٠ی مانگی مارس لە پلاتفۆرمی ناوەندی تیشک
Genocide and colonisation culture کولتووری جینۆساید و کۆڵۆنیاڵ ناسین
- mobilization
- ئەردەڵان. تیشک، ژ. ٦٩، ساڵی ٢٠٢٤
- دەباغی، بکەری ئاگا لە دۆخی ئاوارتەدا. تیشک ٢٠٢١
- https://youtu.be/SJF8_ydA_O0?si=2lPsFznM7jJYyFW6
لەم کلیپەدا کوردەکانی پۆلدەشت دەبینین کە سەرەڕای ئەوەکە حکومەت بەردەوام دەیهەوێ لە کوردبوون دووریان خاتەوە بەڵام ئەوان سنووری خۆیان دیاری دەکەن.
- Butler, Gender Trouble: Feminism och identitetens subversion. Tankekraft Förlag, 2007.
- Intersection
- Spivak, Can the subaltern speak? 1988.
- https://t.me/kurdch1/82141
لەم کلیپەدا بەڕوونی دروستیی ئەو تیۆرییەی باتلێر دەبینین کە چۆن جەستە دەبێتە ئەو شتەی کە دەیکا.
وتارەکانی تر
Nothing Found

