ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر

وتار

ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر*

بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: 15.10.2025

سولەیمانی، کەماڵ (٢٠٢٥): ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: كاردۆ نیشتیمان. وتاری بەردەست. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

 

پوختە

ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر پرسی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامیی ئەو ڕەوتە لە چوارچێوەی چالاکیی ژینگەپارێزیی کوردیدا. بە وردبوونەوە و تەرکیز لەسەر شەریف باجوەر، کەسایەتیی بەناوبانگی ئێکۆناسیۆنالیست (ناسیۆنالیزمی ژینگەپارێزی) لە ناوچەکەدا، وتارەکە دەچێتە سەر شیکردنەوەی دەربڕینە ئەدەبی و گێڕانەوەکان، لە ڕێوڕەسم و ئایینەکانی ڕێزلێنانی پاش کۆچی دوایی تراژیکی ناوبراو لە ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکاندا کە لە 25 ئابی 2018ەدا هاتە ئاراوە. ئەم توێژینەوەیە بە لێکۆڵینەوەی وتاربێژییەکان، دروشمەکان و وتووێژەکان، ڕوونی دەکاتەوە کە چلۆن بەرخۆدانە ژینگەیی و ناسیۆنالیستییەکان لە وڵاتە سەرکوتکراوەکانی وەک کوردستان پێکەوە گرێ دراون و پەیوەندییەکی چڕوپڕیان پێکەوە هەیە. لەم ڕێگەیەدا، پەیوەندیی قووڵی نێوان هۆشیاری ژینگەیی و بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کوردی زەق دەبنەوە و یارمەتیدەری ئەدەبیاتی ڕوو لە گەشە و هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی ژینگەیی و توێژینەوە ناسیۆنالیستییەکان دەبن. ئەم وتارە هەروەها تێگەیشتن و کاردانەوەکانی کوردی ڕۆژهەڵات تاوتوێ دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە ئەزموونەکانی ژیان و شرۆڤە دەگمەنەکانی خەڵک لە “ژینگەناسیی کوردی” چۆن لە ئاسۆی سیاسیی ڕۆژانەدا دەرکەوتنی دەبێت. بە کەڵک‌وەرگرتنی نەرم و لەسەر تەوەری کات، توێژینەوەکە دەپەرژێتە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی بیر و بڕواکان و داهێنانەکانی باجوەر و کۆمەڵێک ڕوانگەی هەڵسەنگێنەری نوێ لەسەر ڕۆڵ و دەوری کاریگەری ناوبراو بۆ گەشەی ناسیۆنالیزمی ژینگەییی کوردی دەخاتە ڕوو.

  • شێوازی بڵاوکردنەوە: PDF

  •  کۆپی ڕایت: CC-BY-NC 4.0

  • ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە: 16.10.2025

  • نووسەر: کەماڵ سولەیمانی

  • وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: كاردۆ نیشتیمان

  • ڕێکخراو: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

وشە سەرەکییەکان: ناسیۆنالیزمی ژینگەیی، شەریف باجوەر، کوردستان، ناسیۆنالیزم، ئێران

پێشەکی**

کۆتاییی نەوەدەکان (کۆچیی هەتاوی مەبەستە)، ململانێکانی سەر دەسەڵات لە پێکهاتە حکوومەتییەکاندا بە شێوەیەکی کاتی ئاقارێکی بۆ بزووتنەوە ناسێنە-تەوەرەکان لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کۆلۆنیالیزەکراودا کردەوە. سەردەمی “ڕیفۆرمەکان” کۆمەڵێک هەل و دەرفەتی سنوورداری بۆ چالاکی لە کوردستاندا ڕەخساند (فەدایی، 2011)، و هەندێ  تاقمی کوردی تەنانەت هیوایەکی کورتخایەنیان لەسەر ئیمکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی سیستەمی دادی مەلاکاندا هەبوو. کرانەوەی ئەم ئاقارە، ئاسۆ و گۆڕەپانی نوێی بۆ سیاسەتی کوردی کردەوە، بەجۆرێک کە بەرخۆدانە ژینگەییەکان بوونە یەک لەو بوارە دەگمەنانەی کە بەشداریی سیاسیی کورد تیایدا بەردەوام ماوەتەوە. ئەمەش کاردانەوەی ڕەوتێکی جیهانییە کە تیایدا نەتەوە پەراوێزخراوەکان، کە بەهۆی جیاوازییەکانیان لە ستاندارد و مافە یاساییە بنەڕەتییەکانیان بێبەشن و وەک ڕێگەیەک بۆ مانەوە و بەردەوامبوون، چالاکیی ژینگەپارێزانە دەخەنە ڕیزی کار و چالاکییەکانیان (داوسۆن، 1996). هەربۆیە ئەگەرچی ئەم وتارە جەوهەر و ئامانجی بەراوردکاریی نییە، بەڵام لایەنێک زیاد دەکاتە سەر ئەدەبیاتی ئێستا لەسەر کاریگەریی قەیرانەکانی ژینگە لەسەر نەتەوەکان و ئەو کۆمەڵگەگەلەی ژێردەستن و ستەمیان لێ دەکرێ و هەروەها جۆری ئەو سیاسەتانەی لەو قەیرانانەوە دەکەونەوە.

پاش هەڵوەشانەوە و ڕووخانی تەواوی “حکوومەتی ڕیفۆرمخوازان”، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی 2009ی زایینیدا بۆ جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵی بێ‌ڕکابەر و سەداسەتی هەلومەرجەکەیان کەوتەوە دەست. لە سەردەمی سەرۆک ‌کۆماریی ئەحمەدی نەژاددا کە بە شێوەیەکی ئێجگار توندوتۆڵ پاڵپشتیی سوپای پاسدارانی دەکرد، سەرکوتکردنی چالاکییەکانی بواری ژینگە وەک یەکەمایەتیی سەرەکی کەوتە ڕیزی بەرنامەکانییەوە. حوکمی لەسێدارەدان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە (IRC) –کە دواتر دابەزی بۆ بەندکرانی هەتایی- بۆ ڕۆژنامەوانانی کورد وەک “هیوا بووتیمار” کە لەگەڵ ڕێکخراوەی ناحکومیی ژینگەپارێزیی “چیا” هاوکاریی دەکرد و لەبەر ڕاپۆرتەکانی لەسەر بابەتەکانی ژینگەناسی ناسرا بوو، بۆ خۆی پێشاندەری هەڵویستی حکوومەتی پاش ڕیفۆرمخوازەکان لەسەر ژینگەی کوردستان بوو.[1] کۆماری ئیسلامیی ئێران (IRI) دەفرایەتیی کۆکردنەوەی هێز و چالاکییە ژینگەییەکانی لە ناوچەکەدا و شوێنهات و دەرەنجامە سیاسییە بەربڵاوەکانی سیاسەتە ژینگەییەکانی خۆی بە فەرمی ناساند.

بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە بۆ سەرکوتکردن، چالاکییەکانی بواری ژینگە و هۆگرایەتیی ژینگە زیاتر بەرەو هەڵکشان چوو و گۆڕدرا بۆ دەور و ڕۆڵێکی زیاتر لە ڕابردوو لە ڕەوتی دووبارە پێکهێنانەوەی بەرخۆدانی کوردستان.  بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوڕدانەوەی جیهانی سەبارەت بە پرسە ژینگەییەکان هێندێک گوشاری خستووەتە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بتوانێت تەنانەت لە دۆخی ئەمنیەتکراویی کوردستانشیدا هەر چالاکی ژینگەیی، بە تەواوی بە تاوان بناسێنێت. هەروەک لەدرێژەدا تاوتوێ دەکرێت، ئەم بەردەوامبوونانە بۆ تێگەیشتن لە سەرهەڵدانی “ناسیۆنالیزمی ژینگەیی کوردی” و بنەما سەرەکییەکانی پێویست و یەکلاکەرەوەن.

تەرکیزی ئەم توێژینەوەیە لەسەر شەریف باجوەرە؛ کەسایەتییەکی پێشەنگ لە ژینگەپارێزیی کوردیدا و بنیاتنەری ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی زێدەکەی واتە مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کۆچی دوایی ناوبراو لە هاوینی ساڵی 2018ی زایینی لەگەڵ ئومێد کۆنەپۆشی و دوو چالاکی ژینگەی دیکە –کە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگر بوون- لەلایەن زۆرێک لە کورد بە گومانێکی قووڵەوە سەیر دەکرێ و کۆمەڵێک دەڵێن ئوپەراسیۆنی نهێنیی کۆماری ئیسلامی بووە.[2] ژیانی باجوەر، لەگەڵ بازنەیەکی بەربڵاوی ئەدەبیات و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان کە پاش کۆچی دواییی ناوبراو هاتنە ئاراوە، بنەمای ئەزموونیی ئەم توێژینەوەیە پێک دێنن. ئەم سەرچاوەگەلە پێشان دەدەن کە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە لەم بەستێنەدا چۆن بەشێوەیەکی قووڵ لەگەڵ بەرخۆدانی ژینگەپارێزانە گرێ دراوە و لەڕێگەی کۆکردنەوەی بەردەوامی خەڵکەوە دێتە دی. جێگەوپێگەی سەمبولێکی باجوەر وەک “شەهیدێکی” ژینگە، دەورێکی سەرەکی لەم بەردەوامبوونەدا دەگێڕێ و ڕۆچنەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ تاوتوێکردن و کۆڵینەوەی ئەم بابەتە دەکاتەوە کە چالاکبوون چۆن لەم بەستێنانەدا کە دەوڵەت و حکوومەتیان نییە، ناسێنەی نەتەوەیی پێک دێنێ؟ ڕێبازی سیاسیی ناوبراو لێک‌نزیکبوونەوە و یەکگرتنی ژینگە و ناسیۆنالیزمی کوردی ئاشکرا دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە “ناسیۆنالیزمی ژینگەییی کورد” تەنیا لەسەر پاراستنی ژینگە نییە، بەڵکوو گرێ دراوە بە بەرخۆدانێکی بەربڵاوتر بۆ دیاریکردنی چارەنووس و بەرخۆدان بەرانبەر بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستییانە.

1. وێنە: شەریف باجوەر لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا (ئەنجومەنی سەوزی چیا)
2. پۆستەر: لەسەر ڕێبازی تۆ دەچین، پتەوتر و بەهێزتر لە ڕابردوو (ئەنجومەنی سەوزی چیا)

چەمکی “ئێکۆناسیۆنالیزم”، وەک لە توێژینەوەی داوسۆندا (1996) شرۆڤە کراوە، چالاکیی ژینگەیی لەگەڵ پاراستن و بەهێزکردنی ناسێنەی نەتەوەیی گرێ دەدات؛ ئەمەش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانەوە و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە کە کاریگەری دەخەنە سەر دیمەنە سروشتییەکانیان. ئەم چەمکە لەسەر ئەو گریمانەیە دانراوە کە کەڵکەڵە و کێشە ژینگەییەکان پەیوەندیی چڕوپڕیان لەگەڵ دەسەڵاتی نەتەوەیی، کەلەپووری کولتووری و ئاسایشی کۆمەڵگە هەیە و ڕوونی دەکاتەوە کە پاراستنی ژینگە بۆ بەردەوامبوون و مانەوەی ناسێنەی نەتەوەیی پێویست و یەکلاکەرەوەیە (داوسۆن، 1996).

لە حاڵێکدا کە ئێکۆناسیۆنالیزم تایبەتمەندیی هاوبەشی لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی ناسیۆنالیزم هەیە، بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە کە بەهۆی بەستێنە ناوچەییەکانەوە هاتوونەتە ئاراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە پێشاندانی ئەوەیە کە چلۆن لە بەستێنی کوردی ڕۆژهەڵاتدا، ئێکۆناسیۆنالیزم لەگەڵ پاراستنی ژینگە و ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی بێ‌دەوڵەت لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا هەماهەنگیی هەیە و یەک دەگرنەوە.

وەک ئاماژەی پێ کرا، بۆ توێژینەوەی ئێکۆناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ گێڕانەوەکانی خەڵک و ڕاستییەکانی ژیانی چالاکانی ژینگەی کورد دەکەوێتە مشتومڕ و پاش تەرکیزکردن لەسەر شەریف باجوەر، بەرەنگاری ئەو گێڕانەوەگەلە دەبێتەوە کە تەرکیزیان لەسەر دەوڵەتە و هەوڵ بۆ هاوشێوەکردن لە ئەدەبیاتی ئێستای ئەو بابەتە زاڵە دەکەن. پاش هێنانی دەستەواژە خۆماڵییەکان، هێما و نەریتە کولتوورییەکان، ئەم توێژینەوەیە ئەو چوارچێوە مەعریفەناسانەگەلە کە زیاتر بەرخۆدانی ژینگەیی و ناسیۆنالیستیی کوردی پەراوێز دەخەن یان بە ناسیاسییان دەناسێنن، بەشێوەی ڕەخنەگرانە تاوتوێ دەکات. لەگەڵ ئەمەش، پەیوەندی و کارلێکی بەردەوامی نێوان پاراستنی ژینگە و ناسێنەی نەتەوەیی زەق دەکاتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە چلۆن نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی کورد، لە کەڵکەڵە و گرفتە ژینگەییەکان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی بەرخۆدانی بەربڵاوتر، کەڵک وەردەگرێ.

ئەدەبیاتی بەردەست سەربارەت بە نادادپەروەریی ژینگەیی، ئامرازێکی گرنگی بۆ شیکردنەوەی چلۆنایەتیی خەسارە پێکهاتەییەکان لەسەر کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، بەتایبەت کۆمەڵگە کەم‌داهاتەکان و “کۆمەڵگە ڕەنگین‌پێستەکان” لە ڕۆژئاوا، ساز کردووە. توێژینەوەکان دەریان خستووە کە دانانی نایەکسانیی دەزگا و دامەزراوە پیشەسازییەکان و شوێنی دانانی زبڵە مەترسیدارەکان، ئەم کۆمەڵگەگەلە زیاتر تووشی مەترسیی ژینگەیی دەکاتەوە (کۆل؛ بوولارد، 2005؛ فاستەر، 2001؛ پولیدۆ، 2000 و بولکێلی، 2006). ئەم توێژینەوەگەلە هەروەها پەرژاونەتە سەر ئەو بەربەستە سیستەماتیکانەی بەردەستبوونی سەرچاوە پێویستەکان بۆ تەندروستی و ئاسایش سنووردار دەکەنەوە و هەربۆیە کەلێن و جیاوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر و بەربڵاوتر دەکەنەوە (پولیدۆ، 2016). سەرەڕای ئەمەش، بابەتەکانی سەر دادپەروەیی ژینگەیی بەرەو باشووری جیهانیش (گڵۆباڵ ساوث) پەلیان کێشاوە و پێشان دەدەن کە چلۆن ڕوانگە ناوچەییەکان لە چوارچێوەی دیسکۆرسی بەربڵاوتری دادپەروەریی ژینگەییدا پێک دێن (شلۆسبێرگ، 2007).

لەحاڵێکدا کە ئەم توێژینەوەیە دەپەرژێتە سەر تاوتوێکردنی ڕەگەزپەرەستی لە سیاسەتە دەوڵەتییەکانی ژینگە و کاریگەرییە نالەبارەکانیان لەسەر کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان لە ئاستی جیهانیدا، بەشێکی زۆری توێژینەوە بەردەستەکان لەسەر دادپەروەریی ژینگەیی گێڕانەوەکانی خۆیان بەشێوەی گشتی دەردەبڕن و بەرخۆدانە ناوچەییەکان و پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوە نەتەوەیی و ناسێنە-تەوەرەکان پشتگوێ دەخەن. لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توێژینەوەکانی دادپەروەریی ژینگەیی زیاتر ئاوڕ لەسەر تایبەتمەندییە تایبەتەکانی هۆشیاریی ژینگەیی کورد نادەنەوە و بزووتنەوە بەکۆمەڵەکانی کورد لە چوارچێوەی بەربڵاوتری “چالاکیی ژینگەیی ئێرانی” دێننە هەژمار. بەرهەمەکانی ئەم دواییانە وەک بەرهەمەکانی خەنیکی، خەنیکی و ئەلغەفری (2022، 2024) و خەنیکی و هاوکارانی (2023)، نموونەیەک لە کەلێنە مەعریفەناسانە و شێوازناسانە گرنگەکان دەخەنە ڕوو.

ئەم توێژینەوەگەلە ئاوڕ لە بابەتی ئینتەرسێکشیۆناڵیتی [پێکەوەگرێدراوی ناسێنەکان] نادەنەوە، لەگەڵ گێڕانەوەکانی دەوڵەت-نەتەوە بەرەنگاربوونەوەی ڕەخنەگرانە ناکەن و بەشێوەی ناڕەخنەگرانە ئەو مێژوونووسییانە بەرهەم دێننەوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتییان لێ دەکرێ. سەرەڕای بەردەستبوونی توێژینەوەی ڕەخنەگرانەی وەک (ئەسغەرزادە، 2007؛ مەحەمەدپوور و سولەیمانی، 2024؛ سولەیمانی، 2016، 2024؛ سولەیمانی و مەحەمەدپوور، 2019؛ سولەیمانی و عوسمانزادە، 2022؛ وەزیری، 1993). ئەم توێژینەوەگەلانەی [کە پێشتر ئاماژەیان پێ کرا] هێشتا چەمکی “ناسێنەی تاقانەی ئێرانی” بە شێوازی ئێرانشاری و فارسیگەرایانە دەهێڵنەوە. بۆ نموونە خەنیکی و ئەلغەفری (2022، 2024:1) دەڵێن: “لە کۆمەڵگەی ئێرانی سەردەمی جووتیاریدا و لەو شوێنەدا کە کشتوکاڵی ئاوی بەردەوام سەرچاوەی سەرەکیی داهات بووە، ئاو فاکتەرێکی هەستیاری وەبەرهێنانە کە بەردەوام بە دەوری تەوەری بابەتی دادپەروەریدا دەسووڕێتەوە.”[3] ئەم چوارچێوەیە، پێکهاتەی مۆدێڕنی ئێران وەک درێژەی بێ‌وچان لە حکوومەتەکانی پێش ئیسلام و پاش ئیسلام دەخاتە ڕوو.

لەحاڵێکدا کە ئەم توێژینەوەگەلە زیاتر ئەو گێڕانەوەگەلە پشتڕاست دەکەنەوە کە دەوڵەت پاڵپشتییان لێ دەکات، مێژوونووسیی لایەنگرانەی ئێرانییەکانی وەک یێرۆند ئابراهامیان، وێنەیەکی ڕێکوپێکتر لە دیمەنی کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران ئاراستە دەکەن. ناوبراو لەسەر حکوومەتی قاجاڕ لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەنووسێت: “ئاپۆرە لە کۆمەڵگە چکۆلەکاندا بەرانبەر لەگەڵ پێکهاتەکان، زنجیرەکانی پلەوپایە، زمان و زاراوە تایبەتەکانی خۆی دەژیا و زۆرینەی ئەو خەڵکانە تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم ئابووریی بێ‌ئاتاجیی (خۆدابینکەری) خۆیان هەبوو” (ئابراهامیان، 2008:21).

لە بەرانبەر ئەو بەرهەمگەلەی ئاماژەیان پێ درا، توێژینەوەی ڕەنجبەر (2013) بەهایەکی بەنرخ بە ئینتەرسێکشۆناڵیتی دەدات و لە شێوازناسییە فێمێنیستییەکان کەڵک وەردەگرێ. بەم حاڵەشەوە، توێژینەوەی ناوبراو لە قەیرانە ژینگە و سیاسییەکانی دەڤەری گۆلی ورمێ بەتەواوی ڕۆڵی کورد وەک ئەکتەری ناوەندی پشتگوێ دەخا، کە ئەمەش ڕەنگە گێڕانەوەکانی ناوبراو بباتەوە سەر ئاراستەی گێڕانەوەکانی دەوڵەت، واتە ئەو گێڕانەوەگەلەی بەشێوەی مێژوویی ڕوانگەی کوردیان پەراوێز خستووە. بە شێوەی بەربڵاوتر، توێژەرانی وەک ڕەنجبەر، زیاتر چوارچێوەی دەوڵەتی ئێران بۆ نەتەوە نافارسەکان وەک “کەمینەی ئەتنیکی” قبووڵ دەکەن (2017-2015:2023)، دەستەواژەیەک کە پێویستی بە ڕەخنەگریی ورد هەیە.

توێژینەوەی من ئەم جۆرە مۆرکگەلە وەک پرسێکی سیاسی سەیر دەکات کە گێڕانەوەکانی کەمینەسازی و بندەستکردن بەهێز دەکەنەوە (سەبارەت بە کەمینەکردن، بڕوانە ئانفێنگ، 2009؛ مەحەمەدپوور و سولەیمانی، 2021؛ پارک، 2021؛ وینگرۆڤ-هاوگلاند و مەکلیۆد، 2021). بۆ نموونە، ئاماژە بە خەڵکی تورک و تورک‌زمان لە جوگرافیای ئێراندا وەک “ئازەرییەکانی ئێران” پێشاندەری ئەو گریمانە مەعریفەناسانەیەیە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ ئاسیمیلەکردنی جۆراوجۆرێتییە کولتووری و زمانییەکان. تورکەکانی خاوەنی هۆشیاریی سیاسیی زیاتر، ناسێنەی خۆیان وەک تورک دەناسێنن و گرێدرانی خۆیان بە زمانی نەتورکی ئازەری کە تا ڕادەیەکی زۆر لەناو چووە، ڕەت دەکەنەوە؛ ئەم تێکەڵکردنە مێژووییە لەلایەن ڕۆشنبیرە ئاریگەرا و ئاسیمیلەکەرەکانی وەک کەسرەوی [بەئەنقەست] کراوە (1994).[4]

ئەگەرچی بەرهەمی ڵێکۆڵینەوەی ڕەنجبەر زۆر گرنگە، سنوورداریی دەستەواژەیی و چەمکگەلی ناوبراو دەبێ وەکوو هەڵگری مەترسیی شاردنەوەی بکەری و خۆپێناسەکاری ئەم گرووپانە چاویان لێ بکرێت. ئەمەش بەنۆبەی خۆی دەتوانێ گێڕانەوەی دەسەڵات بەرهەم بێنێتەوە و ئەو گێڕانەوەگەلە بسڕێتەوە کە لەسەر نایەکسانیی جۆراوجۆریی کولتووری و زمانی لەگەڵ دەوڵەتی زاڵ لە کێشە و خەباتدان. بە پەرژانە سەر ئەم ئاڵۆزییانە، توێژینەوەکانی داهاتوو دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ تێگەیشتنێکی گشتگیرتر و وردبینانەتر لە بەرخۆدانە ژینگەیی و سیاسییەکان لەو جوگرافیایەدا. بەپێچەوانەی ئەو تتوێژینەوەگەلەی لەگەڵ گێڕانەوەی دەوڵەتییانە یان ئاناکرۆنێک (دەروە-مێژوویی) گونجاون، کە شرۆڤەی نامێژوویی لە ڕابردوو ئاراستە دەکەن، ئەم توێژینەوەیە بەردەوامییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی-سیاسییە پشتگوێخراوەکانی بەستێنی نەفارسی وەکوو کوردستان زەق دەکاتەوە و جەختی لەسەر پەیوەندیی نێوان دادپەروەریی ژینگەیی و ناسیۆنالیزمی کوردە. ئەگەرچی توێژینەوەی زۆر و بەرچاو سیاسەتە ژینگەییەکانی کوردییان تاوتوێ کردووە –کە زۆرینەیان تەرکیزیان لەسەر ناوچەگەلێکی تایبەت لە کوردستان یان پارتە سیاسییە دیارەکانە (ئەکلوند؛ بیلگەن، 2020؛ لانگ؛ 2018؛ هۆمێس و هاوکارانی، 2016؛ ڕیزی؛ هانت، 2021؛ مۆلینگا، 2024)- ئەم توێژینەوە ئاراستەی ڕوانگەی خۆی بەرەو ژینگەخوازیی ڕۆژانەی کوردی و گێڕانەوە بەربڵاوەکان کە ئەم بزووتنەوەیە لەسەر ئەو گێڕانەوەگەلە خۆی پێناسە دەکات، دەگۆڕێت.

ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسیی منیش – کە لە گوندێکی کوردییەوە کە هیچ گەورەساڵێک لەو سەردەمەدا قوتابخانەی مامناوەندییشی تەواو نەکردبوو تا وەرگرتنی پلەی دکتۆرا لە زانکۆیەکی ئای.ڤی لیگ[1]– ئاراستەی ئەم توێژینەوەیە دیاری دەکات، توێژینەوەیەک کە دەگەڕێتەوە بۆخۆ-تێگەیشتنی سیاسی و بەخۆداچوونەوە لە خۆی بەکۆمەڵی [خۆم]. یەک لە جەمسەرە زەقەکانی ژیانی سیاسیی کورد، ڕەتکرانەوەی چوارچێوەی یاسایی کۆماری ئیسلامییە لە لایەن کوردەوە وەکوو هەڵوێستێکی بەکۆمەڵ. سەرەڕای نەخوێندەواریی بەربڵاو لە سەردەمی منداڵیی مندا و زاڵ و بەردەوامبوونی هەلومەرجی ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم، کۆمەڵگەی کوردی دیمەنی جیاواز و ئەڵتەرناتیڤی لە ژیانی سیاسی ئاراستە دەکرد. ئەم بابەتە تەواو پێچەوانەی گرووپە مارکسیست-لێنینیستە فارسەکانی وەک حیزبی توودە بوو کە پاڵپشتییان لە یاساگەلێک دەکرد کە لە ناوەرۆکیدا بەردبارانکردنی ژنانی وەک مژارێکی یاسایی پەسند دەکرد (ماددەی 61ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران). لەبەرانبەردا، زۆرێک لە زانا ئایینییە مسوڵمانەکانی کورد نەیاری یاسای لەم چەشنە بوون و لەگەڵ بزووتنەوە چەپ و سێکولارەکانی [کورد] کەوتن، کە خۆی بڕوای سیاسیی دووجەمسەریی ڕژد لەنێوان ئایین و سێکولاریزم [لە کوردستاندا] سست دەکات. لەم بوارەدا، توێژینەوەی ئێکۆژینگەیی و ناسیۆنالیزم لە کوردستاندا پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلێنبەندیی جێی مشتومڕ وەک “ئەتنیک”، “کەمینە” و “ئایین” هەیە کە واتاکانیان لە درێژەی گۆڕەپانە سیاسییەکاندا دەگۆڕدرێ و دووبارە پێناسە دەکرێنەوە. هەربۆیە سیاسەتە ژینگەیییە کوردییەکان، دەکەونە بازنەیەکی بەربڵاوتر لە وەسفکردنی ئەزموونی و پێویستیان بە مشتومڕی ڕەخنەگرانە لەگەڵ بابەتی وەک پەراوێزنشینی، دەسەڵاتی جێی مشتومڕ و گێڕانەوە بگۆڕەکان هەیە.

بە مەبەستی لێکۆڵێنەوەی ئەوەی کە ئەم داینامیکانە چۆن لە دیسکۆرسی ڕۆژانەی ژینگەیی و سیاسیدا دێنە ئاراوە، ئەم توێژینەوەیە لە شێوازناسییەکی ئیتنۆگرافی فرەلایەنە کەڵک وەردەگرێ. ئەم توێژینەوەیە پشتی بەستووە بە وتووێژی قووڵ و شیکردنەوەی بەربڵاوی بەرهەمە کولتوورییەکان –وەک ڕاگەیاندراو، شیعر و هۆنراوەکان، دروشمەکان و میدیا گرافیکییەکان- تا ڕوونی بکاتەوە کە چلۆن ئێکۆناسیۆنالیزمی کوردی نەک تەنیا وەک کاردانەوە بەرانبەر بە لەناوبردنی ژینگە، بەڵکوو وەک شێوازێک لە پاراستنی کولتووری و ئامرازی سیاسی سەرهەڵدەدا و دەردەکەوێت. بە بەکارهێنانی ئاسۆیەکی ئیتنۆگرافی ، ئەم توێژینەوەیە ئەزموونەکانی چالاکان، بەتایبەت باجوەری هەرمان، دەخاتە نێو چوارچێوەی کاریگەرییە ئێکۆلۆژیک-کۆلۆنیالیستییەکانی سیاسەتەکانی دەوڵەتی لەسەر دیمەن و کۆمەڵگەکانی کوردستان. وێڕای ئەو وتووێژانەی لە ڕێگەی واتس ئەپ، زووم و سکایپەوە جێبەجێ کراون، توێژینەوە کۆمەڵێکی فرەجۆر لە دەقە ئیتنۆگرافیک -80 ڤیدیۆ، 50 ڕاگەیێندراوی گشتی، 50 هۆنراوە و کۆمەڵێکی زۆر دروشم- کە لە ڕێکخراوە کوردییەکان و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵەکان وەک تێلێگرام و یووتیووب کۆ کراونەتەوە، تاوتوێ دەکات (سەیری خشتەی ژمارە 2 بکەن). بە لەبەرچاوگرتنی چوارچێوەی دۆرۆتی سمیت (2006)، ئەم داتاگەلە وەک خەزێنەیەک لە ئەزموونی ژیان و بیرەوەریی بەکۆمەڵ سەیر دەکرێن کە کۆمەڵێک ڕوانگە لەسەر ڕەهەندە سەمبولیکەکانی بەرخۆدانی کوردی دەخەنە ڕوو.

وتووێژەکان 20 بەشداربووی نەناسێنراو (وەکو بەشداربووانی ژمارەی 1 تا 20) دەگرنەوە کە زۆرینەیان گێڕانەوەکانی خۆیان لە لەناوبردنی ژینگەیان بە بەردەوامبوونی نەتەوەییەوە گرێ دەدەن. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە زۆرێک لەم بەشداربووانە لە دەستەواژە خۆماڵییەکان، سەمبولەکان و ئاماژە و گەڕاندنەوە کولتوورییەکان کەڵکیان وەردەگرت بەبێ ئەوەی ئاماژە بە چەمکی ئاکادمیکی “ئێکۆناسیۆنالیزم” بکەن. ئەگەرچی لەگەڵ ئەو دەستەواژەیە ئاشنا نەبوون، بەڵام ڕوانگە ئێکۆناسیۆنالیستییەکانیان لە ڕێگەی ئەکت و گێڕانەوە ڕۆژانەکانەوە دەردەبڕی و هەر ئەمەش یارمەتیدەری پێکهاتنی چوارچێوەی هزریی توێژینەوەکە لەسەر پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ژینگەناسی بوو. کۆچی دوایی باجوەر کە دەگەڕێتەوە بۆ شەش ساڵ پێش جێبەجێکردنی ئەم توێژینەوە، بە ڕیزێکی ئوستوورەناسییەوە ئاماژەی پێ دەکرا. بۆیە بۆ دابەزاندنی ئەگەری بەلاڕێداچوون، توێژینەوە پرۆتۆکۆلە توندەکانی تاقیکردنەوەی دروستبوونی زانیارییەکانی بەکارهێناوە؛ بەتایبەت تەنیا ئەو گێڕانەوەگەلە کەڵکیان لێ وەرگیراوە کە لانیکەم بەشداربوویەکی دیکەش پشتڕاستی کردوونەتەوە. ئەم ڕوانگە فرەئاست و توندە لە باری شێوازناسییەوە، ڕێگەی تێگەیشتنی وردبینانەتر لە چلۆنایەتیی دەربڕین، بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی هەستە ئێکۆناسیۆنالیستییەکان لە چوارچێوەی چالاکیی هاوچەرخی کوردی خۆش دەکات.

بەشی یەکەمی [لێکۆڵینەوەکە] دەپەرژێتە سەر چەمکی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵات و گرێدرانی لەگەڵ بەرخۆدانە ژینگەییەکان –داینامیکێک کە کەمتر توێژینەوەی لەسەر کراوە و لە بەستێنی بێدەوڵەتی و نادیموکراتیکی [زاڵ بەسەر] کوردستاندا دەخولقێ، ئەو جێگەیەی زیاتر گریمانە ئاوایە کە هەستە ناسیۆنالیستییەکان بەشێوازێک دەردەکەون کە بیلیگ (1995) وەک “ناسیۆنالیزمی تۆخ” ئاماژەی پێ دەدات. بەشی دووەم چاوخشاندنێکە لەسەر سیاسەتە ژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، بە تەرکیز لەسەر ئەو بابەتەی کۆمەڵگەی کوردستان چۆن ئەم سیاسەتگەلە وەک تێکدەر و ڕووخێنەری ژینگە و وەک کۆلۆنیالیزمی سیاسی سەیر دەکات. بەشی سێهەم دەچێتە سەر ژیاننامەی سیاسیی باجوەر و ئەو بابەتە تاوتوێ دەکات کە چلۆن خەبات و چالاکیی ژینگەییی ناوبراو، ئاسۆیەکی ئاشکرای کوردیی لە ئێکۆناسیۆنالیزم خستووەتە ڕوو. هەوڵەکانی ناوبراو چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتنی ئەم بابەتە دێننە ئاراوە کە چۆن کەڵکەڵە ژینگەییەکان بە مانەوەی کولتووری و بەرخۆدانی سیاسییەوە گرێ دەدرێن.

ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە و ئێکۆناسیۆنالیزم لە کوردستان

ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی گشتگیرە کە جیهانی نوێی گۆڕیوە بۆ کۆمەڵەیەک لە دەوڵەت-نەتەوەکان، هۆگرایەتی بەرانبەر بە نەتەوەی پەرە پێ داوە و ناسێنە وەک “پێکهاتەیەکی سروشتی” ئاراستە دەکات (بیلیگ، 1995:16). بەڵام بەم حاڵەشەوە، تا چەند دەیەی پێش ئێستا توێژینەوە ئاکادمیکەکان زیاتر تەرکیزیان لەسەر ناسیۆنالیزم لە بەستێنەکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا هەبووە و دەرکەوتنە ئاساییەکانی ئەم دیاردەیەیان لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا و نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکانی وەک کورد پشتگوێ خستووە. کاری سەرەکیی مایکێل بیلیگ ئەم کەلێنە دێنێتە بەر باس و گشتگیربوونی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی لە بەستێنە جۆراوجۆرەکاندا ئاشکرا کردووە. ئەم ڕوانگەیە گۆڕانکارییەکی ڕەخنەگرانەی گرنگی هان داوە؛ گۆڕانکارییەک کە لە دەستەواژە و چوارچێوەکان لەسەر تەوەری دەوڵەت دوور کەوتووەتەوە و گریمانە حەشاردراوەکانی نێو دەستەواژەی وەک “نەتەوە” و “کۆمەڵگە”ی داوەتە بەر پرسیار- ئەو دەستەواژەگەلەی زۆر لەمێژە بوونەتە هۆی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی شێوازناسانە و دەروونگەرا (بیلیگ، 1995؛ چڕنیلۆ، 2006؛ محەمەدپوور و سلێمانی، 2019؛ سلێمانی و محەمەدپوور، 2020؛ سلێمانی و شوجاعی، 2025).

بیلیگ ڕوونی دەکاتەوە کە ناسیۆنالیزم وەک لێنزێکی پارادایمی دەجووڵێتەوە کە لەو ڕێگەیەوە لە ناسێنە تێدەگەین و ناسێنە دەگێڕینەوە و، هۆشیارییەکی تایبەتی لەخۆیدا حەشار داوە کە خەیاڵی جیهانێکی دەرەوەی بازنەی دەوڵەت-نەتەوەکان تێیدا تووش و ئەستەمە (بیلیگ، 1995؛ سلێمانی، 2016a, 2016b). دیسکۆرسی ناسیۆنالیستییانەی کردەوەکان، لەخۆتێگەیشتنەکان و ئاکارەکانی ڕۆژانەی ئێمە -زۆرینەیان بەشێوەی ناهۆشیارانە- لە ڕێگەی ئامادەبوونی ورد بەڵام گشتگیری خۆیەوە پێک دەهێنێ. ناسیۆنالیزم وەک هێزێکی نهێنی، هەم جیهانی دێتە بەر چاو و هەمیش دەگەڕێتەوە بۆ بەستێنە تایبەتە خۆماڵییەکان. ڕوانگەی بیلیگ لەسەر ناسیۆنالیزم وەک پارادایمێک لەگەڵ ڕوانگەی گیڵنێر (1983) کە ناسیۆنالیزم گرێ دەدات بە گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجیک و پیشەسازییەکانەوە، یەک ناگرنەوە و دژی یەکن. بەشێوەی لێکچوو، ئێتیان بالیبار و والرشتاین (1991:94) دەری دەخەن کە چۆن ناسیۆنالیزم، تاکەکان ناچار دەکات تا سنوورە دەرەکییەکانی [نەتەوە] دەرونی بکەنەوە، لەحاڵێکدا گیدێنز (1985:120) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناسیۆنالیزم چۆن هەوڵەکان لە چوارچێوەی زەوینیی نەگۆڕدا سنووردار دەکاتەوە. هەربۆیە، ئەگەرچی دەوڵەت-نەتەوە، پێکهاتەیەکی تا ڕادەیەک مێژوویی و نوێیە، بەڵام وەک شێوازی نۆڕمی ڕێکخستنی سیاسی بووە بە شتێکی سروشتی (ئەندێرسۆن، 1991؛ گیدێنز، 1987:166).

لەبەرانبەر توێژینەوەکانی ڕابردوودا کە زیاتر تەرکیزیان خستووەتە سەر دەوری تاقمی ئێلیت، توێژینەوە نوێکان لەسەر ناسیۆنالیزم جەختیان لەسەر دەرکەوتنی ڕۆژانەی ناسیۆنالیزم لە کردەوە گشتییەکاندایە (ئێدێنسۆر، 2020:84-99). توێژینەوەی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە هەوڵی تێگەیشتنی باشتر لە ئامرازە باوەکانی ناسێنەی نەتەوەیی دەدات و هەروەها تاوتوێکردنی ئەوەی چۆن تاکەکان خۆیان لە “غەیر” جودا دەکەنەوە و پرسە جێ مشتومڕەکان کە لەسەر گەڕاندنەوەیان بۆ تاک کاریگەرە، چۆن دەردەبڕدرێن. توێژینەوەی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە یارمەتیمان دەدات تا تێگەیشتن و ڕوانگەیەک لەسەر شێوازی دەربڕینی ناسیۆنالیزم لە ژیانی ڕۆژانە و چلۆنایەتیی سازکردنی گێڕانەوەکان لەسەر نەتەوە بەدەست بێنین. بەڵام بەم حاڵەشەوە، هەندێ لە توێژەران دژی ئەوەن کە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە وەک ئاسایی و بابەتێکی کۆن سەیر بکرێت (مەریمان و جۆنز، 2009:166). هەر بەم بۆنەیەوە، ئەم توێژینەوەیە لەم بوارەدا جەخت لەسەر تێگەیشتنی دیاردە لە ڕوانگەی فرەڕەهەندییەوە دەکات- بینینی ئەوەی چۆن پۆلێنبەندییە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان جێبەجێ دەکرێن، چلۆن هۆشیاریی بەکۆمەڵ دەردەبڕدرێت، هەروەها دەرخستنی دەستەواژە تایبەتەکان کە بۆ دەربڕینی کەڵکیان لێ وەردەگیرێ و پلانە هزرییە پەیوەندیدارەکانی ئەم پرۆسەگەلە (بروبەکر و هاوکارانی، 2006:9). ئەم ڕەهەند و لایەنانە لە دیسکۆرس و کردەوەی گشتیدا دیار و ئاشکران. یەک لە ڕێگەکانی تاوتوێکردنی ئەم شێوازە لە ناسیۆنالیزم، شیکردنەوەی وتە و بیروڕای تاکەکانە لەسەر نەتەوەکەیان، چونکە ئەم کارە ڕوونی دەکاتەوە کە چلۆن نەتەوەیەک تێگەیشتن و فامی بۆ دەکرێت (میلێر-ئیدریس، 2008:540؛ فاکس، 539).

کۆمەڵێک لە توێژەران وەک سکای لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەکرێ لە ڕێگەی ئەزموونی ژیانی نەتەوەبوونەوە لە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە تێبگەین، بەتایبەت ئەو جۆرەی کە ئەم ئەزموونە لەلایەن دووانەی خۆ-غەیرەوە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا پێکهاتەبەندی دەکرێت (سکای، 2011a:33). لە بەستێنی کوردیدا، ئەم دووانەیە لە ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی سنوورە سەپێنراوەکاندا ئاشکرایە –ئەو سنوورانەی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانیان بۆ سەروەریی خۆیان بە کێشەهەلنەگریان دەناسێنن، بەڵام زۆربەی کورد وەک دەستکردی سەپێنراو سەیریان دەکەن. ئەم هەستە بەشێوازێکی تۆخ و زەق لەلایەن شاعیری ناوداری کورد، هێمن موکریانییەوە دەبڕدراوە، ئەوکاتەی دەڵێت:

تۆی لە من ون کرد و منی لە تۆ دوور

ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنوور (دیوانی هێمن، 2014، 159).

هۆنراوەکەی هێمن ڕوونی دەکاتەوە کە چەمکی “سنوور” بۆ کوردێک لەگەڵ فارسێکی ئێرانی واتای جیاوازی هەیە. بۆ کەسایەتیی وەک هێمن، ئەم دابەشکردنانە وەک دەستکردی سەپێنراو دێنە بەر چاو کە دەوری جیاکەرەوە دەگێڕن نەک یەکڕیزیهێنەر. ئەم دیاردەیە پێشاندەری ڕەهەندێک لە بەرخۆدانی کورد و تێگەیشتنی لە فەزا [پانتایی نیشتمانی] دەخاتە ڕوو؛ ئەو جوگرافیایەی بە سنوورە دەرەکییەکانەوە پارچەپارچە کراوە، ئەو سنوورانەی لەگەڵ هەستی جەوهەریی ناسێنە و نەتەوەبوونی کورد یەک ناگرنەوە. شیکردنەوەی چەمکەکانی فەزا و نیشتمان و هەروەها ئەو شێوازانەی ئاماژەیان بۆ دەکرێ، دەتوانێ تێگەیشتنی ئێمە لە ئەزموون و گێڕانەوەکانی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە قووڵتر بکاتەوە. لە ئەدەبیاتی ئێکۆناسیۆنالیستیی کورددا، وەک بەستێنە ناسیۆنالیستییەکانی دیکەی، پەیوەندیی نێوان فەزای سروشتی و چەمکی نیشتمان لە تێگەیشتنە نوێکان لەسەر ناسێنە زەق و بەرچاوە. ئەم هێماگەلە پێکهێنەری بیرۆکەی “جیهانسازی”ی نەتەوە (سپیڤاک، 1999:114-150) و هەروەها بەرهەمێنانەوەی دووانەکانی نێوان خۆی کۆ و ئەویترن (بڕوانە خشتەی 2).

ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە ڕێی کەڵکوەرگرتن لە هێما مێژوویی و کولتووری-نەتەوەییەکانەوە دەناسرێتەوە. ئەم هێماگەلە پرۆسەی بەکۆمەڵی دەروونیسازی و پاراستنی یادەوەریی کۆمەڵ دەردەخەن و جەخت لەسەر پەیوەندیی پێکەوەژیانی نێوان بەڵێنە ڕۆژانەکان بەرانبەر بە ناسێنەی نەتەوەیی و هۆشیاریی مێژوویی دەکەنەوە. بیرهێنانەوە و کەڵکوەرگرتن لەم هێماگەلە، چەمکی habitus[2]ی پیێر بۆردیۆمان بیر دەخاتەوە، کە لە بنەڕەتدا گێڕانەوەیەکی مێژوویی لەخۆگیراو و دەروونیکراوە کە بەشێوەی سروشتی دووهەم دەردەکەوێتەوە؛ مێژووییبوونی وەک ئێستایەکی زیندوو دەردەکەوێت کە ڕابردوو فۆرم و شکڵی پێ بەخشیوە (بۆردیۆ، 1990:56). گرنگە کە بیرمان نەچێت کە نە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە و نە ئێکۆناسیۆنالیزم، تایبەتی نەتەوەکانی خاوەن دەسەڵات نین (مالۆی، 2009). نەتەوە بێدەسەڵاتەکان (یان کۆلۆنیالیزەکراوەکان)، وەک کورد، یادەوەریی مێژووییی خۆیان لە ڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە سیستەمە سیمبۆلیکە ڕۆژانەکانەوە دەردەبڕن و “ڕابردوو” لە ئێستای خۆیاندا دووبارە ساز دەکەنەوە تا لە ژیانی ڕۆژانەدا، خۆیان وەک نەتەوەیەک جیا لە ئەویترەکەیان بناسێنن. بەڵام بەم حاڵەشەوە، ئەم لایەنە لە کتێبی بەناوبانگی مایکێل بیلیگدا ئاوڕی لەسەر نەدراوەتەوە. بەرهەمهێنانەوەی ڕۆژانەی ناسیۆنالیزم لە کۆمەڵگە بێبەش و ژیردەستەکاندا –ئەو دیاردەیەی بیلیگ پێی دەڵێت “ناسیۆنالیزمی تۆخ”- لە راستیدا لێکچوونی بەرچاوی لەگەڵ ناسیۆنالیزم لە نەتەوە دەسەڵاتدارەکاندا هەیە. ناسیۆنالیزمی کورد وەک بابەتی ئەم وتارە، نموونەیەکی سەرەکی و گرنگە بۆ ئەو باسە.

پڕایی “ڕابردوو” و دووبارە چالاککردنەوەی لە هەستە ناسیۆنالیستییەکاندا، لە کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی ڕوون و هەڵگری واتاکاندا دەردەکەوێ کە پێی دەڵێن deixis (بیلیگ، 1995). ئەم دەستەواژەگەلە لە یادەوەریی کۆی نەتەوە مۆدێڕنەکاندا کوالیتییەکی وەک ناوە تایبەتەکانیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. بۆ نموونە، کاتێک ئەمریکییەک لە وشەی “وڵات” کەڵک وەردەگرێ، واتایەکی ڕوونی هەیە و هەمووی ئەمریکییەکان ئەو وشەیە بە واتای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێدەگەن. هەر بەم پێیەش، ئەوکاتەی کورد لە وشەی نیشتمان کەڵک وەردەگرن، مەبەستیان تەنیا و تەنیا کوردستانە. هەربۆیە، وشە ناسیۆنالیستییەکان وەک شێوازێک لە پەیوەندی دەجووڵێنەوە و کۆمەڵگەیەکی زمانیی جیاواز پێک دێنن. لەڕێگەی پابەندبوون بە هەندێ لە نۆڕمە زمانییەکانەوە، ئەم کۆمەڵگەیە خۆی لە “ئەویتر” جودا و جیاواز دەکاتەوە و بەڵێنی بەرانبەر بە وڵاتی خەیاڵکراوی (imagined) خۆی پشتڕاست دەکاتەوە. کوردی ناسیۆنالیست قەت وشەکانی نیشتمان یان وڵات بۆ ئاماژەدان بە عێراق، ئێران، سووریا یان تورکیا بەکار ناهێنێ (بڕوانە خشتەی ژمارە 1). ئەم وشە کوردییانە تەنیا تایبەتی کۆمەڵگەی بێژەییی ناسیۆنالیستیی کوردن و یارمەتیدەری دانانی سنوورەکانی وڵاتە خەیاڵکراوەکەی ئەو بەشەن.

خشتەی ژمارە 1: ئەو وشەگەلەی لە دەربڕینەکان، ڕاگەیێندراوەکانی یەکڕیزی و هۆنراوەکاندا زۆرترین دووپاتبوونەوەیان هەبووە (لە ڕێوڕەسمەکانی یادەوەریی باجوەردا).

وێڕای ئەمەش، توێژینەوە نوێترەکان دەریانخستووە کە لەنێوان ناسیۆنالیزم و ژینگەگەراییدا پێگەیشتنێکی بەرچاو دەبینرێ (ئارۆنچیک، 2024؛ کۆنڤێرسی و فریس، 2021؛ داوسۆن، 2000؛ ئیکێرسلی، 2016؛ فۆڕمۆسا، 2009؛ فاولێر و جۆنز، 2006؛ کرنالێجێن، 2023؛ پۆسۆکۆ و واتسۆن، 2022؛ شەمیس، 2023). داوسۆن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چوارچێوەیەکی جیهانی خەریکی سەرهەڵدان و پێکهاتنە کە تیایدا ناسیۆنالیستەکان پرسە پەیوەندیدارەکان بە ناسێنە لەگەڵ کەڵکەڵە و کێشە ژینگەییەکان تێکەڵ دەکەن (داوسۆن، 2000:51). بەڵام بەم حاڵەشەوە، تا حەفتاکانی زایینی ئاسایی بوو کە ئەگەری پەیوەندیی نێوان بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان و بزووتنەوە ژینگەییەکان نەبینرێ و پشتگوێ بخرێ (فالک، 1972؛ سپرێتناک و کاپرا، 1971).

ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی کوردی، بەرخۆدانە بەردەوامەکان لەگەڵ ئاماژەی بەردەوام بە هێما نەتەوەییەکانی کوردی تێکەڵ دەکات (حەسەنییان، 942 و935 :2021). هەروەک جۆنز و مریمەن سەبارەت بە داینامیکە گرێدراوەکانی “ناسیۆنالیزمی تۆخ” و “ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە” بەڵگەمان بۆ دەخەنە ڕوو (جۆنز و مریمەن، 2009:165)، ئەم شێوازەی ناسیۆنالیزم بە شێوەی جیانەکراوە لەگەڵ بەرهەمهێنانەوە بەردەوامی نەتەوەدا گرێ دراوە؛ پرۆسەیەک کە لە “ڕاگەیێنراوی 17 ڕێکخراوەی ناحکومیی کوردیدا” ڕەنگدانەوەی هەبووە.[5] بۆ نموونە لە ڕاگەیێنراوی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستاندا هاتووە: “ئەو کەسانەی داکۆکی لە تاریکی و شەوەزەنگ دەکەن و هەڕەشە و مەترسین بۆ ژینگەی نیشتمانی ئێمە، هەموو هەوڵەکانی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ بەربەست و لەمپەردانان بەرانبەر ئەو مرۆڤە گیانبەخشانەی ئامادەی خزمەتکردن بە نەتەوەی ئێمەن (ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان)[6]. هەر بەم بۆنەیەوە بوو کە کۆچی دواییی باجوەر، شەپۆلێک لە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی کوردیی هێنایە ئاراوە و وەفاداری و یەکریزیی قووڵ و کۆنی لەنێو هەزاران کەسدا بووژاندەوە. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی دەربڕینی ناسێنە لەڕێگەی هێما مێژوویی و نەتەوەییەکانەوە لە شێوازی جۆراوجۆردا؛ وەک نووسراوە، دروشمەکان، و وتاربێژییەکان، لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان- ڕەوتێکی هەڵچوو بەخۆیەوە ببینێ. ئەم دەربڕینگەلە بە ئامانجی جیابوونەوە و جیاوازی لە داگیرکەران هاتوونەتە ئاراوە (بڕوانە خشتەگەلی 1 و 2).

خشتەی ژمارە 2: پێوەرەکانی ناسیۆنالیزم و ئێکۆناسیۆنالیزم

توێژینەوەکانی ئەم دواییانە لە بواری ناسیۆنالیزمدا، جەخت لەسەر گرێدانی چالاکییەکانی بواری ژینگە لەگەڵ پێکهاتنی ناسێنە دەکەنەوە (واتسۆن، 2022؛ فریس، 2021؛ کرنالێجێن، 2023؛ پۆسۆکۆ و ئارنچیک، 2024، کۆنڤێرسی و پولیدۆ، 1996؛ شەمیس، 2023). پشتگوێخستنی ئەم پەیوەندییە، دەبێتە بەربەست بۆ تێگەیشتنی گشتگیر لە هۆشیاریی ژینگەیی کە بە شێوەیەکی قووڵ جێگەی خۆی لە جیهانبینیی گێڕانەوەکانی خاکتەوەردا کردووەتەوە. ئەم گێڕانەوەگەلە زۆر گرنگن، چونکە ڕوانگە خۆماڵییەکان دەخەنە ڕوو، چەمکە تایبەتەکانی نیشتمان دەپارێزن و هێمانە سروشتییەکانی وەک شاخەکان، دار و درەخت، ڕووبارەکان و ئاوەکانی نیشتمان پیرۆز دەکەن و بەها و نرخیان پێ دەبەخشن. ئەم گێڕانەوەگەلە هەروەها چیرۆکە ئەفسانەییەکانی نیشتمان لە ڕێگەی شیعر، مۆسیقا و ئەدەبیاتەوە تێکەڵ دەکەن و دەبن بە هێمای ئاماژەبەخۆکردنی بە کۆمەڵ. ئەم تێکەڵاوییەی خەڵک و ژینگە، گێڕانەوەی نیشتمان بەهێز دەکات و ناسێنەیەکی نوستالژیک و جێگیر دێنێتە ئاراوە (کاپلان، 1999؛ هۆیسون، 2010؛ هێرب و نەش، 1967). توێژینەوەکانی ئەم دواییانە ئەم گریمانەیە کە گوایە چالاکییەکانی بواری ژینگە هەڵگری هەستە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان نین، دەخەنە بەر پرسیار و نموونەگەلێکی زەق لە ئێکۆناسیۆنالیزم لەم بزووتنەوەگەلەدا دەخەنە ڕوو. بەتایبەت داوسۆن جەخت لەسەر سەرهەڵدانی چوارچێوەیەک دەکاتەوە کە پرسە ناسێنەییە جیهانییەکان لەگەڵ ژینگە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانەوە پێکەوە گرێ دەدات (داوسۆن، 2000:51).

دەربڕینی ئەم پەیوەندگەلە لەگەڵ ناسێنە، دڵبەستەیی بە نیشتمان و هۆشیاریی ژینگەیی لەو دروشمانەی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەریف باجوەر لە ساڵی 2018دا دراون، ڕوون و ئاشکرا دەردەکەون. ئەو هەستە بەسۆزەی خەڵکی ئیلام وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە کۆچی دوایی شەریف باجوەر نواندیان، تێکەڵاوبوونی جێگیری پاراستنی نیشتمان و سۆزی نەتەوەیی پێشان دەدات: “لەگەڵ دار بە زمانی ئاگر مەدوێ، چونکە پێش ئەو، دڵم دەسووتێنێ. من لە شاخەکانەوە هاتووم؛ دارەکان بە زمانی دایکیم بانگم دەکەن و من لێیان تێدەگەم[7].” بۆ جەختکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم پەیوەندە، هاتووە: “تەنیا لە ئامێزی بڵێسەکاندایە کە من چیدی ئۆقرە ناگرم. ئەوڕۆ لە ئاگردا سووتاوم، بەڵام سبەی بە شکۆوە دەگەمەوە بەرزاییەکانی چیا[8] و نیشتمانی باب و باپیرانم.”[9] ئەم تێکەڵاوییەی ناسێنەی خۆنواندنەوەی کوردی، چەمکی شەهیدبوون لە داکۆکیکردن لە کوردستان و نیشتمان لەگەڵ دارستانەکانیدا، بەشێوەی سروشتی لە زمانی خەڵکی مەریوانەوە دەردەبڕدرێ. هەربۆیە ناوی شەریف باجوەر بووەتە هێمای جودانەکراوەی ژینگەی کوردستان کە بەشێوەیەکی قووڵ ڕیشەی لە دڵ و مێژووی خەڵکەکەیدا داکوتاوە: “پارێزەری نیشتمان، لەڕێگەی کوردستاندا شەهید بوو.”[10] ئەم یەکگرتنەوەیە لەنێوان پرسە ناسێنەی نەتەوەیی و ژینگەییەکاندا، بووەتە هەوێنی سازبوونی بەستێنی ئێکۆناسیۆنالیزم؛ تێکەڵێک لە کەڵکەڵکە ژینگەییەکان لەگەڵ بەرخۆدانی نەتەوەیی و هەوڵ بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی (داوسۆن، 1996، 2000:30). دروشمەکان و قسەی تاک و تاقمە جۆراوجۆرەکان (بڕوانە خشتەکانی ژمارە 1 و 2) کە شەهیدانی ژینگەی کورد پیرۆز دەکەن، گرێدران و پەیوەندیی نەپچڕاوی ئەم فاکتەرگەلە دەردەخەن.

لە میانەی ڕێوڕەسمی ناشتنی باجوەر و ڕێوڕەسمەکانی بیرهێنانەوەی دواتردا، کورد جەخت لەسەر پەیوەندیی قووڵی نێوان سروشت، دارستانەکانی کوردستان و نیشتمانی خۆیان دەکەنەوە. ئەم ڕێوڕەسمگەلە کە ژینگەیان گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێکی نوێی شەڕ، لایەنە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بەهێز دەکەن و “شەڕی سەوز” و “شەهیدانی” ئەو شەڕە زەق دەکەنەوە. بۆ ماوەی نزیک بە سەدەیەک وشەی شەهید بۆ ڕێزلێنانی پارێزەرانی کوردستان بەکارهێنراوە، هەستێک کە لە ڕێوڕەسمی بیرهێنانەوەی باجوەر لە مەریوان ڕەنگدانەوەی هەبووە و تیایدا ئێکۆناسیۆنالیستە گیانبەختکردووەکان، وەک هێماکانی نەمری وەسف دەکرێن. باجوەر وەک سەرۆکێکی فیداکار کە داکۆکی لە نیشتمانی خۆی دەکات نەخش کراوە و ئەرکی بەکۆمەڵ بۆ بەرخۆدان بەرانبەر بەوانەی خەسار و زەبر لە ژینگەیان دەدەن، پێشان دەدات. بەکارهێنانی بەردەوامی وشەی دوژمن لە شیعرەکان، ڕاگەیێندراوەکان و دروشمەکاندا، هۆشیارییەکی مێژووییی تایبەت دێنێتەوە یاد کە پێکهێنەری خەبات بۆ ژینگەیە و habitusی کوردی بەربڵاو و بەرفراوان دەکات: مێژوویەکی زیندوو و بەشداریی چالاک کە ئێستا پێک دێنێ. هێمای وەسفێکی پیێر بۆردیۆیی کە خۆڕاگریی بەردەوام و لە بن نەهاتوویی کورد پێشان دەدات: “کەس نەڵێ کورد مردووە؛ کورد زیندووە.”[11]

گەشەی ئێکۆناسیۆنالیزم لە کوردستان، ئێستا لەگەڵ هەستە ئایینییەکانیش پێکگەیشتنیان هەیە. ڕاگەیێنراوی زانایانی ئایینیی مەریوان جەختی لەسەر ئەم لێک نزیکبوونەوە و پێکگەیشتنەیە: “چوار ڕۆڵەی کورد، چوار چالاکی بواری مەدەنی و عاشقی نەتەوە و خاک، دڵسۆزی گەل و ئاو و لێڕەواڕ پەیوەست بوون بە کاروانی نەمرانەوە…”[12] ڕاگەیێنراوی ئەم کۆمەڵە، هێما نەتەوەیی و ژینگەییەکانی کورد دەنێتە بەرانبەر هێماکانی “ئەویتری” ئایینییان و تێکەڵاوی چالاکیی بەهێز و گەڕان بەدوای دادپەروەری لە دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی ئایینی دەخاتە ڕوو: “ئەوا ئەمڕۆش نەوەکانی نەمروود، ئاگریان بەردایە جەستەی و کسپە و کزەی جەرگی برژاوی ڕۆڵەکانی گەیشتە ئاسمان و چوار جگەرگۆشەی، بوونە مۆم و لە بن داربەڕووەکاندا هێور هێور توانەوە و بوونە فرمێسک و تنۆک تنۆک لە چاوی دایکی نیشتمان هاتنەوە خوارەوە.”[13]

زانا ئایینییەکان بە ئاماژەدان بە باجوەر وەک “ئیبراهیمی کوردستان”، دەچنەوە سەر شۆڕشی حەزرەتی ئیبراهیم، ئەو کاتەی ناوبراو ئامادەبوو تا وەک نەیارێتی لەگەڵ دەسەڵاتی باوی بتپەرستی، خۆی بخاتە نێو ئاگرەوە[14]. ئەم ئەکتە سەمبولیکە، هەڕەشەیەکی ئانتۆلۆژیک (هەبوون)ی بەربڵاوتر بۆ نەتەوەی کورد زەق دەکاتەوە، هەڕەشەیەک کە زۆرێک لە کورد وەک درێژەی مۆدێڕنی هەڕەشە و دەستدرێژییە مێژووییەکانی دەبینن کە ئامانجیان بێبەشکردنی کوردستان لە داهاتووی خۆیەتی (گورسەس، 2012). ئەم شێوازەی بینینی کوردستان و دوژمنانی بەڕوونی لە وتووێژێکی نێوان باجوەر و فەرماندەیەکی سوپای ئێراندا دەردەکەوێ:

فەرماندەی سوپا: “ئێوە وەک خەڵکی پێنجوێنن.”

باجوەر: “ئێمە هەموومان کوردین و ئاسایییە لێکچوونمان هەبێ. لێرە تا کەرکووک، هەمووی کوردستانە.”

فەرماندەی سوپا: “تۆ چوار پارچەی کوردستانت دەوێ، بەڵام تەنانەت دڵۆپێک ئاویشت پێ نادەم.”

باجوەر: “لێرە تا عەفرین ئاگرێک هەڵگیرسێ، من دەیکوژێنمەوە.”

(بەشداربووانی ژمارەی 1، 5 و 7)

سیاسەتی ئێکۆتیرۆریستیی ئێران

ئاسۆی ژینگەییی کوردستان لەدرێژەی چل ساڵی ڕابردوودا کەوتووەتە ناوەندی ستراتیژییە سڕێنەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران (قادری، 2015). ئەم ستراتیژیگەلە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جێبەجێ کراون و ئامانجیان کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی چەکداری و ئەمنیدا بووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەیەکی کورتدا، پاش شۆڕشی ساڵی 1979، بە ڕاگەیاندنی “جیهاد” لەدژی کورد بۆ جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵی کوردستانی کەوتەوە دەست. ئەم دەوڵەتە بە فەرمی ئەو شەڕەی خۆی وەک “فەتح”ی کوردستان ڕاگەیاند (سلێمانی و محەمەدپوور، 2020). لەو کاتەوە تا ئێستا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە هەڕەشە و ترساندنی نەتەوەی زاڵ لەسەر ئەو باوەڕەی کە ناسێنەی کوردی دەتوانێ هەڕەشەیەکی جەوهەری لە دژی دەسەڵاتی ڕەها و هەژموونی ئەتنیکی زاڵ بێ، ئەوەی کردووەتە بیانوویەک بۆ بڕینی دارستانەکان، سووتاندنیان، چاندنی مینی نوێ لە ناوچە بەناو سنوورییەکان و جێبەجێکردنی مانۆڕی بەربڵاو بەمەبەستی لەناوبردنی سیستەماتیکی ژینگەی کوردستان.

لەحاڵێکدا کە دەوڵەتی ئێران کوردستان وەک هەڕەشەیەک بۆ ئەمنییەتی نەتەوەییی خۆی وێنا دەکات، کورد بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، زیاتر وەک پڕۆژەی “کۆلۆنیالیزەکردنی ژینگەیی” دەبینن (کرۆ و شریێر، 1995). تێگەیشتن و بۆچوونی دەوڵەتی ئێران ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی ئەو دەوڵەتەیە لە ئەمنییەتی نەتەوەیی؛ تێگەیشتنێک کە کوردستان وەک مەڵبەندێک دەبینێ کە ڕێگەی چوونەژوورەوە و داگیرکردنی داخراوە، بەڵام لەهەمان‌کاتدا دەفرایەتیی کەڵک لێ وەرگرتنی هەیە، نیشتمانێکی ڕام نەکراو و بێگانە کە “بە شارستانی ناکرێت،” پێناسەی دەکات. هەربۆیە، لەم دۆخە “نامۆیە”ی خۆیدا، کوردستان پێویستە خێرا لە سەرچاوە و سامانە سروشتییەکانی بێبەش بکرێت. کەڵکوەرگرتن لەم سەرچاوەگەلە، گۆڕینی ڕێگەی ئاوەکان، لەناوبردنی دارستانەکان و لەناوبردنی گیا و بوونەوەری کوردستان (حەسەنییان، 2021) وەک لانیکەمی شوێنهات و دەرەنجامەکانی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینرێن. زۆرینەی کورد وای تێدەگەن و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەم چوارچێوەیەدا دەبینن.

لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئێرانەوە، هەڕەشەکان دژ بە سروشتی دەرەوەی کوردستان، هەڕەشەی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی هەژمار دەکرێن. بۆ نموونە، ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی (ئیڕنا) لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت وچانێکی دە ساڵە دراوەتە دارستانەکانی گیلەک و مازەن تا ئەمنییەتی نەتەوەییی ئێران بپارێزرێ. بەرپرسان ڕایانگەیاند: “ئێمە دەبێ لەسەر دووبارە چاندنەوەی دارستان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی بەردەوام بین” و جەختیان لەسەر ئەوە کردووە کە “بەوپەڕی هێز و تواناوە جێبەجێی دەکەین.”[15] لەحاڵێکدا کە لەو ناوچەگەلەدا بەرنامە و پلانەکانی دووبارە چاندنەوە و بووژاندنەوەی دارستان بەردەوامن، دارستانەکانی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی جیاوازن. بەهۆی بارانی کەمەوە دارستانەکانی زاگرۆس خەریکن لەناو دەچن، زۆرترین دارەکانی ئەم ناوچەیە بریتین لە بەڕوو و بادام و گەشەی دووبارەی داربەڕوویەک، ئەگەر مەحاڵ نەبێت لانیکەم 50 ساڵ کاتی پێویستە.[16] بەپێچەوانەوە، وەزارەتی ئیتلاعات چالاکەکانی بواری ژینگە لە کوردستاندا وەک چالاکی سیاسی پێناسە دەکات. ئەم وەزارەتخانەیە بانگەشەی ئەو دەکات کە ئەم چالاکانە لەگەڵ پارتە چەکدارەکانی نەیاری حکوومەت پەیوەندییان هەیە و چالاکییەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە وەک بەشێک لەم پەیوەندیگەلە وێنا دەکات.[17] کۆماری ئیسلامی بە ئەمنیکردنی ناوچەکە، تۆپباران و دانانی بنکە چەکدارییەکان بە بیانووی ئەمنییەت لەسەر لەناوبردنی ستراتیژیکی ژینگەی کوردستان بەردەوامە. ئەم تاوانگەلە توند دەبنەوە و دەوڵەتی ئێران بانگەشە دەکات کە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان لەڕاستیدا هەوڵی سیخوڕین لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل.[18]

وێڕای هەوڵە ڕاستەوخۆکان بۆ لەناوبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، دەوڵەتی ئێران لە ستراتیژییە ناڕاستەوخۆکانیش بۆ لەناوبردنیان کەڵکی وەرگرتووە. بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی بەڕواڵەت یاسایی وەک “یاسای بەنەتەوەییکردنی دارستانەکان” پەسەندکراوی ساڵی 1962 و “یاسای بەنەتەوەییکردنی ئاوەکان” پەسەندکراوی 1968 هەتاوی، ئێران ئاوەکانی کوردستانی بردووە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئەم ناوچەیە. ئەم هەوڵانە بەشێکن لە ستراتیژێکی بەربڵاوتری “گەشەبڕی (دیدێڤێلۆپمێنت)” (ڕۆی، 1987) کە ئامانجیان بەرگریکردنە لە دەرفەتە ئابووری و سیاسییەکانی داهاتوو کە دەیانتوانی ببنە هەوێنی سازبوونی ئەو بەستێنەی کورد بۆ خۆی ببێتە خاوەنی چارەنووسی خۆی. سەرەڕای ئەمەش، وەها سیاسەتگەلێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕانکارییەکانی ئاپۆرە و ئاوارەبوونی جووتیارانی کوردستان لەڕێگەی دەستوەردان لە ئابووری و سەرچاوە سروشتییەکانیش بەکاردەهێنرێ.

نموونەیەکی هەرەدیاری ئەم سیاسەتانە دروستکردنی بەنداوە گەورەکانە. ئەگەرچی ناوچەکە پێویستییەکی ئێجگار زۆری بە ئاو هەیە، ئاوی ئەم بەنداوگەلە دەگوازرێنەوە بۆدەرەوەی کوردستان. بۆ نموونە، لە هەر چرکەیەکدا پێنج مەتری سێجا، ئاو لە بەنداوی بۆکانەوە لە کوردستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات تا پێداویستییەکانی ئاوی خواردنی شاری تەورێز دابین بکات. سەرەڕای ئەمەش، هەوڵی دیکە لەئارادایە تا پێنج مەتری سێجای دیکە، لە بەنداوی نەورۆزلوو، لەسەر ڕووبارەکانی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ هێزگە گەرماییەکان و شارۆچکە پیشەسازییەکانی سەر ئەو ڕێگەیە. هەروەها تۆڕەکانی دابینکردن و ئاودێران بۆ خۆڵە سوێرەکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دیزاین کراون تا بەم ئاوە، ئاوی ئەو زەوییە نەزۆکانە بدێردرێ لە ‌کاتێکدا کە جووتیارانی کوردستان لە هەندێ وەرزی ساڵدا لەگەڵ نەبوونی ئاو ڕووبەڕوون. خاڵی گرنگ لێرەدایە ئەو ئاوەی دەگوازرێتەوە بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، نەک تەنیا ئاوی جووتیاران و دانیشتووانی کوردستانە بەڵکوو وەک بەشێک لە ئاوی گۆلی ورمێیش دێتە هەژمار.[19]

وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، چێکردنی بەربڵاوی بەنداوەکان لە کوردستان شوێنهاتی ژینگەیی قەرەبوونەکراوی لێ کەوتووەتەوە. ئەم ڕەوتەی چێکردنی بەنداوەکان بووەتە هۆی گۆڕان و لەناوچوونی ئەو ئێکۆسیستەمگەلەی ژیانی کۆمەڵگە خۆجێییەکان، گژ و گیا و بوونەوەرانی ناوچە ژێرئاوکەوتووەکان دەخاتە ژێر کاریگەری. زۆرێک لەم پڕۆژەگەلە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی ژینگەیی جێبەجێ کراون و هەموو قۆناغەکانی -لە ڕاوێژکاری و دیزاینەوە تا چێکران و جێبەجێکردن- زیاتر دراوەتە کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای خاتەمولئەنبیا (کە بەشێکە لە سوپای پاسداران). بەپێی ڕاپۆرتی “سەلامەت-نیووز”، بەرێوەبەری نووسینگەی فێرکاری و بەشداریی خەڵکی ڕێکخراوەی پاراستنی ژینگە ڕایگەیاندووە 197 بەنداو بەبێ شیکردنەوەی کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگە ساز کراون.[20]

پڕۆژەی بەنداوی داریان لە ناوچەی هەورامان، نموونەیەک لە پاڵپشتیی دەوڵەتی ئێران لە ڕێبازی ”توندوتێژیی ژینگەیی،” دەستەواژەیەک کە بیکن (2019) بۆ وەسفکردنی لەناوبردنی سیستەماتیکی ژینگە لە پڕۆژە کلۆنیالیستی و ئەمپریالیستییەکان بەکاری دەهێنێ. ئەگەرچی شرۆڤەی بیکن بەرفراوانترە، ئەم چەمکە بەتایبەت لە کوردستاندا کەڵکی هەیە، ئەو کوردستانەی کە پڕۆژەی لەم چەشنە دارستانە بەربڵاوەکان، دەیان گوندی کۆن و کەونارا و کۆمەڵێک شوێنەواری هەزاران ساڵەی سەردەمی چاخی بەردینی کۆنیان بردووەتە ژێر ئاو.[21] هەروەها دەوڵەتی ئێران سەرمایەگوزارییەکی زۆری بۆ لەناوبردنی کانی بڵ، یەک لە کانیاوە سەرەکییە سروشتییەکانی ناوچەکە ئەنجام داوە. سەرەڕای دژایەتیی بەربڵاو -بریتی لە کەمپەینێک بە 3000 ئەندامەوە، کۆکردنەوەی 70000 واژۆ، مانگرتن لە خواردنی بەکۆمەڵی چالاکانی ژینگە و دەستبەسەرکردنی چەند کەس لە بەشداربووانی نێو کەمپەینەکە- ئەم پڕۆژەیە ئێستاش بێوچان بەردەوامە.[22]

دەرکردنی مۆڵەت بۆ دەرکێشانی بوغورد لە داربەڕووەکانی ناوچەی هەورامان نموونەیەکی دیکە لە پڕۆژە ڕووخێنەرەکانی ژینگەیە. لەدرێژەدا بەشێک لە ڕاپۆرتێکی تۆمارکراوی موختار خەندانی، دامەزرێنەر و وتەبێژی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “ژیوای” لە پاوە ئاماژەی پێ دەدرێت. خەندانی و دوو چالاکی ژینگەپارێزی دیکە لە ڕێکەوتی 7ی تەمووزی 2020، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان لە ناوچەکانی بۆزین و مەڕەخێڵ بەشێوازێکی هەژێنەر و تراژیک گیانی خۆیانیان بەخت کرد. موختار خەندانی و هاوڕێیەکانی، پێش کۆچی دوایی، کۆمەڵێک نیگەرانییان لەسەر دەرکردنی مۆڵەت بۆ دەرکێشانی بوغورد لە هەورامان و ڕۆڵی شاراوەی گرووپە مافیاییەکانی لایەنگری هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ لەناوبردنی ژینگەی کوردستان، دەربڕیبوو. دەنگێکی تۆمارکراو کە 12 کاتژمێر پێش ڕووداوەکە تۆمار کراوە، پێشان دەدات کە ئەم مۆڵەتانە بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی نایاسایی لەم چەشنە کەڵکاوەژۆیان لێ دەکرێ. بەپێی ئەو دەنگە تۆمارکراوە:

“تۆڕێکی مافیایی ئەم مۆڵەتانەی بە نرخێکی نزمەوە –نزیکەی 5 ملیۆن تمەن- وەرگرتووە و بە نرخی بەرزەوە، تا 50 ملیۆن تمەن دەیانفرۆشێ. دواکڕیار کە بە شێوەی ئاسایی دەبێتە تاکی بەرپرسی دەرکێشان، ناچار دەبێت تا زۆرترین کەڵکی ڕێپێدراو وەرگرێ -کە زۆر جار بەهای دەبێتە ژیانی دارەکە- و هەوڵی دەرکێشانی شیلە و تەنانەت بڕینەوەی دارەکە بدات تا زۆرترین قازانجی دەست کەوێت. ئەم ڕەوتە بازرگانییە، توانج و جوانیی دارەکان کەم دەکاتەوە و هاوسەنگیی سروشتییان لەناو دەبات.”[23]

ڕەخساندنی هەلی لەبار بۆ پەرەسەندنی تۆڕی مافیاییی لەم چەشنە لە کوردستان، دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییە دژەژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم دزەکردنەی “مافیا نۆڕماڵیزەکراوەکان” لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کورداندا، کە درێژەی ستراتیژیی بەربڵاوتری کۆماری ئیسلامی بۆ “داگیرکردنی دڵ و مێشکەکانە”، وەک محەممەد برووجێردی، فەرماندەی سوپای پاسداران و بەگێرانەوەی سەلاحی خەدیو وێنای کردبوو، هێشتا تەواو نەبووە.[24] چونکە ڕوانگەی هێزی نەرم تا ڕادەیەکی زۆر ناسەرکەوتوو بووە، دەوڵەتی ئێران ئێستا بەکارهێنانی زەبر و زۆر بەپێویست دەزانێت. کەڵکوەرگرتن لە هێندێک کورد–کە بەهۆی پێداویستی یان ناهۆشیاری و نەزانینەوە ئەبنە ئامرازگەلێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی توندوتیژی دژی ژینگەی کۆماری ئیسلامی- بووەتە کاریگەرترین و هەرزانترین شێواز بۆ لەناوبردنی ژینگەی کوردستان.

ئەم ڕوانگەیە پاڵپشتی لە پلانە ڕووخێنەرەکانی دەوڵەتی ئێران دەکات، ئەو پلانانەی کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کەلەپووری کولتووریی کوردستان هەیە. چالاکانی بواری ژینگە، کە کەوتوونەتە تەنگەژەی نێوان پاراستنی ژینگە و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران، زۆر جار بەشێوەی نەخوازراو بەشداریی خەباتگەلێک دەکەن کە هەڕەشە و مەترسی دەخاتە سەر ژیانیان. وتووێژەکانی من ڕاپۆرتی هۆشداردەر دەخەنە ڕوو لەسەر چالاکییەکانی سوپای پاسداران بۆ لەناوبردنی دارستانەکانی کوردستان و کێشە داهاتووەکانی چالاکانی بواری ژینگە کە نەیاری ستراتیژە ڕووخێنەرەکانی ئێرانن. یەکێک لە بەشداربووان (بەشداربووی ژمارە 4، پشتڕاستکراو لەلایەن بەشداربووی ژمارە 2) جەختی لەسەر دزەکردنی بەربڵاوی سوپا کردەوە و گوتی: “لەحاڵێکدا کە لە وردەکارییەکانی دابەشکردنی زەوی ئاگادار نیم، بەڵام زۆر دیار و ناسراوە کە ئەو کەسانەی کارتی پەیوەندی لەگەڵ سوپایان هەیە دەتوانن سێ هێندە زەوی بە داگیرکردن و لەناوبردنی دارستانەکانەوە بەدەست بێنن.” نموونەی وەها هەڵسوکەوتێک لە شارەکانی مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری وەک ڕەشەدێ، گوێزەکوێرە و لەنجاوە ڕاگەیێنراوە، لەم شوێنانەدا کەسانێک کە پێدەچێ پەیوەندییان لەگەڵ سوپای پاسداران هەبێ، لە مامەڵەکردنی زەوییەکاندا کەڵکاوەژۆی خەڵکی دیکە دەکەن.

دەوڵەتی ئێران لەڕێگەی یاسا دژە ژینگەییەکانەوە، ستراتیژیی ڕووخێنەری خۆی لە کوردستان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکات. بۆ نموونە، هاوپێچی ماددەی 2ی یاسای بودجەی 2000، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئاشتییەوە زیاد کراوە، تەرخانکردنی “زەوییە گشتی و وەقفکراوەکان” بەو کەسانەی کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئەو زەوییانە بە ڕێپێدراو دەزانێ. ئەم ماددەیە بەکردەوە داگیرکردن و گواستنەوەی نایاساییی زەوییە گشتییەکان ئاسان دەکات و ڕێگە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ خۆش دەکات کە ئەم زەوییانە بە نرخی داشکاو و لەڕێگەی پلانی فرۆشی 20 ساڵەوە بفرۆشێت. سەرەڕای ئەمە، ماددەی 6، مافی خاوەندارێتی دەداتە ئەو جووتیارانەی زەوییە گشتییەکان دەکێڵن؛ لەحاڵێکدا کە یاسا بەشێوەی فەرمی ئەم مافگەلە تا ساڵی 2007 بە فەرمی دەناسێت، ئەو جووتیارانەی لەنێوان ساڵەکانی 1986 تا 2009 ئەو زەویگەلەیان کێڵاوە، مۆڵەتی 99 ساڵەیان وەرگرتووە و بۆیە بەتایبەتیکردن و گۆڕینی زەوییە گشتییەکان بۆ خاوەندارێتیی تایبەت جێگیر دەکات.[25]

ئەم یاساگەلە ڕێگە بۆ دزان و داگیرکەرانی زەوی خۆش دەکەن تا ناوچە سروشتییەکان داگیر بکەن و هاندەری لەناوبردنی دارستانەکانە. لە وەها دۆخێکدا، دارستانە بەربڵاوەکان و جێبەجێکردنی ستراتیژەکانی سڕینەوە و ئەمنییەتی لە کوردستان، وەها یاساگەلێک ئامرازە یاسایی و کردەوەییەکان بۆ لەناوبردنی دارستان و لەوەڕگەکان ساز دەکەن و هاوکات دزەکردنی مافیا حکوومەتییەکان بەهێز دەکەن و ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەم مافیایە گەشە پێ دەدەن. شەعبان ئەسەدی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە و لەوەڕگەکان، ئەم پلانەی وەک پلانێکی کارەساتبار وێنا کردووە و دەڵێت: “بە پەسندکرانی ئەم پلانە، ئەنجومەن (مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران) بە کردەوە ڕێگەی گواستنەوەی 8 ملیۆن دۆنم لە زەوییە داگیرکراوەکان بۆ داگیرکارانی کردووەتەوە”.[26] ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵ، یەکێک لە گرنگترین “ڕێکخراوەکانی پەرەسەندنی” حکوومی لە کوردستان، بە سازکردنی تۆڕی دزین و داگیرکردنی زەوی و نۆڕماڵیزەکردنی ئەم ڕەوتە،  پشتگیریی ئەم ستراتیژییە ڕووخێنەرەی کردووە و سیستەمێکی بەربڵاوی لە چالاکییە پەیوەندیدارەکان و بەکرێدانی زەوی هێناوەتە ئاراوە تا داهاتەکانی بەکارهێنانی زەوی زیاد بکات.

بە وتەی سەرۆکی ڕێکخراوی دارستان و لەوەڕگەکانی ئێران، ئەو یاسایەی پێشتر ئاماژە و شرۆڤەمان کرد، “خەڵات و دیارییە بۆ داگیرکەرانی ناوچە سروشتییەکان کە ڕێگەی داگیرکردنی سەرچاوە سروشتییەکانیان بۆ خۆش دەکات.”[27] ئەم سیاسەتە دەرکەکانی چالاکیی ڕێکخراو و بنکە ناچەکدارییەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ خێراکردنی ڕەوتی لەناوبردنی ژینگە و سەرکوتکردنی چالاکەکانی کورد بواری ژینگەی کردووەتەوە. هەربۆیە لەئەنجامدا، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ڕەوتی سەرکوتکردنی چالاکانیان لە کوردستان بە کۆمەڵێک هەوڵ و هەنگاوەوە توند کردووەتەوە، بەتایبەت دەستبەسەرکردنی بەردەوام، دەستبەسەرداگرتن و تەنانەت کۆچی دواییی گوماناوی.

ناسیۆنالیزم، کوردایەتی و شەریف باجوەر

ئەم بەشە بریتییە لە شیکردنەوەی بۆچوونەکان لەسەر چالاکییەکانی باجوەر، کۆچی دوایی ناوبراو و کاریگەرییەکانی لەسەر تاک، بزووتنەوە سیاسی و ناسیۆنالیستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شیکردنەوەکان تەرکیز دەخەنە سەر گێڕانەوە سەرەکییەکان لەو کۆمەڵگەیەی باجوەر و هاوڕێکانی تێیدا ژیاون. هەروەها ئامانج پێشاندانی پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزمی باجوەر و ژینگەیە و ئەم باوەڕە دەخاتە ژێر پرسیار کە چالاکییەکانی بواری ژینگە بەشێوەی جەوهەری لەگەڵ بیرۆکە ناسیۆنالیستییەکان ناکۆکن و یەک ناگرنەوە. ئەم باوەڕە زیاتر دەگەڕێتەوە سەر ئەو بیرۆکەیەی کە ناسیۆنالیزم بەدووی گەیشتن بە دەوڵەتی نەتەوەیییە، لەحاڵێکدا کە ژینگەگەرایی و لە ناخی خۆیدا هۆشیاریی ئێکۆلۆجیک، ئامانجی گۆڕانکاریی بنچینەیی لە پەیوەندیی مرۆڤ و سروشتە (دابسۆن، 2000:10-26). هەندێک بەڵگە دێننەوە کە ژینگەگەرایی ناتوانێ پلانێک بۆ کۆمەڵگەیەکی ئیدەئال بخاتە ڕوو و ناتوانێ جێی ناسیۆنالیزم بگرێتەوە (مالۆی، 2009:5).

تەباییی نێوان ناسیۆنالیزمی کورد و ژینگە، زۆرجار وەک دیاردەیەکی دوور و نەگونجاو هەژمار دەکرێ. ناسێنەی کوردی کە لە چوارچێوەی پەیوەندییە نایەکسانە ئەتنیکی و نەتەوەییەکانی سەردەست-بندەست فۆرمی گرتووە، لە لایەن دژبەرانییەوە بە بەردوەامی وەک دواکەوتوو، لەژێر کاریگەریی دەستێوەردانی دەرەکی و یان تێکەڵێک لە هەر دوو هۆکاری ئاماژەپێکراو وێنا دەکرێت (سلێمانی و شوجاعی، 2025). هەربۆیە دەبڕین و دەرکەوتەکانی ناسێنەی کوردی زۆر جار بەئەنقەست وەک ناوچەیی و عەشیرەیی، سەرەتایی و لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی بەڕواڵەت گشتگیری دەوڵەتیدا، پێناسە دەکرێن. لە ئێران دیسکۆرسی ناسیۆنالیستییە زاڵ -بە لایەنی چەپ، ڕاست یان ئیسلامییەکانەوە- هەوڵ دەدا ناسیۆنالیزمی کوردی ناتەبا و ناکۆک لەگەڵ مۆدێڕنیتە بخاتە ڕوو. لەم چوارچێوەیەدا، جەوهەری پێشکەوتنخوازنەی ژینگەپاڕێزیی کورد، وەک شتێکی جیاواز لە سیاسەت و ناسێنەی کوردی تێدەگەن. ئەم بۆچوونە سەبارەت بە کورد، دەیەوێ وا بگەیەنێ کە گوایە کەڵکەڵە ناسێنەییەکان بەزۆری دەکەونە دەرەوەی بزووتنەوە ژینگەپارێزیی کوردی (گۆرلەی، 2018).

ڕاپۆرتێکی سەرەتاییی بەشی فارسیی بی.بی.سی لەسەر کۆچی دواییی باجوەر و هاوڕێکانی، نموونەیەکی بەرچاو لەو هەوڵە فارسیگەرایانەیە بۆ مەودا سازکردن و دوورکردنەوەی ناوبراو (وەکو ژینگەپارێز) لە سیاسەتی ناسێنەخوازیی کورد. ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە دەکات بە پێگەی بەرز و بەڕێزی باجوەر لە کۆمەڵگەی کوردستاندا و ناوبراو وەک کەسایەتییەکی بەڕێز و جیاواز لە “مانۆڕە سیاسیییە لۆکاڵ و ناوچەییەکان و خەباتی چەکدارانە” پێناسە دەکات کە زۆر جار ئەو دووە وەک هاوڕێ و درێژەی ئارمان و ئامانجەکانی کورد دەستنیشان دەکرێن. لە بەرانبەر ئەوەدا، بی.بی.سی باجوەر وەک “چالاکێکی مافە مەدەنییەکان و پابەند بە دژایەتی لەگەڵ توندوتیژی، ئاشتیخواز و تەبایی لەگەڵ ژینگە” پێناسە دەکات. ئەم وێناکردنە بە ئامانجی کاڵ و بەرتەسککردنەوەی گرنگیی سیاسیی و بەربڵاوی خەباتی کوردی، جەخت لەسەر بەڵێن و پابەندبوونی باجوەر بە چالاکیی ناتوندوتیژانە و ژینگەیی دێنێتە ئاراوە و وەک نموونەیەکی دەگمەن لەبەرانبەر گێڕانەوەی ئاسایی (سەبارەت بە کورد)، باجوەر پێناسە دەکات. هەربۆیە، ڕاپۆرتەکە هەوڵی داوە هەوڵەکانی باجوەر لە ئامانجە بەربڵاوە سیاسییەکانی خەڵکی کورد جودا بکاتەوە کە بی.بی.سی وەک توندوتیژانە و ناهێمن وەسفیان دەکات.

“هەتاو ڕێتە و نێرگز چاوتە ئای لالۆ گیان لالۆ” (وێڕای سپاس بۆ چیا).

وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، توێژینەوەکانی ئەم دواییانە بەشێوەیەکی هەڵچوو، جەخت لەسەر پەیوەندیی لێکدانەبڕاوی ناسیۆنالیزم و ژینگە دەکەنەوە، بەتایبەت لەو بەرخۆدانانەی کە خاک و ناسێنە دەبنە تەوەر و ناوەند. سکای (2011b) دەڵێت ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە لە ڕوانگەی ئەزموونەکانی ژیانەوە تێگەیشتنی بۆ دەکرێ، کە ڕەهەند و لایەنە کولتووری، سیاسی و جوگرافیاییەکانی نیشتمان تێیدا دەورێکی سەرەکی و گرنگ دەگێڕن. کە بێتە سەر ئێکۆناسیۆنالیزمی کوردیش، سروشت و ژینگە تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ناسێنە و مێژووی نەتەوەیی گرێ دراون. وشەی وەک “سروشت”، “شاخەکان”، “دارەکان” و “ڕووبارەکان” بەشێوەی بەردوام لە ئەدەبیات و دیسکۆرسی کوردیدا دەردەکەون. ئەم وشەگەلە پرۆسەی چێکردنەوەی “جیهان-سازی” نەتەوەیی (سپیڤاک، 1999) دەنوێننەوە و پارادۆکسی دوانەی “خۆ” و “ئەویتر” بەهێزتر دەکەن کە شێوازی ئامادەبوونی نەتەوە لە ئاقاری پێبەندبوون و هۆگرایەتیی نەتەوەیی دەستنیشان دەکات. داوسۆنیش (2000) هەر لەم پەیوەندییەدا دەڵێت ژینگەگەرایی زۆر جار وەک بەستێنێک بۆ دەربڕینی ئامانجە ناسیۆنالیستییەکان بەکار دەهێنرێ، بەتایبەت ئەوکاتەی کە زەوی و سروشت بەشێوەیەکی پێکەوەگرێدراو لەگەڵ ناسێنەی نەتەوەیەک دەبینرێن. ئەم خاڵە لە ڕاگەیێنراوەکانی ڕێکخراوە ناحکوومییە کوردییەکاندا بەڕوونی دەکەوێتە بەرچاو کە جەخت لەسەر پاراستنی ژینگەی نیشتمان وەک کردەوەیەک بۆ خزمەتی نەتەوەیی دەکەنەوە.

چالاکییەکانی باجوەر نموونەیەکن لە تێکەڵاوبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی و هۆشیاریی ژینگەیی. پەیمان و بەڵێنی ناوبراو لەسەر پاراستنی ڕووبارەکان، دارستانەکان و شاخەکانی کوردستان، تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ئامانج و خولیا ناسیۆنالیستییەکانی گرێ درابوو کە تەنیا بازنەی ژینگەی نەدەگرتەوە و تا پاراستنی نیشتمانی کوردیش پەلی هاویشتبوو. ئەم شێوازە لە ئێکۆناسیۆنالیزم، لەگەڵ ڕەوتێکی بەربڵاوتر کە داوسۆن (2000) دەستنیشانی کردووە، لەسەر یەک ئاراستەن و پێشان دەدات کە کەڵکەڵە ژینگەییەکان زۆر جار، بەتایبەت لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکاندا، وەک بەستێنێک بۆ خولیا و ئامانجە ناسیۆنالیستییەکان دەجووڵێنەوە. توێژینەوەکانی داوسۆن لە وڵاتانی بالتیک پێشان دەدەن ژینگەگەرایی دەتوانێ پێکەوەژیانی هەبێ و هەمیش ناسێنەی نەتەوەیی بەهێز بکات، بەتایبەت لە بەستێنە تۆتالیترەکاندا (داوسۆن، 2000). ئەکت و کردەوەی لە چەشنی باجوەر، پێشان دەدات چالاکییەکانی بواری ژینگە دەتوانن ئامرازێکی بەهێز بن بۆ دەربڕین و بەردەوامبوونی هۆگرایەتیی نەتەوەیی، دیاردەیەک کە پاش توێژینەوەکانی ئەم دواییانە لەسەر ئێکۆناسیۆنالیزم پشتڕاست کراوەتەوە (ئارۆنچیک، 2024؛ کۆنڤێرسی و فریس، 2021، کرنالێجین، 2023).

مێژووی مودێرنی کوردستان تیشک دەخاتە سەر بیرۆکەی ناسیۆنالیستیی ئەو کەسایەتییانەی جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگبوونی دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کولتووری و سیاسی کورد لە چوارچێوەیەکدا کە ڕێز بۆ پەیوەندییە هاوبەشەکانن کورد لەگەڵ نەتەوەکان و گرووپە ئەتنیکی-نەتەوەییەکان دیکە دادەنێت. بۆ نموونە، کەسایەتییەکانی وەک شێخ عوبەیدوڵڵا (کۆچی دوایی 1883ی زایینی) و مەلا سەعید کوردی (کە وەک “سەعید نوورسی”ش دەناسرێ، 1877-1960) بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆلە هەردوو دەسەڵاتی قاجاڕ و عوسمانی چالاکییان دەکرد و نموونەی جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی کوردی بوون کە داواکاریی مافی دیاریکردنی چارەنووس و دەستنیشانکردنی جیاوازیی کولتووریی هەبوو بەبێ ئەوەی کێشەی لەگەڵ بەرژەوەندی یان بوونی سەربەخۆیی نەتەوەکانی دراوسێ هەبێت (سلێمانی، 2016a, 2016b). لە ساڵی 1880، شێخ عوبەیدوڵڵا ڕایگەیاند: “هەموو ئەو شتەی بە ئێوەم ڕاگەیاندووە، لە خۆشەویستیی منەوە بۆ فارس وەرگیراوە” (جەلیل، 2007:49-50). ئەمە پێشان دەدات کە هەندێک لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی کورد، لەدرێژەی مێژوودا، لەدووی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ و دەستنیشانکردنی کولتووریدا بوونە بەبێ ئەوەی  نەیاری بەرژەوەندی یان بوونی نەتەوەکانی دراوسێیان  بن.

هەربۆیە، باجوەر نموونەیەک بوو لە جۆرێک “ناسیۆنالیزمی هاوسۆز” کە بە ڕێزی قووڵەوە بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئازادی و یەکڕیزیی جیهانی -بەتایبەت بەرانبەر نەتەوەی کورد- دەناسرێ. چالاکییەکانی ناوبراو پشتیان بە تێگەیشتنی نێوان “خۆ” و “ئەویتر” و “دەرەکی یان بێگانە” دەبەست، هەروەک “جوولیا کریستۆڤا”ی فەیلەسووف شرۆڤەی دەکات (کریستۆڤا، 1991:96) و جەخت دەکاتەوە کە لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمدا، جیاوازیی نێوان “ئەویتر” -ئەو بنکەگەلەی دژی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە دەجووڵێنەوە- و “دەرەکی” بە واتای بێگانەکانی دەرەوەی بازنەی نەتەوەیی، زۆر گرنگ و جێی ئاوڕدانەوەیە. باجوەر هاوسۆزی و یەکڕیزیی لەگەڵ ناکوردەکان بۆ خەبات دژی نادادپەروەری دەردەبڕی، بەڵام بەئاشکرا لەنێوان “نەتەوە دەرەکییەکان” و “ئەویتر”، کە لە بۆچوونی ئەودا نوێنەری دەوڵەتی سەرکوتکەری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، جیاوازیی دادەنا. ئەم جیاوازییە زۆرجار پشتگوێ دەخرێ و نابینرێ، بەڵام بۆ تێگەیشتنی ڕوانگەی ئێکۆناسیۆلیستیی باجوەر کە بەدووی یەکڕیزیی نێوان نەتەوە ستەملێکراوەکانەوە بوو، زۆر پێویستە بەبێ ئەوەی دەوڵەتی ئێران یان دەوڵەتەکانی دیکە لە چەمکی “دەرەکیبووندا” وەکوو یەک ببینرێن.

لە باوەڕی شەریفدا، “ئەویتر” نوێنەری ئەو کەسانە بوو کە بەرپرسی توندوتیژیی سیستەماتیک، پێشێلکردنی مافەکانی تاک و کۆ و هەوڵ بۆ وێناکردنی خەبات وەک تاوان بوو. بەشداربووانی ژمارە 5 و 17 جەختیان کردووەتەوە کە “باجوەر، دەوڵەتی ئێرانی وەک “ئەویتر”ی سەرەکیی دەستنیشان دەکرد”، و زۆر جار دەیگوت: “هەموومان دەزانین ئاشۆی ڕاستەقینە لە کوردستان کێیە.” لە باوەڕ و ڕوانگەی شەریفدا، دەوڵەتی ئێران “ئەویتر”ی کوردی لەڕێگەی زاڵبوونی کولتووری، زمانی و سیاسی، هەروەها کەڵک‌وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان، ڕووخاندنی ژینگە و کۆلۆنیالیزەکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی وێنا دەکرد و ئەم هەوڵانەش بە زۆر و زەبرەوە جێبەجێ دەکران (بڕوانە بەیکۆن، 2019). چەمکسازیی ناوبراو لە “ئەویتر” دەگەڕایەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەوانە کە گێڕانەوە هەژموونیکەکانیان دەسەپاند تا زاڵبوونی خۆیان بپارێزن، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە خۆیان پەراوێز بخەن و خۆیان بهاوێنە ناوەندی دەسەڵات و دیسکۆرس. وەک بەشداربووی ژمارە 4 دەڵێت: “باجوەر لەڕێگەی چالاکییەکانی بواری ژینگەی خۆیەوە، هەوڵی دەدا هەموو لایەنەکانی ئەو نیشتمانەی پێی دەڵێین کوردستان، بپارێزێ و کۆتایی بە پەراوێزخستنی بێنێ و بیگەڕێنێتەوە ئەو پێگەیەی شیاویەتی” (هەروەها بەشداربووی ژمارە 10).

بۆچوون و ڕوانگەی شەریف بەرانبەر بە پرسی کورد، لە کردەوەدا خۆی دەردەخست و بۆ هەوڵ و کردەوە بەها و پلەیەکی بەرزتری لە دروشم و وتە دادەنا. ئەم ڕوانگەیە لە وتەکانیدا بەردەوام دەبینرێت: “کاتێک نوقمی ئاگرین، سەرکوتکرانی تەواو لەلایەن دوڵەتەوە نامومکین دەبێ و لەباتیدا، ئاسانکاری بۆ چالاکییە مەدەنییەکان لە کوردستان دەکات” (بەشداربووانی ژمارە 8 و 11). داهێنانە مەدەنییەکانی ناوبراو، وەک “هەینییەکانی میهرەبانی” لە مەریوان، ئەم ستراتیژییە بە جوانی پێشان دەدات. بەشداربووی ژمارە 7 ئەم داهێنانە وەک هەوڵێکی ئامانجدار بۆ بەهێزکردنی خۆهۆشیاریی بەکۆ و کۆکردنەوەی هێز لە کاتی پێویستدا وێنا دەکات.” (بەشداربووی ژمارە 10یش پشتڕاستی کردووەتەوە).

ئامانجی شەریف ئەوە بوو کە تێفکرینێکی بەکۆ لە کۆمەڵگەدا چێ بکات کە بتوانێ پاڵپشتی لە هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان کورد و ناکوردەکان بکات. ئەم هەوڵە ژیرانەیە دەکرێ وەک وەڵامێکی تاکتیکی بە گوشارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەوروبەری خەباتی کورد، هەروەها وەک دانپێدانانێک بە ئەمنیناسیی ئانتۆلۆژیک (هەبوونناسنانە)ی کوردستان تێگەیشتنی بۆ بکرێ (بڕوانە ڕوومێلیلی، 2015)، بەتایبەت لەنێوان فەزای سیاسیی ئاڵۆزی سەردەم و پاش سەردەمی ڕیفۆرمخوازەکان.

پراگماتیزم و کردەوەتەوەریی شەریف دەچێتە نێو چالاکییەکانی بواری ژینگەی ناوبراو، ئەو چالاکییانەی ناوبراو، بۆ پێکهێنانی گۆڕانکارییەکی بەربڵاوتر لە شێوازە سیاسییە نەریتییەکان. بەشداربووی ژمارە 14 جەخت لەسەر ئەو بەڵێنە دەکاتەوە و دەڵێت ژینگەپارێزیی باجوەر تەرکیزی دەخستە سەر پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بەتایبەت ئاو، خاک و گژ و گیا و بوونەوەرەکانی کوردستان (هەروەها لە وتووێژ لەگەڵ بەشداربووی ژمارە 7 ئاماژەی پێ دراوە). سەرەڕای ئەمە، بەشداربووانی ژمارە 10 و 17 دیتوویانە کە “ژینگەپارێزیی شەریف بەشێوەیەکی قووڵ لەگەڵ ناسێنەی کوردیی ناوبراو پەیوەندیی هەبووە”، کە پێشان دەدات هەوڵەکانی ناوبراو بەشێکی لێکدانەبڕاو لە ئامانجە ناسیۆنالیستییەکانی بووە. باجوەر زۆر جار بەبۆنەی ڕوانگەی کردەوەتەوەری لە بواری ژینگەدا دەناسرێ. بەشداربووانی ژمارە 13 و 20 ئاماژە بەوە دەدەن کە: “ناوبراو پاراستنی ژینگەی وەک بەرپرسایەتیی خۆی دەبینی و کەسێکی چالاک و بڕوادار و بەئەمەگ بەرانبەر کردەوە بوو”. سەرەڕای ئەمە، بەشداربووی ژمارە 18 گوتی باجوەر لەسەر ئەو باوەڕە بوو: “هەموو شتێک لە زەویدا، وەک گژ و گیاکان، بوونەوەرەکان، شاخ و ڕەوەزەکان پێویستیان بە پاراستن هەیە، چونکە بۆ خۆیان هیچ پاڵپشتێکیان نییە” (هەروەها بەشداربووی ژمارەی 2 ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە).

گێڕانەوەی بەشداربووانی توێژینەوەی ئێمە تێکڕا پێشاندەری ئەوەن کە داهێنانەکانی ناوبراو لەسەر ژینگە، لە ئامانج و خولیا ناسیۆنالیستیەکانی جودا نەبوونە، بەڵکوو بەشێوەیەکی قووڵ گەڕاونەتەوە بۆ بەڵێنی ناوبراو بەرانبەر سەروەریی خاک و ناسێنەی کولتووری کوردستان. چالاکییەکانی بواری ژینگە و داهێنانە مەدەنییەکانی ئەو، پێشاندەری ستراتیژێکی جێگیرە بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و بەرەوپێشبردنی ناسێنەی کوردی. لەڕێگەی “هەینییەکانی میهرەبانی” و هەوڵە بەکردەوەییەکانی دیکەی، باجوەر نموونەیەک لە ناسیۆنالیزمی هاوسۆزی هێنایە ئاراوە کە لە سنوورە نەریتییەکانی سیاسەتەوە تێدەپەڕێ و بە شێوەی ڕاستەوخۆ پاراستنی ژینگە لەگەڵ پلان و بەرنامەی ناسیۆنالیستی گرێ دەدات. وتووێژەکان پێشاندەری ئەوەن کە باجوەر تێگەیشتنێکی قووڵی لە کاریگەرییە مێژووییەکانی سیاسەتە توندوتیژانەکانی ئاسیمیلاسیۆن (تواندنەوەی کولتووری و زمانی) و لەمپەرە جیدییەکانی بەردەم سەربەخۆییی کورد هەبووە. ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە “توندوتیژیی دژی کورد لەمپەری بەدیهاتنی سەرەتاییترین مافەکانیانە” (بەشداربووانی ژمارە 5 و 17). باجوەر لەحاڵێکدا بەوپەڕی هێزەوە داکۆکی و پاڵپشتیی لە خەباتی کورد دەکرد، هەروەها داکۆکیی لە یەکڕیزیی بەهێزتر لەگەڵ گرووپە ستەملێکراوەکانی دیکەی جوگرافیای ئێران دەکرد. ئاسۆی ستراتیژیی ناوبراو دوو فاکتەری سەرەکیی دەگرتەوە: “یەکەم، بەرخۆدان و خەبات بەرانبەر کۆماری ئیسلامی و لەئەنجامدا ڕووخاندنی؛ دووەم، پێکهێنانی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانی دیکەی وەک بەلووچەکان، تورکەکان، لوڕەکان و عەرەبەکان (بەشداربووانی ژمارە، 1، 11، 19 و 20).

باجوەر تا ڕادەیەکی زۆر ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر داهاتووی کورد بوو و لە توانای دەوڵەتی ئێران بۆ دووبەرەکی ‌نانەوەی نێوان کورد و ناکوردەکان بەجوانی تێدەگەیشت. ناوبراو بینیبووی دەوڵەتی ئێرانی لە تاکتیکە جۆراجۆرەکانی ئایدلۆجیک، ئایینی و ئابووری بۆ بەردەوامکردنی کەلێن و جیاوازییەکانی نێوان نەتەوە بندەستەکان کەڵک وەردەگرێ. هەروەک لە وتووێژی ژمارە 5دا جەختی لەسەر کراوەتەوە، ناوبراو “ژیرانە تێگەیشتبوو کە توندوتیژیی دژی کوردان سەرەکیترین بەربەستی بەدیهاتنی مافە بنچینەییەکانی نەتەوەی کوردە” (ئەم خاڵە لە وتووێژی ژمارەی 17یشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە). سەرەڕای ئەمەش، باجوەر ئەو خاڵەی پشتڕاست کردبووەوە کە یەک لە تاکتیکەکانی دەوڵەتی ئێران، ڕاکێشانی وەفای لایەنی بەتوانای کورد و ناکوردە، بەمەبەستی هاندانی کێشە و ناکۆکییە ئەتنیکییەکان و لەهەمان‌کاتدا، خۆی وەک هێزێکی ئەرێنی بۆ جێگیربوون و هێمنایەتی لە ئێران پێناسە دەکات.

لە فەزای ئەمنیکراوی کوردستاندا (سلێمانی و محەمەدپوور، 2020) باجوەر لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە تەنیا ڕێگەی خولقاندنی فەزای سیاسی بۆ کورد و پاراستنی ژینگە، بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاگرەکان و هەڕەشە و مەترسییەکانی بواری ژینگەیە. هەر ئەم باوەڕەش ناوبراوی هان دا بۆ پێنج ساڵی ڕەبەق، زۆر جار بە تەنیا، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بچێت و تا دوایین ڕۆژی ژیانی ئەو گۆڕەپانەی بەجێ نەهێشت. باجوەر زۆر جار دەیگوت: “کاتێک کە لەگەڵ ئاگرەکان ڕووبەڕوو دەبینەوە، ڕێگەی چالاکیی مەدەنی لە کوردستان خۆش دەبێت و سەرکوتکردنی تەواومان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە نامومکین دەبێ” (وتووێژەکانی ژمارە 8 و 10).

پەیوەندیی هەستیارانە و تێگەیشتنی چەمکیی شەریف لە چیای زاگرۆس، پێکگەیشتنی ناسیۆنالیزم و ژینگەگەرایی و هەروەها پەیوەندییە قووڵە مێژووییەکانی ئەوی لەگەڵ ئەو ئاسۆیە زەق دەکاتەوە. ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە: “ئاخێزگەی کوردان، چیاکانی زاگرۆسە… ناسێنەیان لەگەڵ ناسێنەی زاگرۆس گرێ دراوە” (وتووێژی ژمارە 2 و هەروەها ژمارە 6). ئەم بۆچوونە، پێشاندەری ئەرکێکی هاوبەشی خەڵکی زاگرۆسە بۆ پاراستنی نیشتمانیان. شەریف لە سەرەتادا وەک پێشمەرگە و هێزی شاراوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە خەباتی ناسیۆنالیستیدا چالاک بوو. بەڵام پاش کوژرانی یەک لە هاوڕێیانی و کۆچی یەکی دیکەیان، تەرکیزی خۆی خستە سەر چالاکییە مەدەنییەکان و چالاکییەکانی بواری ژینگە، بەڵام بەردەوام لەسەر بڕوا ناسیۆنالیستییەکانی پێداگر بوو. بەتایبەت، ڕێکەوتی زەماوەنەکەیشی لە شازدەی ئاب -کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی بنیاتنانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- هێمای پەیوەندیی بەردەوامیەتی لەگەڵ ئامانجی نەتەوەیی (وتووێژەکانی ژمارە 2 و 6).

باجوەر، ڕێز و خۆشەویستییەکی ئێجگار قووڵی بۆ د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو، سەرۆکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) هەبوو؛ کەسێک کە ساڵی 1989 لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و لەسەر میزی دانوستان لە ڤییەنا تیرۆر کرا. ناوبراو، قاسملووی وەک مامۆستا و ڕێنمایەک دەبینی و کاریگەریی قاسملوو لە ڕێبازی چەپ و داکۆکیی باجوەر لە مافی دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورددا بەئاشکرا دەبینرێ؛ مافێک کە باجوەر وەک مافێکی سەرەکی بۆ هەموو نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران ئاماژەی پێ دەدا (وتووێژەکانی ژمارە 2 و ژمارە 6). ئەگەرچی بیر و بۆچوونەکانی باجوەر لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێستای حدکا کۆمەڵێک جیاوازیی هەبوو، بەڵام لە زۆر بابەتدا لەگەڵ بۆچوونە مارکسیستی-لێنینیستییە سەرەتاییەکانی قاسملوو یەک دەگرنەوە. قاسملوو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە سەرکوتکردن و دابەشکردنی کوردستان نموونەی  زیندووی بەردەوامیی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکە کە لە سەردەمی ئێستاشدا (لە کوردستان) بەردەوامە؛ دۆخێکی دەگمەنە کە پێکهاتەی کۆلۆنیالیستیی نەریتی لەوێدا هەر وەکوو خۆی ماوە (بڕوانە قاسملوو، 1996 (1965): 334-318). باوەڕی تەواو و بەهێزی باجوەر بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و حاکمییەتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم کەلەپوورە فکرییە. ئەم بابەتە لە پرسەنامەیەکدا کە بۆ وەسفی ئەو هۆنراوەتە و ڕۆڵی زەقی ناوبراو لە ناسیۆنالیزمی کوردیدا پێشان دەدات. لەو هۆنراوەیەدا هاتووە: “تۆ بە هێزێکی پیرۆزەوە…”.

بۆ پاراستنی دایکان بەرانبەر بە بێ‌هیوایی فرمێسکەکان،

 بۆ تێکەڵاوکردنی هاوڕێیەتییەکان لەگەڵ ڕووناکیی هەتاهەتایی،

بۆ هەڵگیرساندنی ئاگری شادی،

 سروودی دەگمەنی نەتەوە و نووسینی حەقیقەت لە فڕینی بێ کات و ساتی مێژوو.[28]

نزیک بە حەوت ساڵ پاش کۆچی دواییی باجوەر، پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە. سەرەڕای کاریگەریی گرنگی ئەو لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی –بەشێوەی بەرچاوتر کاریگەریی باجوەر لەسەر ئێکۆناسیۆنالیزم- ئایا کەموکووڕیی ئاشکرا لە میراتی ناوبراودا بوونی هەیە؟ یەکێک لە پرس و کەڵکەڵە سەرەکییەکان، کاریگەریی ناوبراوە لەسەر پەرەپێدانی ڕێبەرایەتیی ژنان لە بزووتنەوە ژینگەییەکانی کوردستان. ئەگەرچی گومان لەوەدا نییە کە هاوسەرەکەی واتە دادە نازدار، یەک لە بەوەفاترین پشتیوانەکانی باجوەر بوو –کە بەڵێن و پەیمانێکی هەرمانی لەسەر ئامانجەکانی ئەو بوو، بەشداریی لە داهێنانە جۆراوجۆرەکانی ئەودا دەکرد و ئامادەبوونێکی بەرچاو و چڕوپڕی لە چالاکییەکانی ئەودا هەبوو- بەڵام تێکەڵکردنی بەربڵاوی ژنان لە ڕۆڵی ڕێبەریدا سنووردار مایەوە. ئەم سنوورداربوونە بەتایبەت ئەوکاتە ئاشکرا دەبێت کە لەگەڵ ڕۆڵی زەق و بەرچاوی ژنان لە شۆڕشی ژینا بە دروشمی بەهێزی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ساڵی 2023دا، بەراورد بکرێ. ئەگەرچی ڕێبەرایەتی و بینرانی ژنان لە شۆڕشی ژینادا، تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە سەر هەوڵە سەرەتاییەکانی کەسایەتییەکانی وەک باجوەر، بەڵام جیاوازیی بەشداریی ژنان لە سەردەمی ئەودا بەئاشکرا دیارە.

بۆ نموونە لە زێدی باجوەر واتە شاری مەریوان، ئەوکاتەی هێزەکانی ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەئاشکرا سووکایەتییان بە ژنان دەکرد، پیاوانی کورد بە لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنانە و بەنیشانەی یەکڕیزی لەگەڵ ژنان، کاردانەوەیان هەبوو؛ کاردانەوەیەک کە یاسا ڕەگەزییە سەپێنراوەکانی دەوڵەتی ئێرانی دەخستە ژێر پرسیار و پێشاندەری سستبوون و هەڵوەشانەوەی بەربڵاوتری پێکهاتە نەریتییەکانی کوردستانیش بوو. بەڵام بەم حاڵەشەوە لەچاو گۆڕانکارییەکانی دواتردا، بەشداریی ژنان لە چالاکییەکانی بواری ژینگە لە سەردەمی باجوەردا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر بوو. ئەم ناکۆکییە دەبێتە بەستێنی تێفکرین و تێڕامانی بەربڵاوتر لەسەر داینامیکە ڕەگەزییەکان لە بزووتنەوەکانی بواری ژینگەی کورد و ڕۆڵی ڕوو لە هەڵکشانی ژنان لە دەستنیشانکردنی ئەو ڕێچکەیە. گرنگ ئەوەیە کە ئەم سنوورە تەنیا بە مانای نەبوونی دادپەروەریی ڕەگەزی لە بەرنامەی باجوەردا نییە، بەڵکوو بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرسە ڕەگەزییەکان نەدەکەوتنە ڕیزی کەمایەتییەکانی بزووتنەوەی ناوبراوەوە یان سنوورە پێکهاتەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، وەها دۆخێکیان ئەستەم کردووە. ئەم کێشەیە نەک تەنیا بۆ چالاکانی بواری ژینگە، بەڵکوو بۆ هەر چالاک یان تاقمێکی سیاسیی دیکە، بەدەر لە ڕێژەی توانا و خۆشەویستبوونیان، سنوور و لەمپەری جیددی دەهێنایە ئاراوە.

باجوەر، بە کراسێکی پرتەقاڵییەوە، لەگەڵ هاوسەرەکەی و هاوڕێکانی، خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لەسەر کوشتنی سەگێ (وێڕای سپاس بۆ ئەنجومەنی سەوزی چیا)

یەکی دیکە لەو بوارانەی پێویستی بە تێڕامان هەیە، خەبات لە دژی ستراتیژیی دەوڵەتی ئێران لەسەر دووبەرەکی‌نانەوە و ئاژاوەگێڕییە ئەتنیکی-ئایینییە بەردەوامەکانە؛ بەتایبەت لەنێوان کورد و تورکدا. سەرەتا، دەوڵەتی ئێران لە جیاوازییە ئایینییەکان بۆ هەڵکردنی ئەم ئاگرە کەڵکی وەردەگرت، بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتە دژەکوردییەکانی تورکیا، پەلوپۆی نوێی لێ کەوتووەتەوە. باجوەر بەجوانی لە مەترسیی هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ هاندان و هەڵگیرساندنی ناکۆکیی نێوان کورد و تورکی نێو ئەو جوگرفیایە ئاگادار بوو، ستراتیژیی “مێش کێشەیان دەناو کەوێ، پیاو دەتوانێ تێر بخەوێ” کە ئامانجی سستکردنی یەکڕیزیی نێوان ئەتنیکەکان بوو. بەم حاڵەشەوە، نە باجوەر و نە چالاکانی دیکەی بواری ژینگەی کورد یان تورک لە سەردەمی ئەودا، نەیانتوانی چارەسەرێکی ڕوون و کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیاسەتە بخەنە ڕوو. ئەمەش نابێ تەنیا وەک قسوورێکی تاکەکەسی یان ڕێکخراوەیی ببینرێت؛ بەڵکوو دەرەنجامی سنوورە پێکهاتەیی، ئایینی و ژیۆپۆلەتیکییە قووڵەکانە -هەم لە ئاستی ئێران و هەمیش لە ئاستی ناوچەکەدا-، واتە ئەو شوێنەی ئاگری کێشە و ناکۆکیی نێوان کورد و تورک لەلایەن دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیاوە بەردەوام فووی لێ کراوە.

لەئەنجامدا، پێویستە سنوورداربوونی دەستەواژە سیاسی و ئامرازەکانی شیکاریی بەردەستی باجوەر و چالاکانی دیکەی کوردی پێش ساڵی 2018 لە بەرچاو بگیرێ. لەم ساڵانەی دواییدا، ژینگەگەراییی کوردی زیاتر بەرەو دیسکۆرسی دژەکۆلۆنیالیستی چووە تا هەلومەرجی کۆلۆنیالیستیی زاڵ لەسەر ژیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو. ئەم وشەگەلە کە تازە بوونە باو، ئامرازی شیکردنەوەی بەهێزتریان خستووەتە بەردەست چالاکان تا پێکگەیشتنەکانی ڕووخاندنی ژینگە، پەڕاوێزخرانی ئەتنیکی و توندوتیژیی کۆلۆنیالیستی کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، تاوتوێ بکەن. بەڵام بەم حاڵەشەوە، لە سەردەمی باجوەردا وەها ئامرازگەلێکی چەمکی یان بەردەست نەبوون و یان هێشتا نەگەیشتبوونە ئەو پێگە پێویست و بەرچاوەی ئاوڕیان لێ بدرێتەوە. هەربۆیە ئەگەرچی ژینگەگەراییی ناوبراو دەگەڕایەوە بۆ بیری ناسیۆنالیستی، زۆر جار لەلایەن ئێلیتی وڵاتی دەسەڵاتدار -بەتایبەت فارسەکان- تەنیا وەک نیگەرانییەکی تەواو ژینگەیی دەبینرا، نەک وەک خستنەڕووی پڕۆژەیەکی دژەکۆلۆنیالیستی و ڕزگاریبەخش.

دەرەنجام

ئەم توێژینەوەیە کۆمەڵێک ڕوانگەی لەسەر گۆڕانی ناسیۆنالیزم و خەباتی کوردی لە چوارچێوەیەکی بەربڵاوتر لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکاندا خستە ڕوو. ئامانجی توێژینەوەکە تاوتوێکردنی گێڕانەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەسەر ژیان و هەوڵەکانی باجوەر بوو کە لە ڕێگەی دروشمەکانیانەوە گواسترابووەوە. ئەم دروشمانە لایەنگەلێکی گرنگ دەخەنە ڕوو و بوونەتە هۆی گۆڕانی جەوهەری لە ناسیۆنالیزمی کوردیدا، بەجۆرێک کە ئەو ڕەوتەیان گۆڕیوە بۆ دیسکۆرسێکی گشتگیر و کاریگەر کە “خۆ”ی کۆی پێک هێناوە و بەشێوەی سروشتی لەگەڵ هۆشیاریی ژینگەییی کوردی گرێ دراوە. ئەم جیاوازییە، “خۆ”ی کوردی لە “ئەویتر” و لە “بێگانە” جودا کردووەتەوە.

ئەم بزووتنەوەیە، نەک تەنیا زمانی سیاسی، ئەدەبیات و ڕوانگەکان بەرانبەر بە سروشتی لە کوردستان گۆڕیوە، بەڵکوو بە شێوەی بناغەیی، خەباتی کوردی تووشی گۆڕان کردووە. وەک بزووتنەوەکانی بواری ژینگە لە سەرتاسەری جیهاندا، ئەم بزووتنەوەیە بەشێوەیەکی لێزانانە پاراستنی ژینگە، جەختکردنەوە لەسەر ناسێنە و هەوڵ بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی پێکەوە تێکەڵ کردووە. لەم ڕێگەیەشەوە، چالاککردنەوەی ژینگەی دووبارە پێناسە کردووە و گۆڕەپان و ئاسۆیەکی نوێی بۆ بەهێزکردنی خەباتی بەردەوامی نەتەوەی کورد هێناوەتە گۆڕێ. چالاکانی کورد بە شرۆڤەی هەوڵەکانی بواری ژینگە وەک مەتەرێزەکانی خەبات و بەرخۆدان، تێگەیشتنی خۆیان لە خەبات و فیداکاری دەربڕیوە و هەوڵەکانی خۆیان وەک “شەهیدبوون” لە ڕێبازی داکۆکیکردن لە ژینگەی کوردستان پیرۆز کردووە و ڕێزیان لێ ناون.

کۆمەڵگە لە شاری مەریوان و هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک خەباتگێڕێکی بوێر و سەرۆکێک ڕێزیان لە باجوەر ناوە. ئەوان بەو پۆستەرانەی ڕستەی “سەرۆک، سەیری ئاسۆی دوور بکە؛ هیوا دەبینی” لەسەر نووسرابوو، ڕێزیان بۆ باجوەر داناوە. ئەم دەربڕینە پێشاندەری بڕوایان بوو کە فیداکارییەکانی شۆڕشگێڕانی کۆمەڵگەیان گرنگە و خەبات و بەرخۆدانی هاوچەرخی کوردان دەخاتە ڕوو، بەجۆرێک کە بیرۆکە ژینگەیی و ناسیۆنالیستییەکان هاوکات پێکەوە گرێ دراون. هەربۆیە، ئەوان ڕۆحی نەبەزی بەرخۆدانی خۆیان بە دروشمی “ڕێگەت بە هێزی زیاترەوە درێژەی هەیە” پشتڕاست کردەوە. لەڕێگەی ئەم دروشمگەلەوە، کۆمەڵگە جەختی لەسەر گێڕانەوەی بەردەوامی نیشتمانی خۆی کردەوە، ئەو نیشتمانەی هەوڵێکی بێ‌وچان و بەردەوام بۆ پاراستنی درێژەی هەیە. ئەو هاوارەیان کە “گرووپەکانی لەسێدارەدان (هێزەکانی سەر بە دەوڵەت) هەموو جەنایەتکارن” بەشێوەیەکی بوێرانە ڕۆڵ و دەوری ڕووخێنەری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کردووە و ئەم سیستەمە چەکدارییەی بە تاوانبار داناوە لە بەردەوامکردنی ستراتیژیی وێرانکردنی کوردستان و کۆچی دواییی ئەو چالاکانەدا.

خۆپێشاندەران لە مەریوان، کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە کۆ ببوونەوە، کۆچی دواییی چالاکانیان وەک وێنایەک لە habitusی کوردی هەژمار دەکرد کە ڕەنگدانەوەی میراتی مێژوویی ئێجگار گرێدراو لەگەڵ هەلومەرج و ڕاستەقینەی ئێستایان بوو. ئەم habitusە لەڕێگەی گێڕانەوە و دروشمەکانی وەک ”دروێنە لە بەرانبەر ئاگردا” و “زەبری بەهێزی بەڕوو لەسەر تەور” خۆی دەردەخست و ڕەنگدانەوەی یادەوەریی بەکۆی کۆمەڵگە بوو. ئەوان لەڕێگەی هێما سەمبولیکەکانی وەک “هەڵۆی بەرزەفڕ” کە هێمای ئەو کەسانەی بوو کە لە دڵی نەتەوەدا دەبووژانەوە و چرۆیان دەکرد و “داڵە کەرخۆر”یش هێمای ئەوانەی بوو کە لەژێر زەبری حکوومەتدا بەچۆکدا دێن، خۆیان لە “ئەویتر” جودا دەکردەوە. دووپاتکردنەوەی دروشمی “دیسانیش، دیسانیش، دیسانیش” وەک کاردانەوە بەرانبەر بە بەردەوامیی مەرگی چالاکان، تێگەیشتنێکی قووڵ لە پەیوەندیی ئەم نەمانە و سەرکوتکردنی سیستەماتیکی دەوڵەتی لە کوردستان ئاشکرا دەکات. سەرەڕای هەبوونی کوشتوبڕەکان، ژێردەستبوون و وێرانکردنی ژینگە، ئەوان جێژنی خۆڕاگری و بەردەوامبوونی خۆیان لەسەر نیشتمان و زێدی باب و باپیرانیان بەڕێوە دەبرد.

چالاکە گیانبەختکردووەکانی بواری ژینگە بە “داربەڕووە کوردییە نەبەزەکان کە لە ئاگر و مەرگەوە شین بوونەوە”، دەشوبهێنران و کۆمەڵێک هێمای هەرمانیان دەخوڵقاند کە بە قووڵی جێگەی خۆیانیان لە خەباتی مێژووییدا کردووەتەوە.[29] ئەم وێناکردنە ڕەنگدانەوەی ئەم بیرۆکەیە بوو کە تەور بە شێوەی نەخوازراو بەڕووی بڕدراو دەکاتە هێمایەکی نەمری.[30] وڵامی کورد بۆ لەدەستچوونی ئەم چالاکانەی بواری ژینگە، بەرخۆدانێکی قووڵ لە جۆری ئێکۆناسیۆنالیزم لە درێژەی خۆپێشاندانەکان و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان دەخاتە ڕوو. منداڵان سروودی “شاخی بەفرین و بەرزە، بۆ ڕابردوومان ڕەمزە”یان دەخوێندەوە و ئاماژەیان دەدایە شاخەکان وەک هێما هەمیشەییەکانی خۆڕاگری و بەردوامبوون لە خەباتی مێژووییی کورددا.[31] ئاماژەی شاعیرانە بە تەپۆڵکە و شاخەکانی کوردستان، ئەو شوێنانەی کە چالاکانی گیانبەختکردوویان بیر دەخستنەوە، ڕۆح و پەیمانی ئەوان بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمانی وێنا دەکرد. ئەمەش تێکەڵاوبوونی ناسیۆنالیستیی ئەوان لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ژینگەی زەق دەکردەوە، فیداکارییەک کە بە ڕەزامەندیی تەواوەوە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان ئەنجامیان دا و ئامادە بوون لەو ڕێبازەدا گیانی خۆیان ببەخشن.[32]

References

  1. Abrahamian E (2008) A History of Modern Iran. New York, NY: Cambridge University Press. Crossref.
  2. Anderson B (1991) Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. New York: Verso.
  3. Anfeng S (2009) Minoritization as a global measure in the age of global postcoloniality: An interview with Homi K. Bhabha. ARIEL: A Review of International English Literature 40(1): 161–180.
  4. Aronczyk M (2024) Branding the nation in the era of climate crisis: Eco-nationalism and the promotion of green national sovereignty. Nations and Nationalism 30(1): 25–38. Crossref. Web of Science.
  5. Asgharzadeh A (2007) Iran and the Challenge of Diversity: Islamic Fundamentalism, Aryanist Racism, andDemocratic Struggles. Springer. Crossref.
  6. Bacon JM (2019) Settler colonialism as eco-social structure and the production of colonial ecological violence. Environmental Sociology 5(1): 59–69. Crossref. Web of Science.
  7. Bilgen A (2020) Turkey’s Southeastern Anatolia Project (GAP): A qualitative review of the literature. British Journal of Middle Eastern Studies. Crossref. Web of Science.
  8. Billig M (1995) Banal Nationalism. London: Sage Publications.
  9. Bourdieu P (1990) The Logic of Practice. Polity Press. Crossref.
  10. Brubaker R, Feischmidt M, Fox J, et al. (2006) Nationalist Politics and Everyday Ethnicity in a Transylvanian Town. Princeton, NJ: Princeton University Press. Crossref.
  11. Bullard R (2005) The Quest for Environmental Justice: Human Rights and the Politics of Pollution. San Francisco: Sierra Club Books.
  12. Celîl C (2007) Kürt halk tarihinden 13 ilginç yaprak/Thirteen interesting pages from Kurdish people’s history (H. Kaya, Trans.). Istanbul: Evrensel Basım Yayı
  13. Chernilo D (2006) Social theory’s methodological nationalism: Myth and reality. European Journal of Social Theory 9(1): 5–22. Crossref.
  14. Cole L, Foster S (2001) From the Ground Up: Environmental Racism and the Rise of the Environmental Justice Movement. New York: New York University Press.
  15. Conversi D, Friis Hau M (2021) Green nationalism. Climate action and environmentalism in left nationalist parties. Environmental Politics 30(7): 1089–1110. Crossref. Web of Science.
  16. Crowe DM, Shryer J (1995) Eco-colonialism. Wildlife Society Bulletin 23(1): 26–30.
  17. Dawson JI (1996) Eco-nationalism: Anti-nuclear Activism and National Identity in Russia, Lithuania, and Ukraine. Durham: Duke University Press. Crossref.
  18. Dawson JI (2000) The two faces of environmental justice: Lessons from the eco-nationalist phenomenon. Environmental Politics 9(2): 22–60. Crossref.
  19. Dobson A (2000) Political theory and the environment: The grey and the green (and the in‑between). In: O’Sullivan N (ed) Political Theory in Transition. London, UK: Routledge, pp.211–231.
  20. Eckersley R (2016) Environmentalism and patriotism: An unholy alliance? In: Primoratz I (ed) Patriotism. London: Routledge, pp.183–200.
  21. Edensor T (2020) National Identity, Popular Culture and Everyday Life, 2nd ed. London: Routledge. Crossref.
  22. Eklund L, Lange K (2018) Crisis and agricultural change in the Kurdistan Region of Iraq, 1980s–2010s: An interdisciplinary approach. In: Bahn R, Woertz E and Zurayk R (eds) Crisis and Conflict in Agriculture. CABI, 118–130. Crossref.
  23. Etienne B, Wallerstein IM (1991) Race, Nation, Class: Ambiguous Identities. London and New York: Verso.
  24. Fadaee S (2011) Environmental movements in Iran: Application of the new social movement theory in the non-European context. Social Change 41(1): 79–96. Crossref.
  25. Falk R (1972) This Endangered Planet: Prospects and Proposals for Human Survival. New York: Random House.
  26. Formosa M (2009) Renewing Universities of the Third Age: Challenges and Visions for the Future.
  27. Fowler C, Jones R (2006) Can environmentalism and nationalism be reconciled? The plaid cymru/green party alliance, 1991–95. Regional & Federal Studies 16(3): 315–331. Crossref.
  28. Fox E, Miller-Idriss C (2008) Everyday nationhood. Ethnicities 8(4): 536–563. Crossref. Web of Science.
  29. Gellner E (1983) Nations and Nationalism. Oxford: Basil Blackwell.
  30. Ghassemlou A (1965) Kurdistan and the KURDS. Prague: Collet’s.
  31. Giddens A (1985) The Nation-state and Violence. Cambridge: Polity Press.
  32. Giddens A (1987) Social Theory and Modern Sociology. Cambridge: Polity Press.
  33. Gourlay W (2018) Kurdayetî: Pan-Kurdish solidarity and cross-border links in times of war and trauma. Middle East Critique 27(1): 25–42. Crossref.
  34. Gurses M (2012) Environmental consequences of civil war: Evidence from the Kurdish conflict in Turkey. Civil Wars 14(2): 254–271. Crossref.
  35. Hassaniyan A (2021) The environmentalism of the subalterns: A case study of environmental activism in Eastern Kurdistan/Rojhelat. Local Environment 26(8): 930–947. Crossref. Web of Science.
  36. Herb GH, Kaplan DH (1999) Nested identities: Nationalism, Territory, and Scale. Washington, DC: Rowman & Littlefield.
  37. Hommes L, Boelens R, Maat H (2016) Contested hydrosocial territories and disputed water governance: Struggles and competing claims over the Ilisu Dam development in southeastern Turkey. Geoforum; Journal of Physical, Human, and Regional Geosciences 71: 9–20. Crossref. Web of Science.
  38. Hunt S (2021) Ecological Solidarity in the Kurdish Freedom Movement. Lanham: Lexington Books.
  39. Huysseune M (2010) Landscapes as a symbol of nationhood: The Alps in the rhetoric of the Lega Nord. Nations and Nationalism 16(2): 354–373. Crossref. Web of Science.
  40. Jones R, Merriman P (2009) Hot, banal and everyday nationalism: Bilingual road signs in Wales. Political Geography 28(3): 164–173. Crossref. Web of Science.
  41. Kasravi A (1944) Mā va hamsāyegān [Our neighbors and us]. Parchameh-ye Haftagi 6(5): 1–5.
  42. Kernalegenn T (2023) Greens and the nation: Is small beautiful? Nations and Nationalism 29(2): 432–448. Crossref.
  43. Khaneiki ML, Al-Ghafri AS (2022) The circle of water justice in the history of Iran. Water Security 16: 100122. Crossref. Web of Science.
  44. Khaneiki ML, Al-Ghafri AS (2024) Hydro-political borders and division of space in the sasanian domain. Journal of Borderlands Studies 39(2): 307–327. Crossref. Web of Science.
  45. Khaneiki ML, Al-Ghafri AS, Seyfi S, et al. (2023) The illusion of water justice at the expense of tourism. Current Issues in Tourism 1–5. Crossref. Web of Science.
  46. Kristeva J (1991) Strangers to Ourselves (Trans LS Roudiez). New York, NY: Columbia University Press.
  47. Malloy TH (2009) Minority environmentalism and eco-nationalism in the baltics: Green citizenship in the making? Journal of Baltic Studies 40(3): 375–395. Crossref.
  48. Matin K (2020) Deciphering the modern Janus: Societal multiplicity and nation–formation. Globalizations 17(3): 436–451. Crossref. Web of Science.
  49. Mohammadpour A, Soleimani K (2019) Interrogating the tribal: The aporia of ‘tribalism’ in the sociological study of the Middle East. The British Journal of Sociology 70(5): 1799–1824. Crossref. PubMed. Web of Science.
  50. Mohammadpour A, Soleimani K (2021) ‘Minoritisation’ of the other: The Iranian ethno-theocratic state’s assimilatory strategies. Postcolonial Studies 24(1): 40–62. Crossref. Web of Science.
  51. Mohammadpour A, Soleimani K (2024) The racial policies of de-development in the Middle East: A comparative study of Palestine and Rojhelat (Eastern Kurdistan). Current Anthropology 65(6): 965– 989. Crossref. Web of Science.
  52. Mukryani H (2014) Sercem berhemekani Mamosta Hêmin [Collections of Mamosta Hemen. Vol. I]. Hewlêr: Çabxaney Hewlêr.
  53. Nash R (1967) Wilderness and the American Mind. New Haven, CT: Yale University Press.
  54. Park SS (2021) Minoritization: Why this is an issue. Situations: Cultural Studies in the Asian Context 14(2): 23–45.
  55. Posocco L. and Watson I (2022) Nationalism and environmentalism: The case of Vauban. Nations and Nationalism 28(4): 1193–1211. Crossref.
  56. Pulido L (1996) Environmentalism and Economic Justice: Two Chicano Struggles in the Southwest. Tucson: University of Arizona Press. Crossref.
  57. Pulido L (2000) Rethinking environmental racism: White privilege and urban development in Southern California. Annals of the Association of American Geographers 90(1): 12–40. Crossref. Web of Science.
  58. Pulido L (2016) Geographies of race and ethnicity II: Environmental racism, racial capitalism and statesanctioned violence. Progress in Human Geography 41(4): 524–533. Crossref. Web of Science.
  59. Qaderi I (2015) Ātesh-e jangalhā-ye Zagros zīr khākestar-e soʾālāt [The mysterious wildfires in the forests of Zagros]. Monthly Chya 1(1): 1–8.
  60. Ranjbar AM (2023) The greening of human rights in Iran: Lake orumiyeh, human rights, and environmental justice. Environment and Planning E: Nature and Space 6(2): 1214–1228. Crossref. Web of Science.
  61. Rizzi A, Mollinga PP (2024) Blooming activism in a drying land: Water justice movements along river Tigris in Iraq. Political Geography 113: 103159. Crossref. Web of Science.
  62. Roy S (1987) The Gaza Strip: A case of economic de-development. Journal of Palestine Studies 17(1): 56–88. Crossref. Web of Science.
  63. Rumelili B (2015) Conflict Resolution and Ontological Security: Peace Anxieties. New York: Routledge.
  64. Schlosberg D (2007) Defining Environmental Justice: Theories, Movements, and Nature. Oxford: Oxford University Press. Crossref.
  65. Shamis A (2023) Reclaiming A.D. Gordon’s deep eco-nationalism. Nations and Nationalism 29(1): 85–100. Crossref. Web of Science.
  66. Skey M (2011a) National Belonging and Everyday Life: The Significance of Nationhood in an Uncertain World. Basingstoke: Palgrave Macmillan.
  67. Skey M (2011b) ‘We knew who we were’: Ecstatic nationalism and social solidarity. In: National Belonging and Everyday Life: The Significance of Nationhood in an Uncertain World. London: Palgrave Macmillan UK, pp.95–120.
  68. Smith DE (2006) Incorporating texts into ethnographic practice. In: Smith DE (ed) Institutional Ethnography as Practice. Rowman & Littlefield, pp.65–89.
  69. Soleimani K (2016a) Islam and Competing Nationalisms in the Middle East, 1876–1926. New York: Palgrave Macmillan.
  70. Soleimani K (2016b) The Kurds and “crafting of the national selves”. In: Gunter M (ed) Kurdish Issues: Essays in Honor of Robert W. Olson. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers, pp.236–257.
  71. Soleimani K (2016c) Islamic revivalism and Kurdish nationalism in Sheikh Ubeydullah’s poetic oeuvre. Kurdish Studies Archive 4(1): 3–23. Crossref.
  72. Soleimani K (2024) The immemorial Iranian nation? School-colonialism, nationalism, and modern Islamic thought. Contemporary Islam 18(1): 69–86. Crossref.
  73. Soleimani K, Mohammadpour A (2019) Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity”. Ethnicities 19(5): 925–947. Crossref. Web of Science.
  74. Soleimani K, Mohammadpour A (2020) The securitisation of life: Eastern Kurdistan under the rule of a Perso-Shi’i state. Third World Quarterly 41(4): 663–682. Crossref. Web of Science.
  75. Soleimani K, Osmanzadeh D (2022) Textualising the ethno-religious sovereign: History, ethnicity, and nationalism in the Perso-Islamic textbooks. Nations and Nationalism 28(3): 1022–1039. Crossref. Web of Science.
  76. Soleimani K, Shojai B (2025) Kurdish Paradox of Statelessness: Öcalan’s Confederalism and Turkeyification Strategies. Cham, Switzerland: Springer Nature. Crossref.
  77. Spivak GC (1999) A critique of Postcolonial Reason: Toward a History of the Vanishing Present. Harvard University Press. Crossref.
  78. Spretnak C, Capra F (1971) Green Politics: The Global Promise. New York: E.P. Dutton.
  79. Vaziri M (1993) Iran as Imagined Nation: The Construction of National Identity. New York: Paragon House.
  80. Walker G, Bulkeley H (2006) Geographies of environmental justice. Geoforum; Journal of Physical, Human, and Regional Geosciences 37(5): 655–659. Crossref. Web of Science.
  81. Wingrove-Haugland E, McLeod J (2021) Not “Minority” but “Minoritized”. Teaching Ethics 21(1): 1–11. Crossref.

یادداشتەکان

[1]. وەرگێر: ئای.ڤی لیگ دەستەواژەیەکی ئەمریکییە کە ئاماژە دەداتە هەشت زانکۆی تایبەت و زۆر باوەڕپێکراو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ناوبانگی نێودەوڵەتییان هەیە و ئاستێکی بەرزی فێرکاری، توێژینەوە و … ئاراستە دەکەن. ئەم هەشت زانکۆیە بریتین لە زانکۆکانی براون، کۆلۆمبیا، کۆرنێل، دارتمووس، هاروارد، پێنسیلڤانیا، پرینستۆن و ییل.

[2]. Habitus واتە کۆمەڵێک خوو و خدە، هەڵویست و خواستە ناوەکییەکان کە لە ڕێگای ئەزموونی ژیان، فێرکاری و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە پێک دێن و هەڵسوکەوت و هەڵبژاردنەکانی تاک بەبێ ئاگاداریی ڕاستەوخۆی خۆی دەبەنە پێشەوە.

[1]. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر “هیوا بووتیمار” بڕوانە ئەو ڕاپۆرتە فارسییەی دۆیچە ولە: https://archive.fo/wip/uYegl.

[2]. https://archive.fo/wip/iNyfP.

[3]. ئەم بەرهەمگەلە تەنانەت لەسەر ئیسلام و مێژووی ئیسلام، گریمانەی ئێجگار گوماناوی دەخەنە ڕوو، بۆ نموونە خەنیکی و ئەلغەفری (2022، 2024) دەڵێن: “لە سەدەی حەوتی زایینیدا، ئیسلام هاتووەتە ئێران و بەڵێنی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و بێ چینایەتی داوە” (ل. 5). ئەم وتەیە لەباری مێژوویی و چەمکییەوە جێی پرسیارە. چەمکی “کۆمەڵگای بێ چینایەتی” بیرۆکەیەکی مۆدێڕنە کە لەژێر کاریگەریی گەشەکردنی بیرۆکەی مارکسیستیدا هاتووەتە ئاراوە و لەگەڵ ڕاستییە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی کۆمەڵگا ئیسلامییە سەرەتاییەکان یەک ناگرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش کۆیلایەتی لە شەرعی ئیسلامیدا ڕێپێدراو بووە و ڕاشکاوانە لە قورئاندا ئیزنی بۆ دراوە (بۆ نموونە سوورەتی نسا، 4:24؛ مەعاریج 70:30)، لە هەمووی کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا تا ئەو کاتەی لە سەدەی نۆزدەیەمدا و بەتایبەت بە هەوڵ و تێکۆشانی لۆرد کرامەر لە میسر، کۆیلایەتی وەک تاوان ناسێندرا، وەک دیاردەیەکی یاسایی مابووەوە.

[4]. بۆ بینینی نموونە بۆ ڕەتکردنەوەی ئازەریسازی لەلایەن چالاکانی تورکەوە بڕوانە ئەم سەرچاوانە: https://archive.fo/pls63 یان https://www.aparat.com/v/i73j58s

[5]. ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاگەیێندراوەی لەلایەن 17 ئەنجومەنی کوردییەوە واژۆ کراوە.

[6]. https://t.me/chya_ngo/367.

[7]. https://t.me/chya_ngo/3768.

[8]. ئاماژەیەکە بە دوو واتا: هەم ئاماژەیە بۆ شاخەکان لە زمانی کوردیدا و هەمیش ئاماژیە بۆ ئەنجومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیا کە بنیاتنەری باجوەر بووە.

[9]. https://t.me/chya_ngo/3768.

[10]. https://t.me/chya_ngo/3776.

[11]. https://www.youtube.com/watch?v=vJoa91ozlXk&ab_channel.

[12]. https://t.me/chya_ngo/3684.

[13]. https://t.me/chya_ngo/3684.

[14]. https://t.me/chya_ngo/3684.

[15]. https://archive.vn/YdjVe.

[16]. https://archive.fo/wip/tQ5GW.

[17]. https://archive.vn/uQyk5.

[18]. https://www.radiozamaneh.com/455850/.

[19]. https://archive.fo/wip/ts4di.

[20]. https://archive.fo/u872l.

[21]. https://t.me/chya_ngo/3728.

[22]. Qanun, 2005, no: 645.

[23]. https://archive.fo/wip/J44OD.

[24]. https://t.me/sharname1/2230.

[25]. https://archive.fo/dQI6Q.

[26]. https://archive.fo/dQI6Q.

[27]. https://archive.vn/FPD28.

[28]. https://t.me/chya_ngo/3812.

[29]. https://t.me/chya_ngo/3842.

[30]. https://t.me/chya_ngo/3812.

[31]. https://t.me/chya_ngo/5175.

[32]. https://t.me/chya_ngo/5178.

* ئەم وتارە پێشتر لە ژۆرناڵی Environment and Planning E: Nature and Space بڵاوکراوەتەوە و  لەلایەن نووسەر داڕشتنەوەیەکی نوێی بۆ کراوە.

** ئەم وتارە لە ژمارەی نوێی گۆڤاری تیشک(ژمارەی ۷٣) بڵاو دەکرێتەوە و، پێشوەختە لە سەر ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان_تیشک، بڵاو دەبێتەوە.