گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢ 

بەراییەک بۆ یەکەمین هەوڵی جێنۆسایدی ئاماریی لە باشووری کوردستاندا (سەرژمێری ساڵی ١٩٢٠) وەک نموونە


لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 16.10.2025

عادڵ، عومەر (٢٠٢٥):بەراییەک بۆ یەکەمین هەوڵی جێنۆسایدیئاماریی لە باشووری کوردستاندا(سەرژمێری ساڵی١٩٢٠) وەک نموونە. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ١٨٤–١٧٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0072

DOI 10.69939/TISHK0072

ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە، باسکردنی جۆرێکی تر لە جێنۆسایدە، کە نووسەران و توێژەرانی تر پەیان پێ نەبردووە، ئەوەیش جێنۆسایدی ئامارییە، پاشان بەستنەوەی ئەم جێنۆسایدە، بەو سەرژمێرییەی کە لە ساڵی (١٩٢٠) لە تەواوی خاکی عێراقدا ئەنجام دراوە. ئامانج لە باسکردنی لێکەوتەکانی ئەم سەرژمێرییە، بۆ ئەوە بوو، ڕێگری بکرێت، لەوەی لە داهاتوودا جێنۆسایدێکی تر لەم شێوە دووپات بکرێتەوە.

پێشەکی:

لە ئاستی ناوخۆی کوردستان و لە ئاستی دەرەوەشدا، چەندین پەرتووک و توێژینەوە لە چاپ دراون، کە باس لە کێشەی موسڵ دەکەن، زۆرێک لەوانەش لە ڕوانگەی مێژووییەوە، کاریان لەسەر کراوە. لە ڕاستییدا کێشەی موسڵ جگە لە چوارچێوە مێژووییەکەی، ئەگەر لە دیدگای ترەوە لێی بڕوانین، گەلێک خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، بە جۆرێک کە کاریگەرییەکانی تا هەنووکەش بەردەوامن. مەبەستی سەرەکی ئێمە لە ئامادەکردنی ئەم توێژینەوەیە، باسکردنی چەمکێکی نوێیە، پاشان ئاوێزانکردنی ئەم چەمکە، بەو سەرژمێریەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ویلایەتی موسڵ ئەنجام درابوو، کە لە کۆتاییدا لە ژێر پاڵەپەستۆی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ویلایەتەکەی خستەسەر وڵاتی عێراق.

ئامانجی توێژینەوە:

ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە، باسکردنی جۆرێکی تر لە جێنۆسایدە، کە نووسەران و توێژەرانی تر پەیان پێ نەبردووە، ئەوەیش جێنۆسایدی ئامارییە، پاشان بەستنەوەی ئەم جێنۆسایدە، بەو سەرژمێرییەی کە لە ساڵی (١٩٢٠) لە تەواوی خاکی عێراقدا ئەنجام دراوە. ئامانج لە باسکردنی لێکەوتەکانی ئەم سەرژمێرییە، بۆ ئەوە بوو، ڕێگری بکرێت، لەوەی لە داهاتوودا جێنۆسایدێکی تر لەم شێوە دووپات بکرێتەوە.

کێشەی توێژینەوە:

ئەم سەرژمێرییەی کە لە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ئەنجام درا، وەک کێشەیەک سەیر دەکرێت، کە ئامانج لە سەرژمێرییەکە یەکلا کردنەوەی پرسی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە دەوڵەتی عێراق یان تورکیە بوو. لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ئەم ویلایەتەش، خرایە سەر ئەم دەوڵەتە. لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، چەندین جار کورد ڕووبەڕووی ستەم و نادادیی بووتەوە، کە کۆمەڵێک کێشەی زەنجیریی بەدوای خۆیدا هێنا کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ئەو کێشە و گرفتانە بەردەوامن.

میتۆدی توێژینەوە:

هەرچی پەیوەستە بە میتۆدی توێژینەوە، دەتوانرێت بوترێت میتۆدی مێژوویی – شیکاریی لەم توێژینەوەیەدا بەکارهێنراوە، چونکە جگە لە پەسند کردنی چەمک و زاراوەی جێنۆسایدی ئاماریی، لە هەمان کاتدا، شیکاریمان بۆ ئەم چەمکە لە چوارچێوەی ئەو سەرژمێریەی کە لە ساڵی ١٩٢٠ ئەنجامدراوە، کردووە.

کۆمەڵگەی توێژینەوە:

کۆمەڵگەی توێژینەوەکە بریتییە لە  جوغڕافیای ویلایەتی موسڵ لە کۆندا، بەو پێیەی ئەم سەرژمێرییە، لەم کۆمەڵگەیەدا ئەنجام دراوە و کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنی بە دوای خۆیدا هێناوە.

پەیکەربەندیی توێژینەوە:

پەیکەربەندی ئەم توێژینەوەیە، بەسەر چوار بابەتەدا دابەشکراوە و هەموو بابەتەکان پەیوەستن بە یەکترەوە، بەشێوەیەک کە هەر بابەتێک دەبێ بە تەواوکەری ئەوی تر؛ لە بابەتی یەکەمدا چەمک و دەستەواژەی جێنۆسایدی ئامارییمان باسکردووە، پاشان لە بابەتی دووەمدا بەرواردێکمان کردووە لە نێوان جێنۆسایدی ئاماریی و جێنۆسایدی جەستەییدا، بۆ ئەوەی جێنۆسایدی ئاماریی بەلای خوێنەرانەوە ڕوونتر بێ، پاشان لە بابەتی سێیەمدا ئەم جێنۆسایدەکەمان لە چوارچێوەی ئەو سەرژمێرییەدا باسکردووە کە لە ساڵی (١٩٢٠) لە خاکی عێراقدا ئەنجام دراوە، پاشان لە بابەتی چوارەم و کۆتاییدا، باسمان لە لێکەوتە خراپەکانی ئەم جێنۆسایدە کردووە.

چەمک و دەستەواژەی جێنۆسایدی ئاماریی:

جێنۆسایدی ئاماریی، چەمکێکی نوێیە. لە ڕووی ڕۆنانەوە، ئافرێنراوی دوو دەستەواژەیە، یەکەم  دەستەواژە جێنۆسایدە، کە مەبەست لەم دەستەواژەیە، “پێکهاتوو لە دوو وشە، یەکەمیان (genos)ی یۆنانی بە واتای ڕەگەز و دووەم (cide)ی یۆنانییە، کە واتای کوشتن دەگەیەنێ. بەسەریەکەوە، دەبێتە کوشتنی ڕەگەزی مرۆڤ و لە چەمکە بنەڕەتییەکەیدا مەبەست کوشتنی بە کۆمەڵ یان قڕکردنە” (سلێمان، ٢٠١٧، ل. ٣١٢). لەم شیکردنەوەدا، دەگەین بەم ئاکامە کە  جێنۆساید لە ناوبردنی  کۆمەڵێک مرۆڤە پێکەوە.

گونجاوترین پێناسەی وشەی ئامار ئەوەیە کە بوترێت: “بریتییە لە شێوازێک یان ئامرازێک بۆ کۆ کردنەوەی ڕاستییەکان و زانیارییەکان بۆ داڕشتنەوە بە شێوەی ژمارەیی، یان مەزندە کردنی لە ئاستێکی گونجاو لە وردەکاری و کۆکردنەوەی ڕاستی و زانیارییەکان بە شێوەی خولی ڕێکخراو، بۆ  هەر مەبەستێکی دیاریکراو و ڕیکخستنیان بە شێوەیەک کە پەیوەندیی نێوانیان ڕوون بکرێتەوە” (عەلی، بادوارەیی، ٢٠١۵، ل. ١٣).

لە ڕێگەی ناساندنی هەریەک لە دەستەواژەکانی ئامار و جێنۆساید، دەتوانین بگەین بەم باوەڕە کە جێنۆسایدی ئاماریی، جۆرێکە لە جۆرەکانی جێنۆساید و لە ئاستی کەم کردن و زیاد کردنی ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو بەڕێژەیەکی زۆرە، کە کاریگەرییەکی مەزن لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت.

کە واتە ئەم نادادپەروەرییەی لە سەرژمێرییەکاندا ئەنجام دەدرێ، کاتێک ژمارەی نەتەوەیەک یان ئایینیکی دیاریکراو کەم دەکرێتەوە تا ژمارەی نەتەوەیەکی دیکە زیاد بکرێ، بە جێنۆسایدی ئاماریی ناوزدە دەکرێ.

بەراورد کردنی نێوان جێنۆسایدی جەستەیی و جێنۆسایدی ئاماریی:

مەبەست لە جێنۆسایدی جەستەیی، هەموو ئەو جێنۆسایدانەیە کە لە ڕێگەی ئازار پێگەیاندن بە جەستەی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێن، “واتە کوشتنی ئەندامانی هەر کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراو بە هەر جۆرێک” (گوڵ، ٢٠٠٢، ل. ١٠).

جێنۆساید تەنیا ئەم تاوانانە ناگرێتەوە کە بەرانبەر بە جەستەی مرۆڤ دەکرێن، بەڵکو دەکرێ جێنۆساید بە چەند جۆر و شێوەی جیاواز ئەنجام بدرێ، بەڵام ئەوەی هەیە، دەکرێ بوترێ جێنۆسایدی ئاماریی، لە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی تری جێنۆساید، نوێترین جۆرە، لە بەراورد لەگەڵ جێنۆسایدی جەستەیی، چونکە مرۆڤ لە کۆنەوە لە ڕێگەی هێز و توندوتیژییەوە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکانی داوە.

ئامانجی سەرەکی جێنۆسایدی جەستەیی لەناوبردنی تەواوەتی، یاخود کەمکردنەوەی ڕێژەی نەتەوەیەک، یان کەسانی خاوەن ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراوە، بە هەمان شێوە ئامانجی جێنۆسایدی ئاماریی  کەمکردنەوەی ژمارەی نەتەوەیەک یان خاوەنانی ئایدیۆلۆژییەکە.

ئەوەی جێنۆسایدی جەستەیی و  جێنۆسایدی ئاماریی لێک جیا دەکاتەوە، تەنیا شێوازی ئەنجامدانی پڕۆسەکەیە،  بەو پێیە لە جێنۆسایدی جەستەییدا، کەمکردنەوە یان قڕکردنەکە لە ڕێگەی کۆمەڵکوژییەوە جێبەجێ دەکرێ، بەڵام لە جێنۆسایدی ئامارییدا، لە ڕێگەی تۆمار نەکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی  تاکەکانەوە جێبەجێ دەکرێ. لێرەدشدا کۆمەڵێک پاساو دەهێنرێتەوە، یەکێکە لەو پاساوانە ئاینییە، کە هەوڵ دەدرێت بە هۆی جیاوازیی ئاینییەوە، نەتەوەیەک پەرتەوازە بکرێت، چونکە دەکرێ لە نێو نەتەوەیەکەدا زیاتر لە ئاینێک بوونی هەبێت.

خوێندنەوەیەک بۆ سەرژمێریی ساڵی ١٩٢٠ی عێراق لە  چوارچێوەی جێنۆسایدی ئامارییدا:

جێنۆسایدی ئاماریی، بەشێکە لەو جێنۆسایدانەی لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا ئەنجام دراوە، بەمشێوەیە دەتوانین جێنۆسایدی گەلی کورد لە خاکی عێراقدا بەسەر دوو قۆناغدا دابەش بکەین. جێنۆسایدێک پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ئەمە هەموو ئەو جێنۆسایدانە دەگرێتەوە کە  پێش دروستبوونی دەوڵەتەکە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە، پاشان قۆناغی دووەم دێت کە دەگەڕێتەوە بۆ پاش دروستبوونی دەوڵەتەکە، وەک زانراوە، “هاتنی “سێر پێرسی کۆکس” وەک کۆمیساری باڵای بەریتانیا بۆ عێراق لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٠ کۆتایی بە ئەرکی سەربازیی هێنا، ئەمەش ئاماژەیەکە بە نیازی بەریتانیا کە دەیهەوێت دەوڵەتێک لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دامەزرێنێ. فۆڕمی دەوڵەتەکە بریتی بوو لە پاشایەتییەکی دەستووری، کە لە کۆنفرانسی قاهیرە لە بەهاری ساڵی ١٩٢١ بڕیاری لەسەر درا، پاشان “مەلیک فەیسەڵ” وەک پاشای عێراق لە ٢٣ی ئابی ١٩٢١ دیاریکرا” (داويشە، ٢٠١٩، ل. ١٧).

کە واتە، ئەم جۆرە جێنۆسایدە، دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و مەبەست لەم سەرژمێرییە،  کە ئامانج لە سەرژمێرییەکە یەکلا کردنەوەی پرسی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە دەوڵەتی عێراق یان تورکیە بوو، کە سەرەنجام لە ژێر کۆمەڵێک پاڵەپەستۆی وڵاتە زلهێزەکاندا و بەبێ گوێدان بە ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد، ویلایەتەکە خرایە سەر دەوڵەتی عێراق.

“دوای سەرهەڵدانی کێشەی ویلایەتی موسڵ، تورکیا و عێراق و بەریتانیا دەستیان کرد به سەرژمێری ویلایەتی موسڵ، هەر سێ لایەن، به پێی بەرژەوەندیی خۆیان ژمارەی گەلانی ناوچەکەیان خەمڵاندووه، هەرسێ لایەنیش ژمارەی کوردیان کەمکردووەتەوه، هەروەها لەو خەمڵاندنانه‌دا تەنیا کورده موسڵمانانەکانیان به کورد داناوه و هەرچی ئێزیدی، مەسیحی، کاکەیی و شەبەکیان بە کورد دانەناون” (ناوخۆش، ٢٠٠٠، ل. ٧٩). چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، ئەم پێکهاتە ئایینییانە بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتە و ناسنامەی نەتەوەی کوردن.

وەکوو ئاماژەی پێ کراوە،  سەرژمێرییەکەی به‌ریتانیا له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی دانرابوو،‌ له‌مه‌شدا مه‌به‌ستی خۆیان هه‌بووه، هه‌رچ نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌ ئێزیدی و كاكه‌یی و مه‌سیحی و شه‌به‌كه‌كان به‌ كورد دانه‌نێن، هه‌روه‌ها به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌یویست ویلایه‌ته‌كه‌ به‌ عێراقی عه‌ره‌بییەوە بلكێنێ، هه‌ربۆیه‌ ژماره‌ی كورد و توركمانی كه‌م كردووه‌تەوە و ژماره‌ی عه‌ره‌بی به‌ جۆرێک زیاد كردووه.‌ به‌ جۆرێک له‌ خه‌ملاندنه‌كه‌ی عێراقدا ژماره‌ی عه‌ره‌ب١٦٦,٩٤١ بەڵام له ‌هی به‌ریتانیادا ١٨۵،٧٣٦  كه‌سه‌! “ (ناوخۆش ٢٠٠٠، ل. ٨١). ئەگەر لەو سەرژمێرییەی سەرەوەدا ورد ببینەوە، تێدەگەین کە یەکێک لەو تاوانە گەورانەی بەرانبەر بە کورد کراوە، لێسەندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە لە ئێزیدییەکانە،  کە دەبوایە لە لیستی سەرژمێرییەکەدا بوترێت (کوردانی ئێزیدی)، نەک تەنها بنووسرێ: ئێزیدی. پاشان ئەژمار نەکردنی شەبەک و کاکەییەکان لە پڕۆسەی سەرژمێرییەکەدا، دیسان ستەم و جێنۆسایدێکی ترە.

هەروەها ئەوەی پەیوەستە بە جوولەکەوە، دەبوایە ژیرانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە ئەو جوولەکانەی لە ناوچە کوردییەکاندا ژیاون، مۆرک و ناسنامەی نەتەوەیی کوردیان وەرگرتووە و “ئایینی جوولەکە تەنیا تایبەتی نەتەوەی مووسا نییە، بەڵکو لە نێو هەموو کۆمەڵگاکاندا بڵاوبوونەوە. لەمانەش گەلی کورد، ئەو جوولەکانەی لە کوردستاندا ژیاون و جلوبەرگی ئێمەیان لەبەرکردووە، بە زمانی ئێمە دواون، زۆر داب و نەریتی ئێمەیان پەیڕەوکردووە، تاکە جیاوازی نێوان جوولەکەکان و ئێمە جیاوازی لە ئایینەکەماندا بووە (کوردە ٢٠١٩، ل. ۵٣).  بێگومان ئەو جوولەکانەش، ناسنامەی نەتەوەیی کوردیان وەرگرتووە و دەبوو لە سەرژمێرییەکەدا، بە کورد ئەژمار بکرێن، کەچی لە هەرسێ سەرژمێرییەکەدا، جوولەکە بە جیا ئەژمارکراون.

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو مەبەستەی سەرەوە، دەتوانین سوود لە بۆچوونێکی «مارف خەزنەدار» وەرگرین، کە دەڵێ: “بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە ناو کورددا بە جارێک و بە بێ گرێ نەبوو، ماوەیەکی زۆری خایاند، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ره‌به‌ره‌ ئایینی ئیسلام زیاتر په‌ره‌ی ده‌سه‌ند و ئایینە کۆنەکان گرژ دەبوونەوە و دەچوونەوه ناو قەپیڵکی خۆیانەوە، بەڵام بەشێکی کورد لە سەر ئایینە کۆنەکانی خۆیان هه‌ر مانه‌وه‌، با هه‌ندێکیان – له‌به‌ر گه‌لێ هۆی دیاریکراو – هەوڵیشیان دابێ ئایینەکانیان بخەنە قاڵبی ئیسلامی ڕەسمییەوە بە ناوی مەزهەبێک لە مەزهەبەکانی ئیسلام یا سۆفیزم” (خەزنەدار ٢٠٠١، ل. ۵٠).

لەم بۆچوونەدا، دەگەین بەو ڕاستییە کە پاش ئەوەی زۆرێک لە نەتەوەی کورد موسڵمان بوون، کەچی کۆمەڵە کەسانێکی تر، هەر لەسەر ئایینەکانی خۆیان مانەوە، وەک ئێزیدی و کاکەیی و مەسیحی، ئەمەش ئەوە نەبێت، کە ئەو وڵاتە زلهێزانە، شارەزاییان لە بارەی ئایینە جیاوازەکانی نەتەوەی کوردەوە نەبێت، بەڵکو بۆ هێنانەدی پلان و بیرۆکەکانی خۆیان بەو شێوەیە، پڕۆسەکانیان ئەنجام داوە. کە واتە دابڕینی هەریەک لە کاکەیی و ئێزدی و شەبەک و کوردە مەسیحییەکان لە چوارچێوەی جێنۆسایدی ئامارییدا پۆلێن دەکرێت، چونکە بە جیاکردنەوەی هەریەک لەو پێکهاتە ئاینییانە، ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەی کورد، بە کورد ئەژمار ناکرێن، بەڵکو بە کەمینەیەکی ئایینی دێنە ئەژمار.

هەر بۆیە، “هەندێک جار سیاسەتی بە کەمینەکردن، لە چوارچێوەی سەرژمێری دانیشتوواندا ئەنجام دەدرێ، واتە پاش ئەنجامدانی ســەرژمێری دانیشتووان لە وڵاتێکدا، ڕێژەی ڕاستەقینەی ئــەو نەتەوەیەی مەبەســتیانە ژمارەکەی کەم بکەنەوە، بەڵکــوو ڕێژەیەکی زۆر کەمتــر لــەو ڕێژەیەی لە ســەرژمێرییەکەدا دیاری کراوە، دادەنرێت” (عەبدوڵڵا ٢٧٢٦، لاپەڕەکانی ٢٧٢-٢٧١) بە کەمینە کردنیش چەقی پڕۆسەی جێنۆسایدە، بەو پێیەی ئامانجی سەرەکی جێنۆساید کەمکردنەوەی ڕێژەی لایەنێکی دیاریکراوە بە هەر شێوەیەک بێ.

پێویستە دوو لایەنی تریش لە بیر نەکەین، کە ڕۆڵیان هەبوو لەم جینۆسایەدا، “تورکەکان، ژمارەی کورد و عەرەبیان لە ویلایەتەکەدا بە جۆرێک خەملاندووە کە لە ڕاژەی بانگەشەکەیدا بێت، لەو لاشەوە ژمارەی تورکمانەکانیان بە جۆرێک زیاد کردووە کە نزیک بێت لە ژمارەی کوردان، عەرەبەکانیش ژمارەی کورد و تورکمانیان کەم کردووەتەوە، لە بەرامبەردا، ژمارەی عەرەبیان زیاد کردووە بۆ ئەوەی نزیک بێت لە ژمارەی کورد” (ناوخۆش، ٢٠٠٠، لاپەڕەکانی ٨١-٨٠). کە واتە جگە لە بەریتانیا کە وڵاتێکی زلهێزی جیهانی بوو، تورکیا وەکوو نوێنەری تورک و عێراق وەکوو نوێنەری عەڕەب، پشکێکی گەورەیان هەبووە لەم جینۆسایەدا، بەڵام زیاتر سەرەنجەکە لەسەر بەریتانیا چڕ بووەتەوە، چونکە بەریتانیا ڕۆڵگێری سەرەکییە.

ئەگەر جێنۆساید بەوە پێناسە بکرێت کە “تاوانێکی دڕندانەیە، دژ بە مرۆڤایەتی، بۆیە نەک هەر وڵاتانی تاوانکار بەڵکو ئەو کەسانەش بە ئەنجامدانی جێنۆساید تاوانبار دەکرێن، لێپرسینەوەی یاسایی – نێونەتەوەیی دەکەوێتە ئەستۆیان” ( گوڵ ٢٠٠٧، ل. ١٧). ئەم وڵاتانەی وەکوو بەریتانیا و تورکیا و عێراق دەستیان لە جێنۆسایدی ئاماریی ئەم سەرژمێرییەدا هەبووە، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە.

ئەم جێنۆسایدە بە تەواوەتی پلاندارێژڕاو بوو، لە ڕاستیدا “هیچ جێنۆسایدێک بەبێ پلان بەڕێوە ناچێ. جێنۆساید پێویستی بە ناوەندێکی سەرپەرشتیار و پڕۆژەیەکی گشتگیر هەیە بۆ ڕێکخستنی هەموو ئەو ئامرازانەی کە بۆ کوشتاری بەکۆمەڵ بەکار دەهێنرێن. جێنۆساید تاوانێکی دەوڵەتییە، چونکە ئەم چەشنە ڕێکخستنە تەنیا لە توانای دەوڵەتاندایە (مزویری ٢٠١٣، ل. ۵). هەموو ئەم پلانانەش بەریتانیا دایڕشتبوون، بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندییە ئابووری و ڕامیارییەکانی خۆی.

ئەگەر بمانهەوێ ئاماژە بە سەرەتای مێژووی جێنۆساید لە لایەن دەوڵەتی عێراق بکەین، ئەوە ڕاستەوخۆ سەرەنج بۆ ئەو سەرژمێرییە چڕ دەکەینەوە، کە لە ساڵی ١٩٢٠ لە ویلایەتی موسڵدا ئەنجام دراوە، چونکە خواستی جێنۆساید بەشێوەیەکی ئاشکرا لەو سەرژمێرییەدا دەبینرێ.

لێکەوتە نەرێنییەکانی پاش جێنۆسایدی ئاماریی لە سەرژمێری ساڵی ١٩٢٠:

ئەو جێنۆسایدە ئامارییەی لە چوارچێوەی سەرژمێری دەوڵەتی عێراقدا ئەنجام درا ، تەنیا کەمکردنەوەی ژمارەی کورد نەبوو لە پێناو کۆمەڵێک بەرژەوەندی بەریتانیادا، بەڵکو ئەو جێنۆسایدە، کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنی تری بەدوای خۆیدا هێنا، کە لەم بابەتەدا ئەو لێکەوتە نەرێنیانە هەڵدەسەنگێنین:

 بێبەشبوونی کورد لە چالاکییە ڕامیارییەکاندا:

لە پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، کورد بوو بە نەتەوەی دووەم لەم وڵاتە، بەمشێوەیە، کورد لە زۆر ڕووەوە مافی ئەوەی نەبوو بەشداری هەندێک چالاکی نەتەوەیی و ڕامیاری بکات، ئەگەر بەشداریشی کردبێ ئەوە لە ژێر سێبەری دەوڵەتی عێراقدا بەشداری کردووە، ئەم تاکفەرمانڕەواییەی عەرەب لە دەوڵەتی عێراقدا، هەر لە سەرەتای نووسینی یەکەم دەستووری وڵتەکەدا دەبینرێ، بۆ نموونە لە دەستووری ساڵی ١٩٢۵ کە بە هیچ شێوەیەک ناوی کوردی تێدا نەهێنراوە، بەڵام پاش ڕووخانی حکومەتی بەعس، لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠۵ کورد بەشێک لە مافە نەتەوەیی و ڕامیارییەکانی بە دەستهێنا.

 دژایەتیکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد:

دەوڵەتی عێراق، هەمیشە چاوی لە ناوچە کوردییەکان بوو و دەیهەویست بە هەر شێوەیەک بێ ڕێژەی عەرەب لەو ناوچانەدا زیاد بکات و ناسنامەی نەتەوەیی بگۆڕێت، بۆ ئەم مەبەستەش، سیاسەتی دژایەتیکردنی کوردی گرتەبەر، دەرەنجامی ئەم سیاسەتەش، لە ناوچە کوردییەکاندا دەبینرێ.

ناسنامەی نەتەوەیی کورد بریتین: لە (جلوبەرگی کوردی، زمان، خاک، دروشمی نەتەوەیی) هەر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و سەرکەوتنی ئەمجۆرە جێنۆسایدە، قۆناغێکی تر لە دژایەتی کردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەستپێکرد. بۆ نموونە لە دەستووری ساڵانی ١٩٢۵دا ئەم جۆرە دژایەتیکردنە، بەرانبەر بە زمانی کوردی هەست پێدەکەین. “لە دەستووری هەمیشەیی ساڵی ١٩٢۵، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناوی نەتەوەی کورد و زمانەکەی نەهاتووە و هیچ ماددەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە (خۆشناو  ٢٠١٣، ل. ٢٢٧).

 فراوانبوونی جوغڕافیای ڕامیاریی دەوڵەتی عێراق:

پێش سەرژمێری ساڵی (١٩٢٠)، خاکی عێراق لە ویلایەتی بەغداد و بەسڕە پێکهاتبوو، بەڵام پاش سەرژمێری ( ١٩٢٠) و لە ژێر گوشاری بەریتانیادا، ویلایەتی موسڵیش خرایە سەر دەوڵەتی عێراق، بەمشێوەیە، لەسەر پشکی خاکی کوردستان،  جوغڕافیای ڕامیاریی دەوڵەتی عێراق فراوانتر بوو.

 زنجیرە جێنۆسایدەکان دژی نەتەوەی کورد:

پاش ئەوەی دەوڵەتی عێراق، لەلایەن بەریتانیایەوە دروست کرا، لەو کاتی بەدواوە، دەوڵەتی عێراق بە هەموو شێوازێک دەستی بە دژایەتیکردنی نەتەوەی کورد کرد و دەیهەویست بە هەر شێوەیەک بێ، ڕێژەی کورد لەم وڵاتەدا کەم بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک جێنۆسایدی جەستەیی و کلتووری ئەنجام دان.

“ پاش لكاندنى خوارووى كوردستان پێوەى، كێشەى كورد بەردەوام كێشەى سەرەكى عێراق بووە. ڕێژیمە یەک لە دواى یەكەكانى عێراق نكوڵییان لە مافى گەلى كورد بۆ دیاریكردنى چارەنووسدا كردووە و سیاسەتى دژ بە مەسەلەى نەتەوایەتى گەلى كورد بەرنامەڕێژ كراوە، هەر بۆ جێبەجێ كردنى ئەو سیاسەتەش ئەندازەى تاوانى ئەو ڕێژیمانە گەیشتووەتە پلەیەكی بەرز و لە هیچ شتێک سڵ نەكراوەتەوە. بۆیە كە بە وردى سەیری جۆرى ئەو تاوانانە دەكەین، پێكهاتەى تاوانى جێنۆساید بە تەواوى دیارە (گوڵ  ٢٠٠٧، ل. ٢٩). گرنگترینی ئەو جێنۆسایدانەش، ئەنفال (بە هەموو قۆناغەکانییەوە)، کیمیاباران و هتد بوون.

ئەنجامی توێژینەوە:

لە ئەنجامدا گەیشتین بەوەی کە جێنۆسایدی ئاماریی، یەکێکە لە جۆرەکانی جێنۆساید و لە ئاستی چەواشەکاری ئاماریدا خۆی دەبنێتەوە، بەو پێیەی ئامارەکان وەکو ئەوەی هەن ناخرێنە ڕوو و بە پێی خواستی لایەنە بەهێز و خاوەن بڕیارەکان، ئامارەکان دەخرێنە ڕوو،  ئەم جۆرە جێنۆسایدە، یەکەمین جێنۆسایدە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا کە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد کراوە.ە لە سەرژمێری ساڵی (١٩٢٠)دا، کە کۆمەڵێک لێکەوتی نەرێنی بە دوای خۆیدا هێنا، وەکوو بێبەشبوونی کورد لە چالاکییە ڕامیارییەکاندا، دژایەتیکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد، فراوانبوونی جوغڕافیای ڕامیاریی دەوڵەتی عێراق، زنجیرە جێنۆسایدەکان دژی نەتەوەی کورد.

سەرچاوەکان:

سەرچاوە کوردییەکان:

  1. باوەڕ، ئەحمەد،(٢٠٠٠) جوولەکەکانی کوردستان، چ١، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، کەلار.
  2. سلێمان، تەها،(٢٠١٧) جێنۆساید لە باشووری کوردستان، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان.
  3. خەزنەدار، مارف،(٢٠٠١) مێژووی ئەدەبی کوردی ب١، چ١، بڵاوکراوەکانی ئاراس، هەولێر.
  4. خۆشناو، نەریمان عەبدوڵڵا،(٢٠١٣) زمانی ستانداردی کوردی، چ١، چاپخانەی هێڤی، هەولێر.
  5. عەلی و باداوەیی، تەها حوسێن، سەردار عوسمان، بنەماکانی زانستی ئامار،(٢٠١۵)چ٣، چاپخانەی هێڤی، هەولێر.
  6. عەبدوڵڵا، عومەر عادل، (٢٧٢٦) هەوڵێکی نوێ لە سیاسەتی بە کەمینەکردن لە بەرانبەر کوردانی ئێزدی، گۆڤاری تیشك، ژمارە(٧٠).
  7. ڕێکارێ مزویری، (٢٠١٣)مێژووی جێنۆسایدی گەلی کورد،چ١، چاپخانەی کارۆ، هەولێر.
  8. ناوخۆش، سەلام، (٢٠٠٠) هۆکارەکانی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقی عەرەبییەوە،چ١، چاپخانەی ژیان، هەولێر.
  9. کوردە، بەرزان ئەحمەد،(٢٠١٩) کورتە مێژووی جەولەکەکانی کوردستان، چ١، چاپخانەی ( )، سلێمانی
  10. گوڵ، مارف عومەر،(٢٠٠٧)، جێنۆسایدی گەلی کورد- لەبەر ڕۆشنایی تازە نێودەوڵەتاندا،چ٤، بڵاوکراوەکانی ئاراس، هەولێر.
  11. گوڵ، مارف عومەر،(٢٠٠٢) پۆلێنکردنی تاوانەکانی ئەنفال و بە پێی جۆرەکانی جێنۆساید، زەنجیرەی کتێبی بیر(١٣) بڵاوکراوەکانی (ی.ن.ك)، سلێمانی

سەرچاوە عەرەبییەکان:

  1. داویشە، عضيد، ت: سامر طالب، (٢٠١٩) العراق تاريخ سياسي من الاستقلال إلى الاحتلال، ط١، مركز الرافدين للحوار، بيروت.

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!