سیمینارێکی تایبەتی لە «شەوچلەی» کوردیدا

زنجیرە سمینارەکانی تیشک

سمیناری شازدەیەم

سیمینارێکی تایبەتی لە «شەوچلەی» کوردیدا

سیمینارێکی تایبەتی لە «شەوچلەی» کوردیدا

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک، لە درێژەی زنجیرە سیمینارەکانی ساڵی ٢٠٢٥دا، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی (٢٠٢٥/١٢/٢١)، سیمیناری شازدەیەم بەناونیشانی: «سیمینارێکی تایبەتی لە «شەوچلەی» کوردیدا؛ هەڵسەنگاندن و پەردەلادان لەسەر دوو بڵاوکراوەی نوێ» بەڕێوە دەبات.

سیمینارەکە لە دوو پانلی سەرەکی پێک دێت.

سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

پانلی یەکەمی سیمینار بەناونیشانی: «سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا» لەلایەن د. قادر وریا، مامۆستای زمانی کوردی و خاوەنی نزیک بیست کتێبی چاپکراو، بەڕێوە دەچێت.
قادر وریا خەڵکی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی ١٩٨٠ەوە وەک تێکۆشەرێکی سیاسی و مامۆستای زانکۆ خەبات دەکات. ئەو خاوەنی دکتۆرای زمانی کوردییە و بۆ ماوەی نزیکەی ١٤ ساڵ لە زانکۆکانی ڕاپەڕین و کۆیە مامۆستای زمانی کوردی و وانەبێژ بووە.

سیمیناری «سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا» هەڵسەنگاندن و پەردەلادان دەبێت بۆ نوێترین بەرهەمی نووسەر. کتێبی «سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان» کە تازەترین بەرهەمی د. قادر وریایە و لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاو کراوەتەوە، تێزی دکتۆرای ناوبراوە.

فرەنەتەوە و فرەزمانبوونی کۆمەڵی ئێران و گەشەکردنی بیری ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزی لەنێو ئاخێوەرانی زمانە جیاوازەکانی ئێراندا، بەردەوامیی سیاسەتی تاکزمانی لەو وڵاتە و پێداگریی حکومەتەکانی ئێران لەسەر ئەم سیاسەتە، بە تایبەتی دژایەتیکردنیان لەگەڵ پەروەردە بە زمانی دایک، پرسی “زمانی پەروەردە”یان کردووە بە پرسێکی زیندوو و گرنگ لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانی وڵاتدا. دیارە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لە داکۆکیکردن لەم سیاسەتەدا بەتەنیا نییە. لەنێو زۆر لە ڕۆشنبیرانی ئێرانی و ناوەندە ئەکادیمییەکان و دەزگا و دامەزراوە پەروەردەیی و کولتوورییەکانی وڵاتی ئێرانیشدا، بەتوندی داکۆکی لەم سیاسەتە دەکرێت. سەرەڕای ئەو دژایەتییە بەهێزە، داوای پەروەردە بە زمانی دایک و خەبات بۆ دابینکردنی پێگەیەکی دەستووری و فەرمی بۆ زمانە نافارسییەکان لەنێو نەتەوەکانی ئیراندا، لە پێشەوەی هەمووان نەتەوەی کورد، ساڵ بە ساڵ زیاتر پەرەی ئەستاندووە. ئەم ڕاستییە هاندەری لێکۆڵەر بووە بۆ ئەوەی سیاسەتی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکات بە هەوێنی ئەم لێکۆڵینەوەیە و تێزی دوکتۆراکەی.

«ئەزموونی من»

پانلی دوویەمی سیمینار بەناونیشانی: «ئەزموونی من» لەلایەن  مستەفا شەڵماشی، یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێوە دەچێت.
مستەفا شەڵماشی لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی شەڵماشی سەر بە شاری سەردەشت لە دایک بووە. لە تەمەنی پازدە ساڵیدا بە هۆی زەبروزەنگی ڕژیمی پاشایەتی و تیربارانکردنی براگەورەکەی مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە لە لایەن ڕژیمی حەمەڕەزاشاوە, ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ دێڵێت و روو لە باشووری کوردستان دەکات. لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستی بە چالاکی سیاسی کردووە.
سمیناری «ئەزموونی من» هەڵسەنگاندنێک دەبێت بۆ نوێترین بەرهەمی نووسەر کە پێ وایە؛ «هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی خەباتی ڕزگاریخوازیەوە تا ئێستا، کورد ستڕاتیژیەکی نەتەوەیی جێگیری نەبووە. خەباتەکەی و ویستەکانی زۆرتر بە پێی هەل ومەرجی جیهانی و ناوچەیی و کوردستانی دیاری کردوون. زۆرجار لەو ویستە سنووردار کراوانەش، دیسان بە پێی هەل ومەرج و تامی زاری بەرامبەرەکانی دابەزیوە و بە لانی کەمی گەیاندووە. ئەوە لە کاتێک دایە کە ویستی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری نابێ لە ئاستی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کەمتر بێ و لانی کەم پێویستە کیانێکی ئیداریی سەربەخۆی هەبێت». شەڵماشی جگە لە نووسینەوەی بیرەوەریەکانی خۆی، تێکۆشاوە کۆمەڵێک ئەنجامی گشتیی سەبارەت بە خەباتی کورد، قوربانی دانەکانی ودەسکەوتەکانی تا ئێستای دیاری بکات کە دەکرێت لە شەش خاڵی گشتیدا دیاری بکرێن:

 ١- نەتەوەی کورد پێویستە ستڕاتیژیی خۆی بگۆڕێ. ئامانج پێویستە مافی دیاریکردنی چارەنوس بێ، ٢- کەس نابێ پێی وابێ کە هەموو ڕاستییەکە لای ئەوە. لە کاری سیاسی دا سازان لە گەڵ یەکتر و لێک قەبوڵ كردن کلیلی یەکگرتنن، ٣- کورد پێویستی لێبووردەیی لەنێو خۆیدا هەیە، ٤- پێویستە کورد باشتر دۆژمنەکانی بناسێت، ٤- کورد ناتوانێت بە سیاسەتی پاڕانەوەو نەرم و نیانی، بۆچوونی دوژمنەکانی سەبارەت بە ماف وئازادی کورد بگۆڕێت. تاران، بەغدا، ئانکارا و دیمەشق بە گوێرەی ھێزی کورد و یەکگرتوویی کورد بڕیار دەدەن؛ کورد بە ھێز بێت حیسابی بۆ دەکەن، لاواز و نایەکگرتوو بن، ئەوەی بە دەستیشیان ھێنابێ لێیان وەردەگرنەوە، ٥- پێویستە کورد یەکگرتووتر بن و خۆیان بەهێز بکەن، ٦- ڕووناکبیران و سیاسیەکانی کورد، دابەشبوونی کوردستانیان قەبووڵ کردووە و لە جیاتی ئەوەی کار بکەن بۆ بێڕەنگ کردنەوەی ئەو دابەشکارییە، کار دەکەن بۆ قەبوڵاندنی دابەشکاریەکە. ئەوە لە کاتێک دایە کە دوژمنەکانی کورد بۆ دژایەتی پرسی کوردستان و کورد جیاوازیەک دانانێن.

سیمینارەکە لەلایەن ئارام کەیخوسرەوی، ماستەری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی خارەزمیی تاران بەڕێوەدەچێت و سەرپەرشتی دەکرێت.

ئەم سمینارە تایبەتە لە «شەوچلەی» کوردی، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی (٢٠٢٥/١٢/٢١)،، کاتژمێر ١٥:٣٠ بە کاتی بەرلین (کاتژمێر ١٨:٠٠ بەکاتی کرماشان و ١٧:٣٠ بە کاتی هەولێر )، بە زمانی کوردی لە Bredde 69, 42275 Wuppertal بەڕێوە دەچێت.

ئەم سمینارە هاوکات لەسەر پلاتفۆرمی زووم و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی ناوەندیش بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرێتەوە و دەتوانن لە ڕێی بەکارهێنانی بەستەری تایبەتی، بەشداری سمینارەکە بن.

کات و ڕۆژی بەردەست تا دەستپێکی سمینار
0
0
0
0
Days
0
0
Hrs
0
0
Min
0
0
Sec
  • بابەت: سیمینارێکی تایبەتی لە «شەوچلەی» کوردیدا

  • میوان: د. قادر وریا؛ لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ و مستەفا شەڵماشی؛ نووسەر و چالاکی سیاسی

  • ئامادەکار: ئارام کەیخوسرەوی

  • کات: یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی (٢١/١٢/٢٠٢٥ ز.)

  • دەستپێک:  ١٥:٣٠ بەکاتی ناوەندی ئەورووپا (١٨:٠٠ بە کاتی کرماشان، ١٧:٣٠ بەکاتی هەولێر)

  • زمان: کوردی

  • ڕێکخەر:

    • ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک
  • ئادرس: Bredde 69, 42275 Wuppertal، هاوکات لەسەر پلاتفۆرمی زووم؛ لێرە کرتە بکە Zoom

  • کۆدی بەرنامەی زووم

    کۆدی ئسکەنی بەرنامەی زووم

  • پەیوەندی: info@tishk.org

لۆگۆی ناوەند

لە فەیسبووک بمانبینەوە