وتار

دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران

بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: 23.06.2026

ڕەسووڵی، داوود (٢٠٢٦): دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران. وتاری بەردەست. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

 

پوختە

لە میانەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦، بە هۆی گەرموگوڕیی پێشهاتەکانەوە، ئەنجامە ژینگەیییەکانی لە پەراوێزدا ماونەتەوە. هاوکات لەگەڵ زیانە مرۆیی و سیاسییەکان، ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین قەیرانە ژینگەیییەکانی مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادا بێت کە بە باشی ڕاپۆرت نەکراوە. ئەوە لە هەواڵەکاندا بەرچاو دەکەوت؛ هێرشی سەر ژێرخانی نەوت، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەندەرەکان و شارەکان. لە وێنەکاندا زۆرجار دوکەڵی ژەهراوی، پیسبوونی ئاو، نیگەرانیی تیشکدانەوە، وێرانبوونی باڵەخانەکان و هتد دەبینرا. بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی ململانێ و ژینگە (CEOBS: Conflict and Environment Observatory) کە ڕێکخراوێکی چاودێرییە و بنکەکەی لە بریتانیایە، شەڕەکە تەنها لە ماوەی سێ هەفتەی یەکەمیدا زیاتر لە ٣٠٠ ڕووداوی بەڵگەمەندی ژینگەیی لە دوانزە وڵاتدا لێ کەوتەوە. ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێت تاکوو ئێستا، زیانە ئیکۆلۆژییەکانی ئەم شەڕە لە شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ زیاترە.

  • شێوازی بڵاوکردنەوە: PDF

  •  کۆپی ڕایت: CC-BY-NC 4.0

  • ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە: 16.10.2025

  • نووسەر: داوود ڕەسووڵی

  • وەرگێڕان:

  • ڕێکخراو: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2026 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

وشە سەرەکییەکان: شەڕی ئێران ٢٠٢٦، شەڕ و ژینگە، پیسبوونی ئەتۆمی، پیسبوونی کەنداوی فارس، پیسبوونی هەوا، بارانی ڕەش

دەروازە

لە میانەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦، بە هۆی گەرموگوڕیی پێشهاتەکانەوە، ئەنجامە ژینگەیییەکانی لە پەراوێزدا ماونەتەوە. هاوکات لەگەڵ زیانە مرۆیی و سیاسییەکان، ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین قەیرانە ژینگەیییەکانی مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادا بێت کە بە باشی ڕاپۆرت نەکراوە. ئەوە لە هەواڵەکاندا بەرچاو دەکەوت؛ هێرشی سەر ژێرخانی نەوت، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەندەرەکان و شارەکان. لە وێنەکاندا زۆرجار دوکەڵی ژەهراوی، پیسبوونی ئاو، نیگەرانیی تیشکدانەوە، وێرانبوونی باڵەخانەکان و هتد دەبینرا. بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی ململانێ و ژینگە (CEOBS: Conflict and Environment Observatory) کە ڕێکخراوێکی چاودێرییە و بنکەکەی لە بریتانیایە، شەڕەکە تەنها لە ماوەی سێ هەفتەی یەکەمیدا زیاتر لە ٣٠٠ ڕووداوی بەڵگەمەندی ژینگەیی لە دوانزە وڵاتدا لێ کەوتەوە. ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێت تاکوو ئێستا، زیانە ئیکۆلۆژییەکانی ئەم شەڕە لە شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ زیاترە.

پیسبوونی هەوا و  ڕووداوی “بارانی ڕەش”ی تاران

یەکێک لە دیارترین ڕووداوە ژینگەیییەکانی ئەم شەڕە لە شەوی ٨ی مارسی ٢٠٢٦ ڕووی دا، کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠ دامەزراوەی پرۆسێسکردن و کۆگای نەوتیان لە سەرانسەری ئێراندا دایە بەر هێرش. چوار شوێنی سەرەکی لە تاران و دەوروبەری بوون: پاڵاوگەی نەوتی تاران و کۆگاکانی نەوتی شەهران، ئەقدەسیە و کەرەج. تەنها پاڵاوگەی تاران توانای پرۆسێسکردنی نزیکەی ٢٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا.

ئاگری ئەم هێرشانە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، دوکەڵێکی چڕ هەوای تەنی کە رێژەیەکی بەرچاوی هایدرۆکاربۆن، ئۆکسیدی نایترۆجین، دووەم ئۆکسیدی گۆگرد، کانزا قورسەکان و گەردیلە وردەکانی تێدابوو. ئەم دوکەڵە بەسەر شارێکدا کە نزیکەی نۆ بۆ دە ملیۆن دانیشتووی هەیە بڵاو بووەوە. CEOBS ئاماژەی بەوە دا کە شاری تاران بە هۆی ئەوەی بە شاخەکانی ئەلبۆرز دەورە دراوە و پڕە لە بینای بەرز، تەمومژ لەخۆدەگرێت و بڵاوبوونەوەی پیسکەرەکان خاو دەکاتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستیی گشتی توندتر کرد. دوابەدوای ئەمە، زریانێک هەڵی کرد و بووە هۆی ئەوەی بارانێکی ڕەش بباریت؛ توێژێکی چەور و ترش سەقفی ئۆتۆمبێل و شەقامەکانی تارانی پایتەختی داپۆشی. دانیشتووان ڕایانگەیاند ئاسمان تاریک بوو وەک ئەوەی خۆر بگیرێت، چاویان سووتاوەتەوە و تووشی قورگئێشە بوون.

وێنەی (1). ئاگرکەوتنەوە لە کۆگای نەوتی شەهران لە باکووری ڕۆژئاوای تاران دوای هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ٧ی مارس. سەرچاوە @sentdefender

وێنەی (1). ئاگرکەوتنەوە لە کۆگای نەوتی شەهران لە باکووری ڕۆژئاوای تاران دوای هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ٧ی مارس. سەرچاوە @sentdefender

ئەندازیارانی ژینگە کە بۆ دەزگاکانی هەواڵدەری قسەیان کردووە، ئاماژەیان داوە کە بارانی ڕەش لەم جۆرە، بۆ ئەوەی دروست بێت پێویستی بە چڕییەکی زۆری پیسکەر هەیە. شارەزایانی تەندروستیش هۆشدارییان داوە کە بەرکەوتن بەو گەردیلە و پێکهاتە ترشانەی لە ئەنجامدا دروست دەبن، کاریگەرە لەسەر نەخۆشیی هەناسەدان، جەڵتەی دڵ و مردنی پێشوەختە، بەتایبەتی لەنێو هاووڵاتیانی هەستیاردا. لەبەر ئەوەی بارانەکە رژاوەتەوە ناو سیستەمی ئاوەڕۆی شار، مەترسی سەبارەت بە پیسبوونی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی دێتە ئاراوە.

ئەم ڕەوشە کەم تا زۆر لە شارەکانی تری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بەر بوردمان کەوتن، بە هەمان شێوە بوو بەڵام بە هۆی نەبوونی پەیوەندی، زانیاری و داتای ورد بەردەست نین.

مەترسیی ئەتۆمی و تیشکدانەوە

لێدانی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران زۆرترین سەرنجی نێودەوڵەتیی لەسەر بوو. بەرنامەی ئێران بریتییە لە دامەزراوە گەورەکانی پیتاندن لە نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان، وێستگەیەکی کارەبایی لە بوشێهر و ڕیاکتۆری توێژینەوەی تاران. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەتەنز لە مانگی مارسی ٢٠٢٦ لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە (IAEA) پشتڕاست کرایەوە کە زیانیان بە بیناکانی چوونە ژوورەوەی وێستگەی پیتاندنی سووتەمەنیی ژێرزەوی گەیاندووە. دواتر ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، پیسبوونی تیشکدانەوەی لە شوێنەکەدا پشتڕاست کردەوە، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ تیشکێک بۆ دەرەوەی دامەزراوەکە دزەی نەکردووە.

پسپۆڕانی ئەتۆمی بەگشتی هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە کە لێدان لە شوێنەکانی پیتاندن، مەترسیی سنوورداری تیشکدانەوەی بەدوادا دێت؛ بەو پێیەی مەترسیی سەرەکی لە یۆرانیۆم هێکسافلۆراید (uranium hexafluoride) و گازی یۆرانیل فلۆرایدەوە (uranyl fluoride) دێت، کە لە ڕووی کیمیاییەوە ژەهراویین بەڵام تەنها لە ئاستی بەرزتری پیتاندندا مەترسییەکی مانادار دروست دەکەن. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پیسبوونی لەناو هەردوو دامەزراوەی نەتەنز و ئیسفەهان پشتڕاست کردووەتەوە و شیکارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم مەترسییە دەتوانێت بەرز بێتەوە ئەگەر شوێنە قووڵەکانی وەک فۆردۆ (کە نزیکەی ٩٠ مەتر لە ژێر زەوی لە نزیک قوم نێژراون) بە بۆمبی گەورەتر لێبدرێن.

ڕەنگە جددیترین ڕووداو ئەوە بوو کە بەپێی ڕاپۆرتەکان موشەکێک لە دووریی ٣٥٠ مەتر لە ڕیاکتۆری وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر کەوتە خوارەوە و بە مەزەندەیی ٢٨٢ تۆن مادەی ئەتۆمی خستە مەترسییەوە. بەم پێیەش ترسی بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوە لە سەرانسەری کەنداوی فارسدا بەرزبووەوە؛ لە کاتێکدا چەند دەوڵەتی ناوچەکە بۆ خواردنەوە و ماسیگرتن پشت بەم ئاوە دەبەستن.

ژێرخانی ئاو  و کەناراوەکان

لە شەڕەکەدا ئاسایشی ئاو وەک نیگەرانییەکی ژینگەیی سەری هەڵداوە، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئاوی ئێران کە پێشتر لە ئارادایە بەهۆی وشکەساڵی و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانەوە. CEOBS  ڕایگەیاندووە نزیکەی 450 وێستگەی پاڵاوتن، ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 100 ملیۆن کەس لە ناوچەی کەنداو دابین دەکەن. لە یەکێک لە ڕووداوە بەڵگەدارەکاندا، ئێران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە لێدانی وێستگەیەکی پاڵاوتنی ئاو لە دوورگەی قشم، کە ئاوی ٣٠ گوندی دابین دەکرد. لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ژێرخانی پاڵاوتنی ئاو، قەیرانێکی مەزنی مرۆڤی و ژینگەیی سەری هەڵدەدا.

هەروەها ژێرخانی نەوتی دەریایی و کەناراوەکان، لە ژێر مەترسییەکی گەورەدا بوون. هێرش بۆ سەر بەرهەمهێنانی نەوت و ژێرخانی پاڵاوتن، کارەساتێکی ژینگەییی بەدوادا دێت کە گەورەترین ڕووداوی دەریایی هەژمار دەکرێت. بەتایبەتی ئەگەر بێنینە بەر چاو کە بەپێی زانیارییەکان و بە مەزەندە ٢١ ملیار لیتر نەوتی خاو لەناو ٨٥ تانکەردا لە کەنداوی فارسدا گیریان خواردووە. لە ئەنجامی شەڕەکەدا، مەترسیی ڕژانی بەربڵاوی نەوت بۆ ئیکۆسیستەمی دەریایی کەنداو دێتە ئارا کە پەیوەندیی بە تانکەرە زیانلێکەوتووەکان و کەشتییە نوقمبووەکان و دزەکردنی نەوتەوە دەبێت.

خشتەی (1). پوختەی ڕووداوە ژینگەییەکان (٣ هەفتەی یەکەمی شەڕەکە) کە ڕووبەڕووی ١٢ وڵات بووە

Sources: CEOBS incident tracking and briefings; Greenpeace International; Natural World Fund climate analysis; IISS regional analysis; ABC News/BBC Verify reporting. Figures are evolving estimates from open-source monitoring during an active conflict and should be treated as indicative rather than final.


کەشوهەوا و کاربۆن

لە دەرەوەی پیسبوونی ناوچەیی، شەڕەکە شوێنپێیەکی بەرچاوی کەشوهەوای بەجێ هێشت. یەکێک لە شیکارییەکان، مەزەندەی کردووە کە تەنها لە ماوەی ١٤ ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا نزیکەی ٥ ملیۆن تۆن  CO2دەردراوە. ئەمەش دەرئەنجامی زیانگەیاندن بە بیناکان، سووتاندنی کۆگاکانی سووتەمەنی، ئامرازە سەربازییەکان و بەکارهێنانی تەقەمەنی هاتووەتە ئاراوە. شیکارییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بڕە لە دووانە ئۆکسایدی کاربۆن لە کۆی گشتیی دەردانی ساڵانەی ٨٤ وڵات تێپەڕیوە. توێژەران لە هەمان ڕاپۆرتدا هۆشدارییان داوە کە پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردنی سووتەمەنیی بەردینی ناوچەیی دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی درێژخایەنی دەردانی گازی ژەهراوی. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە مەترسیی ئەوە هەیە وەک شۆکەکانی پێشووتری وزە کە لە لایەن ئەمریکاوە بەرپەرچی دەدرایەوە، ئەمجارەش هەوڵبدرێت کە لە رێگەی زیادکردنی وەبەرهێنان لە ژێرخانی نوێ و سووتەمەنی بەردینی داخوزی بازار دابین بکرێت. ئەمەش لە دژی ئامانجەکانی کەشوهەوای جیهانی کاردەکات لە کاتێکدا کە بودجەی کاربۆن بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی گۆی زەوی دانرابوو. پەیماننامەکانی کەشوهەوا پێشبێنیی ئەوەیان کردبوو کە نابێت 1.5 پلەی سەدی تا ساڵی 2028 تێپەر بکرێت.

گەرووی هورمز و کەشتیوانی جیهانی

گەرووی هورمز ڕێڕەوی نزیکەی لەسەدا ٣٤ی بازرگانیی نەوتی دەریایی و لەسەدا ٣٠ی هەناردەکردنی گازی سروشتیی شلە لە جیهان. ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە خاڵە هەستیارەکان لە سیستەمی وزەی جیهانی. پێکدادانی دەریایی و زیانگەیاندن بە کەشتییە بازرگانییەکان لە نزیک گەرووەکە و ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران ژمارەیەک مینی داناوە، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی دوور بکەونەوە، لە کاتێکدا بیمەی مەترسیی جەنگ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. لە ئەنجامدا بووە هۆی کەمیی سووتەمەنی لە بەشێک لە ئاسیا و کاریگەریی فراوانتر لەسەر بازرگانی و گەشتە جیهانییەکان.

وێنەی (٢). گۆڕانکاری لە نرخی نەوتی خاو و گازی شل لە میانەی شەڕی ٣٩ رۆژە و دواتری.
سەرچاوە؛ Yahoo Finance

ئاوارەبوون و فشاری مرۆیی

سەنتەری پێشکەوتنی ئەمریکا (Center for American Progress) ئاماژەی بەوە داوە کە خەڵکی مەدەنی تێچووی تەندروستی و ژینگەییی بەرچاویان لە شەڕەکەدا بەرکەوتووە لەوانە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و هەوا و ئاوی پیس. ئەوەی توێژەران بە مەترسیی تەندروستیی درێژخایەن باسی دەکەن ڕەنگە بۆ نەوەکانی داهاتووش بگوازرێتەوە. هەروەها شەڕەکە لەناو ئێراندا، بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری، پچڕانی ئینتەرنێت و دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، کە هەموو ئەمانە توانای هاووڵاتیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ژینگەییەکان ئاڵۆزتر دەکەن.

ئەنجام

بە گشتی، ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان ئاماژە بە قەیرانێکی ژینگەیی دەکەن کە هەم هەنووکەیین و هەم کەڵەکە بوون. لە کورتخایەندا دووکەڵی ئاگری نەوت، بارانبارینی ڕەش و ئەگەری پیسبوونی شوێنە ئەتۆمییەکان، مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ لە شارە گەورەکانی ئێراندا دروست دەکەن. لە ئاسۆیەکی دوورمەودادا، پیسبوونی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان، ئیکۆسیستەمی دەریایی لە کەنداوی فارس و لێکەوتەکانی سەر کەشوهەوا، پێدەچێت نەک تەنها ئێران بەڵکوو دەوڵەتانی دراوسێی کەنداو و ناوچەیەکی بەرفراوانتر لە ساڵانی داهاتوودا بخەنە ژێر کاریگەرییەوە. وەک CEOBS و دامەزراوەکانی تری چاودێری جەختیان لەسەر کردووەتەوە، زیانە ژینگەییەکانی پەیوەست بە شەڕ بەدەگمەن لە چوارچێوەی سنوورەکاندا دەمێننەوە، واتە پێدەچێت حیساباتی ئیکۆلۆژی لەم شەڕەدا زۆر دوای کۆتایی هاتنیشی هەر بەردەوام بێت.

سەرچاوەکان   

 

  1. CEOBS (Conflict and Environment Observatory). “Operation Epic Fury: Emerging Environmental Harm and Risks in Iran and the Region.” https://ceobs.org/operation-epic-fury-emerging-environmental-harm-and-risks-in-iran-and-the-region/     
  2. CEOBS. “The Emerging Environmental Consequences of the Israel-Iran War.” https://ceobs.org/the-emerging-environmental-consequences-of-the-israel-iran-war 
  3. CEOBS. “Black Rain: The Health and Environmental Risks from Tehran’s Oil Fires.” https://ceobs.org/black-rain-the-health-and-environmental-risks-from-tehrans-oil-fires/
  4. Mehdi Leman, Greenpeace International. “The US-Israel War on Iran and How War and Conflict Are Destroying the Environment.” https://greenpeace.org/international/story/82201/iran-lebanon-war-environment-climate-impacts/  
  5. Center for American Progress. “The Human and Environmental Costs of the War in Iran.” https://www.americanprogress.org/article/the-human-and-environmental-costs-of-the-war-in-iran/
  6. IISS (International Institute for Strategic Studies). “The US-Israel Campaign in Iran.” https://www.iiss.org/online-analysis/online-analysis/2026/02/the-us-israel-campaign-in-iran/
  7. CSIS (Center for Strategic and International Studies). “The Fallout Factor in Targeting Iran’s Nuclear Program.” https://www.csis.org/analysis/fallout-factor-targeting-irans-nuclear-program  
  8. Congressional Research Service / Congress.gov. “Iran Conflict and the Strait of Hormuz: Impacts on Oil, Gas, and Other Commodities.” https://www.congress.gov/crs-product/R45281
  9. ABC News. “How Targeting Iran’s Nuclear Facilities Could Impact the Environment.” https://abcnews.com/International/targeting-irans-nuclear-facilities-impact-environment/story?id=122969287

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

وتارەکانی تر

دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران

وتار دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: 23.06.2026 ڕەسووڵی، داوود (٢٠٢٦): دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و [...]

ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر

وتار ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر* بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: 15.10.2025 سولەیمانی، کەماڵ (٢٠٢٥): ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر. وەرگێڕانی [...]

  • تحلیل پایداری کشاورزی در کوردستان - ایران: چالش‌های زیست‌محیطی و راهبردهای توسعه پایدار در استان‌های سنندج، ارومیه، کرمانشاه و ایلام

تحلیل پایداری کشاورزی در کوردستان – ایران: چالش‌های زیست‌محیطی و راهبردهای توسعه پایدار در استان‌های سنندج، ارومیه، کرمانشاه و ایلام

مقاله منتشر شده به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - تیشک: ٠٣/٠٥/٢٠٢٥ سهرابی، منصور (٢٠٢٥): تحلیل پایداری کشاورزی در کوردستان - ایران: چالش‌های زیست‌محیطی و راهبردهای توسعه پایدار در استان‌های سنندج، ارومیه، کرمانشاه [...]

  • نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی

نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی

وتار نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ محەممەدی، ئاسۆ(٢٠٢٥):نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای [...]

  • دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی

دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی

وتار دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ حاتەمی، حەسەن(٢٠٢٥):دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی. پوختە [...]

  • کەلەپووری ناتەبا و تواناسازی ژنان: مەستوورە ئەردەڵان (١٨٠٥-١٨٤٧) وەک نموونەیەک لە میراتی ئەنجامدراو لە کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات)

کەلەپووری ناتەبا و تواناسازی ژنان: مەستوورە ئەردەڵان (١٨٠٥-١٨٤٧) وەک نموونەیەک لە میراتی ئەنجامدراو لە کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات)

وتار/وەرگێڕان کەلەپووری ناتەبا و تواناسازی ژنان: مەستوورە ئەردەڵان (١٨٠٥-١٨٤٧) وەک نموونەیەک لە میراتی ئەنجامدراو لە کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات) بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ بۆخێنسکا، [...]