گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
سەعیدی فاتح، ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد: ئایدیۆلۆژیا و سەرکوتی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ئێران. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
فاتح سەعیدی: ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد: ئایدیۆلۆژیا و سەرکوتی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ئێران.
پێشەکی
لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە کایە باوەکانی سەردەمی منداڵیمان ئەوە بوو کە دەبووین بە چەند قۆڵ و بە تفەنگی دارین یان پلاستیکی شەڕمان دەکرد. هەندێک جار، خڕەبەردەکان دەبوون بە هاوەن و خومپارە، و داوێنی چیای داپۆشراو بە داربەڕووی دەوروبەری گەڕەکەکەمان دەگۆڕان بۆ سەنگەر و حەشارگە. قاپۆڕی فیشەکی پێکدادانەکانی پێشوو هێشتا لە بناری کێو و بەندەن دەدۆزرانەوە و ڕاستییەکی تاڵیان بە کایەکانمان دەبەخشی. لەم یارییەدا، زۆربەمان دەمانویست «پێشمەرگە» بین؛ پێشمەرگە لە کاتی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و لە ساڵی ١٩٤٦دا چووەتە ناو فەرهەنگی سیاسیی کوردەوە (قاسملوو ٢٠٠٠، ل. ٥٦) و لەو کاتەوە هەر بە بیستنی ناوەکەی هەستی خەڵک لە کوردستان دەبزوێ. لای کورد، پێشمەرگە تەنیا سەربازێکی سادە نییە، بەڵکوو هێمای فیداکاری، ئازایەتی و کەرامەتی یەک نەتەوەن.
جا لەبەر ئەوەی شەڕەکە دەبوایە دوو لایەنی هەبێ، هەندێک لە منداڵەکان دەوری «پاسدار»یان دەگێڕا، کە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی. سوپای پاسداران کە لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە (١٩٠٢-١٩٨٩) لە مانگی گوڵانی ١٩٧٩دا دامەزرا و بە شێوەیەکی فەرمی وەک پارێزەر و پاسەوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەهاکانی وەسف دەکرا (ڤێری و ئەوانی تر ٢٠٠٩). لە کایەکەماندا، داوا لە پاسدارەکان دەکرا بە فارسی قسە بکەن و فارسییە سەقەتەکەی هاوڕێکانمان زۆرجار دەبووە مایەی پێکەنین. لەبەر ئەوەی هەموو شەڕێک پێویستی بە دوژمنێک هەبوو، ئێمە یاسای جێگۆڕکەی ڕۆڵەکانمان پەسەند کردبوو و هەر ناوبەناوێک دەستەیەکمان دەبوونە پێشمەرگە و پاسدار. بەڵام تەنانەت لە کایەکەشدا، گرووپێکی سێیەم هەبوو کە کەس نەیدەویست تیایدا بەشدار بێ.
ئەم دەستەیە کوردە هاوکارەکانی پاسدارەکان بوون کە لای ئێمە بە «جاش» یان «پێشمەرگە موسڵمان» ناسرابوون و لەڕاستیدا ئەندامی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد (سازمانی پیشمرگان مسلمان کورد) بوون (حەسەنیان ٢٠٢٤). لە کولتووری جەماوەریی کوردستاندا، جاش یەکێکە کە بە بیستنی ناوەکەی شەرم داتدەگرێ، و ئاماژەیە بۆ ئەو چەکدارە کوردانەی کە هاوکاری هێزی دوژمنن و خیانەت لە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان دەکەن. وشەکە لە بنەڕەتەوە لە «جاشەکەر»ەوە هاتووە. دەگووترێ لە کاتی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان، جەیشی (سوپای) عەڕەبەکان هەندێک کوردی خائینی هاوکاری خۆیان دەخستە بەر خۆیان تا چاوساخیان بێ. پێشمەرگەی کوردی ژیر لەسەر کێشی جەیش، نازناوی جاشیان بۆ ئەم تاقمە ساز کرد. ئاخر دەگووترێ جاشەکەر تەنیا بێچووی دنیای ئاژەڵانە کە دەکەوێتە پێش دایکی خۆی. ئەمەش هێمایەکە بۆ ئەوە ئەم خائینانە ئەگەرچی کوردن بەڵام لە دایکی عەڕەبی دوژمن بوون.
بەرەبەرە و لە مێژووی هاوچەرخدا، زاراوەی جاش لە زۆربەی کوردستان بۆ ئەو کوردانە بەکار هات کە بە مەبەستی داگیرکردنی کوردستان یارمەتی سوپای دوژمنیان داوە و دژی پێشمەرگە شەڕیان کردووە. لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا، ئەگەر بە کەسێک بوترێ جاش، تەنیا مانای خیانەتی سیاسی بەخۆیەوە ناگرێ، بەڵکوو بە واتای سەرشۆڕییەکی ئەخلاقیی قووڵیش دێت. لە کایەکانی سەردەمی منداڵیماندا، هەر کەسێک ناچار کرابایە ئەو ڕۆڵە بگێڕێ، سەری لە شەرمەزاریدا شۆڕ دەکرد و ناڕەزایەتی دەردەبڕی، و پێداگری دەکرد کە دەیهەوێ لەگەڵ پێشمەرگەکان کەوێ نەک لەگەڵ هاوکارە سووک و ڕیسواکانی خۆی لەناو سوپای پاسداراندا.
بیرەوەریی ئەم کایە منداڵانەیە ڕەنگدانەوەی واقیعێکی کۆمەڵایەتی زۆر فراوانترە. لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کورددا، «جاش» وەک بەهێزترین هێمای خیانەتی ناوخۆیی ماوەتەوە و قورساییەکی هاوشێوەی زاراوەی «کویسلینگ» (Quisling) لە مێژووی ئەورووپادا هەڵدەگرێت. لە کاتێکدا کە دەکرێ جاش بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ هەر جۆرە هاوکاریی ئایدیۆلۆژیک یان سیاسی بەکار بێت، بەڵام لە ساڵانی سەرەتای کۆماری ئیسلامیدا، بە دیارترین شێوە ئەم زاراوەیە بەستراوەتەوە بە ئەندامە کوردەکانی میلیشیای یاریدەدەری سوپای پاسداران، واتە ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد.
سەرەڕای ڕۆڵی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد لە مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تا ئێستا کەمتر شرۆڤەی چۆنیەتی سازبوونی ئەم ڕێکخراوەیە، بنەمای ئایدیۆلۆژی، یان پەیوەندییەکەی بە سوپای پاسدارانەوە کراوە. ئەم بۆشاییە لەبەر گرنگیی دووفاقیی ڕێکخراوەکە جێی تێڕامانە؛ چونکە لە لایەکەوە وەک میکانیزمێکی ناوخۆیی بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێرانی دوای شۆڕشدا کاری کردووە، و لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە پڕۆسەی کۆلۆنیالیستی «لەخۆدا تواندنەوە»ی (Co-optation) ئێرانییەکان بوو کە تیایدا سەرلەنوێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی داڕێژنەوە. لەخۆدا تواندنەوە، پڕۆسەیەکی سیاسی یان ڕێکخراوەییە کە تیایدا داگیرکەر دێت و بەشێک لە هێزی بەرخۆدانی کورد ئاوێتەی خۆی دەکات. واتە بە مەبەستی سەرکوت و سڕینەوە، دان بە هەندێک تایبەتمەندی دژبەری خۆیدا دەنێ و لەخۆی دەگرێ تا بتوانێ دووبەرەکی ساز بکات. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەیدەگوت کورد نییە، بەڵکوو دەیگوت کوردی چاک و خراپ هەیە؛ کوردی موسڵمان و کافر هەیە. ئەوانەی گوێڕاڵەی ئێمەن و داخوازی سیاسییان نییە موسڵمانەکانن و ئەوانەی داواکارییەکی سیاسییان سەبارەت بە پرسی کورد هەیە، کافرە لادەرەکان لە ئایینی ئیسلامن. کەواتە ئێمە تەنیا ئەوانە لەخۆ دەگرین کە نەک تەنیا دان بە حکوومەتی ئێمەدا دەنێن، بەڵکوو لە جێبەجێ کردنی سەروەریی سیاسیی ڕێژیمی ئێرانی ئیسلامیدا هاوکار و هاوڕێمانن.
تاکوو ئیستا لە ناو ئەو توێژینەوە بەرفراوانانەی لەسەر مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخی کورد و کوردستان ئەنجام دراون، ئەم ڕێکخراوە یان بە تەواوی پشتگوێ خراوە (گانتەر ٢٠٢٠؛ بۆزەرسلان و ئەوانی تر ٢٠٢١) یان تەنیا بە کورتی ئاماژەی پێ دراوە (ماکداوڵ ٢٠٠١؛ وەلی ٢٠١٦)، و هەندێک جار لەگەڵ زانیاریی نادرووست، هەڵسەنگاندن و شیکاریی سنوورداردا تێکەڵ بووە. هەر بۆیە هەندێک جار کەموکوڕیی لەو وتارانەدا دەبیندرێ کە باسیان لەم ڕێکخراوە کردووە؛ هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وتارەکان زۆرجار پشتیان بە گریمانەی نادروست و بنەمایەکی نائەزموونی بەستووە. توێژەرانی وەک مارتن ڤان برۆینسێن (١٩٨٦،ل. ٢٣) و دەیڤید مەکداوڵ (٢٠٠١، ل. ٢٧٦) باس لەوە دەکەن کە پێشمەرگە موسڵمانی کورد بە پلەی یەکەم لە کوردە شیعەکانی کرماشان پێکهاتبوون. لە ڕاستیدا، ئەگەرچی سەرەتا ڕێکخراوەکە لە کرماشان دروست بوو، بەڵام ئەندامەکانی کوردی سوننە بوون و هیچیان خەڵکی شاری کرماشان نەبوون. ئەم وێناکردنە هەڵەیە لە بەرهەمەکانی دواتریشدا دووبات بووەتەوە، لەوانە لە کارەکانی حەسەنیان و ستانسفیڵد (٢٠٢٢، ل. ١٦)، و تێزکور و ئەسەدزادە (٢٠١٩، ل. ٦٥٩)، کە بەمەش زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکە بۆ سەرچاوەکانی دواتر گوازراوەتەوە.
بە هەمان شێوە، عیزەتیار مێژووی بەکارهێنانی زاراوەی «جاش» بۆ سەردەمی دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێنێتەوە و تەنیا بە ئەندامانی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کوردەوە دەیبەستێتەوە (عیزەتیار ٢٠١٦، ل. ١٥٧) و لە هەمان کاتیشدا ئەگەرجی توێژینەوەیەکی چڕوپڕ لەسەر ئەحمەد موفتیزادە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باس لە دەنگۆ و پەیوەندییەکانی ئەو کەسایەتییە گرنگە لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەیە ناکات. من دواتر ئەم باسە زیاتر شی دەکەمەوە، بەڵام مێژووی جاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەردەمی پاشایەتی دەگەڕێتەوە و بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن. بۆ وێنە لە ساڵی ١٩٧٢دا، ڕۆژنامەی «کوردستان»، زمانحاڵی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی، ئەویش لە ڕێگەی هەڵخەڵەتاندن و پێدانی مووچەی مانگانەی ٢٤٠ تمەن، بەشێک لە زەحمەتکێشانی کوردستان و هەندێک کەسایەتیی دەرەبەگی نانیشتمانیی پڕچەک کردووە (حدکا ١٩٧٢، ٤). ڕۆژنامەکە بە ڕاشکاوی ئاماژەی بە میکانیزمی دانەبەرخۆی کردووە و ناوی «جاشگرتن»ی لێناوە، و ئەمەش نیشان دەدات جاشایەتی و ئەو کارەی پێی دەناسرا، پێش کۆماری ئیسلامی هەبووە.
کەمکوڕییەکی تر لە شیکارییەکەی عەباس وەلیدا دەردەکەوێ کە تەنیا سەرنجی خستووەتە سەر ئەو خێڵ و عەشیرەتانەی کە لە مەهاباد و پیرانشار (وەکوو عەشیرەتی مەنگوڕ) بەشێکیان ببوون بە پێشمەرگە موسڵمان (وەلی ٢٠١٦، ل. ٢٩٧-٩٩). ئەگەرچی پێکهاتەی خێڵەکی لەو ناوچانە کاریگەریی لەسەر ئەم دیاردەیە هەبووە، بەڵام ئەم ڕوانگەیە ناتوانێ شێوازی سازبوون، پەرەسەندن و بەردەوامیی ڕێکخراوەکە شی بکاتەوە. چونکە لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێشمەرگە موسڵمانی کورد بەبێ پێکهاتەیەکی خێڵەکی گەشەی کردووە؛ و لە جیاتی پەیوەندیی عەشیرەیی، پشتیان بە ڕێکخستنی ئایدیۆلۆژی بەستووە کە دەورێکی یەکلاکەرەوەی لە پەرەسەندنی خێرایدا هەبووە. لە درێژەدا باس لەوە دەکەم کە ئەندامەکان سەرەتا لە ڕێگەی ڕێکخستنی ئایدیۆلۆژییەوە ڕادەکێشران و دواتر بەرەبەرە لە ناو چینە هەژارەکانی کۆمەڵگەدا پەرەیان دەسەند. ئەم جەختکردنە لەسەر چوارچێوەیەکی خێڵەکی، لە شیکارییەکانی سینکایا (٢٠١٨، ل. ٨٤٩)، شەریفی (٢٠٢١، ل. ٤١٧)، و حەسەنیان (٢٠٢٤، ل. ٣٠٦)ـیشدا دەردەکەوێت و ئەمەش زیاتر وێنەیەکی ناتەواو لەسەر ڕێکخراوەکە جێگر دەکات.
لەرێگەی ئاوڕدانەوە لەم کەلێنە مێژووییانە و شیکردنەوە ناڕوونانە، ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدا تێگەیشتنێکی گشتگیرتر لەمەڕ ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد، وەک میلیشیایەکی ئایدیۆلۆژیک لە ناو ستراتیژیی دژە-شۆڕشی ڕێژیمدا بەدەستەوە بدات و، وەک هێزێک پێناسەی بکات کە دەوری لە پارچەپارچەکردنی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەبووە. هەر بۆیە، ئەم وتارە لە ڕێگەی پشکنین بۆ ئایدیۆلۆژیا، پێکهاتەی میلیشیایی، و ڕۆڵی سیاسیی ڕێکخراوەکە گرنگیی ئەوان لە سەرکوتکردنی داخوازیی بزووتنەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ئۆتۆنۆمی لە ئێرانی دوای شۆڕشدا نیشان دەدات.
ئەم توێژینەوەیە دەیهەوێ لە ڕوانگەیەکی شیکاری و دژەکۆلۆنیالیستییەوە سەیری ئەم بابەتە بکات و گرنگیی بە بنەمای ئایدیۆلۆژی، میکانیزمەکانی لەخۆدا تواندنەوە، و هاوکاریی نێوان ئەم میلیشیایە لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا دەدات. ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد، کە بە فەرمی لە پاییزی ١٩٧٩و بە پشتیوانیی فەرماندەی سوپای پاسداران محەممەد بروجێردی (١٩٥٥-١٩٨٣) و ڕەزامەندیی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرا، لە گوتاری دەوڵەتدا وەک بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی جەماوەری لە کوردە ئیماندارەکان وێنا دەکرا کە بەرگریی لە شۆڕش دەکەن و دژی ئەو لایەنانە دەوەستنەوە کە وەک دژە-شۆڕش پێناسە دەکران. گێڕانەوە فەرمییەکان ڕێکخراوەکەیان وەک هێزێکی خۆبەخش وێنا دەکرد کە پاڵنەرەکەی باوەڕی ئایینی، دڵسۆزی بۆ خومەینی، و فیداکاریی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو (ئیسلامیک ڕیپابلیک ١٩٨٠). بەڵام لە ڕوانگەیەکی کوردییەوە، ئەم ڕێکخراوە بەشێک بوو لە توندوتیژییەکی کۆلۆنیال و تیایدا ئەوان وەک میلیشیایەکی کوردی بۆ شەڕکردن دژ بە کوردانی ئازادیخواز تەیار کرابوون تا خواستی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بۆ وەدیهاتنی دێموکراسی و ئۆتۆنۆمی، لە ژێر ئاڵای ئیسلامدا سەرکوت بکرێت.
گرنگیی لێکۆڵینەوە لە ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد تەنیا باسکردن لە چالاکییەکی سەربازی نییە، بەڵکوو لە شیکاریی ڕەخنەگرانەی چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیکییە کە ڕەوایی بە هەبوونەکەی داوە. ڕاگەیاندنی جیهاد لە دژی کورد لە لایەن خومەینییەوە لە گەلاوێژی ١٩٧٩ کە بە ڕاشکاوی پێشمەرگەی وەک «کافر» و «مونافیق» پۆلین کرد، بنەمایەکی تیۆلۆژیک بۆ جووڵاندنی پێشمەرگە موسڵمانی کورد دژی هاونیشتمانییەکانی خۆیان بەدی دەهێنا (خومەینی ٢٠١٤، ٩:٢٨٣). بەیاننامەکانی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە هەمان پۆلینکارییانەیان دووپات دەکردەوە؛ بە بەکارهێنانی ئایەتەکانی قورئان، ئەرکەکەیان وەک تێکۆشانێکی پیرۆز و خودایی بۆ «پاکتاوکردن»ی کوردستان لە پۆخڵەیی وێنا دەکرد. لە ڕێگەی ئەم پڕۆسەیەوە، ڕێکخراوەکە بوو بە ئامرازێک بۆ پڕۆژە فراوانترەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ «ئیسلامیکردن» و «ئەمنییەتیکردنی» کوردستان، کە تیایدا شەرعییەت لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەسەندرایەوە و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی کوردی تووشی دووبەرەکی دەکرد.
پێگەی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کورددا بە هەمان ئەندازە گرنگە. لە کاتێکدا گوتاری دەوڵەت ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەی وەک شەهید و پاڵەوانی ئیسلام پیرۆز دەکرد، کۆمەڵگەی کوردی وەک «جاش» و زۆر بە خراپە ناویان دەبردن و وەک کەسانی خیانەتکار، بە سووک و چرووکی سەیری دەکردن. ئەم دوو وێنا دژوازە، لە تاران وەک پاڵەوان و لە کوردستان وەک خوێڕی و سەرشۆڕ، تیشک دەخاتە سەر مانای جیاواز بۆ دڵسۆزیی، هاوکاریی و بەرگریی لە ئێران و کوردستان. کەواتە، شوێندانەریی ئەم ڕێکخراوە مەیدانی شەڕی تێدەپەڕاند و دەگەیشتە ناو پێکهاتە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
ئەم وتارە، بە هەڵسەنگاندنی بەستێنی دەرکەوتنی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد لە ناو چوارچێوەیەکی فراوانتری گرژییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا دەست پێ دەکات و ڕوانگەی کوردەکان سەبارەت بە قۆناغی شۆڕش دەخاتە بەر باس. پاشان لە ڕێگەی شیکردنەوەی فەتوای ئایەتوڵڵا خومەینی دژی کورد، بنەما ئایینی و سیاسییەکانی توندوتیژیی دەوڵەت دەپشکنێت، و شوێنپێی سازبوونی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد هەڵدەگرێت. بەشەکانی دواتر شیکاریی بۆ بنەمای ئایدیۆلۆژی و پروپاگەندەی ڕێکخراوەکە دەکەن و دوای ئەمەش پێکهاتەی میلیشیایی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کوردستان تاوتوێ دەکرێت. وتارەکە بە هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکە لە سەرکوتکردنی داخوازیی بۆ ئۆتۆنۆمیی لە کوردستان و ئەو لێکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بەردەوامانەی کە ئەم پرۆسەیە هەیبووە، کۆتایی دێت.
گرژیی نەتەوەیی و شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران: ڕوانگەی کورد و فەتوای خومەینی
شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران نەخشەی سیاسیی ئێرانی سەرلەنوێ داڕشتەوە. ڕووخانی پاشایەتیی پەهلەوی و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێکەوتەی قووڵی بۆ گروپە جیاوازە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو وڵاتەکە هەبوو. کوردەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕاپەڕین و شۆڕشی ساڵانی ١٩٧٨-١٩٧٩دا گێڕا. لە کوردستان بە گەرمی پێشوازی لە ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی کرا؛ چونکە ئەمە وەک هەلێک دەبینرا بۆ ئەوەی بەرەوڕووی ئەو دەسەڵاتە ببنەوە کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە سەرکوت و پشتگوێخستنی داخوازییەکانی کورددا هەبوو. بێزاریی کورد لە بنەماڵەی شا، لە دوای سەرکوتی ڕاپەڕینی سمکۆ، کۆماری کوردستان و ڕاپەڕینی چەکداریی ١٣٤٦-٤٧ و هەروەها بەهۆی پشتتێکردنی محەمەدڕەزا شا لە کوردانی باشوور (دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥) زیاتر ببوو. ئەم هۆکارانە ئاگری ویستی گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی سیاسی ئێران لە کوردستان خۆش دەکرد. کاتێک لە کۆتاییەکانی ١٩٧٨شۆڕش تاوی سەند، حیزبەکانی کوردستان چەکی ناو سەربازگەکانیان کۆکردەوە و دەسەڵاتیان بەسەر بەشێک لە ڕۆژهەڵاتدا چەسپاند (ماکداوڵ ٢٠٠١، ل. ٢٦٧). خەباتکارانی کورد ئەگەرچی لە سەرەتادا پێشوازییان لە گۆڕینی ڕێژیم لە تاران دەکرد، بەڵام ئامانجی سەرەکییان پشتیوانیکردن لە کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵکوو دەیانویست خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی و دێموکراسییەکی سێکۆلار دەستەبەر بکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ئەم ویستەی لە دروشمی «دێموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان» پوخت کردبووەوە (شەمس ٢٠٢٢؛ ئەحمەدی ٢٠١٨).
ئەم داواکارییە، کەمتازۆر، لە لایەن ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکانی تریشەوە وەکوو کۆمەڵە (ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) و خەبات (سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران) پشتیوانی لێ دەکرا، و دەکرێ بوترێ لایەنە جۆراوجۆرەکان داخوازییەکی هاوشێوەیان بۆ ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا هەبوو (حەسەنیان ٢٠٢١؛ کەعبی ٢٠٢٠). بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم داواکارییانەی ڕەت کردەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بزووتنەوەی سیاسیی کوردی وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی پێناسە دەکرد. لەم بارودۆخەدا، دامەزراندنی سوپای پاسداران پێشهاتەیەکی دامەزراوەیی گرنگ بوو، چونکە میکانیزمێکی نوێی سەرکوتکاری بۆ ڕێژیمەکە دەستەبەر دەکرد و خێرا ڕۆڵێکی سەرەکی و بەردوامی لە کپ کردنی ویستی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گێڕا.
ڕێژیمی نوێ کە دەیهەویست دەسەڵاتی شیعی – ئێرانی بە سەر کوردستاندا بچەسپێنێ، داواکارییەکانی کوردی بۆ ئۆتۆنۆمی وەک ئالنگارییەک بۆ سەر ڕێسا و نەزمی دوای شۆڕش وێنا دەکرد. تەنیا چەند مانگێک دوای گەڕانەوەی خومەینی، پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکانی کورد و سوپای پاسدارانی تازەدامەزراو ڕوویدا (ماکداوڵ ٢٠٠١، ل. ٢٧٦-٧٧). ئەگەرچی حیزبەکانی کوردستان لە سەرەتادا ڕێگەی دانووستانیان گرتەبەر و پێشنیازیان بۆ ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا پێشکەش کرد، بەڵام ئەم داواکارییانە ڕەتکرانەوە و تەنیا هەندێک ئیمتیازی کارگێڕیی سنووردار پێشنیاز کران. دواتر زانرا کە مەبەستی ڕێژیم لە دانووستان تەنیا بۆ کڕینەوەی کات و تەیار کردنی هێزەکانی بۆ هێرشی سەر لە نوێ بۆ سەر کوردستان بووە. لە کۆتاییدا، خواستەکانی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی کە لەسەر بنەمای سێکۆلاریزم و دێموکراسی داڕێژرابوون، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ چوارچێوە تیۆکراسییەدا (حکومەتی ئایینی)، کە ڕێژیم لە تاران بانگەشەی بۆ دەکرد، نەدەگونجان.
ئەم گرژییانە لە ڕێگەی چوارچێوەی دەستووریی کۆماری ئیسلامییەوە بەدامەزراوەیی کران. ئەو دەستوورەی کە لە دێسامبری ١٩٧٩دا پەسەند کرا و پێکهاتەیەکی ئایینی چەسپاند کە بەشداریی سیاسیی کوردی پەراوێز دەخست. لە ژێر سایەی ئەم پاشخانە دامەزراوەییەدا بوو کە کاراکتەرە سیاسییەکانی کورد گەیشتنە ئەو بڕوایە کە دەستووری نوێ کە لەسەر بنەمای حکومەتێکی چەقگەرای ئایینی داڕێژراوە، ڕێگەی بەدیهاتنی ئۆتۆنۆمی داخستووە. هەر بۆیە لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبەکان بە شێوەیەکی نەریتی هەژموونی سیاسییان هەبوو (ناوچە سوننەکانی ڕۆژهەڵات) ڕیفراندۆمی دەستووری نوێی ئیسلامی کە لە ٢-٣ی دێسامبری ١٩٧٩ بەڕێوە چوو، لە لایەن خەڵکەوە بەتەواوی بایکۆت کرا؛ بە جۆرێک کە نزیکەی سەدا نەوەدی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشدارییان تێدا نەکرد (شالیان ١٩٨٠، ل. ٢٢٩-٣٠). لە بەرانبەردا، خومەینی سەرکۆنەی ئەو کەسانەی کرد کە بایکۆتیان کردبوو یان دەنگیان دژی دەستوور دابوو، و بەوە تۆمەتباری کردن کە هاوکاری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن و بێڕێزییان بە شەهیدانی شۆڕشی ئیسلامی کردووە و وەک دەستوپەیوەندی شەیتان و ئیمپریالیزم ناوی بردن (ئەبرەهامیان ٢٠٠٨، ل. ١٦٨-٦٩).
لەم قۆناغەدا، هێزی پێشمەرگەی حدکا و کۆمەڵە کۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەکیان لە ڕۆژهەڵات بە دەستەوە بوو کە دەکرێ بە هێڵی مەهاباد تا سنە و پاوە پێناسەی بۆ بکەین و بۆ ماوەیەکی کاتی هێزەکانی ڕێژیمیان لەو ناوچانە وەدەرنا. لە ئاگۆستی ١٩٧٩ شەڕی پاوە دەستی پێکرد و ئەمەش وای کرد خومەینی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەت و سوپا ساز بکات. لە ١٧ی ئاگۆستی ١٩٧٩، خومەینی وتارێکی گشتی پێشکەش کرد و تێیدا ئایەتێکی لە سوورەتی «الفتح» هێنایەوە کە باس لە هەڵوێستی توندی پێغەمبەری ئیسلام بەرانبەر بە کافرەکان دەکات؛ ئەو داوای کرد هەمان هەڵوێستی لاسارانە بەرانبەر بەوانە بگیرێتە بەر کە لە کوردستاندا بە دوژمن ناوی دەبردن. ئەم فەتوای جیهادە هەر کەسێکی دەگرتەوە کە لە کوردستان داواکارییەکی سیاسی هەبوایە:
«”توندن بەرانبەر بە کافرەکان و لە نێوان خۆیاندا بەبەزەیین.“ [قورئان ٤٨:٢٩] ئەم پیلانگێڕانە لە ڕیزی کافرەکانن. ئەم پیلانگێڕانەی ناو کوردستان و شوێنەکانی تریش لە ڕیزی کافرەکانن. دەبێ بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. پێویستە حکومەت بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ بکات. پێویستە سوپا بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ بکات. ئەگەر ئەوان وا نەکەن، ئێمە بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین» (خومەینی ٢٠١٤، ٩:٢٨٢-٨٣).
فەتوای خومەینی وەک ڕاگەیاندنێکی سیمبولیک نەمایەوە، بەڵکوو مۆڵەتی شەرعی و یاسایی بۆ ئۆپەراسیۆنی دەستبەجێی سوپای پاسداران ساز کرد (بڕوانە وێنەی ١). زۆر کەس لە ئێران وەک فەرمانێکی ئایینیی و مەرجەع مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا و ئەمەش بووە هۆی شەپۆلێکی خێرای تەیارکردنی خەڵکی ئاسایی کە ببنە سوپایی و خۆبەخشانە لە سەرتاسەری ئێرانەوە بۆ شەڕی دژ بە کافران ڕەوانەی کوردستان بکرێن (بڕوانە وێنەی ٢). هاوکات لەگەڵ ئەوەی پاسدارەکان ڕەوانەی کوردستان دەکران، خەڵکی ئاسایی ئەو شارانەی ئێران وەک ئیسفەهان، نەجەف ئاباد و قوم کە بەپڕانی یەکەکانی سپای کوردستانیان ساز دەکرد بە گیان و بە ماڵ یارمەتی سوپایان دەدا (بڕوانە وێنەی ٩). لە ئەنجامی ئەمەدا، ئەگەرچی پاسدارە خۆبەخشەکان کە کەمترین ڕاهێنانیان پێکرابوو، و تەنانەت پێش لە تەواوکردنی خولەکانی مەشق، پەلەیان بوو بگەنە کوردستان. هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی فەرماندەکانی سوپا ناچار بن خێرا ڕێکیان بخەن، چونکە پاڵنەری ئایدیۆلۆژی گرنگتر بوو لە ڕاهێنان (عالەمزادە ٢٠٢٣، ل. ٦٠٠-٦٠٣).
فەتوایەکەی خومەینی بەخێرایی لە لایەن مەرجەعە ئایینییەکانی دیکەی شیعەوە پشتیوانی لێ کرا (سەعیدی و عوسمانزادە ٢٠٢٥ب، ل. ٤٠٣-٤). ئەوان هەموویان کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە ئەندامانی حیزبەکانی کوردستان لە دینی ئیسلام هەڵگەڕاون و هەر ئەمە ڕەوایی دەداتە هەر جۆرە توندوتیژییەکی بێبەزەییانە. لەم بەستێنەدا، پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستان، چیتر وەک کاراکتەری سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ نەدەکرا، بەڵکوو وەک دوژمنانی ئیسلام سەرلەنوێ پێناسە دەکرانەوە؛ بەمەش ململانێیەکی سیاسی لەسەر ئۆتۆنۆمی گۆڕدرا بۆ هەڵمەتێکی سەرکوتکاریی پیرۆزکراو بە دەقی ئایینی. سوپای پاسداران هێرش بۆ کوردستانی وەک «چارەسەری کۆتایی» بۆ پرسی کورد لێکدەدایەوە (خومەینی ٢٠٠٤)؛ ئەم گۆڕانکارییە لە سنووری ئەوەی کورد تەنیا دژەشۆڕش بێ تێدەپەڕی و دەچووە ناو کایەی نەکرۆپۆلەتیکی ئایینی (سیاسەتی مەرگی ئایینی)، کە تیایدا ڕێژیم لە ڕێگەی لۆژیکی مەرگەوە دیاری دەکرد کێ و لە کوێی کوردستان مافی ژیانی هەیە. هەروەها ڕێگەی بۆ سەرکوتکاریی بەرفراوان، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆش کرد (سەعیدی و عوسمانزادە ٢٠٢٥).
لەخۆدا تواندنەوەی ئایدیۆلۆژی و توندوتیژی
لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێژیمی ئیسلامی بەڕەوڕووی تەنگژەیەکی ستراتیژی بووەوە کە تەنیا لە ڕێگەی توندوتیژی و زۆرەملێی دەرەکییەوە چارەسەر نەدەکرا. ئەو پاسدارانەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێردرابوون، زیاتر لە ناوەڕاستی ئێرانەوە و بەتایبەتی لە شارەکانی وەک ئیسفەهان و قومەوە ڕێکخرابوون (جەعفەری ٢٠٢٢؛ عالەمزادە ٢٠٢٣، ل. ٦٠٦)؛ ئەم هێزانە نە شارەزای جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و نە لە لایەن خەڵکی کوردەوە بە هیچ شێوەیەک قەبوڵ دەکران. پاسدارەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک هێزێکی داگیرکەر دەبینران، نەک وەک دەسەڵاتێکی ڕەوا. سەرەڕای ناردنی هێزێکی نامۆ بە کوردستان، ڕێژیم ڕووبەڕووی بەرگری هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە حدکا و کۆمەڵە ببووەوە (سینکایا ٢٠١٦، ل. ٩٦)؛ پێشمەرگەکان ڕەگ و ڕیشەیەکی کۆمەڵایەتیی قووڵیان لە کوردستاندا هەبوو و بەشێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە باوەشیان بۆ کرابۆوە و هەر وەک دەگووترا تەنانەت شەهیدەکانیان لە دڵی میللەتدا دەژیان.
ئەم ناهاوسەنگییەی نێوان خواستە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم و توانای سنوورداری ئەوان لە سەر زەویدا، سوپای بەرەو ئەو پیلانە برد کە کەڵک لە هێزی خۆجێیی کورد بۆ بەرەوپێشخستنی بەرنامەکانیان وەرگرێت. کێشەی سەرەکی ئەوان نەبوونی زانیاریی مەیدانی لە کوردستان و جوگرافیای شاخاوی ناوچەکە بوو کە کاریگەریی هێزی خۆیانی بەرتەسک دەکردەوە (ڕپمک ١٩٨٠). لەگەڵ ئەوەیدا زۆرینەی خەڵکی موسڵمانی کوردستان بە کردەوە پەیڕەوی ئیسلام بوون، بەڵام تەنیا بۆ کەمینەیەکی بچووک وادە و بەڵێنی ڕێژیم بۆ پەرەپێدان بە کۆمەڵگەیەکی یەکسان بەپێی دادپەروەریی ئیسلامی سەرنجڕاکێش دەهاتە بەرچاو. بەڵام ئەم تاقمە بچووکە کاتێک باسیان لە پێشمەرگەکان دەکرد وەکوو کافر یان مارکسیست باسیان دەکردن. فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەو سەردەمەدا ئەم کەلێنەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی هێزێک لەم موسڵمانە کوردانە ساز بکەن کە دژ بە بیری کوردایەتی بوون و بەتایبەت هەتا سەر ئێسقان دژ بە مارکسیزم و سۆسیالیزم بوون (ئەو دوو بیرۆکەیەی کە حیزبەکانی کوردستان سەرەڕای ویستی کوردانەوە خۆیان پێوە گرێ دەدایەوە).
حەسەن ڕەستگارپەنا (یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران کە بۆ ماوەی دوو دەیە لە بەرزترین ئاستەکاندا لە کوردستان بەرپرس بوو)، پێیوایە کە سوپای پاسداران لەو سەردەمەدا پێویستی بە هەواڵگریی نێوخۆیی، کەسانی شارەزا بە جوگرافیای ناوچەکە هەبوو و هەر بۆیە تەنیا نەیاندەتوانی پشت بە هێزی سوپایی خۆی ببەستێ (ڕەستگارپەنا ٢٠١٩، ل. ١٨٧-٨٨). ئەوەی ئەم ناکارامەییەی تۆختر کردبوو پێکهاتەی سوپای پاسداران بۆخۆی بوو. زۆربەی ئەو کەسانەی لە سەرەتادا وەک خۆبەخش هاتبوونە ناو سوپاوە، ئەو گەنجانە بوون کە سەرەڕای ئەوەی هیچ کات کوردستانیان نەدیتبوو، ئەزموونێکی سەربازیی ئەوتۆشیان نەبوو. ئەگەرچی دەبێ ئەوەش بگووترێ دوای ئەوەی چەندین ساڵ لە کوردستان ئەزموونیان وەسەر یەک نا و، لە سایە سەری ئەزموونی سەرکوتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردەوە دواتر پلە باڵاکانی فەرماندەیی سوپای پاسدارانیان بەدەست هێنا (فۆروزان ٢٠١٦، ل. ٥٨-٥٩). پاڵنەری سەرەکی پاسدارەکان بەرگریکردن لە بەهاکانی ئیسلام بوو و لە لایەن خومەینییەوە ڕاستەخۆ پشتگیرییان لێ دەکرا. فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەیانزانی کە فەتوای خومەینی دەتوانێ شەرعییەتی ئایینی بۆ پاسدارە گەنجەکان ساز بکات، بەڵام بڕوای ئایدیۆلۆژیک بە تەنیا نەیدەتوانی بەسەر واقیعە مەیدانییەکانی شەڕی گەریلاییدا زاڵ بێت.
لەم بارودۆخەدا بوو کە شێوازی زاڵبوون لە ڕێگەی توندوتیژیی ئاسۆییەوە سەرلەنوێ داڕێژرایەوە. لە جیاتی ئەوەی دەوڵەت تەنیا لە ڕێگەی زۆرەملێی دەرەکییەوە ڕووبەڕووی بەرگری ببێتەوە، ئاڕاستەی توندوتیژییەکەی بەرەو ناوەوە وەرسووڕاند. ئەوان بیریان کردەوە ئەگەر بتوانن لە نێوان کوردەکان هاوکار بۆ خۆیان پەیدا بکەن دەتوانن لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بن. کێشەکە ئەوە بوو خەڵکی کوردستان ویستێکی بەرزی بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی هەبوو و تەنانەت سوپای پاسداران بە پارە نەیدەواتنی ئەندامێکی ئەوتۆ لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بۆیە بیریان لەوە کردەوە ڕەنگە لە ڕێگەی مەشروعیەتی ئایینی ئیسلام لە کوردستان بتوانن کەسانێک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. لە ڕێگەی ئەم ستراتیژییەوە، فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەیانهەویست چیتر سەرکوتکاری وەک دەستێوەردانێکی دەرەکی نەبینرێ، بەڵکوو وەک ململانێیەکی نێوخۆیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا وێنا بکرێت.
بەبێ بەشداریی هێزێکی کوردی، سوپای پاسداران نەیدەتوانی بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵات شکست بدا. ئەوان توانییان بۆ یەکەم جار هاوکێشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساز بکەن: بەشێک لە هێزی مرۆیی کورد بە ناوی ئیسلامەوە بۆ دژایەتی پێشمەرگە ڕێک بخەن و وەک فۆڕمێکی نوێ لە شەڕی برا دژ بە برا ئاگری دووبەرەکی بۆ خۆش بکەن. ئەم کارە، تێچووی سیاسیی توندوتیژیی دەوڵەتی کەم دەکردەوە و لە هەمان کاتدا بەرەی بەرگریی لە کوردستانی لەت دەکرد و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی تێکدەشکاند.
لەو سۆنگەیەوە، ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد تەنیا وەک هێزێکی یاریدەدەری تاکتیکی بۆ سوپای پاسداران کاری نەدەکرد، بەڵکوو ئامرازێک بۆ سازکردنی دەسەڵاتی ئێرانی و زاڵبوون بوو. واتە ئەگەرچی هاریکاری سوپای پاسداران لەگەڵ هێزێکی کوردی، سوودێکی تاکتیکیی خێرای بەوان دەدا: وەکوو هێزی مرۆیی بۆ شەڕکردن، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، ڕێدۆزی لە ناوچە هەڵەمووت و سەختەکاندا، و ناسینەوەی نەیارە سیاسییەکان (فۆروزان ٢٠١٦، ل. ١٠٩)، بەڵام بەرنامەی لەخۆدا تواندنەوە و کەڵکاژۆگرتنی ئەوان لە بەرژەوەندییەکی سەربازیی گەلێک زیاتر و دوورمەوداتر بوو. هەر بۆیە پیلانی سازکردنی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد، کۆمەڵێک ئامانجی ئایدیۆلۆژیکی درێژخایەنی دەپێکا کە مەبەستیان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کەسایەتیی سیاسیی کورد و لێسەندنەوەی ئەو ڕەواییە بوو کە پێشمەرگە بۆ بەرگریی لە کوردستان هەیبوو.
یەکەم، دەستبەسەرداگرتن و شێواندنی چەمکی پێشمەرگە ئامانجی سەرەکیی ئەم ستراتیژییە نوێیە بوو. ئەم چەمکە کە لە ناو ناسنامەی بەکۆمەڵی کورددا مێژوویەکی لێوڕێژ لە شانازی هەیە و بە ئازایەتی و گیانبەختکردنەوە بەستراوەتەوە، لە ڕێگەی هاوکاریکردنی داگیرکەرەوە، واتایەکی نوێی پێ بەخشرا. سوپای پاسداران بە گۆڕینی پێشمەرگە بۆ ناوێک کە پەیوەست بێ بە ناپاکی و ژێردەستەیی، هەوڵیدا سەرمایەی هێمایی بەرگریی چەکدارانەی کورد کەم بکاتەوە و لەناوی ببات. تەنانەت بۆ جلوبەرگ ئەندامانی ڕێکخراوەکە جلوبەرگی کوردییان لەبەر دەکرد و بەتایبەت لە سەرەتاکانەوە پێیان دەوترا کە جامانەی سوور ببەستن. چونکە لەو سەردەمەدا شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی نەمر مەلا مستەفا بارزانی لە ناو دڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلێک خۆشەویست و جێی شانازی بوو.
دووەم، زیادکردنی ئاوەڵناوی موسڵمان بارێکی ئایدیۆلۆژیکی زۆر بەهێزی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو. ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دووفاقییەکی ئەخلاقیی دروست دەکرد کە تیایدا ئەو پێشمەرگە کوردانەی سەر بە حیزبەکانی کوردستان بوون، وەک دژە دین و کافر وێنا دەکران، لە کاتێکدا جاشەکان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام نیشان دەدران. ئەم جێگۆڕکە گوتارییە بەردەوام لە ڕێگەی فەتواکانی خومەینی، بڵاوکراوەکانی سوپای پاسداران، وتارەکان و گێڕانەوەی میدیاییەوە تۆخ دەکرایەوە. تەنانەت هەندێک لە جاشەکانی وەک ڕەحیم ئەحمەدی و داریوش چاپاری کە لە سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە بوون پێیانوابوو ئەوان پێشمەرگەی ڕاستەقینەن و ئەوان دەبێ کافرەکان بە سزای خۆیان بگەیەنن.
سێیەم، ڕەهەندێکی تری ئەم ستراتیژییە کە کەمتر دیار بوو، پەیوەندی بە پەرەپێدان بە توندوتیژی لە ناو خودی کۆمەڵگەی کوردیدا هەبوو. لە ڕوانگەی داڕێژەرانی پیلانی سوپای پاسدارانەوە، بەکارهێنانی پێشمەرگە موسڵمانی کورد لە شەڕی دژی هێزی پێشمەرگە، ئەو دەستکەوتەی مسۆگەر دەکرد کە لە هەر لایەک ئەگەر بکوژرێ هەر کورد لەناو دەچێ و ژمارەیان کەمتر دەبێتەوە. واتە کوردی چاک هەر کوردی هاوکار نییە، لە ڕاستیدا کوردی چاک کوردی مردووە! ئەم لایەنە بۆیە گرنگە چونکە نە تەنیا توندوتیژیی سوپای پاسدارانی دەشاردەوە و پاسداری ئێرانیش کەمتر دەکوژرا، بەڵکوو کۆمەڵگەی کوردستانی پارچە پارچە دەکرد و هەوڵ دەدرا ململانێی نێوان دەوڵەت و کوردستان بۆ شەڕێکی نێوخۆیی ناو ماڵی کوردی سەیر بکرێت. ئەو شەڕەی کە تیایدا هەم کورد دەکوژرا و هەم هێندە جێگۆڕکە بە هێماکانی پێشمەرگە و شەهید دەکران و پێچەوانە بەکار دەهاتن، بەشکم سەرلێشێواوی بۆ دەزگای تێگەیشتنی خەڵکی کورد ساز بکەن و لانیکەم بەها نیشتمانیەکانیان لەلایان بێمانا بکەن. واتە ئەگەر هەمیشە لە باشووری کوردستان جاش جاش بوو و لە لای خەڵک وەک خوێڕی و بەکرێگیراو سەیر دەکران، سوپای پاسداران هەوڵی دەدا جاش چیتر جاش نەبێ، بەڵکوو جاش پێشمەرگە بێ. هەوڵێک کە ڕەنگە لە سەرەتا ساولیکانە بهاتبایە بەر چاو، بەڵام بە تێپەڕینی ساڵەکان دەیتوانی لانیکەم لە لای کەمینەیەکی بچووکیش بێ مانایەکی جیاواز ساز بکات.
ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٣، بەر لەوەی وردە وردە لە گەڵ سوپای پاسداران تێکەڵ بکرێت، چەند هەزار کەس بوو. ئەگەرچی ئامارێکی گشتگیرمان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ئامارە فەرمییەکانی سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا لە پارێزگای کوردستان، ٩٩٨ پێشمەرگە موسڵمانی کوردی لە پێکدادان لەگەڵ حیزبەکاندا کوژراون (کەڵوەندی ٢٠١٥، ل. ٣٧١-٤٤٣)؛ ئەم ژمارەیە بە دڵنیاییەوە کەمترە لە کۆی گشتیی کوژراوەکان، بەتایبەت ئەگەر چالاکییە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکە لە پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ (بە تایبەت ناوچەی موکریان) لەبەرچاو بگرین. پێش تێکەڵبوونی ڕێکخراوەکە لەگەڵ سوپای پاسداران لە ساڵی ١٩٨٣، ٤٧ ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆیان ئەنجامداوە (ئێزەدی و ئەوانی تر ٢٠٠٨ب، ل. ٥٧-٥٩)، بەڵام ژمارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەگەڵ سوپای پاسداران زۆر لەوە زیاتر بووە، بۆ وێنە: ١٦٠ ئۆپەراسیۆن لە سنە، ٥٥ لە مەریوان، و ٦٦ ئۆپەراسیۆن لە بانە (ڕەستگارپەنا و ئیسفەهانی ٢٠١٣).
لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە، هێزەکانی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد لە چوارچێوەی گوردانە هێرشبەرەکانی وەک «جوندوڵڵا» و «ڕەسوڵوڵڵا»دا ڕێکدەخران و بەتایبەت بۆ ئەو مەئموریەتانە دەنێردران کە شەڕی دەستەویەخە و لە مەودایەکی زۆر نزیکدا ئەنجام دەدران. بە وتەی حەسەن ڕەستگارپەنا (٢٠١٩، ل. ١٨٧)، تیمە پێنج کەسییەکانی پێشمەرگە موسڵمان بەردەوام ڕەوانەی پێشەوەی هێرشەکان دەکران؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە ئەوان جگە لەوەی شارەزای ناوچەکە بوون، زیاتر لە پاسدارەکان توانای بەرگری جەستەییان هەبوو و هەر بۆیە کاتێک شەڕەکان چڕ دەبوونەوە، زیاتر پشتیان پێ دەبەسترا (بڕوانە وێنەی ٣). چونکە ڕێژیم پێویستی بە هێزی مرۆیی هەبوو، خولەکانی مەشقی پێشمەرگە موسڵمانی کورد بۆ پازدە ڕۆژ کەم کرابووەوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو مەشقی ئاسایی بۆ ئەندامی ئاسایی سوپای پاسداران لە شوێنەکانی تری ئێران چل و پێنج ڕۆژ بوو. ئەم دیاردەیە هەم بێبایەخیی گیانی جاشەکانی لای ئێرانییەکان نیشان دەدا و هەم ئەوەی سوپای ئێران بەپەلە دەیویست لە ڕێگەی توندوتیژییەوە نەهێڵێ حیزبەکان خۆیان بۆ شەڕ ئامادە بکەن.
پێشمەرگە موسڵمانەکان لە چەندین بەرەی شەڕی بە وتەی خۆیان دژەشۆڕش بەشدار بوون: ئەوان شانبەشانی سوپای پاسداران و ئەرتەش لە جەولەی سەربازی، کەمین دانان، چاوساخی بۆ پاسدارەکان، هەڵمەتەکانی پاکتاوکردن (بڕوانە وێنەی ٤)،کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و ناسینەوەی نەیارە سیاسییەکان بەشدار بوون. فەرماندەکانی سوپای پاسداران خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە بێ یارمەتی ئەوان نەیاندەتوانی لە کوردستان سەرکەون:
«ئەگەر پێشمەرگە موسڵمانەکان نەبوایەن، ئێمە سەرنەدەکەوتین. کلیل و نهێنیی سەرکەوتنمان هێزە ناوخۆییەکان بوون. ئەوان سەرچاوەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئێمە بوون و لە ڕێگەی ئەوانەوە ڕووبەڕووی جووڵەکانی دوژمن دەبووینەوە. بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئێمە بە قووڵی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان تێکەڵ ببووین؛ هاوڕێی یەکتر بووین و لە یەکتری تێدەگەیشتین. لە ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوکردن و ڕزگارکردن، جەولەکان، کەمینەکان، و جووڵە هەواڵگرییەکاندا، برا ناوخۆییەکانمان بە ڕاستی وەک پێشمەرگە کاریان دەکرد و ئامادە بوون گیانی خۆیان لە بەرانبەر دوژمندا بکەنە قوربانی، تەنیا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هێزەکای سوپا بکەن.» (ئێزەدی و ئەوانی تر ٢٠٠٨ا، ل. ٤٦).
بنەمای ئایدیۆلۆژیک و شەرعییەتپێدان
بنەمای ئایدیۆلۆژیکی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد نە بەڕێکەوت بوو و نە کاردانەوەیەکی سادە بەرانبەر بە بارودۆخی ململانێی ناوخۆیی لە کوردستان بوو. بەڵکوو لە ڕێگەی کایەیەکی گوتاریی چڕەوە بونیاد نرابوو کە تێیدا زمانی ئایینی و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە یەکیان دەگرت بۆ ئەوەی پرسی کورد وەک خەباتێکی ئیسلامیی دژی بێدینی، گەندەڵی و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی پێناسە بکەنەوە. ئەو ڕاگەیەندراوە فەرمییانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکەوە دەردەچوون، بەردەوام شەڕی چەکدارییان وەک «جیهاد» وێنا دەکرد و حیزبەکانی کوردستانیان نەک وەک ڕکابەرێکی سیاسی، بەڵکوو وەک «کافر»، «مونافیق» و دارەدەستی هێزە بیانییەکان دەناساند (ڕپمک ١٩٨٠ب؛ کەڵوەندی ٢٠١٥). ئەم زمانە تەنیا بۆ پاساودانی توندوتیژی نەبوو؛ بەڵکوو دەیانهەویست سەرلەنوێ دۆخی کوردستانی پێ پۆلێن بکەنەوە و ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی وەک هەڕەشەیەکی ئەخلاقی و تیۆلۆژیک پێناسە بکەن کە پێویستی بە «ڕیشەکێش کردن» هەبوو، نەک «دیالۆگ و دانوستان».
لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوەکە خۆی وەک هێزێکی ئایدیۆلۆژیکی بەگوڕ نیشان دەدا و لە بەیاننامەی دامەزراندنیدا وەک «ڕێکخراوێکی سیاسی-سەربازی-ئایدیۆلۆژیک» وەسف کردبوو؛ ڕێکخراوێک کە ئەرکی پاکتاوکردنی کوردستان لە بێدینی (کوفر)، پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی، و سەلماندنی ڕەوایی کۆماری ئیسلامی پێ سپێردرابوو (ڕپمک ١٩٨٠). بەکارهێنانەوەی بەردەوامی ئایەتەکانی قورئان سەبارەت بە شەڕی دژی کافرەکان و مونافیقەکان، بۆ پیرۆزکردنی توندوتیژی و داخستنی ڕێگە لەبەردەم هەر جۆرە بیرۆکەیەکی سیاسیی جیاوازدا بوو (بڕوانە وێنەی ٥). دانوستان، پێکهاتن، و پلۆرالیزم بەردەوام وەک جۆرێک لە لاوازیی یان ناپاکی سەرکۆنە دەکران. بەتایبەتی ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر «وەفدی حوسنی نییەت» (دەستەی نیازپاکی) کە لە لایەن دەوڵەتەوە دەستنیشان کرابوون، هەتا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کورددا گفتوگۆ بکەن و چارەسەرێک بدۆزنەوە (ئەحمەدی ١٩٨٠؛ ڕپمک ١٩٨٠ج).
ڕێکخراوەکە و سوپای پاسداران لە ڕووی سیاسییەوە خوازیاری گوێڕایەڵیی ئیسلامی بۆ مرۆڤی کورد بوون و هەر بۆیە بزووتنەوەی کوردیان نەک تەنیا وەک دژە-ئیسلام، بەڵکو وەک هێزێکی «بێڕەوشت» وێنا دەکرد و ئەوانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە گەندەڵی و بێئەخلاقی بڵاو دەکەنەوە، فەزیحەتی سێکسییان هەیە، لە دەرەوەی بنەماڵە گەنجان بۆ پەیوەندیی ئازاد هان دەدەن و بوونەتە هۆی داڕمانی کۆمەڵایەتی؛ هەر بۆیە لە بڵاکراوەکانی ڕێکخراوەکە و سوپادا بەردەوام دەنگۆی ئەوەیان بڵاو دەکردەوە کە پێشمەرگەکان وێنەی ورووژێنەر بڵاو دەکەنەوە، باوەڕیان بە بنەماڵە نییە، خۆیان بەشێوەی تێکەڵاو پێکەوە دەژین، کحول و مەشروب دەخۆنەوە و کڕین و فرۆشتنەکەیان ئازاد کردووە و, هەر بۆیە تێکدەری نەریتە ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردین و ڕەوشتی کۆمەڵگەیان بەلاڕێدا بردووە (سەفەوی ١٩٨٠؛ چاپاری ١٩٨٠). لە هەمان کاتدا، پرسی ئۆتۆنۆمیی کوردستانیان وەک پیلانگێڕییەکی ژیۆپۆلیتیکی پێناسە دەکرد و بەردەوام وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی «ئیسرائیلی دووەم» لە ناوچەکەدا باسیان لێ دەکرد و گوایە پرسی کورد لە لایەن ئیمپریالیزمی ئەمریکی و زایۆنیزمی نێودەوڵەتییەوە ئاڕاستە دەکرێت (سەفەوی ١٩٨٠، ل. ١٠). ئەم جۆرە گێڕانەوانە، بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کوردیان وەک پیلانگێڕییەکی جیهانیی دژ بە ئێرانی ئیسلامی نیشان دەدا، و ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانەکانیشیان وەک پێشەنگی بەرگریکار لە ئیسلام نیشان دەدا.
خومەینی بە تەواوی پشتی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی دەگرت و لە وتارێکی گشتیدا بەڕوونی ڕێوشوێنی فکری بۆ ئەوان داڕشتبوو:
«سوپاسی ئەم گەنجە پێشمەرگە [موسڵمانە کوردانە] دەکەم کە بەڕاستی سەلماندیان فیداکاری ئیسلامن و سوپای پێغەمبەری ئیسلامن. من خەمخۆری ئێوەم؛ خەمخۆریی موسڵمانێک بۆ موسڵمانێک، و باوکێک بۆ منداڵەکەی، و نزاتان بۆ دەکەم. لەو ساتەوە ئێوە دژی بەدکاران (موفسیدەکان) و دژی ئەوانەی ویستیان بزووتنەوەی ئیسلامی سەرکوت بکەن ڕاپەڕین، من بە هەموو هێزی خۆمەوە پشتیوانیتان لێ دەکەم و دوعاتان بۆ دەکەم… ئەوانەی لەم ماوەیەدا، چ لە کوردستان یان لە هەر شوێنێکی تر، دژی ئەم بزووتنەوەیە وەستانەوە، کەسانێک بوون کە هیچ تێگەیشتنێکیان لە ئیسلام نەبوو و نەیاندەویست حکومەتێکی ئیسلامی دابمەزرێت… ئێوە وەک سەربازانی سەرەتای ئیسلام وان» (خومەینی ٢٠١٤، ١٣:٢٢).
خومەینی وەک ڕێبەری سیاسیی ئیسلام بۆ ئێرانییەکان، باس لەوە دەکات کە پێشمەرگە موسڵمانی کورد «سوپای پێغەمبەری ئیسلامن» و بە شێوەیەکی سیمبولیک ئەم ڕێکخراوەیە دەخاتە ناو گێڕانەوەی فتوحاتی ئیسلامی و شەڕی دژەکافرانەوە. بە دیوێکی تردا ئەم باسە مانای ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە پێشمەرگە کوردەکان دژبەری ئیسلامن، نەک حکومتی ئێران و هەر بۆیە توندوتیژی دژی ئەوان سەرکوتێکی دەوڵەتی نییە، بەڵکوو لە درێژەی مێژووی پێغەمبەر و ئیسلامدایە و لەناوبردنی کافرە لادەرەکانە. هەر بۆیە ئەگەر پێشمەرگە موسڵمانێک لەم ڕێگەیەدا بکوژرێ شەهیدە و وەک سەحابەی پێغمبەر دەچێتە بەهەشتەوە و پێشمەرگەی کوردیش چونکە کافرە لە ئاکامدا دەچێتە دۆزەخەوە. کەواتە لەم شێوازە نوێیەدا کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێوەری ئایینی لەسەر کورد تاقی دەکرایەوە، هەموو کوردەکان خراپ نەبوون. کوردی موسڵمان مافی ژیانی لە کوردستانی پێدەدرا و کوردی کافر دەخرایە دەرەوەی بازنەی یاساییەوە. کافرەکان دژی یاسای ئیسلامی چەکیان بە دەستەوە گرتووە و بەو هۆیەوە کوشتنیان جێبەجێ کردنی حوکمی خودایە.
حوکمڕانی لە ڕێگەی بەسەربازیکردنی پرسی کورد
ڕێژیمی نوێی ئیسلامی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانێ لە ڕێگەی حوکمڕانییەکی ئاساییەوە کاروباری کوردستان بەڕێوە ببات. بۆیە ستراتیژییەکی دوو ڕەهەندی ڕەچاو کرد: لە لایەکەوە بەرەو دانوستان لەگەڵ لایەنە کوردەکان هەنگاوی نا، و لە لایەکی تریشەوە هەوڵی کڕینەوەی کاتی دا بۆ ئەوەی پاسدارەکانی سوپا بۆ سەرکوت ئامادە ببن. دانوستان، لە ناو ئەم خوێندنەوەیەدا، تەنیا میکانیزمێک بۆ چارەسەری ململانێ نەبوو، بەڵکوو تاکتیکێکی سیاسی بوو بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گۆڕەپانەکە، بەر لەوەی لە ڕووی سەربازییەوە شەڕ و پێکدانان ساز ببێ؛ پیلانەکەش ئەمە بوو کە تێچووی سەرکوتکردنەکانی دواتر کەم بکرێتەوە و لە ڕێگەی دروستکردنی دووبەرەکی، هەژموونیی حیزبەکان لە کوردستان لاواز بکرێت.
ئەمە ڕێک شێوازێکە کە عیزەتوڵڵا سەحابی (١٩٣٠-٢٠١١)، سیاسەتمەداری ناسراوی ئێرانی و ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕش، وەسفی «دەستەی نیازپاکی» (هیئت حسن نیت) دەکات کە بۆ گفتوگۆ سەردانی کوردستانیان کردبوو. سەحابی پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوان هەر لە سەرەتاوە لە ئەرکی ڕاستەقینەی ئەم دانوستانانە تێگەیشتبوون، و ئەو گفتوگۆیانەی لە پاییز و زستانی ١٩٧٩دا ئەنجام دران، تەنیا بۆ ئەوە بوون نیشان بدرێت دەوڵەت دەیهەوێت دیالۆگ بکات، و بەو شێوەیەش «خەڵکی کورد لە حیزبەکانی کوردستان جیا بکرێنەوە» (سەحابی ٢٠٠٣، ل. ٦٦).
هەروەها سەحابی باس لەوە دەکات کە دوای گەڕانەوەی لە یەکێک لە سەفەرەکانی بۆ کوردستان بە ناوی وفدی نیازپاکییەوە، ڕاستەوخۆ بە خومەینی ڕاگەیاندووە کە خەڵکی کوردستان لە شەپۆلی لەسێدارەدانە بەکۆمەڵەکانی سادقی خەڵخاڵی لە کۆتایی هاوینی ١٩٧٩ ئێجگار ناڕازین. بۆیە دەگێڕێتەوە کە ئەو ئامۆژگاریی خومەینی کردووە کە پەیامێکی دڵنەوایی ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان بکات. مەبەستی نهێنیش ئەوە بوو کە ئەمە ڕێگە بە دەوڵەت دەدات «وردە وردە ڕیزی خەڵک لە گروپە جوداخوازەکان جیا بکاتەوە»، تا بتوانێ هەم خۆی بۆ شەڕ دژیان چەکدار بکات و هەم دەسەڵاتێکی سیاسی لە کوردستان دامەزرێنێت بۆ ئەوەی کاراتر شەڕی گروپە جوداخوازەکان بکات (سەحابی ٢٠٠٣، ل. ٦٦؛ ٢٠١٣، ل. ٨٦-٨٧). لە ١٧ی نۆڤامبری ١٩٧٩دا، پەیامە ڕادیۆییە بەناوبانگەکەی خومەینی بۆ خەڵکی کوردستان بڵاوکرایەوە:
«داوا لە وفدە تایبەتەکە دەکەم بە «نیازپاکی»یەکی تەواوەوە لە دانوستانەکانیان بەردەوام بن؛ و بە کەسایەتییە ئایینی، سیاسی و نەتەوەییەکان و چین و توێژەکانی تری خەڵکەوە پەیوەندی بگرن، تاوەکو هێنانەدیی داواکارییەکانیان —کە داواکاریی ئێمەشن— بەو شێوەیەی خۆیان دەخوازن، با بەدی بێت… لە ئایینی ئیسلامی مەزندا هەموو جۆرە جیاکارییەک ڕەتکراوەتەوە… لە سایەی پاراستنی ئیسلام و کۆماری ئیسلامیدا، مافی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی و خۆجێیی، و نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵاواردنێکی کولتووری، ئابووری و سیاسی، مافی هەموو چین و توێژەکانی نەتەوەیە، لەوانەش برا کوردەکان؛ و حکومەتی کۆماری ئیسلامی پابەند و بەرپرسیارە بەوەی لە زووترین کاتدا داواکارییەکانیان دابین بکات» (خومەینی ٢٠١٤، ١١:٥٥).
پەیامەکەی خومەینی لە لایەن بەشێک لە دانیشتووانی کوردستانەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا. هەندێک کەس وا تێگەیشتن کە ئەمە بەڵێنێکی ڕاستگۆیانەیە بۆ چارەسەرکردنی مەینەتییە مێژووییەکانیان. ئەوان لە ستراتیژییە شاراوەکەی ڕێژیم بێئاگا بوون کە دانوستان و گوتاری ئاشتەوایی بۆ کاتکوشتن و ئامادەکاریی شەڕ بەکار دەهێنرا. ئەم دڵخۆشییە کاتییە، پەیامەکەی لە ڕووی سیاسییەوە کاریگەر کرد: وێنەیەکی وای پیشان دەدا کە دەوڵەت دەیهەوێ بەشێوەیەکی بنەڕەتی کورد لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بکات، لە کاتێکدا و لە ڕاستیدا دەرفەتی بۆ دەوڵەت دەڕەخساند تا خەڵک لە حیزبەکان جیا بکاتەوە. لۆژیکی پشتی ئەم ستراتیژییە لە گێڕانەوەکەی شێخ حوسێن کرمانیدا بەڕوونی دەردەکەوێ. کرمانی وەک چاودێری وفدی نیازپاکی لە لایەن خومەینییەوە هەڵبژێردرابوو. کرمانی بەسەرهاتی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی لەگەڵ ئەندامانی وفدەکە (هاشم سەباغیان و عیزەتوڵڵا سەحابی) دەگێڕێتەوە کە لێی پرسیون: «ئێوە هەر بەڕاست دەتانهەوێ قسەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام ئایا بە فەرمی دانیان پێدا دەنێن؟ ئایا دان بە کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتدا دەنێن؟ ڕێک دەتانهەوێت چی بکەن؟». بە وتەی کرمانی، وەڵامەکەی ئەوان ڕاشکاو بووە: «ئێستا بارودۆخمان باش نییە؛ ئەو توانایەمان [بۆ سەرکوت] نییە. با بە قسە سەرقاڵیان بکەین تا پەنا بۆ کردەوەی توندڕەوانە نەبەن، هەتا ئەو کاتەی دەتوانین وردە وردە سنوورەکانمان بپارێزین، سوپاکەمان ڕێکبخەینەوە و ئەم خەڵکە هێمن بکەینەوە» (کرمانی ٢٠٠٥، ل. ٩).
لەناو ئەم کەشوهەوایەی «دانوستانی بەئەنقەست» و «دواخستنی بەمەبەست»دا، ڕێژیم دەستی کرد بە وەرگێڕانی ستراتیژییە سیاسییەکەی بۆ ڕێکارێکی ئەمنی. ئەگەرچی سوپای پاسداران لە تاران بەتەواوی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پشتیوانی لێ دەکرا و کەس نەبوو ڕەخنەیان لێ بگرێ و بە هەموو شێوەیەک دەستیان ئاوەڵا کردبوون، بەڵام ئەزموونێکی سەربازیی ئەوتۆیان لە مەیداندا نەبوو. هەر بۆیە ئەوان کوردستانیان وەک تاقیگەیەک بۆ فێربوون و ئەنجامدانی «جەنگی ناڕێک» (Irregular warfare) سەیر دەکرد (عالەمزادە ٢٠٢٣). هەڵبەت سوپای پاسداران کە نەیدەتوانی هێزی پیادەی پێویست بۆ شەڕی چەکداری لە کوردستان دابین بکات یان هێندە کارامەیی نەبوو بزانێ چۆن دەبێ بەرەوڕووی هێزی پێشمەرگە خاوەن ئەزموونەکانی حیزبەکانی کوردستان ببێتەوە، بیری لەوە کردەوە کە دروستکردنی هێزێکی کوردیی ڕێکخراو و گرێدراو بە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە دەتوانێ ئەوان بە ئامانجەکەیان بگەیەنێت. لۆژیکی ستراتیژیکی پشتی ئەم بیرۆکەیە دوو لایەنی هەبوو: ڕێکخراوێکی وەها دەیتوانی هێزی مرۆیی پێویست بۆ سەرکوتکردن دابین بکات و، لە هەمان کاتدا دەیتوانی بێمتمانەیی و درزی ناوخۆیی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا ساز بکات (سەباغیان ٢٠٠٣، ل. ٥٦). لەم سۆنگەیەوە، سەرکوتکردن لەگەڵ ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیدا هاوتەریب جێبەجێ دەکرا. ئامانجەکەش تەنیا تێکشکاندنی نەیارە چەکدارەکان نەبوو، بەڵکوو لاوازکردنی ئەو تەبایی و یەکگرتووییە کۆمەڵایەتییە بوو کە هێزی سیاسیی بە مرۆڤی کوردی دەدا.
بەکارهێنانی ئیسلامی سووننە و پێکهێنانی پێشمەرگە موسڵمانی کورد
سوپای پاسداران بە بژاردەیەکی زۆر سنووردارەوە هاتە ناو کوردستانەوە. حیزبە سیاسییەکانی کورد خاوەن پشتیوانییەکی جەماوەریی بەرفراوان بوون، لە کاتێکدا ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی-شیعەی ڕێژیمە نوێیەکە، سەرنجڕاکێشییەکی کەمی لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتووانەکەی سووننە بوون هەبوو و زیاتر لە کوردەکانی باشووری کوردستان باوەشیان بۆ حیزبەکان کردبووەوە. بە وتەی سەباغیان هەندێک لە دەرەبەگ و خاوەن دەسەڵاتەکانی کورد کە بەرژەوەندیی ئابوورییان هاوکاری کردن لەگەڵ ڕێژیمی نوێ بوو، ئامادەیی سەرەتایی خۆیان بۆ شەڕ دژی پێشمەرگە دەربڕیبوو، بەڵام سوپای پاسداران نەیدەتوانی پشتیان پێ ببەستێت؛ هەم لەبەر ئەوەی ئەوان خاوەنی شەرعییەتی جەماوەری نەبوون و هەم بەهۆی ئەوەی ڕێژیم بە تەواوی متمانەی پێیان نەبوو. لە بەرانبەر ئەم بنبەستەدا، فەرماندەکانی سوپای پاسداران ستراتیژییەکی جیاوازی ڕەچاو کرد: ئاڕاستەکەیان بەرەو کاراکتەرە سووننەکان برد کە ڕوانگەیەکی ئیسلامییان هەبوو و دەکرا دژی بزووتنەوە چەپەکانی کورد بیانجووڵێنن.
هەر لە سەرەتاوە و، بەتایبەت لە شارەکانی وەک سنە و مەریواندا، ژیانی سیاسی بەهۆی پەرەسەندنی گرژیی نێوان لایەنگرانی ڕێکخراوە چەپەکان (بەتایبەت کۆمەڵە و ڕێکخراوی چریکی فەدایی خەلق) و هەندێک لایەنگری حکومەتی ئیسلامی (لە مانا بەرفراوانەکەیدا) تووشی کێشە ببوو. ئەم کەسانە کە خۆیان نزیکتر لە حکومەتە ئیسلامییە نوێیەکە دەبینی نەیاندەتوانی دەسەڵاتی ئەو حیزبانە قەبوڵ بکەن. لە ناو ئەم ژینگە دوو جەمسەرەییەدا، ئەحمەدی موفتیزادە (١٩٣٥-١٩٩٣) وەک کەسایەتییەکی سەرەکی موسڵمان دەرکەوت. موفتیزادە کە ڕێبەرێکی ئایینیی دیاری سووننە بوو، هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەستێکی لە ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردیدا هەبوو، لە لای خەڵکیش خۆشەویست و جێی ڕێز و متمانە بوو (عێزەتیار ٢٠١٦). موفتیزادە خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەی کورد دەزانی و داکۆکیی لە جۆرێک لە «ئۆتۆنۆمیی ئیسلامی» دەکرد کە لەسەر بنەمای یەکسانیی تەواوی یاسایی دامەزرابێت (موفتیزادە ٢٠٢٠). بەڵام لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، ئەو ڕەتی کردەوە بچێتە پاڵ حیزبەکانی کوردستان و لەگەڵیان هاودەنگ بێت. لە ئاکامدا موفتیزادە لەگەڵ نزیکەی سی کەس لە لایەنگرەکانی، سنەی بەرەو کرماشان جێهێشت و ئەم کشانەوەیەشی وەک کۆچ (هیجرەت) وەسف کرد (عێزەتیار ٢٠١٦، ل. ١٧٤)؛ بەمەش بە ئاگاییەوە ئاماژەی بە کۆچی پێغەمبەری ئیسلام لە مەککەوە بۆ مەدینە دەکرد.
ئەمە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوە بۆ دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بە ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی خومەینی و بە پشتگیریی کەسایەتییە باڵاکانی شۆڕش، لەوانەش عەلی خامنەیی کە ئەو کات ئەندامی ئەنجومەنی شۆڕش بوو (بڕوانە وێنەی ٦ و ٧)، محەممەد برووجێردی ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی هێزێکی چەکدار لەناو ئەو موسڵمانە سووننە ناڕازییانە ڕێک بخات و تواناکانیان هەڵسەنگێنێت بۆ ئەوەی بەرەبەرە وەک یەکەیەکی سەربازی ڕێکیان بخات. هەر لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم، ئەگەرچی جاروبار باس لەوە کراوە کە ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد دەستکردی ئەحمەد موفتیزادەیە، بەڵام بەڵگەنامەکانی سوپای پاسداران بەڕوونی نیشانی دەدەن کە ڕێکخراوەکە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران دامەزراوە. ئەگەرچی موفتیزادە دژی پێکهێنانی ئەم هێزە بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، دەوڵەت پێگە و شەرعییەتە ئەخلاقییەکەی ئەوی وەک ئامرازێک بۆ ڕەوایی و پەرەپێدان بە پیلانەکە بەکار هێناوە.
لەو قۆناغەدا، ئەو موسڵمانە کوردەی تاک و تەڕا لایەنگری ڕێژیم بوون و پێشتر لە کۆمیتەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە شارەکانی وەک مەریوان، سنە، سەقز، دێولان و کامێران چالاک بوون، ڕایانگەیاند کە چیتر ناتوانن بەرگەی ئەو ژینگەیە بگرن کە ئەو لایەنەی ئەوان وەک دژە-ئیسلام لە کوردستاندا وەسفیان دەکرد دروستیان کردووە و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ژیانیان لە مەترسیدایە. ئەوان گوازرانەوە بۆ کرماشان و لەوێ لەو هۆتێلانەدا نیشتەجێ کران کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆیان تەرخان کرابوو، ژمارەشیان لە نێوان ١٥٠ بۆ ٣٠٠ کەس دەبوو و زۆربەیان خەڵکی دەوروبەری مەریوان و سنە بوون. بۆ ماوەی چەند مانگێک بەر لە یەکەم ئۆپەراسیۆنەکەیان لە کامێران لە ٣٠ی ژانوییەی ١٩٨٠، ئەم چەکدارانە لە کرماشان و لە کەمپی خزری زیندە (کە نزیکەی پازدە کیلۆمیتر لە دەرەوەی شارەکە هەڵکەوتبوو)، لە ژێر چاودێریی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بە ناوی عەلی ئەکبەر مەداح، مەشقی سەربازیی نهێنییان پێ کرا. لە پاییزی ١٩٧٩دا، ڕێکخراوەکە بە فەرمی لە ژێر سەرپەرشتیی برووجێردی ڕاگەیەندرا و ڕەحیم ئەحمەدی وەک فەرماندەی ڕێکخراوەکە دەستنیشان کرا (کەڵوەندی ٢٠١٥، ل. ١٧٠-٢٠٠) (بڕوانە وێنەی ٨).
فەرماندەکانی سوپای پاسداران باسیان لەوە کردووە کە سەرەتا مشتومڕێکی زۆریان هەبووە کە ناوی ڕێکخراوەکە «پێشمەرگەی کوردی موسڵمان» بێت یان «پێشمەرگەی موسڵمانی کورد». دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی سەربەخۆیان، دەستەواژەی دووەم (پێشمەرگەی موسڵمانی کورد) پەسەند کراوە، چونکە کوردەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووە «پێش لەوەی کورد بین، ئێمە موسڵمانین» (شوکری ٢٠١٠، ل. ٣٠٠؛ کەڵوەندی ٢٠١٥، ل. ٢٩٦). ئەم پێچەوانەکردنەوە زمانەوانییە ڕێکەوت نەبوو؛ بەڵکوو ناسنامەی ئایینیی ئەوانی خستە پێش ناسنامەی نەتەوەییەوە. هەر ئەمە وای کرد ڕێکخراوەکە لەگەڵ ئەولەویەتە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هاوئاهەنگ بێ و لە هەمان کاتدا بەشداریکردن لە توندوتیژییەکانی دەوڵەت چیتر وەک جاشایەتی لە لای ئەوان پێناسە نەدەکرا، بەڵکوو وایان بیر دەکردەوە کە چەک هەڵگرتن دەبێتە خزمەت بە ئایینی ئیسلام و بەشێکە لەو مێژووە پڕ لە شانازییەی کە موسڵمانەکان کافرەکانیان شکست داوە.
هاوکات لەگەڵ چەسپاندنی ڕێکخراوەیی و سەربازیی پێشمەرگە موسڵمانی کورد، ڕێژیم بەشێوەیەکی ستراتێژیک بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ڕێکخراوەکە سەر بە ئەحمەدی موفتیزادەیە. ڕێژیم هەوڵی دەدا ئەم هێزە بە موفتیزادەوە گرێ بداتەوە و کەڵکی لە پێگەی هێمایی و شەرعییەتی ئەخلاقی ئەو لەناو خەڵکدا وەرگرێت. بەتایبەت موفتیزادە لە ناو پەیڕەوانی ئەو ڕەوتەی کە بە «مەکتەب قورئان» دەناسران وەک کەسایەتییەکی مەڕجەع سەیر دەکرا. سوپای پاسداران و بەرپرسانی ڕێکخراوەکە بە مەبەستی فریودانی سیاسی کەڵکاژۆیان لە ناوی باشی موفتیزادە وەردەگرت.
موفتیزادە بەڕاشکاوی هەر جۆرە پەیوەندی و گرێدانەوەی ڕێکخراوەی پێشمەرگە موسڵمانی کوردی بەخۆیەوە ڕەت کردەوە. لە نامەیەکدا کە لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٠دا ئاڕاستەی حوسێن عەلی مونتەزیری (١٩٢٢-٢٠٠٩)ی کردبوو، ناڕەزایەتی بەرانبەر بەوە دەربڕی کە بەرپرسانی دەوڵەت بەردەوام هەوڵیان داوە ڕێکخراوەکە بە ئەوەوە ببەستنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو بە توندی دژی پێکهێنانی ئەو ڕێکخراوە بووە. بە بڕوای موفتیزادە، ئامانج لەم ستراتیژییە هاندانی گەنجان بووە بۆ بەشداریکردن، فراوانکردنی هەژموونی ڕێکخراوەکە لە ناو موسڵمانانی کوردستان، و شەرعییەتپێدان بە جێگیرکردنی ئەم هێزانە لە پاڵ هێزەکانی دەوڵەت لە شار و گوندەکانی کوردستاندا. موفتیزادە باسی لەوە کردووە کە چۆن ڕێکخراوەکە لە شارەکانی کوردستان، کەڵکاژۆی ناوی ئەویان کردووە و بەپێی سیناریۆیەکی داڕێژراو لەناو خەڵکدا دەنگۆی ئەوەیان ساز کردووە کە ڕێکخراوەی پێشمەرگە موسڵمانی کورد سەر بە ناوبراوە (موفتیزادە ١٩٨٠).
لە گفتوگۆیەکی دواتردا لە ناو بازنەیەکی لایەنگرانیدا، موفتیزادە باس لەوە دەکات کە پێیزانیوە دەوڵەت دەیهەوێ هێزێکی چەکداری ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە ناو کورداندا دابمەزرێنێت و هەر بەو مەبەستە گروپێکی بچووکی لەو کەسانەی لە کرماشان کۆکردووەتەوە. هەر بۆیە ئەو هۆشداری پێ داون کە بەشداریکردن لە هێزێکی لەو شێوەیەدا، خیانەتە لە نەتەوەی کورد. هەروەها موفتیزادە ئەو بانگەشانەی ڕەت کردووەتەوە کە دەیانوت ئامانجی ڕێکخراوەکە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردی هەیە، تەنانەت ئەو سازکردنی ئەم ڕێکخراوەیەی وەک هەوڵێکی بەئانقەست بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا پێناسە کردووە. هەروەها ڕوونی دەکاتەوە، کشانەوەی لە سنە ڕێک لەبەر ئەوە بووە کە زانیویەتی مانەوەی دەبێتە هۆی پەلکێشکرانی بۆ ناو شەڕی براکوژی لە نێوان موسڵمانەکان و مارکسیستەکاندا؛ شەڕێک کە پێی وابوو دەوڵەت دەیهەوێت ئەندازیاریی بکات و خۆشی لە دوورەوە بینەر بێت. لای موفتیزادە، پێکهێنانی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ستراتیژییەکی هۆشیارانە بوو کە بۆ لەتکردنی کۆمەڵگەی کوردەواری و ئاڕاستەکردنی توندوتیژی بەرەو ناوخۆ داڕێژرابوو.
جێی سەرنجەکە ئەحمەد موتەوەسەلیان (١٩٥٣-١٩٨٢)، یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی سوپای پاسداران، بە شێوازێک وەسفی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەی کردووە کە لەگەڵ پێناسەکەی موفتیزادەدا تەواو یەکدەگرێتەوە. موتەوەسەلیان دەگێڕێتەوە کە ڕێکخراوەکە لە ساتێکدا دەرکەوت کە هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران، بە هۆی بڕیاری وفدی نیازپاکییەوە، نەیاندەتوانی لە کوردستان بمێننەوە. واتە وفدەکە قەولی بە حیزبەکانی کوردستان دابوو کە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان نەهێڵێ پاسدارەکان لە کوردستان بمێنن. دیارە ئەمە یەکێک لە خواستەکانی سیاسەتوانەکانی کورد بووە. لەم بارودۆخەدایە، فەرماندەکانی سوپا ڕێکخراوەی پێشمەرگە موسڵمانی کورد دەکەنە کەاوسووری بەر لەشکر و ئەوان بۆ شەڕی کامێران و سنە دەنێرن و بەرەبەرە خۆیان پشتیوانییان لێ دەکەن. واتە دەیانهەوێ نیشانی بدەن کە سازبوونی توندوتیژی و شەڕ هەر لە نێوان کوردەکاندایە و کێشەیەکی نێوخۆییە و پەیوەندی بە دەرەوە نییە. بۆیە کوردە موسڵمانەکان (نەک سوپای پاسداران) بە ویستی خۆیان و گوایە بە کەمترین ئیمکاناتەوە خۆیان چەکدار کردووە و شەڕیان لەگەڵ ئەوانە کردووە کە گوایە دژە شۆڕش بوون (حوسێن ١٩٩٧، ل. ٤٦).
گێڕانەوەکەی موتەوەسەلیان زیاتر ئەوە دەردەخات کە چۆن ئەم سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دۆخەکە لە ڕووی سیاسییەوە بۆیان گرنگ بووە. هەر لەو ساتەوەختەدا کاتێک داریوش فرووهەر (یەکێک لە ئەندامەکانی وفدی نیازپاکی) ناڕەزایەتی دەربڕیوە کە بۆچی سپای پاسداران هێرشی کردووە و باسی لەوە کردووە ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد نایاساییە و هەر بۆیە مەحکومی کردوون، لە وەڵامدا پێی گوتراوە تۆ بۆچی خۆت سەخڵەت دەکەی! هەردوولای شەڕەکە چەکدارن و بە یەک ئەندازە نایاسایین و سوپای پاسداران دەستی تێدا نییە. کەواتە ڕێژیم بەئاگاییەوە ویستوویەتی شەڕێکی نێوخۆیی لەناو ماڵی کورد ساز بکات و بەپێچەوانەی ئەوەی جاروبار باسیان لە برایەتی پاسدار و پێشمەرگە موسڵمانی کورد کردووە، گیانی ئەوانیان نەک بۆ گرنگ نەبووە، بەڵکوو ئەوانیان بەسووکی سەیر کردووە و مردنەکەشیان هیچ بایەخێکی بۆیان نەبووە.
موفتیزادە ئەگەرچی پێیوابوو دەتوانێ لە ڕێگەی بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی ئیسلامییەوە شتێک بۆ کورد بەدەست بێنێ بەڵام متمانەی بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی بووە هۆی ئەوەی هەم کێشە بۆ خەبات لە کوردستان ساز بکات و هەمیش زۆر بەخێرایی خۆی و لایەنگرانی پەراوێز بخرێن و خۆی دوای ئەشکەنجە و زیندانیبوون، گیانی لە دەست دا. موفتیزادە ئەگەرچی نیشتمانپەروەر بوو و فەزای ڕادیکاڵی سیاسیی ئەو سەردەمە بە کەڵکی هەڵسووکەوتی ئەو نەدەهات، بەڵام بۆخۆشی گیرۆدەی ئەدەبیاتی ئیسلامی سیاسی ببوو. هەر بۆیە ئەویش حیزبەکانی بە لادەر لە دینی ئیسلام لە قەڵەم دەدا کە فریویان خواردووە. هەر ئەمە ناڕاستەوخۆ دەکەوتە خزمەتی ڕێژیمەوە کە دەرفەتی ئاوای بەباشترین شێوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەگریسەکانی خۆی بەکار دەهێنا.
دەرەنجام
لەم وتارەدا ئەوە شی کراوەتەوە کە ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد بەڕێکەوت و لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی سەردەمی شۆڕش ساز نەبووە، بەڵکوو هێزێکی هاوکاری سوپای پاسداران بوو کە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی هێزی مرۆیی ئەوان بۆ سەرکوت لە کوردستان دروست کرا. هەروەها پڕۆژەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک بوو کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەو شێوەیە بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی جیا کردەوە و وەک هێزێکی سەرکوتکەر بۆ کپ کردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاری هێنا. سوپای پاسداران، وەک سەرەکیترین دامەزراوەی ڕێژیم بۆ پاراستنی بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی، تەنیا بە کوشتن و بێدەنگ کردن ڕازی نەدەبوو، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانەوە دەیویست ململانەیەکی نێوخۆیی لە کوردستان ساز بکا کە هەتا ئەمڕۆ ئاسەوارەکانی ماونەتەوە.
ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد وەک دوژمنێکی ئاسایی سەیری ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی کوردستانی نەدەکرد، بەڵکوو ئەوانی بە کافر و مونافق و سیخوڕی ئیسرائیل پێناسە دەکرد. ئەم پۆلێنکردنانە تەنیا بۆ سووکایەتی کردن نەبوون، بەڵکوو بە زمانێکی ئایینی بارگاوی کرابوون. کاتێک پێشمەرگە کوردەکانی سەر بە حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە وەک دوژمنی خودا پیشان دەدران، ئیتر توندوتیژیی دژی ئەوان حوکمی جیهادی هەبوو و تەنیا وەک سەرکوتی دژبەرانی سیاسی لێکنەدەدرایەوە. لە ناو ئەم ئایدیۆلۆژییەدا، ڕێکخراوەکە هەر جۆرە گفتوگۆ و سازشکردنی لەگەڵ پێشمەرگەکان وەک سازشکردن لەگەڵ ئەو کەسانە سەیر دەکرد کە بەکردەوە بێئەخلاق و پیسن، و هەر بۆیە ئامانجی سەرەکی خۆیان وەک پاکتاوکردنی کوردستان ناوزەد دەکرد. ئۆتۆنۆمیش نەک وەک داواکارییەک بۆ خۆبەڕێوەبەری، بەڵکو وەک پیلانگێڕییەکی ناوچەیی دژ بە حکومەتی ئیسلام و دەروازەیەک بۆ داڕووخانی بنەماکانی ئەخلاقی کۆمەڵگە سەیر دەکرا. دووپات کردنەوەی ئەم بانگەشانە، گرنگییەکەی لەوەدا نەبوو کە تا چەند لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەگونجێن، بەڵکوو ئەوان ئەرکی داڕمانی ورەی خەڵکی کوردیان پێ ئەسپێردرابوو. هەتاکوو ئیستاش خەڵکی کورد لە خۆی دەپرسێ بۆ دەبێ خەڵکانێک وەکوو جاش هاوکاریی دوژمنانی کوردستان بکەن؟
پشتگیریی خومەینی بۆ ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد، پاڵپشتێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ ئەوان ساز کردبوو. خومەینی پێی گوتن ئێوە وەک پێغەمبەر لە مەککەوە بۆ مەدینە کۆچتان کرد و بە جیهاد لەگەڵ کافرەکان وەک سەحابەی پێغەمبەر وان. هەم لە دنیا بەپێی شەرعی ئیسلام ژیاون و هەمیش ئەگەر بکوژرێن لە ڕیزی شەهیدانی یارانی پێغەمبەردان. ئەم ستایشە لەسەر بنەمای ئیلاهیاتی سیاسیی ڕێژیمی نوێوە، کاردانەوەی لەسەر ئەدەبیاتی سیاسیی ڕێکخراوەکە دانا و پێگەی جاشەکانی هێندە بەرز کردەوە کە شانیان لە شانی سەحابەی پێغەمبەری ئیسلام دەدا. لە بەرانبەردا پێشمەرگە کوردەکان وەک دوژمنانی ئیسلام وێنا دەکران کە کافرن، کەواتە ڕشتنی خوێنی ئەوان حەڵاڵ دەکرا.
لە ڕوانگەی دژەکۆلۆنیالیستییەوە، ئەرکی سەرەکیی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد ئەوە بوو کە ڕێگە بۆ حوکمڕانیی ڕێژیمی نوێی ئیسلامی لە کوردستان خۆش بکات. کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕێگەی هەندێک دابەشکاری ئەوانەوە زیانێکی گەورەی بەر کەوت: موسڵمانبوون کەوتە پێش کوردبوون، یەکێتیی ئیسلامی پێش ئۆتۆنۆمیی، و گوێڕایەڵیی بۆ ئێرانییەکان پێش مافی چارەی خۆنووسین. هەوڵ بۆ گرێدانی ڕێکخراوەکە بە کەسایەتییەک وەک ئەحمەدی موفتیزادە، ستراتێژی ڕێژیم بوو کە دووبەرەکی لە کوردستان قووڵ بکاتەوە و دەستی خۆی بشارێتەوە. واتە هەم بە شێوەی هێمایی کەسایەتییە کوردەکەی دەکردە خائین و هەم لەم ڕێگەیەوە مەشروعیەتی بۆ گروپێک جاش ساز دەکرد.
ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد بووە برینێکی چارەسەرنەکراو لەسەر جەستەی کوردستان. ئەم ڕێکخراوەیە لەگەڵ ئەوەیدا دامەزراوەیەک بوو بۆ شەڕی مەیدانی، بۆ شەڕی ئایدیۆلۆژیک لە کوردستانیش بەکار دەهێندرا: ئەم ڕێکخراوە لە کاتێکدا پێگەی ڕێژیمی ناسەقامگیری کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی مافی چارەی خۆنووسین لە کوردستان بەهێز دەکرد، بانگەشەی بۆ بەرگریکردن لە ئایینی ئیسلامی بڵاو دەکردەوە. ئەگەرچی بەرەبەرە دوای ساڵی ١٩٨٣ ڕێکخراوەکە بووە بەشێک لە سوپای پاسدارانی ئێران، بەڵام تاکوو ئەمڕۆ هەم بۆ سەرکوت بەکار هێنراون و هەم بوونەتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر ڕۆحی کوردییەوە. بۆ ماوەی نزیک پێنج دەیە ڕێکخراوەکە لە سەرکوت و شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەکان بەردەوام بووە و تەنانەت لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیش دا زۆربەی سەرکوتەکانی ڕێژیم دیسان بەم جاشانە ئەنجام درا.
وێنەی ١: ئایەتوڵڵا محەممەد سەدووقی (١٩٠٩-١٩٨٢) لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک بۆ کۆمەڵێک لە دانیشتووانی کورد لە ناو مزگەوتێکدا، لە کاتێکدا ئەندامانی سوپای پاسداران یاوەری دەکەن. لە پشت سەری ئەوەوە، پۆستەرێک هەڵواسراوە کە لۆگۆی سوپای پاسدارانی پێوەیە و ئایەتی ٢٩ی سورەتی (الفتح)ی بە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی تێیدا نەخشێندراوە: «محەممەد پێغەمبەری خودایە و ئەوانەش کە لەگەڵیدان، بەرامبەر بێبڕواکان (کافران) توند و تیژن و لە نێوان خۆیاندا بەبەزەیین». ئەم ئایەتە پێشتر لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە لە فەتواکەیدا بۆ ڕاگەیاندنی جیهاد لە کوردستان بەکار هێنرابوو (ئیزەدی و ئەوانی تر ٢٠٠٨، ٢٤).

وێنەی ٢: پاسدارە خۆبەخشەکانی گوردانی جوندوڵڵا لە شاری سەقز لەگەڵ تەرمی پێشمەرگەیەکی شەهیدی کورد لە ڕێکخراوی کۆمەڵە، ساڵی ١٩٨٢. سەرچاوە: (کەریمی ٢٠٢٠، ل. ٢١٤).

وێنەی ٣: گوردانی سارەڵڵای سەقز، سەر بە سوپای پاسداران، لەگەڵ پێشمەرگە موسڵمانەکان لە کاتی خۆتەیارکردن بۆ هێرش بۆ سەر هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گوندی کەسەنزان سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز، ساڵی ١٩٨٣.

وێنەی ٤: سەردێڕی بەرگی گۆڤاری پەیامی ئینقیلاب (زمانحاڵی فەرمیی سوپای پاسداران): ئیمام خومەینی: «هۆشداری دەدەم کە دەبێ چەپەڵەکان لە کوردستان پاکتاو بکرێن» (سوپای پاسداران ١٩٨٠).

وێنەی ٥: پێشمەرگە موسڵمانێکی کورد لە نێوان دوو ئەندامی سوپای پاسداران وەستاوە، لە دەستێکیدا تفەنگ و لە دەستەکەی تریدا قورئانێکی هەڵگرتووە (کەڵوەندی ٢٠١٥، ل. ٤٩٣).

وێنەی ٦: عەلی خامنەیی، نوێنەری خومەینی لە ئەنجومەنی باڵای بەرگری (دواتر بوو بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی)، لە ناو ئەندامانی پێشمەرگە موسڵمانی کورد لە گوندی دزڵیی مەریوان، ساڵی ١٩٨٠. سەرچاوە: (خامنەیی ٢٠٠٩).

وێنەی ٧: پۆستەری کۆنگرەی ڕێزلێنان لە کوژراوانی پێشمەرگە موسڵمانی کورد، ساڵی ٢٠١٥، کە وتەیەکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری گەورەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر نووسراوە: «لە ناوچە کوردییەکاندا، گەلێک برای ئازا و دڵسۆز هەبوون… باشترینیان ئەو گەنجانە بوون کە لە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە موسڵمانی کورددا کۆبوونەوە» (خامنەیی ٢٠١٥).

وێنەی ٨: محەممەد برووجێردی (١٩٥٥–١٩٨٣)، لە لای ڕاستەوە دەبینرێ، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سوپای پاسداران و هەروەها دامەزرێنەری ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانی کورد. ناوبراو لە کاتی پێکدادانی چەکداریدا لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کوژرا. ڕەحیم ئەحمەدی (١٩٤٩–٢٠٠٥)، لای ڕاستی وێنەکە، یەکەم فەرماندەی ڕێکخراوەکە لە سنە بووە.

وێنەی ٩: زۆربەی ئەو پاسدارانەی دوای ڕاگەیاندنی جیهاد دژی کورد خۆبەخشانە دەهاتن سەر بە سوپای ئیسفەهان بوون. خەڵکی ئەو ناوچەیەش نەک هەر بە گیان بەڵکوو بە ماڵیش لەپێناو سەرکوتی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا بوون. هەر وەک لە وێنەکەدا دەبینرێ شۆفیر تاکسییەکانی ئیسفەهان ئامبۆلانسێکیان بە دیاری ناردووە بۆ سوپا لە کوردستان.

Bibliography
Abrahamian, Ervand. 1993. Khomeinism: Essays on the Islamic Republic. University of California Press.
Abrahamian, Ervand. 2008. A History of Modern Iran. Cambridge University Press. https://doi.org/10.1017/CBO9780511984402.
Ahmadi, Rahimi. 1980. ‘Goftogu Ba Rahim Ahmadi Sarparast-e Sazman-e Pishmargan-e Mosalman-e Kurd’. Payam-e Enghelab, no. 9 (June): 32–33.
Ahmedi, Idris. 2018. ‘The Stateless and Why Some Gain and Others Not: The Case of Iranian Kurdistan’. In Comparative Kurdish Politics in the Middle East, edited by Emel Elif Tugdar and Serhun Al. Springer International Publishing. https://doi.org/10.1007/978-3-319-53715-3_9.
Alemzadeh, Maryam. 2023. ‘The Attraction of Direct Action: The Making of the Islamic Revolutionary Guards Corps in the Iranian Kurdish Conflict’. British Journal of Middle Eastern Studies 50 (3): 589–608. https://doi.org/10.1080/13530194.2021.1990013.
Algar, Hamid. 2012. ‘FATWĀ’. Encyclopaedia Iranica, January 24. https://iranicaonline.org.
Bozarslan, Hamit, Cengiz Gunes, and Veli Yadirgi, eds. 2021. The Cambridge History of the Kurds. Cambridge University Press.
Bruinessen, Martin van. 1986. ‘The Kurds between Iran and Iraq’. Middle East Report, no. 141: 14–27. https://doi.org/10.2307/3011925.
Cabi, Marouf. 2020. ‘The Roots and the Consequences of the 1979 Iranian Revolution: A Kurdish Perspective’. Middle Eastern Studies 56 (3): 1–20. https://doi.org/10.1080/00263206.2020.1722651.
Cahapari, Darioush. 1980. ‘Mosahabeh Ba Pasdaran va Pishmargan-e Mosalman-e Kord Dar Sangarha-Ye Jang-e Kurdistan [Interview with the Revolutionary Guards and the Muslim Kurdish Peshmerga in the Trenches of the Kurdistan War]’. Payam-e Enghelab, no. 8 (May): 12–13.
Chaliand, Gerard. 1980. ‘Postsctipt: Iranian Kurds under Ayatollah Khomeini’. In A People Without A Country: The Kurds and Kurdistan, edited by Gerard Chaliand. Zed Press.
Elling, Rasmus Christian. 2013. Minorities in Iran. Palgrave Macmillan US. https://doi.org/10.1057/9781137047809.
Ezzatyar, Ali. 2016. The Last Mufti of Iranian Kurdistan. Palgrave Macmillan US. https://doi.org/10.1057/978-1-137-56324-8.
Forozan, Hesam. 2016. The Military in the Post-Revolutionary Iran: The Evolution and Roles of the Revolutionary Guards. Routledge. http://etheses.dur.ac.uk/9514/.
Ghassemlou, Abdul Rahman. 2000. Chil Sāl Khabāt La Pēnawī Āzādī [The Forty Years Struggle for the Sake of Freedom]. PDKI Publication.
Gunter, Michael. 2020. Routledge Handbook on the Kurds. Routledge.
Gunter, Michael M. 2004. Historical Dictionary of the Kurds. Scarecrow Press.
Hassaniyan, Alan, and Gareth Stansfield. 2022. ‘The Kurdish Protest Movement and the Islamic Republic of Iran: The Securitisation of Kurdish Nationalism’. LSE Middle East Centre (London, UK) MEC Paper Series (62): 62. https://www.lse.ac.uk/middle-east-centre/publications/paper-series.
Hassaniyan, Allan. 2021. Kurdish Politics in Iran: Crossborder Interactions and Mobilisation since 1947. Cambridge University Press. https://doi.org/10.1017/9781009029971.
Hassaniyan, Allan. 2024. ‘The Islamic Republic of Iran’s Multipronged Approach to the Repression of Kurds’. Contemporary Review of the Middle East 11 (3): 292–315. https://doi.org/10.1177/23477989241258897.
Hossein, Behzad. 1997. Dar Entehay-e Ofoq. Bonyad Shahid va Omur-e Ithargaran.
IRGC. 1980. ‘Cover’. Payam-e Enghelab, no. 8 (May): Cover.
IRIB NEWS. 2016. ‘Parade of Kurdish Muslim Peshmerga forces in Mahabad’. fa, September 21. https://tinyurl.com/3n53y5wv.
Islamic Republican (Tehran). 1980. ‘Communiqué No. 2 of the Muslim Kurdish Peshmerga’. February 1.
Izadi, Mostafa, Javad Esteki, and Masoud Yaran. 2008a. Moqābeleh Bā Zedd-e Enqelāb va Ashrār [Confrontation with Counter-Revolutionaries and Miscreants]. Imam Hossein University Publication.
Izadi, Mostafa, Javad Esteki, and Masoud Yaran. 2008b. Natāyej va Dastāvardhā [Results and Achievements]. Imam Hossein University Publication.
Jafari, Abdullah. 2022. ‘Pishmargān-e musalmān-e kurd bā kofr mī-jangīdand [The Muslim Kurdish Peshmerga were fighting against unbelief]’. IRNA, خبرگزاری جمهوری اسلامی |صفحه اصلی | IRNA News Agency, May 12. https://bit.ly/45Rqcoj.
Kalvandi, Ali. 2015. Faryad-e Azadi [Cry of Freedom]. Fatehan.
Karimi, Farzam. 2020. The Ancient Land of Sacrifice and Martyrdom. Ketabcheh.
Kermani, Hossein. 2005. ‘Shia va Sunni Dast Dar Dast-e Yekdigar Baraye Hefz va Abadani-Ye Mihan [Shiʿa and Sunni, Hand in Hand with One Another, for the Protection and Prosperity of the Homeland]’. Cheshm Andaz-e Iran, no. Special issue: 5–10.
Khamenei, Ali. 2009. ‘The Leader of the Revolution and the Kurdish Muslim Peshmerga, 1980’. Khamenei.ir, Www.khamenei.ir, May 26. https://farsi.khamenei.ir/photo-album?id=7004.
Khamenei, Ali. 2015. ‘Bayanat Dar Didar-e a‘za-Ye Setad-e Kongere-Ye Geramidashte Shohada-Ye Pishmargan-e Mosalman-e Kurd [Remarks at a Meeting with Members of the Organizing Committee of the Congress Commemorating the Martyrs of the Muslim Kurdish Peshmerga]’. May 4. https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=29744.
Khomeini, Ruhollah. 2004. The Army from Imam Khomeini’s Perspective. The institute for compilation and publication of Imam Khomeini’s works.
Khomeini, Ruhollah. 2014. Sahifeh-Ye Imam. Vol. 22. The Institute for Compilation and Publication of Imam Khomeini’s Works.
Khoshhali, Behzad. 2010. Sazman-e Pishmargan-e Mosalman va Kurdistan [The Organization of Muslim Peshmerga and Kurdistan]. https://bit.ly/4ajLE6D.
McDowall, David. 2001. A Modern History of the Kurds. I. B. Tauris.
MKPO. 1980a. ‘Ettela’ieh Shomare-Ye 1 Pishmargan-e Mosalman-e Kurd [Announcement No. 1 of the Muslim Kurdish Peshmerga]’. Islamic Republican, February 1.
MKPO. 1980b. ‘Ettela’ieh Shomare-Ye 4 Sazman-e Pishmargan-e Mosalman-e Kurd [Announcement No. 4 of the Muslim Kurdish Peshmerga Organization]’. Islamic Republican, February 7.
MKPO. 1980c. ‘Qat’nameh-Ye Pishmargan-e Mosalman-e Kurd Dar Marasem-e Tashyi’-e Janazeh [Resolution of the Muslim Kurdish Peshmerga at the Funeral Ceremony]’. Islamic Republican, February 25.
Mofidi, Sabah. 2015. ‘Religion and Politics in Eastern Kurdistan (With a Focus on Maktab Qur’an During Iranian Revolution, 1979)’. Journal of Politics and Law 8 (3): 36–50. https://doi.org/10.5539/jpl.v8n3p36.
Moftizadeh, Ahmad. 1980. ‘Letter to Hussein-Ali Montazeri’. Amizan@, October 24. https://bit.ly/3ZXnNoF.
Moftizadeh, Ahmad. 2020. Darbare-Ye Kurdistsn [On Kurdistan]. Electrotnic Version.
Moftizadeh, Ahmad. ca. 1980s. Darbare-ye ertebat ba sazman-e pishmargan-e mosalman [About relations with the Organization of Muslim Peshmerga]. Vol. 169.
Negin Research Group. 2018. ‘The IRGC’s Theory of Counterinsurgency Operations in Kurdistan’. Iranian Negin Quarterly 16 (60): 97–108.
PDKI. 1972. ‘Jash-girtin’. Kuristan, August.
Rastegarpanah, Hassan. 2019. Kurdistan in a Crisis of Security and Deprivation. Edited by Asghar Saleh Esfahani. IRGC Press.
Rastegarpanah, Hassan, and Sardar Isfahani. 2013. Jang Dar Kurdistan [War in Kurdistan]. Rahiyan-e Noor.
Sabbaghian, Hashem. 2003. ‘Heyʾat-e Vizhe-Ye Hall-e Masaʾel-e Kurdistan [The Special Committee for Resolving the Kurdistan Issues]’. Cheshm Andaz-e Iran, no. Special issue: 50–57.
Saeidi, Fateh, and Davoud Osmanzadeh. 2025a. ‘Colonial Sovereignty and Religious Necropolitics: The Sacred Victimization of Infidel Kurds in the Middle East’. Ethnicities 25 (5): 655–78. https://doi.org/10.1177/14687968241287204.
Saeidi, Fateh, and Davoud Osmanzadeh. 2025b. ‘Religious Rhetoric and Genocidal Violence: The Massacre of Kurds in Rojhelat Under Khomeini’s Fatwa’. In The Palgrave Handbook of Kurdish Genocides, edited by Kaziwa Salih. Springer Nature Switzerland. https://doi.org/10.1007/978-3-031-87612-7_17.
Safavi, Yahya Rahim. 1980. ‘Mosahabeh Ba Mas’ul-e Amaliyyat-e Sepah Dar Sanandaj [Interview with the Head of Operations of the Revolutionary Guards in Sanandaj]’. Payam-e Enghelab, no. 8 (May): 10–11.
Sahabi, Ezzatollah. 2003. ‘Rah-e Hal-e Kurdestan; Hosn-e Niyyat, Tose‘e, Azadi va Edalat [The Solution to Kurdistan: Goodwill, Development, Freedom, and Justice]’. Cheshm Andaz-e Iran, no. Special issue: 59–72.
Sahabi, Ezzatollah. 2013. Nim Qarn Khatere va Tajrobeh [Half a Century of Memory and Experience]. Vol. 2. Khavaran.
Shams, Said. 2022. ‘Cultural Racism and Ethnic Cleansing: The Islamic Republic of Iran and Minority Rights’. Review of Middle East Studies 56 (1): 73–87.
Shamsaddini, Said. 2007. ‘Nationalism, Political Islam and the Kurdish Question in Iran in the Late Twentieth Century’. PhD Thesis, Royal Holloway, University of London.
Sharifi Dryaz, Masoud. 2021. ‘Minority, State and Nation Kurdish Society in Iran in the Aftermath of the Revolution’. In The Cambridge History of the Kurds, edited by Hamit Bozarslan, Cengiz Gunes, and Veli Yadirgi. Cambridge University Press.
Shokri, Aboul-Qacem. 2010. Naser-e Enqelab: Zendegi-Ye Hemasi-Ye Sardar Shahid Kazemi]. The Foundation for Preserving the Works and Propagating the Values of the Holy Defense.
Sinkaya, Bayram. 2016. The Revolutionary Guards in Iranian Politics: Elites and Shifting Relations. Routledge.
Sinkaya, Bayram. 2018. ‘The Kurdish Question in Iran and Its Effects on Iran-Turkey Relations’. British Journal of Middle Eastern Studies 45 (5): 840–59. https://doi.org/10.1080/13530194.2017.1361315.
Soleimani, Kamal, and Ahmad Mohammadpour. 2020. ‘The Securitisation of Life: Eastern Kurdistan under the Rule of a Perso-Shi’i State’. Third World Quarterly 41 (4): 663–82. World. https://doi.org/10.1080/01436597.2019.1695199.
Spokesperson of the MKPO. 1980. ‘The Demand of the Majority of the Kurdish People Is the Rule of Islam in the Region’. Payam-e Enghelab, September 27.
Tezcür, Güneş Murat, and Peyman Asadzade. 2019. ‘Ethnic Nationalism versus Religious Loyalty: The Case of Kurds in Iran’. Nations and Nationalism 25 (2): 652–72. https://doi.org/10.1111/nana.12424.
Vali, Abbas. 2011. Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity. I.B. Tauris.
Vali, Abbas. 2016. ‘Reflections on Kurdish Society and Politics in Rojhelat : An Overview’. In Kurdish Issues : Essays in Honor of Robert W. Olson, edited by Michael M. Gunter. Mazda Publishers.
Wehrey, Frederic, Jerrold D. Green, Brian Nichiporuk, et al. 2009. The Rise of the Pasdaran: Assessing the Domestic Roles of Iran’s Islamic Revolutionary Guards Corps. RAND National Security Research Division. https://www.rand.org/pubs/monographs/MG821.html.
وتارەکانی تر
Nothing Found



