گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
بەهرامی ئەژین: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ڕووخانی دامەزراوەییەوە بۆ داڕمانی شەرعییەت.گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
ئەژین بەهرامی: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ڕووخانی دامەزراوەییەوە بۆ داڕمانی شەرعییەت.
پوختە
ئەم وتارە دۆخی قەیراناویی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی دامەزراوەیی و ئیدارییەوە شی دەکاتەوە. بە پێچەوانەی شیکارییە باوەکان کە هۆکاری ناسەقامگیریی ڕێژیم دەگەرێننەوە بۆ کەمبوونەوەی پشتیوانیی جەماوەری، لاوازبوونی ئایدیۆلۆژی یان شکستی سیاسیی کاتی. ئەم نووسینە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بنەمای قەیران لە داڕمانی ژێرخان و توانای کارگێڕیی رێژیمدایە.
شیکاری وتارەکە لەسەر بنەمای تیۆریی کلاسیکی کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکان دامەزراوە.هەروەها بە پشتبەستن بە تیۆریی دامەزراوەییی نوێ، وتارەکە نیشان دەدات کە شەرعیەتی دەوڵەت لە سەردەمی مۆدێرندا بە شێوەیەکی نزیک گرێ دراوە بە توانای حوکمڕانی لە ڕێگەی دامەزراوە سەربەخۆ، فەرمی و پیشەییەکانەوە، نە تەنیا بە ڕەزامەندیی سیاسی یان باوەڕی ئیدیۆلۆژیک.
وتارەکە هەڵ دەدات ئەو تێگەیشتنە پەرە پێ بدات کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانییەوە، بە شێوەیەکی سیستماتیک ئۆتۆنۆمی بیرۆکراتیکی تێک داوە، لە ڕێگەی دەستتێوەردانی سیاسی، دروستکردنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی هاوتەریب و بڕیاردانی نافەرمی. ئەمەش سیستەمێکی حوکمڕانی پارچەپارچەی دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی تێیدا بڵاو بووەتەوە و دامەزراوە کارگێڕییەکان بە شێوەیەکی فەرمی بوونیان هەیە بەڵام توانای ڕاستەقینەی کارکردنیان نییە. لە ئەنجامدا، شەرعیەت نەک وەک هۆکار، بەڵکوو وەک دەرئەنجامی شکستی دامەزراوەیی دەردەکەوێت.
پێشەکی
کۆماری ئیسلامی زۆر جار وەک ڕێژیمێکی پاوانخواز وەسف دەکرێت کە لەنێو خۆیدا پشتیوانییەکی بەهێز و کۆدەنگییەکی جەماوەری نییە. بەم هۆیەش، بەردەوام ڕووبەڕووی ناڕەزاییەتی و لاوازبوونی پێگەی جەماوەری دەبێتەوە. ئەم وەسفە، هەرچەندە لە خۆیدا هەڵە نییە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە قەیرانی ئەمڕۆی ئێران بەس نییە. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێ، تەنیا قەیرانی شەرعییەت، ئایدیۆلۆژیا یان بەشداریی سیاسی نییە. بەڵکوو نیشانەی تێکچوونێکی قووڵترە کە پەیوەستە بە ڕووخانی توانای ئیداریی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە ڕێگەی دامەزراوە یەکگرتوو و یاساییەکانەوە. واتە قەیرانەکە تەنها لە ئاستی سیاسی و رەفتاری ناڕەزایەتیدا نییە، بەڵکوو لە ژێرخانی کارگێڕی و شێوازی حوکمڕانیدایە.
ئەم وتارە ئەو گریمانەیە ڕەت دەکاتەوە کە قەیرانی کۆماری ئیسلامی تەنیا دەرئەنجامی شکستە سیاسییەکانی ئەم دواییە یان کەمبوونەوەی پشتیوانیی گشتی بێت. بە پێچەوانەوە، ئەم نووسینە دەڵێت، داڕمانی شەرعیەت دەرئەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی ڕووخانی دامەزراوەییی دەسەڵاتێکە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئۆتۆنۆمی بیرۆکراتی تێک داوە و بە کۆنترۆڵی ئایدیۆلۆژی و بەکارهێنانی هێزی سەرکوت، سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی دروست کردووە. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم شێوازی حوکمڕانییە خودی بنەمای دەوڵەتی داڕماندووە. بەم پێیە، کۆماری ئیسلامی چیتر نەک وەک دەوڵەتێکی حوکمڕان، بەڵکوو وەک نەزمێکی سیاسیی کاتی دەردەکەوێت کە شەرعیەتی خۆی لە بواری سیاسی و ئیداری لەدەست داوە و تەنیا بە پشتبەستن بە هێزی سەرکوت توانیویەتی خۆی ڕابگرێت.
لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕووبەڕووی نارەزاییەتی، قەیرانی ئابووری و فشارە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە بۆچی ناڕەزاییی زیاتر بووە؛ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:
چۆن دەوڵەتێک دەتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە بەردەوام بمێنێتەوە، بەڵام لە ڕووی ئیدارییەوە هەڵبوەشێتەوە؟
ئەوەی لەم نووسینەدا گرنگە ئەوەیە کە قەیران نەک تەنیا لە ئاستی سەرکوت و ناڕەزاییی جەماوەریدا دابنرێت، بەڵکوو لە ژێرخانی کارگێڕی دەوڵەتدا بدۆزرێتەوە. کاتێک دامەزراوەکان چیتر ناتوانن بڕیار بە شێوەیەکی یاسایی، یەکگرتوو و پێشبینیکراو جێبەجێ بکەن، دەسەڵاتی فەرمی بەردەوام دەبێت، بەڵام حوکمڕانی لەناوەوە دەشکێت.
بۆ ئەم مەبەستە، کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک وەک ڕێژیمێک کە تووشی شکستی کاتیی حوکمڕانی بووبێت، بەڵکوو وەک نەزمێکی سیاسی شیکاری دەکرێت کە تێکچوونی دامەزراوەییی درێژخایەنی بە خۆیەوە بینیوە.
زانایانی کۆمەڵناسی لەسەر ئەوە کۆکن کە شەرعیەت تەنیا بە دەستتێوەردانی دەرەکی یان خۆپیشاندان ناڕووخێت. شەرعیەت کاتێک لەناو دەچێ کە دامەزراوە کارگێڕییەکان توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە ڕێگەی میکانیزمی یەکگرتوو، یاسایی و پێشبینیکراو لەدەست دەدەن. بۆیە لێرەدا چەمکی شەرعیەت وەک باوەڕ، ڕەزامەندی یان ڕازیکردنی ئایدیۆلۆژی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. شەرعیەت لەم نووسینەدا شتێک نییە کە دەسەڵات تەنها بە ڕای گشتی بەدەستی بهێنێت یان بە ڕای گشتی لەدەستی بدات؛ بەڵکوو دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەییە کە بە کارکردنی ڕۆژانەی دەوڵەت بەرهەم دێت، و بە هەمان ڕێگا لە ناو دەچێت کاتێک ئەو کارکردنە لاواز بێت. بە واتایێکی تر، کاتێک سیستەمی کارگێڕی لە کارکردن دەوەستێت، دەسەڵاتی سیاسی بناغەی پراکتیکی خۆی لەدەست دەدات، هەرچەندە لە ڕووی فەرمییەوە هێشتا “دەسەڵات” بمێنێتەوە.
لەم ناوەرۆکەدا، لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی تیۆرییەوە جیاوازی نێوان دەسەڵاتی یاسایی، عەقڵانی و زاڵبوونی زۆرەملێ دەخرێتە ڕوو. وێبەر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی سیاسیی مۆدێرن لە بنەڕەتدا پشتی بە ئیدارەی بیرۆکراتیک دەبەستێت؛ واتە بە یاسا، لێهاتووییی پیشەیی و سەربەخۆییی دامەزراوەیی [[1]] . ئهوهی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم بنەمایانە ئەگەر لاواز بن، دەسەڵات لە شێوەی دامەزراوەیی و یاسایی دەچێتە دەرەوە و ناچار دەبێت زیاتر پشت بە فەرمانڕەواییی تاکەکەسی، هێزی تاکڕەوانە و دیکتاتۆرانە ببەستێت. لە لایەکی دیکەوە متمانە بە دامەزراوە و یاسا، لەدەست دەدات و دامەزراوەی ئیدیۆلۆژیک و هێزی سەرکوت دەبنە دەسەڵاتی جیگرەوە. بەم جۆره، توانای کارگێڕی تەنیا ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردن نییە؛ بەڵکوو بناغەی شەرعیەتی سیاسییە لە دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا. هەربۆیەش داڕمانی ئیداری تەنیا بە مانای “خراپیی حوکمڕانی” نایێت، بەڵکوو نیشانەیە لە ڕووخانی بنەمای دەسەڵات.
لە لایەکی دیکەوە، شەرعیەت وەک چەمکێکی فرەڕەهەند، لەژێر ڕۆشناییی تایپۆلۆژیای سوچمان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. تایپۆلۆژییەک کە جیاوازی دەکات لە نێوان شەرعیەتی پراگماتیک، ئەخلاقی و مەعریفی. لێرەدا ئەم دابەشکردنە بۆ ئەوە نییە کە شەرعیەت وەک چەمکێکی ئەبستراکت و دابڕاو لە ڕاستی بخوێنرێتەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی نیشان بدرێت شەرعیەت چۆن لە ئەدای کارگێڕی و کارکردی دامەزراوەکاندا داڕێژراوە و چۆنیش بە تێکچوونی لاواز دەبێت[[2]].
شەرعیەتی پراگماتیک، بە شێوەی سەرەکی لەسەر بنەمای سوودی هەستپێکراوی هاووڵاتیان بۆ چالاکییەکانی دەوڵەت دادەنرێت. بەتایبەتی لەو شوێنانەدا کە دەوڵەت دەبێت بتوانێت سەقامگیری ماددی، خزمەتگوزارییە گشتیەکان و هەماهەنگی ئابووری دابین بکات. کاتێک دەوڵەت شکست دەهێنێت لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان یان پاراستنی پێشبینیکردنی ئابووری، ئەم ڕەهەندەی شەرعیەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێک دەچێت؛ چونکە ئەوەی هاووڵاتیان وەک “دەوڵەت” دەیبینن، تۆڕێکی گەندەڵیی ناکارامەیە کە توانای بەرێوەبردنی ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای نییە.
شەرعیەتی ئەخلاقی، پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنە نۆرماتیڤەکانی دادپەروەری، دێموکراسی و پابەندبوون بە یاساکانەوە هەیە. ئەم جۆرە شەرعیەتە کاتێک دەشێوێت کە حوکمڕانی ببێتە شتێکی ئارەزوومەندانە و گەندەڵیی سیاسی سەروەر بێت، یان یاسا بە شێوەی هەڵبژێردراو جێبەجێ بکرێت. لە چوارچێوەی ئێراندا، ئەم فۆرمەی شەرعیەت لەژێر کاریگەریی گەندەڵیی بەربڵاو و دامەزراوە ئەمنیەتی و سیاسیەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووخاوە؛ بە جۆرێک کە زۆر جار بڕیارەکانی دەوڵەت لە پراکتیکدا وەک ئەوە هەست پێ دەکرێن کە سوود بە تۆڕە تایبەتییەکانی دەسەڵات دەگەیەنن، نەک بەرژەوەندیی گشتی.
ڕەهەندی سێیەم، شەرعیەتی مەعریفییە کە لەو کاتەدا بوونی هەیە کە دامەزراوەکان وەک ڕێکخەری “ئاسایی” و خۆڕاگری ژیانی بەکۆمەڵ وەردەگیرێن؛ واتە بوونیان و کارکردنیان بە شێوەیەکی سروشتی “لەنێو مێشک و ڕەفتار”دا دادەنیشێت. بەڵام کاتێک دامەزراوەکان پشتگوێ دەخرێن، یان کاریان پێ ناکرێت، ئەم ڕەهەندەش هەڵدەوەشێتەوە.
ئەم سێ ڕەهەندە لە ڕووی شیکارییەوە جیاوازن، بەڵام لە ڕووی ئەزموونییەوە وابەستەی یەکترن؛ بۆیە شکستی بەردەوامی کارگێڕی دەتوانێت لە یەک کاتدا هەموویان تێک بدات و داڕمانی شەرعیەتی کەڵەکەبوو بەرهەم بهێنێت.
بۆ ئەوەی شەرعیەت ڕاستەوخۆ بە توانای حوکمڕانییەوە ببەستینەوە، لێرەدا سوود لە جیاوازیی شارپف وەردەگرێت لە نێوان شەرعیەتی هاتنەژوورەوە، شەرعیەتی پرۆسەیی و شەرعیەتی بەرهەمهێنان[[[3]. لە سیستەمی تاکڕەودا، کە بەشداریی سیاسی لە ڕووی پێکهاتەییەوە سنووردارە، شەرعیەت بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە توانا و بەرهەم: توانا ئەوەیە کە ڕێکارەکان و یاساکان متمانەپێکراو بن، جیبەجێکردن پێشبینی بکرێت و پرۆسەکان لە ڕووی یاسایی و شەفافیەتەوە ڕێک بخرێن. بەرهەمیش بریتییە لە توانای سیستەم بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت بە شێوەی کارا و کاریگەرانە. بەم پێییە، کاتێک سیستەمی کارگێڕیی یەکگرتوویی، شەفافیەت و متمانە لە کارکردندا لەدەست دەدات، نەک تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزاییەتیی گشتی بەڵکوو هەردوو جۆرە شەرعیەتەکە، شەرعیەتی پرۆسەیی (Throughput Legitimacy) و شەرعیەتی بەرهەمهێنان (Output Legitimacy) لە ناوەوە تێک دەچێت.
ئەم دۆخە و میکانیزمە پێکهاتەییەکانی پشت ئەم تێکچوونە لە ڕێگەی تیۆری دامەزراوەیی نوێوەوە ڕوون دەکرێنەوە، بەتایبەتی لە چەمکی جیابوونەوەی دامەزراوەیی (Institutional decoupling). مێیەر و ڕۆوان ئەم جیابوونەوەیە وەک بارودۆخێک وەسف دەکەن کە تێیدا پێکهاتە ڕێکخراوەییە فەرمییەکان بەردەوام دەبن، لە کاتێکدا توانای حوکمڕانی پراکتیکییان لاواز دەبێت[ [4]]. لە دۆخی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەم شتە بەڕوونی دەری دەخات کە چۆن وەزارەتەکان، دادگاکان و دەزگاکانی ڕێکخستن دەکرێت هێشتا بە شێوەی فەرمی بەردەوام بن، بەڵام لە ناوەوە توانای هەماهەنگی، ڕێکخستن و جێبەجێکردنیان تێک چووبێت. لە لایەکی دیکەوە، دیماجیۆ و پاوڵ نیشان دەدەن کە چۆن ئەم جۆرە دامەزراوە “بۆشانە” زۆرجار بە شێوەیەکی ساختە دەپارێزرێن بۆ ئەوەی ڕوخساری هاوتایی و ڕێکخراوی لەگەڵ دەوڵەتدا لەدەست نەدرێت؛ هەر لەو کاتەیشدا کە ئەرکە جەوهەرییەکانیان لە پراکتیکدا لەدەست داوە[[5]].
بە تێپەڕبوونی کات، جیابوونەوەی دامەزراوەیی دەتوانێت ببێتە بنەمای ڕووخانی دامەزراوەیی (Institutional decay)، بە تایبەتی کاتێک پرۆسەکانی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت و قۆرخکاری چڕ دەبنەوە. هێلمان، جۆنز و کاوفمان باس لەوە دەکەن کە سەپاندنی هێژمونی و قۆرخکاری لەلایەن دەوڵەتەوە زۆرجار لەو کاتەدا ڕوو دەدات کە ئەکتەرە بەهێزەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دامەزراوە و یاساکان بۆ سوودی تایبەت یان بۆ گروپ و کۆتلەیێکی دیاریکراو بەکار دەهێنن، یان بە شێوەیەک دایدەڕێژنەوە کە تەنیا سود بەوان بگەیێنێت [[6]]. لەم جۆرە چوارچێوەیەدا، عەقڵانیەتی بیرۆکراتی و بنەماداری لە کار دەکەون، و جێی خۆیان دەدەن بە تەرخانکردن و بڕیاردارکردنی هەڵبژێردراو؛ ئەمەش جێبەجێکردنی بێلایەنی یاسا و لێپرسینەوە تێک دەدات. لێکۆڵینەوەکان لەسەر کوالێتیی حکوومەتیش نیشان دەدەن کە ئەم داینامیکییانە هەم ئەدای دامەزراوەیی لاواز دەکەن و هەم متمانەی گشتی دەشێوێن[[7]].
ئەم پرۆسانە، لە کۆتاییدا، بەرەو خراپبوونی سیاسی دەچن. فوکویاما خراپبوونی سیاسی بە داڕمانی گونجانی دامەزراوەیی، نۆرمەکانی پیشەیی و توانای حوکمڕانی لەناو نەزمێکی سیاسی پێناسە دەکات؛ بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ڕووخانی دۆخی سیاسی (political decay) بە مانای داڕمانی دەستبەجێی ڕێژیم نییە[ [8]]. بەڵکوو بارودۆخێکە کە تێیدا دەوڵەت بە شێوەی فەرمی بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی پشتبەستن بە هێز و زۆرەملێ، هەوڵی ڕاگرتنی حوکمڕانی نێوخۆیی دەدات، لە کاتێکدا یەکە ئیداری و کارگێڕییەکان ناتوانن خۆیان بپارێزن. لەم جۆرە سیستەمانەدا، هێزی سەرکوت دەتوانێت کۆمەڵگا و خەڵک لە ڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە راگرێت، بەڵام ئەم هێزە ناتوانێت دامەزراوەکان بپارێزێت؛ بە پێچەوانەوە، زۆر جار دەبێتە بەهانەی چڕبوونی ڕووخانیان.
لە کۆتاییدا، مەبەستی بەکارهێنانی ئەم چوارچێوە تیۆرییە ئاماژەدان نییە بۆ تەنیا “ڕەخنەگرتن لە حوکمڕانی”، بەڵکوو بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئیداری و شێوازی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان لە ئێرانە. لەم ڕێگایەوە هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا ئەم نووسینە هەوڵ دەدات پشتراست بە زانستی ئیداری و بەڕێوەبردن ئەو بەرچاوڕوونییە بدات کە نەمانی شەرعیەت بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی یان هۆکارە کورتخایەنە دەرەکی و ناوەکییەکان نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامی داڕمانی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانە. بەهۆی داڕمانی ژێرخانی ئیداری، جیابوونەوەی دامەزراوەیی و قۆرخکاری ئیداری، دەوڵەت تووشی داڕمانی نێوخۆیی هاتووە، لە درێژماوەدا. لەم بارودۆخەدا دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی توانای زۆرەملێیەوە دەژی، لە کاتێکدا حوکمڕانی ئیداری هەڵوەشاوەتەوە. بەم مانایە، داڕمانی شرعییەت خاڵی دەستپێکی قەیران نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامی ڕووخانی دامەزراوەکانە کە لە ماوەیەکی درێژدا، بەهۆی داڕمانی ئیداری، جیابوونەوەی دامەزراوەیی و خراپبوونی سیاسییەوە بەرهەم دەهێنرێت.
ڕێژیم وەک رێکخراوێک کە توشی داڕمانی پێکهاتەیی هاتووە
بۆ ئەوەی قەیرانی شەرعیەت و داڕمانی توانای حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستەماتیک تێ بگەین، پێویستە ڕێژیم نەک تەنیا وەک ئەکتەرێکی سیاسی، بەڵکوو وەک ڕێکخراوێکی گەورەی ئیداری و دامەزراوەیی شیکاری بکرێتەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، بەڵکوو ئەوەش گرنگە بزانین چۆن دەسەڵات بۆ بڕیار، جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵگا دەگوازرێتەوە. ئەو پرسیارەی لێرەدا دەکرێت بریتییە لەوەی ئایا پێکهاتەی ڕێژیم توانای دروستکردنی حوکمڕانی یەکگرتوو، یاسایی و پێشبینیکراوی هەیە یان نا؟
ئەگەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە سەیری پێکهاتەی دەسەڵاتی رێژیم بکەین، دەبینین کە ڕێژیم هەر لە یەکەم ساڵەکاندا ڕێچکەیەکی دیاریکراوی هەڵبژارد: سنووردارکردنی ئۆتۆنۆمیی دامەزراوەیی و بەستنەوەی هەموو ناوەندەکان بە ناوەندێکی سیاسی-ئیدیۆلۆژیک. ئەمە تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو لە دەستووردا بە شێوەیەکی یاسایی دامەزرێنرا. ماددەی نۆی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە “ئازادی، سەربەخۆیی، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی وڵات لەیەکتر جیا ناکرێنەوە… و هیچ تاکێک، گرووپێک، یان دەسەڵاتێک مافی ئەوەی نییە پێشێلی سەربەخۆیی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و سەربازیی یان یەکپارچەیی خاکی ئێران بە بیانووی مومارەسەی ئازادی بکات.” ئەم بڕگە دەستورییە لە پراکتیکدا هەر دەستپێکێک بۆ دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی ناوچەیی وەک هەڕەشەیەک بۆ یەکێتیی نیشتمانی و دەسەڵاتی ناوەندی پێناسە دەکات. بە واتایەکی تر، یاسا جێگای خۆی بە ناوەندێکی قەدەغەکردن دەگۆڕێت، نەک ناوەندێکی دابەشکردنی دەسەڵات.
ئەگەر ئەمە بە تیۆریی بیرۆکراسی وێبەر ببەستینەوە، دەوڵەتی مۆدێرن پێویستی بە دامەزراوەی سەربەخۆ، پیشەیی و پابەند بە یاسا هەیە. بەڵام لە ئێراندا، هەر لە سەرەتای ١٩٧٩ەوە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک پاکتاوکردنی فەرمانبەرانی بەئەزموون و دابڕینی یادەوەری ڕێکخراوەیی ئەنجام درا. زۆرێک لە دادوەرەکان، فەرمانبەر و کارگێڕانی پێشوو لە سیستەمەکە دەردەکران و شوێنیان بە کەسانی پابەند بە ئیدیۆلۆژی و جێگەی متمانەی ڕێبەری باڵا درا. ئەمە تەنیا گۆڕینی کەسایەتی نەبوو؛ بەڵکوو شلکردنی بنەمای عەقڵانییەتی بیرۆکراتی بوو. نموونەیەکی پراکتیکی دیاریکراو دامەزراندنی دادگاکانی ئینقلاب بوو لە ساڵی ١٩٧٩. ئەم دادگایە لە دەرەوەی سیستەمی دادوەریی ئاسایی دروست کرا و بڕیارەکانی زۆرجار لەسەر بنەمای یاسای کۆدکراو نەبوون، بەڵکوو لەسەر بنەمای تێڕوانینی ئیدیۆلۆژیک و سیاسی دەردەچوون. بەم شێوەیە، یەکەمین بناغەی پێکهاتەی “هاوتەریب” دروست بوو کە کەناڵی فەرمی تێپەڕاند.
لە هەمان کاتدا، دامەزراوەییکردنی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە دەستووردا (ماددەی ١٥٠) وەک ناوەندێکی ئەمنی سەربازیی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت لە ناو پێکهاتەی ڕێژیمدا چەسپاند، کە لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایی و بیرۆکراتییەوەکان کار دەکات[[9]]. سپا نەک تەنها وەک هێزێکی سەربازی، بەڵکوو وەک ناوەندێکی ئیدیۆلۆژیک و پاراستنی “ئینقلاب” پێناسە کرا. ئەمە واتای ئەوە بوو کە لە تەنیشت ئەرتەشی فەرمی، هێزێکی هاوتەریب دروست بوو کە پابەندبوونی بە یاسا و پلەبەندیی بیرۆکراتی سنووردار بوو. ناوەندی (خاتمالانبیاء)ی سەر بە سپا، یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی ژێرخانی ئابووریی لە ئێراندا بەدەستەوەیە. وەک پرۆژەکانی نەوت، گاز، بەندەر و ڕێگا سەرەکییە بازرگانییەکان. هەندێک هەڵسەنگاندن نیشان دەدەن کە دامەزراوەکانی سەر بە سپا و بونیادەکان کۆنترۆڵی نزیکەی چواریەکی ئابووری ئێران دەکەن، بەبێ بوونی چاودێریی یاسایی لە لایەن پەرلەمان یان ناوەندە یاساییەکانی تر.
هەروەها ناوەندە گەورەکانی وەک (بنیاد مستضعفان انقلاب اسلامی) کە بە دووەم گەورەترین دامەزراوەی ئابووری ئێران دادەنرێت، لە دەرەوەی سیستەمی باجی گشتی و چاودیری کار دەکەن و ڕاستەوخۆ لەژێر ئیرادەی ڕێبەری باڵا (خامنەیی)دایە. ئەمە سیستەمێکی حوکمڕانی پارچەپارچەی دروست کردووە کە تێیدا بەرپرسیارێتی قۆرخ کراوە و زنجیرەی ڕوونی بڕیار و جێبەجێکردن هەڵوەشاوەتەوە. لە ڕوانگەی تیۆریی دامەزراوەیی نوێوە، ئەم دۆخە نموونەیەکی ئاشکرا بۆ Institutional decoupling)ـە، کە پێداگری لەسەر بوونی پێکهاتە فەرمییەکان دەکات لە کاتێکدا کە توانای پراکتیکیان نییە.
دامەزراوە هاوتەریبەکان لە بنکە ئاینییەکان و ئۆرگانە ئەمنییەکانەوە بگرە تا گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێژیمدا بە مەبەستی پاراستنی رێژیم نەک پاراستنی هاووڵاتیان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا چەسپێنرابوون، بە شێوەیەک کە کەناڵە بیرۆکراتییە فەرمییەکانیان تێپەڕاند. ئەم شێوازە سیستەمێکی حوکمڕانی پارچەپارچەی دروست کرد کە تێیدا بەرپرسیارێتی قۆرخکرابوو، لێپرسینەوە بوونی نەبوو، هیچ زنجیرەیەکی ڕوونی بڕیار و جێبەجێکردن لە جێی خۆی کاری نەدەکرد.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەوەی لە زانستی بەڕێوەبردندا زۆر جار وەک داڕمانی دواتر( subsequent erosion) باسی لێ دەکرێت، نابێت وەک دابەزینی دامەزراوەیی لە سیستەمێکی سەربەخۆ و کارا تێ بگەین. بە پێچەوانەوە، لە دۆخی کۆماری ئیسلامیدا داڕمانی ئیداری بەردەوامی دیزاینێکی سەرەکی بوو. دامەزراوە کارگێڕییەکان هەرگیز ڕێگەیان پێ نەدرا سەربەخۆیی، نۆرمەکانی پیشەیی یان یادەوەری ڕێکخراوەیی پەرە پێ بدەن؛ بەڵکوو لە ژێر چاودێریی ئایدیۆلۆژی مەزهەبی و هەڕەشەی سیاسیدا، کارکردنیان سنووردار کرا.
بە تێپەڕبوونی کات، ئەم جیابوونەوە دامەزراوەیییە بوو بە بنەمای داڕمانی قووڵتری دامەزراوەکان. وەزارەتەکان، دادگاکان و دەزگاکانی ڕێکخستن لە ڕووی فەرمییەوە بەردەوام بوون، بەڵام لە ناوەوە بۆش بوون و زیاتر ڕواڵەتیان هەبوو. بڕیاردان لە ڕێکارەکان، لە جیاتی پشتبەستن بە یاسا نووسراوەکان، زیاتر لە ڕێگەی دەستتێوەردانی ئیختیاری، موزایەدەی نافەرمی و جێبەجێکردنی زۆرەملێ بەرێوە چوو. سەرکوت، کە لە سەرەتادا وەک ئامێرێکی کاتی بەکارهاتووە، بە شێوەیەکی بنەمایی دامەزراوەیی کرا و گۆڕا بە بنەمای حوکمڕانی.
بەم پێیە، ناکرێت دۆخی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سادە وەک گواستنەوە لە ڕێژیمێکی ئیداریی چالاک بۆ ڕێژیمێکی ناکارامە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بە پێچەوانەوە، هەر لە سەرەتای خۆسەپاندنییەوە بناغەکانی کارکردنی دامەزراوەیی شل بوون. لە ماوەی چوار دەیەدا، ئەو شلبوونە سەرەتایییە بە داڕمانێکی ئیداری گشتگیر گۆڕا؛ داڕمانێک کە نەک دەرئەنجامی هەڵەیەکی کورتخایەن، بەڵکوو ئەنجامی ڕێکخستنیەکی بنەڕەتی و درێژخایەنە. ڕێژیم وەک ڕێکخراوێک هێشتا هەبوونی فەرمیی خۆی پاراستووە، بەڵام وەک سیستەمێکی ئیداری کارا چیتر کار ناکات. ئەم دۆخە بنەمای ئەو قەیرانەیە کە لە بەشەکانی دواتردا وەک قۆرخکاری، گەندەڵی، داڕمانی ئابووری و شکستی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دەردەکەوێت. ئەم دیاردەیە پشتڕاستی ئەو گریمانەیە دەکاتەوە کە لاوازبوونی کارگێڕی، بنەمای تێکچوونی شەرعیەت دروست دەکات.
قۆرخکاری، گەندەڵی و بەدەستەوەگرتنی حوکمڕانی
داڕمانی دامەزراوەیی لە کۆماری ئیسلامیدا تەنها دەرئەنجامی لاوازبوونی کارگێڕی نییە؛ بە پێچەوانەوە، ئەم لاوازبوونە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەهۆی قۆرخکاری و گەندەڵی درێژخایەن پەرە دەستێنێت. لەم دۆخەدا، گەندەڵی نابێت وەک دەرئەنجامی لادانی نۆرمەکان یان شکستی ئەخلاقی تاکەکان تێ بگەین، بەڵکوو وەک میکانیزمێکی حوکمڕانی کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەسەڵات، سەرچاوە و بڕیارەکان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو دابەش دەکرێن.
لە سیستەمێکدا کە دامەزراوە فەرمییەکان جیابوونەوەیان بە خۆیانەوە بینیوە و زنجیرەی بەرپرسیارێتی شکێنراوە، ئەکتەرە بەهێزەکان دەتوانن بەئاسانی یاسا و ڕێساکان بۆ قازانجی تایبەتی خۆیان بگۆڕن یان پشتگوێ بخەن. ئەم دیاردەیە، کە لە زانستی سیاسی و ئیداری وەک بەدەستەوەگرتنی دەوڵەت (state capture) ناسراوە، لە ئێراندا بە شێوەیەکی ڕوون دەردەکەوێت.
بڕیارە ئابووری و کارگێڕییە گرنگەکان، لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگەی پرۆسەی یاسایی و بێلایەنەکانەوە دەربکرێن، زۆرجار لە ژێر کاریگەری تۆڕە ئەمنییەکان، ناوەندە هاوتەریبەکان و گرووپە نزیکەکانی دەسەڵاتداراندا بڕیاردان لەسەریان دەدرێت. نموونەیێکی دیاری ئەم دیاردەیە لە ئێراندا، فرۆشتنی ئیمتیازی هێڵی پەیوەندیی نیشتمانی (TCI)ی لە ساڵی ٢٠٠٩ بە کۆمپانیای (اعتماد مبین) بوو. کە کۆمپانیێکی سەر بە سپای پاسدارانە[ [10]]. لەو فرۆشتنەدا، ٥٠٪+١ پشکی کۆمپانیاکە بە نرخێکی زۆر گەورە لە بازاڕی بۆرس فرۆشرا بە کۆمپانیای ناوبراو. ئەم ڕووداوە تەنها “فرۆشتنی کۆمپانیا” نەبوو؛ بەڵکوو گواستنەوەی ژێرخانی ستراتیژی (پەیوەندی، داتاکۆنترۆڵ، و توانای چاودێری) بۆ تۆڕێکی نیمچە-دەوڵەتی/ ئەمنی بوو.[ [11]] بەم شێوەیە، بڕیارێک کە دەبوو بە پرۆسەی یاسایی و کێبڕکێی بازاڕی بەرێوە بچێت، لە ڕاستیدا بۆ “تۆڕی دەسەڵات” ڕێک خرا. ئەمەش وەک نموونەیەکی ڕوون دەسەلمێنێت کە چۆن قۆرخکاری دەتوانێت بە ناوی “ڕێفۆرم” و “بازارکردن” سامانی گشتی بۆ ناوەندی ئەمنی بگوازێتەوە و زنجیرەی لێپرسینەوە و شەفافیەت تێک بدات.
بزوێنەری ناوەندی داڕمانی دامەزراوەیی لە ئێراندا قۆرخکردنی سەرچاوە ئابووری و کارگێڕییەکانە. بەشێکی بەرچاو لە ئابووری وڵات لە ژێر کۆنترۆڵی ئەکتەرە نیمچەدەوڵەتییەکاندایە کە نە تەنیا لە دەرەوەی چاودێریی شەفاف کاردەکەن، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە هەر جۆرە لێپرسینەوەی یاسایی و دارایی دوورخراونەتەوە. لەم دۆخەدا، بازاڕە کێبڕکێکارەکان شوێنیان داوە بە تۆڕە قۆرخکارییە سیاسییە پارێزراوەکان و خزمەتگوزاری گشتی، لە جیاتی ئەوەی ئامێرێکی حوکمڕانی کارا بن، گۆڕاون بە ئامرازێک بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان لەنێوان دەستوپێوەندە دیاریکراوەکانی دەسەڵات. [[12]]
نموونەیەکی تر کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قۆرخکاری و گەندەڵی وەک میکانیزمی حوکمڕانی دەسەلمێنێت، “ستادی اجرایی فرمانی امام” (Setad/EIKO) ـە. بەپێی لێکۆڵینەوەی درێژخایەنی رۆیتێرز، ئەم ناوەندە لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی بە پشتبەستن بە بڕیارە نافەرمییەکانی دادگا و پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی موڵک، کۆمەڵێک سامانی گەورە کۆ بکاتەوە و بە دەستەواژۆیێکی دارایی بگۆڕێت کە بەھاکەی “نزیکەی ٩٥ ملیار دۆلار” هەڵسەنگێنراوە[[13]]. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە گەندەڵی تەنها وەک “لادانی نۆرم” دەرناکەوێ؛ بەڵکوو بە شێوەی سیستەماتیک، یاسا و دادگا دەبنە ئامێری گواستنەوەی سەرچاوە بۆ تۆڕی دەسەڵات. لەو چوارچێوەیەدا، دامەزراوە فەرمییەکان هەبوونیان پاراستووە، بەڵام ناوەڕۆکیان “بۆش” دەبێت. دەستەی دادوەری و ڕێکخستن بە کردارێکی بێلایەن کار ناکات؛ بەڵکوو بە ئامێری قۆرخکاری و پاراستنی هێژمونی پشتئەستورە.
لەو چوارچێوەیەدا، گەندەڵی دیاردەیێکی لاوەکی نییە؛ بە پێچەوانەوە، گەندەڵی میکانیزمێکی بنەڕەتیی حوکمڕانییە. وەک ئامرازێک کار دەکات بۆ تەرخانکردنی دەسەڵات، پاداشتدانی دڵسۆزی و دوورخستنی دژایەتی. کاتێک دامەزراوە ڕێکخەرەکان لاواز دەبن، ڕێژیم توانای جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان بە شێوەی بێلایەنانە لەدەست دەدات. ئەم شێوازەی حوکمڕانی ئابووری، لە ڕووی ئەزموونییەوە، سیستەمێکی نائاسایی و ناسەقامگیری دروست کردووە کە تێیدا سنوورەکانی نێوان بازاڕ، دەوڵەت و تۆڕە دەسەڵاتدارەکان تێک دەچێت. [[14]]
ئەنجامی ئەم داینامیکییانە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ڕوون دەرکەوتووە. ئێران تووشی هەڵاوسانی بەردەوام لە سەرووی ٤٠ لە سەد بووە، دراوەکەی بە شێوەی بەردەوام داڕماوە و قەیرانە بانکییەکان بوونەتە ڕووداوێکی دووبارە. هەروەها دامەزراوە داراییە گەورەکان، کە دەبوو بنەمای سەقامگیریی دارایی بن، تووشی ئیفلاس و لاوازبوونی کاریگەرانە بوون. هەڵسەنگاندنە داراییە نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدەن کە ئەم قەیرانانە ئەنجامی شۆکە کورتخایەنەکان نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامی لاوازبوونی حوکمڕانی دراوی و دارایی لە ڕووی پێکهاتەییەوەیە[[15]].
بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان قۆرخکاری/ لاوازبوونی ڕێکخستن و داڕمانی شەرعیەتی پراگماتیک بە شێوەیەکی پراکتیکی ببینرێت، قەیرانی دامەزراوە داراییە ناڕەسمییەکان وەک نموونەیەکی (Caspian) زۆر ڕوونە. لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەدان هاووڵاتی لە کاتێکدا کە سەرکەوتوو نەبوون لە وەرگرتنەوەی وەدیعە و پاشەکەوتەکانیان، لەپێش بانکی ناوەندی (مرکزی) لە تاران کۆبوونەوە و بەتوندی داوای “گەڕاندنەوەی پارە”یان کرد.[16] ئەمە لە ئاستی تیۆرییەوە واتای ئەوەیە کە دەوڵەت لە یەکێک لە بنەڕەتیترین ئەرکەکانی (پاراستنی سامان و متمانەی دارایی) شکستی هێناوە. لە کاتێکدا قەیرانە داراییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەبنەوە ڕووداوێکی ئاوا ئاسایی نامێنێت. هاووڵاتی دەوڵەت وەک حوکمڕانێکی ناکارامە و ڕووخاو دەبینێت و شەرعیەتی پراگماتیک تێک دەچێت.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەم دۆخە داڕمانی شەرعیەتی پراگماتیک دروست دەکات. کاتێک دەوڵەت نەتوانێت دراو سەقامگیر بکات، پاشەکەوتەکانی هاوڵاتیان بپارێزێت یان دامەزراوە داراییەکان بە شێوەیەکی کاریگەرانە ڕێک بخات، ئەوە شەرعیەتی خۆی وەک حوکمڕانێکی کارا لەدەست دەدات. لەم بارودۆخەدا، سیاسەتی ئابووری چیتر وەک ئامێرێکی حوکمڕانی کار ناکات؛ بەڵکوو بووەتە بەڕێوەبردنی زنجیرەیەک لە قەیرانەکان. ئەم شێوازەش تێڕوانینی گشتی بۆ ناکارامەیی دامەزراوەیی بەهێز دەکات و بنەمای شەرعیەت لە ناوەوە تێک دەدات.
کەواتە قۆرخکاری و گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا نابێت وەک قەیرانێکی لاوەکی تێ بگەین، بەڵکوو وەک میکانیزمە بنەڕەتییەکان کە جیابوونەوەی دامەزراوەیی بەردەوام دەکەن و داڕمانی حوکمڕانی قووڵتر دەکەن دەبێ لەبەرچاو بگیرێ.
داڕمانی کارگێڕی لە ژیانی ڕۆژانەدا
ئەنجامی قۆرخکاری و جیابوونەوەی دامەزراوەیی زیاتر لە هەموو شتێک لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا دەردەکەوێت. کاتێک پێکهاتە کارگێڕییەکان نەتوانن بە شێوەیەکی یەکگرتوو، پێشبینیکراو و یاسایی کار بکەن، کارلێکی ڕۆژانەی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان گۆڕینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. لەم دۆخەدا، هاووڵاتیان دەوڵەت چیتر وەک ناوەندێکی خزمەتگوزار و ڕێکخەر ناناسن، بەڵکوو وەک ئەکتەرێکی هەڵبژێردراو، دوورەدەست و زۆرجار نائاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
یەکێک لە ڕوونترین شوێنەکانی ئەم داڕمانە، سیستەمی دادوەرییە. کاتێک دادگاکان لە چاوی زۆربەی هاووڵاتیاندا نەک وەک پەناگەی دادپەروەری و بێلایەنی، بەڵکوو وەک ناوەندێکی سیاسی و سەرکوتکار دەبینرێن، بنەمای متمانەی یاسایی لە ناوەوە تێک دەچێت. بڕیارە دادوەرییەکان زۆر جار وەک ئەوە هەست پێ دەکرێن کە لەسەر بنەمای دەستوپێوەندی سیاسی، ئایدیۆلۆژیک یان ئەمنی دراون، نەک بەپێی یاسا و ڕێکارە دادپەروەرییەکان. ئەم دۆخە، نەک تەنیا شەرعیەتی ئەخلاقی دەشێوێنێت، بەڵکوو شەرعیەتی مەعریفییش لاواز دەکات؛ چونکە دادگا وەک دامەزراوەیەکی “ئاسایی” لە مێشکی کۆمەڵگادا نامێنێت.
لە بواری خزمەتگوزارییە گشتیەکانیشدا، داڕمانی کارگێڕی بە شێوەیەکی بەرچاو دیارە. پرۆسەی وەرگرتنی مۆڵەت، تۆمارکردنی کار، گەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان یان چارەسەری کێشە ژێرخانییەکان، زۆر جار بەپێی پەیوەندیی کەسی و تۆڕە نافەرمییەکان بەڕێوە دەچن، نەک بەپێی مافی یاسایی و ڕێکارە ڕوونەکان. ئەم شێوازەی کارکردن، پێشبینی و یەکسانی کارلێکی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەتدا تێک دەدات و بنەمای متمانەی دامەزراوەیی لاواز دەکات.
داڕمانی کارگێڕی لە بوارە ژێرخانییەکانیشدا دەردەکەوێت. دووبارەبوونەوەی پچڕانی کارەبا، کێشەی کەمیی ئاو لە ناوچەکانی وەک خوزستان و ئیسفەهان، و نەبوونی هیچ پلانی ستراتیژی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە ئەم کێشانە نە دەرئەنجامی شۆکە کاتییەکانن، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی داڕمانی درێژخایەنی توانای پلاندانان و جێبەجێکردنی دامەزراوەیین. تەنانەت لە کاتێکدا کە زانیاریی تەکنیکی هەیە، دەوڵەت ناتوانێت بەهۆی لاوازبوونی هەماهەنگی و دەسەڵاتی دامەزراوەیی، وەڵامی کارا بداتەوە.
ئەم دۆخە لە توێژینەوە ئەزموونییەکانیشدا پشتڕاست کراوەتەوە. توێژینەوەیەک کە لە چوارچێوەی حوکمڕانی سامانە سروشتییەکان (Natural Resource Governance Framework – NRGF) کەڵک وەردەگرێت بۆ هەڵسەنگاندنی حوکمڕانی سامانە سروشتییەکان لە ئێران، نیشان دەدات کە تەنانەت دەزگا فەرمییەکانیش هەماهەنگی کاریگەر، توانای تەکنیکی و توانای جێبەجێکردنیان نییە. ئەم سنووردارییە دامەزراوەیییە بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، ڕەنگدانەوەی هەمان داینامیکی جیابوونەوەی دامەزراوەییە کە لە بواری ئابووری و دارایی دەبینرێت. [[17]]
ئەنجامی ئەم دۆخە لە ئاستی ئەزموونییەوە بریتییە لە گۆڕانی ڕەفتاری هاووڵاتیان. کاتێک دامەزراوەکان چیتر وەک ناوەندە بێلایەن و متمانەپێکراوەکان کار ناکەن، هاووڵاتیان پەنا دەبەنە بەر چارەسەرە نافەرمییەکان: پەیوەندیی کەسی، بەرتیل، دەستوپێوەندی سیاسی یان هێزی ئەمنی. بەم شێوەیە، ئەو شێوازەی کە دەوڵەت خۆی دروستی کردووە، لە ژیانی ڕۆژانەدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە و جیابوونەوەی دامەزراوەییی خۆی خۆی پەرەسەند دەکات.
لەو ڕوانگەیەوە، داڕمانی کارگێڕی لە ژیانی ڕۆژانەدا تەنیا بە مانای ناکارامەییی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکوو بریتییە لە تێکچوونی ئەو پەیوەندییە بنەڕەتییەی کە دەبێت نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان هەبێت. کاتێک ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای یاسا، یەکسانی و پێشبینیپذیری دامەزرابوو، شەرعیەت بە شێوەیەکی ئاسایی دروست دەبوو. بەڵام لە دۆخی ئێستادا، ئەم پەیوەندییە بەردەوام لە ناوەوە تێکدەچێت و شەرعیەت وەک دەرئەنجامی شکستی کارگێڕی هەڵدەوەشێتەوە.
داڕمانی شەرعیەت وەک دەرئەنجامی شکستی کارگێڕی
بۆیە قەیرانی شەرعیەتی کۆماری ئیسلامی نابێت وەک ڕووداوێکی لەناکاو یان دەرئەنجامی نارەزایییەکی سیاسی کورتخایەن تێ بگەین، بەڵکوو وەک ئەنجامی کەڵەکەبووی شکستی کارگێڕی و ئیداری. کاتێک دەوڵەتێک چیتر ناتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە شێوەیەکی پێشبینیکراو پێشکەش بکات، یاسا جێبەجێ بکات و حوکمڕانی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و متمانەپێکراو بەڕێوە ببات، شەرعیەت لە چەندین ڕەهەنددا لە یەک کاتدا تووشی لەناوچون دەبێت.
وەک لە بەشەکانی پێشوو نیشان درا، کاتێک دامەزراوە کارگێڕییەکان نەتوانن بە شێوەیەکی یەکگرتوو، یاسایی و پێشبینیکراو کار بکەن، دەوڵەت توانای خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لەدەست دەدات. ئەم شکستی کارگێڕییە، لە یەک کاتدا، سێ ڕەهەندی سەرەکی شەرعیەت لاواز دەکات: شەرعیەتی پراگماتیک، شەرعیەتی ئەخلاقی و شەرعیەتی مەعریفی.
ئەم پرۆسەیە بە هێواشی و بە شێوەیەکی کەڵەکەبوو پەرە دەستێنێت. سەرەتا، شەرعیەتی پراگماتیک تێک دەچێت؛ چونکە حوکمڕانی شکست دەهێنێت لە دابینکردنی سەقامگیری ماددی و ڕێکخستنی ژیانی ئابووری. دواتر، نادادپەروەریی بەردەوام و جێبەجێکردنی هەڵبژێردراوی یاسا شەرعیەتی ئەخلاقی دەشێوێنێت. لە کۆتاییدا، لەگەڵ ئاساییبوونەوەی تێکچوونی کاری دامەزراوەکان، شەرعیەتی مەعریفی هەڵدەوەشێتەوە: دەوڵەت چیتر نە وەک ڕێکخەری سروشتی ژیانی بەکۆمەڵ دەبینرێت و نە وەک دابینکەری سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان . [[18]]
لەم قۆناغەدا، دەسەڵاتی سیاسی بە ڕوونی هەست بەوە دەکات کە ئۆرگانەکانی دەوڵەت و دامەزراوە حکوومییەکان چیتر ناتوانن ئەرک و فەرمانەکان بە ڕێڕەوی ئاسایی وەکوو پێشوو جێبەجێ بکەن. بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەماسییە، پەنا دەباتە بەر جێبەجێکردنی فەرمان بە زۆرەملێ، هەڕەشەکردن و بەرتیلدان بەو ئەکتەرانەی کە لە سایەی ئەو گەندەڵییەی سیستەم دروست بوون، بوونەتە هێزی هاوتەریب یان هێزی دەستڕۆیشتوو[ [19]]. بەم شێوەیە، ڕێژیم لە ژیاندا دەمێنێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی توانا بێت شەرعیەتی خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هێزی سەرکوتکردنی لەدەستدایە.
دامەزراوە دادوەری و کارگێڕییەکانیش هەر لە هەمان چوارچێوەدا کار دەکەن. دادگاکان، بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە ناوەند و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە هێلکەی بڕیار وەردەگرن. سیستەمی مامەڵە و خزمەتگوزارییە ئیدارییەکانیش بۆ هاووڵاتیان، لە ڕێگەی میکانیزمە ئیختیاری و نافەرمییەکانەوە کاردەکات. دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و خزمەتگوزارییە گشتیەکان، لە جیاتی ئەوەی لە ئیختیاری یاسا و دامەزراوە بێلایەنە گشتیەکاندا بێت، زۆر جار پەیوەست دەبێت بە دەستوپێوەندی تاکە دەسترۆیشتوە سیاسییەکان، کەسایەتییە نیزامییە پایەبەرزەکان، پیاوانی ئایینی و ئەو تۆڕانەی کە نزیکن لە سەرانی پارێزەری ڕێژیم.
ئەم دۆخە نوێنەرایەتیی تێکچوونی شەرعیەتی ئەخلاقی دەکات. کاتێک یاسا دەبێتە شتێکی ئارەزوومەندانە و جێبەجێکردنی یاسا تەنیا وەک نیشانەی دڵسۆزی یان قازانجی تاکەکەس سەیر دەکرێت، نەک وەک ئەرکێکی گشتی و پابەندییەکی نۆرماتیڤ، دامەزراوەکان دەسەڵاتی ئەخلاقی و نۆرماتیڤی خۆیان لەدەست دەدەن. [[20]]
ئەم سێ ڕەهەندە لە ڕووی تیۆرییەوە جیاوازن، بەڵام لە ڕووی ئەزموونییەوە لێک گرێ دراون. شکستی بەردەوامی کارگێڕی دەتوانێت لە یەک کاتدا هەموویان تێک بدات و قەیرانی شەرعیەتی کەڵەکەبوو بەرهەم بهێنێت. لەم مانایەدا، شەرعیەت نە شتێکی سەربەخۆیە و نە تەنیا دەرئەنجامی ڕای گشتی؛ بەڵکوو بەرهەمی پرۆسەیەکی ڕێکخراوەییە کە لە ڕێگەی کارکردنی دامەزراوەکانەوە دروست دەبێت یان دەڕوخێت.
جیاوازیی شارپف لە نێوان شەرعیەتی پرۆسەیی (throughput) و شەرعیەتی بەرهەمهێنان (output) ئەم پەیوەندییە بە شێوەیەکی ڕوونتر دەردەخات. کاتێک پرۆسەی بڕیاردان شەفافیەت، پێشبینیپەزیری و بێلایەنی لەدەست دەدات، شەرعیەتی پرۆسەیی تێک دەچێت؛ و کاتێک سیاسەتەکان ناتوانن دەرئەنجامی کارا و سەقامگیر بهێنن، شەرعیەتی بەرهەمهێنان هەڵدەوەشێتەوە. لە سیستەمێکی تاکڕەودا کە شەرعیەتی هاتنەژوورەوە (input legitimacy) بە شێوەیەکی ساختە یان سنووردارە، ئەم دوو ڕەهەندە بوونەتە بنەمای سەرەکیی شەرعیەت؛ بۆیە تێکچوونیان کاریگەرییەکی گەورە هەیە.
لەم دۆخەدا، دەسەڵاتی سیاسی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەماسییەی کە لە توانای کارگێڕی دروست بووە، زیاتر پشت بە هێزی سەرکوت دەبەستێت. سەرکوت لێرەدا نەک وەک نیشانەی هێز، بەڵکوو وەک جێگرەوەی حوکمڕانی کارا دەردەکەوێت. هەروەها، ئەم شێوازە بە شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ، خۆی بۆخۆی داڕمانی شەرعیەت خێراتر دەکات؛ چونکە ترس ناتوانێت شوێنی متمانە، و زۆرەملێ ناتوانێت شوێنی یاسا بگرێت.
داڕمانی شەرعیەت لەم نووسینەدا خاڵی دەستپێکی قەیران نییە، بەڵکوو خاڵی کۆتایی پرۆسەیەکی درێژخایەنی شکستی کارگێڕی و دامەزراوەییە. کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە کورتخایەندا لە ڕێگەی سەرکوتەوە کۆنترۆڵی سیاسی پاراستوو بێت، بەڵام ناتوانێت لە بنەڕەتدا شەرعیەتێکی نوێی دامەزراوەیی دروست بکات، بەبێ دووبارە بنیاتنانەوەی توانای حوکمڕانی.
کاتێک سەرکوت جێگەی حوکمڕانی دەگرێتەوە
کاتێک توانای کارگێڕی و دامەزراوەیی دەوڵەت لە جێبەجێکردنی بڕیار، دابینکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی توانای پێشبینی شکست دەهێنێت، دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەردەوامبوون ناچار دەبێت پەنا بباتە بەر ئامرازێکی دیکە. لەم دۆخەدا، سەرکوت جێگای حوکمڕانی ئاسایی دەگرێتەوە. ئەم گواستنەوەیە نە تەنیا تاکتیکییە، بەڵکوو گۆڕانێکی بنەڕەتی لە شێوازی دەسەڵاتداریکردنە: گواستنەوە لە حوکمڕانی لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە بۆ کۆنترۆڵ لە ڕێگەی هێز. ئەگەر ئەم دۆخە لە چوارچێوەی تیۆرییەوە بخوێنرێتەوە، ئەوا بە باشترین شێوە لەگەڵ چەمکی political decay ـی فوکویاما یەک دەگرێتەوە. لە ڕوانگەی فوکویاما، خراپبوونی سیاسی کاتێک ڕوو دەدات کە دامەزراوەکان ناتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بگونجێنن یان لەژێر کاریگەریی قۆرخکاری و تۆڕە دەسەڵاتدارەکانەوە بۆش دەبن.
نموونەیەکی ڕوونی ئەم داینامیکە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 یە، کاتێک بڕیاری لەناکاوی زیادکردنی نرخی بەنزین لە لایەن دەوڵەتەوە بەبێ پرۆسەی شەفاف، گفتوگۆی گشتی یان ئامادەکاری دامەزراوەیی ڕاگەیێندرا. ئەنجامی ئەم بڕیارە، کە لەژێر قەیرانی دارایی و هەڵاوسانی بەرزدا درا، شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی بوو لە زیاتر لە 100 شار. بەپێی لێکۆڵینەوەی رۆیتێرز، هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەدان خەڵکیان کوشت، کە ژمارەی کوژراوان تا نزیکەی 1500 کەس هەڵسەنگێنراوە [[21]].
لە سیستەمە دێموکراتیکەکاندا، ناڕەزایەتییەکان وەک نیشانەی کێشەی حوکمڕانی وەردەگیران و لە ڕێگەی پێداچوونەوە، گفتوگۆ و چاکسازییەکانەوە مامەڵەی لەگەڵیان دەکرێت. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا، بەهۆی لاوازبوونی دامەزراوە کارگێڕییەکان و نەبوونی میکانیزمی چارەسەرکردنی یاسایی، ناڕەزایەتی بووە مەترسییەک بۆ بوونی ڕێژیم. بەم شێوەیە، وەڵامی سیستەم بۆ ناڕەزایەتی گۆڕاوە بۆ سەرکوتی فیزیکی، گرتن، تۆقاندن و کوشتن.
لە ڕوانگەی شارپفەوە، ئەم ڕووداوە نیشان دەدات کە کاتێک دامەزراوە کارگێڕییەکان ناتوانن بڕیارە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی پێشبینیکراو و نۆرماتیڤ جێبەجێ بکەن، سیستەم پەنا دەباتە بەر زۆرەملێ بۆ وەستاندنی ئەنجامی سیاسی. کەواتە، شەرعیەتی پراگماتیک (توانای بەڕێوەبردن) و شەرعیەتی ئەخلاقی (بێلایەنیی یاسا) لە یەک کاتدا تێک دەچن، و سەرکوت دەبێتە جێگرەوەی حوکمڕانی.
ڕێژیم زۆر جار هەوڵ دەدات ناڕەزایەتییەکان بە هۆی هێرشە دەرەکییەکان، دەستوپێوەندی بیانی یان “دوژمن” بناسێنێت. ئەم ستراتیژییە نەک تەنها بۆ هەڵگری بوونی سیاسی بەکاردێت، بەڵکوو بۆ پشکنینی ناوخۆیی و ڕەواندنەوەی هێزی سەرکوت بۆ ناو کۆمەڵگا بەکار دەهێنێ. بەڵام ئەم ڕوونکردنەوەیە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ناڕەزایەتی دەرناخات؛ بە پێچەوانەوە، ناکارامەییی دامەزراوەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئاسایی زیاتر ئاشکرا دەکات.
کاتێک سەرکوت وەک شێوازی سەرەکیی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان دادەنرێت، لەخۆیدا میکانیزمێکی داڕمان دروست دەکات. سەرکوت، هەرچەندە لە کورتخایەندا دەتوانێت ناڕەزایەتییەکان بوەستێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا متمانەی دامەزراوەیی، شەرعیەتی نۆرماتیڤ و توانای کارگێڕیی زیاتر تێک دەدات. بەم شێوەیە، هێزی سەرکوت نابێتە ئامرازێکی چاکسازی، بەڵکوو دەبێتە هۆی خێراتربوونی داڕمانی دامەزراوەیی.
لە ئەم داینامیکەدا، باڵانسی هێز بە شێوەیەکی هێواش، بەڵام بەردەوام، دەگۆڕدرێت. ناوەندە ئەمنییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە دەرەوەی چاودێریی مەدەنی و یاسایی کار دەکەن، ڕۆڵی سەرەکی لە بڕیاردان و جێبەجێکردن دەگرنە دەست. لە جیاتی ئەوەی دامەزراوە مەدەنییەکان بڕیار بدەن، سەرکوت و کۆنترۆڵ دەبنە ئامرازەکانی حوکمڕانی. ئەم گواستنەوەیە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، پارچەپارچەبوونی دامەزراوەیی و جیابوونەوەی دامەزراوەیی زیاتر قووڵ دبێتەوە.
ئەنجامی ئەم دۆخە لە ژیانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەردەکەوێت. کۆمەڵگا، لە جیاتی ئەوەی وەک شەریکێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، وەک مەترسییەک بۆ مانەوەی حوکمڕانی دەبینرێت. هاووڵاتیان لەژێر ترس و تۆقاندنەوەدا ناچار دەبن ڕەفتارەکان و داواکارییەکانی خۆیان بشارنەوە، نەک لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوەکانەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی بێدەنگی، کۆچکردن یان پەنابردنە بەر تۆڕە نافەرمییەکان. بەم شێوەیە، سەرکوت نەک تەنها شەرعیەت دروست ناکات، بەڵکوو پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا دەشکێنێت.
بەم پێشخانە دەکرێت بڵێین، سەرکوت لە کۆماری ئیسلامیدا نە نیشانەی هێزی سیاسییە و نە دەرئەنجامی بوونی حوکمڕانی بەهێز؛ بەڵکوو نیشانەی بێتواناییی سیستەم لە بەکارهێنانی ئامرازە ئاساییەکانی حوکمڕانییە. ئەوەی دەبینرێت بریتییە لە حوکمڕانی بە زۆرەملێ، نەک حوکمڕانی بە دامەزراوە. لەم دۆخەدا، ڕێژیم دەتوانێت بە شێوەیێکی کاتی لە ژیاندا بمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت شەرعیەتێکی نوێ یان توانای کارگێڕی دروست بکات.
لە کۆتاییدا، کاتێک سەرکوت جێگرەوەی حوکمڕانی دەبێت، زنجیرەی داڕمانی دامەزراوەییی داخراو دەبێت: شکستی کارگێڕی → داڕمانی شەرعیەت → پەنا بردن بۆ سەرکوت → خێراتربوونی داڕمانی دامەزراوەیی. ئەم داینامیکە ڕێژیمێک دروست دەکات کە دەسەڵات هەیە، بەڵام حوکمڕانی نییە.
پاوانخوازیی ئیداری
ئێران ئەمڕۆ دەتوانرێت وەک نموونەییەکی دیاریکراوی نەزمی سیاسی وەسف بکرێت کە تێیدا پاوانخوازیی ئیداریی تێپەڕیوی بووە. لەم دۆخەدا، دەسەڵاتی سیاسی و توانای زۆرەملێ بەردەوامن، بەڵام حوکمڕانی بیرۆکراتی ڕووخاوە. دامەزراوە فەرمییەکان هێشتا لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام توانایان بۆ پێکهاتەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاسایی تا ئاستێکی زۆر هەڵوەشاوەتەوە. ڕێژیم کۆنترۆڵی خۆی پاراستووە، بەڵام ناتوانێت ژیانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی یەکگرتوو، پێشبینیکراو و کارا بەرێوە ببات.
ئەگەر ئەم دۆخە لە ڕوانگەی هانا ئارێنتەوە بخوێنرێتەوە، ئەوا دەتوانرێت بە جیاوازییەکەی نێوانpower) و violence) تێ بگەین. ئارێنت لە کتێبی On Violence ـدا دەڵێت، هێز (power) لە ڕێگەی پەیوەندی و ڕێککەوتنی سیاسی دروست دەبێت، بەڵام زۆرەملێ (violence) جێگرەوەی هێز نابێت؛ بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە هێز تێک چووە. لەو سیستەمەی کە سەرکوت بە شێوازی سەرەکیی حوکمڕانی دەگۆڕدرێت، دەسەڵات بە شێوەیەکی فەرمی بەردەوام دەبێت، بەڵام هێزی دامەزراوەیی و شەرعیەت لە ناوەوە دەروخێت.[[22]]
پاوانخوازیی ئیداری لێرەدا بە مانای لاوازبوونی تاکتیکی یان شکستی کاتیی دامەزراوەکان نییە؛ بەڵکوو بریتییە لە دۆخێک کە تێیدا پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەت هێشتا بوونیان هەیە، بەڵام توانای کارکردنیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە بنەڕەتییەکانی حوکمڕانی لەدەست داوە. وەزارەتەکان، دادگاکان و دەزگاکانی ڕێکخستن لە ڕووی ناونیشانەوە بەردەوامن، بەڵام لە ڕووی بڕیار، هەماهەنگی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن پەراوێز خراون.
بە پێچەوانەی ڕژێمە توتالیتارییە کلاسیکییەکان وەک نازییەکان یان یەکیەتیی سۆڤیەتی کە بیرۆکراسییەکی ناوەندی و یەکگرتوو دروست دەکەن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت، لە ئێراندا پێکهاتەی حوکمڕانی لە پارچەپارچەبوونی دامەزراوەیی و زاڵبوونی ناوەندە هاوتەریبەکان پێکهاتووە. ئەم دۆخە لە چوارچێوەی ئارێنتدا دەتوانرێت وەک گواستنەوە لە “institutional rule” بۆ “movement rule” بخوێنرێتەوە؛ یان بە مانای حوکمڕانی بە تۆڕی سیاسی و ئەمنی، نەک دامەزراوەیی. [[23]].
نموونەیەکی ڕوونی ئەم گواستنەوەیە زاڵبوونی سپای پاسدارانە لە بواری ئابووری وسەربازی.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، سپا بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەشێکی گرنگی پڕۆژە ژێرخانییە گەورەکان، گرێبەستی وزە، بەندەرەکان و ئۆپەراسیۆنە گومرگییەکانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەم گواستنەوەیە نەک بە پڕۆسەی شەفاف و کێبڕکێی بازاڕ، بەڵکوو لە ڕێگەی تۆڕی ئەمنی و پاڵپشتی سیاسی ئەنجام دراوە. بەم شێوەیە، وەزارەتە مەدەنییەکان ناونیشانیان پاراستووە، بەڵام بڕیار لە دەرەوەی ئەوان دراوە.
لە ڕوانگەی ئارێنتدا، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سیستەم بەردەوامیی خۆی لە ڕێگەی بیرۆکراسییەکی کارا نەدۆزێتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی تۆڕی نزیک بە دەسەڵات و ڕێکخستنی هێزی زۆرەملێ پاراستووە. ئەمەش هەمان دۆخی “rule by decree” ـە، کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو جێبەجێ دەکرێت، نەک بە شێوەیەکی یەکسان و نۆرماتیڤ.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێژیم بۆ خۆڵکردنە چاوی دەرەوە، بە شێوەیەکی فەرمی هەڵبژاردن، دادگاکان، دەزگاکانی ڕێکخستن و چوارچێوە یاساییەکانی پاراستووە. بەڵام جێبەجێکردنی یاسا لە ئیختیاری ڕێبەر و ناوەندە ئەمنییەکان یان هاوتەریبەکان وەک سپا و ئیتلاعاتدایە[ [24]]. زۆر جار ڕێسا ئابوورییەکان لە ڕێگەی ڕێنماییی تایبەتەکانەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، مۆڵەتەکان بە تۆڕی پاڵپشتیی نافەرمی دەدرێن، و دەرئەنجامە دادوەرییەکان بەپێی ڕێکخستنی سیاسی جیاوازن، نەک بەپێی یاسای کۆدکراو. ئەم شێوازە هەماهەنگی بیرۆکراتی تێک دەدات و نیشانەی گواستنەوەی حوکمڕانییە لە دامەزراوەییەوە بۆ حوکمڕانی ئیختیاری؛ حوکمڕانییەک کە پابەندبوون تێیدا زیاتر بە نزیکی دەسەڵاتەوە پەیوەستە تا پابەندبوون بە ڕێکارە کارگێڕییەکان [[25]]
لە کۆتاییدا، سەرباری بەهێزکردنی توانای سەرکوت، پاوانخوازی ئیداری لە بێتواناییی ڕێژیم بۆ جێبەجێکردنی حوکمڕانی ئاسایی بەڕوونی دەردەکەوێت. هەڵاوسانی بەردەوام، دابەزینی دووبارەی بەهای دراو، کورتهێنانی درێژخایەنی بودجە و شکستی دووبارەبوونەوەی سیستەمی کارەبا، ئاو و خانەنشینی، هەموویان وێنەی ڕێژیمێک نیشان دەدەن کە دەتوانێت ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات، بەڵام ناتوانێت سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەڕێوە ببات [[26]]. مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لەلایەن مامۆستایان، کارمەندانی تەندروستی، خانەنشینان و فەرمانبەرانی شارەوانییەکان، بوونەتە تایبەتمەندییەکی ڕێکوپێکی دیمەنی سیاسیی ئێران؛ ڕەنگدانەوەی شکستی سیستماتیکی لە پێدانی حەقدەست، ئیدارەی بیمەی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان.
کەواتە، پاوانخوازی ئیداری ئەنجامی ئەو زنجیرەیەیە کە لە داڕمانی کارگێڕی دەست پێ دەکات، بە داڕمانی شەرعیەت تێپەڕ دەبێت و لە کۆتاییدا بە سەرکوت و زاڵبوونی ناوەندە ئەمنییەکان کۆتایی دێت. ئەم دۆخە نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی توانای مانەوەی سیاسی هەیە، بەڵام توانای بنیاتنانی نەزمێکی ئیداریی سەقامگیر و درێژخایەن نییە.
لە ئەگەری سەرنەکەوتنی پرۆسەی ڕووخانی ڕێژیم، ئایا رێژیم دەتوانێ شەرعیەتی خۆی بەدەست بێنێتەوە؟
ئەگەر وای دابنێین کۆماری ئیسلامی بتوانێت لە بەرانبەر شۆرشە نێوخۆییەکاندا بەرگە بگرێت و نەڕووخێت، یان هەتا لە ئەگەری هێرشی دەرەکی، بایکۆتی ئابووری و فشارە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام بمێنێتەوە، هێشتا ئەو پرسیارە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە:
ئایا ئەم ڕێژیمە دەتوانێ دووبارە دەوڵەتێکی کارا، سەقامگیر و شەرعی لە ڕووی ئیدارییەوە بنیات بنێتەوە؟
لە ڕوانگەی شیکارییەکانی ئەم وتارەوە، وەڵامی ئەم پرسیارە زیاتر مەنفییە. نەک تەنها بەهۆی نەبوونی ئیرادەی سیاسی، بەڵکوو بەهۆی سنووردارییە بنەڕەتییەکان لە ناوخۆی لۆژیکی حوکمڕانییەکەدا. لە ماوەی نزیکەی پەنجا ساڵی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیدا، یەکە ئیدارییە فەرمییەکان وردەوردە شوێنی خۆیان داوە بە پێکهاتەی دەسەڵاتی نافەرمی، دامەزراوە هاوتەریبەکان و تۆڕەکانی ڕانت. ئەم گۆڕانکارییە نەک تەنیا دەسەڵاتی تاکەکەسییەکان لاواز کردووە، بەڵکوو شێوازی حوکمڕانی خۆشی گۆڕیوە[.[[27] دەوڵەت وەک ناوەندێکی رێکخراو نادیارتر بووە و شوێنی خۆی داوە بە پێکهاتەیێکی پارچەپارچە و داڕماو.
لە وەها دۆخێکدا بووژانەوەی شەرعیەتی ئیداری تەنیا بە چاکسازی تەکنیکی، گۆڕینی مێتۆد یان گەورەکردنی بیرۆکراسی چارەسەر ناکرێ. کێشەکە لە ئاستی ژێرخانەوەیە: ئەو پێکهاتەیەی کە دەبێت بڕیاردەر بێت، بەرپرسیارەتی هەڵبگرێت و جێبەجێکردن بەردەوام بکات بۆخۆی تێک چووە. بۆیە هەموو هەوڵێک بۆ “چاکسازی” لە ناو هەمان لۆژیکی حوکمڕانیدا زۆر جار تەنیا گۆڕینی شێوەیە نەک ناوەرۆک.
دەوڵەتی ئیداری تەنیا لەو کاتەدا دەتوانێت کارا بێت کە دامەزراوەکانی وەک ناوەندە بێلایەن و پیشەییەکان، لە ڕاستای خزمەتکردنی گشتی و یاسادا کار بکەن. لە ئێراندا ئەم سیفەتانە بە شێوەیەکی سیستماتیک لاواز کراون. دادگاکان چیتر وەک ناوەندێکی دادپەروەری سەربەخۆ ناسراو نین، بەڵکوو زۆر جار وەک ئامرازێکی سیاسی و سەرکوتکار لە خزمەت پاراستنی نیزامدا کار دەکەن.
هەروەها، سیستەمی مۆڵەتدان و ڕێکخستن، لە جیاتی ئەوەی وەک خزمەتگوزارییەکی گشتی کار بکات، کەوتووەتە ژێر قۆرخی تۆڕە نافەرمی و دەستوپێوەندە تایبەتمەندەکان، کە بەکارهێنانی دەسەڵات و پەیوەندی بۆ قازانجی دارایی یان سیاسی بەکاردەهێنن[[28]].
بەڕێوەبردنی ئابووری لە ئێراندا زیاتر لەسەر بنەمای کاردانەوەی کاتی و هەڵسەنگاندنی بەپەلەی دۆخەکانە، نەک پلاندانانی ستراتیژیی درێژخایەن. بڕیارە داراییەکان بە شێوەیەکی تایبەتی و نافەرمی دەدرێن و زۆرجار هیچ ئامانجی ڕوون، پلانێکی سیستماتیک یان چوارچێوەیەکی دیاریکراوی پشتەوەیان نییە.
بۆیە دەکرێ بڵێین ئەوەی پێویستە، بنیاتنانەوەی نۆرمە ڕێکخراوەییەکانە، دارشتنەوەی پێکهاتەی دامەزراوەیی و گەڕاندنەوەی سەروەری بڕیاردان بۆ یەکە ئیدارییەکان و بۆ دادگاکان ئەو سەروەرییەی کە ماوەیەکە لەناوچووە.
کاتێک ڕانت و دۆستایەتی شوێنی دێموکراسی دەگرێتەوە، کاتێک حوکمڕانی یاسایی جێگای حوکمڕانی تایبەتمەند دەگرێتەوە، و کاتێک بیرۆکراسی پیشەیی بە لۆژیکی ئەمنی دەگۆڕدرێت، دینامیکییەکی خۆبەهێزکەر دروست دەبێت کە لاوازبوونی دامەزراوەیی خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە.
بۆیە هەوڵەکان بۆ سەقامگیری لەناو ئەم سیستەمەدا زۆرجار فۆڕمی هێمادار یان سەرکوتکەرانەیان هەیە. قەیرانە ئیدارییەکان نەک بە چاکسازیی پێکهاتەیی، بەڵکوو بە ڕێوشوێنی کاتی، فەرمانی بەپەلە یان زۆرەملێ وەڵام دەدرێنەوە. ئەم شێوازە ڕەنگە لە کورتخایەندا ڕێکوپێکی دروست بکات، بەڵام توانای ئیداریی دەوڵەت ناگەڕێنێتەوە؛ بە پێچەوانەوە، پشتبەستن بە چارەسەرە نافەرمییەکان لاوازبوونی ئەو دامەزراوانە خێراتر دەکات کە پێویستیان بە دووبارە بنیاتنانەوە هەیە.
بەدەستهێنانەوەی شەرعیەت لە بواری ئیداری و پیشەیییەوە پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم پێکهاتانە هەیە: ئابووری، ئەمنی، ئیداری و قەزایی. ئەمەش بە مانای دابەشکردنەوەی دەسەڵات، سەرچاوە و جیاوکەکان (ئیمتیازات) دوور لەو تۆڕانەیە کە ئێستا پشتەوانەی سەرەکیی ڕێژیمن—وەک ئەم شتێکەش، بۆ خودی ڕێژیم، مەترسییەکی بنەڕەتییە.
لەوانەیە ڕێژیم بتوانێت لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ، چاودێری و سەرکوتکردنی خەڵکەوە بەردەوام بمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێک کە خاوەنی نەزمێکی ئیداریی بێلایەن، پیشەیی و شەرعی بێت. بەکورتی، درێژکردنەوەی سیاسی ئەگەر مومکینیش بێت، بەڵام ئاساییکردنەوەی ئیداری ڕوو نادات.
بەم پێیە، داهاتووی ئەم نیزامە نەک لە “دووبارەبوونەوە” بە مانای کلاسیکییەکەی، بەڵکوو لە قووڵبوونەوەی دۆخی دەسەڵات بەبێ ئیدارەدا دەبینرێت:
دەسەڵات بەبێ حوکمڕانی، کۆنتڕۆڵ بەبێ نەزم، و سەقامگیری بەبێ شەرعیەت.
ئەم بارودۆخە ڕەنگە بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت، بەڵام ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ نەزمێکی دەوڵەتی بەردەوام، بەبێ پچڕانی بنەڕەتی لەگەڵ ئەو پێکهاتانەی کە داڕمانەکەیان بەرهەمهێناوە.
دەرەنجام
ئەم وتارە قەیرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی دامەزراوەیی و ئیدارییەوە شی کردووەتەوە، نەک ناجێگیریی سیاسیی کاتی یان کەمبوونەوەی شەرعیەتی جەماوەری. کێشەکانی ڕێژیم پێکهاتەیی و درێژخایەنن و ڕەگیان لە داڕمانی سیستماتیکی توانای ئیداری و دامەزراوەیی دەوڵەتدا هەیە؛ داڕمانێک کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێژیمەوە دەستی پێ کردووە و بە تێپەڕبوونی کات قووڵتر بووە.
دەوڵەت، بەهۆی سیاسیکردنی بیرۆکراسی، پارچەپارچەبوونی بڕیار و دروستکردنی پێکهاتەی دەسەڵاتی هاوتەریب، توانای حوکمڕانی لە ڕێگەی دامەزراوە بنەمادار، یاسایی و پێشبینیکراوەکانەوە لەدەست داوە. دامەزراوە فەرمییەکان هێشتا لە ڕووی ناونیشان و بوونەوە بەردەوامن، بەڵام لە ڕووی کردەوە سەربەخۆیی، هەماهەنگی و دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان نییە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەوڵەت چیتر وەک سیستەمێکی ئیداریی یەکگرتوو کار ناکات، بەڵکوو وەک تۆڕێک لە ناوەندی دەسەڵاتی نافەرمی کار دەکات کە بەرپرسیارێتی و حوکمڕانی لەناویدا هەڵدەوەشێتەوە.
بەکورتی، ئەم هەڵسەنگاندنە بەو ئەنجامە دەگات کە قەیرانی شەرعیەتی ڕێژیم هۆکاری لاوازبوونی دامەزراوەیی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ئەو لاوازبوونەیە. کاتێک دەوڵەت توانای پێشکەشکردنی حوکمڕانی بنەڕەتی، دڵنیایی یاسایی و هەماهەنگی کۆمەڵایەتی لەدەست دەدات، شەرعیەت لە هەموو ڕەهەندەکاندا تێک دەچێت. بەم پێیە، زیادبوونی پشتبەستنی ڕژێم بە سەرکوت وەک نیشانەی هێز تێ ناچێت، بەڵکوو وەک جێگرەوەیەک بۆ توانای ئیداری و دامەزراوەییی لەدەستچوو دەردەکەوێت.
دەرئەنجامەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێکی ڕاگوزەری کاتیدا نییە، بەڵکوو لە دۆخی داڕمانی دامەزراوەییی پێشکەوتوودایە. هەرچەند ڕێژیم دەتوانێت لە کورتخایەندا لە ڕێگەی زۆرەملێیەوە کۆنترۆڵی سیاسی بپارێزێت، بەڵام مەرجەکانی حوکمڕانی دەوڵەتی درێژخایەن و بەردەوامی بوونی نییە. بەم مانایە، وتارەکە ئاماژە بە پرۆسەیەک دەکات کە تێیدا دەسەڵات بەبێ دەوڵەتێکی کارا بەردەوام دەبێت.
مانەوەی ڕژێم، کە بەستراوەتەوە بە ناوەندە ئەمنییەکان و یەکە ئیدارییە قۆرخکراوەکان، ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی لە بنەڕەتەوە ڕێک بخاتەوە. ڕەنگە کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی زۆرەملێ بۆ ماوەیەک بتوانێت خۆی بسەپێنێت، بەڵام ناتوانێت نەزمێکی ئیداری سەقامگیر بنیات بنێت، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە لێکبەستراوە ئەمنییەتی و سیاسییەی کە خۆی بناغەی ئەم داڕمانە بوون.
سەرچاوەکان
[1]: Weber, M. (1978). Economy and society: An outline of interpretive sociology (G. Roth & C. Wittich, Eds.; E. Fischoff et al., Trans.). University of California Press. (Original work published 1922) World Bank. (2024). Worldwide governance indicators.
https://www.worldbank.org/en/publication/worldwide-governance-indicators
[2]: Suchman, M. C. (1995). Managing legitimacy: Strategic and institutional approaches. Academy of Management Review, 20(3), 571–610.
https://doi.org/10.5465/amr.1995.9508080331
[3]: Scharpf, F. W. (1999). Governing in Europe: Effective and democratic? Oxford University Press, 1999).
Governing in Europe – Paperback – Fritz Scharpf – Oxford University Press
[4]: Meyer, J. W., & Rowan, B. (1977). Institutionalized organizations: Formal structure as myth and ceremony. American Journal of Sociology, 83(2), 340–363.
https://doi.org/10.1086/226550
[5]: DiMaggio, P. J., & Powell, W. W. (1983). The iron cage revisited: Institutional isomorphism and collective rationality in organizational fields. American Sociological Review, 48(2), 147–160. https://doi.org/10.2307/2095101
[6]: Joel S. Hellman, Geraint Jones, and Daniel Kaufmann, “Seize the State, Seize the Day: State Capture, Corruption, and Influence in Transition,” World Bank Policy Research Working Paper no. 2444 (2000).
Open Knowledge Repository
[7]: Bo Rothstein and Jan Teorell, “What Is Quality of Government? A Theory of Impartial Government Institutions,” Governance 21, no. 2 (2008): 165–190.
What Is Quality of Government? A Theory of Impartial Government Institutions – ROTHSTEIN – 2008 – Governance – Wiley Online Library
[8]: Francis Fukuyama, Political Order and Political Decay: From the Industrial Revolution to the Globalization of Democracy (New York: Farrar, Straus and Giroux, 2014).
Review: Political Order and Political Decay: From the Industrial Revolution to the Globalization of Democracy by Francis Fukuyama on JSTOR
[9]: Abrahamian, Ervand, The Coup: 1953, the CIA, and the Roots of Modern U.S.–Iranian Relations. New York: The New Press, 2013.
[10]: Harris, Kevan. 2013. “The Rise of the Subcontractor State: Politics of Pseudo-Privatization in the Islamic Republic of Iran.” International Journal of Middle East Studies 45 (1): 45–70.
THE RISE OF THE SUBCONTRACTOR STATE: POLITICS OF PSEUDO-PRIVATIZATION IN THE ISLAMIC REPUBLIC OF IRAN | International Journal of Middle East Studies | Cambridge Core
[11]: Revolutionary Guards buy 51% stake in Iran’s telecommunications company.” The Guardian, October 7, 2009.
Revolutionary Guards buy 51% stake in Iran’s telecommunications company | Iran | The Guardian
[12]: Ali Alfoneh, Iran Unveiled: How the Revolutionary Guards Are Transforming Iran from Theocracy into Military Dictatorship (Washington, DC: AEI Press, 2013), 87–112.
[13]: Stecklow, Steve, Babak Dehghanpisheh, and Yeganeh Torbati.
“Assets of the Ayatollah: The Economic Empire Behind Iran’s Supreme Leader.” Reuters Investigates, November 11, 2013.
Reuters Investigates – Assets of the Ayatollah
[14]: Joel S. Hellman, Geraint Jones, and Daniel Kaufmann, “Seize the State, Seize the Day: State Capture, Corruption, and Influence in Transition,” World Bank Policy Research Working Paper no. 2444 (2000).
Open Knowledge Repository
[15]: International Monetary Fund. World Economic Outlook Database: Inflation, Iran. April 2025.
World Economic Outlook Database, April 2025
[16]: “Protesters Demand Their Deposits From Credit Institutions.” Radio Farda, May 30, 2017.
Protesters Demand Their Deposits From Credit Institutions
[17]: E. Tamassoki, J. Momeni Damaneh, and S. M. Tajbakhsh Fakhrabadi, “Analysis of Natural Resource Governance in Iran Based on the NRGF Framework,” Water Harvesting Research 8, no. 1 (2025): 141–162
Identifying Key Drivers of Watershed Governance within the Hydropolitical Context of the Harirud River
[18]: Rothstein, Bo, and Jan Teorell, “What Is Quality of Government? A Theory of Impartial Government Institutions.” Governance 21, no. 2 (2008): 165–190.
[19]: Gerschewski, J. (2013). The three pillars of stability: Legitimation, repression, and co-optation in autocratic regimes. Democratization, 20(1), 13–38.
https://doi.org/10.1080/13510347.2013.738860
[20]: Max Weber, Economy and Society: An Outline of Interpretive Sociology,
ed. Guenther Roth and Claus Wittich. (Berkeley: University of California Press, 1978), 956–958.
[21]: Reuters. “Special Report: Iran’s Leader Ordered Crackdown on Unrest – ‘Do Whatever It Takes to End It’.” December 23, 2019.
Special Report: Iran’s leader ordered crackdown on unrest – ‘Do whatever it takes to end it’ | Reuters
[22]: Arendt, Hannah. On Violence. New York: Harcourt, Brace & World, 1970.
[23]: Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism (New York: Harcourt, Brace & Company, 1951), chap. 10.
[24]: Ervand Abrahamian, Iran Between Two Revolutions (Princeton: Princeton University Press, 1982), chap. 9.
[25]: John W. Meyer and Brian Rowan, “Institutionalized Organizations,” American Journal of Sociology 83, no. 2 (1977): 340–363.
[26]: International Monetary Fund, Islamic Republic of Iran: Staff Report for the Article IV Consultation (Washington, DC: IMF, 2023).
[27]: Ervand Abrahamian, Iran Between Two Revolutions (Princeton: Princeton University Press, 1982), chap. 8.
[28]: Ali Alfoneh, Iran Unveiled (Washington, DC: AEI Press, 2013), 101–135.
[1]Weber, M. (1978). Economy and society: An outline of interpretive sociology (G. Roth & C. Wittich, Eds.; E. Fischoff et al., Trans.). University of California Press. (Original work published 1922)
[2]Mark C. Suchman, “Managing Legitimacy: Strategic and Institutional Approaches,” Academy of Management Review 20, no. 3 (1995): 571–610.
[3] Fritz W. Scharpf, Governing in Europe: Effective and Democratic? (Oxford: Oxford University Press, 1999).
[4] John W. Meyer and Brian Rowan, “Institutionalized Organizations: Formal Structure as Myth and Ceremony,” American Journal of Sociology 83, no. 2 (1977): 340–363.
[5] Paul J. DiMaggio and Walter W. Powell, “The Iron Cage Revisited: Institutional Isomorphism and Collective Rationality in Organizational Fields,” American Sociological Review 48, no. 2 (1983): 147–160.
[6] Joel S. Hellman, Geraint Jones, and Daniel Kaufmann, “Seize the State, Seize the Day: State Capture, Corruption, and Influence in Transition,” World Bank Policy Research Working Paper no. 2444 (2000).
[7] Bo Rothstein and Jan Teorell, “What Is Quality of Government? A Theory of Impartial Government Institutions,” Governance 21, no. 2 (2008): 165–190.
[8] Francis Fukuyama, Political Order and Political Decay: From the Industrial Revolution to the Globalization of Democracy (New York: Farrar, Straus and Giroux, 2014).
[9] Abrahamian, Ervand, The Coup: 1953, the CIA, and the Roots of Modern U.S.–Iranian Relations.
New York: The New Press, 2013.
[10] Kevan Harris, “The Rise of the Subcontractor State: Politics of Pseudo-Privatization in the Islamic Republic of Iran,” International Journal of Middle East Studies 45, nr. 1 (2013): 45–70
[11] Revolutionary Guards buy 51% stake in Iran’s telecommunications company, The Guardian, October 7, 2009,
[12] Ali Alfoneh, Iran Unveiled: How the Revolutionary Guards Are Transforming Iran from Theocracy into Military Dictatorship (Washington, DC: AEI Press, 2013), 87–112.
[13] Steve Stecklow, Babak Dehghanpisheh, and Yeganeh Torbati, “Assets of the Ayatollah: The Economic Empire Behind Iran’s Supreme Leader,” Reuters Investigates, November 11, 2013
[14] Joel S. Hellman, Geraint Jones, and Daniel Kaufmann, “Seize the State, Seize the Day: State Capture, Corruption, and Influence in Transition,” World Bank Policy Research Working Paper no. 2444 (2000).
[15] International Monetary Fund, World Economic Outlook Database: Inflation (Iran), April 2025.
[16] “Protesters Demand Their Deposits From Credit Institutions,” Radio Farda, May 30, 2017.
[17] E. Tamassoki, J. Momeni Damaneh, and S. M. Tajbakhsh Fakhrabadi,
“Analysis of Natural Resource Governance in Iran Based on the NRGF Framework,”
Water Harvesting Research 8, no. 1 (2025): 141–162.
[18] Rothstein, Bo, and Jan Teorell, “What Is Quality of Government? A Theory of Impartial Government Institutions.” Governance 21, no. 2 (2008): 165–190.
[19] Gerschewski, Johannes, “The Three Pillars of Stability: Legitimation, Repression, and Co-optation in Autocratic Regimes.” Democratization 20, no. 1 (2013): 13–38.
[20] Max Weber, Economy and Society: An Outline of Interpretive Sociology,
ed. Guenther Roth and Claus Wittich. (Berkeley: University of California Press, 1978), 956–958.
[21] Special Report: Iran’s Leader Ordered Crackdown on Unrest – ‘Do Whatever It Takes to End It’,” Reuters, December 23, 2019.
[22] Hannah Arendt, On Violence (New York: Harcourt, Brace & World, 1970), 44–56.
[23] Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism (New York: Harcourt, Brace & Company, 1951), chap. 10.
[24] Ervand Abrahamian, Iran Between Two Revolutions (Princeton: Princeton University Press, 1982), chap. 9.
[25] John W. Meyer and Brian Rowan, “Institutionalized Organizations,” American Journal of Sociology 83, no. 2 (1977): 340–363.
[26] International Monetary Fund, Islamic Republic of Iran: Staff Report for the Article IV Consultation (Washington, DC: IMF, 2023).
[27] Ervand Abrahamian, Iran Between Two Revolutions (Princeton: Princeton University Press, 1982), chap. 9.
[28] Ali Alfoneh, Iran Unveiled (Washington, DC: AEI Press, 2013), 101–135.
وتارەکانی تر
Nothing Found



