گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
رەحیمی تەها : سیکۆلاریزم و یەکێتیی نەتەوەیی.گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
تەها ڕەحیمی: سیکۆلاریزم و یەکێتیی نەتەوەیی.
لە سەدەی حەڤدەیەمدا، کاتێک ئەورووپا پاش زەبروزەنگی سەدەکانی ناوەڕاست و دەسەڵاتی ئایین پشوویەکی دێتەوە بەر خۆ، سیستەمی سیاسی، بەڕێوەبەری، کۆمەڵایەتی و هتد، گۆڕانیان بەسەردا دێت و لە کۆتاییدا لە پەیمانی وێستفالی (١٦٤٨)، دان بە لەدایکبوونی چەمکێکی تازەدا دەنرێت کە نەزمی جیهانی لەسەر بنیات دەنرێت، ئەویش «نەتەوە-دەوڵەت»ـە. لە ڕاستیدا سیستەمی باج و بەڕێوەبەریی پێکهاتەی سیاسی، هەست بە یەکدەستکردنی زمانی، وێژمانی، ئابووری، سەربازی و تەنانەت ئایینیی حەشیمەتی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش سیستەمی پەروەردەی وڵات وەک کارگەیەک دەست دەکات بە پەروەردەکردنی هاووڵاتی (Citizen) بۆ دەوڵەت؛ واتە لێرەدا ئەم شێوە تازەیە لە پێکهاتە و بەڕێوەبەریی سیاسی، پێویستی بە تاکی تایبەت هەیە، چونکە ئایدیا و بنەماکەی ناتوانێت چیدی پشت بە نەوە کۆنەکەی پێش بەدیهاتنی خۆی ببەستێت، بەڵکوو تاک و کەسایەتیی هاوشانی ئیدە و دوورەدیمەنەکانی خۆی گەرەکە. یەکێک لەم پێوەرە تایبەتییانەی لە پەروەردەی تاک و کەسایەتیی هاووڵاتیبوونیدا بۆ دەوڵەت-نەتەوە ڕۆڵی گێڕاوە بۆ یەکخستنی ڕۆحی هاووڵاتییانی دەوڵەتە جیاوازەکان، سیکۆلاریزمە.
تەلال ئەسەد دەڵێت: سیکۆلاریزم، دۆکتراینی سیاسیی ئەورووپا و ئەمریکای مۆدێرنە کە پێی وایە دەبێت ئایین لە دامودەزگای دەسەڵات و بەڕێوەبەریی حکوومەت جیا بکرێتەوە. تەلال دەڵێت: سیکۆلاریزم تەنیا دژکردەوەیەکی ڕووناکبیری بۆ پێکهەڵکردنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی سەقامگیر نییە، بەڵکوو دووبارە پێناسەکردنەوەی تاکە و تێپەڕینە لەو جیاوازییانەی بە چین، ڕەگەز (Gender) و ئایینەوە بەستراونەتەوە. تەلال ئاماژە بەوە دەکات کە سیکۆلاریزم بە واتای سڕینەوەی ئایین لە کۆمەڵگەی دەوڵەت-نەتەوەکاندا نییە، بەڵکوو ڕێژەی دەسڕۆیشتوویی ئایین بەپێی کۆمەڵگە جیاوازەکان وەک ئەمریکا یان فەڕەنسا دەگۆڕێت. هەروەها ئەگەر سیکۆلاریزم پتەوکردنی پێکهەڵکەریی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بێت، دواتر تێپەڕینە لە هەموو جیاوازییە تاکەکەسی و گرووپییەکان لەپێناو یەکخستنی گشتی. یەکخستنی گشتی (هاووڵاتییان و هاووڵاتیبوون) پێویستی بە پێناسەیەکی بێلایەن هەیە (Talal, 2003). لێرەوەیە سیکۆلاریزم یارمەتیمان دەدات پێناسەیەکی گشتیی بەرزتر لە بەستراوەییی ئایینی و گرووپی، گشتگیر بکرێت. ئەم پێناسە بێلایەنە لە کۆمەڵگە فرەئایینییەکاندا زۆر گرنگە، چونکە لایەنگری لە هەر ئایین یان ئایینزایەک، دەتوانێت دووبەرەکی و کەلێنی کۆمەڵ و گرووپە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە قووڵ بکاتەوە.
هەروەها بوچارت ماریان و هاوکارانی پێیان وایە سیکۆلاریزم پڕۆسەیەکە تێیدا ئایین بەرەبەرە دەسڕۆیشتووییی خۆی لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لە دەست دەدات و دەچێتە نێو خانەیەکی بوونناسی و مەعریفەتناسیی تایبەتەوە. بە واتایەکی دیکە؛ ئایین لە بیاڤی گشتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بیاڤێکی ئەبستراکت و پشتی ئیرادەی سیاسی یان ئەو پانتاییەی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی کە دەوڵەت لەو پانتاییەدا خەڵک وەک گشتێکی یەکدەست دەبینێت. بوچارت و هاوڕێکانی هەروەها پێیان وایە سیکۆلاریزم ڕێژیمێکی زانستی-مەعریفەتییە کە زەینی تاکەکان لەمەڕ بابەتە جۆراوجۆرەکانی ژیان هەڵدەشێلێتەوە. لێرەوە ئایین وەک بابەتێکی نوێی مێژوویی دووبارە هەڵدەچنرێتەوە و وەک بژاردەیەکی بڕوامەندیی تاکەکەسی دەیبینێت کە لە کاتی بێکاریدا یان هەندێک بۆنەی کۆمەڵایەتیدا زەق دەبێتەوە (Burchardt, Wohlrab-Sahr, & Middell, 2015).
بەم پێیە، سیکۆلاریزم هەڵکەندن یان لاوازکردنی بەستراوەیی ئایینییە بە پێناسەیەکی گشتگیرتر، کە تێیدا ڕۆحی گشتیی کۆمەڵگە بەرجەستەیە و تاک وێنای لە خۆی و ئەوانی وەک خۆی (Imagined Community) لەسەر ئایین بنیات نانێت، بەڵکوو ئەو ڕێژیمە زانستی-مەعریفەتییەی کە سیکۆلاریزم دایگرتووە، سنوورەکانی نەتەوەیی بۆ دیاری دەکات.
بۆ وێنە؛ هیندستان کە بە وڵاتی چەند نەتەوە و چەند ئایین ناسراوە، ئەگەر دەوڵەت لەسەر گرنگیدانی زیاتر بە هەر کام لەو ئایینانەی لە وڵاتدا هەن کاروباری بەڕێوەبەری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی ڕێک بخات، دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی لە دەوڵەت نامۆ ببێت و بەشێکی یەکجار زۆری هاووڵاتییان خۆیان لە وێژمانی سیاسیی دەوڵەتدا نەبیننەوە. ئەمەش دواجار دوورکەوتنەوە و جیابوونەوەی بەدوادا دێت؛ چونکە لە بنەڕەتدا ئەم نامۆییە، ڕوانگەی جیاواز و بەدوای ئەودا پێناسی جیاواز دروست دەکات کە لای تاک «من و ئێمە» و «ئەو و ئێوە» دروست دەکات. بەڵام ئەگەر بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبەری لەسەر ئەو ڕێژیمە زانستییە بێت کە سیکۆلاریزم پەرەی پێ دەدات، ئیدی دەوڵەت و حکوومەت یان تەنانەت ئەو پێناسە و وێژمانەی دەوڵەت هەڵیدەگرێت، تاک خۆی تێدا دەبینێتەوە و دەبێت بە بەشێک لەو، کە لە بنەڕەتدا ئەوە ویستی کۆتایی دەوڵەتە بۆ ئەوەی تاک خۆی بە بەشێک لەو «کۆمەڵگە وێناکراو»ە بزانێت و ئەو کۆمەڵگە وێناکراوەش بە هی خۆی بزانێت. سیکۆلاریزم لێرەدا تەنیا بەشداریی سیاسی یان لە فۆرمدانی تاک نییە بۆ دەوڵەت، بەڵکوو یەکسانی و کەمکردنەوەی نادادپەروەریشی لێ دەکەوێتەوە؛ چونکە ئیدی ئایین یان هەر چەشنە جیاوازییەکی دیکە سەرەتای بەشدارکردنی تاک نییە لە کاروباری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بەڵکوو سیکۆلاریزم هەنگاو بە هەنگاو بەستێنی شایستەسالاری دەڕەخسێنێت. چونکە پەیوەندیی تاکەکان، کۆمەڵگە و دەوڵەت لەسەر ناسنامەیەکی هاوبەش ڕێک دەخرێت و ئەم ناسنامەیە وەک ڕێکخراو و دامەزراوەیەک جێگیر دەبێت کە گشت پێکهاتەکان لەخۆ دەگرێت و دەگوازرێتەوە بۆ ڕێژیمە زانستی-مەعریفەتییەکەی سیکۆلاریزم. بۆ وێنە لە کێشەی نێوان پاکستان و هیندستاندا لەسەر کشمیر، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی خەڵکی ناوچەکە موسڵمانن و ئایینی فەرمیی پاکستانیش ئیسلامە، نابێت بەهۆی ئەوەی موسڵمانی هیندستان خۆی لە وێژمانی پاکستانیدا بدۆزێتەوە.
دیارە نابێت لە بیرمان بچێت ئەم چەمکە وەک هەموو بابەتێکی سیاسیی دیکە، کاریگەریی پێگە، هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکی و دۆخی سیاسیی لەسەر دەبێت. بۆ وێنە ئەگەر سەرنج بدەین بە ڕووداوی سیاسیی کۆمارەکانی پاش یەکێتیی سۆڤیەت سەبارەت بە پرسی پێناسەکردنەوەی نەتەوەیی، دەبینین هەندێکیان ئایین دەکەن بە ئایدیۆلۆژیای حکوومەت بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕەقیب یان هاوشانی هەڵکەوتووییە جیۆپۆلیتیکییەکانیان؛ بۆ نموونە ئازەربایجان و ئەرمەنستان کە کێشەی سنوورییان هەیە. ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ گوتارە ناوخۆییەکان دەبینرێت کە ئۆتۆریتەی ئایینی بە بنەما دەگرن، تاکوو لە هەژموونی گوتاری کۆمۆنیزم لەمەڕ دیاردەی نەتەوە و پرسی جیۆپۆلیتیک تێپەڕن. ڕوانگەی کۆمۆنیزم لەمەڕ ئایین کە لە یەکێتیی سۆڤیەتدا بە ناوی سیکۆلاریزم پێناسە دەکرا، لە ڕاستیدا دژایەتیکردن لەگەڵ ئایین بوو. کۆوالێوسکی پێی وایە دژایەتیکردنی یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ ئایین، بۆ بەهێزکردنی کۆمۆنیزم بوو تاوەکوو نەزم و سیستەمی بەر لە کۆمۆنیزم بسڕێتەوە؛ چونکە کۆمۆنیزم ئایینی وەک ئامرازی چینی بۆرژوا تێبینی دەکرد بۆ سەرکوت و گەمژاندنی چینی کرێکار (Kowalewski, 1980). ئەم دژایەتیکردنەی یەکێتیی سۆڤیەت نەک ئایینی لە کۆمەڵگەدا نەسڕییەوە، بەڵکوو یەکەم ناوەند و گرووپە دژبەرەکانی دژە کۆمۆنیزم لە هەناوی کۆمەڵگەدا گووراند و وەک کۆوالێوسکی دەڵێت: کۆمەڵگە و تاکەکانی هان دەدا لە هەناوی ئاییندا بەدوای مافە زەوتکراوەکانیاندا بگەڕێن (ibid).
یەکێک لە هەرە نموونە سەرکەوتووەکانی سیکۆلاریزم بۆ نەتەوە و نەتەوەسازی، نموونەی «لائیسیتە»ی فەڕەنسایە. ئیان بیرچال دەڵێت کە پڕۆژەی پەروەردەییی فێری (Ferry)، بە لابردنی پێکهاتەی ئایینی و جێگیرکردنی باری «ڕەوشتی و مەدەنی» لە پەروەردەدا، ناسنامەی فەڕەنسیی بەهێز کرد و بوو بە هۆی ئەوەی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێز پەروەردە بکرێت (Birchall, 2015). جیاکردنەوەی کەنیسە و دەوڵەت گەورەترین خزمەتی بە گەشەی فەڕەنسا کرد. دیارە لائیسیتە وەک ئەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت ڕووی دا بە واتای دژایەتیی ئایین نەبوو، بەڵکوو ئایینی لە بیاڤی گشتی و بەتایبەتیش سیاسەتەوە بۆ بابەتێکی تاکەکەسی گواستەوە؛ چونکە پێویست بوو چینی خوارەوەی کۆمەڵگە کاروباری حکوومەت ڕاپەڕێنێت و دژایەتیکردن لەگەڵ ئایین دەیتوانی قەڵشتی نێوان دەوڵەت و بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگە بەرینتر بکات. سیستەمی پەروەردەی کەنیسە پێش شۆڕشی فەڕەنسا هەوڵی دەدا کەسایەتیی هاووڵاتی بەپێی تایبەتمەندی و ئەجێندای خۆی پەروەردە بکات، هەر بۆیە دەوڵەتیش پێویست بوو بەم جۆرە لە سیستەمی پەروەردە بڕوانێت. هەر لێرەوەش وێژەمانی سیستەمی پەروەردە لە ژێر کاریگەریی لائیسیتەدا دەگۆڕدرێت بۆ وێژەمانێکی نیشتمانپەروەرانە کە تێیدا ئەم ڕوانگەیە ڕەنگ دەداتەوە: «فەڕەنسام بەقەد دایک و باوکم خۆش دەوێت، بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بسەلمێنم، دەبم بە تاکێکی خاوەن ڕەوشت و کۆڵنەدەر تاوەکوو لە کاتی گەورەبوونم ببم بە هاووڵاتییەکی باش و سەربازێکی ئازای ئەم وڵاتە» (ibid).
بە گشتی دەبینین کە بە چ چەشنێک پەروەردەی ئایینی لە هەناوی وانەکانی سیستەمی پەروەردەدا دەر دەهاوێژرێت و ئەو توخمانەی پێ زیاد دەکرێت کە هەستی هاونیشتمانیبوون بەرز دەکەنەوە. دیارە دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت فەڕەنسا مەکۆی پێکدادانی گرووپ و پێکهاتە ئایینییە جۆراوجۆرەکانە و هەروەتر ململانێی میر و پاشا و پاپ و پیاوانی ئایینی بووە. ئەگەر فەڕەنسای نوێ وەک نەتەوە-دەوڵەت ئەم پرەنسیپەی ڕەچاو نەکردبا، لەوانەیە کەلێنە قووڵەکانی نێو کۆمەڵگەی فرەزمان، زار و ئایینزای فەڕەنسا بۆ وێک نەخرابایەوە. بە هەر حاڵ، ئامانجی ئەم وتارە زەقکردنەوەی ئەم بابەتەیە کە چۆناوچۆن سیکۆلاریزم دەتوانێت وێنایەکی گشتی بە کۆمەڵگە ببەخشێت، بەبێ ئەوەی جیاوازییەکانی ئەوان بسڕێتەوە یان دژایەتییان بکات.
هەر لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵ دەدەم بەکورتی ئاماژە بە چۆنایەتیی دۆخی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم. بە چاوخشاندنێک بە مێژووی کوردستاندا، بە ڕوونی دیارە کە بزاڤی مافخوازیی کورد بەر لە دامەزرانی حیزب، لەسەر شانی حوجرە و پیاوانی ئایینی بەڕێوە دەچوو؛ لە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە (١٨٨٠-١٨٨١) بگرە هەتا شێخ عەبدولسەلامی بارزانی (١٩٠٨-١٩١٤)، شێخ مەحموودی حەفید (١٩١٩-١٩٢٤)، شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥) و سەید ڕەزای دەرسیم (١٩٣٧-١٩٣٨)، هەمووی لە لایەن پیاوانی ئایینی و توێژی ئیماندارەوە ڕێبەرایەتی و ڕێک خراوە. تەنانەت کۆماری کوردستان و ڕۆڵی هەرە بەرزی قازی محەممەد وەک کەسایەتییەکی ئایینی بەرز نرخاوە. بەم حاڵەشەوە قەت ئەم شۆڕشانە و پاش ئەوانیش، بزاڤەکانی کوردستان ڕەنگی ئایینییان بە خۆوە نەگرت و هەمیشە سیکۆلار مانەوە. لە لایەکی دیکەشەوە پێکهەڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکان لە کوردستان، تۆلێرانسی بەرزی کۆمەڵگەی کوردی نیشان دەدات و پێمان دەڵێت خودی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی سیکۆلارە. بزاڤی کوردستانی لە هەموو پارچەکان هەتا ئێستا سیاسەتێکی سیکۆلاریان ڕەچاو کردووە و بەدەگمەن دەبینین حیزبی ئایینی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ببێت بە هەژموون. دیارە نابێت لەبیرمان بچێت هاتنی شەپۆلەکانی ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی بۆ کوردستان کە نەیاران زۆریان هەوڵ دەدا لە کوردستاندا جێی بکەنەوە، جاروبار ڕووکردی بەشێک لە حیزبەکانی گۆڕیوە تاوەکوو هەستی ئایینی بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی کۆمەڵگە بەکار بهێنن. لەم ساڵانەی دواییدا، حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان بەبۆنەی جەژن و بۆنە ئایینی و ئایینزاییەکانەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێشبڕکێی پەیام و پیرۆزباییان کردووە، کە نیشان دەدات عەقڵی سیاسیی کورد دەیەوێت بە زەقکردنەوەی جیاوازییە ئایینییەکان، لایەنگری زیاتر بۆ لای خۆی ڕاکێشێت. ئەم بابەتە دەتوانێت ئێمە لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی سیکۆلاریزم بێبەش بکات و کۆمەڵگە بەرەو چەندجەمسەری ببات. هەڤڕکێی حیزبی چ لە پارچە ئازادکراوەکان و چ لە پارچە داگیرکراوەکان، دابەشینی هێز و وزەی کوردستانی لەم سۆنگەیەوە دابەشینی ناوخۆیی لەسەر ئاستی ئایینیشی لێ دەکەوێتەوە، کە دواجار پێناسی هاوبەش لاواز دەکات؛ یان باشتر بڵێم: ئەگەر پێناسی لاوەکی (ئایینی، ئایینزایی) بەهێزتر لە پێناسی نیشتمانی بۆ گەرەنتی و دەستخستنی بەرژەوەندیی گرووپ و تاکەکەس ڕۆڵ ببینێت، بە تێپەڕینی کات ناسنامەی هاوبەش کاڵ دەکاتەوە و تەنانەت ئەم ڕەوتە دەتوانێت سەرەتایی ببەخشێت بە بەشداریی سیاسیی تاک لە بەڕێوەبەریی ڕێکخراوە سیاسی و دواجار حکوومیشدا.
ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە سێ پێکهاتەی ئایینی و ئایینزایی سەرەکیی سوننی، شیعە و یارسان کە ئەمانیش خۆیان یەکدەست نین، بەهایی، مەسیحی، یەهوودی و ئاتێیستیشمان هەیە. ئەم هەموو جیاوازییە «لائیسیتە»یەکی پێویستە هەتا پێناسی هاوبەش ئەوەندە پتەو بکات، تاکوو لانیکەم لەم بوارەوە تووشی کەلێنی قورس نەبین. لە ڕاستیدا جێی بایەخە کە کوردبوون لەسەر تەوەری هیچ ئایدیۆلۆژییەک بنیات نەنراوە؛ کوردبوون وەک دیاردەیەکی فەرهەنگی-مێژوویی تێبینی دەکرێت کە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، لە زاراوەیەکەوە بۆ زاراوەیەکی تر و تەنانەت لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی تر، ڕوانگەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، بەڵام جەوهەرێکی یەکسان لە هەموواندا بەدی دەکرێت و ئەویش کوردبوونە. هەر ئەمەش وای کردووە ئەم هەموو جیاوازییە پێکەوە لە ژێر ناوی «کوردبوون»دا خۆیان پێناسە بکەن. بەڵام هەروەک لە سەرەوە باسکرا، ئەم پێناسەیە لە ڕێگەی سیکۆلاریزمەوە توانراوە پڕۆسپێکتیڤە لۆکاڵییەکان لە بن چەترێکی گشتگیرتردا، واتە «کۆمەڵگەی وێناکراو»دا ڕابگرێت و ئامانجەکانی دەوڵەت لەمەڕ پەروەردەی هاووڵاتی بهێنێتە دی. جگە لە بابەتی هەڤڕکێی ڕەوت و کەسایەتییە سیاسییەکان (بەتایبەتیش بەرپرسی یەکەمی حیزبەکان)، یەکێک لە خاڵە هەرە نەرێنییەکانی دووبەرەکی و لەتبوون، دامەزراندنی یەکێتیی زانایان بوو کە لەسەر دەستی «حدکا» دامەزرا؛ لە کاتێکدا ئەم یەکێتییە نەک تەنیا هەموو پێکهاتەی موسڵمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆ نەدەگرت و تەنیا تایبەت بوو بە بڕوادارانی سوننی، بوو بە بریسکەی مەترسی لای کۆمەڵگەی یارسانی کوردستانیش. لە کاتێکدا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بزاڤ و بەدیاریکراوی حیزبی دیموکرات لە باشووری ڕۆژهەڵات، پێکهاتەی یارسانە، ئەم هەنگاوە و ڕووداوەکانی دیکە لە باشوور و ڕۆژئاوا کە قەڵاچۆ و کۆچی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی و کەمە ئایینییەکانی دیکەی لێ کەوتەوە، بوو بەهۆی ئەوەی یارسانان لە بەدەنەی دیموکرات داببڕێن، هەمیش ببێت بە بیانوویەک هەتا کەسان و لایەنی جۆراوجۆر بتوانن تەڵقینی ئەم مەترسییە لە ڕۆژهەڵات بۆ پێکهاتەی یارسان ئاسانتر بکەنەوە.
بە سەرنجدان بە ڕۆڵی سیکۆلاریزم لە پڕۆسەی نەتەوەسازی، ناسنامەی هاوبەش، وێژەمان و یەکێتیی نەتەوەیی، هەروەها ئەزموونی ئەو وڵاتانەی فرەئایینن، هەست دەکەین کە کوردستانی فرەئایین، زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە جێگیرکردنی گوتاری سیکۆلاریستییە، تاکوو ناسنامەی هاوبەشی کوردستانیبوون پتەوتر بکات. بەهۆی ئەوەی کە هێشتا بەشێکی گەورە لە کوردستان نەیتوانیوە سەروەریی سیاسیی خۆی دامەزرێنێت، نەیارانی کورد زۆر بە ئاسانی دەتوانن تێڕوانینی ئایینی و ڕوانگەی ئایینزا جیاوازەکان وەک کەرەستەیەکی سیاسی بۆ لاوازکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان بەکار بهێنن و جیاوازییەکان (کە دەبێت نرخی پلۆرالیزمی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کورد بەرزتر بکاتەوە) وەک کێشەیەکی بنەمایی ڕەچاو بکەن بۆ دنەدان و دابڕانی پێکهاتە جیاوازەکان لە هزری کوردستانیبوون. سەرەڕای ئەمانەش سیکۆلاریزم دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی دیموکراسی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەدا، هەر بۆیە سڕینەوەی ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیک لە پڕۆژەکانی بەڕێوەبەری و پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، دەتوانێت ئاسۆی ژیان گەشتر و پێوەندییە گشتییەکانی نەتەوەیی پتەوتر بکات. لەم سۆنگەیەوە پرسی نەتەوەیی، کە نەتەوە وەک بەرهەمی هاتوچۆ پێناسە دەکات، هاوکات سنوورە کولتوورییەکانیشی تۆختر دەکات.
سەرچاوەکان:
Birchall, I. (2015). The Wrong Kind of Secularism. Jacobin. https://jacobin.com/2015/11/charlie-hebdo-france-secular-paris-attacks-lacite/
Kowalewski, D. (1980). Protest for Religious Rights in the USSR: Characteristics and Consequences. The Russian Review, 39(4), 426–441. https://doi.org/10.2307/128810.
Burchardt, M., Wohlrab-Sahr, M., & Middell, M. (2015). Multiple secularities beyond the West: An introduction. In M. Wohlrab-Sahr & M. Burchardt (Eds.), Multiple secularities beyond the West (pp. 1–20). De Gruyter.
Talal, A. (2003). Formations of the Secular: Christianity, Islam, Modernity. Stanford University Press.
وتارەکانی تر
Nothing Found



