گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

قاسمی نەوفەل، وەرگێرانی دکتۆر جەبار قادر: درۆ و دووڕووییەکانی ئێدوارد سەعید. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

چەندین دەیەیە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”ی ئێدوارد سەعید وەک “ئینجیل”ی عەلمانییەکان و ئایدیۆلۆژیاپەرستانی ڕۆژهەڵات مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت؛ دەقێکی پیرۆز کە هیچ هەڵە و درۆیەکی تێدا نییە و دیوارێکی جیاکەرەوەیە کە بە کارامەییەکی زمانەوانیی باڵا دروست کراوە تا عەقڵی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاوێنەی ڕاستی بپارێزێت. سەعید، ئەو ڕۆشنبیرە پۆشتەیەی هۆڵەکانی زانکۆی کۆڵۆمبیا، سەرکەوتوو بوو لە داڕشتنی “ستەمێکی شارستانی”ی جیهانی، کە لە ڕێگەیەوە بڕوانامەی بێتاوانیی هەتاهەتاییی بە بێدەسەڵاتی و دەستەوەستانیی ڕۆژهەڵاتی بەخشی و “ئەوی تر”ی ڕۆژئاواییی کرد بە شەیتانێکی یاخی و تۆمەتباری کرد بەوەی “ڕۆژهەڵاتێکی خەیاڵکرد”ی داهێناوە بۆ ئەوەی بتوانێت داگیری بکات. بەڵام ئەو پرسیارەی کە ئەم کتێبە دەیدات بە ڕووی مێژوودا ئەوەیە: ئایا ڕۆژئاوا درۆی کرد کاتێک ڕۆژهەڵاتی بە دواکەوتوو وەسف کرد، یان ئەوە ڕۆژهەڵات بوو درۆی لەگەڵ خۆی دەکرد کاتێک باوەڕی بەوە هێنا، قوربانیی پیلانگێڕییەکی زمانەوانییە؟

نەوفەل قاسمی: درۆ و دووڕووییەکانی ئێدوارد سەعید
دکتۆر جەبار قادر کردوویەتی بە کوردی

پێشەکی: بتی ڕۆژهەڵاتناسی و سایکۆڵۆژیای شکست.

چەندین دەیەیە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”ی ئێدوارد سەعید وەک “ئینجیل”ی عەلمانییەکان و ئایدیۆلۆژیاپەرستانی ڕۆژهەڵات مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت؛ دەقێکی پیرۆز کە هیچ هەڵە و درۆیەکی تێدا نییە و دیوارێکی جیاکەرەوەیە کە بە کارامەییەکی زمانەوانیی باڵا دروست کراوە تا عەقڵی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاوێنەی ڕاستی بپارێزێت. سەعید، ئەو ڕۆشنبیرە پۆشتەیەی هۆڵەکانی زانکۆی کۆڵۆمبیا، سەرکەوتوو بوو لە داڕشتنی “ستەمێکی شارستانی”ی جیهانی، کە لە ڕێگەیەوە بڕوانامەی بێتاوانیی هەتاهەتاییی بە بێدەسەڵاتی و دەستەوەستانیی ڕۆژهەڵاتی بەخشی و “ئەوی تر”ی ڕۆژئاواییی کرد بە شەیتانێکی یاخی و تۆمەتباری کرد بەوەی “ڕۆژهەڵاتێکی خەیاڵکرد”ی داهێناوە بۆ ئەوەی بتوانێت داگیری بکات. بەڵام ئەو پرسیارەی کە ئەم کتێبە دەیدات بە ڕووی مێژوودا ئەوەیە: ئایا ڕۆژئاوا درۆی کرد کاتێک ڕۆژهەڵاتی بە دواکەوتوو وەسف کرد، یان ئەوە ڕۆژهەڵات بوو درۆی لەگەڵ خۆی دەکرد کاتێک باوەڕی بەوە هێنا، قوربانیی پیلانگێڕییەکی زمانەوانییە؟

ئەم کتێبە تەنها ڕەخنەیەکی ئەدەبی نییە، بەڵکوو دادگاییکردنێکی فکرییە بۆ دیاردەی “دووڕووییی زانستی” کە ئێدوارد سەعید بەرجەستەی کردووە. ئێمە لەبەردەم بیرمەندێکداین کە هەموو ئامرازەکانی مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوای بەکار هێناوە، لە فەلسەفەی هەڵوەشاندنەوەی “میشێل فوکۆ”وە تا دەگاتە ڕێبازی ڕەخنەیی بنیادگەری، نەک بۆ ئەوەی پردێک لەگەڵ مۆدێرنیتەدا دروست بکات، بەڵکوو بۆ ئەوەی ئەو پردە بڕووخێنێت کە بۆ خۆی پێیدا پەڕییەوە ئەوبەر. سەعید لە سایەی ئازادیی ئەکادیمیی ڕۆژئاواییدا ژیا و تانە لە شەرعییەتی ئەو زانستە دەدات کە ئەو ئازادییە بەرهەمی هێناوە، ئەمەش پەرادۆکسێکی ئاکاریی کەموێنەیە؛ چۆن دەکرێت کەسێک لە “پرینستن” و “هارڤارد” خوێندبێتی و لە سایەی خۆشگوزەرانیی لیبرالیزمی نیویۆرکیدا ژیابێت، هەموو ناتەواوی و کەمایەسییەک بخاتە پاڵ ڕۆژئاوا، لە کاتێکدا چاوپۆشی دەکات لە چەندین سەدەی چەقبەستوویی، نەزانی و شەوەزەنگیی ڕۆژهەڵات کە بۆ خۆی و بە دەستی کوڕانی خۆی دروستی کردووە؟

تاوانە گەورەکەی “ڕۆژهەڵاتناسی”ی سەعیدی ڕەخنەگرتن نەبوو لە کۆڵۆنیالیزم، چونکە کۆڵۆنیالیزم وەک کردەوەیەکی سیاسی سەپێندراو و بەبێ ڕەزامەندیی خەڵک، بێ یەک و دوو ڕەت دەکرێتەوە و تاوانبارە، بەڵکوو تاوانەکەی لە قۆرخکردنی عەقڵی عەرەبییە بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بکات ڕەخنە لە خۆی بگرێت و بەخۆیدا بچێتەوە. سەعید هەڵواسەرێکی “شماعة”ی ئایدیۆلۆژیی زێڕینی بە فەقێکانی چەقبەستوویی و سیاسەتمەدارانی ستەمکار بەخشی؛ لەو کاتەوەی کتێبەکەی ئێدوارد سەعید دەر چووە، هەر باسێک لە دواکەوتووییی زانستی، یا چەوساندنەوەی سیاسی، یا داڕووخانی بەها شارستانییەکان لە ڕۆژهەڵات بکرێت، یەکسەر خاوەنەکەی وەک هەڵگری “وتاری ڕۆژهەڵاتناسی” و “نامۆییی کولتووری” پۆلێن دەکرێت. سەعید “ڕاستیی ماددی” گۆڕی بۆ “ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژی”، بەمەش هەژاری کرا بە نەزانی و نەزانی بوو بە تایبەتمەندییەکی کولتووری و خورافەش بوو بە ناسنامەیەکی نیشتمانی کە دەبێت لە “هێرشی فکری”ی ڕۆژئاوایی بپارێزرێت.

ئێدوارد سەعید بە نێرگسیەتی ڕۆشنبیرێکی لووتبەرز و باڵادەست ئەو ڕاستییەی فەرامۆش کرد کە ئەو ڕۆژهەڵاتەی ئەو بۆی دەگری، زیاتر لە هەزار ساڵ بوو لە خەوێکی قووڵدا بوو. ڕۆژهەڵاتێک بوو کە قیبلەنمای کاتی ون کردبوو، چاپخانە و چاپەمەنیی حەرام کردبوو، لە کاتێکدا چاپخانەکانی ئەوروپا خەریکی داڕشتنی سیمای عەقڵی نوێی ڕۆژئاوا بوون. لەبری ئەوەی سەعید و شوێنکەوتووانی سوپاسی ئەو “ڕۆژهەڵاتناسانە” بکەن کە تۆزیان لەسەر زمانی هیرۆگلیفی تەکاند و بابل و ئاشووریان بە نەوەکانی ئەم سەردەمانە سەرلەنوێ زیندوو کردەوە و پەیدۆزی و پەیجۆرییان بۆ سەرچاوە هەرەگرنگەکانی عەرەب و ئیسلام کرد و ساغیان کردنەوە، ئەو دەستنووسانەی مۆرانە لە سووچی مزگەوتە چۆڵەکاندا دەیانخواردن، کەچی سەعید بە تۆمەتی “خو کردن بە سەنتەر – خودسێنتەریزم” بەردبارانیان دەکات. ئەو ڕاستییە تاڵەی کە عەقڵی سەعید لێی دەترسێت ئەوەیە کە ڕۆژئاوا “زۆر ئەمینتر” بوو لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵات لە خودی ڕۆژهەڵاتییەکان، کە شوێنەوارەکانی خۆیان جارێک بە “قوڵنگی پیرۆزکردن” و جارێکی تر بە “کەمتەرخەمیی و دواکەوتوویی” لەناو دەبرد.

ئەم کتێبە پەردە لەسەر ئەو “خۆبەزلزانییە بەتاڵەی عەرەب و ئیسلام” لا دەبات کە پاوانخوازی و داگیرکاریی ئیمپراتۆرییی خۆی وەک “فەتحێکی ڕوون و ڕەوا” و بڵاوکردنەوەی ڕووناکی دەبینێت، لە کاتێکدا هاتن و ئامادەیی ڕۆژئاوا کە هێڵی ئاسن، نەخۆشخانە، زانکۆ و میتۆدەکانی توێژینەوەی زانستیی هێناوە وەک “وێرانکاری و داگیرکاری” دەبینێت. ئەمە ئەو دووفاقییەیە لە پێوەرەکاندا کە وا لە عەقڵی عەرەبی دەکات شەو و ڕۆژ خەون بە گەڕاندنەوەی ئەندەلوس و بەردەوامیدان بەو “کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێبوونە” بدات کە ناوی “فتوحات”ی لێ ناوە، لە کاتێکدا بۆ لەدەستدانی بستێک زەوی لەبەردەم ئامێری پێشکەوتووی ڕۆژئاوادا شیوەن دەکات. ئێمە لێرەدا بەرگری لە ڕۆژئاوا وەک هێزێکی سەربازی ناکەین، بەڵکوو بەرگری لە “ڕاستیی گەردوونی” دەکەین، بەرگری لە زانستێک دەکەین کە ئایین ناناسێت و لە میتۆدێک دەکەین کە لایەنگری لە کەس ناکات. ئەو لافەی سەعید کە گوایە ڕۆژئاوا وێنەیەکی خیاڵکردەی بۆ ڕۆژهەڵاتی “دروست کردووە” لافێکی پووچە؛ چونکە ڕۆژهەڵات بەخۆی واقیعێکی نالەباری بۆ خۆی دروست کردووە و ڕۆژئاوا جگە لەوەی پەنای بردووەتە بەر ئامرازە زانستییەکان و بەو ئامرازەنە “وەسفی کردووە” هیچی تری نەکردووە. ئەگەر وێنەکە بۆ خۆی ناشرین بێت، ئەوا عەیبەکە لە دەموچاوەکەدایە نەک لە ئاوێنەکەدا.

کاتی ئەوە هاتووە بتی “ئێدوارد سەعید” بشکێندرێت و ئەم وتارە پیلانگێڕییە هەڵوەشێنرێتەوە کە کردووینی بە ئەندامانی پرۆفیشۆناڵی نەتەوەیەکی قوربانی، نەتەوەیەک کە شارەزایە لاواندنەوە و شیوەن بکات بۆ “نوێنەرایەتیی ئەوی تر”، لە کاتێکدا بەتەواوی بێدەسەڵات و دەستەپاچەیە لەوەی نوێنەرایەتیی خۆی بکات لە تاقیگە زانستییەکان و بوارەکانی داهێناندا. ئەم کتێبە بانگەوازێکە بۆ دابڕان لە “دووڕووییی زانستی” و دانپێدانانێکی چاونەترسانە و ئازایانەیە بەوەی ئەو ئامرازانەی زانست و ئازادی و شکۆی مرۆڤ کە ڕۆژئاوا بە ڕۆژهەڵاتی داوە، زۆر زیاترە لەوەی ڕۆژهەڵات لە ماوەی چەندین سەدەدا لە “جووینەوە” و “پاشکۆیی بۆ میرات” پێشکەش بە خۆی کردووە.

لە بەشەکانی ئەم کتێبەدا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی نیشانی بدەین چۆن سەعید “ڕۆژهەڵاتناسییەکی پێچەوانەیە” و چۆن بیرۆکەکانی پیس ببوون بەو ڕەوتە پەراوێزخەرەی کە بانگەشەی ستەملێکراوی دەکات بۆ ئەوەی پاساو بۆ ستەمکاری بکات. دەریدەخەین چۆن “پێنەزانین و سپڵەییی شارستانی” بزوێنەری سەرەکیی قوتابخانەی “پاش-کۆلۆنیالیزم”ە و چۆن تاکە ڕێگەی ڕابوون بە بەشەیتانکردنی ڕۆژئاوادا تێ ناپەڕێت، بەڵکو و لە ڕێگەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ دەستکەوتەکانی و دانپێدانان بەوەی کە ئەگەر ئەم “ئەوی ترە” نەبووایە کە نەفرەتی لێ دەکەین، ڕەنگە تا ئێستاش دەستنووسەکانمان لەسەر پێستی بزن بنووسیبایە و چاوەڕێی ئیزنی فەقێیەکانمان بکردابایە تا ڕێگەمان بدەن چاپخانەیەک بکەینەوە.

ئەمە کتێبێکە لە “ڕەخنەی ڕەخنە” و لە پەردەلادان لەسەر ئەو ساختەکارییەی کە بە دەستەواژە ئەدەبییە ڕازاوەکان داپۆشراوە تا لە ژێریدا تەرمی عەقڵێکی ڕۆژهەڵاتی بشارێتەوە کە نەیویستووە بەخەبەر بێت و بڕیاری داوە لۆمەی “کاتژمێرە زەنگدارەکە” بکات، چونکە لە خەونی “شکۆمەندییە وەهمییەکان” بێداری کردووەتەوە.

پارادۆکسی هەبوون “بوونگەرایی”: ڕەخنەگرتن لە ڕۆژاوا بە ئامرازەکانی خۆی (بەشی یەکەم)

هیچ دیمەنێک ئەو کۆمیدیا ڕەشەی نێو بیری هاوچەرخ هێندەی دیمەنی ئێدوارد سەعید کورت ناکاتەوە؛ ئەو پرۆفیسۆرەی بە قاتە ئیتاڵییە گرانبەهاکانییەوە، لە نووسینگە ئاسوودەکەیدا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە دڵی مانهاتن دانیشتووە تاوەکوو لەبارەی “چەوساندنەوەی ڕۆژاوا” و “ناشرینیی ئیمپریالیزم” بنووسێت. ئەمە ئەو ناکۆکییە بوونگەراییەیە کە ڕەگەکەی لە قووڵاییی گوتاری پاش-کۆلۆنیالیزمدا ڕوو چووەتەوە خوارەوە؛ لەوێدا هێرش دەکرێتە سەر “سێنتەر” لەناو خودی “سێنتەر”ەوە، بە یارمەتی و پارەی “سێنتەر” و بە بەکارهێنانی بەرزترین ئامرازە زانستییەکانی “سێنتەر”. لەم بەشەدا پێکهاتەی ئەم دووڕووییە زانستییە لێک هەڵدەوەشێنینەوە و دەریدەخەین چۆن سەعید بوو بە “ئەسپی تروادەی” ئایدیۆلۆژی کە ئازادییەکانی ڕۆژاوا و میتۆدەکانی بەکار هێنا بۆ تیرۆرکردنی خودی ڕاستیی ڕۆژاوایی.

یەکەم: هێلانەی خۆشگوزەرانی و شۆڕشگێڕ لە باوەشی ئیمپراتۆریدا

چیرۆکی ئێدوارد سەعید لە دژایەتییەکی توندەوە لەنێوان “ناسنامەی ڕاگەیەندراو” و “واقیعی ژیان”ی دەست پێ دەکات. سەعید خۆی وەک دەنگی بێبەش و چەوساوەکان بە جیهان ناساند، بەڵام ژیاننامەکەی شتێکی تەواو جیاواز دەڵێت. سەعید بە کەوچکی زێڕین لە دەمدا هاتووەتە دونیاوە، لەناو خێزانێکی فەڵەستینیی دەوڵەمەند کە پێش ئەوەی ئەو فێری کایە ڕۆژاواییەکان بێت، خێزانەکەی لێی شارەزا ببوو. ئەو لە قوتابخانە بژاردەکانی قودس و قاهیرە خوێندی و لەوێوە گواستییەوە بۆ بەرزترین قەڵاکانی خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. سەعید هەرگیز ناڕەحەتیی ژیانی ناو کەمپی ئاوارە و پەناهەندەی نەچەشتووە و لە سەرەی نانی گەڕەکە ڕۆژهەڵاتییەکاندا نەوەستاوە، بەڵکوو لە نێوان هۆڵەکانی “پرینستن” و “هارڤارد”دا هاتوچۆی کردووە، لەوێدا عەقڵییەتی بەپێی وردترین پێوەرە ئەنگلۆ-ساکسۆنییەکان داڕێژراوە.

پارادۆکسەکە لێرەدا لە دەوڵەمەندییە تایبەتییەکەی ئەودا نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە ئەو بەرهەمێکی شەرعیی ئەو دامەزراوەیەیە کە تەواوی ژیانی بۆ بە شەیتانکردنی (Demonization) تەرخان کرد. ڕۆژاوا نەک وەک پەنابەرێکی بێدەرەتان، بەڵکوو وەک عەقڵێکی پڕشنگدار باوەشی بۆ  سەعید کردەوە و دەرگای بەناوبانگترین زانکۆکانی بۆ واڵا کرد کە تەنها “بژاردەکان” (Elite) دەتوانن بچنە ناوی. لەم “هێلانە ئاورێشمییە / مەخمەڵییە” لە نیویۆرک و واشنتنەوە سەعید دەستی کرد بە چنینی تاوانبارکردنی ڕۆژاوا بەوەی قەوارەیەکی “پەراوێزخەر” و “ڕەگەزپەرستە”.

چۆن عەقڵێک ڕێز لە لۆژیک بگرێت، دەتوانێت تاوانبارکردنی سیستمێک قبووڵ بکات بە “داخراو”، لە کاتێکدا هەمان سیستم بەرزترین سەکۆکانی پێ بەخشیوە بۆ دەربڕینی ڕای خۆی؟ خۆشگوزەرانیی سەعید تەنها ماددی نەبوو، بەڵکوو خۆشگوزەرانیی “ئاسایش” بوو؛ ئەو پیاوەی ڕۆژاوای تاوانبار دەکرد بەوەی دەیەوێت لە ڕێگەی “وشە و وێنە”وە بەسەر ڕۆژهەڵاتدا زال بێت، خۆی لە ڕێگەی وشە و وێنەکانییەوە دەستی بەسەر سەکۆ کولتوورییەکانی جیهاندا گرتبوو، سوودی لەو ئامێرە پڕۆپاگەندا ڕۆژاواییە وەردەگرت کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد گوایە هاوشێوەکانی ئەو بە “شەیتان” دەکات. سەعید گەورەترین “ڕۆژهەڵاتناسی پێچەوانە” بوو؛ خێروبێرە ماددی و ڕۆحییەکانی ڕۆژاوای خوارد و دواتر گەڕایەوە تا ئەو دەستە بگەزێت کە فێری کرد چۆن ڕەخنە بنووسێت.

دووەم: دزینی میتۆدەکان.. هەڵوەشاندنەوەگەرایی وەک خیانەتێکی گەورە

خاڵی هەرە قێزەون لە ڕێبازەکەی سەعید، ئەو “پاشکۆییە زانستییەیە” کە هەوڵی داوە لە پشت پەردەی ڕەوانبێژیی عەرەبییەوە بیشارێتەوە. سەعید ڕۆژاوای تاوانبار کردووە بەوەی قاڵبە زانستییەکانی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا سەپاندووە، بەڵام کاتێک ویستی تێزەکەی بنیاد بنێت، لەناو کەلەپووری ڕۆژهەڵاتیدا، نە لای ئیبن تەیمییە، نە لای غەزالی و نە ئیبن خەلدوون، یەک ئامرازی دەست نەکەوت یارمەتیی بدات لە “هەڵوەشاندنەوەی” (Deconstruction) گوتاری ڕۆژاوا.

سەعید خۆی فڕێ دایە باوەشی “میشێل فوکۆ” و “ئەنتۆنیۆ گرامشی”. چەمکی “دەسەڵات و زانست”ی لە فوکۆ و چەمکی “هەژموون”ی لە گرامشی وەرگرت بۆ ئەوەی عەقڵانییەتی ڕۆژاواییی پێ بپێکێت. لێرەدا پرسیارە بوونگەراییەکە سەر هەڵدەدات: ئایا ئێدوارد سەعید دەیتوانی هیچ سەرکەوتنێکی فکری بەدەست بێنێت ئەگەر بە میتۆدی “ئوسوڵ” یان “فیقه”یان “کەلام” بنووسیبایە؟

وەڵامی یەکلاکەرەوە بریتییە لە نەخێر. سەعید سەر کەوت، چونکە ڕۆژاوا “ڕێگەی پێ دا” سەرکەوتوو بێت، لە ڕێگەی ئامرازەکانی خودی ڕۆژاواوە. ئەو میتۆدی “هەڵوەشاندنەوەی” فەرەنسیی “دزی” کە لە بنەڕەتدا بۆ ڕەخنەگرتن بوو لە خودی ئەوروپا و بۆ ئەو مەبەستە داڕێژرابوو، جا گۆڕیی بۆ چەکێکی “ناسنامەیی”، بۆ خزمەتکردنی ئەجێندایەکی ڕۆژهەڵاتیی سۆزداری. ئەمە لووتکەی “دووڕووییی زانستییە”؛ کە سووکایەتی بە عەقڵی ڕۆژاوایی بکەیت و بە پیلانگێڕ ناوی ببەیت، لە کاتێکدا خۆت دەستەوەستان بیت لە داڕشتنی یەک ڕستەی ڕەخنەیی بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی فەیلەسووفە ڕۆژاواییەکان.

پەنابردنی سەعید بۆ فوکۆ و دێریدا، دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بە شکستی عەقڵی ڕۆژهەڵاتی. ئەگەر ڕۆژهەڵات خاوەنی ئەو مەزنایەتی و ڕاستییە بێت کە سەعید بانگەشەی بۆ دەکات و ڕۆژاوا بەوە تاوانبار دەکات کە شێواندوویەتی، ئەی بۆچی ئامرازە ڕەخنەییەکانی لێ بەرهەم نەهێنا؟ بۆچی “ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ” دەچێتە پاریس و لەندەن بۆ هاوردەکردنی ئامرازەکانی ڕووخاندن؟ ڕاستییەکە ئەوەیە سەعید بەرگریی لە ڕۆژهەڵات نەدەکرد، بەڵکوو پیادەی “خۆبەزلزانیی ڕۆژاوایی” دەکرد بە جوانترین شێوە دژی خودی ڕۆژهەڵات؛ ئەو بە زمان و فەلسەفەی ڕۆژاواییەکان قسەی بۆ کردن و بۆ ڕۆژهەڵاتییەکانیش پاشماوەیەکی لە سۆز و تیۆریی پیلانگێڕی بەجێ هێشت کە نە لە برسێتی ڕزگاریان دەکات و نە هیچ بایەخێکی شارستانیی هەیە.

سێیەم: ئەو ئازادییەی خیانەتی لێ کرد.. لێبووردەیی وەک سەکۆیەک بۆ هێرشبردن

لەو سەردەمەی ئێدوارد سەعید لە زانکۆی کۆڵۆمبیا وانەی دەگوتەوە و وتارەکانی لە “نیویۆرک‌تایمز” و “گاردیان” بڵاو دەکردەوە و ڕەخنەی لە سیاسەتە ئیمپریالییەکان دەگرت و عەقڵی ڕۆژاوای بە گەندەڵ و داتەپیو تۆمەتبار دەکرد، هەر لەو کاتەدا ئەو ڕۆژهەڵاتەی کە ئەو بەرگریی لێ دەکرد، لەژێر زنجیر و کۆت و بەندی توندترین و دزێوترین جۆری چەوساندنەوەی فکری و سیاسیدا نووزەی لێ بڕابوو. سەعید بە خراپترین شێوە سوودی لە “بەهاکانی لێبووردەیی”ی ڕۆژاوا وەرگرت. ڕۆژاوا لە ساتەوەختێکی قووڵی ڕەخنەگرتن لە خوددا، دەرفەتی بۆ ئەم ڕۆشنبیرە ڕەخساند کە لەسەر کورسییە زانستییەکانەوە هێرش بکاتە سەر کۆڵەکەکانی شارستانییەتەکەی. سەعید نە دەستبەسەر کرا، نە کتێبەکانی قەدەغە کران، نە بە کافر و لادەر لەقەڵەم درا و نە لە نیشتمانە “نوێیەکەی” وەدەر نرا؛ بەپێچەوانەوە، خەڵات و ڕێز و پایەی بڵندی پێ بەخشرا. بۆ بەراوردکاری، با وێنای “ئێدوارد سەعیدێکی پێچەوانە” لە پایتەختێکی عەرەبی، یان ئیسلامیدا بکەین کە لە حەفتاکان، یان هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، وێنای توێژەرێک بکەین کە هەوڵ بدات ڕەخنە لە “خۆبەسەنتەربینیی ئیسلامی” بگرێت، یان “گوتاری فتووحات” هەڵبوەشێنێتەوە بە هەمان ئەو شێوازەی سەعید هەولی دا “ڕۆژهەڵاتناسی” هەڵتەکێنێت، ئایا چارەنووسی چۆن دەبوو؟ زیندان، تیرۆر، بەکافرکردن، یان لە باشترین بارودۆخدا ڕاوەدوونان بۆ ئەوەی هەڵبێت و بڕوات لە ڕۆژاوا بژی!

سەعید خیانەتی لە بەهای “ئازادی” کرد کاتێک تەنیا وەک ڕێگەیەکی یەک ئاراستە بەکاری هێنا. ئەو ڕەخنەی لە “سانسۆر و چاودێریی” خەیاڵیی ڕۆژاوا دەگرت سەبارەت بە وێناکردنی ڕۆژهەڵات، لە کاتێکدا بێدەنگییەکی ڕەهای بەرانبەر بە چاودێریی ڕاستەقینە و جەلادی بێبەزەیی و لە سێدارەخانەکان هەڵبژاردبوو کە سەری داهێنەرانیان لە ڕۆژهەڵات دەپەڕاند. ئەم دووفاقی و دووڕووییە ئاکارییە بوو کە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”ی کردە بەرهەمێکی ئامرازگەرا “وەزیفی”؛ ئامانجی ئەو ڕزگارکردنی عەقڵ نەبوو، بەڵکوو مەبەستی تانەدان بوو لەو “ئەوی ترەی” کە ئازادیی پێ بەخشیبوو. سەعید ڕۆژاوای وەک “شەیتان” وێنا دەکرد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژئاوایە بوێریی ئەوەی هەبوو ڕۆژهەڵات بخوێنێتەوە و پۆلێنی بکات، لە کاتێکدا ئەوەی فەرامۆش کرد کە هەر ئەم شەیتانە خۆی بوو فێری چەمکی “ڕەخنە”ی کرد و پاراستی تا ببێتە “نەیارێکی” دەنگدلێر. ئەمە عەقڵییەتی “سپڵەیی”یە؛ کەسێک لە کۆشکدا نیشتەجێ بێت و هێرش بکاتە سەر خاوەنەکەی، لە کاتێکدا سوود لە جوامێری و سینگفراوانیی ئەو خاوەنکۆشکە وەردەگرێت کە بەهۆی باوەڕی بە ئازادیی ڕادەربڕین، ئامادە نییە دەری بکات.

چوارەم: سایکۆلۆژیای “ڕۆشنبیری بێبنەچە”

دەتوانین باری سەعید وەک باری “زۆڵەڕۆشنبیر” پێناسە بکەین، کە بایۆلۆژییانە سەر بە ڕۆژهەڵاتە و وەک عەقڵ سەر بە ڕۆژاوایە، بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە دان بەم ڕەچەڵەکە دووسەرەدا بنێت. ئەو بە دەست “قەیران و ناکۆکیی شارستانی”یەوە دەیناڵاند؛ لە ڕۆژاوا ڕقی لە “هێزەکەی” دەبووەوە، بەڵام عاشقی “ئامرازەکانی” بوو. هەر ئەم دووفاقییەش بوو کە تیۆریی پیلانگێڕیی لە کتێبەکەیدا بەرهەم هێنا.

سەعید خوێنەری ڕۆژهەڵاتی وەها تێ گەیاند کە هەموو ڕۆژهەڵاتناسێک، لە “ڕینان”ەوە تا “بێرنارد لویس”، تەنها “سیخوڕێک”، یان “ڕێخۆشکەرێک بووە بۆ کۆڵۆنیالیزم”. بەمەش، سەعید نەک تەنها زانستی تیرۆر کرد، بەڵکوو “دەسپاکیی زانستیی”یشی تیرۆر کرد. ئەو گەڕیدە و زمانزانانەی کە تەمەنیان لە بیابان و چۆڵەوانییەکانی ڕۆژهەڵاتدا بەسەر برد بۆ هەڵهێنانی کۆدی زمانێکی لەبیرکراو، یان دۆزینەوەی دەستنووسێکی دەگمەن، لەلایەن سەعیدەوە وەک پێشەنگی سوپاکانی داگیرکەری ڕۆژهەڵات وێنا کردن.

لەم شێواندنە بە مەبەستانەیدا ئێدوارد سەعید بۆ پاڵنەرە زانستخوازییەکانی ڕۆژاوا تەنها ئامانجی یەک شت بوو، دابڕاندنی ڕۆژهەڵات لە میتۆد و ڕێبازی زانستی. چونکە ئەگەر زانستی ڕۆژاوایی لە بنەڕەتدا “پیلانگێڕ” بێت، ئەوا ئەنجامە لۆژیکییەکەی بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ئەو زانستە و مانەوەی گەلانی ڕۆژهەڵات لەناو “تایبەتمەندیی کولتووری”ی داڕماو و وێرانەدا. بەم شێوەیە، سەعید لەبری ئەوەی ڕۆژهەڵات هان بدات بۆ گەیشتن بە کاروانی مۆدێرنیتە، پاساوێکی ئەخلاقیی پێ بەخشی بۆ مانەوە لە تاریکخانەکانی دواکەوتووییدا، بەو پێیەی زانستی ڕۆژاوایی لە ڕووی کۆلۆنیالییەوە بە “پیس” دانرا.

پوختە

بەشی یەکەمی ژیان و هزری ئێدوارد سەعید “خەڵەتاندنی سەدە”مان بۆ دەر دەخات. پیاوێک لە بەرزترین ئاستی شارستانیەتی ڕۆژاوادا دەژی، بەرزترین میتۆدەکانی مۆدێرنیتەی ڕۆژاوایی بەکار دەهێنێت و لە بەرزترین ئاستی ئازادیی ڕۆژاوایی بەهرەمەند دەبێت، تاوەکوو جیهان قایل بکات بەوەی ئەم شارستانیەتە “شەیتانی” و گەندەڵە و ئەوانی تر بە ستەم پۆلێن دەکات.

سەعید “بەرهەمێکی نامۆی” ڕۆژاوا بوو، بەڵام بەرهەمێک کە خیانەتی لە ڕەچەڵەکە زانستییەکەی خۆی کرد. ئەو پاڵەوانێکی ڕۆژهەڵات نەبوو، بەڵکوو ئامرازێکی “سڕکەر” بوو بۆی. وشەی ڕازاوەی دایە دەست ڕۆژهەڵات تا عەیب وعارەکانی دواکەوتووییی خۆی پێ داپۆشێت و بشارێتەوە، و وەهای تێگەیاند کە “وەفاداری” بۆ ڕۆژاوا جۆرێکە لە “خۆبەکەمزانین”. لە کۆتاییدا، سەعید لە مانهاتن کۆچی دواییی کرد، و نەوەیەک لە ڕۆشنبیرانی عەرەبی بەجێهێشت کە زۆر باش دەزانن بە زمانەکانی “فەرەنسی” و “ئینگلیزی” جنێو بە ڕۆژاوا بدەن، بەڵام دەستەوەستانن لە دروستکردنی “دەرزییەک” یان “چاپخانەیەک” یان “دەستوورێک” کە شکۆی مرۆڤ مسۆگەر بکات، ئەو شکۆیەی کە سەعید لە دڵی ڕۆژاوای “کۆڵۆنیالی”دا دۆزییەوە.

دۆگماتیزمی “ڕۆژهەڵاتناسی”: کاتێک ڕەخنە دەبێتە زیندانێکی ئایدیۆلۆژی (بەشی دووەم)

ئێدوارد سەعید تەنیا توێژەرێک نەبوو کە دەقەکانی لێک دەدایەوە، بەڵکوو “وەستایەک” بوو دیوارە هزرییە نوێیەکانی دروست دەکرد. پارادۆکسە گاڵتەجاڕ و خەمناکەکە لە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”دا لەوەدایە کە نووسەرەکەی سەدان لاپەڕەی تەرخان کردووە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەوەی ناوی لێ ناوە “دۆگمای ڕۆژهەڵاتناسی”، واتە دیدگای جێگیر و دەقگرتوو سەبارەت بە ڕۆژهەڵات، خۆی کەوتە نێو دۆگماتیزمێکی زۆر توندتر و ڕادیکاڵترەوە. سەعید “ئەرسەدۆکسییەکی” فکریی نوێی دروست کرد،  کە ڕێگە بە گومان نادات و پێداچوونەوە قبووڵ ناکات و بوو بە جۆرێک لە “دادگاکانی پشکنین” (Inquisition) کە بڕیارەکانی بەسەر توێژەران و بیرمەنداندا دەسپێندران.

گۆڕینی “جەوهەرگەرایی – ماهویة” بە جەوهەرگەراییەکی دژبەر

سەعید ڕۆژهەڵاتناسان بەوە تۆمەتبار دەکات کە “جەوهەرگەران” (Essentialists)، واتە ڕۆژهەڵات لە “جەوهەرێکی” جێگیری نەگۆڕدا قەتیس دەکەن کە دەڵێت: ڕۆژهەڵاتیی شەهوەتباز، تەمەڵ، ئاڵۆز و گوماناوی و تەمومژاوییە. بەڵام سەعید، لە پەلامارێکی دۆگماییی کوێرانەدا، هەمان شت بەرانبەر ڕۆژئاوا دەکات. لای سەعید، “ڕۆژئاوا” هەمووی یەک پارستەی ڕەقە، شەڕانگێز و پیلانگێڕ و شەیدای باڵادەستی و کۆنترۆڵکردنە، لە سەردەمی هۆمیرۆسەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ.

ئەم دیدگایە لووتکەی دۆگماتیزمە، چونکە فرەیی لە ڕۆژئاوا دەسڕێتەوە و ململانێ فکرییەکان و ڕێباز و قوتابخانە مرۆییەکان پشتگوێ دەخات، ئەوانەی ڕەخنەیان لە داگیرکاری و کۆڵۆنیالزم گرتووە پێش ئەوەی سەعید لەدایک بووبێت. سەعید ڕۆژئاوای لە “جەوهەرێکی” کۆڵۆنیالی هەمیشەییدا زیندانی کردووە، ڕێک وەک چۆن بە خۆی ڕۆژهەڵاتناسانی تۆمەتبار کرد کە هەمان شتیان بەرانبەر ڕۆژهەڵات کردووە.

“تیرۆری ڕۆژهەڵاتناسی” و خەساندن و پەکخستنی عەقڵی ڕەخنەگر

“دۆگماتیزمی سەعیدی” وەک پۆلیسی هاتوچۆی فکری کار دەکات، هەر توێژەرێکی ڕۆژهەڵاتی هەوڵ بدات ڕەخنە لە میراتی کولتووریی خۆی بگرێت، یان ئاماژە بە هاوسەرگیریی منداڵان بکات، یان بە ستەمی دەسەڵاتداران، یان دەقگرتوویی و چەقبەستووییی هزری ئایینی، یەکسەر “دۆگماتیزمی سەعیدی” لێی دێتە دەنگ و بەسەریدا دەقیژێنێت: “تۆ ڕۆژهەڵاتناسیت! تۆ دیدگای ناوەندگەراییی ڕۆژئاوا پەیڕەو دەکەیت”! بەو لۆژیکە، کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”ی سەعید لە ئامرازێکەوە بۆ ڕزگاربوون گۆڕا بۆ ئامرازێک بۆ “خەساندن و پەکخستنی” ڕەخنەگرتن لە خۆ. سەعید سەرپۆشێکی ئاکاریی دا بە هەموو دواکەوتوویەک تا لەسەر دواکەوتوویی خۆی بەردەوام بێت و، بە هەموو ستەمکارێک تا پاساو بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەی بهێنێتەوە، بەو بیانووەی کە هەموو ڕەخنەیەک “پیلانێکی ڕۆژهەڵاتناسییە”. ئایا هیچ دۆگماییەک لەوە مەترسیدارتر هەیە کە لە نەخۆشی قەدەغە بکات دان بەوەدا بنێت کە نەخۆشە، بەو بیانووەی پزیشکێکی بیانی “نەخۆشییەکەی دەستنیشان” کردووە؟

قۆرخکردنی ڕاستییەکان و داخستنی دەرچەکانی زانست

دۆگماتیزمی سەعید لەوەدا بەڕوونی دەر دەکەوێت کە هەوڵی ئەوەی داوە شەرعییەت لە هەر زانیارییەک وەربگرێتەوە کە “ئەوی تر”بەرهەمی هێنابێت. ئەو بە “شێوازێکی باوەڕمەندانەی لێبڕاوەوە” وای دادەنێت کە ڕۆژئاوایی هەرگیز ناتوانێت لە ڕۆژهەڵات تێ بگات، چونکە ئامرازەکانی “دەسەڵات” پیسی کردوون. ئەم نکۆڵیکردنە لە توانای مرۆیی بۆ تێگەیشتنی هاوبەش، هەڵگەڕانەوە و پاشەکشەیەکی شارستانییە بۆ دواوە.

سەعید دەرچەکانی زانستی داخست و زانستی کرد بە “ناسنامە”. لای ئەو “ڕاستی” پێوەر نییە، بەڵکوو “ناسنامەی بێژەرەکە” پێوەرە. ئەگەر ڕۆژئاواییەک بڵێت عەرەب بەدەست قەیرانی بەرهەمهێنانی زانستەوە دەناڵێنن، ئەوا ئەو “ڕۆژهەڵاتناسێکی خراپەکارە”، بەڵام ئەگەر سەعید با لە نیویۆرکیش دانیشتبێت و هەمان شت بڵێت، ئەوا “بیرمەندێکی شۆڕشگێڕە”. ئەم دووفاقییە زانست نییە، بەڵکوو “ئیلاهیاتێکی سیاسییە” کە خۆی پیرۆز دەکات و ئەوی تر دەکات بە شەیتان.

کردنی “ڕۆژهەڵاتناسی” بە ئایینێکی عەلمانی

دۆگماتیزم لە بیری سەعیددا شوێنکەوتووانی کرد بە “دەروێشی” ئایدیۆلۆژی. کتێبەکەی لە زانکۆ عەرەبی و ڕۆژهەڵاتییەکاندا نەک وەک فکرێک کە دەکرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، دەخوێنرێت، بەڵکوو وەک “وەحیەک” کە ناکرێت هەڵەی تێدا بێت. هەرکەسێک بوێرێ ڕەخنە لە سەعید بگرێت لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی “پاش-کۆلۆنیالیزم”، بە تۆمەتی “بەکرێگیراوی فکری” بەردباران دەکرێت.

سەعید سەرکەوتوو بوو لە ئەفراندنی “ڕۆژهەڵاتێکی خەیاڵکرد”ی نوێ: ڕۆژهەڵاتێکی تەواو بێتاوان، پاقژ لە گوناهەکان، کە نە داگیرکاریی، نە کۆیلایەتی و نە چەوسانەوەی کردووە و بینیوە، تا ئەو کاتەی پیاوە سپیپێستەکان هاتن. ئەم ئەفسانە دۆگماییەیە ئێمەی گەیاندووەتە “سایکۆلۆژیی دۆران و شکست”؛ چونکە لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی هەڵە مێژووییەکانمان ببینەوە، هەر خەریکی ڕاوکردنی تارماییی ڕۆژهەڵاتناسانین لە دووتۆیی کتێبە کۆنەکاندا.

دووڕووییی شاراوە لە دۆگماتیزمدا

پارادۆکسە گەورەکە ئەوەیە کە سەعید ئەم دۆگماتیزمە “ڕۆژهەڵاتییە” بە ئامرازگەلێکی تەواو “ڕۆژئاوایی” ئەنجام دەدات. ئەو نەفرەت لە ناوەندگەرایی ڕۆژئاوایی دەکات لە کاتێکدا پۆشاکی ئەوێ لە بەر دەکات، لە باشترین زانکۆکانی ئەوێدا وانە دەڵێتەوە و فەلسەفەی بیرمەندەکانی ئەوان (فۆکۆ، دێریدا، گرامشی) بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ڕۆژئاوا لە هیچ تێ ناگات! ئەم دۆگماتیزمە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”ی کردە دەقێکی “وێرانکەر” بۆ بنیادنان؛ چونکە پردەکانی لەگەڵ ئەوی تردا ڕووخاند، بێ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ “خود” دروست بکات. فێری کردین چۆن ڕقمان لە “ئاوێنە” (ڕۆژئاوا) بێتەوە، چونکە ناشیرینیی دەموچاومان پێشان دەدات و بە شێوەیەکی دۆگمایی قەناعەتی پێ هێناین کە ناشیرینییەکە لە ئاوێنەکەدایە نەک لە دەموچاوی خۆماندا.

پوختە

ئەو شتەی پێویستە خوێنەر تێی بگات ئەوەیە کە “دۆگماتیزمی سەعیدی” مەترسیدارترە بۆ ئێمە لە خودی “ڕۆژهەڵاتناسی”. ڕۆژهەڵاتناسی ڕەنگە لە وەسفکردنی ئێمەدا هەڵەی کردبێت، بەڵام دۆگماتیزمی سەعید ڕێگری لێ کردین کە بە ڕاستگۆیی هەوڵی “پێناسە و ناساندنی خۆمان” بدەین. ئەو ئێمەی لە قەفەسێکی “پیرۆزی ساختە” و “قوربانی هەمیشەیی”دا زیندانی کرد. ئازادیی ڕاستەقینە پێش هەر شتێک بە شکاندنی ئەم قەفەسە سەعیدییە دەست پێ دەکات.

“ڕۆژهەڵاتی ونبوو” – ئایا ئێمە “داهێنانێکی” زمانەوانین، یان ڕاستییەکی مێژوویی؟ (بەشێ سێیەم)

ئێدوارد سەعید لە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”دا گریمانەیەک دەخاتە ڕوو کە لە ڕووکەشدا “شۆڕشگێڕانە” و زیرەکانە دەر دەکەوێت، بەڵام لە جەوهەردا نوێنەرایەتیی لوتکەی “نهیلیزمی مەعریفی” (Epistemic Nihilism) دەکات؛ ئەویش ئەوەیە کە “ڕۆژهەڵات” وەک قەوارەیەک هەبوونێکی ڕاستەقینەی نییە، بەڵکوو تەنها “وێناکردنەوە و نواندنەوە” (Representations) و وێنەی هزرێکن کە ڕۆژهەڵاتناسان بۆ پاساودانی ئیمپریالیزم دروستیان کردووە. لێرەدا، دەبێت سەعید و شوێنکەوتووانی بە پرسیاری ڕاستییە تاڵەکە تووشی شۆک بکەین: ئەگەر ڕۆژهەڵات تەنها “خەیاڵێکی” ڕۆژئاوایی بێت، ئەی ڕۆژهەڵاتی ڕاستەقینە لە کوێیە؟ ئایا ئەم ڕۆژهەڵاتە “هەر نەبوو” پێش ئەوەی ڕۆژهەڵاتناس مایکرۆسکۆپی بخاتە سەر؟

نکۆڵیکردن لە واقیع لە ڕێگەی سیحری زمانەوە

ئێدوارد سەعید لێهاتووییەکی زۆری نواند لە بەکارهێنانی “یاریکردن بە وشەکان” بۆ ئەوەی قەناعەتمان پێ بهێنێت کە واقیعە نالەبارەکەمان ڕاستی نییە، بەڵکوو “دەقێکە” کە ئەوی تر نووسیویەتی. ئەمە هەوڵێکی بێهوودەیە کە ڕۆشنبیر بۆ هەڵهاتن لە واقیعی ناشرین پەنا دەباتە بەر جوانییەکانی زمان. کاتێک ڕۆژهەڵاتناسان ڕۆژهەڵاتیان بەوە وەسف کرد کە “لە دەقگرتووییدا نغرۆ بووە”، ئەوان ڕۆمانی خەیاڵییان نەدەنووسی، بەڵکوو وەسپی واقیعێکی بابەتییان دەکرد بۆ ئەو بەربەستانەی سستیی شارستانی لە ڕۆژهەڵات. بانگەشەی سەعید کە گوایە ڕۆژهەڵات “داهێنراوە”، گەورەترین کردەی چەواشەکاریی فیکرییە؛ چونکە بە سادەیی هەوڵ دەدات “تەرمەکە” (واقیعە داڕماوەکەمان) بشارێتەوە لە ڕێگەی تۆمەتبارکردنی “وێنەگرەکە”وە، واتا (ڕۆژهەڵاتناس) بەوەی کە ئەو سیمای قوربانییەکەی دروست کردووە. ئەو ڕاستییەی کە سەعید لێی ڕا دەکات ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتناس “دواکەوتوویی” دانەهێناوە، بەڵکوو “بینیویەتی”، هەروەها ئەو “ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتی” دانەهێناوە، بەڵکوو “میکانیزمەکانی شی کردووەتەوە”.

ئایا ڕۆژهەڵات “بۆشایی” بوو، پێش ڕۆژهەڵاتناسی؟

گوتاری سەعید، جا بە مەبەست بێت، یان بەبێ مەبەست، وای نیشان دەدات کە ڕۆژهەڵات وەک ئەوەی خاوەنی پێناسەیەک نەبووبێت بۆ خۆی، یان وەک ئەوەی مێژوو تەنها ئەو کاتە دەستی پێ کردبێت کە کەشتییەکانی ڕۆژئاوا گەیشتنە کەناراوەکانمان. ئەو ڕاستییە شۆکهێنەرەی کە سەعید پشتگوێی دەخات ئەوەیە کە هەر ئەم “ڕۆژهەڵاتناسانە” بوون کە  “هۆشیارییان بە مێژووی خۆی” بۆ ڕۆژهەڵات گەڕاندەوە.

با کەمێک تێ بفکرین: ئایا میسرییەکان لە سەدەی هەژدەدا هیچیان سەبارەت بە مەزنیی باوباپیرانە فیرعەونەکانیان دەزانی؟ ئایا دەیانتوانی بەردی ڕەشید (Rosetta Stone) بخوێننەوە؟ ئەگەر “ڕۆژهەڵاتناسی” نەبووایە، ئەو شارستانییە وەک “بەردەێکی ڕەق و کەڕ” لە دیدی خەڵکەکەیدا نەدەمایەوە؟ ئایا عێراقییەکان درکیان دەکرد بە قووڵاییی داستانی گلگامێش یان مێژووی ئاشوور و بابل؟ ئەوانەی سەعید جوێنیان پێ دەدات، ئەوان بوون تۆزیان لەسەر مێژوومان تەکاند کە لەژێر کەلاوەی گوێنەدان و خورافەدا ناشتبوومان. گوتنی ئەوەی کە نواندن و وێناکانی ئەوان بۆ ڕۆژهەڵات “ساختەن”، نکۆڵیکردنە لە پیاوەتیی ئەو کەسانەی “کلیلەکانی” خوێندنەوەی ناسنامە ونبووەکەمانیان پێ بەخشین.

وێنا “قاڵبگرتووەکان”، یان “ئاوێنەی ئاشکراکار”؟

ئێدوارد سەعید بۆڵەبۆڵ دەکات لەو وەسپە “قاڵبگیرییانەی” (Stereotypical) کە ڕۆژهەڵاتناسان بۆ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتییان بەکار هێناوە (سۆزداری، ناژیرانە، قەدەرگەرا، نوقمی ئەفسانە). بەڵام با بە ئاوێنەی عەقڵ سەیری واقیعی هاوچەرخی خۆمان بکەین دوای چەندین دەیە لە ڕۆیشتنی کۆڵۆنیالیزم، ئایا هێشتا “سۆز” جەماوەر بەڕێوە نابات؟ ئایا هێشتا “هزری خورافی” حوکمی وردترین وردەکارییەکانی ژیانمان ناکات؟ ئایا هێشتا چاوەڕێی “نووسراوی نێوچاوان” ناکەین و شکستی خۆمان ناخەینە ئەستۆی “پیلانگێڕی”؟

ئەم وەسپ و پێناسانە “جوێنی” ڕەگەزپەرستانە نەبوون، بەڵکوو “دەستنیشانکردنی کلینیکی”ی نەخۆشییەکان بوون. ڕۆژئاوایی “قەدەرگەرایی” بۆ ئێمە دانەهێنا، بەڵکوو ئێمەی بینی کە نوقمی خەوێکی قووڵ بووین و چاوەڕێی “مەهدی”، یان “ڕزگارکەر” دەکەین. نکۆڵیکردنی سەعید لە ڕاستیی ئەم وێناکردنە جۆرێکە لە “نەرجسییەتی بریندار” کە پێی باشترە پێی بگوترێت “ئێوە قوربانیی پیلانگێڕییەکی زمانەوانین” لە بری ئەوەی پێی بگوترێت “ئێوە عەیبێکی بنیادیتان لە بیرکردنەوەتاندا هەیە و پێیەوە دەناڵێنن”.

ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیی پاشەکشە و داڕمان

جەوهەری دەمارگیری و دۆگماتیزم لە بیرۆکەی “داهێنانی ڕۆژهەڵات”دا لەوەدایە کە خودی ڕۆژهەڵاتی بێتاوان دەر دەخات و ئازادی دەکات لە بەرپرسیارێتیی داڕووخانەکەی. کاتێک سەعید دەڵێت ڕۆژهەڵات “وێنەیەکە ڕۆژئاوا دروستی کردووە”، ئەوا “بەڵگەنامەی بێتاوانی”مان پێ دەبەخشێت لە هەموو عەیب و کەموکووڕییەکانمان. وەک ئەوەی بڵێین: “ئێمە دواکەوتوو نین، بەڵکوو ڕۆژئاوا وای وێنا کردووین”.

ئەم لۆژیکە پووچگەراییە بوو کە ڕۆحی ڕێنێسانسی تێدا کوشتین؛ لەبری ئەوەی سەرقاڵی چاککردنی پەروەردە و گەشەپێدانی ئابووری و ڕزگارکردنی عەقڵمان بین، سەرقاڵی “هەڵوەشاندنەوەی گوتاری ڕۆژئاوایی” و ڕاوکردنی تارمایی بین لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسە کۆچکردووەکاندا. ئێمە بووینە نەتەوەیەک لە “شیکەرەوەی ئەدەبی” کە لە ڕەخنەگرتنی “پێناسەی  نەخۆشییەکە”دا زۆر لێهاتووین لە کاتێکدا نەخۆشییەکە جەستەمان دادەڕزێنێت.

ڕاستییە تاڵەکە: ڕۆژهەڵاتناسی وەک گەواهیی شایەتحاڵ

مێژوو بە دەق دروست ناکرێت وەک ئەوەی سەعید بە وەهمەوە بۆی دەچێت، بەڵکوو ڕاستییە سەختەکان دروستی دەکەن. کاتێک ڕۆژهەڵاتناسان لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕۆژهەڵاتیان بە “لاواز” و “شەکەت” وەسف دەکرد، دەوڵەتی عوسمانی بە کردەیی “پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا” بوو. ئەو لە خەیاڵی لۆرد کرۆمەر، یان بێرنارد لویسدا نەخۆش نەبوو، بەڵکوو لە سوپا تێکشکاوەکانی و بەڕێوەبەرایەتییە گەندەڵەکەی و داخرانی عەقڵەکەی لە زانستدا نەخۆش بوو.

ئەوەی سەعید دەیکات هەوڵێکە بۆ شکاندنی “ئاوێنەکە” (ڕۆژهەڵاتناسی) چونکە دەموچاوە زەرد و پڕلۆچەکەی ئێمەی نیشان دا. ئەو دەیەوێت باوەڕمان پێ بێنێت کە دەموچاوەکەی ئێمە جوانە و کێشەکە لە “دروستکردنی ئاوێنەکە”دایە. بەڵام ئەو ڕاستییەی کە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی”ڕاستەقینە” تووشی قەیرانێکی بوونگەرایی ببوو و بەردەوامیشە. ڕۆژهەڵاتناسی بە هەموو عەیبەکانییەوە، یەکەم پەنجەرە بوو کە تێیدا قەبارەی ئەو کەلێنەمان بینی کە لە سەردەم دایبڕیوین.

پوختە:

ڕۆژهەڵات “ئەفسانەیەک” نەبوو لە خەیاڵدانی ڕۆژئاوادا، بەڵکوو واقیعێکی بریندار بوو. ڕزگاریی ڕاستەقینە لە نکۆڵیکردندا نییە لەوەی ڕۆژهەڵاتناسان لەبارەی ئێمەوە وتوویانە، بەڵکوو لەوەدایە کە بوێریمان هەبێت بۆ خۆمان ببینە “ڕۆژهەڵاتناسی خۆمان”؛ بە دوای کەموکووڕییەکانماندا بگەڕێین، ڕووبەڕووی خورافاتەکانمان ببینەوە، و دان بەوەدا بنێین کە زۆربەی ئەوەی “ئەوی تر” دەربارەی ئێمەی وتووە، بەداخەوە ڕاستیی ڕووتبوونە کە ئێمە ترساوین ڕووبەڕوویان ببینەوە. “ڕۆژهەڵاتی ڕاستەقینە” بە ونبوویی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی بەردەوام بین لە بڕواکردن بە درۆکەی سەعید کە ئێمە تەنها “قوربانیی دەقێکی ئەدەبیین”.

شەڕی چاپخانە: کاتێک ڕۆژهەڵات دژی ڕووناکی جەنگا (بەشی چوارەم)

لە ئەدەبیاتی ئێدوارد سەعیددا، ڕۆژئاوا وەک هێزێکی دڕندە وێنا دەکرێت کە هەڵیکوتاوەتە سەر ئارامی و بێدەنگیی ڕۆژهەڵات تا بەپێی ئارەزووەکانی خۆی دووبارە دایبڕێژێتەوە. بەڵام سەعید، لە چوارچێوەی فریودانە بەردەوامەکەیدا، چاوپۆشی لە “ساتەوەختی سفر” دەکات کە چارەنووسی هەردوو هێزەکەی دیاری دەکرد، واتا ساتەوەختی داهێنانی چاپخانە. لە کاتیكدا ڕۆژئاوا “عەقڵ”ی چاپ دەکرد و بە قاوەخانە و ماڵەکاندا بڵاوی دەکردەوە، ڕۆژهەڵاتی “پیرۆز” فەتوای لەسێدارەدانی ئامێرەکە و تەکفیری پیتی چاپکراوی دەر دەکرد. لەم بەشەدا، پەردە لەسەر ئەوە لا دەدەین کە چۆن ڕۆژهەڵات بە دەستی خۆی دژی ڕووناکی جەنگا و چۆن ئەو “کۆڵۆنیالیزم”ەی کە سەعید نەفرەتی لێ دەکات، ئەو هێزە بوو کە ڕۆژهەڵاتی “ناچار کرد” دوای چەندین سەدە لە نەخوێندەواریی ئارەزوومەندانە، پێ بنێتە نێو سەردەمی زانستەوە.

یەکەم: مێژووی نەزانی، سەدە ونبووەکان لەنێو فەرمانە عوسمانییەکاندا

لە کاتێکدا “یۆهانیس گوتنبێرگ” لە ناوەڕاستی سەدەی پازدەهەمدا (١٤٥٠ز) بەردی بناغەی چاپخانەی دادەنا و ڕێگەی بۆ شۆڕشێکی فکری خۆش دەکرد کە مرۆڤایەتی تا ئەو دەمە وێنەی نەدیبوو، کاردانەوەی ناوەندی شارستانیی ڕۆژهەڵات لەو سەردەمەدا، واتا دەوڵەتی عوسمانی ڕەتکردنەوەی ڕەهای ئەو شۆڕشە بوو.

لە سێدارەدانی ئامێرەکە: لە ساڵی ١٤٨٥ز، سوڵتان بایەزیدی دووەم فەرمانێکی ڕاشکاوانەی دەر کرد کە چاپکردنی بە پیتی عەرەبی قەدەغە دەکرد. ئەم قەدەغەکردنە شتێکی ڕێکەوت نەبوو، بەڵکوو بە فەرمانێکی تری سوڵتان سەلیمی یەکەم لە ساڵی ١٥١٥ز جەختی لێ کرایەوە. ئەم قەدەغەیە نزیکەی دوو سەدە و نیو بەردەوام بوو. بیر لە قەبارەی ئەو کەلێن و بۆشاییە بکەنەوە، دوو سەدە و نیو ئەوروپا ملیۆنان کتێبی لە بوارەکانی گەردوونناسی، پزیشکی، فەلسەفە و سیاسەتدا لە چاپ دەدا، لە هەمان کاتدا ڕۆژهەڵات ئامێرەکەی قەدەغە دەکرد بە بیانووی “پیرۆزیی دەستخەتەوە/ خەتی دەستەوە”.

هاوپەیمانیی زانایانی ئایینی و نوسخەکاران/ نووسەرانی کتێببەدەست، یا خۆشنووسان: ئێدوارد سەعید باس لە “هەژموونی ڕۆژئاوا” دەکات، بەڵام باس لەو “هەژموونی نەزانی”یە ناکات کە لەلایەن هاوپەیمانییەکی ناپیرۆزەوە سەپێنرابوو؛ لە نێوان فەقیهەکان کە چاپخانەیان وەک هەڕەشەیەک دەبینی بۆ سەر قۆرخکاریی زانستی ئایینی لەلایەن خۆیانەوە و خەتخۆشەکان کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بژیویان دەیانڕوانییە ئامێرەکە. گەلانی ڕۆژهەڵات لە خوێندنەوە بێبەش کران، تەنها لەبەر ئەوەی چەند هەزار خەتخۆشێک دەیانویست پیشەکەیان بپارێزن و لەبەر ئەوەی زانا ئایینییەکان دەیانویست جەماوەر لەژێر ڕەحمەتی “بیستن”دا بمێننەوە نەک “خوێندنەوە”.

ئەو بەدەرکردنەی ڕێساکە دەسەلمێنێت: لە هەمان کاتدا ڕێگە درا بە جوولەکە، ئەرمەنی و یۆنانییەکان لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا چاپخانە بەکار بهێنن بە مەرجێک پیتی عەرەبی بەکار نەهێنن. ئەمە واتای ئەوەیە دەسەڵات درکی بە گرنگیی ئامێرەکە کردبوو، بەڵام بە مەبەست دەیویست کۆمەڵگە سەرەکییەکە کە موسڵمانان بوو لە “نەزانی”دا بهێڵێتەوە تا بەئاسانی دەستی بە سەریاندا بڕوات. جا لەمەدا “پیلانگێڕیی ڕۆژئاوا” لە کوێدایە؟ ڕۆژئاوا لە پێشڕەویدا بوو، ڕۆژهەڵاتیش بە ویستی خۆی، خۆی بە کۆڵەکەی دواکەوتووییەوە بەستبووەوە.

دووەم: بۆشایی زانستی، ئەو پەراوێزەی دەقەکەی کوشت

ڕۆژئاوا وەبەرهێنانی لە “زانیاری”دا دەکرد وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵات وەبەرهێنانی لە “جووینەوە و دووبارەکردنەوە”دا دەکرد وەک ئامرازێک بۆ جێگیری و نەگۆڕان. ئەم کەلین و بۆشاییە زانستییە بوو کە “ڕۆژهەڵاتناسی”ی (Oriëntalisme) دروست کرد، ئەو زانستەی کە بە دڵی ئێدوارد سەعید نییە.

تەقینەوەی زانیاری و زانست لە ڕۆژئاوا: بەهۆی چاپخانەوە، کتێب لە ئەوروپا لە کاڵایەکی بژاردە و دەگمەنەوە بوو بە موڵکێکی گشتی. ڕۆژنامەگەری سەری هەڵدا، کۆمەڵە زانستییەکان دامەزران و “عەقڵ” دەستی کرد بە دادگاییکردنی “دەق”. چاپخانە بوو کە نیوتن، دیکارت و ڤۆڵتێری دروست کرد و زەمینەی بۆ شۆڕشی پیشەسازی خۆش کرد. ڕۆژئاوا لەبەر ئەوە سەر نەکەوت، چونکە “شەڕانگێز” یان “داگیرکەر” بوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەی زیاتر و خێراتر “دەیخوێندەوە”.

کۆت و بەندی پەراوێزەکان: لە بەرانبەردا، عەقڵی ڕۆژهەڵاتی بوو بە “نووسینەوە و نوسخەکار/ کۆپیکار”، داهێنانی ڕەسەن ون بوو و لە شوێنی ئەو “پەراوێز” و “شیکردنەوەی پەراوێز” هاتنە کایەوە. دەبینی کتێبێکی فیقهی، یان لە بواری زماندا، پەراوێزی بۆ دەنووسرا، پاشان پەراوێزێکی تر بۆ ئەو پەراوێزە دەنووسرا، پاش ئەوەش شیکردنەوە بۆ پەراوێزی پەراوێزەکە دەکرا! زانست بوو بە شتێکی “لێوژە و زارەکی” کە هەر بە دەوری خۆیدا دەسووڕایەوە و بەتەواوی لە واقیعی ماددی دابڕابوو. ڕۆژهەڵات وەبەرهێنانی لە “پیرۆزکردنی نەزانی” و بەرزراگرتنی هەڵە کۆنەکاندا دەکرد، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتناسە ڕۆژئاواییەکان بە چاوی زانستی سەیری ئەم سڕبوون و چەقبەستووییەیان دەکرد کە سەعید دواتر ناوی نا “تێڕوانینی لووتبەرزانە”. ڕاستییەکەی ئەوە تێڕوانینێکی باڵادەستانە نەبوو، بەڵکوو “نیگای کەسێک بوو لە فڕۆکەوە سەیری کەسێکی دەکرد کە لە ئەشکەوتدا دەژی”.

مردنی تینوێتیی بۆ زانست: چاپخانە لە ڕۆژئاوا تینوێتیی زانینی تێر دەکرد؛ ئارەزووی ناسینی جوگرافیای جیهان و کیمیای جەستە و جووڵەی ئەستێرەکانی پەرە پێ دەدا. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا، تینوێتیی زانین بە دەستەواژەی “بدعة” (داهێنراوی خراپ) دەکوژرا. کاتێک ڕۆژهەڵاتناسێک دەهات بۆ لێکۆڵینبەوە لە جوگرافیای ڕۆژهەڵات، یان زمانەکانی، ئەو نهێنییەکانی نەدەدزی، بەڵکوو ئەو “بۆشاییە”ی پڕ دەکردەوە کە خاوەنماڵەکان بەجێیان هێشتبوو؛ چونکە خاوەنماڵەکان لە جوگرافیاکەیان تەنها ڕووگەی نوێژ (قیبلە)یان بۆ گرنگ بوو، لە زمانەکەشیان تەنها سەجەع و کێش و قافیەی نێو دەقەکان.

 

سێیەم: سپڵەیی بەرانبەر چاکە؛ چاپخانە لەسەر پشتی کەشتیی جەنگی هات

لێرەدا دەگەینە ئەو لووتکەیەی کە ئێدوارد سەعید و شوێنکەوتووانی خۆیانی لێ لا دەدەن، ئەویش ئەوەیە کە چاپخانە لەسەر داواکاریی زانا ئایینییەکان نەهێنرا بۆ ڕۆژهەڵات، بەڵکوو “دەستکەوتێکی شارستانی” بوو کە کۆڵۆنیالیزم سەپاندی.

شۆکی ناپۆلیۆن: لە ساڵی ١٧٩٨، ناپۆلیۆن پۆناپارت یەکەم چاپخانەی بە پیتی عەرەبی (چاپخانەی ڕۆژهەڵات)ی لەگەڵ خۆی هێنا بۆ میسر. ئەم ساتەوەختە “تەقینەوە گەورەکە”ی ڕێنێسانسی نوێی عەرەبیی بوو. ڕۆژئاوای “داگیرکەر” ئەو لایەنە بوو کە میسرییەکانی فێر کرد چۆن نووسراو و کتێبەکانیان لە چاپ بدەن. ئایا ئەمە کارێکی “شەیتانی” بوو؟ ئەگەر ئەم چاپخانەیە نەبووایە، میسر بۆ سەدەیەکی تریش لەناو تاریکیی مەمالیکەکاندا بە نوقمبوویی دەمایەوە.

چاپخانەی بوڵاق و مار مارون: بەهۆی بەریەککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوادا، چاپخانەکان لە لوبنان (لە ڕێگەی نێردە ئایینییەکانەوە) و لە میسر (چاپخانەی بوڵاق) دەر کەوتن. ئەم چاپخانانە بوون کە زمانی عەرەبییان “ژیاندەوە” کە ئێدوارد سەعید ئەمڕۆ پێی دەنووسێت. ئەوان بوون دیوانەکانی شیعرە کۆنەکان، کتێبەکانی مێژوو و وەرگێڕانەکانی زانستە نوێیەکانیان چاپ دەکرد. ئەو ڕۆژئاواییانەی کە سەعید تۆمەتباریان دەکات بەوەی کە گوایە خەریکی “سڕینەوە و شاردنەوەی ناسنامەی ڕۆژهەڵاتی” بوون، ئەوە هەر ئەوان بوون کە ئەم ناسنامەیان “چاپ کرد” و لە دەستنووسێکی ڕزیوی مۆرانەخواردووی نێو تاقی خانەکانەوە کردی بە کتێبێک کە ملیۆنان کەس بیخوێننەوە.

پارادۆکسە پێکەنیناوییەکە: ڕۆشنبیرانی هاوچەرخی عەرەب وتارەکانیان بەو ئامێرانەی چاپ و دواتریش بە کۆمپیوتەر دەنووسن کە ڕۆژئاوا دایهێناون و ئەو زاراوانە بەکار دەهێنن کە بەهۆی چاپخانەکانی کۆڵۆنیالیزمەوە ڕێک خران و بوونەتە ستاندارد بۆ ئەوەی جنێو بە ڕۆژئاوا بدەن و وەک دوژمنێک وێنای بکەن کە دەیەوێت کولتوورەکەیان تێک بدات. ئەوان ئەو “ڕووناکی”یە بەکار دێنن کە ڕۆژئاوا پێی بەخشین، بۆ ئەوەی نەفرەت لە “گڵۆپەکە” بکەن.

چوارەم: سایکۆلۆژیای ڕەتکردنەو؛ بۆچی تا ئەمڕۆش ڕقیان لە چاپخانەیە؟

ڕقی کۆن لە چاپخانە، هەمان ئەو ڕقەی ئێستایە کە لە “ڕیباز و میتۆدی زانستیی ڕۆژئاوایی”یە. هەردوو داهێنانەکە نوێنەرایەتیی “شەفافیەت”و “ڕوونی” و “لێپرسینەوە” دەکەن.

ترس لە ئازادی: کتێبی چاپکراو تاک لەژێر دەستی “شێخ”، یان “تەڵقیندەر” ڕزگار دەکات. کاتێک مرۆڤ دەخوێنێتەوە، پرسیار دەکات، ڕۆژهەڵات کە “پایەبەندی و گوێڕایەڵی” بە پیرۆز دادەنێت، بۆیە چاپخانە وەک ئامرازێکی پاشاگەردانی دەبینێت. ئێدوارد سەعید بەردەوامیی بەم ڕێچکەیە دەدا، بەڵام لە بەرگێکی عەلمانیدا؛ هەوڵی دا وامان تێ بگەیەنێت کە “زانستی ڕۆژئاوایی” ئامرازی دەسەڵاتە، لە کاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە کە زانستی (چاپکراو و بڵاوکراوە) گەورەترین ئامرازە بۆ “تێکشاندنی دەسەڵات” و ستەمکاری.

خۆنەناسین: سەعید لۆمەی ڕۆژهەڵاتناسان دەکات، چونکە ڕۆژهەڵاتیان “ناساند و پێناسە کرد”. بەڵام ئەوە لەبیر دەکات کە ڕۆژهەڵات تەنانەت بۆ خۆیشی “نەناسراو” بوو. پێش چاپخانە، کوڕی قاهیرە هیچی لەبارەی مێژووی مەغریب نەدەزانی و ڕۆڵەی بەغدا بێئاگا بوو لە شارستانیەتی یەمەن. چاپخانە کە ڕۆژئاوا هێنای و ڕۆژهەڵاتناسەکانیشی دەستنووسەکانیان ساغ کردەوە، هەر ئەو هۆکارەش بوو کە “هۆشیاریی نەتەوەیی عەرەبی” و “هۆشیاریی گشتیی ئیسلامی”ی دروست کرد. ڕۆژئاوا “ئاوێنە”یەکی بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان دروست کرد تا خۆیانی تێدا ببینن، کەچی ئەوان ئاوێنەکەیان شکاند، چونکە دەموچاوەکەیان بەدڵ نەبوو، دروستکەری ئاوێنەکەشیان بە ساختەکاری تۆمەتبار کرد.

کۆتایی

جەنگی چاپخانە ساختەیی تێزی “ڕۆژهەڵاتناسی” دەر دەخات. ڕۆژئاوا هەوڵی نەدەدا بە “وشە” دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتدا بگرێت وەک ئەوەی سەعید بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکوو هەوڵی دەدا بە “وشە” ڕۆژهەڵات بەئاگا بێنێتەوە. “تاوانە گەورەکە” قەدەغەکردنی چاپخانە بوو بۆ ماوەی دوو سەد و پەنجا ساڵ، ئەو تاوانەی کە ڕۆژهەڵات دژی خۆی ئەنجامی دا. هەر ئەو تاوانەش بوو کە دواتر ڕێگەی بۆ کۆڵۆنیالیزم خۆش کرد؛ چونکە بۆشاییەکە تەنها لە چەکدا نەبوو، بەڵکوو لە “پیت و نووسین”دا بوو. کاتێک ناپۆلیۆن چاپخانەکەی هێنا، ئەو کولتووری میسرییەکانی نەدزی، بەڵکوو تاقە ئامرازی پێ بەخشین بۆ ئەوەی بتوانن دواتر بەرگریی پێ بکەن. بەکارهێنانی ئەم ئامرازە لەلایەن میراتگرانی وەک (سەعید) بۆ جنێودان بەوەی کە ئامێرەکەی هێناوە، لووتکەی “سپڵەیی شارستانی”یە.

ڕۆژهەڵات دژی ڕووناکی جەنگا و کاتێک بەهۆی “شۆکی کۆڵۆنیالیزم”ەوە پەنجەرەکان کرانەوە و ڕووناکی دزەی کردە ژوورەوە، ئێدوارد سەعید هات و پێی وتین: “پەنجەرەکان دابخەن، ئەم ڕووناکییە پیلانێکی ڕۆژئاواییە بۆ تێکدانی تاریکییە ڕەسەنەکەمان”. ئەمە بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی “بە دەست نووسین و لەبەرنووسینەوەی کتێب” و نەزانیی پیرۆز، لەژێر ناوی “پاراستنی ناسنامەمان لە ڕۆژهەڵاتناسی”.

ڕۆژهەڵاتناسان پەیامبەرە ڕاستەقینەکانی مێژووی ڕۆژهەڵاتن (بەشی پێنجەم)

لە جیهانی ئێدوارد سەعیددا، ڕۆژهەڵاتناس وەک بوونەوەرێکی مشەخۆر وێنا دەکرێت؛ دزێک کە ماسکی توێژەری پۆشیوە و سیخوڕێک کە لە جلی زمانزانێکدا خۆی شاردووەتەوە، تەنیا ئامانجیشی “وێناکردن”ی ڕۆژهەڵاتە بە شێوەیەک کە خزمەت بە کەشتییە جەنگییەکانی کۆڵۆنیالیست و داگیرکار بکات. بەڵام دوور لە ژاوەژاوی ئایدۆلۆژیا و بە وردبوونەوە لە دەستکەوتە بەرجەستەکان، پرسیارێکی ئاگرتێبەردەر سەر هەڵدەدات: ئایا “ڕۆژهەڵات” لە کوێ بوو پێش ئەوەی ڕۆژهەڵاتناسان دەستی بخەنە سەر؟ ئەو ڕاستییەی کە لەرز لە شوێنکەوتووانی سەعید دێنێت ئەوەیە کە ڕۆژهەڵات لە حاڵەتێکی “ئەڵزەهایمەری شارستانی” تەواودا دەژیا؛ بەسەر گەنجینەگەلێکدا دەڕۆیشت کە نەیدەناسین، بە زمانگەلێک دەدوا کە لە ڕەگ و ڕیشەکەی تێ نەدەگەیشت و سووکایەتیی بەو شوێنەوارانە دەکرد کە بە “بت”، یان “بەردی ڕەقوتەق “دایدەنان. لەم بەشەدا دەیسەلمێنین کە ڕۆژهەڵاتناسان ئامرازی باڵادەستی و هەژموون نەبوون، بەڵکوو ئەو پەیامبەرە ڕاستەقینانە بوون کە مێژووی ڕۆژهەڵاتیان لە گۆڕ ڕاست کردەوە و یادەوەرییەکەیان لە فەوتانی تاهەتایی ڕزگار کرد.

یەکەم: کێ مێژووی ڕزگار کرد؟ موعجیزەی کۆدشکاندن و زیندووکردنەوەی مردووان

ئێدوارد سەعید دنیای لێ ڕاست کردینەوە لەبەر ئەوەی ڕۆژهەڵاتناسان ڕۆژهەڵاتیان خستە ناو “قاڵب”ی خوێندنەوە، بەڵام ئەو ڕاستییەی پشتگوێ خست کە هەر ئەم “ڕۆژهەڵاتناسانە” بوون کە توانای خوێندنەوەی مێژووەکەیان بە ڕۆژهەڵاتییەکان بەخشی. بۆ هەزاران ساڵ، شارستانییەتەکانی بابل، ئاشوور، سۆمەر و میسری کۆن تەنیا ئەفسانەی تەمومژاوی، یان وێرانەی بێدەنگ بوون.

شاماپۆلیۆن و بەردی ڕەشید: کاتێک “جان فرانسوا شامپۆلیۆن” توانیی کۆد و هێماکانی هیرۆگلیفی بکاتەوە، ئەو خەریکی “باڵادەستیی ئیمپریالی” نەبوو، بەڵکوو خەریکی “ڕزگارکردنی زانستی” بوو. ئەو حەوت هەزار ساڵ مێژووی بۆ میسرییەکان و بۆ جیهان گێڕایەوە کە بەتەواوی لە یادەوەریی بەکۆمەڵی خەڵکی میسر سڕابووەوە، ئەوانەی وەک “ماڵی تارمایی”، یان شوێنی بەردتاشین بۆ دروستکردنی خانووە قوڕەکانیان سەیری پەرستگاکانیان دەکرد.

ڕاولنسۆن و خەتی بزماری: ئەگەر هەوڵەکانی ڕاوڵنسۆن و ئەوانی تر نەبووایە لە وڵاتی نێوان دووڕووبار (میزۆپۆتامیا)دا،  بۆ کردنەوە و شکاندنی کۆدی خەتی بزماری، داستانەکەی “گلگامێش” و قانوونەکانی “حەمووڕابی” تەنیا وەک نەخشی قوڕینی بێبایەخ دەمانەوە. ڕۆژهەڵات هیچی دەربارەی حەمووڕابی نەدەزانی و پێی وابوو مێژووەکەی لە ساتەوەختی گەیشتنی “شمشێری عەرەبەکانەوە” دەست پێ دەکات. ئەوە ڕۆژئاوا بوو عێراقییەکانی فێر کرد کە ئەوان میراتگری یەکەم شارستانیەتی مێژوون و هەر ئەویش بوو کە گەورەیی “ئیبڵا” و “ئۆگاریت”ی بە سوورییەکان ناساند.

کەلێنی زانستیی: لە کاتێکدا زانایانی ڕۆژئاوا ژیانی خۆیان لە بیابانەکان و لەناو پەتاکاندا دەخستە مەترسییەوە بۆ گەڕان بەدوای ئاسەوارێکدا، “زانا”کانی ڕۆژهەڵات سەرقاڵی لێکدانەوەی خەونی سوڵتانەکان، یان نووسینی پەراوێز بوون بۆ پەراوێزی کتێبە زەردهەڵگەڕاوە کۆنەکان. ئەو بانگەشەیەی سەعید کە دەڵێت ئەم هەوڵەی ڕۆژهەڵاتناسان بۆ “شێواندن”ی ڕۆژهەڵات بووە، لووتکەی بێشەرمییە؛ ئەو کەسەی شتەکان “زیندوو دەکاتەوە” چۆن دەتوانێت بیانشێوێنێت؟ ئایا ڕۆژهەڵات پێی باشتر بوو بە نەزانی بمێنێتەوە و هیچ لەبارەی ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە نەزانێت، تەنیا بۆ ئەوەی نەکەوێتە داوی “وێناکردنی ڕۆژئاوایی”یەوە؟

دووەم: دەستنووس و پەیدۆزی؛ ئەمانەتی ڕۆژئاوایی لە بەرانبەر گوێنەدانی ڕۆژهەڵاتیدا

خاڵێکی تر کە هۆی تووڕەبوونی نەتەوەییەکان و ئیسلامگەراکانە، ئەوانەی کە لەسەر بیرۆکەکانی سەعید دەژین، ئەو ڕاستییەیە کە “میراتی ئیسلامی” بەخۆی، کە ئەوان شانازیی پێوە دەکەن، ئەمڕۆ قەرزاری دەزگاکانی چاپ و کتێبخانە و زانایانی ڕۆژئاواییە.

کتێبخانەکانی بەرلین و لەندەن و پاریس: ئەم دامەزراوانەی کە سەعید وەک “گەنجینەی کۆڵۆنیالیزم” ناویان دەبات، لە ڕاستیدا “کەشتیی نووح” بوون کە میراتی عەرەبی و ئیسلامییان لە خنکان ڕزگار کرد. لە کاتێکدا دەستنووسەکان لە قاهیرە و دیمەشق و ئەستەمبوڵ بەهۆی شێدارییەوە خراپ دەبوون، یان دەڕزان و وەک کاغەزی پێچانەوە دەفرۆشران، یان لە سووتان و شەڕە ناوخۆییەکاندا لەناو دەچوون، کتێبخانەی نیشتمانیی بەرلین و مۆزەخانەی بەریتانی بە پیرۆزییەکی زانستییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم کاغەزانەدا دەکرد کە لە وڵاتە ڕەسەنەکانی خۆیاندا بە هیچ جۆرێک لە ئارادا نەبوو.

هونەری پەیدۆزی (تحقیق): ئەوە ڕۆژهەڵاتناسانی وەک “لیڤی پرۆڤێنسال”، “شاخت”، “برۆکڵمان” و “نیکڵسۆن” بوون کە ڕێباز و میتۆدە زانستییەکانیان بۆ پەیدۆزیی دەستنووسەکان داهێنا. ئەوان بوون کە “پێشەکیی ئیبن خەلدوون” و “مێژووی تەبەری” و “کتێبەکانی فەلسەفە”یان لە تاریکستانی دەستنووسە تۆزاوییەکانەوە بۆ ڕووناکیی کتێبی چاپکراوی ساغکراوە (محقق) دەر هێنا. ئەگەر چاپخانە ڕۆژئاواییەکان و ڕۆژهەڵاتناسان نەبوونایە، ڕەنگە نیوەی میراتی عەرەبی لەناو بچووایە، هەمان ئەو میراتەی کە عەرەبەکان ئەمڕۆ لە ڕێگەیەوە جوێن بە ڕۆژئاوا دەدەن.

بێڕێزیی ڕۆژهەڵاتی بەرانبەر میرات: ئەوەی مایەی پێکەنین و گریانە ئەوەیە کە زۆرێک لەو دەستنووسانەی ڕۆژهەڵاتناسان کڕیویانە، یان گواستوویانەتەوە، خەڵکی ناوچەکە بە نرخێکی زۆر کەم پێیان فرۆشتوون، چونکە ئەوان هیچیان تێدا نەدەبینی جگە لە “کاغەزە کۆن”. بە وتەیەکی دیکە کاتێک ڕۆژئاوا بەهای ئەو شتانەی دەزانی، ڕۆژهەڵات تەنها بە”شتی کۆنە و بێکەڵكی”ی دەبینی. کەواتە لێرەدا کێ “جێگەی متمانەیە”؟ و کێ “دز”ە؟

سێیەم: ئەمانەتی زانستی لە نێوان “مۆزەخانەی بەریتانی” و “پاچەکانی داعش”دا

ئەم خاڵە کردەییترین و بەرجەستەترین وەڵامە بۆ تیۆرییەکانی ئێدوارد سەعید. لە کاتێکدا ئەو بۆ “تاڵانکردنی” ئاسەواری ڕۆژهەڵاتی و دانانیان لە مۆزەخانەکانی ئەوروپا دەگری، ڕۆژگار سەلماندی کە ئەم “تاڵانکردنە” لە ڕاستیدا “کردەوەیەکی ڕزگارکردنی مێژوویی” بوو.

پاراستن بەرانبەر تێکدان: بەراوردێک بکەن لە نێوان پەیکەری “گای باڵدار” (لاماسۆ) کە لە لەندەن پارێزراوە، نۆژەن دەکرێتەوە و لەلایەن ملیۆنانەوە بە ڕێزەوە سەردانی دەکرێت، و هاوشێوەکەی کە لە مووسڵ مایەوە تاوەکوو داعشەکان کە (نەوەی “ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتن” و ڕۆژهەڵاتناسی پیسی نەکردوون) بە چەکوش تێکی بشکێنن و بە دینامیت بیتەقێننەوە.

تاڵیبان و بودای بامیان: کاتێک تاڵیبان پەیکەری بودایان لە ئەفغانستان تەقاندەوە، ئەوان پەیڕەوی لۆژیکێکی ڕۆژهەڵاتی “خۆجێیی”یان دەکرد کە لە ئاسەواردا “پۆخڵی و کاری شەیتان”یان دەبینی. ئەگەر دەستێوەردانی ڕۆژهەڵاتناسان و نێردە ڕۆژئاواییەکان لە شوێنەکانی تری ڕۆژهەڵات نەبووایە، هەموو ئاسەوارێکی شارستانی لە ناوچەکەماندا هەمان چارەنووسی دەبوو.

  مۆزەخانە وەک تاقیگەی شارستانی: مۆزەخانە ڕۆژئاواییەکان “کۆگای دزان و شتە دزراوەکان ” نەبوون، بەڵکوو تاقیگەی کراوە بوون بۆ هۆشیاریی مرۆڤایەتی. مۆزەخانە ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ (لە نێویشیاندا خودی ڕۆژهەڵاتییەکان) دەتوانن زنجیرەی گەشەکردنی شارستانییەتی مرۆییی تێدا ببینن. دزینی ئاسەوار بۆ پاراستنی لە “نەزانیی پیرۆز” و لە “کەمتەرخەمیی مێژوویی”، کارێکی ئەخلاقییە، با ئێدوارد سەعید هەر ناوی “داگیرکاری” لێ بنێت.

چوارەم: ڕۆژهەڵاتناسی وەک ئاوێنەیەکی ڕاستگۆ، بۆچی ڕقیان لێیەتی؟

عەقڵی عەرەبی ڕقی لە ئێدوارد سەعیدە، چونکە “دەرچەیەکی فریاکەوتن”ی لە ڕاستیی بۆ دابین کردووە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتناسان وێنەی ڕۆژهەڵاتیان نەشێواندووە، بەڵکوو “ناشرینیی واقیعی ڕۆژهەڵاتی”یان لە ساتەوەختە دیاریکراوەکاندا ئاشکرا کردووە، ئەمەش مایەی بەخشین نییە.

وردیی زانستی: کاتێک ڕۆژهەڵاتناس لێکۆڵینەوەی ورد لە زمانی عەرەبی دەکات بە شیوەیەک کە لە هەڵگرانی زمانەکە  باڵاترە، ئەمان هەست بە کەمیی دەکەن کە ئەو بە کارەکەی پێیان دەبەخشێت. کاتێک “کارڵ برۆکڵمان” مێژووی ئەدەبی عەرەبی لە چەندان بەرگی گەورەدا دەنووسێت و دامەزراوە عەرەبییەکان بە هەموویان ناتوانن ئەوە بکەن، ڕووبەڕووی بێتوانایی خۆیانیان دەکاتەوە. بۆیە ئاسانتر بوو تۆمەتباری بکەن بە “ڕۆژهەڵاتناسی” لەجیاتی ئەوەی دان بە باڵادەستیی ڕێبازە  زانستییەکەیدا بنێن.

داماڵینی پیرۆزی: مامەڵەی ڕۆژهەڵاتناسان لەگەڵ دەقە ئایینی و مێژووییەکاندا بە جۆرێک بوو کە وەک ئامرازی زانستی دەکرێت ڕەخنەیان لێ بگیرێت، ئەمەش عەقڵی ڕۆژهەڵاتی وەک “تاوان” سەیری دەکات. ئێدوارد سەعید سوودی لەم هەستە ئایینییە بریندارە وەرگرت بۆ ئەوەی ڕەخنەی زانستی وەک “هێرشێکی خاچپەرستی”ی نوێ وێنا بکات، لە کاتێکدا ئەو ڕەخنەیە لە ڕاستیدا “ڕۆشنگەری”یە و ئەوانەی ڕەتی دەکەنەوە وا ڕاهاتوون لە تاریکیدا بژین.

پوختە:

ئەو تۆمەتەی ئێدوارد سەعید کە گوایە ڕۆژهەڵاتناسان “ڕۆژهەڵاتێکی خەیاڵکردە”یان دروست کردووە، درۆیەکی گەورەیە. ڕۆژهەڵاتناسان ئەوانە بوون کە “خود -هۆشیاری”یان بۆ ڕۆژهەڵات گەڕاندەوە. ئەگەر ئەوان نەبوونایە، ئەوا مێژووی میسر لە سنووری “سەردەمی قیبتی”دەوەستا و مێژووی عێراق لە سەردەمی “فەتح”دا و مێژووی شامیش لە سەردەمی “ئەمەوییەکان”دا دەوەستا.

ڕۆژهەڵاتناسان ئەو “پەیامبەرانە” بوون کە مژدەی گەورەییی ڕۆژهەڵاتیان بە گوێی دونیادا دا لە کاتێکدا ڕۆژهەڵات بێڕێزی و سووکایەتیی بە خۆی دەکرد و لەناو خورافەتدا نغرۆ ببوو. “مۆزەخانەی بەریتانی” و “لووڤەر” و کتێبخانەکانی “بەرلین” ئەو پەرستگە ڕاستەقینانەن کە شکۆی شارستانیی ڕۆژهەڵاتیان تێدا پارێزرا، لە کاتێکدا “پاچ و قوڵنگەکانی نەزانی” لە ناوخۆدا چاوەڕێی ساتەوەختی گونجاو بوون بۆ پاکتاوکردنی حساب لەگەڵ ڕابردوودا.

کاتی ئەوە هاتووە واز لە قسە پووچەکانی سەعید بهێنین و پڕ بە دەم بڵێین: سوپاس بۆ ڕۆژهەڵاتناسان. سوپاس بۆ ئەوانەی فێریان کردین چۆن ناوی باوباپیرانمان بخوێنینەوە، سوپاس بۆ ئەوانەی دەستنووسەکانمانیان لە گەنیویی شێ و گەنیویی مێشکەکان پاراست. ڕۆژئاوا مێژووی ئێمەی داگیر نەکرد، بەڵکوو لە چنگی ئێمەی ڕزگار کرد. ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە ئێدوارد سەعید هەوڵی دا بە پێنووسە ڕازاوەکەی بیشارێتەوە، بەڵام بە هەڵکۆڵراوی لەسەر بەردی مۆزەخانەکان مایەوە، کە هەرگیز درۆ ناکەن.

بەشی شەشەم: میراتە ژەهراوییەکە: سەعید چۆن عەقڵی عەرەبیی هاوچەرخی وێران کرد؟ (بەشی شەشەم)

هەرچەندە ئێدوارد سەعید بە جەستە کۆچی دوایی کردووە، لێ ڕۆحە ئایدیۆلۆژییەکەی هێشتا نیشتەجێی ژوورەکانی لێکۆڵینەوەی زیندانەکانی ستەمکاری و بازنەکانی بانگخوازی ئایینیی وشک و دەقگرتوو و هۆڵە سست و تەمەڵەکانی زانکۆکانی جیهانی عەرەبییە. سەعید “میراتێکی ژەهراوی” لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە بە پۆشاکی ئازادی ئەکادیمی پۆشییوێتی، بەڵام لە جەوهەردا تەنیا “ڕەچەتەیەکی پزیشکی” بوو بۆ کوشتنی عەقڵ. لەم بەشەدا، ئەوە دەخەینە ڕوو، چۆن تێزی “ڕۆژهەڵاتناسی” گۆڕدرا بۆ “سڕکەرێکی” بەکۆمەڵ کە توانای ڕۆژهەڵاتی پەک خست لەوەی عەیب و نوقسانییەکانی خۆی ببینێت و چۆن سەعید دەرفەتەکانی چاکسازی کوشت لە ڕێگەی گۆڕینی “خود ڕەخنەکردن” بە “ناپاکی گەورە”.

یەکەم: بیانووهێنانەوە بۆ شکست.. کاتێک “ڕۆژهەڵاتناسی” بوو بە پەناگەی ستەمکاران

ئێدوارد سەعید گەورەترین دیاری پێشکەش بە ڕژێمە سەرکوتکەر و دیسپۆتەکان و بانگخوازە توندڕەوەکان کرد کە دەیانتوانی خەونی پێوە ببینن ئەویش “بیانووهێنانەوە و پاکانەکردنە بۆ شکستەکانیان”. لەو کاتەوەی کتێبەکەی ئەو دەر چووە، چیی تر دواکەوتوویی عەرەب بەرهەمی گەندەڵی و نەبوونی دیموکراسی و توێژینەوەی زانستی نییە؛ بەڵکوو بووەتە بەرهەمی “وێنەیەکی شێوێندراو” کە ڕۆژئاوا بۆی کێشاوین و پیلانێکی “ڕۆژهەڵاتناسانە” کە ئامانجی هێشتنەوەمانە لە پلەیەکی نزمتردا.

ستەمکاری بە زمانی ئەکادیمی:  هەر کاتێک توێژەرێکی ڕۆژئاوایی، یان ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ ڕەخنە لە نەبوونی ئازادییەکان لە ڕۆژهەڵات دەگرن، ڕژێمە عەرەبییەکانی ئەمڕۆ یەکسەر “دەستەواژە سەعیدییەکان” بەتوندی بەکار دێنن و دەڵین: “ئەمە لوتبەرزیی ڕۆژئاواییە”، یان “ئەمە بۆچوونێکی ڕۆژهەڵاتناسانەیە کە لە تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی ئێمە تێ ناگات”، یاخود “ئێوە بەها ئیمپریالییەکانی خۆتانمان بەسەردا دەسەپێنن”. سەعید “زمانێکی هاوچەرخی” بەخشییە ستەمکاران بۆ پاساودانەوەی ئەوەی کە ئەوان هێشتا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژین.

هاوپەیمانیی بانگخوازان و ستەملێکراوی: ڕەوتی توندڕەوی ئیسلامی بیرۆکەکانی سەعیدی بە ژیرییەکی بێوێنەوە قۆستەوە. بیرۆکەی “ئەو ڕۆژئاوایەی ئیسلام دەشێوێنێت” بوو بەو سووتەمەنییەی ئاگری ڕق و گۆشەگیری خۆش دەکات. ئەوان ڕەخنەی سەعیدیان لە ڕۆژئاوای “عەلمانی” بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی شەرعییەتی ڕۆژئاوای “کافر” و جەماوەریان وەها تێ گەیاند کە هەر هەوڵێک بۆ بەسەردەمیکردنی فیکری ئایینی لە ڕاستیدا “خۆرادەستکردنە بە ئەجێندای ڕۆژهەڵاتناسی”. ئا بەم شێوەیە، سەعیدی (مەسیحی عەلمانی) بوو بە “پاڵەوان” لە چاوی ئەوانەی دژی هەموو شێوەکانی مۆدێرنیتەن.

ونکردنی خود بەرپرسیارێتیی: گەورەترین تاوان کە ئەم میراتە ئەنجامی دا بریتی بوو لە “پەکخستنی بنەمای هۆکارێتی”. لەبری ئەوەی عەقڵی عەرەبی بپرسێت: “بۆچی ئێمە لە دواوەی نەتەوەکانداین؟” پرسیارەکە سوپاس بۆ سەعید بوو بە “ڕۆژئاوا چۆن لە فیلم و کتێبەکانیدا وێنامان دەکات؟” سەعید “کارکردن”ی بە “سکاڵا و کڕووزانەوە” و “داهێنانی”ی بە “هەڵوەشاندنەوەی نییەتەکان” گۆڕییەوە.

دووەم: کوشتنی ڕەخنەگرتن لە خۆ و تۆمەتی “بەکرێگیراویی فیکری”

پێش ئیدوارد سەعید، هەوڵی بوێرانە بۆ ڕێنێسانسی فیکری هەبوون (تەها حوسێن، عەلی عەبدولڕەزاق، سەلامە مووسا) کە درکیان بەوە کردبوو کێشەکە “بنیادییە” لەناو عەرەبدا و وەرگرتن لە ڕۆژئاوا پێویستییەکی شارستانییە. بەڵام سەعید بەتەواوی کۆتاییی بەم ڕەوتە هێنا لە ڕێگەی داهێنانی تۆمەتی “داگیرکردنی کولتووری” و “خۆگونجاندن لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناس”.

تیرۆری فیکری دژی ڕۆشنگەران و ڕووناکبیران: بەهۆی میراتی سەعیدەوە، هەر ڕۆشنبیرێکی عەرەب هەوڵ بدات میتۆدی زانستی ڕۆژئاوایی بۆ ڕەخنەگرتن لە کەلەپوور، یان ڕەخنەگرتن لە واقیعی سیاسی بەکار بهێنێت، دەستبەجێ بە “ڕۆژهەڵاتناسی ناوخۆیی”، یان “تووتیی ڕۆژئاوا” ناوزەد دەکرێت. سەعید جۆرە “پۆلیسێکی کولتووری”ی دروست کرد کە پشکنین بۆ نییەتەکان دەکات؛ ئەگەر ستایشی دیموکراسیی ڕۆژئاوا بکەیت ئەوا “داگیرکراو و نامۆی” و ئەگەر ڕەخنە لە مێژووی ئیسلامی بگریت ئەوا “ئەجێندای ڕۆژهەڵاتناسی جێبەجێ دەکەیت”.

پیرۆزکردنی “ناشرینی” بە ناوی تایبەتمەندییەوە: بیرۆکەکانی سەعید بوونە هۆی سەرهەڵدانی ڕەوتێک کە بەرگری دەکات لە “دابونەریتە کۆن و بەسەرچووەکان” و دواکەوتووییی کۆمەڵایەتی وەک “ناسنامەیەکی” هەڕەشەلێکراو. ڕەخنەگرتنیش لە دۆخی ژنان، یان لە خورافەی ئایینی، بە “هێرشێکی کۆڵۆنیالی نەرم” دادەنرێت. سەعید سەرکەوتوو بوو لە قایلکردنی عەقڵی عەرەبی بەوەی کە “مانەوە لەسەر دواکەوتوویی خۆی” جۆرێکە لە “بەرگریی کولتووری”.

مردنی میتۆد: کاتێک سەعید بڕوانامەی “ڕۆژهەڵاتناس”ی، واتا (توێژەری زانستی)ی تیرۆر کرد، لە ڕاستیدا ئەو “میتۆدی زانستی”ی تیرۆر کرد. ئەگەر زانستی ڕۆژئاوایی بە سروشتی خۆی “لایەنگر” و “ئیمپریالی” بێت، بۆ دەبێت شوێنی بکەوین؟ ئەم تێڕوانینە بووە هۆی ڕاکردنی عەقڵی عەرەبی لە جدیەتی زانستی بەرەو “چەنەبازیی ئایدیۆلۆژی” و داڕشتنی ئەدەبی کە سەعید تێیدا زۆر لێهاتوو بوو.

سێیەم: سایکۆلۆجیای شکست؛ لە “گەڕان بەدوای ڕاستیدا” بۆ “پارێزەری شکست”

ئێدوارد سەعید ڕووناکبیری عەرەبی لە “ڕابەر و پێشەنگی گۆڕانکارییەوە”  گۆڕی بۆ “پارێزەرێکی شکستخواردوو” لە کەیسێکی دۆڕاودا. سایکۆلۆجیای شکست کە سەعید چەسپاندی، بەڕوونی لە چێژوەرگرتن لە ڕۆڵی “قوربانی”دا بەرجەستە دەبێت.

شڵەژانی بوونگەرایی: ڕۆشنبیریی “سەعیدی” لەناو ناکۆکییەکی کۆمیدیدا دەژی؛ منداڵەکانی خۆی بۆ خوێندن دەنێرێت بۆ ڕۆژئاوا، لە نەخۆشخانەکانی ڕۆژئاوا چارەسەر دەکرێت، “ئایفۆن” و “ئینتەرنێت”، واتا (ئامرازەکانی ڕۆژئاوا) بەکار دەهێنێت، پاشان بە شەوان خەریکی نووسینی وتار دەبێت لەبارەی “دڕندەیی ڕۆژئاوا” و “ڕەگەزپەرستیی ڕۆژهەڵاتناسی”یەوە. ئەم دووفاقیبیە نەک تەنها نەخۆشیی دووڕووییە، بەڵکو “ئیفلیجیی شارستانییە” کە ڕێگری لە هەموو پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە دەکات.

کردنی دەستەوەستانی بە پاڵەوانێتی: بەهۆی سەعیدەوە، چیی تر داوا لە عەرەب ناکرێت لە ڕووی زانستییەوە بەسەر ڕۆژئاوادا سەر بکەون بۆ ئەوەی هەست بە شکۆمەندی بکەن؛ تەنها ئەوە بەسە “گوتاری ڕۆژئاوا هەڵبوەشێننەوە” و بیسەلمێنن کە گوتارێکی “ڕەگەزپەرستانەیە” تا هەست بە سەرکەوتنێکی وەهمی بکەن. سەعید “تاقیگە”ی بە “کتێبخانە” گۆڕییەوە و “داهێنان”ی بە “مشتومڕی زمانەوانی”.

تیرۆرکردنی “داهاتوو” لەپێناو “وێناکردنەکان”: عەقڵی عەرەبی هاوچەرخ هێندە سەرقاڵی ئەوە بووە کە “ئەوی تر چۆنمان دەبینێت” بە ڕادەیەک ئەوەی لەبیر کردووە کە “ئێمە چۆن خۆمان دەبینین” و “دەمانەوێت چی بین”. هەوڵی هزریی عەرەبی بووە بە کاردانەوە (Apologetics)؛ بەرگری لە ئیسلام، عرووبە، کەلەپوور، لەبری “بنیاتنان” و داهێنان لەم بوارانەدا. ئێدوارد سەعید “وەڵامدانەوەی ڕۆژئاوا”ی کردووە بە ئامانج لە خۆیدا، لەبری ئەوەی “تێپەڕاندنی ڕۆژئاوا” ببێت بە ئامانج.

چوارەم: ئەنجامی ماددی، ڕۆژهەڵاتێکی نوقمی خوێن و باکوورێکی نوقمی زانست.

دوای نزیکەی نیوسەدە لە “ڕۆژهەڵاتناسی”، ڕۆژهەڵاتێک کە سەعید بەرگریی لێ دەکرد گەیشتووەتە کوێ؟ ئەی ڕۆژئاوا کە هێرشی دەکردە سەری گەیشتووەتە کوێ؟

ڕۆژهەڵات: نوقمی شەڕی ناوخۆیی، ستەمکاریی سیاسی، بێکاری، نەزانی و توندڕەویی ئایینی (داعش و قاعیدە بەرهەمی سروشتی ئەو عەقڵەن کە “ئەوی تر” ڕەت دەکاتەوە و شەیتانێکی ڕۆژهەڵاتناسی تێدا دەبینێت).

ڕۆژئاوا: سەرەڕای هەموو قەیرانەکانی، هێشتا قیبلەی زانستییە، پەناگەی قانوونییە و تەنها سەرچاوەی تەکنەلۆژیا و زانستە  کە تەنانەت “دوژمنەکانیشی” بۆ جنێودان پێی، بەکاری دەهێنن.

ئیدوارد سەعید ڕۆژهەڵاتی ڕزگار نەکرد، بەڵکوو “مردنێکی میهرەبانی”ی فیکریی پێ بەخشی. فێری کرد چۆن بەئاسوودەیی بخەوێت و بیر لە نوقسانییەکانی خۆی نەکاتەوە و گوناهەکە بخاتە ئەستۆی “وێنەکێشی ڕۆژئاوایی” کە بوێری کردووە و وێنەی ڕوخساری ئەم دواکەوتووییەی کێشاوە. سەعید ئەو “پردانەی” ڕووخاند کە ڕۆشنگەرە پێشەنگەکان هەوڵیان دەدا لەگەڵ مۆدێرنیتەدا دروستی بکەن و عەقڵی عەرەبیی بە سەرگەردانی لە “بیابانی ستەملێکراوی”دا بەجێ هێشت، کە شیوەن بۆ بەختی خۆی دەکات و جنێو بە ڕۆژهەڵاتناسان دەدات لە کاتێکدا کەشتی و فڕۆکە و هاوکێشە بیرکارییەکانی ڕۆژئاوا بەسەر سەریدا بەرەو داهاتوو تێپەڕ دەبن.

پوختە:

کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی” کارەساتێکی فیکری بوو کە کاریگەرییەکەی کەمتر نەبوو لە کارەساتە سیاسییەکان. ئەو “ژەهرە مەکراویە” بوو کە خرایە ناو هەنگوینی ڕەوانبێژیی ئەکادیمییەوە. ڕزگارکردنی عەقڵی عەرەبی ئەمڕۆ بە “هەڵوەشاندنەوەی زیاتری ڕۆژئاوا” دەست پێ ناکات، بەڵکوو بە “هەڵوەشاندنەوەی خودی ئیدوارد سەعید” دەست پێ دەکات؛ بە ڕووخاندنی ئەم هەڵواسەرەیە و بە دانپێدانانی بوێرانه بەوەی کە ئێمە قوربانیی “وشە”، یان “وێنە” نین، بەڵکوو ئێمە قوربانیی “چەقبەستوویی” خۆمان و “ڕەتکردنەوەی میتۆدی زانستی” و “ڕاکردنمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆمانین”.

کاتی ئەوە هاتووە “میراتە ژەهراوییەکەی سەعید” بنێژین و لە زیندانی “قوربانیبوون” بێینە دەرێ بۆ ناو کایەی “کردەی شارستانی”. ڕۆژئاوا شەیتان نییە و ڕۆژهەڵاتیش فریشتە نییە؛ ڕۆژئاوا “سەر کەوت” چونکە عەقڵی لە ماددەدا بەکار خست، . ڕۆژهەڵات “شکستی هێنا”، چونکە عەقڵی لە “جوێندان بە ئەوی تر”دا بەکار خست. ئەو ڕاستییەی کە دەبێت لە کۆتاییی ئەم کتێبەدا بگوترێت: ڕۆژهەڵاتناسی، دواکەوتووییی ئێمەی دروست نەکرد، بەڵکوو دواکەوتووییی ئێمە ڕۆژهەڵاتناسیی دروست کرد.

کۆتایی: بەرەو ڕۆژهەڵاتناسییەکی بوێرانەی پێچەوانە

گەشتەکەمان لە هەڵوەشاندنەوەی “درۆ و دووڕووییەکانی ئیدوارد سەعید” کۆتایی هات. بینیمان چۆن لە خۆشگوزەرانیی ڕۆژئاوادا ژیا تا جنێوی پێ بدات، چۆن لە ئاست کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژهەڵاتدا بێدەنگ بوو تا ئیدانەی کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاوا بکات، چۆن سووکایەتیی بەو ڕۆژهەڵاتناسانە کرد کە مێژووەکەیان ڕزگار کرد و چۆن کفر و نکۆڵی لەو چاپخانەیە کرد کە دەنگی پێ بەخشی.

چارەسەر لە گۆشەگیریدا نییە، بەڵکوو لە “ڕۆژئاواناسی”دایە، واتا (لێکۆڵێنەوە لە ڕۆژئاوا) بە چاوی مرۆڤی شەیدای فێربوون، نەک بە چاوی ڕق و کێنەدار. ڕێگەی ڕابوون بە دانپێداناندا تێپەڕ دەبێت بە ڕۆڵی گەورەی “مۆدێرنیتە” وەک بەهایەکی جیهانی و لە ڕێگەی تێکشکاندنی “بتەکانی بەستەزمانی و زۆرلێکراوی” کە سەعید لە عەقڵماندا چاندوویەتی. قەت هەڵناسینەوە تا ئەو کاتەی واز لەو پرسیارە نە‌هێنین “ڕۆژئاوا چی لێ کردین؟” و دەست نەکەین بە ئەم پرسیارە “ئێمە چیمان لە خۆمان کرد؟”.

لە دوای ئێدوارد سەعید، لە زیندانی قوربانییەوە بۆ کایە بەرینەکانی مۆدێڕنیتە (کۆتایی)

 لەم کتێبەدا لاپەڕەگەلی ئازاربەخشمان لە مێژووی “شێواندنی هزری” پێچایەوە کە ئێدوارد سەعید ڕابەرایەتی دەکرد؛ ئەمەش نەک لەبەر حەزی خۆکوتان و خۆئازاردان بوو، بەڵکوو بە مەبەستی پاککردنەوەی برینەکە بوو. وەستانەوە بەرانبەر بە “بتی ڕۆژهەڵاتناسی”، هەنگاوی یەکەم و پێویست بۆ گێڕانەوەی عەقڵی عەرەبیی دزراو. کاتی ئەوە هاتووە بە ڕاشکاوی ڕایبگەیەنین کە سەردەمی “شیوەنکردن بۆ وێناکردنەکان” کۆتاییی هاتووە و ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم ساتەوەختی ڕاستیداین: یان دەبێت سواری شەمەندەفەری مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی ببین کە بەرەو داهاتوو دەچێت، یان ئەوەتا لە وێستگەی “قوربانیبوونی سەعیدی”دا بمێنینەوە و شیوەن بۆ بەختمان بکەین تا ئەو کاتەی فەرامۆشیی دەمانپێچێتەوە.

یەکەم: مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی تەنیا ڕێگایە نەک “بژاردەی جێگرەوە”

دەبێت ئەو بوێرییەمان هەبێت دان بەوەدا بنێین کە مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی، بە بەها زانستییەکانی و دامەزراوە سیاسییەکانی و دەستکەوتە تەکنیکییەکانی، تەنیا موڵکی تایبەتی ئەورووپا نییە، بەڵکوو “میراتێکی مرۆیی جیهانییە” کە لە ڕۆژئاوادا گەیشتووەتە لووتکەی پێگەیشتن. هەوڵی گەڕان بەدوای “مۆدێرنیتەی ئیسلامی” یان “ڕۆژهەڵاتی”دا کە بەتەواوی لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا دابڕاو بێت، وەک ئەوەی سەعید و شوێنکەوتووانی ئاماژەیان پێ دەدا، جۆرێکە لە وەهم و بەفیڕۆدانی کات.

ڕێگای ڕێنێسانس بە داننان بە ڕۆڵی مەزنی ئەم مۆدێرنیتەدا تێ دەپەڕیت؛ چونکە هەر ئەو بوو چەمکەکانی مافی مرۆڤ، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، مێتۆدی تاقیکاری و ئازادیی ڕادەربڕینی پێ بەخشین، کە خودی سەعید سوودی لێ وەرگرت. داننان بە شکستی شارستانیی ئێستاماندا بە مانای خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکوو یەکەم قۆناغی چارەسەرییە. هیچ ڕابوونێک بەبێ زانست نابێت و هیچ زانستێکیش بێ گرتنەبەری ئەو مێتۆدانە نابێت کە کاراییی خۆیان لە تاقیگەکانی ڕۆژئاوادا سەلماندووە.

دووەم: پچڕاندنی پەیوەندی لە نێوان “فیشەک” و “تاقیگە”دا

یەکێک لە گەورەترین ئەو فێڵانەی ئێدوارد سەعید دزەی پێ کرد، “تێکەڵکردنی کارتەکان” بوو؛ بە جۆرێک کە ڕەخنەگرتن لە “کۆڵۆنیالیزمی سیاسی”ی کردە هاوواتای ڕەتکردنەوەی “دەستکەوتی شارستانی”. لێرەدا دەبێت سنوورێکی بڕاوە و ڕوون دابنێین:

ڕەخنەی سیاسی: مافی خۆمانە، بەڵکوو ئەرکی سەرشانمانە، ڕەخنە لە سیاستە ئیمپریالییەکان، چاوچنۆکی و پاوانخوازییە  سەربازییەکان و دووفاقی لە پێوەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژئاوادا بگرین. ئەمە ڕەخنەیەکی ڕەوایە و پێش هەر کەسێک ڕۆژئاواییەکان بەخۆیان ئەو کارەیان کردووە و دەیکەن.

ڕەتکردنەوەی شارستانی: خۆکوشتنە ئەگەر “تاقیگە” ڕەت بکەینەوە لەبەر ئەوەی “سەربازەکە” خراپە. کارێکی ساوێلکانەیە ئەگەر “شوێنەوارناسی”، یان “فیلۆلۆژیا”، یان “فەلسەفەی هاوچەرخ” ڕەت بکەینەوە تەنیا لەبەر ئەوەی لەو وڵاتانەوە هاتوون کە ڕۆژانێک داگیریان کردین.

پێشکەوتنی شارستانی داوامان لێ دەکات توانای ئەوەمان هەبێت بە سینگمان بەرەنگاری “فیشەک”ی ڕۆژئاوایی ببینەوە و لە هەمان کاتدا بە عەقڵمان کێبڕکێ بکەین بۆ بەدەستهێنانی “مایکرۆسکۆپ”ی ڕۆژئاوایی. سەعید دەیویست مایکرۆسکۆپەکە ڕەت بکەینەوە، چونکە وەک “ئامرازێکی کۆنتڕۆڵکردن” دەیبینی، بەوەش ئێمەی بە دەستبەتاڵی لە بەردەم فیشەک و نەزانیدا  جێ هێشت.

سێیەم: بەرەو “ڕۆژهەڵاتناسییەکی پێچەوانە”ی بابەتییانە.. ڕۆژئاواش وەک هاوبەش

ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە “ڕۆژهەڵاتناسییەکی پێچەوانە” (Reverse Oriëntalisme) هەیە کە ئامانجی بە شەیتانیکردنی ڕۆژئاوا نەبێت، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن و هەرسکردنی نهێنییەکانی باڵادەستیی ئەو بێت. ئێمە پێویستە وەک “دوژمنێکی پیلانگێڕ” لە ڕۆژئاوا نەکۆڵینەوە، بەڵکوو وەک “هاوبەشێکی شارستانی” کە ململانێی خۆی لەگەڵ نەزانی و کەنیسەدا ئەنجام دا و تێیدا سەر کەوت، و نەخشەڕێگایەکی بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندە هزرییەکان پێشکەش کردین.

ئەم “ڕۆژهەڵاتناسییە پێچەوانەیە” دەبێت لە ڕۆژئاوادا ئەم شتانە ببینێت:

مامۆستا: لە ڕێکخستن، توێژینەوە و وردەکاریدا.

ئاوێنە: کە تێیدا عەیبەکانمان ببینین بۆ ئەوەی چاکیان بکەین، نەک بۆ ئەوەی ئاوێنەکە بشکێنین.

تاقیگە: دەرمان و ئەو ئامێرانەی بۆ بەرهەم هێناوین کە ئەمڕۆ ڕەخنەی پێ لە جیهان دەگرین.

وتەی کۆتایی

ئێدوارد سەعید ڕۆشنبیرێکی کارامە بوو لە “جوانکردنی دەستەوستانی”، بەڵام کەسێکی شکستخواردوو بوو لە “دروستکردنی ئومێد”. ئەو وای لێ کردین تەنیا دەستەواژەکانی ئەو دەربارەی “باڵادەستیی” و “هێز” بجووینەوە، لە کاتێکدا جیهانی لە دەوروبەرمان بە ژیریی دەستکرد و داگیرکردنی بۆشاییی ئاسمان و ئەندازیاریی جینات دەگۆڕێت.

ئەم کتێبە بانگەوازێکە بۆ هەر عەقڵێکی ئازاد لە ڕۆژهەڵات تا بڵێت: “سوپاس جەنابی سەعید، چێژمان لە ڕەوانبێژییەکەت بینی، بەڵام ئێمە ژیان و زانست و ڕاستیی تاڵ هەڵدەبژێرین نەک وەهمی جوان”. ئێمە دەمانەوێت لە وڵاتەکانی خۆماندا ببینە “ڕۆژهەڵاتناس”، عەیبەکانی خۆمان بدۆزینەوە، کۆد و مەتەڵەکانی دواکەوتووییمان هەڵبێنین و داهاتوومان بە ئامرازەکانی مۆدێرنیتە بنیات بنێین، کە سەر بە هیچ ڕەگەز و ئایینێک نین، بەڵکوو بۆ هەر کەسێکن کە بوێریی کارکردنی پێیان هەبێت.

بتی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووخا و ڕاستییە ڕووتەکە مایەوە، ئەوە ڕۆژئاوا بوو ئێمەی جارێکی تر دۆزییەوە و ئێستا ئەرکی ئێمەیە خۆمان دووبارە بدۆزینەوە… دوور لە وەهم و درۆکانی ئێدوارد سەعید و چاویلکە کوێرەکەی.

 (*) ئەم زنجیرە وتارەی کە لێرەدا کراون بە کوردی نووسەرێکی عەرەب بە ناوی نەوفل قاسمی لە چەند ئەڵقەیەکدا لە “ناوەندی لێکۆڵێنەوە و توێژینەوە عەلمانییەکان لە جیهانی عەرەبی” (مرکز الدراسات والأبحاث العلمانیة في العالم العربي) بڵاوی کردوونەتەوە. زانیاری لەبارەی نووسەرەوە لەسەر ئینتەڕنێت دەست ناکەوێت و زۆر گەڕام هیچم بۆ نەدۆزرایەوە. من وەک خوێنەرێک، نەک پسپۆڕ لەم بوارەدا، دید و بۆچوونەکانیم بەلاوە سەرنجڕاکێش بوون بۆیە بڕیارم دا بیانکەم بە کوردی بۆ ئەوەی خوێنەری کورد، ئەوەی دەیەوێت ئاگاداری دید و بۆچوونێکی جیاواز لەوەی ئێدوارد سەعید بێت بیخوێنێتەوە (وەرگێڕ).

وتارەکانی تر

Nothing Found

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!