دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی

وتار

دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی

بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

حاتەمی، حەسەن(٢٠٢٥):دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی.

پوختە

بە جۆڕێکی دیکەش باسی گەلی کورد لە دیاسپۆرا کراوە کە: ئەمڕۆ یەک لە باسە گرینگەکان لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا، دیاسپۆرا و کردەوەکانی لە ڕاستای بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی گەلی لە کۆمەڵگەی پلۆڕاڵە. کۆمەڵگەی دیاسپۆرا وەک کارتێکەرییەکی ستراتیژیک، پێشڕەوی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و بەرهەمهێنەری درێژخایەن بۆ وێژمانە نەتەوەیی‌یەکانە. کورد لە چەند سەد سال لەوەپێش کە بۆ ئازادی و مافی نەتەوەیی بە شێوەی جۆراوجۆرلە سەدەکانی پێشووەوە خەبات و تێکۆشانی بووە، یەک لە بڕگەکانی ژیانی تێکۆشەران و چالاکەکانی، ناچار بە جێهێشتنی ماڵ و زێد و نیشتیمان بووە و هەیە. بۆیە ئەو بەشە نەخوازراوە لە ناخۆشترین حاڵەتیشیدا، پێوەندیگەلێکی بە ناسنامەی نەتەوەیی‌یەوە هەبووە و هەیە.

.

  • شێوازی بڵاوکردنەوە: PDF

  •  کۆپی ڕایت: CC-BY-NC 4.0

  • ڕێکخراو: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: حەسەن حاتەمی

  • وەرگێڕ: 

  • ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە: 06.02.2025

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

وشە کلیل: دیاسپۆرای کورد، ناسیۆنالیزمی دوورمەودا، ئینتیگراسیۆن، فرە کولتووری

                                                                                                                                                      

پێشه‌كی

دیاردەی دیاسپۆرا بەگشتی و لەنێو کورداندا،  بەتایبەتی کە کارتێکەریی سیاسی، ئازادیخوازی، و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بۆ ناسینی ماف و پێوندییەکانی چەندلایەنە ئاوێتە دەبێ، لە چەمکێکی پڕ نێوەرۆک و پڕ باسدا بە ناوی “ناسیۆنالیزمی دوورمەودا” خۆ دەنوێنێ. لەو بوارەدا، لەژێر تێۆریی “ئەندرسۆن”دا*، کە نەتەوە بە جڤاکی ڕامانکراو… دادەنێ، کە لە توێی وتارێکی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی ئۆنلاینی کوردانەدا، لە ئەڵمان کە هەڵۆ بەرزەنجەیی کردوویە کوردی، بەو جۆرە پێناسەی ئەم چەمکە دەکا: “ناسیۆنالیزمی دوورمەودا زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە کە کۆچبەر بوون و پێشترئەندامی نەتەوە بوون… و هەڵگری پێناسەی ڕەسەنی نەتەوەی خۆیانن. هزر و کاریشیان گەلەک جاران، لەمەڕ نیشتیمانی ڕەسەنەوە گرێ داوە. بەمەش وەک دەڵێن: مەشقی ناسیۆنالیزمی دوورمەودای خۆیان دەکەن.  

 ئەو کۆچبەرانەی لەو کۆمەڵگەیانەی تێیاندا دەژین- مەبەست هەندەرانە – هەست بە نامۆیی دەکەن… ئەم هەستە وابەستە بەرچاوەی کۆچبەران، بۆ نەتەوە ڕەسەنەکانی خۆیان بەشێوەیەکی زەق، بەرەو ئەوە دەڕوا، کە ئەمانە هێشتا زۆر بەتوندی، سەرقاڵی ڕووداوەکانی وڵاتەکەی خۆیانن و لە ڕووی سیاسیشەوە چالاکن… لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی هەندەران یا خود پارتەکانی هەندەرانەوە.”

بندیکت ئاندرسۆن، ٢٦ ی ئووتی ١٩٣٦- ١٣ ی دێسامبری ٢٠١٥، ٧٩ ساڵ ژیا و زانای بەرزی زانستی سیاسی و خەڵکی ئەمریکا بوو. ناوبراو پتر لەبەر نووسینی کتێبی “خەڵکانی ڕواڵەتی (جماعت‌های تصوری)” یا “سەرنجێک سەبارەت بە بنچینەیی و پەرەگرتوویی نەتەوەیی (تأملاتی در مورد منشأ و گسترش ملی گرایی)”، بەناوبانگە.

هەروەها بە جۆڕێکی دیکەش باسی گەلی کورد لە دیاسپۆرا کراوە کە: ئەمڕۆ یەک لە باسە گرینگەکان لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا، دیاسپۆرا و کردەوەکانی لە ڕاستای بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی گەلی لە کۆمەڵگەی پلۆڕاڵە. کۆمەڵگەی دیاسپۆرا وەک کارتێکەرییەکی ستراتیژیک، پێشڕەوی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و بەرهەمهێنەری درێژخایەن بۆ وێژمانە نەتەوەیی‌یەکانە. 

کورد لە چەند سەد سال لەوەپێش کە بۆ ئازادی و مافی نەتەوەیی بە شێوەی جۆراوجۆرلە سەدەکانی پێشووەوە خەبات و تێکۆشانی بووە، یەک لە بڕگەکانی ژیانی تێکۆشەران و چالاکەکانی، ناچار بە جێهێشتنی ماڵ و زێد و نیشتیمان بووە و هەیە. بۆیە ئەو بەشە نەخوازراوە لە ناخۆشترین حاڵەتیشیدا، پێوەندیگەلێکی بە ناسنامەی نەتەوەیی‌یەوە هەبووە و هەیە.  

لە سەدەی بیستەمدا، کە دوو شەڕی مەزنی جیهانی و چەندین شەڕی ناوچەیی و نێوخۆیی ڕوویان داوە، گەلان پتر لە سەدەکانی پێشتر ڕوویان لە هەندەران کردووە. “کوردی دیاسپۆرا لە ئاڵمان … ڕەوەندی کوردی نزیکەی یەک میلیۆن و نیوە، کە لە ئێران، عێراق، سووریە و تورکیە سیاسەتێکی توندی تواندنەوەی دژ بە کورد پەیڕەو کرا، کە بەدریژاییی سەدەی بیستەم بوو بە هۆی سەرهەڵدانی چەندین بەرخۆدانی توندوتیژ. دامرکانەوەی ئەو ڕاپەڕینانە، بۆ وێنە لە تورکیە زۆرینەی کات کوردەکان ڕاگوێزران بۆ هەندەران و ناوچەکانی دیکە، کە زمان و کولتووری کوردی تێدا قەدەغەکراو بوو. بەدرێژاییی سەدەی بیستەم بە میلیۆنان کورد ناچار کران [لە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا] وڵاتەکەیان بەجێ بێڵن.”

ئەوەی لە ١٦ ساڵەی تەمەنی سەدەی بیستەمدا، بۆ کورد بوو بە نەگبەتیی دوورودرێژ و قورس و ناخۆش، دابەشکرانی لە گەرمەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بوو. بڕیارنامەی سایکس – پیکۆ، لە ساڵی ١٩١٦دا، ئەو نەگبەتی و نەهاتییە بوو، کە تووشی کورد بوو. ئەو نەگبەتییە ئەوندە قووڵ و ڕیشەدارە کە دوای تێپەڕینی ١٠٨ ساڵ کە ئەو دێڕانە دەنووسرێن، یەکگرتووییی کوردانی دابەشکراو لەنێو چوار وڵاتدا، کە لە وڵاتانی ئازاد و تاڕادەیەکی زۆر دێموکراتیکیشدا دەژین، ناتوانین یەکگرتووی کردەیی، مەیدانی و گشتیمان بەشێوەیەکی تۆکمە و  زۆر کاریگەر هەبێ.

شێوەیەکی دیکەی دیاسپۆرایش هەیە کە کەسانێک لە لایەن بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان، یا ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین و لە خوێندندا سەرکەتوو و زیرەکن، بۆ درێژەدان بە خوێندن و پێگەیشتنی پتر بۆ دەرەوە دەنێردرێن، کە ئەوانیش نزیک دەیەیەکە لە ساڵانی پێشووتر بەکۆمەڵ دێنە هەندەران و پەیوەست بە حەشیمەتی دیاسپۆرا دەبن. بەڵام ئەوان زۆربەیان هاتوچۆ دەکەن و ژیانی دوو شوێنی جوغرافیایی جیاوازیان هەیە و پتر دەتوانن شوێندانەر بن، ئەگەر بیانهەوێ و هەوڵی بۆ بدەن. دیارە ئەو کارەش بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا، بێ‌تێچوو نییە.  

***

دیاسپۆرای جیاوازی کورد

   کوردانی نیشتەجێی دەرەوەی نیشتمان، پتر پێوەندییان بە ڕووداوە سیاسی – نیزامییەکانی نێوخۆیی و بەشێک لە جیهان هەیە کە دوای شەڕەکانی یەکەم و دوویەم هاتنە ئاراوە. بۆیە ڕوانگە (پارادایم)ی جۆراوجۆر لەو بوارەدا هەبووە و هەیە کە لێکەوتەی پێناسەیی نەتەوەیی تێدا جیاوازن. بە تێپەڕینی کات و ژیان و مانەوە لە دەرەوە و بەتایبەتی دوای پێکهێنانی بنەماڵە و منداڵبوون و زۆربوونی حەشیمەتی کورد لە دەرەوە جیاوازییەکی دیکەش دروست دەبێ، بەو واتایە کە ئەو منداڵانەی لە دەرەوە لەدایک دەبن لە ڕێگەی دایک و بابیان بە نەتەوەکەیان پەیوەست دەبن و پێناسە دەکرێن و لە کاتی گەورەبوون و خوێندەواربووندا، ئۆگرییان بۆ پێناسەی نەتەوەیی بەو جۆرە نییە کە منداڵە هاوتەمەنەکانیان، لە کوردستان لەدایک دەبن و ماوەیەک لە تەمەنیان لە کوردستان تێپەڕ دەکەن.

نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆی کورد وەک: عەرەبەکان کە پتر لە ٢٠ وڵاتی گەورە و چووکەیان هەیە، ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، جوغرافیای دیاریکراو، زمانی نووسین و پێوەندی، باڵوێزخانە، ئاڵا، سروودی نیشتمانی، ڕۆژی سەربەخۆیی یا دامەزرانیان هەیە و لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهانیشدا ناسراون، پرسی ناسنامە و نەتەوەیی بۆ ئەوان مەوزووع نییە. بەڵام بۆ کوردان چ لە کوردستان بژین و چ لە دیاسپۆرا، وەک سروشتی هەریەک لە بەشەکانی بە ناڕەوا دابەشکراو، بە کەس یا کەسانی پلەی هاوڕێک (شارومەند) پێناسە ناکرێن. بەڵکو بە وڵاتی نیشتەجێی پێشوو یا باب و دایک و کەسوکار پیناسە دەکرێن، کە ناتەواوە. لە ئاکامدا، لە جوغرافیایی مرۆییشدا، هاوڕێک یا بەرانبەر لەگەڵ، فارس، تورک و عەرەب نین.

لە کاتی فێربوونی زمانی وڵاتانی بیانی کە کوردیان تێدا دەژین، چ بە شێوەی پەناخواز و چ بە شێوەی کۆچبەر، کاتی خۆناساندن لە پۆلی خوێندن، بەناچاری سەرەتا ناوی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە دەبێ بێنن و دواتر پێناسەی نەتەوەیی دێ، ئەگەر کەسە بیڵێ، ئەگینا لە پرسیارەکەدا نییە. بۆ وێنە، کاتێک کوتت: من لە ئێرانەوە هاتووم، بەڵام کوردم. زۆربەی جاران لەگەڵ خەڵکی نەتەوەی حاکم کێشە و ناخۆشی لێ دروست دەبێ. بۆیە مەودایەکی زۆر هەیە، بۆ پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە دیاسپۆرادا، کە کارێکی سەخت و تاقەتپڕووکێنی بۆ جێخستنی دەوێ.

بەگشتی پرسی کوردی دیاسپۆرا لە دوو بەشی گرینگدا، پتر بوونی هەیە و لە هەموو ئەو وڵاتانەی تێێدا دەژین پتر لە ئینتیگراسیۆن (تێکەڵاوی) یا مۆڵتی کاڵچێر (فرەکولتووری) یا فرەگەلی، هەڵسوکەوتی تێدا دەکرێ. لەو چوارچێوانەدایە کە نەسل و وەچەی دواتر ڕادەی کوردبوونی خۆی لە بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگییەکان و…دا، دەردەخا.                                                                                                                        

باکووری کوردستان

لەنێوان دوو شەڕی یەکەم و دوویەمی جیهانیدا، کە کورد بۆ جاری دوویەم بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٢٣وە دابەش کراوە، خەبات و تێکۆشان لەو بەشەی کوردستان هەم بۆ سەربەستی بووە و هەم بۆ بەرگری لە ناسنامەی خۆی. چونکە هۆویەتەکەی ئینکار دەکرا. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٢ وە کە هەڵبژاردن و یاساکانی، کە لە دوای کوودێتای ١٩٨٠ قەدەغە و قۆڕغی زۆر لەسەر کەم بۆوە، کۆبوونەوەی کوردەکان کە حیزبی تایبەتیی خۆیان هەبوو، لە زۆر شار و شارۆچکە و دەڤەری کوردان و تەنانەت لە ستانبۆڵ و ئانکاڕاش، نوێنەرەکانیان چوونە نێو پاڕڵمان، شارەدارەکان و شووڕاکانی شار، ناوچە و گەڕەکەکان، شارۆچکە و گوندەکان بە دەنگی ئەرێنیی کوردان لەنێو باکووردا، پێشکەوتنی زۆریان وەدەست هێنا.

ەڵام لە دەرەوەی وڵات بەگشتی و لە وڵاتی ئاڵمان بەتایبەتی، کوردانی باکوور لە چوارچێوەی تورکیەدا و بە پێناسە و ناسنامەی ئەو وڵاتە، بۆ کار و پیشە، نیشتەجێ بوون. بۆیە هەتا دەیەی ٩٠ی زایینی و زۆربەی ئەو کەسانە و منداڵەکانیشیان پرسی شوناسی نەتەویی‌یان زۆر لاواز بوو. هۆی سەرەکی ئەوە بوو کە کورد وەک هۆویەت و شوناسی خۆی نە لە ئامارە فەرمییەکان و نە بە گوتار و کردار، حیسێبیان بۆ نەدەکرا.  

توێژەرێکی زانستگە بە ناوی گوڵناز سەعیدی لە وتارێک لەژێر ناوی: دیاسپۆرای کوردانی تورکیەدا، دەنووسێ: دیاسپۆرای کوردان لە ئورووپا بە هۆی گوشارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیە کپ کراوە؛ بەتایبەتی دوای دەیەی ١٩٨٠. ئەوان لە وڵاتانی وەک: ئاڵمان، فەڕانسە، سوئێد و بریتانیا نیشتەجێن. ئەو کۆچەر(مهاجر)رانە ڕێکخراوگەلێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییان دامەزراند. ئەوان هۆویەت و زمانی خۆیان پاراست و لە بواری سیاسی و مافی کورداندا چالاکن. دیاسپۆرای کورد گەورەترین کۆمەڵی بێ‌دەوڵەتە و یەک لە چالاکترین گرووپەکانی کۆچەری سیاسین لە ئەورووپادا. ئەوان هەوڵ دەدەن زانیاری سەبارەت بە وەزعی کوردان بڵاو بکەنەوە و هەوڵ دەدەن گوشار بۆ تورکیە بێنن. هەروەها لە ئابووریی ناوچەیی (لوکاڵی)یەکانی ئورووپا دا نەخشی گرینگیان هەیە.

بەرەوپێشچوونی کات و ململانێیەکانی دوو جەمسەری شەڕی سارد لەنێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بلووکی ڕۆژاوادا، و یەکیەتیی سوڤیەتی و بلووکی ڕۆژهەڵاتدا، لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپای ناوەندی، هاوسەنگییەک لەنێوان سوسیالیزم و سەرمایەداری هاتە کایەوە کە بە سوسیال دێموکراسی پێناسە کرا. ئەو دیارەیە ڕەوتی ئازادی و مافی مرۆڤی تاڕادەیەک بەرفراوان و ئازاد کرد کە چالاکبوونی کوردانی خوێندەوار لەنێو حیزب و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی بیانیدا، کە دروستکردنی زۆر فوڕێنینگ (ڕێکخراوی مەدەنی و فەرهەنگی) و دامەزراوەی هۆویەتیشیان تێدا بوو، لە لایەک بەشداری لە کار و زەحمەتی کرێکاری، خزمەتگوزاری، خواردەمەنی، ڕێستوڕان، پیتزایی، قاوەخانە، چایخانەکان و… کە پێوەندی ڕاستەوخۆتریان بە بازاڕ و دستمایەوە هەبوو و هەیە، لە پەرەگرتوویی دامەزراوەکانی سینفیدا، لە لایەکی دیکە دروست بوون.  

قانوونمەداریی مرۆیی لەو وڵاتانەی کوردانی باکوور لێی دەژین و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و هەڵبژاردنەکان و ڕەخسانی ئازادانەی ڕێژەییی ژیان و ئاخاوتن بە زمانی دایک، ئیمکانی خوێندنی زمانی دایک لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوەندی ئورووپا، و دروستبوونی حیزب و ڕێکخراوی کوردی لەنێو تورکیە بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا و دامەزرانی کۆمیتە چالاکەکان لە دەرەوەی وڵات، کۆچبەرانی تیکۆشەری ڕێی ئازادی، خوێندەوارانی  زانستگەکان، سینەماکاران، هونەرمەندان، دامەزراندنی کاناڵی ماهوارەیی، بۆ وێنە مێد تێ‌ڤێ لە ساڵی ١٩٩٥دا؛ وەک: یەکەمین تێ‌ڤێی کوردی و تێ‌ڤییەکانی دواتر، ماڵپەڕەکان، وێبڵاگەکان، هەر بەشەی لە جێی تێکۆشانی خۆیان، کاریگەریی باشیان هەبووە و هەیە.

منداڵانی لەدایکبووی دیاسپۆرا و گەورەبوون لەوێ، خوێندن و تێگەیشتن لە لایەک و هۆیەکانی ئابووری و فێربوونی زمان لە لایەکی دیکە، بەرەو  تێکەڵاوبوون (ئینتیگرە) چوون. ئەو بەشە لە قوتابخانە و زانستگەکان، کار لە کارخانە گەورە و چووکەکاندا، ژن و ژنخوازی و دۆستایەتی گرتنی ئازادانەی دوو لایەنە بۆ کچان و کوڕان، بەپێچەوانەی کوردستان، دانی پێناسە و پاسپۆرتی جیاواز، ڕێزگرتن لە ناسنامەی تاکەکەسی و گرووپی، بەربژێربوونی کوردان لە لایەن ئەو حیزبانەی تێیدا چالاکن، بەتایبەتی لە ئورووپا و دەنگهێنانەوەیان، لە شووڕای کۆمۆنەکان، شارەدارییەکان و پاڕڵمانەکان بەگشتی و پاڕڵمانی ئورووپا بەتایبەتی تێکەڵاوییەکەی پتر کردووە و ئەو کەسانەی هەڵبژێردرێن، دەبن بە بەشێک لە دەسەڵاتی دێموکراتیک و بەڕێوەبردنی یاسا و خزمەتگوزارییەکان ئەنجام دەدەن و شانازی بە کوردبوونیش دەکەن و زۆر جار لە زەرفییەتەکانی یاسایی بۆ گەشەی نەتەوەیی هەوڵ دەدەن.

باشووری کوردستان

لە ساڵی ١٩٥٨ وە کە سەرهەنگ عەبدولکریم قاسم کوودێتای نیزامی کرد و دەسەڵاتی پاشایەتی بە مێژوو سپێردرا، گەلی کوردیش لێی بەهرەمەند بوو. زیندانییە سیاسییەکان ئازاد کران. ژمارەیەک لە دوورخراوەکان بۆ نیشتمان گەڕانەوە. گەڕانەوەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی و بەشی زۆری هاوڕێیانی نیزامی، ڕێبەری، کە کادر و پێشمەرگەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بوون و دوایی تێکۆشەری پارتی دێموکراتی کوردستان بوون. ئەوان لە یەکیەتیی سۆڤیەتیدا، ببوونە پەنابەر، بەڵام هەڵسوکەوتی زۆر نابەجێ و نادروستیان لەگەڵ کرابوو و ماوەیەکی زۆر لە ئۆردووگا زۆرەملێیەکان کاری بێ‌مووچەیان پێ کردبوون و وەک: تاوانبار چاویان لێ کردبوون؟؟؟!!!

لە ساڵی ١٩٦١ وە عەبدولکەریم قاسمیش مافە دانپێداندراوەکانی گەلی کوردی پێشێل کرد و بەرگریی چەکداری لە نێوخۆی باشووری نیشتمان لە ١١ ی سێپتەمبرەوە چێ بوو. ڕێگەی دیاسپۆراش دیسان ئاوەدان بۆوە. بەڵام ئەم جار پتر ڕێگەی وڵاتانی ڕۆژاوا برەوی پەیدا کرد.

بەیانییەی ١١ ئازاری ١٩٧٠، دەوڵەتی ناوەندی بەرفراونتر لە ١٩٦١ دانی بە مافی ڕەوای گەلی کورد لە باشووری نیشتمان دانا و هەتا ١٩٧٤ “حوکمی زاتی” یا خودموختاری بەڕێوە چوو کە بووە هۆی بووژانەوەی گەلەکەمان لە بوارە ئابووری و سیاسییەکان، بەهێزبوونی حیزب و رێکخراوە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێکی بەرچاوی کەسانی نیشتەجێی دیاسپۆراش کە هەل ڕەخسا و گەڕانەوە، شوێندانەریی باشیان لەو چوار ساڵەدا هەبوو.  

لە ساڵی ١٩٧٥دا، کە دەسەڵاتی سەدام حوسێن – حەسەن‌ئەلبەکر، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی حوکمی زاتی کەوتە شەڕ و بەرفراوانبوونی شەڕە نەخوازراوەکە بۆ نەتەوەی کورد، بووە هوی تێوەگلانی ئەمریکا، ئیسڕائیل و ئێران، بڕیارنامەی ئەلجەزایر لەنێوان محەممەد ڕەزاشا و سەدام حوسێن، بە هەزاران کورد لە باشوور بەرەو هەندەران بەتایبەتی ئێران چوون و بۆ قووڵاییی شار و گوندەکان ڕاگوێزران. شۆڕش نسکۆی هێنا یا (ئاشبەتاڵ)ی پێکرا. جگە لە ئێران بەشێکی دیاسپۆرای باشووری کوردستان لە ئورووپا و ئەمریکاش مێژووسازیی خۆی دەست پێکرد.

لە ڕەوتی دیاسپۆرای ئەم جاریشدا، کوردان بەتایبەتی لە ئەمریکادا هەوڵی پتریان لە ڕێکخراوسازی و خۆسازماندانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا دەدا. خوێندەواران و لەنێو پێگەیشتووەکانیدا، لە “چوارچێوەی ئیزنی دەنگی بیانییەکان لە ئەمریکادا، کە لە ساڵی ١٩٦١ دوای پەسەندکردنی جڕاد فۆرد، سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا ئەنجام دەدرا، لە ساڵی ١٩٩٢ وە هەوڵی دانانی ڕادیۆی کوردی درا. ئێستا جگە لە ڕادیۆ دەنگی ئەمریکا، تەلەڤیزیۆنی کوردیی ئەمریکاش لە چوارچێوەی تەبلیغاتی حکومەتیدا، بەردەوام بە ڕۆژ و شەو بەرنامەگەلێکی هەبوو و هەیە کە باسەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و تاڕادەیەک دیاسپۆراش بە شێوەی ماهوارەیی و ئینترنیتی بڵاو دەکاتەوە.

دیاسپۆرای گشتی لە کۆڕەوی ١٩٩٠ لە باشووری کوردستان، دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی بەعسیی سەدام حوسێن یەک لە گرینگترین شکڵ و شێوەکانی ناڕەزایەتیی مەدەنی بوو کە جگە لە کارەساتەکانی ڕێگە درێژو پڕمەترسییەکاندا، منداڵان و بەساڵداچووان تووشی بوون، سەرنجی بەشێکی گرینگی بڕیاربەدەستانی بیانی بەتایبەتی ئەمریکا، ئینگلستان و فەڕانسەی لێ کەوتەوە کە فەزایەکی سۆز و مافی ئینسانی لە جیهان دروست کرد کە تەنانەت تورکیە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، یارمەتیدەر بوون بۆ دروستبوونی ناوچەی دژەفڕین لە ئاسمان و دژەهێرش لە زەوی بە مەداری ٣٦ دەرەجە و بڕیاری ٦٨٨، کە تێیدا شێوە پاراستنێکی نوێ بۆ کوردستان هاتە ئاراوە، کە لە لایەک خەباتی چەند ساڵەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان هاتنە ئاراوە و هەڵبژاردنی پاڕڵمانی هەرێمی و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عیراقدا، لە لایەکی دیکەی لێ کەوتەوە.

لەو قۆناغەدا، سیاسەتزانان، خوێندەواران، مافناسان، سەرمایەدارن لە دیاسپۆرا یارمەتیدەرێکی زۆرباش بوون بۆ گواستنەوەی ئەزموون و زانیارییەکان لە تاراوگە  بۆ هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی سەرنجی ژمارەیەک لە وڵاتانی دێموکراتیک بۆ سەقامگیری و گەشەی حکومەتی هەرێم. پشتیوانیی بەربڵاو لە دەرەوە، گەڕانەوی خەڵکێکی بەرچاو بۆ ژیانی دووبارە لە باشووری کوردستان، لابیگەری لە ئەمریکا و ئورووپا لە پاڕڵمانەکان و بەرە بەرە ناسین و ناساندنی کێشەی کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بە هەموو کەموکووڕییەکان و ڕەخنەکانی کە لە سەریەتی، بە بڕوای من وێنەیەکی زۆر سەرکەوتووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

حکومەتی هەرێم بوو بە پردێکی زۆر گرینگ لەنێوان دیاسپۆرا و نێوخۆی کوردستان و جهیاندا، کە ئەزموونی ژیان لە هەردوو بەشدا یارمەتیدەر بن بۆ جۆرێک ناسنامەی نەتەوەیی کە ڕەنگدانەوەی بەشێک لەو نیشتمانە دابەشکراوە، بە شێوەیەکی نوێ بەتایبەتی لە سەدەی ٢١م دایە. ئەو حکومەتە خۆجێییە هەرچەند بەشێوەی دێفاکتۆ لە میدیاکان، پاڕڵمانەکان و تاڕادەیەک لەنێو بیروڕای گشتیی جیهانیدا، جێی باس و سەرنج بوو و هەیە. جێی سەرنجە کە لەو بڕکەی زەماندا، دابەشکارانی کوردستان لە ١٦ ساڵەی تەمەنی سەدەی ٢٠م دا، یانی بریتانیا و فەڕانسە، لە دوایین دەیەی ئەو سەدەیە لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەشە و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا یارمەتیدەری نیزامی، سیاسیی و ئابووری بوون.

منداڵانی دیاسپۆرای باشووری کوردستان، کە زمانی کوردیی دایک، ئاڵای نیشتمانی، پێشمەرگە و لیباسی کوردی بە ئازادی لە بەشێک لە تاراوگە بەتایبەتی لە میدیا کوردییەکاندا، کە بەشێوەی ماهوارەیی و ئینترنێتی بڵاو دەبنەوە و ژمارەیەکیش لە ڕێوڕەسمەکانی نەتەوەیی، بەتایبەتی نەورۆز،  بە کردەوە ئەو هێمایانەی نیشان دەدرێن و پێوەندی گرتنی بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەردانی حزووری بۆ کوردستان و مانەوە و ژیان بۆ کورت‌ماوەش بووبێ و هێلی ئاسمانی فرۆکە بۆ کوردستان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئەمریکا، ئاڵمان، ئوتریش، سوئید، نۆڕوێژ، ئینگلستان، تورکیە و … بوون بە خاڵی وەرچەرخانی گەورە لە پەرەگرتوویی دوو ژیان لە دیاسپۆرا و هەرێمی کوردستاندا.  

دیاردەی ئینترنیت و تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکان لە جیهان و دوای دروستبوونی هەرێمی کوردستان و نەبوونی سانسۆڕ و فیلتێر بەشێوەی ڕێژەیی لەسەریان، یەکی دیکە لە هۆیەکانی زۆر گرینگی پێوەندییەکانن، کە هەموو نەسل و وەچەکانی بەرایی بەتایبەتی نەسلی زێد پتر ئەو دوو بەشەی دیاسپۆرا و نیشتمان لە هەرێم گڕێ دەدا و ئەو “ناسیۆنالیزمە دوورمەودایەی “ئاندرسۆن” باسی کردووە، کردەییتر بووە، کە بە شێوەگەلی بەرفراوانترلە پێشوو لە پەرەگرتندایە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان  

لە سەدەی ٢٠م گەلی کورد لە ئێراندا تووشی ژیانی نەخوازراو لە یاسپۆرا بووە. پێویستە ئاماژە بکرێ کە لەو سەدەیەدا، دوای تێپەڕینی پێنج (٥) ساڵ لە ١٩٠٥ دا، شۆڕش لە ڕووسیە هەوڵی بۆ درا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ساڵێک دواتر لە ١٩٠٦ لە ئێرا ندا، بزووتنەوە یا شۆڕشی مەشرووتە چێ بوو. سەرەتا ئەو شۆڕشە زۆر سەرکەتوو بوو و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئێراندا، بە تێچووی کەم دەستکەوتی زۆری هەبوو. موزەفەرەدین شا ناچار کرا، یاسایەک ئیمزا بکا کە دەسەڵاتی خۆی لە حاکمییەت بۆ سەڵتەنەت بگۆڕێ. مەجلیسی شووڕای میللی هەڵبژێردرێ و باسی “ماڵی عەداڵەت” بکرێ و هەوڵ بۆ یاسای بنچینەیی بە شێوەیەکی نوێ لە بەڕێوەبەری بدرێ تاکوو بتوانێ هاوسەنگیی هێز لەنێوان دەسەڵات و گەل لە لایەک و لەنێو هێزەکانی حکومەتی لە لایەکی دیکە پێک بێنێ.

شۆڕشی مەشرووتە هەم بە هۆی کۆمەڵگەکانی زۆر ئیسلامی بە مەزهەبی شیعە و سوننەوە، کەمخوێندەواری و نەخوێندەواری و عەشیرەگەرییەوە، هەم نەیاری بەهێز و گەورەی وەک: ڕووسیە و شکانەوەی محەممەدعەلی شا، ڕەزا شا و محەممەدڕەزا شا، بە لای سەرەڕۆیی لە لایەک و بەشی مەشڕووتە لە لایەکی دیکە، ئیزنی هاوسەنگی بە سێ هێزی یاسایی، ئیجرایی و قەزایی بەشێوەی مۆدێڕن و ڕۆژ نەدا. لە ئاکامدا، مەشڕووتە سەقامگیر نەبوو، بۆیە هەلێکی ٧٢ ساڵە بۆ دامەزرانی سیستمێکی دێموکراتیک کە تەعبیر لە ئێرانێکی فرەگەلی و پێشکەتوو لە چوارچێوەی ئازادی و داننان بە مافی گەلانی ئارایی لە چوارچێوەی ئەیالەتی و ویلایەتیدا بێ، کە بەشێکی گرینگ لە سیستمی نوێ و مۆدێڕنی مەشڕووتە بوو، لە کیس چوو.

لە ماوەی ٢٠ ساڵ ١٩١٨- ١٩٣٨ لەنێوان دوو شەڕی یەکەمی جیهانی و دووهەمدا، چەند ڕاپەڕین و بزووتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە ئاراوە، کە هەر یەکەی شوێندانەریی خۆی هەبوو. بەڵام جووڵانەوەی سمکۆ (سمایل ئاغا)ی یاد بەڕێز، درێژخایەنتر و کاریگەرترینان بوو. خۆڕاگریی نەمر قەدەم  خێریش لە مێژوودا پڕشنگدارە.

تێکۆشەرانی گەلی لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا، بە ناچاری و نابەدڵێ پەڕیوەی هەندەران بوون. بەڵام پتر لە وڵاتانی دەوروبەر، بەشەکانی باکوور و باشووری ئێستا یا شار، شارۆچکە و ئاوایی‌یەکانی ناوچە ناکوردییەکانی ئێران ئاوارە بوون.

لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانیش لە ١٩٣٨- ١٩٤٥دا، شۆڕشی بارزانییەکان و هاوپشتیوان و خەباتکارەکانی لە کوردستانی گەرمێن، کە لە ساڵی ١٩٤١ دژی سەرەڕۆیی و ماف لەبەرچاونەگرتنەکانی گەلی کورد دژی حاکمییەتی عێراق ڕووی دا، پاشەکشەی پێ کرا. بەشێکی زۆر لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانی ئەو شۆڕشە لە دوای بڕینی سنووری دەستکرد لە ناوچەکانی خانێ (پیرانشار)، نەغەدە و شنۆ نیشتەجێ بوون.

کاتێک لە ٢٢ ی ژانویەی ١٩٤٦ (٢ی ڕێبەندان)ی ١٣٢٤، کۆماری کوردستان لە مەهابادی پێتەخت ڕاگەیاندرا،  زۆربەی تێکۆشەرانی بارزانی و هاوڕێیانی بەشدار لە بەڕێوەبەریی ئیدارەی کۆماردا، بەتایبەتی لە بەشەکانی پەروەردە، چاپەمەنی و پێشمەرگە (سوپای میللی)دا مێژوویەکی نوێیان خوڵقاند.

لە ڕەوتی ئەو مێژووەدا، تێکۆشەرانی کوردی گەرمێن بەتایبەتی ژێنڕاڵ مستەفا بارزانی و ٥٠٠ کەس لە پێشمەرگەکان دوای ڕووخاندنی حکومەتی میللیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان بە هۆی هاتنەئارای شەڕی ساردەوە پتر لە پێنچ هەزار کیلۆمێتریان لە سێ سنووری دەستکردی نێوان ئێران، عێراق و تورکیە بڕی و لە چۆمی ئاراز پەڕینەوە و بۆ پاراستنیان داوای پەنابەرییان لە یەکیەتیی سۆڤیەتیی پێشوو کرد و وەرگیران. بەڵام زۆریان بە هێند نەگرتن و دەرفەت پێدانی دوایی‌یان، جۆرێک “ناسیونالیزمی دوورمەودا” لە ڕەوتی ژیانیان و تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ سۆڤیەتییەکانی لێ چێ بوو، کە دواتر نەخشی باشیان لە بزووتنەوەی باشووری کوردستان و هەرێمدا گێڕا.

هەروەها، ژمارەیەک خوێندکار کاتی کۆمار بۆ خوێندن ناردرانە سۆڤیەت. سەرەڕای ئەزیەت کردنیان لە سەردەمی ستالیندا، دواتر دەرفەتیان بۆ ڕەخسا و خوێندی ئاکادێمی و پزیشکیان تەواو کرد. دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پەهلەوییەکان ژمارەیەک گەڕانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و خزمەتیان کرد و ژمارەیەکیشیان بۆ ماوەیەک لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چالاک بوون. وەک: دکتور وەتەمیشی و ئاسۆ مەحموودزادە و…

نزیکەی ٣٢ ساڵی دوای ڕووخاندن و ساواکوژکردنی کۆماری کوردستان و نۆژەنکردنەوە و چالاکبوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، زۆر کەس بە تەمەنی جۆراجۆر خەباتیان درێژە پێ دا، لە دیاسپۆرا کەڵکیان لە دەرفەتەکان وەرگرت و خۆیان پێگەیاند و داستانگەلی “ناسیۆنالیزمی دوومەودا” یان خۆڵقاند.

یەک لەوان عەبدولڕەحمان قاسملووی ژیر و زیرەک بوو، کە نەتەنیا خۆی وەک لاوێکی ١٦ ساڵەی دامەزرێنەری
ڕێکخراوی لاوان لە ورمێ لەو سەردەمدا و دواتر چوونی بۆ تاران و درێژەدان بە خوێندن لە ١٨ – ١٩ ساڵیدا، بوو بە تاراوگەنشین و لە پڕاگی چێکۆسلۆڤاکی خۆی پێ گەیاند بوو و بە دکتور قاسملوو. پتر لە ٧ زمانی دەزانی و مامۆستایەکی توانا لە زانستگەکانی پڕاگ و سۆربۆنی فەڕانسە بوو و وانەی ئابووریی سوسیالیستی و سەرمایەداری دەگوتەوە. بەڕێزیان ڕێبەرێکی کارامەی بزووتنەوەی میللی – دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە پتر لە ١٨ ساڵ ئەرکی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەر شان بوو.

دکتور قاسملوو لە دیاسپۆرا هەوڵی دیپڵۆماسیی چالاکی دەدا. بۆیە لە ڕێگەی میدیا و پاڕڵمانتارانی وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژنامەنووسانی بیانیدا، لەنێو تیکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و لەگەڵ چالاکانی ئێرانی لە هەموو نەتەوەکان و بەتایبەتی فارسەکان، هەوڵی سەلماندنی ڕوابوون و مافخوازانەبوونی بزووتنەوەی کورد و لەنێو بزووتنەوەی کوردیشدا، بەرنامەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیشی بەلێزانی تاوتوێ دەکرد.

د. قاسملوو لەگەڵ چەند بیرمەندی دیکەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ژمارەیەک نووسەر و لێکۆلەری بیانی لەسەر کوردستان کاریان کردبوو و لە توێی کتێبێکدا، بە ناوی “گەلێکی پەژموردە و نیشتمانی پەرت” بڵاویان کردبووەوە. نووسەران و لێکۆلەرەکان بریتی بوون لە: [کەنداڵ نەزان]، د. قاسملوو، د.عیسمەت شەریف وانلی، مستەفا نازدار، ئارچی ڕوزڤڵت، کامران قەرەداغی، ئەلیزا مارکۆس، بێڵ فریلیک و… ئەو کتێبە لە لایەن م. گۆمەیی لە عەرەبییەوە کراوەتە کوردی و لە ساڵی ١٩٩٨ لە سوئێد بۆ یەکەم جار چاپ کراوە.

بۆ زانیاریی پتر لەسەر کتێبی “گەلێکی پەژموردە و نیشتمانی پەرت” بە پێی گەڕان لە گووگل ئەو کتێبە لە ساڵی ٢٠٠٢ زایینی ( کوردی٢٧٠٢) لە سوئێد بۆ دوویەم جار چاپ کراوەتەوە، سەرجەم ٤٤٩ لاپەڕیە و زانیاریی فرە و بەکەڵکی سەبارەت بە پرسی کورد تێدایە، کە لە دیاسپۆرا نووسراون. شەهیدان، نەمران و بەڕێزان: کەنداڵ نەزان، شەهید دکتور قاسملوو، نەمران، عیسمەت شەریف وانلی و مستەفا نازدار بە فەڕانسەوی سەبارەت بە کورد و کوردستان نووسیویانە. لە وەرگێڕانی عەربییەکەیدا، ڕێکخراوی فەلەستینی (ئەلفەتح) و لە فارسیدا، ئیبراهیم یوونسی و گۆمەیی پێشەکییان بۆ نووسیوە. بە گشتی کۆیەک لە نووسەران و شارەزایانی کورد و بیانی، لەسەر بزووتنەوەی کوردا لە دیاسپۆرا و نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسیویانە و بیر و هزریان تێیدا بەکار هێناوە.

کوردستانی ئێران، دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، کورد و ڕەچەڵەکی لە ئێران، پێناسەی نووسراوەکەی ناوبراوە کە  لەو کتێبەدا نووسیویەتی. هەروەها جگە لە کتێبی کوردستان و کورد، کە لە ١٩٧٣ [مامۆستا] عەبدوڵا حەسەنزادە کردوویەتە کوردی و  بنکەی پێشەوا چاپی کردووە، باسی کتێبێکی دیکەش دەکرێ، بە ناوی “گیروگرفتی پێشنکەوتووی ئابووریی وڵاتە دواکەوتووکان” پڕاگ ١٩٦٩ لە پەڕاوێزدا.

هەوڵێکی دیکەی سەرکەوتووانەی د. قاسملوو بۆ ڕاکێشانی پێگەیشتووەکان لە دیاسپۆرادا، لە ڕێگەی یەڵماز گونای، یاد بەڕێزەوە، دکتور سادقی شەڕەفکەندی ناسیوە و بە بەرنامە و پێڕەوی حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئیران) ئاشنای کردووە. دکتور شەڕەفکەندی کە یەک لە پێگەیشتووانی نێوخۆی نیشتیمان، ئێران و دیاسپۆرا بوو، بەهاتنی بۆ نێو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردی و حیزبی دێموکرات، بوو بە “د. سەعید بەدەڵ”  وەک: ڕێبەرێکی کارامە و پتر خۆپێگەیەنەر، یار و هاوبیری هەتاسەری د. قاسملووی مەزنیش، بەتایبەتی لە بواری بیر و هزرییەوە بە جیاوازییەکانیانەوە بوو.

د. قاسملوو بۆ بەرینکردنی بازنەی دیپلۆماسی لە دیاسپۆرا، لە ساڵی ١٩٨٦ بۆ لێما، پێتەختی پێڕۆ، بۆ کۆبوونەوەی سوسیال – ئینترناشناڵ وەک میوان بانگهێشتن کرا. بەڕێزی بە قسەکردن لە تریبوونەکە بە کورتی، سەرنجی زۆر کەس لە نوێنەرانی بەشداربوو بەتایبەتی لوئیس ئایالای ڕاکێشا. ئایالا سکرتێری ئەوکاتی ئەو ڕێکخراوەیە کە دوای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوویەمین ڕێکخراوی گەورەی جیهانییە و لە ململانێیەکانی جیهانی ئەوکاتدا زۆر گرینگتر لە ئیستا بوو. جێگەیەک بۆ دیپلۆماسیی بەربەرین لەنێو حیزب و ڕێکخراوە سۆسیالیست، سۆسیال – دێموکرات و چەپ دێموکراتەکانی ئورووپایی بووە و هەیە.  

دواتر هەموو ساڵێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئەو ڕێکخراوە فرەحیزبییە کە شوێندانەریی گرینگی لە دیپڵۆماسیدا دەگێڕن، بانگ دەکرێ و لەو ڕێگەیەوە گەلی کورد پێی بۆ سوسیال – ئینترناسیۆنال کرایەوە و ئێستا حدکا و یەکیەتییەکانی ژنانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامن و چەند حیزب و ڕێکخراوی دیکەی کوردیش چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە بەشەکانی دیکەی کوردستان تێیدا ئەندام یا ئەندامی چاوەدێر یا میوانی بەردەوامن.

وڵاتی فەڕانسەش پتر لە ٤٠ ساڵە پێوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ حیزبی دێموکرات هەیە و دەفتەری نوێنەرایەتیی بەهۆی د. قاسملووی دیپلۆماتکار و پێگەیشتوو لە دیاسپۆرا کە باشترین پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە بەشێکی گرینگ لەنێو وڵاتانی ئورووپاییدا خوڵقاند و دوای تێرۆری ئەوپەڕی نامرۆڤانە و جینایەتیکارانەیدا پێوەندییەکان بەرفراوانتر و کاریگەرییەکانیش کارامەتر بوون.  

 هەروەها لە چوارچێوەی ئەو “ناسیونالیزمە دوورمەودا”یەدا هاوژینەکەی خاتوو هێلێن کڕۆلینش (نەسرین قاسملوو)، کە لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە بەڵێنی ژیانی هاوبەشی لەو زانستگەیە دا کە پێکەوە لێیان دەخوێند و لە درێژەی ژیانی هاوبەشیاندا زۆربەی هەرەزۆری تەمەنی پڕسوودی بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی کورد و تێکۆشان لە حیزبی دێموکراتدا تەرخان کرد.

لەو بوارەدا، نووسراوە: “هەردووکیان گەنج بوون. کاتێک یەکتریان بینی، تەمەنی عەبدولڕحمان ٢٠ ساڵ و لێنا * ١٧ ساڵ بوو. ل. ٣٤. لێنا ئەندامی ڕێکخراوی لاوانی چێکۆسڵۆڤاکی بوو، بەڵام کەمتر سوودی لە ئیدئۆلۆژیی کۆمۆنیستی وەرگرتبوو. پێداگر بوو لەوەی هاوکاریی ئەو پیاوە بکا، کە خۆشی دەویست، لە خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەکەیدا… ماوەی ٣٧ ساڵ هاوژینی یەکتر بوون. ل. ٣٥ .  لێنا هەوڵی فێربوونی زمانی فارسی و کوردی دەدات. مەبەستی لە فێر بوون ئەوە بوو کە لەوانی دیکە تێ بگا، و ئەوانیش لە خۆی تێ بگەیەنێت و بەتایبەتی دەستی بە دوو کولتوورە دەوڵەمەند و سەرنجڕاکیشەکە بگا. ل. ٢٤”.

“لێنا ڕێزێکی زۆری بۆ نەتەوەی کورد دادەنا، کە لە سەرکوت و زوڵم ئازاری دەکیشا، تێکەڵ بە شۆڕشگێڕانی ئەو نەتەوەیە ببوو و دەیویست لە شۆڕشەکەیاندا بەکەڵک بێت. لە ڕێی زمان و داب و نەریتیانەوە ژیانی خۆی لەگەڵ گرێ دابوون… ڕۆحی لێنا لەگەڵ گەوهەر و ڕۆحی کوردایەتی ئاوقا ببوو بەم چەشنە بوو کە شوناسی لێنا گۆڕدرا بوو بە شوناسێکی کوردی. ل. ٢٠٨”.

* لێنا (نەسرین قاسملوو) یە لە کتێبە بیرەوەرییەکانی دا.

هەوڵێکی دیکەی کوردان و فارسەکانی دیاسپۆرا لە زەمانی شادا، لە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٣٥٥ دا، ناوی کاک عەزیز یۆسفی دابوو بە هەیئەتێکی مافی مرۆڤ لە کاتی سەردانی زیندانەکان لە ئێراندا. وتە بەناوبانگەکەی کاک عەزیز ئەوکات دەڵێ :” ئێمە هەزاران کەس بووین و … بەڵام ئێمە هەر هەزاران کەسین، نەقشەڕێگەیەکی گرینگ بوو بۆ خەبات و تێکۆشان.

سەبارەت بە نەمر کاک عەزیز یۆسفی و کاریگەریی دیاسپۆرا و هەوڵەکانی د. قاسملوو و هاوبیرانی بۆ نەجاتی گیانی زیندانییە سیاسییەکانی کورد بەگشتی و کاک عەزیز یۆسفی بەتایبەتی، دەتوانین ئەو ئاماژە گرینگەش لەبەرچاو بگرین کە بە پێی بیرەوەرییەکانی خاتوو نەسرین قاسملوو لە نزیکەوە عەبدلڕەحمان و عەزیز یۆسفی یەکتریان دەناسی و ماوەیەک لە تاران بە نهێنی ژیان و خەباتیان کرد.

هەوڵ درا لە لایەن گرووپی لێبوردنی گشتیی نێونەتەوەیی لە زیندان سەردان و گفتوگۆ لەگەڵ کاک عەزیز بکرێ. “لیون توسن” ڕۆژنامەنووسی بلژیکی لە ساڵی ١٣٥٥ دەنووسێ: دەمهەوێ لە عزیز یۆسفی کوڕی محەممەدەوە دەست پێ بکەم. چونکە چارەنووسی ئەو کەسە جێی سەرنجی گرووپی لێبوردنی نێونەتەوەیی بلژیکە کە بەرپرسەکەی پڕفسوڕ “لوشار” مامۆستای زانستگەی بڕۆکسێلە. عەزیزی یۆسفی کە ٢٥ ساڵە لە یەک لە زیندانەکانی ئێرانە، ئامادە نییە داوای لێبوردن بکا.”

جگە لەمانەش دکتور ڕەحیم سەیفی قازی، یاد بەڕێز کە لە سۆڤییەت خوێندبووی، بە نووسینی ڕۆمانی “پێشمەرگە” پردی نێوان خۆی و خەباتی نەتەوەکەی لە بێچمی “ناسیونالیزمی دوورمەودا” دا دروست کرد. بابی ئەو بەڕێزە ژێنراڵ حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی جێگری سەرۆک‌کۆمار بوو، کە هەر لەگەڵ پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆک‌کۆمار و سەدرولئیسلام قازی برای پێشەوا کە لە ١٠ ی خاکەلیوەی ١٣٢٦ لەسێدارە دران. لە درێژەدا حەسەن قازی کوڕی دکتور ڕەحیمی سەیفی قازی، یەک لەو کەسە دیارانەی تێکۆشەری ڕێی ئازادی و لێکۆلەرێکی پڕ خزمەتی دیاسپۆرایە. بەکورتی یانی سێ نەسل خزمەتیان بە بزووتنەوەی کوردی کرد، کە زۆرترین تەمەنی دوو وەچەیان لە دیاسپۆرا تێپەڕیوە و تێدەپەڕێ.

کەسانی دیکەش بەخۆشییەوە زۆرن کە لە دیاسپۆرا پێگەیشتوون بو وێنە: دکتور تۆفیق مووسیوەند، بەرخەوانێک بە منداڵی و بوون بە دکتوری دروستکاری دڵی دەستکرد (قلب مصنوعی) لە جیهان لە ئەمریکا و کانادا و کۆچەر بیرکار (فەریدوونی درەخشانی)، ماتماتێک زانی توانای جیهانی کە لە ئینگلستان بواری بۆ ڕەخسا و گەشەی کرد.

لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا کە ئیسلامی سیاسی لە ئێران بەڕواڵەتی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی لە ئێران پاوان کردەوە و نوێنگەی “مەشڕووتەخوازییە”، زۆربەی هەرەزۆری تەمەنی تەژی و پڕ لە جینایەت، غەدر، مافکوژی، منداڵکوژی، ژنکوژی و مرۆڤکوژییە، و گۆیا ٦ هەتا ٧ میلیۆن کەس لە نەتەوەکانی ئارایی، فارس، تورکی ئازەری، کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن، لوڕ، مازەنی، کاسپێیەنی، کەمایەتییەکانی بەهایی، سوننی، کەلیمی، زەردشتی و… بە حەشیمەتی دیاسپۆراییەوە زیاد بوون.

کوردەکان چ وەک تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنی لە تەشکیلاتی حیزبەکان و چ وەک کەسانی تاک لە چین و توێژی جۆراوجۆر بە جیهاندا بڵاو بوونەوە و لە سەردەمی فرەمیدیایی، ماهوارەیی، ئینتێرنێتی، سوسیال میدیادا بەهێزترین نێت ورک و پێوەندییان بەگشتی وەک کورد لە چوار بەشی کوردستاندا و لە خودی کوردانی نیشتەجێی تاراوگە بەڕادەیەک لە سوسیال میدیادا چالاکن و زمانی کوردی لە پلەی ٣٦مین زمانی بەکارهێنەریی ئینترنێتی لە بەشی پێوەندییەکان بە ئاخاوتن، نووسین، پێوەندیگرتن، گرووپ سازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کڵاپ هاوسەکان، و… دایە.

بزووتنەوە/ شۆڕشی ژینا و دیاسپۆرا  

   لە چوارچێوەی سەرکوت و تەپەسەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئازادی و مافی ئینسانی بەگشتی دژی ژنان و کچان بۆ ڕووپۆش و سەرپۆشی زۆرەملێ (حجاب اجباری) بەتایبەتی ڕووداوێک کە لە ڕێکەوتی ٢٢ ی خەرمانانی ١٤٠١(سێپتامبری ٢٠٢٢) خوڵقێندرا کە گەشتی ئیرشادی ئیسلامیی تاران لە شەقامی وزەڕا لە نزیک ئێزگەی ژێرعەرزی حەقانی ژینا/ مەهسا ئەمینی  ٢٢ ساڵەیان بە تاوانی دانەپۆشینی چەند تاڵە مووی قژە جوانەکەی گرت و دوای ٨ سەعات گوشار، ئەشکەنجە و زەبرلێدان لە سەری چووە کۆماوە و دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرا، ٢٥ ی خەرمانان بەداخەوە گیانی لەدەست دا. ژینا بۆ سەردان و دیداری خزمەکانی لە تاران بوو.

ژینای کوردی سەقزی جوانەمەرگکراوی “غەریب لە تاران”، لەبەر دەرگەی نەخۆشخانەڕا خەڵکێک وەک: “شینگێڕیی گەلی” بە دروشمی دژی ڕێژیم و مەحکووم کردنی کردەوەی قێزەونی “قەتڵی حاکمییەتی” ناوبراو و دواتر ناشتنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بە هیممەتی “هەزاران” خەڵکی بەشدار و گواستنەوی “ڕاستوێژی” دوو ڕۆژنامە نووسی ژنی لاو، “الهە محمدی و نیلوفر حامدی” لە هەواڵنێرانی ڕۆژنامەکانی “شرق و هم‌میهن”، شێعرەکانی “قەتڵ لەبەر ڕووسەری و تاران بە دەم کەسەوە پێناکەنێ ی شێرکۆ بێکەسی نەمر کە بابە گەورەی ژینا خوێندبوویەوە”و دروشمی “ژینا تو نامری و ناوت دەبێتە ڕەمزی خەبات” لە کێلە کاتییە بچووکەکەی،  و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بوومەلەرزەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خوڵقاند کە تەواویەتی دامودەزگای ڕێژێمی زۆر بە توندی ڕاتڵەکاند و هەتا نزیک نەمانی برد.  

پێشەنگیی ژنان و کچان لە شەقام و مەیدانەکان پڕ وزەیی خەبات و بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانیی پیاوان و کوڕان، پەل هاویشتنی بۆ خەباتی سەرانسەری لەنێو گەلانی ئێران و قەڵەمبازی ڕێئاڵی بۆ دیاسپۆرا و هاتنە نێو شەقام و مەیدانەکان لە پتر لە ٨٠ پێتەختی وڵاتان، شار و شارۆچکەکان، پشتیوانیی پارڵمانتێران بەتایبەتی کچان و ژنان بە بڕینی پارچەیەک لە قژیان، وەک سیمبۆلێک لە هاوپێوەندی لەگەڵ ژینای کوردان، دروستبوونی “کەفالەتی سیاسی” بۆ “دەیان هەزار”زیندانی بۆ بەرگری لێیان، دەرکردنی نوێنەری ژنی کۆماری ئیسلامی لە شووڕای مافی مرۆڤی جیهانی، دروستبوونی “کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان”، پەسندی یاسای مەهسا لە کۆنگرەی ئەمریکا، شەپۆلی دوویەمی دیاسپۆرا بوو کە ڕێژیمی خوێنڕێژ، منداڵکوژ، ژنکوژ، مرۆڤکوژ و ماف پێشێلکاری گەلانی ئارایی لە ئێران، پتر بەرز بووەوە  و دروشمی ژیان، ژیان، ئازادی بە چەند زمان بووە دروشمی هەموو چالاکییەکان.

شەکاوە ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان و شوناسی پتری جیهانی نەتەوەیی کورد و ناولێنانی ژینا لەسەر منداڵان و گۆڕینی ناوەکانی دیکە چ  بۆ ژینا و چ بۆ مەهسا، بەشی هەرە گرینگی ئەو شوێنەوارانە بوون کە دیاسپۆرای نوێی کوردان خوڵقاندیان و هەم پرسی ئێران و هەم پرسی کوردی لە دیاسپۆرا، باسگەلێکی زۆر گەورەی لێ کەوتەوە. سۆسیال میدیا بە میلۆنان جار بە # (هەشتگ)ی ژینا / مەهسا هاوپێوندییەکی مێژوویی نوێی جیهانی لێ بەرهەم هات و ناسنامەی نەتەوەیی خوڵقاند، کە ڕێژیمی نگریسی کۆماری ئیسلامی تووشی شۆک کرد و دووبەرەکی و چەندبەرەکیی لەنێو دەسەڵات دروست کرد کە درێژەی هەیە.

ئەو شەپۆڵە بوو بە بزووتنەوە و شۆڕشێک کە زایەڵەی لە دیاسپۆرا و بەرجەستەبوونی ئەوەندە شوێندانەر بوو کە وزەیەکی مەزنی دا و بە دروستبوونی ڕەوتێکی نۆێ لە “ڕونێسانسێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی” کە بەهێزبوونی کۆمەڵگەی مەدەنیی لێکەوتەوە و تێکەڵاو بە ڕەوتێکی سیاسیی بەربەرین بوو.کەلێنی گەورە و دوور لە یەکی ئەو بەشەی خەباتگێڕی سیاسی و مەدەنی وەک دوانەیەکی بەهێز بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی لێ کەوتووەتەوە. خەبات و هەوڵ و تێکۆشان لەو بوارەدا، کەم  و زۆر لە نێوخۆی ئێران و دیاسپۆرا درێژەی هەیە.

دیاسپۆرای ڕۆژاوا

   لە ڕۆژاوای کوردستانیش وەک بەشەکانی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵات لە دیاسپۆرای کوردیدا، نەخشێکی زۆر بەرچاوی هەبوو و هەیە. بەتایبەتی ئەو بەشەی گەلەکەمان لە نێوخۆی ڕۆژاوا تووشی زۆر کارەسات بووە، وەک نەدانی ناسنامە بۆ کەمکردنەوەی ئاماری کوردان، شێواندنی جوغرافیایەکەی و بەتەعریبکردنی لە پاڕیزگا، شار، شارۆچکە و گوندەکان، دروستکردنی ماڵی عەرەبان لەمبەر و لەوبەر ماڵی کوردان و ئیزن نەدان بە کوردی قسەکردن و خوێندن و ئاسمیلەکردن یا تواندنەوەیان لەنێو عەرەباندا. بەشە هەرە گرینگەکانی ئەو گەلە ماف پێشێلکراوەی کە لە دوای سایکس – پیکۆی شووم لە ١٩١٦دا لە لایەک و ئەنجامنەدانی پەیمانی سێڤری ١٩٢٠ کە لە ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤دا، مافی  دروستکردنی وڵات بۆ نەتەوەی کورد پێش دروستبوونی دوو دەوڵەتی عێراق و سووریە پێ درابوو، لە لایەکی دیکە، مەزنترین نەهامەتیی کورد لەو بەشەش بوو.

لە ڕۆژی  دروستکردنی دەستکرد و داسەپاوی سووریەدا، دابەشبوونەوەی لە ١٩٢٣دا، تا ئێستا گەلی کورد لەو بەشەی نیشتیماندا بە شێوەی جۆراوجۆر خەبات و تێکۆشانی خۆی هەبووە. هەرچەند زۆر بەزەحمەت، بەڵام ناسنامەی خۆی بەئاشکرا کەمتر و بە نهێنی پتر و لە ماڵاندا تا ڕادەیەک پاراستووە.

لەگەڵ هەر قۆناغێک لە خەبات و بەرخۆدانی کوردان لە ڕۆژاوای نیشتمان ژمارەیەکی زۆر و بە “هەزاران” ئاوارەی هەندران بوون و پتر دیاسپۆرا و زیندان، دووربوونەوەی ناچاری لە مەیدان و زێدی ژیان، بوونەتە شوێنی پتری ڕاگرتنی ناسنامەیان  و تا ڕادەیەک سازماندانی خۆیان.

زۆرترین، بەرچاوترین و کاریگەرترین ڕەوتی دیاسپۆرای ڕۆژاوا دوای “بەهاری عەرەبی” بوو. لە ساڵی ٢٠١١ وە کە بەشێک لە وڵاتانی عەربی و یەک لەوان سووریە لە خەباتێکی مەدەنی بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە شێوەی شۆڕشە ڕەنگینەکان لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژاوایی لە دوایین دەیەی سەدەی ٢٠م دا، ئەنجام دران. بەشار ئەسەد بە ئیمتیازی دەسەڵاتی سەرۆک‌کۆماریی حافز ئەسەدی بابی، ماددەی دەستووری یاسایی هێنرایە سەر دەسەڵات و قەولی ئاڵوگۆڕیشی دا، بەڵام بە هاوکاریی ئێران و ڕووسیە سەرکوت و تەپەسەریی بۆ ماوەی پتر لە ١٠ ساڵ لە سووریە بەوپەڕی ماف پێشێلکاری درێژەی هەبوو. بەداخەوە پتر لە ٥٠٠ هەزار کەس لە ژن و منداڵ، لاو و مێرمنداڵ، بەتەمەن و بەساڵداچوو کە خوازیاری ئازادی و مافی پێشێلکراویان بە شێوەی ڕۆمانی و شاری تیمشوارا بوون، گیانیان لێ ئەستێندرا و بە چەندین میلیۆنیش ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر، ئورووپا، کانادا و ئەمریکا بوون.  

لەنێو کاروان و بەکۆمەڵ گەورەکانی ڕاکردوو لە دەست ڕێژیمی بەشار ئەسەدی جینایەتکار و دیاسپۆرایی بوونی ژمارەی میلیۆنی گەلانی سووریە، داستانی ئەیلان ( ئالان)، تراژیدی و دڵتەزێنییەکی مەزن بوو. ئالانی نازداری ٣ ساڵانە ٢٠١٢- ٢٠١٥ لەدایکبووی کۆبانی لەگەڵ برا پێنچ ساڵەکەی، دایک و بابی بۆ دوڕگەی کوورس لە یونان دەچوون کە دڵە چووکەکەی لەژێر شەپۆلە سامناکەکانی دەریا لەگەڵ دایک و ٦ کەسی دیکە لە ترسی گیران و گەڕاندەوەیان لە لایەن پولیسی گاردی نێوئاو، بەداخەوە لە لێدان کەوت. شەپۆلەکان جەستەی بێ هەناسەی ئالانی داماویان بەرەو لێوار و وشکانی برد. کاتێک بەرەودم لەسەر ڕەڵمی لێواری دەریا لە بوودروومی تورکیە جەستەی بچووک و مەعسوومی بەجێ ما، داستانی بە میلۆن کورد و ناکوردی سووریەیی لەو وێنەدا بەدی دەکرا. بە یارمەتیی وێنەکە لە سوسیال- میدیا، زایەڵەی میلیۆنی و زۆر بەهێزتر لە شەپۆلەکانی ئالانیان لە ژیان و مان خست، ئالانی نەمر کرد. داستانی گەلانی سووریە کە لەژێر دەسەڵاتی “توتالتێر” ی بەشار ئەسەد کە بە بۆمبی بۆشکەیی شیمیایی لەبەر چاوی زلهێزەکان لەژێرپێنانی مافی ئینسان دەبینران، دەبیسران. بەڵام چاویان لێ دەقووچاند و پتر بێزران.  

ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسرێن، بەخۆشییەوە ماوەی پتر لە مانگێکە ڕێژیمی پڕ لە جینایەت و غەدر و خەیانەتی ٥٤ ساڵەی ئەسەدەکان حافز و بەشار، لە ٨ ی دێسامبری ٢٠٢٤ بە مێژوو سپێردراوە. سوپای دێمۆکراتیکی نەتەوەیی سووریە کە زۆربەیان کوردن لە ڕۆژاوای نیشتمان لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، خەباتکاری تراژدیای ئالانەکان و بە میلیۆنی گەڵانی ناکوردی سووریە بە یارمەتیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە شکێنەری داعشی تێڕۆریست بوون، پارێزەری خاک و ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕۆژاوان. مەزلووم عەبدی (کۆبانی) یەک لە فەرماندە و ڕێبەرە لێوەشاوەکەی مەیدان و شوێنەدانەر، کوردێکە کە بۆ ماوەیەک لە قەندیل و دیاسپۆرا ژیاوە و بە ئەزموونی پتر لە پێشوو گەڕایەوە بۆ فیداکاری و بەرخۆدان لە دژوارترین کاتەکان لە ڕۆژاوای کوردستان. ئومێد ئەوەیە زۆربەی هەرەزۆری ئاوارەکانی دیاسپۆرای ڕۆژاوایی و سووریەیی بگەڕێنەوە وڵات و زێد و نیشتمانەکەیان و لە ئەزموونە ئەرێنەییەکانی خۆیان لە دیاسپۆرا بۆ دروستکردنەوەی سووریەی نوێی سەدەی ٢١ می کە ماف و ئازادییەکان، ئاشتی و ئارامی، گەشە و ژیانی باش، فرەیی و بە ئیلهام لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە بیروهزر و یاسایی بنچینەیاندا ڕەنگ بداتەوە.

ئاکامگیری               

دە ساڵ لە سەدەی بیستەم و ٢٤ ساڵ لە سەدەی ٢١م  کە کورد پتر پەڕێوەی هەندران بووە، تێدەپەڕێ. بە پێی ڕاپۆرت و ڕێکخراوی کوردی پتر لە ٣ میلیۆن کورد لە تاراوگە دەژین. لە ئورووپا ١٠٤ ئەنجومەن، ٢٤ فێدڕاسیۆن و چەندین ناوەندی کۆنفدڕاسیۆن هەن. 

شۆڕشی سێیەم یا شۆڕشی پێوەندییەکان و تیکنۆلۆژی بەقەولی “الوین تافلر” ٣ ی ئۆکتۆبری ١٩٢٥، ٢٧ ژوئن ٢٠١٦-  ناسیۆنالیزمی دوو مەودای بەهێزتر کردووە و هاوپێوەندیی نەتەوەیی بە شێوەی مەجازی زۆرترین نێت ورک لە ئاستی جیهانی و نێوخۆیی گەلدا دروست کردووە کە بە میلیارد گەلانی دنیا بەگشتی و بە میلیۆنان خەڵکی کورد و ناکوردی بە شێوەی جۆراوجۆر و لە تۆڕی جیاواز، چەند ڕەنگی و چەند دەنگی پێکەوە، لە لایەکی دیکە هاوپێوەند کردووە. هەواڵ و زانیاری دەبەشنەوە. پێوەندیی دەنگ، ڕەنگ، نووسراو، باس و کۆبوونەوە، کۆنفڕانس و وێبینار و…هتد دەگرن. پاڵتاڵکی پێشوو، زووم، فەیسبووک، مەسینجێر، تویتێری پێشوو (ئیکس)ی ئێستا، تێلگرام، ئینستاگرام، واتساب، تیک تۆک، لینک، ئیمایل، تێلگرام، کتێبی دەنگی و… ژمارەیەک لە ئامرازە گرینگەکانن کە لە دیاسپۆرا باشتر و بێ سانسۆڕ کەڵکیان لێ وەردەگیرێ و دەتوانن کاریگەریی زۆریان لە زانیاری بەشینەوە لە هەموو بوارەکانی ژیان و مانی پڕ نێوەرۆکدا هەبێ.  

بەتایبەتی دوای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە سووریە بە کەمترین تێچوو لە ١١ ڕۆژ و شەودا دوای ڕووخانی ڕێژیمی نگریس و خوێنڕێژی بەشار ئەسەد ئومێدێکی زۆر دروست بووە کە ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی نوێ دوورەدیمەن و پرسپێکتیوی داهاتوو بێ. ئێرانی ژێڕ دەسەڵاتی پتر لە ٤٥ ساڵی ئیسلامی سیاسیی ئاخوندی – سپایی- مافیایی نەمێنێ و بەهاری ئازادیی گەلانی لە ساڵی ٢٠٢٥ دا بەدی بهێندرێ. دیاسپۆرای کوردی ناسنامەیەکی پڕشنگدار لە هەموو بەشەکانی کوردستانی دابەشکراودا هەیە. تاراوگەی ئێستا بە بەهێزکردنی پتری “ناسیۆنالیزمی دوورمەودا” دەتوانێ تابڵۆکانی ژیان بۆ هەموو جیل و وەرزەکان پڕ ماناتر بکا و بۆ پرسی ناسنامەی نەتەوەیی جێگە و پێگەیەکی زۆر بەهێزی هەبێ.

سەرچاوەکان:

  1. وتاری لێکۆڵینەوەی مەیدانی ئۆنلاینی کوردانە، لەژێر تیشکی بۆچوونی بندیکت ئاندرسۆن، وەرگێڕ، هەڵۆ بەرزەنجی.
  2. وتاری “نخبگان، ملی‌گرایی و دیاسپورای کرد [کورد]، محسن دیانت، استاد یار علوم سیاسی، دانشگاە پیام نور.
  3. دیاسپورای کوردهای ترکیە.
  4. گۆڤاری تیشک، ژمارە ٦، ساڵی سێیەم، بانەمەڕی ١٣٧٩، ل. ٧٤.
  5. کتێبی گەلێکی پەژموردە و نیشتمانی پەرت، سەرپرشتکاری نووسین: ژیرارد چاڵیاند، وەرگێڕانی لە عەرەبی و فارسییەوە: م. گۆمەیی، سوئد ٢٠٠٢ گریگۆری/ ٢٧٠٢ ی کوردی، چاپی دوویەم.
  6. کتێبی ئورووپاییەک لە وڵاتی کوردان، نەسرین قاسملوو، وەرگێڕی فارسی، خوسرەو عەبدوڵایی، کوردی ناهید حسێنی، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، کوردستان ٢٠١٤.
  7. کتێبی “ما هنوز هم هزاران نفریم (عزیز یوسفی)، بە کوشش” فرهاد فارووق، چاپ اول سوئد، ٢٠٢٤، ص ١٠.
  8. کوردستان تێ ڤێ، ٧ ی دێسامبری ٢٠٢٤.