ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

دانا کۆنەپۆشی

“لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە.”

پوختە
     ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر بابەتی کاریزمابوونی د.عەبدولڕەحمان قاسملوو و جۆری مامەڵەکردنی ئەو لە لووتکەی بڕیاری حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسیدا. لە کۆتاییشدا کاریگەرییەکانی ڕیبەرایەتیی کاریزماییی ئەو لەسەر ئەوکات و ئێستای بزووتنەوەی کورد زۆر بە کورتی باس دەکرێت.

کاریزما چییە؟

     کاریزما لە مانا کۆن و لەسەرچاوە یۆنانییە کەونارەکەیدا کەkhárisma  بووە، بەواتای “دیارییەکی بێبەرانبەر” و “چاکە کردن” بووە. لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا لە بیاڤی خواناسیی مەسیحیدا بەواتای “دیارییەکی خواداو و ئاسمانی” هاتووە. 
     بە نووسینەکانی “ماکس وێبێر”ی کۆمەڵناسی ئاڵمانیدایە کە مانای ئەمڕۆییەکەی کاریزما بە بیرماندا تێدەپەڕێت. بە بۆچوونی وێبێر کاریزما یەکێک لە سێ جۆرەکەی سەرچاوەی ئۆتۆریتە (دەسەڵاتی ڕەوا) یە. ئەو دەڵێت کاریزما “تایبەتمەندییەکی نائاسایییە کە لایەنگران دەیبەستنەوە بە تاکێکەوە و بەهۆیەوە پێیان وایە ئەو کەسە بایەخی ئەوەی هەیە کە دوای بکەون.” گرینگترین بەشی ڕوانگەی وێبێر لێرەدا ئەوەیە کە دەڵێت کاریزما تەنیا تایبەتمەندیی ڕێبەرەکە نییە؛ بەڵکوو بەو هۆیەوە کاریزما هەیە کە لایەنگران دانی پێدا دەنێن.
     کاریزما چەندە دروستکراوێکی ئاسایی و هەمووکاتەی کۆمەڵگا مرۆیییەکانە، ئەوەندەیش لە مانا فەلسەفییەکەیدا دەکرێت ئاماژە بێت بۆ داشکاندنی مرۆڤی بەرز و تێگەیشتوو. واتا ئەگەر لەلایەک کاریزما ببێت، لەولا هەموو کات جەماوەری شوێنکەوتووی کاریزما هەن، کە بڕیارەکانیان دەبەستنەوە بە بڕیاری سەرەوەی ئیرادەی خۆیانەوە. بە گێڕانەوە وێبێرییەکەی دەتوانین بڵێین جەماوەری شوێنکەوتووی کاریزما، ڕیبەرەکەیان دەخەنە سەرووی نەریت و ئاوەزمەندییشەوە (لە هەردووجۆرە ئامرازی و ئامانجدارەکەیدا).
      بەگشتی و لە ڕەوتی مێژوویەکی دوورودرێژی ژیانی مرۆڤدا، دەرکەوتووە کە بەپێچەوانەی بانگەشە فەلسەفییەکان بۆ مرۆڤی سەربەست و بەرز و تێگەیشتوو، بەڵام کۆمەڵگاکان بە خواستی خۆیان ملیان داوە بە پلەبەندیی کۆمەڵایەتی. بۆیە ئاسایییە کاریزما وەک جۆرێکی ئۆتۆریتە سەر هەڵبدات.

هەڵزنین بە هەڵەمووتدا

     دەگمەنبوون و چییەتیی دۆزی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی، کۆی بیاڤەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت تاکەکەسیی هەموو تاکێکی کوردی خستووەتە ژێر سێبەری خۆیەوە. دۆخێکی ئاوارتە کە لەلایەکەوە بەهۆی کورد خۆیەوە، لەولایشەوە بەهۆی هەڵکەوت و بێبەختییەکی مێژووییەوە درووست بوو، کوردی خستووەتە سووڕێکی بەتاڵەوە کە دەربازبوون لێی بووە بە ئەو ئەرکە ئاستەمەی نەسڵەکان بۆ زیاتر لە سەدەیەکە پێیەوە گیرۆدەن. ئەم سووڕە بەتاڵە هەر ئەو نەبوونی سەروەریی سیاسی و ژێردەستیی نەتەوەییەیە. واتا کورد زیاتر لە سەدەیەکە خەبات دەکات بۆ ئەوەی بگاتە خاڵی سفر و لەوێوە دەست پێ بکات. بۆیە هەموو شرۆڤەیەکی پرسی کورد لە کۆتاییدا دەستەویەخەی ئەم ڕاستییە دەبێت.
     خەسارێکی هەرە گەورە لە ڕەوتی خەبات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورددا کە بەهۆی ژێردەستەیی و خۆ-سەروەر نەبوونەوە بەری کەوتووە، هەموو کات ئەوە بووە کە لە هەر جووڵەیەکی باش یان خراپی ئەم نەتەوەیەدا، لە کۆتاییدا پێوەرێکی ورد و چەندی(Quantitativ)  بەدەستەوە نابێت بۆ ئەوەی خەسارەکان یان دەستکەوتەکانی پێ هەڵسەنگێنرێت. واتا لە کۆتاییدا بەناچار هەڵسەنگاندنەکان دەبن بە ڕاڤەی تاکەکەسی و گشتگیری کۆمەڵێک تاک [چەمکێکی بەڕواڵەت پێکدژ] کە ئەگەرچی لە ناخ و هەستیشەوە وەها نەبێت بەڵام بەکردەوە کوردبوون پەڕاوێزی ژیانیانە. ئەمەیش لە هەموو قۆناغەکاندا ڕێژەیەکی زۆری تاکی کورد دەگرێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەو کەسانەی هەموو ژیان و بەرژەوەندییەکانیان بە کوردبوونەوە گرێ داوەتەوە کەمینەن.
     لە بەر ڕووناکیی ئەم ڕەوشە وێناکراوەدا، دەکرێت بپەرژێینە سەر بابەتی وتارەکە.

کاریزمای قاسملوو

     ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا قاسملوویان بە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە دەبینی کە بیکەن بە کاریزما و کردیان. بەڵام قاسملوو لەو دەگمەن کاریزمایانە بوو کە دەیویست ئەو تایبەتمەندییە نائاساییانەی لایەنگرانی بە ئەویانەوە دەبەستەوە، بگوازێتەوە بۆ ناو جەماوەر. بە گێڕانەوە وێبێرییەکەی ئەو دەیویست ئۆتۆریتەی کاریزماتیک (و هەروەها نەریتی) بگۆڕێت بۆ جۆرە ئاوەزمەندانەکەی.
     ئاماژە ڕواڵەتی و هێماییەکانی هەوڵی قاسملوو بۆ ئەوەی وەک کاریزمایەک دەرنەکەوێت دەتوانین لە زۆر وێنەدا ببینینەوە. لەوەدا کە ڕێگەی نەدەدا وێنەی هەڵبواسرێت و پێیدا هەڵبڵێن. لە کۆبوونەوە حیزبییەکاندا و لە کۆنگرەکاندا زۆرجار دەبینرێت لە ڕیزەکانی دواوەدا دادەنیشت و جێگایەکی تایبەت و دیاریکراوی بۆخۆی دانەدەنا. لەوەدا کە لە ڕاکیشانی خەڵک بۆ لای حیزبی دیموکرات بە زمانێکی تەواو خاکەڕا بانگی دەکردن (وێنە بە دەستخەتی خۆی هەیە). لە لووتکەیدا، لەوەدا کە لە ناو ئاپۆرای جەماوەردا کە دروشم بە ناوی ئەوەوە دەوترێت، بە خەڵکەکەی دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبی ئەودا تاکپەرەستی جێگای نییە و …
     ئاماژە کردەیی و هزرییەکانی قاسملوویش بۆ ڕاکردن لە کاریزمابوونی خۆی بریتی بوون لە هەموو هەوڵی ئەو بۆ دیموکراتیزەکردنی حیزبەکەی و ئەو پێداگری و هەستیارییەی لەسەر بابەتی دیموکراسی و بڕیاری بەکۆمەڵ لە حیزب و کۆمەڵگاکەیدا هەیبوو.
     دەکرێت بە تێروتەسەلی و بە بەڵگە هەوڵی قاسملوو بۆ خۆدزینەوەی لە کاریزمابوون بسەلمێنین. بەڵام لێرەدا زۆرتر درێژە بەو لایەنە نادرێت و گریمانە ئەوەیە کە بەردەنگ هاوڕایە لەسەر ئەم خاڵە. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم بابەتە لە دوو ڕەهەندەوە کاریگەریی قووڵی لەسەر پرسی کورد دانا .
     لە باری تاکەکەسییەوە قاسملوو لە سەردەمێکدا و لە کۆمەڵگایەکدا کە دەرفەت و ونهێزی(Potential) سەرهەڵدانی کاریزما بە گشتی و بۆ خۆی بەتایبەتی زۆر بوو، خۆی بەجۆرێکی تر وێنا کرد. لەکاتێکدا ئەو بە کردەوە ببوو بە کاریزمای بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و لەبەردەم چارەنووسی نەتەوەیەکی ژێردەستدا بوو، ناچار بوو دەمودەست بڕیار بدات. خەون و ڕوانگەکانی قاسملوو وەک تاکەکەس زۆر جیاواز بوون لە حەزی کاریزما بوون. بۆیە لێرەدا ڕێبازی قاسملوو لە بابەتی کاریزمابوونی خۆیدا زۆرتر لە قەوارەی تیۆرییە نوێکانی کاریزمادا دەگونجێت کە باس لە دووانەکانی کاریزمای تەندروست/ناتەندروست، کاریزمای بەتاک کراو/بەکۆمەڵ کراو، کاریزمای ئەخلاقی/نائەخلاقی و …دەکەن. بە واتایەکی تر، قاسملوو کە ئیتر نەیتوانی خۆی لە کاریزمابوونی ڕزگار بکات، لەم کاریزمابوونە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی ئامانجە بەکۆمەڵەکان، گەشەی ڕێکخراوەیی، بەهێزکردنی جەماوەر، هاندان بۆ پرسیارکردن و… کەڵکی وەرگرت.
     لە ڕەهەندی بەکۆمەڵەوە، هەوڵی قاسملوو بۆ ڕاکردن لە کاریزمابوونی خۆی لە تێگەیشتنی قووڵی ئەوەوە بۆ پرسی کورد دەهات. ئەو لە شوێنێکدا، وەها خەسارناسیی خەباتی کورد دەکات کە دەڵێت “لە مێژووی کورددا هەمووکات بزووتنەوە نەتەوەییەکان بە سەرکردەی بزووتنەوەکانەوە بەسترابوونەوە. بۆیە بە نەمانی ئەوان بزووتنەوەیش نەدەما. بەڵام …”[گێڕانەوەکە دەقاودەق نییە و تەنیا ناوەرۆکە]. ئەم تێگەیشتنە ئەوەندە لقوپۆی لێ دەبێتەوە کە باسکردنی لە وتارێکدا ناگونجێ. بەڵام بەگشتی قاسملوو بەو تێگەیشتنەوە ڕێبازێکی نوێی سیاسیی گەڵاڵە کرد. ئەو پێوەر و پێکهێنەرەکانی جۆری باشترینی  (Ideal type)خەباتی نەتەوەییی لە هەموو کوردستانی گەورەدا گۆڕی. بۆیە ڕێبازی قاسملوو کوردستانی خستە جێگای تاک، نەریت، یان تاقم و خێڵ، کە سەردەمانێک لە بیاڤی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورددا سەرچاوەی ڕەوایی بوون.

قاسملوو لە ڕابردووی بزووتنەوەی کورددا

     ئەوەی قاسملوو لە کاتی خۆیدا بۆ بزووتنەوەی کورد کردی، هەنگاونانی بەرچاوڕوونانە بوو بۆ دەستەبەرکردنی سەروەریی نەتەوەیی بۆ نەتەوەیەکی داگیرکراو. نەتەوەیەک کە قاسملوو دەیزانی بە سەرکردەیەک ڕزگاری نابێ. هەوڵی ئەو لە پێناو دروستکردنی بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و نیشتمانی بۆ ڕێژەیەکی هەرچی زۆرتری تاکەکانی کۆمەڵگا بوو. ئەو دەیزانی نەتەوەیەک ئەگەر بەرپرسیاریەتی بخاتە ئەستۆی کاریزمایەک و ڕێبەرێک ڕەنگە تەنانەت ئەگەر بەخت لەگەڵیدا یار بێت (لە جۆری ئەوەدا کە ماکیاوێللی باسی دەکات) و وەک نەتەوەیش دەسکەوتێکی هەبێت، بەڵام مەرج نییە بتوانێت ئەو دەسکەوتە بپارێزێت. بۆیە هەموو هەوڵی خۆی دا کە هەم خۆی لە گێژەنی کاریزما بوون دەرباز بکات و هەم ئەندامانی نەتەوەکەی ببن بە ئەو تاکە خاوەن کەرامەتانەی کە دەیویست. تاکێک کە بەرپرسیارێتیی سەرکەوتن و داکەوتنی خۆی لەئەستۆ بگرێت. ڕوونە، ئەگەر ئەو بەرپرسیارێتییە گشتییە دروست ببێت ئەوسا گەشەپێدان یان لە ئەگەرە خراپەکەیدا پێداچوونەوە و ئەزموون دروست دەبێت. بەڵام کە بەرپرسیارێتی کەوتە سەر شانی تاکێک و ڕێبەرێک ئەوسا ئەوەی دەمێنێتەوە یان لۆمەکردنی ڕێبەرەکەیە یان خزین بۆ باوەشی چارەنووسباوەڕی. ئەمانەیش هەمووی هۆکاری چەقینی بزووتنەوەی کوردن. بۆیە قاسملوو بە ڕوونی دەیزانی بۆچی نابێ ببێت بە کاریزما.

قاسملوو لە ئێستای بزووتنەوەی کورددا

     کاریزمای قاسملوو لە ئێستای کورددا زۆرتر لە وەرگێڕانێکی جۆری باشترین(Ideal Type)  دەچێت تا ئەو جۆرە باوەی کاریزما کە پێوەی ناسراوە. ئێستا ئیتر قاسملوو وردەوردە خەریکە دەبێت بە پێوەر و جۆری باشترینێک بۆ هەڵسەنگاندنی تاک و تەنانەت سیاسەتێکی ڕاست و نەتەوەیی. ئەم جۆری باشترینە دەتوانێت ببێت بە پاڵنەری جووڵەی گەورەی جەماوەری. هەروەک ئاماژەکانیشی لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەرکەوتوون، کە نەسڵەکان ناو و بیری قاسملوویان وەک مەشخەڵی ڕێی خەبات هەڵگرتووە. ئەمە سامانێکی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەیە بۆ بە ئاکام گەیاندنی خەباتێکی دوورودرێژ، کە بڕیار وایە ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر جەماوەری و گشتگیر ببێت. واتا بگاتە ئاستێک کە شوناسی نەتەوەیی ببێت بە دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی، نەک ئەمەگناسییەکی ساکاری تاکەکەسی کە لە بەرژەوەندیی تاک و کۆمەڵەکان دابڕابێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی

کۆنەپۆشی، دانا(٢٠٢٦): ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت.پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد

  • ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە      ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]