گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢
ئێران؛ وڵاتێکی دەوڵەمەند و خەڵکێکی هەژار
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 15.10.2025
عەبدی، ئەمین (٢٠٢٥): ئێران؛ وڵاتێکی دەوڵەمەند و خەڵکێکی هەژار. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ١٧٦–١٥٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0072
دەستپێک:
ئێران وڵاتێکە نەک هەر خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوت و گازە لە جیهاندا، بگرە لە ئاستی کانزا وسەرچاوە سروشتییەکانی ترەوە بە پێنجەمین وڵاتی دەوڵەمەندی جیهان هەژمار دەکرێ و خاوەنی ٢٧ تریلۆن دۆلارە .1
هەروەها لە ڕووی یەدەگی گازەوە، دووەمین وڵاتی گەورەی جیهانە. لە ڕووی نەوتیشەوە خاوەنی سێیەمین یەدەگی گەورەی نەوتی جیهانە. ئەمە وێڕای بوونی چەندین کانگا و کانزای بەکەڵکی وەک زێڕ، ئاسن، فۆسفات، یۆرانیۆم و دەیانی تر لەو وڵاتە. 2
بەڵام لەپاڵ ئەو هەموو سەرچاو سروشتییانەدا، ڕێژەی بێکاری، هەژاری، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نەبوونی خۆشبژێوی و گەشەی ئابووری بەرۆکی خەڵکی ئەو وڵاتەی گرتووە و وەزاڵەی هێناون.
ئەمەش بۆخۆی هەم جێگای پرسیارە و هەمیش جێگای تێڕامانە کە چۆن دەبێ وڵاتێک بەو هەموو دەوڵەمەندییەوە، خەڵکەکەی بەو شێوەیە بژین. داخۆ هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی سەرەوە دەبێ چی بێت؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، هەوڵ دەدەم لەم بابەتەدا هەم لە ڕێگای تیۆریی زانستییەوە و هەمیش بە کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵێک فاکتەوە، هۆکاری پشت نەهامەتییەکانی گەلانی ئێران ڕوون بکەمەوە.
بابەتەکەم دوای دەستپێکەکەی، بە تیۆری دەست پێ دەکات، پاشان بەکورتی باسی پێکهاتەی سیستەمی سیاسی و ئابووری لە ئێراندا دەکەم. دواتر بە وردی و لە بڕگەی کۆتاییی بابەتەکەدا، تیشک دەخەمە سەر دۆخی هەژاری، ڕێژەی بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، بێکارەبایی و بێئاوی لەو وڵاتە. لە دوایین بەشی بابەتەکەدا، گەشەی ئابووریی یەکێتێی سۆڤیەتی جاران و چینی ئێستا و دۆخی بژێوی ژیان لە کۆریای باکوور و باشوور لەگەڵ یەکدا بەراورد دەکەم. هەروەها ئاوڕێکی کورت لە دۆخی ئابووریی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و جیاوازیی سەروەریی یاسا لە نێوان تورکیا و ئەمریکا دەدەمەوە. پاشان پێشنیارێک بۆ ڕێگاچارەی بەردەم گەلانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ ڕزگاربوونیان لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەی ئێستادا، دەخەمە ڕوو.
تیۆری:
( ئەسیمئۆغڵو) و (ڕۆبینسن)، دوو ئابووریناسن، کە ساڵی٢٠٢٤ی زایینی خەڵاتی نۆبڵیان لە بەشی ئابووری وەرگرت، ئەوان پێیان وایە دامەزراوەکان و سیستەمی سیاسی و ئابووریی وڵاتان، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاستی بژێو، گەشەی ئابووری، خۆشبژێوی، هەژاری و بێکاریی خەڵک هەیە.
ئەوان هەموو ئەو بیرۆکانەیان ڕەد کردەوە، کە پێشتر باسیان لەوە دەکرد هەڵکەوتەی جۆگرافیایی و کولتووری، کاریگەرن و هۆکاری دەوڵەمەندی و خۆشبژێویی هەندێک وڵاتن، لە چاو هەندێکی دیکە.
ئەوان پێیان وایە، ئەوەی وا دەکات خەڵک لە هەندێک وڵات بژێوی ژیانیان و خۆشبژێوییان باشتر بێت بەراورد لەگەڵ خەڵکی هەندێک وڵاتی تر کە بەدەست هەژاری و بێکاری و بێبەشییان لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانەوە دەناڵێنن، پەیوەندیی بە بوونی دامەزراوە و شێوەی سیستەمی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتانەوە هەیە. ئەوان ئەو سیستەم و دامەزراوانە بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەکەن.
The inclusive political and economic institutions
(دامەزراوە سیاسی و ئابوورییە گشتگیرەکان)
سیستەمی دێموکراسی: ئەوان پێیان وایە، ئەو وڵاتانەی ئاستی بژێویی ژیان و خوشبژێویی خەڵکەکەیان لەسەرێیە، خاوەنی دامەزراوە و سیستەمی سیاسی و ئابووریی کراوە و دێموکراتیکن، کە تێیدا هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی، دەتوانن بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن. لەو سیستەمەدا، هەموو هاووڵاتییان مافی خاوەنداریەتیی کەسێتی و ئازادیی ڕادەربڕینیان پارێزراوە. هاوکات هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە دەتوانن بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن.
لەم سیستەمەدا، نابێ کەس لەسەر ڕەخنەگرتن لە کەموکۆڕییەکانی دەسەڵات یا خستنەڕووی ڕاستییەکان، تووشی ترساندن (تۆقاندن) و کێشەی یاسایی ببێتەوە، بە تایبەت میدیاکاران، کە ڕۆڵی چاودێرییان بەسەر دەوڵەتەوە هەیە.
هەروەها ئەرکی دەوڵەتە کە سیستەمی خوێندن، لەشساغی و هەموو ئەو دامەزراوانەی پەیوەندییان بە باشترکردنی دۆخی خەڵکەوە هەیە، دابین بکات. سیستەمی خوێندن، دەبێ بە جۆرێک بێت، هاووڵاتییان بە پێی تواناییی خۆیان و مەیلی خۆیان، لەو بەشانەی پێیان خۆشە، بخوێنن. لە هەمان کاتیشدا ئەرکی دەوڵەتە کە بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەندروستیی هاووڵاتییان، نەخۆشخانە و شوێنگەلی تایبەت، بە کوالێتیی بەرز دابین بکات.
دامەزراوە ئابوورییەکان و بازاڕی ئازاد
لە ئاستی ئابووریدا وڵات ئابوورییەکی کراوەی هەیە و هەموو ئەو کەسانەی لە توانایاندایە کاری بازرگانی بکەن، دەبێ بەبێ دروستکردنی لەمپەر و لە کەشێکی ئازاددا کێبەرکێی یەکتر بکەن. بە کورتی تەنیا شتێک کە دەبێ وەک پێوەر چاوی لێ بکرێ، تواناییی کەسەکانە، نەک پلەوپایەی دەوڵەتی، بنەماڵەیی و پەیوەندیی دۆستایەتی یا هەر شتێکی تر.
لەم سیستەمە ئابوورییەدا هەموو کەسێک دەتوانێ بە پێی لێهاتووییی خۆی و بیری نوێ و ڕۆڵی کاریگەری لە داهێنان، پێگەی خۆی لە کۆمەڵگادا بدۆزێتەوە. بە گشتی ئابووریی وڵات لە خزمەت هەموو هاووڵاتییانە و هەمووشیان وەک یەک و بێ جیاوازی دەتوانن سەرمایە و تواناکانی خۆیان لەباشترکردنی ئابووریی وڵاتدا بەکار بهێنن. (هەمان سەرچاوە)
Extractive and inclusive political institutions
دامەزراوە سیاسی و ئابوورییە داخراوەکان/ دیکتاتۆرەکان
سیستەمی دیکتاتۆری
لەم سیستەمە سیاسییەدا تاکێک یا کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریکراو، لە پێناوی مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات، هەوڵ دەدەن هەموو دەسەڵات و جومگە گرنگەکانی وڵات، وەک ئابووری، نیزامی، دەستگای زانیاری، یاسا و پەروەردە.. تاد، قورغ بکەن. واتە بەجۆرێک بێت لە خزمەت مانەوەی خۆیاندا بێت. بە واتایەکی تر هەوڵ دەدەن دەسەڵات و سەروەت و سامانی وڵات تەنیا لە بەرژەوەندیی تاقمێکی کەمدا بێت و باقیی کۆمەڵانی خەڵک لێی بێبەش بن.
ئەوان هەر هەوڵیک بۆ کرانەوەی ئابووری و بەشداریی خەڵکی ئاسایی لە بازرگانی و دەستڕاگەیشتن بە سەروەت و سامانی وڵات ڕەد دەکەنەوە. چونکە پێیان وایە بوونی کەسانی تر جگە لەوانەی کە وەک خۆیان بیر دەکەنەوە، مەترسییە بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان. هەروەها بەبێ دەستبەسەراگرتنی ئەو جومگانەی سەرەوە، مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات بە مەحاڵ دەزانن. پێچەوانەوەی ئەمەش ڕاستە. واتە بەبێ بوونی سیستەمێکی سیاسیی داخراو، ئەوە بەردەوامیی دەستڕاگەیشتن بە ئابووریی داخراو، ئیمکانی نییە.
ئەوان ڕوونی دەکەونەوە کە بوونی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی قۆرغکراو بەو مانایە نییە کە دەسەڵاتداران هەوڵی گەشەی ئابووری نەدەن، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەوەیە کە گەشەی ئابووری، پێویستیی بە داهێنانی نوێ هەیە، کە ئەمەش دژی بەرژەوەندیی ئەو تاک وگرووپانەن کە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە.
لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا، بەرژەوەندیی شەخسی و سیاسی کەسانی سەربە دەسەڵات لە پێش بەرژەوەندیی گشتییەوەیە. لەم سیستەمەدا، مافی خاوەنداریەتیی تاکەکانی کۆمەڵگە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە کەسەکان هەڵوێستییان لەسەر دەسەڵاتداران چییە. واتە ئەگەر هەر تاکێک یا گرووپێک لە کۆمەڵگە، دژی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی وڵات بێت، ئەوە ماڵ و سەرمایەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و دەوڵەت بە بیانووی جۆراوجۆر دەست بەسەر سەروەت و سامانیاندا دەگرێت. بەپێچەوانەوە لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمێکی دیموکراتیکدا، دەوڵەت ناتوانێ بەبێ ئیزنی دادگا (هەڵبەت دادگاکان سەربەخۆن و لە ژێر کاریگەریی هیج هێزێکدا نین) دەست بەسەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییاندا بگرن.
بە بۆچوونی ئەم دوو کەسە لەوەها سیستەمێکدا کە ئازادیی سیاسی نەبێ و کۆمەڵانی خەڵک بە شێوەیەکی یەکسان دەرفەتی ئەوەیان پێ نەدرێ کە لە کایەی ئابووریی وڵاتدا بەشدار بن و مافی خاوەنداریەتییان لە مەترسیدا بێ، ئەوە وڵات لە گەشەی ئابووری دوا دەکەوێ و سیستەمی ئابووریی ئەو وڵاتەش هەردەم ناجێگیر دەبێت. لە هەمان کاتیشدا بە هۆی بەشداری نەکردنی زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگە، بیری نوێ و داهێنان لەو وڵاتە بەکەمی دەردەکەوێت.
ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن بە هۆی ئەم سیاسەتەوە وڵات تووشی قەیرانی هەژاری، بێکاری، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نەبوونی خۆشبژێویی گشتی دەبێت. ئەمە جگە لەوەی لەو وڵاتە دیاردەی گەندەڵی سەر هەڵدەدات، بە تایبەت ئەگەر ئازادیی میدیا لە ئارادا نەبێت. هەروەها پێیان وایە، لە کۆتاییشدا سیستەمی سیاسی و ئابووریی وڵات، تووشی لەبەریەک هەڵوەشانەوە دەبێت.3
گریمانە
بەپێی ئەم تیۆرییە و ئەو زانیارییانەی لەسەر سیستەمی سیاسی و ئابووریی ئێراندا هەیە، مەزەندەی ئەوە دەکەم کە ڕێژەی هەژاری، بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، گەندەڵی و نادادپەروەریی سیاسی لە ئێراندا، زۆر لەسەرەوە بێت. لە هەمان کاتیشدا بژێوی ژیانی خەڵک و ئامرازە سەرەتایی و گشتییەکانی وڵات، وەک ئاو و کارەبا لە ئاستی پێویست و خۆشبژێویی خەڵکدا نەبن.
سیستەمی سیاسی و کاریگەرییەکانی
سیستەمی حوکمڕانی لە ئێران
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم ئاوڕێکی کورت لەسەر سیستەمی سیاسی و ئابووریی ئێران بدەمەوە. بۆ ئەوەی لەسەر چۆنیەتیی بە دەسەڵاتگەیشتن و حوکمڕانیی دەستەلاتدارانی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرچاوڕوونییەک هەبێ.
ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ڕووخانی دەسەڵاتی حەمەڕەزاشا
ساڵی١٩٧٩ی زایینی، دوای ئەوەی گەلانی ئێران دژی سیستەمی دیکتاتۆریی پاشایەتیی حەمەڕەزاشای پەهلەوی ڕاپەڕین و کۆتایییان بە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی هێنا، دەسەڵاتێکی تری دیکتاتۆری دەرفەتەکەی قۆستەوە و نیزامێکی تیۆکراتی، واتە دیکتاتۆریی ئایینییان دامەزراند، کە ڕێبەری ئەو نیزامە، واتە “ئایەتووڵڵا خومەینی”، وەک نوێنەری خوا لەسەر زەوی، قسەی ئەوڵ و ئاخری دەکرد.
ئەم سیستەمە بەپێچەوانەی ویست و خەون و ئارەزووکانی بەشێکی زۆری گەلانی ئێران بوو. یەکێک لەو گەلانە، خەڵکی کوردستان بوو، کە لەکاتی ڕیفراندۆم بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ڕوونی دەنگی نایان بەو یاسایە دا.
ئامانجی گەلانی ئێران لە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، هێنانەدیی سیستەمێکی سیاسیی دادپەروەر بوو کە بتوانێ جێگای سیستەمی پێشوو بگرێتەوە.٤ سیستەمێک کە ببووە هۆکاری نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەژاری، نەبوونی ئازادیی ڕاگەیاندن و گرتنی دژبەرانی سیاسی.
لەسەرەتای شۆڕشەوە، کەسی یەکەمی ئەو نیزامە، ئایەتووڵڵا خومەینی، بەڵێنی بە خەڵکی ئێران دا، کە پارەی نەوت دەهێنێتە سەر سفرەی خەڵک و وا دەکات لەسایەی دەسەڵاتەکەیدا کەس هەست بە برسێتی و نادادپەروەری نەکات و خۆشبژێوی ڕوو لە هەموو ماڵێک بکات و ئێران بکات بە بەهەشتی سەر زەوی.
سەرانی ئەو ڕێژیمە دواتر لەگەڵ قایمکردنی پێگەی دەستەڵاتی خۆیان، هەوڵیان دا ئەوانەی دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە ڕێژیمەکەیان هەڵدەبڕن، ڕووبەڕووی گرتن، ئەشکەنجەدان و کوشتن بکەنەوە. تەنانەت خودی ئایەتوڵڵا خومەینی فتوای جیهادی دژی گەلی کورد لەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ئەو فتوایە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی هەزاران کەسی بێگوناح لە خۆرهەڵاتی کوردستان. تەنانەت بووە هۆی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان.5هەروەها گرتن و کوشتنی هەزاران کەسی دژبەری ئەو ڕێژێمە، لە بەشەکانی تری ئێرانی لێ کەوتەوە.
هۆکاری جینایەتەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی کوردستان ئەوە بوو، کە خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان داوای خۆبەڕێوەبەرییان( خودموختاری) بۆ کوردستان و دیموکراسییان بۆ ئێران دەکرد. ئەم داخوازییانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە، بەتایبەت خودی خومەینییەوە، بە دژی ئایینی ئیسلام لەقەڵەم دران و لەو سۆنگەیەوە فتوای گەلی کوردیان دا.
لە مانگی ئاگۆستی ١٩٧٩ی زایینی، خومەینی لە وتەیەکیدا، زۆر بەڕاشکاوانە باسی ئەوە دەکات کە ئەو ئیزن بە جموجۆڵی هیچ ڕێکخراوێکی کوردی یا هەر لایەنێکی تر نادات و ئەوانەی ئەو کارە بکەن دژ بە بڕیارەکانی خودا لە قەڵەم دەدرێن و دەبێ بکوژرێن.6،7،8
پێکهاتەی سیستەمی دەسەڵات لە ئێران
پێکهاتەی سیستەمی سیاسی لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم شێوەیەیە:
ڕێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران، خامەنەیییە، کە لەسەرەوەی هەموو دەسەڵاتەکانەوەیە. ئەو بەرپرسی دانانی هێزی نیزامی، یاسایی، میدیا، ئابووری و هەموو جومگە گرنگەکانی وڵاتە. هەروەها لەدوای ڕێبەری باڵا، ئەنجومەنی پاراستنی یاسای بنەڕەتی(شورای نگهبان قانون اساسی) دێت کە لە ١٢ کەس پێک هاتووە، کە شەشیان کەسانی ئایینین و لەلایەن خودی ڕێبەرەوە دیاری دەکرێن. ئەو شەش کەسەکەی تر کەسانی شارەزای یاسای ئیسلام و کۆمەڵگەن، کە لەلایەن بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەوە دیاریی دەکرێن. هەڵبەت خودی بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن ڕێبەرەوە دیاری دەکرێت.
پاشان ئەنجومەنی شارەزایان دێت کە لە ٨٨ کەس پێک هاتووە. هەمووشیان دەبێ پیاو بن و لە هەمان کاتیشدا کەسانی ئایینیی بن. هەموو ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە دەبێ لەپێشدا لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی یاسای بنەڕەتییەوە ناوەکانیان شەنوکەو کرابێ و ڕەزایەتیان لەسەر درابێ. ئەو ئەنجومەنە هەشت ساڵ جارێک لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت.
دوای ئەوان سەرۆککۆمار و پارلەمانی ئەو وڵاتەیە کە چوار ساڵ جارێک لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. هەم سەرۆککۆمار و هەمیش ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پارلەمان هەڵدەبژێرن، دەبێ لە پێشدا ناوەکانیان لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی یاسای بنەڕەتییەوە قەبووڵ کرا بێت. بەگشتی وەک دەردەکەوێ ئەوەی لە ئێران دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بەسەر هەموو جومگەکانی دەستەڵاتدا هەیە، خامەنەییە.9
سیستەمی ئابووریی ئێران
هەروەک دەسەڵاتی سیاسیی ئێران، ئابووریی ئەو وڵاتەش لەلایەن کۆمەڵێک کەس و گرووپی دیاریکراوی ناو دەسەڵاتەوە لە پێناوی کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی و شەخسیدا دەستی بەسەردا گیراوە. بەتایبەت بەشی نەوت، گاز، بانک، پەیوەندیگرتن، هاتوچۆ و هەروەها کانگا و کانزا گرنگەکانی وەک پۆڵا، یورانیۆم، ئاڵتوون، مس و دەیان و سەدان سەرچاوەی گرنگی دیکە کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، کە بە دەوڵەتی ناو دەوڵەت ناودەبرێت، دەستیان بەسەردا گیراوە کە دواتر لەخوارەوە باسی دەکەم.
ئەو کێشانە چین گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بەدەستیانەوە دەناڵێنن؟
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم ئاوڕێک لەسەر دۆخی خاوەندارییەتی، گەندەڵی، هەژاری، بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، بێئاوی و بێکارەبایی لە ئێراندا بدەمەوە.
نەبوونی مافی خاوەنداریەتی لە ئێران
هەرچەندە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە مادەی ٢٢ و ٤٧ ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو هاووڵاتییەک مافی خاوەنداریەتیی پارێزراوە، بەڵام بە مەرجێک دژی یاساکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و شەریعەتی ئیسلام نەبێت. بە واتەیەکی ترهەرکاتێک تۆمەتی دژە یاسایی بەسەر کەسێکدا سەپێنرا، ئەوە دەسەڵاتدارنی ئەو ڕێژیمە مافی ئەوەیان هەیە دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو کەسەدا بگرن. بەکورتی ئەم دوو بڕگەیە ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەیارانی ڕێژیم و لەهەمان کاتیشدا هەڵاواردنی فکری، نەتەوەیی و ئایینی.
بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی هاووڵاتییانی دژبەری ڕێژیمەوە دەسەڵاتدارانی ئێران کۆمیتەیەکیان بەناوی ناوەندی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی (ستاد اجرای فرمان امام خمینی) دروست کردووە.
لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، زۆرن ئەو کەسانەی بە تۆمەتی دژایەیتی ڕێژیم یان بەهۆی بوونی ئایینێکی جودا لە ئیسلام، لە سایەی ئەم سیستەمەدا، دەست بەسەر موڵک وماڵیاندا گیراوە. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەم.
زۆرێک لەو کەسانەی ئایینیان بەهایییە، بە هۆی باری نایاساییی ئایینەکەیان لە ئێران، وێڕای هەڕەشەی کوشتن، دەست بەسەر سەروەت و سامانیشیاندا گیراوە.
لە بزووتنەوەی کوردیشدا زۆرن ئەوانەی لەبەر کوردبوون و داکۆکی و بەرگریکردن لە مافی نەتەوەکەیان، موڵک و ماڵیان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. لێرەدا دەکرێ ئاماژە بە موستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بابا عەلی مێهرپەروەر، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی هەمان حیزب بکەم. هەڵبەت زۆر کەسی تر لە کوردستان و ئێراندا هەن کە بەهۆی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر شێوەی حوکمڕانیی دەسەڵاتدارانی تاراندا، مافی خاوەندارییەتیی موڵک و ماڵیان لێ سێنراوەتەوە. ستادی ئیجرایی کە ڕاستەوخۆ سەر بە عەلی خامەنەیییە، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین دامەزراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێ و سەرمایەکەی نزیک بە ٩٥ ملیارد دۆلارە. بۆیە هەندێک ناوەندی لێکۆڵینەوە باس لەوە دەکەن کە ئەو دامەزراوەیە بووەتە مەکینەی دەوڵەمەندکردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، خامەنەیی، ئەویش لەسەرحیسابی خەڵکی ئێران. تەنانە هیچ ڕێکخراو و دەزگایەکی تر مافی ئەوەی نییە چاودێری و لێپێچینەوە لەو دامەزراوەیەی ئێران بکات، جگە لە شەخسی ڕێبەر نەبێ.10
نەبوونی ئازادیی مافی خاوەنداریەتی، یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی نەبوونی گەشەی ئابووری و داهێنانە، چونکە لە نەبوونی مافی خاوەنداریەتی، هاووڵاتییان و بەتایبەت سەرمایەداران ناوێرن سەرمایەکانیان لەو وڵاتە وەگەڕ بخەن. سەرمایەداران لە شوێنێکدا سەرمایەگوزاری دەکەن دەکەن کە دڵنیا بن ئاسایشی تێدایە. بۆیە لە نەبوونی پاراستنی مافی خاوەنداریەتی، دۆخی ئابووریی وڵات پاشەکشە دەکات. (ئەسیمئۆغڵوو و رۆبینسن ٢٠١٢).
ئێران و دیاردەی گەندەڵی
گەندەڵییش یەکێکی تر لەو دیاردانەیە کە لەژێر دەسەڵاتی سیستەمە تۆتالیتار و دیکتاتۆرکاندا بڕەوی هەیە. چونکە لەو سیستەمەدا سەروەریی یاسا و میدیای ئازاد لە ئارادا نییە، بۆیە لێپرسینەوە لە کەسە باڵادەستەکانی ناو ڕێژیم ناکرێ، کە ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی دیاردەی گەندەڵی.
بوونی گەندەڵی لە وڵات وا دەکات، پرۆژە گرنگەکانی ئەو وڵاتە، قەرزی زۆر لە بانک، لەگەڵ کۆمەڵێک ئیمتیازاتی تر، تەنیا بۆ کەسانێک بێت کە یا لەناو دەسەڵاتدان یان وەفادارن بەو ڕێژیمە، یاخود ئەو کەسانەن کە کەسی دەستڕۆیشتوویان لەناو دەسەڵاتدا هەیە. ئەمەش وا دەکات ئەوانەی سەرمایەگوزاری لەو وڵاتەدا دەکەن، کەسانی کارامە و شیاو نەبن و ئەوانەش کە کارامەن و خاوەنی بیر و داهێنانی نوێن، پەڕاوێز بخرێن. ئەمە لە کۆتاییدا وا دەکات وێرای ڕێگری لە داهێنانی نوێ، لە هەمان کاتیشدا ئاستی بەرهەمهێنان لەو وڵاتە کەم بکاتەوە.
لە هەمووی ئەمانە بەرچاوتر ئەوەیە، بێبڕوایی لای هاووڵاتییان و سەرمایەگوزارییە ناوخۆیی و بیانییەکان دروست دەکات، کە ئەمش هۆکارە بۆ ئەوەی سەرمایەگوزارە بیانییەکان ڕوو لەو وڵاتە نەکەن و لە کۆتاییدا ئابووریی وڵات تووشی کیشە یا داڕمان بێت، وەک ئەوەی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە.
لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان، ئێران لە ڕیزی ١٥١ـەمین وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە. واتە ١٥٠ وڵات لە جیهان ئاستی گەندەڵییان کەمترە، بەراورد لەگەڵ ئێران. لەناو ئەم وڵاتانە، بەشێکی زۆریان لە ئەفریقا هەوڵکەوتوون کە لە ڕیزی هەژارترین وڵاتانی جیهاندا هەژمار دەکرێن. دانیمارک و فینلەند پلەی یەکەم و دووەمیان هەیە کە گەندەڵی و بەرتیلیان تێدا نییە. 11
ئاستی هەژاری لە ئێران
هەژاری یەکێکە لە ئاماژەکانی بوونی ئابوورییەکی خراپ. ئەو وڵاتانەی ڕێژەی هەژارییان بەرزە، ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ئاستی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دزی و کوشتن، لە سەرێیە و لەهەمان کاتیشدا ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هاووڵاتیانیان لەیەک ئاستدا نییە.
زیاتر لە ٣٠% خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. واتە لە سێ کەس، کەسێک لەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژی. هەڵبەت ئەم داتایانە هیی خودی ڕێژیمن. هەروەها بە پێی ماڵپەڕی “ئێران فۆکس” لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٣ زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە ئێران هەژار بوونە و چوونەتە ڕیزی ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
ئەو ڕێژە بەرزەی هەژاری لەو وڵاتە لە کاتێکدایە کە ئێران لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان، بەتایبەت لە بواری نەوت و گازەوە، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان هەژمار دەکرێ.
ئەو دوو سەرچاوە سروشتییە ئەمڕۆ دەکرێ وەک سەرچاوەی گرنگی داهات بۆ ئیران چاویان لێ بکرێت. هەڵبەت ئەگەر بە شێوەیەکی دروست مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و داهاتەکەیان بۆ خەڵکی ئەوڵاتە روون بێت.
ئێران لە بواری گازدا دوای ڕووسیە لە پلەی دووەمدایە12 و لە نەوتدا، لە دوای هەریەک لە وڵاتانی فەنزۆئیلا و عەرەبستان، لە پلەی سێیەمدا دێت.13 ئەو ئامارانەی سەرەوە، تیۆرییەکانی ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسن، پشتڕاست دەکەنەوە کە لەو وڵاتانەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لەلایەن کەسێکەوە یا گرووپێکەوە بەڕێوە دەبرێ، ئاستی بژێوی ژیان و خۆشبژێویی خەڵکەکەی لە خوارەوەیە و هەژارییش لەو وڵاتانە ڕێژەکەی زۆرترە.
دیاردەی هەژاری لە کوردستان و خووزستان و بەلووچستان
بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی زۆرترین هەژاری لە ئێران، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانە. لەو پارێزگایە زیاتر لە ٥١% خەڵکەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و توانای دابینکردن و کڕینی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان نییەن. داهاتی خەڵکەکەی لە ساڵێکدا نزیک بە ٩٠٠ دۆلارە. ئەم داهاتە بەراورد بە شوێنەکانی تری ئێران ٥٥،٣% کەمترە.14
هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤەوە لە ئێران بڵاو کراوەتەوە، نزیک بە چوار ملیۆن کەس لە پارێزگای خووزستان دەژین. لەو رێژەیە زیاتر لە ٨٥٠٠٠٠ کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە زیاترلە ٨٠%ی کۆی گشتیی نەوت و ٦٠% گازی ئێران لەو پارێزگایەدایە. 15
لە پەیوەندی لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان، ئەوە وێڕای ئەوەی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ئاستی هەژاری بە تایبەت لە ئیلام و کرماشان، لەچاو شارەکانی ناوەند وخۆرهەڵاتی ئێران کە پێكهاتەی دانیشتوانەکەیان زۆرینەی فارسن، زۆر لەسەرترە.
بە پێی هەندێک سەرچاوە، لە بواری نەوت و گازدا، یەدەگی، گازی ئیلام لە هی قەتەر زیاترە و لە ڕووی کانگای کانزاییشەوە، یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێرانە.
ئیلام خاوەنی زیاتر لە ١١٥ کانگایە کە ٦٥ دانەیان ماتریاڵی کانزایین، کە لەوانە بۆ نموونە دەتوانم ئاماژە بە گەچ، چیمەنتۆ و قیڕی سروشتی بکەم. هەروەها کرماشان، سنە و ورمێ بە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێران هەژمار دەکرێن، بەتایبەت سنە و ورمێ کە ڕێژەیەکی زۆر ئاڵتوونیان هەیە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە نیوەی پاشەکەوتی زێڕی جیهان کە ١٠٠٠٠٠ تەنە لە پارێزگای ورمێیە. سنەش خاوەنی ٤٦١ کانگایە و زۆرترین ئاڵتوونی عەیار ٢٤ی هەیە کە لە شارەکانی قوروە و سەقز هەڵکەوتووە.
بەگشتی خۆرهەڵاتی کوردستان نەک هەر لە بواری نەوت و گاز و ئاڵتوون و کانزا بەسوودەکان دەوڵەمەندە، بگرە لە ئاویشدا یەکەمی هەموو ناوچەکانی تری ئێرانە، کە دواتر لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکەم. سەرباری ئەم هەموو دەوڵەمەندییە، خۆرهەڵاتی کوردستان بەدەست ڕێژەی بەرزی بێکاری، هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتییەوە وەزاڵە هاتووە.
بێکاری
Structural Unemployment
لە زانستی ئابووریدا دوو دەستەواژەی گرنگ هەن، کە ئابووریناسان، کاتێک دەیانهەوێ پێناسەی بێکاری لە وڵاتێکدا بکەن، کەڵکیان لێ وەردەگرن.
یەکەمیان پێی دەڵێن “ستراکچر ئەن ئیمپڵۆیمینت”. ئەم پێناسەیە بۆ ئەو بێکارییە دەگەڕێتەوە کە هاووڵاتییان وێڕای ئەوەی خاوەنی بڕوانامە یا پیشەی تایبەتن، بەڵام دەرفەتی کارکردنیان نییە، یا دەوڵەت هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێنێ؛ کە دیارە زۆرجاریش بە “میس ماچ” ناو دەبرێ. بۆ نموونە کەسانێک هەن بڕوانامەی پەرستارییان هەیە، بەڵام ناتوانن لە پیشەکەی خۆیان کار پەیدا بکەن. یان کەسگەلێک لەدوای لەدەستدانی کارەکەیان کە خاوەنی پیشەیەکی تایبەتن، ناتوانن لە پیشەیەکی تردا دەستبەکار بن. چونکە بەهۆی نەبوونی ئەزموون، زەحمەتە بتوانن کاری تر پەیدا بکەن.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی ئەم بەشەی دوایی، لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا، دەوڵەت کۆرسیان بۆ دابین دەکات، بۆ ئەوەی فێری پیشەی نوێ بکرێن.
Cyclical unemployment
ئەمەی دووەمیان ئەو ڕێژە بێکارییەیە کە بەهۆی کێشەی ئابووری، کە دەکڕێ سەرچاوەکەی جیهانیی بێ، دروست دەبێ. لێرەدا خراپبوونی دۆخی ئابووریی وڵات کاتییە و دەکرێ دەوڵەت لە ڕیگای سیاسەتی ئابوورییەوە بە زووترین کات دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتیانی بڕەخسێنێت. وەک نموونە دەتوانم ئاماژە بە کێشەی دارایی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ و٢٠٢١ بکەم.
ئەسیمئۆغڵوو ورۆبینسن ئاماژە بەوە دەکەن کە بە هۆی نەبوونی گەشەی ئابووری لەو وڵاتانەی سیستەمی سیاسی و ئابوورییان لەلایەن چەن کەسێکەوە قورخ کراوە، ئەوە چاوەڕوان دەکرێ کە ڕێژەی بێکاری و گەندەڵی تا ئاستێکی زۆر لەسەر بێ. بە چاوخشاندێک بەو داتایانەی بانکی جیهانی بڵاوی کردوونەتەوە، ڕێژەی بێکاری لە ئێران ساڵی پار ٩،٢% بووە. لەو ڕێژەیە ٤٢،٨%ی ئەو کەسانەنەن کە خاوەنی بڕوانامەن و لەهەمان کاتیشدا زیاتر لە ٧٠%یان گەنجن کە تەمەنیان لە نێوان١٨بۆ ٣٥ ساڵە.16
ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە کە نزیک بە ٢٠٠٠ کەس کە تازە خوێندنی پەرستارییان لە ئێران تەواو کردووە، بە هۆی نەبوونی هەلی کار لە وڵاتی خۆیان، داوای کاریان لە وڵاتی دانیمارک کردووە و لەو وڵاتە دامەزراون.
ئەوە وێڕای ئەوەی هەزاران خاوەن بڕوانامەی تر بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار ڕوویان لە وڵاتانی تر کردووە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە توانای ڕەخساندنی هەلی کاری، نەک هەر بۆ خەڵکی ئاسایی، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە خاوەنی بڕوانامەن، نییە.
هەڵبەت ڕێژەی بێکاری لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران جیاوازە. ئەو ڕێژەیە لە کوردستان، خووزستان و بەلووچستان زۆر لەسەرترە. بۆ نموونە ئەو ڕێژەیە لە کرماشان و ئیلام نزیک بە ٢٠%ە. ئەوە لە کاتێکدایە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ داوە، کوردستان و خووزستان دوو لە دەوڵەمەندترین شوێنەکانی ئێرانن.
ئەگەر دەستەڵاتێکی خەڵکی حوکمی ئێرانی کردبا، ئەوە ئێستا خەڵکی کوردستان و خووزستان نەک هەر ناچار نەدەبوون لە پێناوی بژێوی ژیانیان ڕوو لە شارەکانی ناوەند و خۆرهەڵاتی ئێران بکەن، یا بۆ دابینکردنی پارووە نانێک گیانیان لەسەر دەستیان دانێن و کاری کۆڵبەری بکەن، ئەوە خەڵکی ناوەند و خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە دەبوو بۆ پەیداکردنی کار، ڕووو لە کوردستان و خووزستان بکەن.
بەڵام وەک ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسن تیشکیان خستووەتە سەری، لەبەر بوونی دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر، داهات و سەروەت و سامانی وڵات لە پێناوی قازانجی شەخسی و مانەوە لە دەسەڵات پاوان دەکرێ. بۆیە بەهۆی بوونی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە، ئەوە کوردستان، نەک هەر خێر لەو هەموو سەرچاوە سروشتییانەی هەیەتی، نابینێ، بگرە بە شێوەیەکی سیستەماتیکیش برسی دەکرێ. هەروەها لەپاڵ ئەوەشدا خەریکە سروشتەکەشی کاول دەکەن، ئەویش تەنیا بە مەبەستی دۆزینەوە و هەڵکەندن و گەڕان بە دوای کانزا گرنگەکانیدا.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٤، ٥١ کەس بەهۆی کاری کۆڵبەرییەوە گیانیان لەدەست داوە. لەو ٥١ کەسە ٣٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزەکانی سەر سنووری نێوان خۆرهەڵات و باشووری کوردستان کوژراون. ئەم ڕووداوانە، بەتایبەت لە سێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان ڕوویان داوە.17
هەڵاوسانی ئابووری
هەڵاوسانی ئابووری، یەکێکی تر لەو پارامیترانەیە کە ئابووریناسان دۆخی ئابووریی وڵاتێکی پێ دەپێون. چونکە هەڵاوسان یا گرانبوونی نرخی کاڵا، نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر هاووڵاتییانی ئاساییی دەبێ، بگرە زیانیش بە بەشێکی زۆری بازرگان وخاوەنکارەکانیش دەگەیەنێ و جۆرێکیش لە ناسەقامگیریی ئابووری لە وڵات دروست دەکات. هەربۆیە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، هەوڵ دەدەن ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە وڵاتەکانیان لە ٢% زیاتر نەبێت.
بە پێی داتاکانی سەندووقی دراوی نیودەوڵەتی، ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران نزیک بە ٤٤%ە. هەرچەندە ئەم ڕێژەیە دەکرێت زیاتر بێ، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا ئەم ڕێژەیە زۆرە. بە واتایەکی تر نرخی زۆربەی کاڵاکان لە چاو ساڵی پێشوو ٤٤% گرانتر بووە.18
هەربۆیە لە ئەگەری بەرزنەبوونەوەی حەقدەستی کرێکاران، فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەوە هێزی کڕینیان دادەبەزێ. چونکە لەگەڵ هەڵاوسانی ئابووری، دراوی ئەو وڵاتە بەهای خۆی لەدەست دەدا. بۆ نموونە ئەگەر مامۆستایەک، ساڵی پار ١٢ملیۆن تمەن مووچەی مانگانەی وەرگرتبێ، لەگەڵ بەرزبوونەی نرخەکان بە ٤٤%، ئەوە حەقدەستی ئەو مامۆستایە بەراورد بە ساڵی پار، لە ڕاستیدا نزیک بە ٧ ملیۆن و سێسەد هەزار تمەنە. بۆیە ئەم گرانییە وای کردووە بەشێکی زۆری نەک هەر فەرمانبەران و خانەنشینان، بگرە بازرگانانیش لە زۆربەی شارەکانی ئێران، بە تایبەت لە تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، ئەهواز، بەلووچستان و کرماشان، خۆپیشاندان بکەن و داوای باشکردنی دۆخی ئابووریی وڵات و لە هەمان کاتیشدا مووچەکانیان بکەن.19
هۆکارەکانی پشت هەڵاوسانی ئابووریی ئێران
کۆمەڵیک هۆکار هەن کە لە پشت هەڵاوسانی ئابووریی ئێرانن. گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
کاتێک دەوڵەت کورتهێنانی بودجەی ساڵانەی وڵاتی هەیە، لە جیاتیی ئەوەی بەدوای چارەسەرکردنی ڕیشەی کێشەکەدا بگەڕێت، کە دەوڵەت بۆ خۆی سەرچاوەکەیەتی، داوا لە بانکی ناوەندی دەکات پارەی زیاتر چاپ بکات. کاتێک بانکی ناوەندی سەربەخۆ نەبێ و دەسەڵاتی ڕێژەی چاپکردنی پارە و سوودی بانکی لە دەستدا نەبێ، ئەوە لەگەڵ زۆربوونی پارە لە بازاڕدا، بەبێ بوونی گەشەی ئابووریی پێویست، نرخی دراوی ئەو وڵاتە دادەبەزێ. کاتێک نرخی دراوی ئێرانی دادەبەزێ، بەراورد بە دۆلار یا هەر دراوێکی تر کە ئەو وڵاتە زۆرتر مامەڵەی پێوە دەکات، ئەوە نرخی کاڵای هاوردە لەدەرەوە بۆ ئێران گران دەبێ. بەم شێوەیە فرۆشیار ناچارە نرخی کاڵاکانیان بەرز بکەنەو. بۆ نموونە کاڵاکانی وەک دەرمان، ئامرازی ئەلەکترۆنیک و خواردەمەنی کە ئێران ناچارە لەدەرەوە هاوردەیان بکات، زۆر گرانتر دەبن. ئەم گرانبوونە بەشێکی زۆری بەهۆی دابەزینی نرخی دراوی ئەو وڵاتەوەیە و بەشێکێشی پەیوەندیی بە ئابڵووقە ئابوورییەکانەوە هەیە.
وەک ئەوەی ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسن تیشکیان خستووەتە سەری، ئەو کەسانەی جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورییان بە دەستەوەیە، ئیزن نادەن نوێگەرایی لە ئامێرە کۆنەکاندا بکرێ. چونکە وەک ئەو دوو ئابووریناسە باسی دەکەن، کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو سیستەمی ئابووریی وڵاتانی دیکتاتۆر لەوە دەترسن کە ئەو سەروەت و سامانەی خەرجی ئەو ئامێرە کۆنانەی کراون، لەدەست بدەن. چونکە لە کاتی کردنەوەی بازاڕی ئابووری بەڕووی کەسانی شیاو و لێهاتوودا، دەسەڵاتی ئابووریی ئەو تاقمەی بازاڕی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتیان قورخ کردووە، دەکەوێتە مەترسییەوە. لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی نەک هەر گرێدراوی یەکن، بگرە تەواوکەری یەکتریشن. بە واتایەکی تر دیکتاتۆرکان بەبێ پاوانکردنی جومگە گرنگەکانی ئابووری، ئیمکانی بەردەوامبوونیان مەحاڵە. پێچەوانەکەشی ڕاستە. بۆیە ئابووریی ئەو وڵاتانەی دیموکراسییان تێدا نییە، هەمیشە ناکارامە، ناسەقامگیر و لەرزۆکە.
هۆکارێكی تری هەڵاوسانی ئابووری، پەیوەندیی بە داخوازیی کڕیار و خستنەبازاڕی کاڵاوە هەیە. واتە ئەگەر کاڵا لەبازاڕ زۆر بێ، ئەوە نرخەکەی هەرزان دەبێ. بە پێچەوانەوە، ئەگەر کاڵا لە بازاڕ کەم بێ لە چاو داخوازیی لەسەر ئەو کاڵایە، ئەوە نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
ئەگەر لە دۆخی بازاڕ و ئابووریی ئێران بڕوانین، ئەوە بە ڕوونی دیارە، گرانبوونی نرخی کاڵاکان پەیوەندیی بەو هۆکارانەوە هەیە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێ کردوون، نەک داواکاریی زۆری هاووڵاتیان لەسەر کاڵاکان. بە پێچەوانەوە لە ئێران زۆربەی کاڵاکان هەن، بەڵام کڕیار نییە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو داهاتەی خەڵک دەستیان دەکەوێ، ناتوانێ وڵامدەری گرانیی نرخی کاڵاکان بێ. بە واتایەکی تر کەلوپەل لە بازاڕدا هەیە، بەڵام کڕیار بە هۆی بەرزیی نرخەوە توانای کڕینی نییە.
قوربانیکردنی بەرژەوەندیی گشتی خەڵکی ئێران لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی خودی ڕێژیم
وەک دیارە بەشی زۆری ئەو هەڵاوسانە ئابوورییەی لە ئێراندا هەیە، سەرچاوەکەی خودی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە. چونکە هەموو داهاتی وڵات لەژێر دەستی کۆمەڵێک کەسدایە کە بۆ مەرامی ئایدولۆژی و سیاسی و سەربازیی خۆیان، (وەک پەرەپێدانی تیرۆر لە جیهان، بە تایبەت لە سوریا، لوبنان، یەمەن، عێراق) کەڵکی لێ وەردەگرن. بوونی ئەو داهاتە زۆر و زەبەنە لە دەست کۆمەڵەکەسێكی دیاریکراودا، وا دەکات دەسەڵاتدارانی ڕێژیم کەمتر گوێڕایەڵی دەنگی خەڵکی ئێران بن. هەربۆیە لەو وڵاتە ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک خوێندنگا و زانکۆکان، لە ڕەوشێکی خراپی تەندروستیدایە و داهێنان و وەگەڕخستنی ئەو سەرمایەیە بە ئامانجی گەشەی ئابووریی وڵات بوونی نییە و تەنیا لەو بەشانە نەبێت کە خزمەت بە مانەوەی دسەڵات و سەرکوتکردنی خەڵکی ئاسایی دەکات. ئەمە وا دەکات ڕێژەی بێکاری و هەژاری بەرز بێتەوەو و ئاستی بەرهەمهێنان ڕوو لە کەمی بکات. هەروەها کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو دەستەڵات لەمپەر بۆ کۆمپانیا بێلایەنەکان دروست دەکەن و ئیزن بە کێبەرکێی ئازاد نادەن، چونکە ئەوان بوونی ئەو کۆمپانیایانە وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان دەزانن. هەر بۆیە کاتێک ئەو داهاتە بەشێوەیەکی هەڵە بەکاردەهێنرێت، لە کۆتاییدا وێڕای ئەوانەی سەرەوە، کێشەی دابەزینی نرخی دراوی ئەو وڵاتە و هەڵاوسانی لێ دەکەوێتەوە.
ئێران تەنیا لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٤ نزیک بە ١٦ ملیارد دۆلاری لەو شوێنانەی سەرەوە خەرجی تیرۆر کردووە. ئەوە وێڕای ئەوەی بڕی نزیک بە ٣٠ ملیارد دۆلاری لە سووریا سەرمایەگوزاری کردووە. بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمەوە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ و ڕووخانی دەستەڵاتی ئەسەد لە سووریا، ئەو پارە زۆرەی لە بنەڕەتدا هی گەلانی ئێرانە و ئەگەر لە ژێر دەسەڵاتی سسیتەمێکی دیموکراتیک و خەڵکیدا بوایە، ئەوە دەیتوانی هەلی کار بۆ هەزاران کەس بڕەخسێنێت، بووە بڵقی سەر ئاو.20
هەروەها دوای ئەوەی سەرانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی زلهێز لە سەر ڕەشنووسێک ڕێك کەوتن، کە بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی پێنج کۆ یەک، ناونرا (واتە پێنج ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتی ئەڵمان)، لەو ماوەیەدا بە سەدان ملیارد دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێرانیان لە وڵاتانی تر ئازاد کرد و لە هەمان کاتیشد لەپاڵ ئەو پارەئازادکراوانەشدا، سەرانی ئەو ڕێژیمە بەبێ هێج ڕێگرییەک نەوت و گازی ئێرانیشیان فرۆشتووە. کەچی هەژاری لەو وڵاتە نەک هەر کەمی نەکردووە، بگرە زیادیشی کردووە.
تەنانەت وێڕای سەپاندنی ئابڵۆقەی توندی ئابووری لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا، بەهۆی پابەندنەبوونی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بە ڕێککەوتننامەکە، دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە، بە تایبەت سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە قاچاغ نەوت و گازی ئێرانیان فرۆشتتووە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەڕویتەرز بڵاو کراوەتەوە، ساڵی ٢٠٢٤ ئێران ساڵانە نزیک بە ٥٠ ملیارد دۆلار داهاتی نەوت و گازی هەبووە. لەو ٥٠ ملیارد دۆلارە زیاتر لە ٥٠%ی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەبێ ئەوەی کەس بزانێ ئەو پارەیە بۆ کوێ دەچێ و لە پێناوی چیدا خەرج دەکرێ. چونکە جگە لە خامەنەیی، کەس ناتوانێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ سوپای پاسداراندا بکات. 21
ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسن ئاماژەیان بەوە کردووە لەو وڵاتانەی سیستەمی سیاسییان دیکتاتۆرییە و ئابوورییەکەیان لەلایەن چەن کەسێکەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوە گەشەی ئابووری زۆر خراپە و ئاستی هەژاری، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو وڵاتانە زۆر لەسەرترە، لە چاو ئەو وڵاتانەی دەسەڵات بە دەست خەڵکەوەیە. چونکە لە سیستەمی دیکتاتۆریدا، ئەو کۆمەڵە کەسەی دەست بەسەر ئابووری و داهاتی ئەو وڵاتەدا دەگرن، داهاتەکەی لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی و قایمکردنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان و بێدەنگکردنی دژبەرانی ئەو دەستەڵاتە، بەکار دێنن.
بۆیە بە کورتی ئەوەی ئێستا لە ئێران ڕوو دەدات، هۆکاری دەرەکیی نییە. بەڵکوو ئەوەی سەرچاوەی ئەو نەهامەتییانەیە، بوونی دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و تاکڕەوە کە دەستی بەسەر سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەدا گرتووە. 22
ئاو
کێشەکانی خەڵکی ئێران هەر بە تەنیا هەژاری، بێکاری و هەڵاوسانی ئابووریی نەگرتووەتەوە، بگرە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران و کوردستان، وەک ئیسفەهان، یەزد، شیراز، ئەهواز، بەلووچستان، ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ، بە دەست بێئاوی و بێکارەبایییەوە دەناڵێنن. تەنانەت کێشەی بێئاوی گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئیسفەهان ئەو بۆرییەی ئاوی بۆ یەزد دەگواستەوە، بشکێنن. 23
کەمئاوی لە پارێزگای ئیلام وای کردووە بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئەو پارێزگایە، محەممەد محەممەدی، بێتە دەنگ. ئەو باس لەوە دەکات نزیک بە٥٧٧ گوند لە ئێلام بە هۆی وشکەساڵییەوە ڕووبەڕووی کێشەی کەم ئاوی بوونەتەوە. 24
هەروەها خەڵکی ئەهواز و بەلووچستانیش لەمێژساڵە بە دەست کەم ئاوییەوە دەناڵێن. بەڵام ئەوەی بە لای سەرانی ئەم دەسەڵاتەوە گرنگ نییە، ئاوڕدانەوەیەکی جددی و دانانی پلان وبەرنامەی درێژخایەن بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی وشکەساڵی لەو وڵاتەدایە. لە هەمان کاتدا هیچ پلانێکی باشیان بۆ چۆنیەتیی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی کە بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازی کەڵکی لێ وەردەگیرێ، نییە.
ئەوەی پەیوەندیی بە ناوچەکانی تری ئێرانەوە هەیە، لەوانەیە شتێکی نوێ نەبێ. چونکە ئەو ناوچانە لە مێژە بەهۆی کەمبارانی و هەڵکەندنی زۆری بیری ئاو لە پێناوی کشتوکاڵ، بەدەست بێ ئاوییەوە دەناڵێن و لەمێژیشە لە ڕێگای بۆرییەوە، ئاوی کوردستان دەبەن و ڕەوانەی ناوەند و ڕۆژەهەڵاتی ئێرانی دەکەن، ئەوە وای کردووە کێشەی کەمئاوییش لە کوردستان دروست ببێ.
کۆماری ئیسلامی، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمئاوی لە ناوچەکانی تری ئێران، بە تایبەت ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کە زۆرینەیان فارسنشینن، زیاتر لە ١٣٢ بەنداوی لە کوردستان دروست کردووە. کە ١٨ دانەیان لە سنە، ٥٢یان لە ورمێ، ٢٢یان لە کرماشان و ٤٠یشیان لە ئیلامن.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، لەو بڕە ئاوەی ئەم بەنداوانە گلی دەدەنەوە، تەنیا نزیک بە ١٠%ی بۆ خەڵکی خۆجێییی ئەو شارانە کەڵکی لێ وەردەگیرێ، باقی ئاوەکە بۆ ناوەند و خۆرهەڵاتی ئێران دەنێردرێت. ئەوە لە کاتێکدایە وێڕای ئیلام و ورمێ، سنەش کە خۆی خاوەنی ١٨ بەنداوە، خەڵکەکەی بەدەست کەمیی ئاوی خواردنەوە وەزاڵە هاتوون. 25
وەک ڕوون و ئاشکرایە، دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە نەک نەوت و گاز و کانزابەنرخەکانی کوردستان، بگرە ئاویش کە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی سروشت و مانەوەی مرۆڤە لە سەر زەوی و هیچیش دوور نییە کە شەڕی داهاتووی مرۆڤایەتی لە سەر ئاو نەبێ، بە تاڵان دەبەن.
کارەبا
خەڵکی ئێران نەک تەنیا کێشەی کەمیی ئاو، بەڵکوو، ڕۆژانە کێشەی پچڕان یا کەمیی کارەباشیان هەیە. ئەم پچڕانی کارەبایەی ڕۆژانە نەک هەر بووەتە کێشە بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە، بگرە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ئێرانیشی گرتووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ٥٠٠ ملیارد دۆلاریان لە دروستکردنی چەندین پێگەی ئەتۆمیدا خەرج کردووە. ڕێژیم بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو پێگە ئەتۆمییانە بەمەبەستی دایبنکردنی وزەی کارەبا و تیکنۆلۆژیی پزیشکی و کارگەلی مرۆیی بەکار دەبرێن، نەک دروستکردنی چەکی ئەتۆمی! هەروەها دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هۆکاری پچڕانی کارەبا، کەمیی گازە.26 لە کاتێکدا کە ئێران خۆی گاز هەناردەی دەرەوە دەکات. (تێبینی. لە کات و کۆتایییەکانی نووسینی ئەم بابەتە، بەهۆی سیاسەتی ئەتۆمیی ئێران، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئێران و تا ئێستاش بەردەوامە). تەنانەت بە پێی داتاتەکان کێڵگەهاوبەشەکانی گازی ئێران لەگەڵ قەتەر، کە بە کێڵگەکانی پارسی باشوور ناسراوە و لە باشووری پارێزگای بووشەهر هەڵکەتووە، بە گەورەترین یەدەگی گازی جیهان هەژمار دەکرێ، دەتوانێ نەک هەر کارەبای ئێران27، بگرە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ کارەبای تەواوی وڵاتێکی وەک ئەمریکا بدات. لە کاتێکد لەوانەیە کۆمپانیای واهەبێ لە ئەمریکا کە بە تەنیا بە قەد شارێک پێویستیی بە کارەبا هەبێ. بەڵام بەهۆی سیاسەتە شەڕانگێزانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و جیهان و دەستبەسەراگرتنی کەرتی نەوت و گاز لەلایەن کۆمەڵەکەسێکی دیاری ناو ڕێژیمەوە، نەتوانراوە وەک پێویست کەڵک لەو کێلگانە و کەرتی نەوت و گازی ئێران بەگشتی وەرگیرێ.
بەڵام ئەوەی ڕێژیم خۆی لێ دەدزێتەوە، نەبوونی پلانێکی ستراتیژیی دوورمەودایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. نەبوونی ئامێری پێشکەتوو، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە پێی ڕێژەی حەشیمەتی وڵات، کێشەیەکی بەرچاوە. چونکە وەک لەم وێنەیەی خوارەوە (ژمارە٢) دەردەکەوێ، لە ساڵی ٢٠١٤ ئێران نەک هەر کەمیی کارەبای نەبووە، بگرە بەشێکیشی هەناردەی دەرەوە کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە ئاستی سفر.

وێنەی ژومارە ٢
کۆبەند و چەند بەراوردێک لە نیوان دەسەڵاتی دیموکراسی و ئاوتۆکراتی
لەم بەشەی کۆتاییدا باسی جیاوازی و کاریگەرییەکانی سیستەمی سیاسیی هەندێک وڵات دەکەم وهەوڵ دەدەم بە کورتی بەراوردێک لە نێوان دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دیموکراسیی جیهان لەسەر گەشەی ئابووری بکەم.
لەوانەیە خوێنەری ئەم بابەتە ئەو پرسیارە لە خۆی بکات، کە ئاخۆ بۆچی هەندێک وڵات وێڕای ئەوەی دەسەڵاتێكی دیکتاتۆرییان هەیە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا ئابووریی وڵاتەکەیان گەشەی کردووە، بۆ نموونە وڵاتێکی وەکوو چین.
حیزبی کۆمۆنیستی چین دەیان ساڵە بەشێوەیەکی تاکڕەوانە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و هەموو جومگە گرنگەکانی وڵاتی لەوانە، دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری، سەربازی، هەواڵگری، دادگاکان و تەنانەت میدیاکانیشی قورخ کردووە و هەر دەنگێکی ناڕازییش دژ بەو سیستەمە هەڵوێست بنوێنی، ڕاپێچی بەندیخانە دەکرێ.
بە پشتبەستن بە فاکتگەلی مێژوویی، ئەو وڵاتانەی سیستەمی سیاسیی داخراویان هەیە، دەتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە بکەن، بەڵام ئەو گەشەکردنە کاتییە و ئەگەر داهێنان و بیری نوێ پەرەی پێ نەدرێ، ئەوە لە کۆتاییدا تووشی داڕمان دەبێت. ئەگەر چاو لە بەرهەمەکانی وڵاتی چین بکەین، دەبینین بەشی زۆری ئەو بەرهەمانە بەشێوەیەک لە شێوەکان کۆپیی وڵاتانی ڕۆژاوایی، بە تایبەت ئەمریکان.
بۆ پشتڕاسکردنەوەی ئەو بۆچوونە، دەکرێ وەک نموونە باسی یەکێتیی سۆفیەت بکەین کە لە ساڵەکانی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری١٩١٧، گەشەی ئابووریی بە خۆیەوە بینی، بەڵام ئەو پێشکەوتنە تا کۆتاییی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەوامی هێنا. چونکە لە سایەی ئەو سیستەمە سیاسییە دیکتاتۆرییەی ئەو کاتی سۆڤیەت، نەتوانرا پەرە بە داهێنان و تیکنۆلۆژیای نوێ بدرێت، تەنیا کەرتی پیشەسازی نەبێت. ئەمەش وای کرد لە کۆتاییدا یەکێتیی سۆڤیەت تووشی داڕمان بێ و لەبەریەک هەڵبوەشێتەوە. هەربۆیە دەکرێ نموونەی لەم جۆرە، بۆ چینیش ڕاست بێ. (ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسین ٢٠١٢)
زۆرێک لە ئابووریناسان لەو باوەڕەدان کە ئەگەر ئەم دەسەڵاتەی چین وەک خۆی بمێنێتەوە و نوێگەرایی لە سیستەمی سیاسیی خۆیدا نەکات و پەرە بە دیموکراسی نەدات، ئەوە لە کۆتاییدا گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە پەکی دەکەوێت. هەڵبەت هەم سیستەمی سیاسی و هەمیش ئابووریی چین وەک سەردەمی یەکێتیی سۆفیەت نییە.
فۆکۆیاما پێی وایە ئەم سیستەمە سیاسییەی لە چیندا هەیە، زۆر تایبەتە و هیچی لە دەسەڵاتی ئاوتۆکراتەکانی تر ناچێ. لەبەرئەوەی هاووڵاتییانی چین بەشێوەیەک لە شێوەکان، لەڕیگای تێبینییەکانیان بەشداری لە حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا دەکەن. فۆکۆیاما ناوی ئەم شێوە حوکمڕانییەی چینی ناوە، ئاوتۆکراتیی نەرم. لەپاڵ ئەمەشدا دەسەلاتدارانی چین باش دەزانن شانسی مانەوەیان لە دەسەڵات گرێدراوە بەوەی دۆخی ئابووریی وڵات چۆنە. 28
ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسنیش پێیان وایە ئەگەر دەسەڵاتێکی ناوەندیی کارامە هەبێ کە بەباشی کەڵک لە داهات و سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات وەرگرێ، ئەوە وڵات گەشەی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێ. ئەوەش لە چیندا هەیە و دەسەڵاتی ناوەندیی چین بەباشی سوودی لەو سەرچاوانە وەرگرتووە.
ئابووریی ئەو کاتی یەکێتیی سۆفیەت، ئابووریی کۆمۆنیستی یا پلان ئیکۆنۆمی بوو. بەڵام ئابووریی ئەمڕۆی چین ئابوورییەکی تێکەڵە لە نێوان بازاڕی ئازاد و دەستتێوەردانی دەوڵەت. (سەرچاو ئەسیمۆغڵوو و ڕۆبینسین ٢٠١٢)
ئاخۆ گۆڕینی سیستەمی دیکتاتۆری بۆ دەسەڵاتی دیموکراسی کاریگەریی لە سەر بژێوی و خۆشبژێویی خەڵک هەیە؟
مرۆڤ دەکرێ ئەو پرسیارەش لە خۆی بکات، ئاخۆ بە نەمانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو وڵاتە دەتوانێ گەشەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێ و خەڵکەکەی لەو هەموو نەهامەتییە ڕزگاریان بێ.
بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی چەند وڵات لە مێژووی دوور و نزیک، ئەوە وڵامی ئەو پرسیارە ئەرێنییە. واتە ئەگەر دەستەڵاتێک لە دیموکراسییەوە بگۆڕدرێت بۆ دیکتاتۆری، ئەوە گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە پەکی دەکەوێت. وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئەرجەنتین بکەین کە سەردەمانێک واتە تا ساڵەکانی ١٩٢٠ بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەمریکای لاتین هەژمار دەکرا، بەڵام دوای ئەوەی لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە بۆ سیستەمی دیکتاتۆری دەگۆڕدرێت، دۆخی ئابووری و بژێویی ژیانی خەڵکەکەی خراپ دەبێ و تەنانەت ئاستی هەڵاوسانی ئابووریی ئەو وڵاتە، لەوەی ئێران خراپتر بووە. (ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسن ٢٠١٢)
بە پێچەوانەوە ئەگەر سیستەمی سیاسی و ئابووریی وڵاتێک لە دیکتاتۆرییەوە ببێ بە دیموکراسی، ئەوە ئەو وڵاتە بووژانەوەی ئابووری بە خۆیەوە دەبینێ.
سەردەمانێک کۆریای باشوور و کۆریای باکوور یەک وڵات بوون، بەڵام بە هۆی دەستتێوردانی دەرەکی و ناکۆکیی ناوخۆیی، بوون بە دوو وڵات. کۆریای باکوور کە یەکێتیی سۆفیەت پاڵپشتیی دەکرد، دەستەڵاتێکی دیکاتۆریی کۆمۆنیستیی تاک حیزبی، یا تاکە کەسیی دامەزراند، لە کاتێکدا سسیتەمی سیاسیی کۆریای باشوور، کە ئەمریکا یارمەتیی دەدا، دیموکراسیی هەڵبژارد. ئێستا ئاستی بژێوی ژیان و گەشەی ئابووری و داهاتی هەر تاکێکی کۆریای باشوور زیاتر لە دە قاتی کۆریای باکوورە. 29
وڵاتانی عەرەبی و کێشەی نرخی نەوت
وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت ئەوانەی کەنداو، بەوە ناسراون کە بە نەوت و گاز دەوڵەمەندن، بەڵام چونکە خاوەنی سیستەمێکی دیکتاتۆریی بنەماڵەیین، وێرای بوونی ئەو سەرچاو سروشتییانەش، هێشتا خاوەنی ئابوورییەکی سەقامگیر و کارامە نین. بە واتایەکی تر بودجەی ساڵانە و بژێویی ژیانی خەڵکەکەیان پەیوەندیی بە نرخی نەوتەوە هەیە. وەک نموونە لە کاتی سەرهەڵدانی نەخۆشیی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، زۆرێک لەو وڵاتانە، نەک هەر توشی کێشەی بودجەی ساڵانە بوونەوە، بگرە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانیشیان پێ دابین نەکرا. هەروەها خەڵکی وڵاتانی میسر، ئۆردن و سوریاش بە هۆی بوونی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن، خاوەنی ئابوورییەکی ناسەقامگیر و لەرزۆکن و خەڵکەکەیان لە هەژاریدا دەژین.
جیاوازیی نێوان سەروەریی یاسا لە تورکیا و ئەمریکا
ئەگەر زۆر دووریش نەڕۆین و ئاوڕێکی کورت لەسەر دۆخی ئابووریی تورکیا بدەینەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە تورکیا لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئاک پارتی لە ساڵی ٢٠٠٣ بە ڕێبەرایەتیی ڕەجەب تایب ئەردۆغان، بووژانەوەیەکی ئابووریی خێرا و باشی بە خۆیەوە بینی، بەڵام دوای کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی تورکیا و دەستتێوەردانی ئەردۆغان لە دادگاکان، بانکی ناوەندی، میدیا و گرتنی کەسانی دژبەری خۆی، وای کرد ئابووریی ئەو وڵاتە ساڵ لە دوای ساڵ پاشەکشە بکات. تەنانەت دەستێوەردانەکانی ئەرۆغان لە بانکی ناوەندی، هۆکارێکن بۆ دابەزینی نرخی لیرەی تورکی و هەروەها بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری لەو وڵاتە تا ئاستی ٨٠%. چونکە لە کاتێکدا هەڵاوسانی ئابووری لە تورکیا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەردۆغان بۆ مەرامی سیاسیی خۆی، سوودی بانکی دادەبەزاند، کە ئەمەش دۆخی هەڵاوسانی ئابووریی خراپتر دەکرد. هەروەها ئاستی ڕێژەی بێکاری، هەژاری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.30
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی چەن حەوتووی ڕابردوودا هەوڵێکی لەو شێوەیەی دا تا سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا ناچار بکات سوودی بانکی دابەزێنێ، بەڵام لەبەر سەربەخۆبوونی بانکی فیدراڵی و کۆمەڵێک یاسای تایبەت بە بانكی فیدراڵی، ملی بۆ داواکەی ترامپ نەوی نەکرد و سوودی بانکی دانەبەزاند. هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ ترامپ، دادگای باڵای فیدراڵی ئەمەریکا، کۆمەڵێک باجی سەر کاڵا بیانییەکانی کە لەلایەن ترامپەوە سەپێنرابوون، بە نایاسایی ناساند و داوای کرد ترامپ ئەو بڕیارە ڕابگرێ.31
ڕێگاچارەی بەردەم گەلانی ئێران
کەوابوو وەک چاوەڕان دەکرا، سیستەمی سیاسیی دیکتاتۆری ناتوانێ درێژە بە گەشەی ئابووری بدات و خۆشبژێوی بۆ خەڵک دابین بکات. هەروەها گۆڕینی دەسەڵات لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەشەی ئابووریی وڵاتدا هەیە.
ئەمە هەمان شتە کە ئەسیمئۆغڵوو و ڕۆبینسن دوای توێژینەوەیەکی زۆر پێی گەیشتن و ڕاستیی گریمانەکەی منیش دەردەخات کە چاوەڕوانی دۆخی خراپی بژێویی ژیانی خەڵکی و ئابووریی ئێرانم کردبوو.
هەربۆیە بە پشبەستن بەو داتا و ئامار و شیکردنەوەیەیەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین هۆکاری سەرەکیی هەژاری، بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، خراپی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک ئاو و کارەبا، سیستەمێکی سیاسیی دیکتاتۆرییە لە ئێراندا، کە کۆمەڵە کەسێک لەو وڵاتە بە تایبەت شەخسی یەکەمی ئەو ڕێژیمە، خامەنەیی و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستیان بەسەر هەموو جومگە گرنگەکانی وڵاتدا گرتووە و داهاتی ئەو وڵاتە لە پێناوی بەهێزکردن و پاوانکردنی دەستەڵاتی خۆیان بەکار دەهێنن.
بوونی سیستەمێکی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران، وێڕای ئەوەی وا دەکات کە لە سەروەت و سامان و توانا مرۆڤییەکانی گەلانی ئێران بە دروستی کەڵک وەرنەگیرێ، لەهەمان کاتیشدا بە نەبوونی کێبەرکێیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بۆ کۆمپانیاکان، بیری نوێ و داهێنان لەو وڵاتە نایەتە کایەوە، ئەمەش وا دەکات ناکارامەییی ئابووری دروست بێت و ئاستی بەرهەمهێنان کەم بێتەوە. ناکارامەییی ئابووری، خەڵکی ئەو وڵاتە تووشی دۆخێکی نالەباری ئابووری، هەژاری، بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەکات.
هەربۆیە بۆ ئەوەی گەلانی ئێران لە دەست ئەو هەموو نەهامەتییە ڕزگاریان بێ، پێویستییان بە سیستمەمێکی سیاسیی دیموکراسییە کە هەموو چین و توێژ و گەلانی ئەو وڵاتە بەبێ هەڵاواردن بەشداریی تێدا بکەن. چونکە باشبوونی دۆخی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و خۆشبژێویی بەردەوام، بەبێ بوونی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک ئیمکانی نییە.
سەرچاوەکان
- کانگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن تاڵان دەکرێ؟
- Oil Reserves by Country 2025
- DARON ACEMOGLU AND JAMES A. ROBINSON, THE ORIGINS OF POWER, PROSPERITY, AND POVERTY- WHAY NATIONS FAIL
- A History of Modern Iran | Higher Education from Cambridge
- Abdurrahman Boroumand Center: The 1983 Collective Punishment of Kurds: The Forgotten Stories
- Iran Between Two Revolutions | Princeton University Press
- A Modern History of the Kurds: : David McDowall: I.B. Tauris
- https://www.facebook.com/share/v/16XmES2c3p/
- Who Rules Iran: The Structure of Power in the Islamic Republic | The Washington Institute
- Reuters Investigates – Assets of the Ayatollah
- Corruption Perceptions Index 2024 – Transparency.org
- Oil Reserves by Country 2025
- Proven Natural Gas Reserves by Country (2025)
- Iran’s Sistan-Baluchestan Province Is Country’s Poorest | Iran International
- 850,000 residents of oil-rich Khuzestan province live in slums
- Unemployment Rate Among University Graduates Higher Than National Average
Unemployment, total (% of total labor force) (modeled ILO estimate) – Iran, Islamic Rep. | Data
- Kurdistan Human Rights Network’s Annual Report – 2024
Kurdistan Human Rights Network’s Annual Report – 2024
- IMF forecasts economic improvement for Iran by 2026 – Tehran Times
- Iran’s labor protests grow as workers, retirees demand economic action | Iran International
- ran Spends $16bn Funding Terror Across the Middle East – National Security News
21.Iran’s Revolutionary Guards extend control over Tehran’s oil exports, sources say | Reuters
- The Escalating Poverty Crisis in Iran: A Grim Reality – Iran Focus
23.Isfahan-Yazd tensions underscore Iran’s deepening water crisis | Iran International
- بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئیلام: 577 گوند کێشەی… | رووداو.نێت
- کانگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن تاڵان دەکرێ؟
26.Iran enforces rolling power blackouts as fuel shortages bite
- Qatar says its output at gas field shared with Iran is steady, following Israeli strike | Reuters
- International Politik NU- Systime
- Economics ACEMOGLU | LAIBSON | List
30.Turkey Overview: Development news, research, data | World Bank
31.Domstol blokerer toldsatser: ‘Et alvorligt tilbageslag for Donald Trump’ | Udland | DR
وتارەکانی تر
Nothing Found

