گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢ 

(نا)سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش شەڕ لە گەڵ ئیسرائیلدا

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 15.10.2025

ئەحمەدی، ئیدریس (٢٠٢٥):(نا)سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش شەڕ لە گەڵ ئیسرائیلدا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ١٤٢–١٣٥. https://doi.org/10.69939/TISHK0072

DOI 10.69939/TISHK0072

هەرچەند شەڕی ١٢ ڕۆژە بە ئاگربەست ڕاگیرا، بەڵام ئاگربەست کۆتاییهێنان بە کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا نییە. ئەو ئاگربەستە شێوەیەکە لە مودیرییەتکردنی ئەو کێشەیە تاکوو بە شێوەیەک لە شێوەکان یەکلا دەبێتەوە. هەڵبەت دەشکرێ، هاوشێوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوو، هەر درێژەی هەبێ تاکوو ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ یان دەگۆڕدرێ.

سەرەتا

کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش هێرشی حەماس لە ٧ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣دا  بۆ سەر ئیسرائیل، لە ماوەی ساڵیک و هەشت مانگدا نەک تەنیا ئەو ئیمپراتۆرییە نافەرمییەی کە لەو جوگرافیایەی بە “هیلالی شیعی” ناسراو بوو لە دەست دا، بەڵکوو لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا لە کۆتایی بەهار و سەرەتای هاوینی ئەوساڵدا بەرنامە ناوکییەکەی لە لایەن ئیسرائیل و دواجار ئەمریکاوە کرایە ئامانج. لە سەرەتای ئەو شەڕەدا، ئیسرائیل لە چەند کاتژمێردا فەرماندەیی سپای پاسدارانی لەنێو برد و هەروەها سەرکەوت لەوەی ئاسمانی ئێران بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.  1

لە گەڵ ئەوەی ‌هێشتا ڕوون نییە ئایا ئیسرائیل و ئەمریکا بنکە ناوکییەکانی ئێرانیان بە تەواوی لەنێو بردووە یان ئەوەی تەنیا تواناییی کۆماری ئیسلامییان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی وەدوا خستووە، جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ساڵیک و هەشت مانگ لەمەوپێش وەک “زلهێز” لە ڕۆژهەڵاتی ناوایندا لەقەڵەم دەدرا و هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ڕێژیم لە سەر خاکی ئێران وێنا نەدەکرا. دەرکەوت کە “هێزی” کۆماری ئیسلامی زۆرتر وەهمە تاکوو ڕاستی.

شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران  و شکستی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی لە کورتمەودا، نێوەندمەودا و دوورمەودادا، چ ئاکامێکی بۆ سەقامگیریی ئەو ڕێژیمە دەبێت؟ ئەم وتارەی بەردەست هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەی سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی لە بەر تیشکی ئەو شەڕەدا، بەڵام هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نێوخۆییی ئێران پێش و پاش ئەو شەڕە.

پێش شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کۆماری ئیسلامی بە هۆی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی جەماوەرییەوە، لە کاتی بزووتنەوەی سەوز بەدواوە بەڵام بە تایبەت پاش ئەو ڕاپەڕینەی ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ کە بە ناوی ژیناوە ناسراوە، لە دۆخی ناسەقامگیردا بووە و ڕێژیم بە سەرکوت و کڕینی وەفاداریی سیاسیی بەشێک لە کۆمەڵگا، توانیویەتی مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. لەگەڵ ئەوەی خامنەیی باڵی “رێفۆرمخواز” یان “میانەڕوی” پەیتا پەیتا لەپەڕاوێز خستبوو و کۆماری ئیسلامی پێی نابووە قۆناغی تەکجەناحییەوە، دواجار ناچار بوو زەمینە ساز بکات بۆ سەرکەوتنی مەسعوود پزشکیان لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠٢٤دا. بە گوێرەی سەرچاوەی نزیک لە بەیتی رێبەری، دەزگای هەواڵگری هۆشدارییان بە خامنەیی دابوو کە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری، پاش مەرگی ئیبراهیم رەئیسی ١٣٪ دەبێ. بەو پێیە، بۆ بردنە سەری ڕادەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا، خامنەیی ئاسانکاریی کرد بۆ پزشکیان وەک کەسێک کە نزیکە لە “رێفۆرمخوازەکان” یان “میانەڕەوەکان” کە لەو هەڵبژاردنەدا کاندید بێ و سەرکەوێ.2   لەگەڵ ئەوەش، بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا، لە نزمترین ئاستدا بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. 3

لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی راپۆرتێک لە ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی، کەسانی کلیدیی نێو ڕێژیم قەناعەتیان بە خامنەیی هێنا کە ڕێگە بدا بە دانوستاندن لە گەڵ ئەمریکا پاش ئەوەی دانڵد ترامپ وەک سەرکۆمار هەلبژێردرا. لە دەورەی یەکەمی سەرکۆماریی ترامپدا، خامنەیی هەرجۆرە دانوستاندنێکی لە گەڵ ئیدارەی ناوبراو ڕەد دەکردەوە. هەڵبەت ناسەقامگیریی ڕێژیم پاش ڕاپەڕینی ژینا، وێڕای ئەوەی ئیسرائیل حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی لە پاش شەڕی ٧ی ئوکتۆبەر تێک شکاند و وەک لێکەوتەیەکی ئەو شەڕە هەروها ڕێژیمی بەشار ئەسەدیش لە سوورییە ڕووخا، ڕاوێژکارانی خامنەیی هۆشدارییان بە ناوبرا دابوو کە ئەگەر دانوستاندن لە گەڵ ئەمریکا نەکەن، تووشی “شەڕی دووبەرە” دەبن واتە هەم لە گەڵ خەڵکی ناڕازی لەنێوخۆ، هەمیش لە گەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.4

بەو پێیە، کۆماری ئیسلامی هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوە لە ژێر فشاری بەرچاودایە. هەڵبەت لە کەیسی ئێراندا جۆرە پارادۆکسێک قوت دەبێتەوە. هەرکات فشاری دەرکی لە ئارادا بووە، نێوخۆ بێدەنگ بووە و هەرکات لە نێوخۆدا خۆپێشاندان و ڕاپەڕین ڕوویان داوە، فشاری دەرکی نەبووە یان لاواز بووە. لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، ئەو بارودۆخە وەک خۆی مایەوە.  

بەو پێیە و بە مەبەستی شیکاری، لێرەدا هەوڵ دەدرێ فاکتەری دەرەکی و نێوخۆیی لێک جیا بکرێنەوە و لەو پەیوەندییەدا لە پێشدا چەند سێناریۆیەکی پەیوەندیدار بە گوشاری ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەر ئێران و بژاردە یان کاردانەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەستنیشان بکرێن. دواتر، هەوڵ دەدرێ فاکتەری دەرەکی و نێوخۆیی، وێکڕا لە لێکدانەوەکدا لەبەرچاوبگیرێن، بەڵام دیسان بە ڕەچاوکردنی ئەو پارادۆکسەی لەسەرەوە ئاماژەی پێ درا.

گوزارەی سەرکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی کەیسێکی ڕێزپەڕە و بە ئەگەری زۆر لە کورتمەودا و نێوەندمەودادا، هەروا ناسەقامگیر دەمێنێتەوە، بەڵام بێ ئەوەی بڕوخێ، مەگەر ئەوەی ڕووداوی چاوەڕواننەکراو لە دەرەوە یان لە نێوخۆ، بارودۆخی ئێران لە بنەڕەتدا بگۆڕێ. کەم نین ئەو ڕووداوە چاوەڕواننەکراوانە کە لێکەوتەی مێژووییان هەبووە – هێرشی حەماس و لێکەوتە جێوسیاسییەکانی، کە هێشتا پاشلەرزەکانی هەست پێ نەکراون، دواترینیانە بەڵام کۆتا نموونە نابێ.

فشاری دەرەکی لە سەر کۆماری ئیسلامی

هەرچەند شەڕی ١٢ ڕۆژە بە ئاگربەست ڕاگیرا، بەڵام ئاگربەست کۆتاییهێنان بە کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا نییە. ئەو ئاگربەستە شێوەیەکە لە مودیرییەتکردنی ئەو کێشەیە تاکوو بە شێوەیەک لە شێوەکان یەکلا دەبێتەوە. هەڵبەت دەشکرێ، هاوشێوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوو، هەر درێژەی هەبێ تاکوو ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ یان دەگۆڕدرێ. لەو پەیوەندییەدا، دەکرێ ئەو سێ سێناریۆیەی خوارەوە لە کورتمەودا، نێوەندمەودا و دوورمەودادا دەستنیشان بکرێن:

  کۆماری ئیسلامیی لە کورتمەودادا لە گەڵ ئەمریکا ڕێک دەکەوێ و لە نەتیجەدا، حکوومەتی ترامپ ئیسرائیل ناچار دەکا واز لە بژاردەی هێرش بۆ سەر ئێران بێنێ و ڕێژیمی ئیسلامی دەتوانێ بە شێوەی کاتی مانەوەی خۆی مسۆگەر بکا.

  خامنەیی مل نادا بە فشاری ئەمریکا و پێداگر دەبێ لە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران؛ ئەمەش بە نۆرەی خۆی نەک تەنیا دەبێتە هۆی مانەوەی گەمارۆ لە سەر ئێران، بەڵکوو دەتوانێ دەرفەتێکیش بێ بۆ ئیسرائیل بۆئەوەی دیسان کەڵک لە بژاردەی نیزامیی سنووردار وەرگرێ و لە نێوەندمەودادا ڕێژیم لاوازتر و لە درێژەدا ناسەقامگیرتر بکا.

 بارودۆخی نە شەڕ و نە ڕێککەوتن هەروا دەمێنێتەوە تاکوو خامنەیی فەوت دەکا؛ دوابەدوای مەرگی خامنەیی، “رێفۆرمخوازان” یان “میانەڕەوان” شکستی ستراتیژیکی ڕێژیم لە نەتیجەی سیاسەتی “توندڕەوانەی” خامنەیی دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگای سازانی بەرین لە گەڵ ئەمریکادا، گەمارۆ لە سەر ئێران نەهێڵن و مانەوەی دوورمەودای کۆماری ئیسلامی مسۆگەر بکەن بە مەرجێ سپای پاسداران ڕێگری نەکا لە سازانێکی لەو چەشنە.

هەرکام لەو سێناریۆیانە ئەگەریان هەیە. هەڵبەت سێناریۆی سێهەم لەوانی دیکە ئەگەری زۆرترە، هەرچەند سپا لەمپەر دەبێ بۆ سازانی بەرین لە گەڵ ئەمریکادا. هەروەها مەرج نییە کۆماری ئیسلامی لە سێناریۆیەکی وادا لە نێوخۆ بگۆڕدرێ، بەڵکوو تەنیا لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا سیاسەت دەگۆڕێ. ئەوەش بەو واتایەیە کە ڕێژیم دەبێ دەست لە پڕۆژەی ئیمپێریالیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵگرێ بۆ ئەوەی گەمارۆکان لە سەری هەڵگیرێن تاکوو بتوانێ گرنگی بە سەقامگیریی نێوخۆیی بدا.  

کودەتا، شۆڕش یان گوزار بەرەو دێمۆکراسی؟

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی جێگای سرنج سەبارەت بە  لە دەسەڵاتکەوتنی دیکتاتۆرەکان، کە ٣٠٣ ڕێژیمی دیکتاتۆر لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ تاکوو ٢٠٠٨ لە خۆ دەگرێ، بەم شێوەیە: ٢٠٥ لەو دیکتاتۆرانە لە ڕێگای کوودەتاوە لە سەر دەسەڵات لابراون؛ ٣٢ لە ئەنجامی ڕاپەڕینی جەماوەرییەوە لەدەسەڵات کەوتوون؛ ٣٠ لە پرۆسەی گوزار بەرەو دێموکراسی وازیان لە دەسەڵات هێناوە یان ناچار کراون واز بێنن؛ ٢٠ لەو ٣٠٣ دیکتاتۆرە تیرۆر کراون؛ ١٦ لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزی دەرەکی لە سەر دەسەڵات لابراون. 5

ئەگەر نەتیجەی ئەو لێکۆڵینەوەیە بکەین بە بنەما لە پەیوەندی لە گەڵ چارەنووسی کۆماری ئیسلامیدا، لە پلەی یەکەمدا کودەتا دژ بە عەلی خامنەیی ئەگەری زۆرترە، واتە ٦٨ ٪. ئەگەری کەوتنی دیکتاتۆریی عەلی خامنەیی لە نەتیجەی ڕاپەڕینی جەماوەری و دەستێوەردانی دەرکیدا، ئیجگار لاوازترە؛ واتە  بە تەرتیب ١١ ٪  و ٥ ٪.

لە گەڵ ئەوەی باڵەکانی نێو ڕێژیم پاش شەڕ جەختیان لە سەر “یەکگرتوویی”6  کردووەتەوە، دوور نییە لە دوورمەودادا کێشە نێوخۆییەکان لە ئاکامی ئەو شکستە ستراتیژیکەدا سەرهەڵبدەنەوە و بیخەنە ئەستۆی یەکتر. گەرچی لە کورتمەودادا باڵی خامنەیی زاڵ دەمێنێتەوە، دوور نییە لە دوورمەودادا باڵی “رێفۆرمخواز” یان “میانەڕەو” هەوڵ بدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ. هەڵبەت تاکوو خامنەیی لە ژیاندا مابێ، ئەوە ئەستەمە. پاش مەرگی ناوبراویش، بە لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتی سپای پاسدارن، بە دەسەڵاتگەیشتنی رێفۆرمخوازەکان هەر ئەستەم دەبێ. بە هۆی ئەوەوە کە خامنەیی و سپا پێویستییان بە یەکترە و تەنیا سپا – بە پێی پێگەیەک کە لە ئابووری و سیاسەتی ئێراندا هەیەتی – دەتوانێ کوودەتا بکا، کوودەتاکردن لە خامنەیی هیچ ئەگەرێکی نییە. مەسەلەی جێگای بایەخ، قۆناغی پاش مەرگی خامنەییە.

لە نێو ڕێژیمدا دوو بۆچوون هەیە؛ لە لایەک بۆچوونی کەسانێک وەک حەسەن ڕۆحانی و محەممەد جەواد زەریف کە پێیان وایە دەبێ لە پەیوەندی لە گەڵ مەسەلەگەلێک وەک حیجابی زۆرەملی، ڕێژیم سیاسەت بگۆڕێ یان لانی کەم گوشار لە سەر ژنان کەم بکاتەوە. لەوەش گرینگتر، بۆ ئەوەی گەمارۆ لە سەر ڕێژیم نەمێنێ، دەبێ لە گەڵ ئەمریکادا بسازن. بۆچوونی دووهەم، ئەوەی خامنەییە کە بریتییە لە “بەربەرەکانێی ئابووری” و دژایەتیکردنی ئیسرائیل و هتد. 7

پاش ئەوەی خەتی خامنەیی کۆماری ئیسلامیی تووشی شکستی ستراتیژیک کرد، بە ڕواڵەت زەمینە لەبار دێتە بەرچاو بۆ سەرکەوتنی خەتی ڕۆحانی و زەریف. لە کورتمەودادا، ڕێژیم ناچار دەبێ بۆ مانەوەی خۆی زیاتر پێداگری لەسەر خەتی خامنەیی بکا و فشار لە سەر خەڵک و لەپەڕاوێزخستنی باڵی ڕۆحانی و زەریف درێژەی دەبێ.

هەڵبەت بە هۆی ئەوەوە کە باڵی ڕیفۆرمخواز ڕێژیم پارێزە، نەک ڕێژیم گۆڕ، ئەوان باشتر دەتوانن مانەوەی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی مسۆگەر بکەن.8  باڵی رێفۆرمخواز تەنانەت لە نەوەدەکاندا سەرکەوت لەوەی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر کە کەڵکی ئامرازی لە هەڵبژاردەن وەردەگرێ لە دیکتاتۆرییەکەی هەڵبژاردنکارانەوە9  تەبدیل بکەن بە دیکتاتۆرییەکی هەڵبژێردراو.

لە کۆماری ئیسلامیدا، وشە جێگای چەمکی گرتۆتەوە. ئەمەش دەبێ لە درێژەی سیاسەتی فریوکارانەی هەڵبژاردن بە بێ دێموکراسیدا ببینرێ. “رێفۆرم” واتای خۆی هەیە و بریتییە لە پێکهێنانی گۆڕان لە دامەزراوەی سیاسی و ئابووریدا، دواجاریش لە دەستووردا. لە کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٠ پرۆژە یاسایەک پێشکەش کرا بۆ پێکهێنانی گۆڕان لە یاسای چاپەمەنیدا، بەڵام وەلی فەقیه و شۆرای نیگابان، کە دەتوانن ڕێگری بکەن لە پەسەندکردنی هەر یاسایه‌ک لە مەجلیس کە لەگەڵ ئیسلام و بەرژوەندیی رێژیمدا بە نەگونجاوی بزانن، پێشیان بە پەسەندکردنی گرت.10  رێفۆرمیستی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا باسی گۆڕینی دەستووریان نەکردووە. بە پێچەوانەوە، هەموویان پابەندن بە دەستووری کۆماری ئیسلامی. گلەییان ئەوەیە کە ئەو دەستوورە جێبەجێ ناکرێ. محەممەد خاتەمی لە لێدوانێکدا لە رێکەوتی ١٠ی جونی ٢٠٠٦دا، دان بەوەدا دەنێ کە خاوەن مانیفێست نەبوون: “کێشەیەکی رێفۆرمخوازی [لە ئێراندا] ئەوە بوو کە پێناسەیەکی ورد لە رێفورم نەبوو و هەر کەس و گرووپێک کە تێیدا بەشدار بوون، پێیان وا بوو ڕێفۆرمیستن.”11  بەو پێیە، سەرکەوتنی کوتلەی رێفۆرمیستی لە چەسپاندنی دیکتاتۆریی ئیسلامیی هەڵبژێردراو لە ئێراندا، ئەویش بە بێ مانیفێست، یان دروستتر بڵێین، بە بێ نێوەڕۆک، دەبێ بە سەرکەوتنێکی سەیری مێژوویی لە مێژووی سیاستەتدا بێتە ئەژمار.

ئەگەر رێفورمخوازەکان پاش مەرگی خامنەیی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، دەکرێ ڕێگای چین بگرنە بەر. هەڵبەت وەک لە کەیسی چیندا دەرکەوتووە، رێفۆرمی ئابووری مەرج نییە رێفۆرمی سیاسیی لێ بکەوێتەوە.12  بە واتایەکی دیکە، کۆماری ئیسلامی مەرج نییە هاوشێوەی کۆرەی باشوور و تایوان بەرەو دێموکراسی گوزار بکا. پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکا و جۆری ئەو پەیوەندییە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ ئەوەی بزانین وڵاتێکی سەرەڕۆ دەتوانێ گوزار بەرەو دێموکراسی بکا یان نەخێر. چین نیشانی دا کە دەتوانێ پەیوەندیی تیجاریی بەربڵاوی لە گەڵ ئەمریکادا هەبێ، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە جیاوازیی خۆی بپارێزی و لە بواری جێوسیاسییەوە رەقیبی بمێنێتەوە. کورەی باشوور و تایوان ئەمنییەتیان گرێدراوی ئەمریکایە و ئەو پەیوەندییە، بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، هەروەها بێگومان لە بنەڕەتدا بە هۆی فشاری جەماوەری لە نێوخۆدا لە پێناو ئازادی و دێموکراسیدا، دواجار بووە هۆی دێموکراتیزاسیۆنی هەردوو وڵات.

دانیشتوانی ئێران دێموکراسییان دەوێ و چەندین هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی سیاسەتەکانی بگۆڕێ یان ئەوەی هەوڵی ڕووخاندنیان داوە.١٣  بەڵام کۆماری ئیسلامی پەیوەندیی لەگەڵ هیچ زلهێزیک نییە کە دێموکراتیک بێ. پەیوەندیی لە گەڵ دوو زلهێزی سەرەڕۆی چین و ڕووسییە هەیە. هەروها کۆماری ئیسلامی ئامانجی بەدەستهێنانی هێژمۆنییە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و سیاسەتی ئیمپێریالیستیی پەیڕەو کردووە. بەو پێیە، لە سێناریۆیەکی وادا، رێفۆرمی ئابووری، کۆماری ئیسلامی بەهێز دەکا بە بێ گوزار بەرەو دێموکراسی، هەرچەند دەسەڵاتی سپا و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، لەوانە ئابووریی رانتیی14  ئێران، دەشێ ئەو ڕێگایەی چین پاش مەرگی مائۆ گرتییە بەر، ئەستەم بکەن.  15

ئەو شکستە مەزنەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵەتی “ئاسایی”ی خۆیدا دەبوو بووبایە بە هۆی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامیی ئێران. هەڵبەت پاش ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدا بووە خۆی وەک براوەی ئەو شەڕە بنوێنێ.16  لە لایەکی دیکەوە، ڕێژیم هەم بۆ شاردنەوەی نفوزی بەربڵاوی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لە ئاستی سەرەوەی ڕێژیمدا و هەروها بۆ چاوترساندنی دانیشتووانی ئێران، دەستی کردووە بە گرتن و لەسێدارەدانی کۆمەڵێک خەڵک، کە زۆربەیان کورد و پەنابەری ئەفغانین.  ١٧

هەرچەند لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا دوو حەفتە بەسەر ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا تێپەڕیوە و هێشتا زووە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی دڵنیا سەبارەت بە مانەوە یان نەمانی کۆماری ئیسلامی؛ بەڵام لە گەڵ ئەوەش، کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی ڕیزپەڕ دێتە بەرچاو. دەنا شکست لە شەڕدا، ئەگەری هەیە شۆڕشی لێ بکەوێتەوە. شۆڕشی فەڕەنسە لە ساڵی ١٧٨٩ لە ئاکامی شەڕی ١٢ ساڵەدا، هەروها شۆڕشی بۆلشەڤیکەکان لە ڕووسییە لە ئاخروئۆخری شەڕی یەکەمی جیهانی و شۆڕش لە چین لە ١٩٤٩ لە درێژەی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتە لە شەڕدا سێ نموونەی بەناوبانگن. کۆمەڵناسی ئەمریکی “تهیدا سکاچپۆڵ” لە سەر ئەساسی ئەو سێ کەیسە، تێزی ئەوەیە کە شۆڕش لە ئاکامی داڕمانی دەوڵەتدا، ئەویش بە نۆرەی خۆی لە درێژەی گوشاری نێودەوڵەتی یان پاش شکست لە شەڕدا، ڕوو دەدا.18  کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی هاوشێوەدایە، بەڵام ناکرێ باس لە داڕمانی دەوڵەت لە ئێراندا بکرێ، چونکە سەرەڕای قەیرانە کەڵەکەبووەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی، ڕێژیم تۆاناییی سەرکوتی ماوە. حکوومەتی بەعس نموونەیەکی دیکەیە، کە لە نەتیجەی دوو شەڕی پڕهەزینەدا وێڕای گەمارۆی سەختی ئەمریکا عێراقی کردبوو بە کەلاوە، کەچی لە ڕێگای دەزگای سەرکوتەوە تاکوو هێرشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا مایەوە. لە لایەکی دیکەوە و بە پێچەوانەی بانگەوازی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەکەوە، دانیشتووانی تاران و شارەکانی دیکەی ناوچە فارسنشینەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ڕانەپەڕین.19

دوا وتە

 ئەمریکا توانای نیزامیی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی هەیە، بەڵام ئیرادەی نییە یان نایەوێ هەزینەی گۆڕینی ڕێژیم بدا؛ ئیسرائیل ئیرادەی هەیە، بەڵام تواناییەکەی سنووردارە. ئەمریکا پاش شەڕی عێراق خۆی لە شەڕی پڕهەزینە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ناداتەوە؛ هەروەها چین بە خەتەری ستراتیژیک لە سەر خۆی دەبینێ و گرنگی بە بووژانەوەی نێوخۆیی دەدا. فاسڵەی جوگرافیی نێوان ئیسرائیل و ئێران و نەبوونی زەمینەی لەبار بۆ ئەوەی لە ڕێگای دراوسێکانی ئێرانەوە ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی وشکانی بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەگەر شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران سەرهەڵبداتەوە، هەر سنووردار دەبێ بە زەربەی هەوایی، وێڕای عەمەلیاتی تەخریب لە ڕێگای هەستەی هەواڵگرییەوە لە قووڵاییی ئێراندا. 

لە لایەکی دیکەوە، لەو ماوەیەدا کە فشاری دەرەکی لە سەر کۆماری ئیسلامی گەیشبووە لووتکە خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ڕانەپەڕین. بەو پێیە، ئەو پارادۆکسەی سەرەتا ئاماژەی پێ درا – واتە هەرکات فشاری دەرکی لە ئارادا بووە، نێوخۆ بێدەنگ بووە و بە پێچەوانە – هەروا دەمێنێتەوە. بەو پێیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران کەیسێکی ڕیزپەڕە و وێدەچێ هەروا بمێنێتەوە، مەگەر ئەوەی ڕووداوی چاوەڕواننەکراو بارودۆخێکی دیکە بێتە کایەوە کە دواجار نەمانی کۆماری ئیسلامیی لێ بکەوێتەوە.

هێرشەکانی ١١ سێپتامبر بۆ سەر ئەمریکا و لێکەوتە مێژووییەکانی؛ سەرهەڵدانی داعش و لێکەوتە هەرێمییەکانی؛ هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لێکەوتە جێۆسیاسییەکانی؛ هەموو ئەوانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە هەر مۆدێلێک یان چوارچێوەیەک بۆ لێکدانەوە لە سەر ئەساسی پارامێترە ناسراوەکان ڕاوەستابێ، بێگومان سنوورداریی خۆی دەبێ. ئەو شیکارییەی لێرەدا پێشکەش کرا بەدەر نییە لەو ڕاستییە.

پەراوێزەکان:

1.Dan De Luce, “Iran’s strategic blunders paved the way for humiliating defeats, experts say.” NBC News, June 25, 2025. [Accessed July 5, 2025]. Available at: https://www.nbcnews.com/politics/national-security/irans-strategic-blunders-paved-way-humiliating-defeats-experts-say-rcna214584.

  1. Parisa Hafezi, “How Iran’s Khamenei Elevated a Little-Known Moderate to the Presidency,” Reuters, July 18, 2024, https://www.reuters.com/world/middle-east/how-irans-khamenei-elevated-little-known-moderate-presidency-2024-07-18/ (accessed April 28, 2025).

3.Saeed Azimi, “Iran Elections: Record-Low Turnout Shows Even Regime Loyalists Are Unhappy,” Stimson Center, July 1, 2024, https://www.stimson.org/2024/iran-elections-record-low-turnout-shows-even-regime-loyalists-are-unhappy/ (accessed April 28, 2025).

  1. Farnaz Fassihi, “Why Iran’s Supreme Leader Came Around to Nuclear Talks With the U.S.,” The New York Times, April 11, 2025, https://www.nytimes.com/2025/04/11/world/middleeast/us-iran-talks-trump-khamenei.html (accessed April 12, 2025).
  2. Milan Svolik, The Politics of Authoritarian Rule (Cambridge: Cambridge University Press, 2012), pp. 3-5.
  3. Nicole Grajewski, “Iran After the Battle.” Carnegie Endowment for International Peace, July 1, 2025. [Accessed July 2, 2025]. Available at: https://carnegieendowment.org/middle-east/diwan/2025/07/iran-after-the-battle?lang=en.
  4. Grajewski, “Iran After the Battle.”
  5. Idris Ahmedi and Ali Abdelzadeh, “Iran,” in Komparativ politik: Tio politiska system, ed. Carsten Anckar and Thomas Denk (Lund: Studentlitteratur, 2023).
  6. Electoral authoritarianism
  7. Naser Ghobadzadeh and Lily Zubaidah Rahim, “Electoral Theocracy and Hybrid Sovereignty in Iran,” Contemporary Politics, Vol. 22, No. 4 (April 2006), p. 455.
  8. Quoted in Anoushiravan Ehteshami and Mahjoob Zweiri, Iran and the Rise of Its Neoconservatives: The Politics of Tehran’s Silent Revolution (London: I.B. Tauris & Co Ltd, 2007), p. 1.
  9. András Székely-Doby, “Why Have Chinese Reforms Come to a Halt? The Political Economic Logic of Unfinished Transformation,” Europe-Asia Studies 70, no. 2 (2018): 277–96.
  10. Misagh Parsa, Democracy in Iran: Why It Failed and How It Might Succeed (Cambridge, Mass: Harvard University Press, 2016).

  Rentier economy

  1. Cf. Parsa, Democracy in Iran.
  2. “Iran’s Ayatollah Khamenei claims victory over Israel, ‘a big slap in the face’ to the U.S.” CBS News, June 26, 2025. [Accessed July 5, 2025]. Available at: https://www.cbsnews.com/news/iran-israel-war-strikes-ayatollah-ali-khamenei-claims-victory-slap-in-face-us/.
  3. “Iran intensifies internal security crackdown with executions and mass arrests.” The Guardian, June 25, 2025. [Accessed July 1, 2025]. Available at: https://www.theguardian.com/world/2025/jun/25/iran-intensifies-internal-security-crackdown-with-executions-and-mass-arrests.
  4. Theda Skocpol, States and Social Revolutions: A Comparative Analysis of France, Russia, and China, (Cambridge: Cambridge University Press, 1979).
  5. Alex Winston, “Why revolution in Iran may take longer than Israel thought.” The Jerusalem Post, July 3, 2025. [Accessed July 3, 2025]. Available at: https://www.jpost.com/middle-east/iran-news/article-859944.

وتارەکانی تر

Nothing Found

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!