گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢ 

بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد، لە بەرانبەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان چۆن پەرە دەستێنن؟

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 15.10.2025

موکری، بابان  (٢٠٢٥):بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد، لە بەرانبەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان چۆن پەرە دەستێنن؟. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ٨٤–٧١. https://doi.org/10.69939/TISHK0072

DOI 10.69939/TISHK0072

ناکرێت پێکهاتەی ئابووریی سیاسی بە تیۆری ڕانتییەر و دواڕانتی ڕوون بکرێتەوە. ئەم تیئۆریانە بە زۆری لەگەڵ ئەو پێکهاتانەدا دەگونجێ کە ئاڵۆزیی ئابووریی کەمترە، ژمارەی دانیشتووان لە وڵاتەکان کەم، یان ئابووری بە یەک بەرهەم بەستڕاوەتەوە و سامانی نیشتمانی بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان سنووردارە. هەروەها لە وڵاتی ئێران ڕێژەی وەرگرتنی باج لە خەڵک لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وڵاتانی ڕانتییەر نەبوونی باج لە سەر خەڵکە لە هەمان کاتدا خەڵکیش نابێ داوای مافەی دیمواکڕاتیکییەکانی خۆیان بکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە وڵاتی ئێران خەڵک مەجبوور بە دانی باج بە دەوڵەتن، لە هەمان کاتدا ناتوانن داوای ماف لە سەر داڕشتنی حکوومەتی نۆینەرایەتی بکەن.

سەرەتا بە پێۆیستی دەزانم بابەتەکە بە وتەیەکی نیکۆس پولانزاس دەست پێ بکەم. پۆلانزاس دەڵێت ناتوانین دەوڵەت بە نۆینەری بەشێکی تایبەت لە کۆمەڵگا پێناسە بکەین، بەڵکوو دەوڵەت هاوکاتە لەگەڵ سەربەخۆبوون لە کۆمەڵگا. ناوبراو بە گشتی، هەوڵ  دەدا   مافی بەشی سەرمایە دار مسۆگەر بکات.

من دەمهەوێ بە کەڵکوەرگرتن لەو وتەیە، ئابووریی سیاسیی ئێران شیکاری بکەم و دواتر  بە ڕوانگەیەکی ئابووری-سیاسی هەوڵ دەدەم پلانێک دابڕێژم کە بتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بزووتنەوە  سیاسییەکانی کوردستان،  لە سەردەمێکدا کە ئێمە لە ناوچەکەدا نیزیک بووینەتەوە لە خاڵگەلێک کە گۆڕانی داهاتووی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە.

باسی یەکەم: هەڵسەنگاندنی ئابووریی سیاسیی ئێران

ئابووریی سیاسیی وڵاتی ئێران لە سەدەی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا لە ڕوانگەی ٣ تێئۆرییەوە باس دەکرێت:

 لە ڕوانگەی تێئۆری دەوڵەتی ڕانتییەر1

وشەی “ڕانت2“ بە مانای داهاتێکە کە بە بێ زەحمەتی زۆر وەگیر کەسێک یاکوو پێکهاتەیەک دەکەوێت. تێئۆری دەوڵەتی ڕانتییەر، یەکەم جار لە لایان “حوسێن مەهدەوی3”  بیرمەندی ئێرانی لە سەرەتای حەفتـاکــانی زایینیدا بــۆ شیکــاری لـە سەر ئابووریی سیاسیی وڵاتانێک کە داهاتێکی زێدە وەک سەرچاوە سرووشتییەکانیان هەبوو، باس کراوە و تێۆریزە کراوە. مەهدەوی باسی لەوە کردووە، هێندێک دەوڵەت داهاتێکی زۆریان لە دەرەوەی بازنەی ئاسایی ئابووری هەیە کە ئەوە بە جۆرێک لە ڕانت پێناسە دەکرێت. پاشان دوو بیرمەندی سەرەکیی تێئۆری دەوڵەتی ڕانتییەر “جیاکۆمۆ لوچیانی” و “حازم بێبلاوی4”  بوون، کە بە ڕاشکاوی گوتیان هەر دەوڵەتێک ٤٢٪ی داهاتی ئابوورییەکەی لە هەناردە کردن یاکوو فرۆشتنی یەک یا چەند بەرهەمی سرووشتی مسۆگەر بکا، ئەوە دەوڵەتی ڕانتییەری پێ دەگوترێت.

هەروەها لە ڕوانگەی نۆێدا وڵاتانێک کە بە هۆی دۆخی ژێئۆپۆلۆتیکەوە هەڵگری داهاتێکی زۆرن، بە وڵاتانی ڕانتییەر پێناسە دەکرێن، وەک وڵاتی “میسر” کە بە هۆی هەبوونی کاناڵی سۆئێز داهاتێکی زۆری دەست دەکەوێت، کە گۆیا زیاتر لە ٤٢٪ داهاتی ئەو وڵاتەیە. هەروەها وڵاتانێک کە بە چەشنێکی بێبڕانەوە و بەدووی یەکدا یارمەتیی پووڵی لە وڵاتانی بیانی وەردەگرن، ئەوان بە دەوڵەتی ڕانتییەر پێناسە دەکرێن.

دەوڵەتە ڕانتییەرەکان هەڵگڕی چەند تایبەتمەندین کە لێرەدا بە کورتی باسیان دەکەم:

  • زۆربەی هەرەزۆری دەوڵەتانی ڕانتییەر نادیموکڕاتیکن
  • لە دەوڵاتانی ڕانتییەردا بەشێک لە کۆمەڵگا دەکڕدرێتەوە بۆ گوشارخستنەسەر و کۆنترۆڵکردنی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا
  • داهاتی ڕانت لە پاوانی دەوڵەتدایە
  • ئابووری لە وڵاتانی ڕانتیدا بەرهەمهێن نییە
  • دەوڵەتی وڵاتانی ڕانتی بە تەواوی سەربەخۆیە لە کۆمەڵگا و وڵامدەرەوەی کۆمەڵگا نییە و، پێویستی بە باجی کۆمەڵگا نییە
  • سیاسەتی دابەشکردنی ڕانت، هۆکاری گەورەکردنەوەی بڕۆکڕاسییە لەو وڵاتانەدا
  • نەبوونی باج لە بەرامبەر نەبوونی حکوومەتی نۆینەرایەتی

مشتەریخوازی (Clientalism) یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی وڵاتانی ڕانتییەرە کە هۆکاری خاڵی دووهەمە وا لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد و، ئەو تایبەتمەندییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاشکاوی دەبیندرێ  و، بەشێک لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشکەشکردنی قازانجی جۆراوجۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی، بۆڕۆکڕاتیک و سیاسی دەبنە باسکی ناوەند و، لە کاتی پێویست  بۆ گوشارخستنە لە سەر خەڵکی ئاسایی کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت. ئەم شێوازە حوکمڕانییە لە زۆربەی وڵاتانی ڕانتییەردا دەبیندرێت.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت وڵاتانی خاوەن نەوت، وەک وڵاتانی عەڕەبی و ئێران لە پێش ساڵەکانی ٢٠٠٠ی زایینیدا بە  وڵاتانی ڕانتییەر حیساب دەکران، بەڵام دواتر هێندێک گۆڕانکاریی ئابووری-سیاسی بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانین زۆربەی ئەو وڵاتانە بە ڕانتییەر ناو ببەین.

 لە ڕوانگەی تیئۆریی دەوڵەتی دواڕانتی5

یەکەم شیکاریی لە سەر تێئۆری دەوڵەتی دواڕانتی لە لایان “ماتیۆ گرەی6”  بە تەواوی تێئۆریزە کرا. گرەی لە لێکۆڵینەوەکەی خۆیدا گەیشتە ئاستێک، کە هێندێک دەوڵەت بە تایبەت دەوڵەتانی عەڕەبی ناوچەی کەنداو چیتر لە سەر بنەمای سیاسەتی دەوڵەتی ڕانتییەر سیاسەت ناکەن. واتە، چی دیکە لە سیاسەتێکی دابەشکاریدا،  داهاتی نەوت بۆ ناو کۆمەڵگا دابەش ناکەن، بەڵکوو بە خەرجکردنی داهاتی نەوت شیوازێکی عاقڵانەتر دەگرنە بەر.

گرەی ئاماژە بەوە دەکات، کە “کاریگەریی جیهانیبوون، پێویستییە ئابووریی و سیاسەتە نوێیەکانی حکوومەت، زیادبوونی  دانیشتوان   و گوشاری ئەوان بۆ هەبوونی پیشە و دەرفەتی کار، گشت ئەو هۆکارانە کاتێک ڕووبەڕووی دەوڵەتە خۆشبژیوەکان(welfare states) دەبنەوە کە ڕانتێکی زۆریان لە سەرە، لە هەمان کاتدا ئەو دەوڵەتانە نایانهەوێ دەسەڵاتی ڕاستەقینە ڕادەستی کۆمەڵگا بکەن و هەموو ئەمانە هۆکاری دواڕانتییەریسمن.  لە پێکهاتەکانی دەوڵــەتی دواڕانتیدا، هێشتا قـــــۆڕخکەریی وەرگرتن و چۆنیەتیی خەرجکردنی داهاتی ڕانتی لە دەستدایە،  بەڵام بەو هۆکارانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، سیاسەتی دابەشکاری ناتوانێ وەڵامدەرەوی کۆمەڵگا بێ. لێرەدایە کە دەوڵەت پێویستی بەوەیە  ئینقلابێک لە سەرەوەڕا بکرێ و داڕشتنەوەکەی  پێویستی بە داڕشتنی سیاسەتێکی حوکمڕانیی تازە هەیە.

لە ناو دەوڵەتانی دواڕانتی، گرەی حەوت تایبەتمەندی دەسنیشان دەکا و دەڵی: هەر وڵاتێک بتوانێ ئەو تایبەتمەندییانە مسۆگەر بکا، ئەوە وڵاتێکی دواڕانتییە. هەروەها دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، ئەوڕۆکە پاڕادایمی سەرەکی بۆ خۆیندنەوە لە سەر وڵاتانێک کە داهاتی ڕانتییان هەیە، تێئۆڕیی دواڕانتییەریسمە و هەر وڵاتێکی ڕانتی کە نەیتوانیبێت بەرەو ئەو پاڕادایمە بڕوا، تووشی قەیران و دواکەوتن دەبێ.

ئەو حەوت تایبەتمەندییەی گرەی ئاماژەیان پێ دەکا بریتین لە:

  • دەوڵەتێکی نادێمۆکڕاتیک بەڵام بەرپرس بە تایبەت لە بەشی ئابووریدا
  • سیاسەتی باوەشی ئاواڵە، بەرانبەر بەجیهانیبوون
  • سیاستی ئابووری و پێشکەوتنخوازیی چالاکانە
  • ڕووبەڕووبوونەوەی ئابووریی وزەناوەند لەگەڵ ئابووریی وزەتەوەر
  • دەوڵەت وەک سەرمایەدارێکی چاکساز
  • سامانە بەنرخەکان و سەندووقەکانی سامانی نەتەوەیی
  • سیاسەتی دەرەوی چالاک و داهێنەرانە

بە بڕوای گرەی، هەر وڵاتێک کە ئەو حەوت تایبەتمەندییەی تێدا بەدی بکرێ، ئەوە بە وڵاتێکی دواڕانتیی دادەنرێ. بۆ نموونە ئێمە ئەگەر چاو بە سەر وڵاتانی عەڕەبیی ناوچەی کەنداودا دەخشێنین، دەبینین، ئەو وڵاتانە ئەو حەوت تایبەتمەندییەیان هەیە.

 لە ڕوانگەی دەوڵەتی تاڵانکەرەوە7

دۆگلاس نۆرس8  یەکەم جار وشەی دەوڵەتی تاڵانکەری بۆ ئەم چەشنە دەوڵاتانە بە کار هێنا، کە  زیاتر سنووردارن بە دەوڵەتێک وا  پشتیوانی لە مافی خاوەندارێتیی تایبەت ناکا و، ڕێگری لە گەشەسەندنی ئابووری دەکا. دەوڵەتی تاڵانکەر، کۆمەڵێک مافی خاوەندارێتی دیاری دەکات، کە قازانج و داهاتی گرووپی دەسەڵاتدار زۆرترین بێت و پشکی شێر بەوان ببڕێت، بەبێ گوێدانە کاریگەرییەکانی سامان لە سەر کۆمەڵگا، بە گشتی. یەکەم خاڵ کە لەو پێناسەیەی نۆرس لە دەوڵاتی تاڵانکەر بەرچاوە ئەوەیە، کە دەوڵەتی تاڵانکەر مافی گرووپێکی تایبەت بە هەر هۆکاڕێک، دەخاتە پێش مافی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە.

لە هەمان کاتدا مێهرداد وەهابی9  ئەو پێناسەیەی نۆرس لە سەر دەوڵەتی تالانکەر بەرفراوانتر دەکات و دەڵێت: دەوڵەتی تاڵانکەر دەوڵەتێکە، بەرژەوەندیی تایبەتی گرووپێکی باڵادەست لەناو دەوڵەتدا (وەک سیاسەتمەداران، بەشی سەربازی یان بیرۆکراتەکان) یان گرووپە تایبەتە کاریگەرەکان بەرەوپێش دەبات. هەروەها بە ئاماژە بە ڕێبازی دەوڵەتی تاڵانکەر دەڵێت: کە هەرچەندە پشتیوانی و تاڵانکردن دوو ڕووی یەک دراون، بەڵام پشتیوانیی دەوڵەتی تاڵانکەر تەنیا بۆ فراوانکردنی سنووری تاڵانییەکەی لە کەرتی تایبەتدایە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەوڵەتی تاڵانکەر هەم لایەنی تاڵان و هەم لایەنی پشتیوانیی هەیە. دەوڵەت بە پاڵپشتیکردنی بەشێکی کۆمەڵگا بەرامبەر بە بەشێکی تری کۆمەڵگا، کار بۆ تاڵانکردن دەکات.

هەروەها نۆرس باس لە سەر تێئۆریی دەوڵەتی تاڵانکەری ڕانتیش دەکا و دەڵێ: لە ژێر دەسەڵاتی ئۆتۆکراسیدا، پێشبینی دەکرێ کارلێکی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و زۆریی سەرچاوەکان لە درێژخایەندا ببێتە هۆی خراپیی دەرئەنجامە ئابوورییەکان. یانی گەر دەوڵەت لە وڵاتانی ڕانتی بەرەو جێگرەوەی وەک دێمۆکراسی یا دواڕانتییەریسم نەڕوا، ئەوە لە درێژخایەندا تووشی قەیرانی ئابووری دەبێ. هۆکاری ئەو قەیرانەش هەر وەک لە سەرەوە باسم لێ کرد، دەگەڕێتەوە سەر بەجیهانیبوون و …

مێهرداد وەهابی دەوڵەتە تاڵانکەرەکان بە دوو جۆری جیاواز دابەش دەکات:

  • دەوڵەتی تاڵانکەری گشتگیر10: لەم جۆرە دەوڵەتە تاڵانکەرەدا، تاڵانکردن سەرچاوەی گەشەسەندنی ئابوورییە و، تاڵانکەری خزمەت بە کەڵەکەبوونی ئابووری دەکا. ئەم جۆرە دەوڵەتە سەرنجڕاکێشە و سەرمایەی دارایی و مرۆیی بۆ خۆی ڕادەکێشێت. لێرەدا تاڵانکردن تەنیا بۆ کەڵەکەکردنی سامانی کەسی نییە. نموونەیەکی ڕوونی ئەم جۆرە دەوڵەتانە، دەوڵەتە گەشەسەندووەکانن. تایبەتمەندیی ئەم دەوڵەتانە ئەوەیە کە زۆرجار دیموکراسییان نییە و، بە دەوڵەتی دیموکرات ناژمێردرێن. لێرەدا گەشەپێدان واتایەکی ئەرێنیی هەیە، لە کاتێکدا ئەم دەوڵەتانە زۆرتر پاوانخوازن و، پاشبەندیی تاڵانی وەک ئامرازی گەشەپێدان بەکار دەهێنن. نموونەی کۆنکرێتی ئەم جۆرە دەوڵەتە تاڵانکەرانە زۆرن، وەک ڕژێمی کۆماری گەنجی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٠ تا ١٩٠٠ کە ستراتیژی گەشەپێدانی خۆی بە دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی سوورپێستەکان و دروستکردنی هێڵی ئاسنی سەرتاسەری دروست کرد. ڕژێمی چین و ڕژێمی پەهلەوی لە ئێرانیش ڕژێمی تاڵانکەری لەم جۆرە بوون. لە ڕژێمە تاڵانکەرەکاندا، چەمکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی زۆر لەبەرچاو ناگیرێت. لەم جۆرە ئابوورییە سیاسییەدا گەشەسەندن و گەشەی ئابووری پێویستی بە دیموکراسی نییە و، دەکرێ بڵێین هەموو دەسەڵاتە تاڵانکەرەکان بێ دیموکراسی بوون. یەکسانیی ئابووری مەرجێکی پێویست نییە بۆ گەشەسەندنی ئابووری و ڕەنگە نایەکسانی لە ڕەوتی گەشەکردندا زیاتر بێت.
  • دەوڵەتی تاڵانکەری قۆڕخکەر11: تایبەتمەندیی تایبەتی ئەم جۆرە دەوڵەتە ئەوەیە، کە تاڵانکردن ئامرازی کەڵەکەکردنی سەرمایە نییە، بەڵکو وەک بەربەستێکی سەرەکی بۆ گەشەسەندنی ئابووری سەیر دەکرێت و، تاڵانکەری دەبێتە هۆی کەڵەکەکردنی سامانی کەسی و ئیستغلالکردنی سیاسی. کاتێک تاڵانکەری دژی کەڵەکەبوونە، یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هەڵاتنی سەرمایە و سەرچاوە مرۆییەکانە. بە پێچەوانەی دەوڵەتی تاڵانکەری گشتگیر، دەوڵەتی تاڵانچی، قۆڕخکەر بەرپەرچ دەداتەوە و دەبێتە هۆی هەڵاتنی سەرمایەی مرۆیی و دارایی. بۆیە دەتوانرێت بڵێین ئابووریی هەڵاتن و پەراوێزبوون، تایبەتمەندیی دەوڵەتی تاڵانکەری قۆڕخکەرییە.

بەرانبەریی ئابووریی سیاسیی ئێران لە سەر بنەمای تێئۆریی دەوڵەتی ڕانتییەر و دەوڵەتی دواڕانتی

دوای شیکردنەوەی ئەو سێ ڕوانگەیە، لێرەدا دێینە سەر ئەو باسە، کە ئابووریی سیاسیی ئێران بە تایبەت دوای ٢٠١٥ کە گەمارۆکانی ئابووری لە سەر ئابووریی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە، بە کام ڕوانگە دابین دەکردێ؟

ئابووریی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی بە نەوت و بەتایبەت لە سەردەمی پێش گەمارۆکاندا، بەڕوونی ئابوورییەکی ڕانتی بووە و نەوتیش پشکێکی بەرچاوی لە کۆی ئابووریدا پێک هێناوە. وا بیر دەکرایەوە کە لە سەردەمی پێش گەمارۆکان پشتبەستنی بودجە بە داهاتی نەوت زۆر بووە، بەجۆرێک کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس، پشکی نەوت لە کۆی بودجەی وڵاتدا لە 50% لە ساڵی 2007 بۆ 58% لە ساڵی 2008 بەرزبووەتەوە، هەروەها ئەم پشکەش لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ 30% دابەزیبوو کە بەو پێناسەیەی ئێمە لە وڵاتی ڕانتی پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، وا بەدی دەکرێ کە ئێران وڵاتێکی ڕانتی نییە.

هەروەها لە خشتەیەکی تایبەتدا ئابووریی ئێران دەگەل وڵاتانی دواڕانتی وەک قەتەر، سعوودیە و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی بەراورد دەکرێ:

هەروەک بەدی دەکرێ ئابووری ئێران نەیتوانیوە خۆی بگوازێتەوە بەرەو ئابوورییەک لە سەر بنەمای تێئۆری دەوڵەتی دواڕانتی بەڕێوە ببردرێت، هەروەها  هەروەک ئاماژەی پێکر،ا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەشی نەوت لە بودجەی گشتی ئێران گەیشتوەتە30% کە بە ڕاشکاوی لەگەڵ تاریفێک کە لوچیانی و بێبلاوی لە سەر دەوڵەتی ڕانتییەر پێشکەشی دەکەن، جیاوازی هەیە. لێرە دا پرسیار ئەوەیە کە ئەی ئابووریی سیاسیی ئێران بەرەو کوێ هەنگاوی ناوە؟ لە سەر بنەمای کام تێئۆری ئێمە دەتوانین ئابووریی سیاسیی ئێران هەڵسەنگێنین؟

کام تیئۆری دەتوانێ پێکهاتەی ئابووریی سیاسیی ئێران ڕوون بکاتەوە؟

هەروەک ئاماژەمان پێدا، ناکرێت پێکهاتەی ئابووریی سیاسی بە تیۆری ڕانتییەر و دواڕانتی ڕوون بکرێتەوە. ئەم تیئۆریانە بە زۆری لەگەڵ ئەو پێکهاتانەدا دەگونجێ کە ئاڵۆزیی ئابووریی کەمترە، ژمارەی دانیشتووان لە وڵاتەکان کەم، یان ئابووری بە یەک بەرهەم بەستڕاوەتەوە و سامانی نیشتمانی بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان سنووردارە. هەروەها لە وڵاتی ئێران ڕێژەی وەرگرتنی باج لە خەڵک لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وڵاتانی ڕانتییەر نەبوونی باج لە سەر خەڵکە لە هەمان کاتدا خەڵکیش نابێ داوای مافەی دیمواکڕاتیکییەکانی خۆیان بکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە وڵاتی ئێران خەڵک مەجبوور بە دانی باج بە دەوڵەتن، لە هەمان کاتدا ناتوانن داوای ماف لە سەر داڕشتنی حکوومەتی نۆینەرایەتی بکەن. (ئەم ڕستەیە ناڕوونە)

حکوومەت لە ئێران هەوڵی دەدا لە ڕێگەی باجەوە کورتهێنانی داهاتی خۆی قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کرانەوەی سیاسی بە پێویست نازانێ. لە پێکهاتەی ئابووریی سیاسیی ئێراندا، هەموو ڕێگاکان دەچنەوە سەر حکوومەت و، دواتر چینێکی ئۆلیگارشی کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە سەرووحکوومی ناودەبرێت، بە شێوازی جۆراوجۆر کۆنترۆڵی سەروەت و سامانە گەورەکان دەگرنە دەست، کە ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵی دەستنیشانکردنی دەدەین.

پێشتر ئاماژەمان بەوە دا، کە دەوڵەتانی تاڵانکەر ٢ جۆری جیاواز بوون، دەوڵەتی تاڵانکەری گشتگیر و دەوڵەتی تاڵانکەری قۆڕخکەر. بێنسۆن12 ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەتە قۆڕخکەرە تاڵانکەرەکان کار دەکەن بۆ فراوانکردنی خۆیان لە ڕێگەی کێبڕکێی زۆرەملێ یان سەربازییەوە و میلیتاریزمیش لەم دەوڵەتانەدا بە ڕوونی دیارە. دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ لە ئەم جۆرە ڕژێمانە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە، تا ئەو ڕادەیەی کە تەنانەت هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئەم جۆرە ڕژێمانە بە زەوتکەر ناو دەبەن. لە ڕژێمی دەستبەسەرداگردا، کە ئابووری بەسەر دوو کەرتی پارێزراو و نەپارێزراودا دابەش بووە، کە سەرمایەداریی سیاسی تێیدا زاڵە، میکانیزمە نابازاڕییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەدەستهێنانی قازانجی دراوی و پێوەرە سەرەکییەکانی ئاراستەکردنی وەبەرهێنان، پێوەرەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتە نەک کارایی سیاسی.

لە هەمان کاتدا هۆڵکامب13 دەڵی مشتومڕ لەسەر پاراستن و تاڵانکردن دوو دیوی یەک دراون لە پێکهاتەی دەوڵەتی تاڵانکەردا. دەوڵەتان لە یەک کاتدا ڕەعیەتەکانیان دەپارێزن و تاڵانیان دەکەن. هەروەها دەوڵەتان ڕەزایەتی خەڵک وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی تاڵانکردن بەکار دەهێنن، چونکە دانیشتوویەک کە خۆیان  وەک نێچیری دەوڵەتێکی تاڵانکەر ببینێت، بەرەنگاری داواکارییەکانی دەوڵەت دەبێتەوە. حکوومەتێکی تاڵانکەر سەرکەوتووتر دەبێ، ئەگەر بتوانێ هاووڵاتیانی خۆی قەناعەت پێ بکا کە چالاکییەکانی حکوومەت لە بەرژەوەندیی گشتیدایە. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی پابەندبوونی خۆبەخشانە بە فەرمانەکانی حکوومەت و کەمکردنەوەی پێویستیی حکوومەت بۆ وەبەرهێنانی سەرچاوەکان لە زۆرەملێی ئاشکرای دەوڵەتدا.

دوای خستنەڕووی ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوە، بەردەوام دەبین لە خستنەڕووی مۆدێلێک لە تیۆری تاڵانی دەوڵەت. لە مۆدێلی تیۆری تاڵانی دەوڵەتدا، پۆلی تاڵانکردن بەسەر سێ لقی سەرەکیدا دابەش کراوە، کە بریتین لە بابەتی تاڵانکردن، بریکاری تاڵانکردن و میکانیزمی تاڵانکردن. دوابەدوای ئەم دابەشبوونە و بە لێکۆڵینەوە لە هەر یەکێک لەو لقە سەرەکییانە، سەرکەوتوو دەبین لە خستنەڕووی مۆدێلێکی تاڵانیی دەوڵەت لە چوارچێوەی ئابووریی سیاسیی ئێراندا، کە کەم تا زۆر لە پێکهاتە هاوشێوەکاندا پشتڕاست دەکرێتەوە. مۆدێلی تاڵانیی دەوڵەت لە چوارچێوەی ئابووریی سیاسیی ئێران بەم شێوەیەیە:

بابەتی دووهەم لەو مۆدێلەدا کە ئاماژەی پێ کراوە، بریکارانی پڕۆژەی تاڵانی دەوڵەتین، باس لە سەر ئەوە دەکرێ کە لە پێکهاتەیەکی دەوڵەتی تاڵانکەری قۆرخکار، ٣ پێناسەی تایبەت بەدی دەکرێ.

  • کەمکەرەوەی خۆشگوزەرانی (وێرانکاری)
  • ئابووریی هەڵهاتن (سەرمایەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ماددی) لەو چوارچێوەیەدا نامێنن و هەڵدێن
  • کەڵەکەکردنی سامانی کەسی و بەکارهێنانی سەرمایە (کەڵەکەبوونی سەرمایە نییە)، دزی و گەندەڵی

تێئۆریی دەوڵەتی تاڵانکەری قۆڕخکەر و ئابووریی سیاسیی ئێران

کەمکەرەوەی خۆشگوزەرانی (رفاه):

لە ماوەی گەڕانەوەی گەمارۆکاندا، لەچاو ماوەی JCPOA لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠، کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو ئێرانییەک بەرجەستە و حاشاهەڵنەگر بووە. هەڵاوسان سەبەتەی بەکارهێنانی ماڵانی زۆر بچووکتر کردووەتەوە. لە بابەتەکانی پەیوەست بە خۆشگوزەرانی گشتی بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و چارەسەردا، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان ڕووبەڕووی پێکهێنانی گرووپی مافیا دەبینەوە لە زنجیرەی دابینکردنی کەلوپەلی دەرمان و تەندروستی. لە ئابووریی سیاسیدا ڕووبەڕووی چەمکێک دەبینەوە کە پێی دەوترێت تێئۆریی ڕاچێت14. ئەم تیۆرییە دەڵێت کە ڕەفتاری بەکارهێنان تێپەڕبوونی کات گەڕانەوەی نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە خەرجییەکانی بەکارهێنان کاتێک داهات کەم دەبێتەوە، چەسپاوە و گەڕانەوەی نییە. دوای ئەوەی مرۆڤەکان بە ئاستێکی بەکارهێنان ڕاهاتن، بەرەنگاری کەمکردنەوەی دەبنەوە و ئامادە نین کەمی بکەنەوە. لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ بەتایبەتی لە ناڕەزایەتییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا، بە ڕوونی شاهیدی هاتنە ناوەوەی دروشمی بژێوی و ئابووری بووین بۆ ناو پێکهاتە و جەستەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، کە بۆخۆی بەهۆی دابەزینی ئاستی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و بێتوانایی هاووڵاتیان لە گەیشتن بە ئاستی بەکاربردنی پێشوویان بوو.

ئابووری هەڵاتن:

ستراکتۆری ئابووریی سیاسیی ئێران،  حاشاهەڵنەگرانە  بەرەو پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتە نەک گەشەکردن و گەشەسەندنی ئابووری. لە تیۆریی دەوڵەتی ڕانتییەر داهاتی نەوت بە هۆکاری ئۆتۆنۆمی دەوڵەت و سەرهەڵدانی پاوانخوازی دادەنرێت. جەماوەرخوازی (پاتڕۆناژ) تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی پێکهاتەی تاکڕەوی ڕانتییەریسمە. چینی پارێزراو سوود لەو نیعمەتە تاڵانکراوە وەردەگرێت و لە کاتی پێویستیدا بۆ پشتیوانیی تەواو لە پێکهاتەی سیاسی پاوانخوازدا کار دەکات و بەم شێوەیەش هیچ سنوورێک بۆ خۆی بە خەیاڵدا ناهێنێت و لە هەر گۆشەگیرییەک بێبەرییە.

دەرئەنجامی ئەمەش سەرهەڵدانی کۆچی بەربڵاوە لە نێو هاووڵاتیانی وڵاتێکدا. بە پێی ڕاپۆرتی ڕەسمی ڕوانگەی کۆچی ئێران، لە نێو ٥ چینی کۆمەڵایەتی (قوتابی و دەرچو، دکتۆر و پەرستار، خاوەنکار و بەڕێوەبەرانی باڵا، بەڕێوەبەرانی ناوەند، فەرمانبەر)، هۆکاری سەرەکیی کۆچ کە لە نێو هەموو ئەو چینانەدا هاوبەشە، شێوازی حوکمڕانی و دەوڵەتسازییە. بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی کۆچەکانی ئێران، زیاتر لە ٧٠%ی چالاکانی بازرگانیی وڵات مەیلیان بۆ کۆچکردن هەیە.

حکوومەتی ئێران نموونەیەکی ڕوونی هەڵاتنی سەرمایەی مرۆییە. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە ساڵی 2009دا باس لەوە دەکات کە 150 بۆ 180 هەزار کەسی پسپۆڕ و خوێندەوار لە ئێران هەڵاتوون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرزترین ڕێژەی هەڵاتنی سەرمایەی مرۆیی (دەرچوونی مێشک) لە نێوان ٩٠ وڵاتی پێشکەوتوو یان تازەپێگەیشتوودا پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە و سندووقەکە تێچووی ئەم گەشتە ساڵانە بە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکات.

کەڵەکەکردنی سامانی کەسی:

لە پێکهاتەی دەوڵەتی قۆڕخکەری تاڵانکەردا باس لەوە کرا کە لەم جۆرە دەوڵەتەدا کەڵەکەبوونی سامانی کەسی لە پێش کەڵەکەبوونی سەرمایەدایە. ئابووریی هەڵهاتن تەواو پێچەوانەی ئابووری ڕاکێشەرە. ئەگەر لە دەوڵەتی گشتگیری تاڵانکەردا، ڕاکێشانی سەرمایە و کار و بە تایبەتی ڕاکێشانی سەروەت و سامانی زەحمەتکێش، کلیلی بێت، لە دەوڵەتی قۆڕخکەری تاڵانکەردا، بەو پێیەی ناتوانێت ئەم جۆرە سەروەت و سامانانە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوە دەبێتە هۆی دەرکردنیان. ئابووری هەڵاتن هەڵهاتنی سەرمایەی مرۆیی و هەروەها سەرمایەی ماددی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت.

دەرچوونی سەرمایە لە هەندێک نوخبە لە ئابووریی سیاسیی ئێراندا ئاماژەیە بۆ تینوێتی تێرنەکراوی ئەو نوخبەیە بۆ سەروەت و سامانی کەسی کە بەزۆری لە وڵات دەبرێتە دەرەوە. هەندێک لە توێژەران ئەم نوخبە دەوڵەتی و سەروو دەوڵەتانەیان بە کونێکی ڕەش دەچوێنێت کە بە تەماحەوە هەموو شتێک قووت دەدات. لە ئەدەبیاتی جەماوەری سیاسی ئێراندا ئەم پرسە بە گەندەڵی ناو دەبرێت.

بـاسی دووهەم: بەراوردی ئـابووریی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

زانیاریی من لە سەر ئابووریی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی نزمدایە. ڕوانگەی من بۆ ئەو هەرێمە زۆرتر لە سەر بنەمای ڕۆمانتیسیسمی سیاسییە، وەک نەخشەیەکی ڕێ یان وەک ئەزموونێک بە هەموو کەموکورتییەکانییەوە، من ئەو هەرێمە وەک ئەزموونێکی سەرەکیی بوون بە وڵاتێکی سەربەخۆ لە داهاتوودا دەبینم، بەڵام بە ڕەچا گرتنی هێندێک داتا و ستاتیستیک دەمهەوێ ئابووریی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەراوردی ئەم ٣ تیۆرییەی کە پێشتر ئاماژەم پێ کردن،  هەڵسەنگێنم.

دەبێ ئابووریی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای تیۆری دەوڵەتی ڕانتییەر بناسین لە بەر ئەوەی  کە ٩٠٪ داهاتی هەرێمی کوردستان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەناردەکردنی نەوتی ناوخۆی هەرێم و بەشی هەرێم لە بودجەی گشتی وڵاتی عێڕاق هەیە، گەر وایە حکوومەتی کوردستان بە ئاشکرا ڕانتییەرە. بەڵام لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا حکوومەت هیچ هەنگاوێکی ناوە کە بەرەوە بوون بە پێکهاتێکی دواڕانتی بڕوا؟ وڵامی ئەو پرسیارە تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونە و جێی داخە.

ڕێژەی بودجەی ساڵانەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ ڕەقەمێک لە نێوان ١٥ تا ٢٠ میلیارد دۆڵار بەراورد دەکرێ کە ئەو بودجەی بریتیە لە بەشی هەرێم لە بودجەی ناوخۆی عێڕاق و هەروەها هەناردەی نەوت هەرێم. هەڵبەت ئەو ڕێژەیەش دیارە زۆر جێی بەقا نییە و بە داخەوە داتاگەلێکی ڕوون لەو بارەیەدا بوونی نییە. خاڵێک کە نەبوونی زۆر بەرچاوە،  ئەوەیەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەندووقێکی سامانی نەتەوەیی نییە کە وەک پشتیوانێک بۆ نەوەی داهاتووی گەلی کورد بەدی بکرێ. وەک پێشنییارێکی سەرەکی سازکردنی سەندووقێکی سامانی نەتەوەیی دەتوانێ یەکەم هەنگاو بێ بەرەو پاڕادایمی حوکمڕانیی دواڕانتییەریسم بێت.

حکوومەت دەتوانێ ئەوبەشەی کە لە داهاتی نەوت لە سەندووقی سامانی نەتەوەییدا هەڵیدەگرێ، بە وەرگرتنی باج لە دانیشتوان قەرەبووی بکاتەوە. لێرە دا ڕۆلی سەرەکی دوو بەشی ئێلیت لە کۆمەڵگای کوردی بەرچاو دەبێ، بەشی مێدیا و ڕۆژنامەوانان و بەشی ئابووری و فەرهەنگی کە ئەرکی ئەوان شیکردنەوەی قازانجی ئەو باجە بێ کە ئێستا قازانجی نەوەکانی داهاتووی لێ دەکەوێتەوە.

باسەکان زۆرن و دیارە پێویستی بە بابەتێکی جیاواز هەیە، بەڵام لە دەرەنجامدا ئاماژە بەوە دەکەم کە هیچ ڕێگایەک لەوە زیاتر لە پێش وڵاتانی ڕانتییەر نییە، یا ببن بە دواڕانتی یاکوو دەبن بە دەوڵەتی تاڵانکەری ڕانتی.

دەرەنجام

لە دەرەنجامی ئەم بابەتەدا پێم خۆشە دیسان چاوپێداخشاندنەوەیەکمان هەبێ بۆ یەکەم ڕستەی ئەو بابەتە. پۆلانزاس دەڵێ ناتوانین دەوڵەت بە نۆینەری بەشێکی تایبەت لە کۆمەڵگا پێناسە بکەین، بەڵکوو دەوڵەت هاوکات لەگەڵ سەربەخۆبوون لە کۆمەڵگا بە گشتی، حەول دەدا کە مافی بەشی سەرمایەدار مسۆگەر بکات. بە ڕای من کردەوەی دەوڵەت لە ئێران بە تەواوی لەو تاریفەدا دەگونجێ، دەوڵەت هەوڵ دەدا مافی بەشی چینی سەروودەوڵەتی لە هەموو کاتدا مسۆگەر بکات، لەو ڕێگایەشدا  بە تاڵانی داهاتی خەڵک لە چەشنی جۆراوجۆر خزمەتی ئەو چینە دەکات.

بۆ شیکردنەوەی ئابووریی سیاسی ئێران بە مۆدێلی تاڵانی دەوڵەتی، پێکهاتەی ئابووریی سیاسی ئێرانمان بە پشتبەستن بە سێ پێکهاتەی بابەتی تاڵان، بکەری تاڵان، و میکانیزمی تاڵان وەسف کردووە. دوو پێکهاتەی سەرەکیی دەوڵەتانی تاڵانکەر، واتە پێکهاتەی دەوڵەتی تاڵانکەری گشتگیر و دەوڵەتی تاڵانکەری قۆڕخکەر بۆ بەراوردکردن لەگەڵ پێکهاتەی ئابووریی سیاسیی ئێران کەڵک وەرگیرا و بەو ئەنجامە گەیشتن کە پێکهاتەی ئابووریی سیاسیی ئێران لەگەڵ تیۆریی دەوڵەتی تاڵانکەری قۆڕخکەریدا یەک دەگرێتەوە. ئەم یەکدەنگییە بە تەواوی لەگەڵ سێ پێکهاتەی سەرەکیی پێکهاتەی دەوڵەتی قۆڕخکەریدا، ئەوانیش کەمکردنەوەی ئاسوودەژیانی، هەڵهاتنی ئابووری و کەڵەکەکردنی سامانی کەسی، یەک دەگرێتەوە.

بۆ بەراوردکردنەەوەی ئابووریی سیاسیی ئێران و ئابووریی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەڵک لە ٧ پێناسەی تایبەتی دەوڵەتی دواڕانتری و مۆدێلی دەوڵەتی تاڵانکەر وەر دەگرین. بەو بەراوردانە، سیستەمی ئابووریی سیاسیی حکوومەتی هەرێم وەک تەنیا دامەزراوی کورد کە لە ئاستی جیهانیدا دانپێدانراوە، ڕانتی ماوەتەوە و بەرەو تاڵانکەری ڕانتی دەڕوا، مافی دامەزراوە سەرووحکوومییەکان گشت کات لە پێش مافی شارومەندی کوردە و ئەوە گەر چارەسەر نەکرێ پێوەندیئ نێوان شارومەندی کورد لەگەڵ حکوومەت نزمتر دەبێتەوە.

بەو باوەڕەم کورد لە ئەنجامدا دەبێ سێ ستراتێژی جیاواز بۆ خۆی دابین بکات:

 کورتخایەن: لەم ستراتێژییەدا کورد دەبێ بەرەنگاری ئاسیمیلەبوون بێتەوە و خۆی بپارێزێ، تاکوو وەک نەتەوەیەکی تایبەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕەچآو بکرێت. نەتەوەی کورد چەندین کۆست و کارەساتی مێژووی بەسەر هاتووە کە دەتوانێت وەک بنەمایەک لە ئاستی جیهانی ئیشی بۆ بکرێ و کێشەی کورد وەک باسێکی سەرەکی لە جیهاندا جەختی لە سەر بکرێتەوە.

 ناوەندخایەن: هەنگاونانەوە بەرەو دەرچوون لە ئابووریی سیاسیی ڕانتییەر بۆ دواڕانتی، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان. ئەو هەرێمە وەک پاڵپشتی سەرەکیی نەتەوەی کورد بۆ پارچەکانی تری کوردستان ئەرکێکی سەرەکیی هەیە و دەبێ وەک نموونەی زێڕین لەئاستی نێودەوڵەتی.

 درێژخایەن: بوون بە دەوڵەتێکی یەکپارچە لە سەر بنەمای تاریفی وردی مافی شارومەندی، ئەوەی کە شارومەندی کورد کێیە و چ مافێکی هەیە؟

پەراوێزەکان:

  1. RST : Rentier State Theory
  2. Rent
  3. Hossein Mahdavi
  4. Giacomo Luciani & Hazem Beblawi
  5. LateRentier State Theory
  6. Matthew Gray
  7. Predator State
  8. Douglas North
  9. Mehrdad Vahabi
  10. Inclusive Predator State
  11. Exclusive Predator State
  12. Benson, Bruce L. (2019)
  13. Holcombe, Randall G. (2019)
  14. Ratchet Theory

سەرچاوەکان:

فارسی:

باغخانی، سعید. کفاشی، مجید. فتحی، سروش. نوابخش، مهرداد(1399). تهدیدهاي رانتیریسم در توسعه سیاسی جمهوري اسلامی ایران. فصلنامه توسعه اجتماعی (توسعه انسانی سابق)، دوره ،14 شماره ،4 تابستان ،99 صفحات 110-89

حاجی یوسفی،امیرمحمد.(1378).رانت، دولت رانتیر و رانتیریسم : یک بررسی مفهمومی.مجله سیاسی-اقتصادی.شماره 125-126 .پاییز1376.صص 152-155

خلیلی،رضا.(1394). تأثیر شکافهای اجتماعی بر امنیت ملی ایران؛ در جستجوی چارچوبی تحلیلی، فصلنامه مطالعات راهبردی، سال هجدهم، شماره چهارم، زمستان 1394، شماره مسلسل 70

رحیمی، حسن(1389). نظریه دولت رانتیر و جمهوری اسلامی ایران. فصلنامه علمی-پژوهشی مطالعات انقلاب اسلامی، سال هفتم، پاییز 1389، شماره 22، صفحات 100-69

ستاری، سجاد(1394). صور بنیادی حیات نفتی ( به سوی گذار از رانتیریسم و ادبیات دولت رانتیر). فصلنامه دولت پژوهی، سال اول، شماره 2، تابستان 1394

سردارنیا، خلیل‌الله(1396). دموکراسی و دورنمای بقای سیاسی شیخ نشینهای خلیج فارس. فصلنامه علمی پژوهشی سیاست جهانی، دوره ششم، شماره دوم، تابستان 1396

شکرچی، احمد(1394). مردم‌سالاري و جهانی‌شدن در نسل سوم دولتهاي رانتی نفتی. مجله تحلیل اجتماعی، شماره 4/70، https://doi.org/10.22054/tssq.2015.1804

شهریاری، حیدر(1397). ویژگیهای ساختاری دولت در ایران بعد از انقلاب اسلامی، فصلنامه دولت پژوهی، مجله دانشکده حقوق و علوم سیاسی، سال پنجم ، شماره ،18 تابستان ،1398 صفحات 96-39

فضلی نژاد،سیف الله.احمدیان، مرتضی.(1389). اقتصاد رانتی در ایران و راههای برون رفت از آن.مجله اقتصادی-ماهنامه بررسی مسائل و سیاست های اقتصادی.شماره های 11-12.بهمن و اسفند 1389.صص 129-158

قنبری، لقمان. صادقی، شمس‌الدین. احمدیان، قدرت(1399). جهانی‌شدن اقتصاد و تحول توأم با چالش در اقتصاد سیاسی کشورهای عربی. فصلنامه علمی مطالعات خاورمیانه،سال 28، شماره اول، پیاپی (103)، بهار 1400.

لوچیانی، جیاکومو(1390). درآمد ثابت نفتی: بحران مالی دولت و گرایش به دموکراسی. فصلنامه خاورمیانه، صص423-461

مالک، عادل. آتیاس، ایزاک. دیوان، اسحاق(1401) سرمایه‌داری رفاقتی در خاورمیانه : کسب و کار سیاست، از آزادسازی تا بهار عربی. مترجم محمدرضا فرهادی پور، شیرازه کتاب ما، 688ص

مومنی، فرشاد. عالی‌زاد، اسماعیل. میره‌بیگی، سیدوحید(1398). پیشنهاد یک چارچوب‌مفهومی نهادگرایانه برای مطالعه‌مسائل توسعەهای کشورهای وابسته ‌به ‌منابع ‌طبیعی. فصلنامه علوم اجتماعی(علمی)، دانشگاه علامه طباطبایی، سال 26، شماره 86، پاییز 1398، ص 79 تا 122

میرترابی، سعید. (1388). بررسی مقایسه ای چارچوب های تحلیلی و روش شناختی مطالعات نفت و سیاست. پژوهش سیاست نظری (پژوهش علوم سیاسی)، جدید(6)، 161-186. SID. https://sid.ir/paper/136122/fa

میرترابی، سعید. (1387). نفت و دموکراسی در خاورمیانه. فصلنامه مطالعات خاورمیانه، سال چهاردهم و پانزدهم، شماره 4 و 1، زمستان 1386 و بهار 1387، ص‌ص 98-61

میرترابی، سعید. (1384). جایگاه خاورمیانه در نظام نفتی جدید جهان. فصلنامه مطالعات خاورمیانه، سال دوازدهم، شماره3، پاییز 1384، ص‌ص 154-117

نصری،قدیر.(1379).دولت رانتیر و پروژه تأمین امنیت ملی.فصلنامه مطالعات راهبردی.دوره 3.شماره 1و2.مسلسل 7و8.شهریور1379.صص 218-198

نصری، قدیر(1380). نفت و امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران. پژوهشکده مطالعات راهبردی، 324ص

نورث، داگلاس سی(1981). ساختار و دگرگونی در تاریخ اقتصادی، ترجمه دکتر غلامرضا آزاد ارمکی، نشر نی، چاپ اول، 1379

ئینگلیزی:

Aboraya, Yasser(2020). “A WELL-OILED MACHINE” THE LIMITS OF RENTIERISM: THE CASE OF SAUDI ARABIA, LAMBERT Academic Publishing, Political Science M.A. Thesis, Political Science Department, Dr. Gamal Sultan

Arslantas, Yasin. Pietri, Antoine. Vahabi, Mehrdad(2019). State predation in historical perspective: the case of Ottoman müsadere practice during 1695–1839. Public Choice (2020) 182:417–442 , https://doi.org/10.1007/s11127-019-00700-9 ,

Alkhouli,Rana.(2019). LATE RENTIERISM IN QATAR: The role of state-capitalism in Qatar’s development. Social, Economic, and Development Theory, MES 613. Dr.Steven Wright.

Alkhater,Khalid R.(2012). The Rentier Predatory State Hypothesis: An Empirical Explanation Of Resource Curse. Qatar Central Bank and Georgetown University, Qatar . JOURNAL OF ECONOMIC DEVELOPMEN. Volume 37, Number 4, December 2012.

Assouad,Lydia.(2021). Lebanon’s Political Economy: From Predatory to Self-Devouring. Carnegie Endowment for International Peace. Malcom H. Kerr Carnegie Middle East Center.

Beblawi, Hazem. Luciani, Giacomo(1987). The Rentier State , ISBN 9781138923720 , Published December 16, 2016 by Routledge , 252 Pages

Beblawi, Hazem(1987). The Rentier State in the Arab World. Arab Studies Quarterly, Vol. 9, No. 4 (Fall 1987), pp. 383-398 , https://www.jstor.org/stable/41857943

Benli Altunisik,Meliha.(2014). Rentier State Theory and the Arab Uprisings: An Appraisal. Uluslararası İlişkiler, Volume 11, No. 42 (Summer 2014), p. 75-91

Benson, Bruce L(2019). The development and evolution of predatory state institutions and organizations: beliefs, violence, conquest, coercion, and rent seeking. Public Choice (2020) 182:303–329, https://doi.org/10.1007/s11127-019-00667-7 , Springer Science+Business Media, LLC, part of Springer Nature 2019

Boettke, Peter J. Candela , Rosolino A(2019). Productive specialization, peaceful cooperation and the problem of the predatory state: lessons from comparative historical political economy. Public Choice (2020) 182:331–352 , https://doi.org/10.1007/s11127-019-00657-9 , Springer Science+Business Media, LLC, part of Springer Nature 2019

Deshwal, Abhishek(2017). Revisiting the Theory of Late Rentierism: The special case of Kuwait. Tata Institute of Social Sciences, Mumbai, February 20,2017

Grey, Matthew. (2010). Toward a Theory Of Late Rentierism In Arab States Of The Gulf. Centre for Arab and Islamic Studies.‏ The Australian National University. Canberra, Australia

Grey, Matthew.(2011). A Theory of “Late Rentierism” in the Arab States of the Gulf. Center for International and Regional Studies. Georgetown University School of Foreign Service in Qatar. Occasional Paper No. 7

Herb,Michael.(2005). No Representation Without Taxatation? Rents, Development and Democracy. Comparative Politics, Vol. 37, No. 3 (Apr., 2005), pp. 297-316

Holcombe, Randall G(2019). Progressive Democracy: the ideology of the modern predatory state. Public Choice (2020) 182:287–301 , https://doi.org/10.1007/s11127-019-00637-z , Springer Science+Business Media, LLC, part of Springer Nature 2019

Kamrava, Mehran(2012). The Political Economy of the Persian Gulf, Center for International and Regional Studies, School of Foreign Service in Qatar, Georgetown University

Lang, John W.Aldori,N.(2020). An Extension to Late Rentierism, using a Comparative Compound Diversification Index, to Show the Movement Towards Mixed Mode Economic Diversification and Development, in the GCC States. Business and Management Studies. Vol. 6, No. 1; March 2020. doi:10.11114/bms.v6i1.4752

Mahdavi,Hossein.(1970).The Pattern And Problems Of Economic Development in Rentier States : The Case Of Iran.

Moselle, Boaz. Polak, Ben(2001). A Model of a Predatory State. Journal of Law, Economics, and Organization, Vol. 17, pp. 1-33, 2001

Murtazashvili, Jennifer. Murtazashvili, Ilia (2010). Wealth destroying states. Public Choice (2020) 182:353–371 , https://doi.org/10.1007/s11127-019-00675-7 , Springer Science+Business Media, LLC, part of Springer Nature 2019

Robinson, James A(1999). When is a State Predatory? . Harvard University – Department of Government; Centre for Economic Policy Research (CEPR); National Bureau of Economic Research (NBER)

Tinggaard Svendsen, Gret(2019). Two bandits or more? The case of Viking Age England. Public Choice (2020) 182:443–457, https://doi.org/10.1007/s11127-019-00707-2 , Springer Science+Business Media, LLC, part of Springer Nature 2019

Vahabi, Mehrdad(2016). A positive theory of the predatory state. Public Choice, Vol. 168, No. 3/4 (September 2016), pp. 153-175

Vahabi, Mehrdad(2017). Coercive state, resisting society, political and economic development in Iran. HAL open scinence , HAL Id: hal-01583595, https://hal.science/hal-01583595 , Preprint submitted on 7 Sep 2017

Vahabi, Mehrdad(2019). Introduction: a symposium on the predatory state , Public Choice (2020) 182:233–242 , https://doi.org/10.1007/s11127-019-00715-2 , Springer Science+Business Media, LLC, part of Springer Nature 2019

Vahabi, Mehrdad. Batifoulier, Philippe. DaSilva, Nicolas(2019). A theory of predatory welfare state and citizen welfare: the French case , Public Choice (2020) 182:243–271 , https://doi.org/10.1007/s11127-019-00660-0 , Springer Science+Business Media, LLC, part of Springer Nature 2019

Vahabi, Mehrdad(2023). Destructive Coordination, Anfal and Islamic Political Capitalism A New Reading of Contemporary Iran, Palgrave Macmillan Cham, https://doi.org/10.1007/978-3-031-17674-6

وتارەکانی تر

Nothing Found

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!