سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا
TISHK Book
سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا
لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: ١٦/١٠/٢٠٢٥
فرەنەتەوە و فرەزمانبوونی کۆمەڵی ئێران و گەشەکردنی بیری ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزی لەنێو ئاخێوەرانی زمانە جیاوازەکانی ئێراندا، بەردەوامیی سیاسەتی تاکزمانی لەو وڵاتە و پێداگریی حکومەتەکانی ئێران لەسەر ئەم سیاسەتە، بە تایبەتی دژایەتیکردنیان لەگەڵ پەروەردە بە زمانی دایک، پرسی “زمانی پەروەردە”یان کردووە بە پرسێکی زیندوو و گرنگ لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانی وڵاتدا. دیارە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لە داکۆکیکردن لەم سیاسەتەدا بەتەنیا نییە. لەنێو زۆر لە ڕۆشنبیرانی ئێرانی و ناوەندە ئەکادیمییەکان و دەزگا و دامەزراوە پەروەردەیی و کولتوورییەکانی وڵاتی ئێرانیشدا، بەتوندی داکۆکی لەم سیاسەتە دەکرێت. سەرەڕای ئەو دژایەتییە بەهێزە، داوای پەروەردە بە زمانی دایک و خەبات بۆ دابینکردنی پێگەیەکی دەستووری و فەرمی بۆ زمانە نافارسییەکان لەنێو نەتەوەکانی ئیراندا، لە پێشەوەی هەمووان نەتەوەی کورد، ساڵ بە ساڵ زیاتر پەرەی ئەستاندووە. ئەم ڕاستییە هاندەری لێکۆڵەر بووە بۆ ئەوەی سیاسەتی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکات بە هەوێنی ئەم لێکۆڵینەوەیە و تێزی دوکتۆراکەی.
هەڵسەنگاندنی کتێبی سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا
مەخابن، زۆرجار لەسەر زاری عەوام و ڕۆشنبیرانیش، ئەوەمان دێتە بەر گوێ کە ساڵانە دەیان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان وەدەستدێن کە هیچ کەلێنێک لە بوارەکانی زانستی و ئەدەبی و مەعریفی پڕناکەنەوە و پتر خەریکی سووینەوە و کاوێژکردن و خواستنەوەی کاڵای دەستی دووی نووسەرانی دیکەن و لە خەمی داهێنان و ئەفراندن و گەشکردنی زمان و ئەدەب و زانست و مەعریفە دانین و ئاستەکانیان بەڕووداچوون. بە گشتی، ئەمە غەدرێکی گەورە و ناهەقییەکی جەرگبڕە هەم لە زانکۆکان و هەم لە وەدەستهێنەڕانی بڕوانامە باڵاکاندا دەکرێت. لە نێو خەرمانی ئەم بڕوانامانەدا، چەندان بەرهەمی مەزن و بایەخدار و پیرۆز وەبەرهاتوون، کە ناوەڕۆک و دەوڵەمەندی و داهێنانیان لە ئاست، ئەوانەن کە لە زانکۆ جیهانییە ناودارەکاندا پەسند دەکرێن.
کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، تێزی دکتۆرای قادر وریا (62 ساڵ)ە کە لە زانکۆی کۆیە بە پلەی نایاب لە سالی 2024 پەسند کرا و لە 2025 ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە بۆن – ئەڵمانیا، لە کتێبێکی 250 لاپەڕەی جوان دیزاینکراو و تەکنیک سەردەمیانە چاپی کردوە. جگە لە دەیان کانگا و سەرچاوە بە زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی و سوودوەرگرن لە ئینتەرنێت، نووسەر بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە سیاسەتی زمان لە ئێران و ئاستی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندی بە 51 لایەنی چالاکیی زمانەوانی، شاعیر، نووسەر، هونەرمەند، مامۆستا، و توێژەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و ئەوانەی نوێنەرایەتیی شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکەن فەرامۆش نەکراون…
خوێندنەوەی کتێب لەسەر ماڵپەڕ
سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا



