گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢
بیرەوەرییەکانی سبەینێ داهاتووی کورد لەنێوان جوغرافیای ترس و جوغرافیای هیوا لە سەردەمی ژێئۆپۆلێتیکی شوناسدا
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 15.10.2025
کاویان، چیا (٢٠٢٥):بیرەوەرییەکانی سبەینێ داهاتووی کورد لەنێوان جوغرافیای ترس و جوغرافیای هیوا لە سەردەمی ژێئۆپۆلێتیکی شوناسدا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ١٢٠–١٠٥. https://doi.org/10.69939/TISHK0072
پێشەکی
ئەم نووسراوەیە پێش هەموو شتێک وڵامێکە بۆ دۆخی قەیران و نادڵنیایی، دۆخێک کە مرۆڤی کورد بەردەوام کۆمەڵێک پرسیاری وەک ئێمە کێین؟ لە کوێوە هاتووین؟ و بەرەو کوێ دەڕۆین؟ی لەلا دروست دەبێت. ئەو دۆخەی کوردەکانی تێدایە لە ئاکامدا پڕ نابێت لە وڵامی جۆراوجۆر بۆ ئەم پرسیارانە، بەڵکو لێوانلێو دەبێت لە دڵەڕاوکێ و ترس و نادڵنیایی. هۆکاری ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەش بەشێکی بۆشایی و ناڕوونییە کە تایبەتمەندیی قۆناغی قەیرانە و بەشێکی لە نەزانین، نەبوونی ئاڕمان و ئاسۆگەوە سەرچاوە دەگرێت. لە دوو بوارەوە(De Beauvoir) فێر بووین کە ناڕوونی و ئیبهام بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی مرۆڤ، یانی مرۆڤ هاوکات کە خاوەن ئازادییە بۆ بڕیاردان لە داهاتووی خۆی و دەستنیشانکردنی چارەنووسی، بەرەوڕووی کۆمەڵێک حەتمییەت و پێویستی دەبێتەوە لەم جیهانەدا کە کردەوەی ئەو سنووردار دەکات و دەبێت ئاگادار بێت کە شکست بەردەوام ئەگەرێکی گەورەیە لەسەر ڕێگەیدا. دڵەڕاوکێی ئازادی لای کوردان بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ژیانیان و کەم نەتەوە هەیە بەو ڕادەیە کەیلی ئازادی بێت و لە هەمان کاتدا وەکو فرۆم(Fromm) دەڵێت لە ئازادی هەڵبێت. بێ پلان و بێ ستراتیژ بوون و نەبینینی داهاتوو و خۆدان بەدەست شەپۆلی ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە نموونەی بەرچاوی هەڵهاتنی بەکۆمەڵن لە ئازادی. ئازادی سەرەتا بە بۆشایییەوە دەست پێدەکات کە لێوانلێوە لە ترس و دڵەڕاوکێ، بەڵام لەودیوی ترس و گومانەوەیە کە دروستکردن و بنیاتنانەوەی داهاتوو وێستاوە. مرۆڤی کورد ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت بەباشی فێر کراوە کە چۆن بترسێت و لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژیت، بەڵام دەبێت فێر بێت کە هیوادار بێت و ئەم هیوادارییەش دەبێتە هۆی چالاکی، کرانەوە بە ڕووی جیهاندا، دیتنی ئیمکانەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕانی دۆخی هەنووکە نەک قەبووڵکردنی. هیوای دەستەجەمعی دەتوانێت وەکو هێزی سازکەری مێژوو چێکەری ئەو سبەینێیە بێت کە وەکو ئیمکانێکی نوێ بوونی هەیە، بەڵام بەو مەرجەی دەبێت بەباشی پەروەردە، فام و ئەزموون بکرێت. بیرکردنەوە لەم دۆخەی کوردانی تێدایە دەبێت بە مانا بلۆخییەکەی(Bloch) ئاکامەکەی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بێت و ئەمە کاتێک ڕوو دەدات کە بنەمای بیرکردنەوە لە دڵی ئەو دۆخەوە سەرهەڵبدات، وەک چۆن نوێ لەناو جەرگەی کۆنەوە، داهاتوو لە هەناوی ڕابردووەوە و بە هەمان شێوەش سبەینێ لە هەناوی ئیمکانە مادی، مرۆڤی و دەزگایییەکانی ئێستای کۆمەڵگای کوردییەوە فریشقە دەدات. لەم پەیوەندییەدا ئەندێشە و بیرکردنەوە لەم دۆخە چەقبەستووەی کورددا پیرۆزترین ئەرکی چێکردنی داهاتووە، و دەبێت خۆی تەرخانی بەدیهێنانی ئیمکانە نوێیەکان بکات.
ئەم دۆخە سنووری نێوان خەون و واقعییەت، ئارمانی سیاسی و شکستی مێژوویی لەلای کوردەکان لێڵ و ناڕوون کردووە و ئەوانی بەرەوڕووی شکستی سیاسی و زۆر لەوەش گەورەتر داڕمانی سەرچاوەکانی ژیانبەخشی و واتابەخشی بردووە. هۆکاری سەرەکیی بێهیوابوونی هیوا لە دۆخی کورددا سەرهەڵدانی خەونی کوردەکان لە دڵی پێکهاتەیەکدایە کە بە هیچ لەونێک لەگەڵ واقعییەتەکانی جیهان و ناوچەکە نایخوێنێتەوە. ئەمەش وایکردووە کوردەکان بە وازهێنان لە ئارمانگەرایی خۆ لەگەڵ ئەو واقعییەتەی تێیدان بگونجێنن و بە پێی هەڕەشە و مەترسییەکان خەونەکانیان دەستنیشان بکەن. حاکمییەتی کوردی لە مێژووی ناوچەکەدا ئیمکانێکی شاردراوە و بەلاوەنراوە و قوربانیی نەزمی نوقسانی پاش وێستفاڵییە(post Westphalian) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا کۆمەڵێک دەوڵەتی ساختە لەژێر کاریگەریی هێزە دەرەکییەکان و بە نکۆڵیکردن لە شوناسی نەتەوەییی کورد دامەزرێنران. لە چوارچێوەی حاکمییەتی کلاسیکدا سنوورەکانی دەوڵەت پیرۆزن و حاکمییەت بە واتای دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەتە لە چوارچێوەی ئەو جوغرافیایەدا و ئەمە بەخشینی دەسەڵاتێکی ڕەها بوو بە دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی زۆرەوە سنوورەکانی نەتەوەی خۆیان لەگەڵ سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتە ساختەکەیان هاوجووت بکەنەوە. ئەو گۆڕانانەی ئێستاکە لە سەردەمی پاش مۆدێرندا بە تایبەت لە وڵاتانی خۆرئاوا لە چەمکی حاکمییەتدا ڕوویداوە و چیدی حاکمییەت ئەو دیوارە ئاسنینە نییە کە لە ناو ئەو چوارچێوەیەدا بە شێوەی ڕەها مامەڵە لە گەڵ دانیشتوانی جوغڕافیای نەتەوە بکرێت، ئەمرۆکە حاکمییەت لە ئیدارەدانی ژیانی خەڵک و دابین کردنی ئەمن و ئاسایشی هاونیشمانیان و بە گشتی پرسی بایۆپۆلتیکدا کورتکراوەتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی کاریگەری پرۆسەی جیهانگیری لە سەر دەوڵەتە تۆتالیتێرەکانی ناوچەکە، گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانی کولتور و شێوەژیان و گەشەی کولتووری مۆدێرن و سێکولار و چاوەدێری ڕێکخراوە بان نەتەوەییەکان سنووری ئاسنیینی دەوڵەتی پاش وێستفاڵی وڵاتانی خۆرهەڵاتی بەرەو کاڵبوونەوە و بێ کاریگەر بوون بردوە و پرسە ناوخۆییەکانی ئەم وڵانەی وەکوو پرسی کورد بە ناوچەیی و جیهانی کردووە و ئەم وڵاتانەی بەرەوڕووی پاڕادۆکسی پاراستنی تەمامییەتی ئەرزی لەلایەک و مافی چارەی خۆنووسین لە لایەکی دیکە کردوەتەوە. قەیرانی حاکمییەت لە وڵاتانی سەردەستی کوردستان و ناوچەکە کە ڕەگەکانی لەناو قەیرانەکانی شەرعییەت، شوناس، جوغرافیا و نەزمی ژێئۆپۆلتیکیدایە و بوونی ململانێ و دژوازیی گەورە لە ناوچەکە وایکردووە ئێستاکە بەشێوەی شێلگیرانە بیر لەسەر پێناسەکردنەوەی بنیاتەکانی دەسەڵات و دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان بکرێتەوە. جوغرافیا خەیاڵکراوەکانی ترس و تێرۆری دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستان ئێستاکە سنوورەکانی زیادتر لە هەر کاتێکی تر بەرەو کاڵبوونەوە و بێ کاریگەربوون دەچێت و جوغرافیای خەیاڵکراوی هیوا لەناو جەرگەی ئەو پرۆژە شکستخواردووانەوە خەریکی سەرهەڵدانە و ئەم دۆخە وایکردووە پرۆژەی پشتگوێخراوی حاکمییەتی کوردی وەکو ئیمکانێکی بەهێز دەتوانێ لە هەناوی ئەم گۆڕانکارییانەوە لەدایک بێت و ڕۆڵی کارا لە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی هێز و دەسەڵات لە ناوچەکەدا بگێڕێت.
ستراکتۆری سیاسی_کۆمەڵایەتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست:
سایمۆن ماربۆن(Saimon marbon) دەڵێت ڕژێمەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک خانووی کاگڵین کە لەسەر لم بنیات نراون. قەیرانی شەرعییەت، لاوازیی پێکهاتەیی، کەڵەکەبوونی دەیان قەیرانی ئابووریی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و حاکمییەتی دەوڵەتی پاتریمونیاڵی نوێ کە لەسەر ئەساسی سەرکوت بنیات نران و نکۆڵیکردن لە شوناسەکانی دیکە وایکردووە بەردەوام لە لێواری داڕماندا هەنگاو هەڵبێنن. دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە زۆرینەیان دەوڵەتانی پاش کلۆنیالین و لە هەناوی خۆیاندا ئێلێمانی پێش مۆدیرنی بەهێزی وەکو خێڵ، عەشیرە، نەریت و ئایین بوونی هەیە و پاراستوویانە. ئەم دەوڵەتانە لە باری ئەمنییەوە وەکو ژووری دەنگدانەوە(Echo chamber) وان کە بەتوندی پێکەوە بەستراون و وابەستەییی چەندلایەنەیان هەیە. یانی هەر گۆڕانێک لە یەکێک لەم ستراکتۆرانەدا بەتوندی کاریگەری لەسەر ئەوانی تر دەبێت. دەروازەی خۆرهەڵاتی ئەم ناوچەیە ئەفغانستان و دەروازەی خۆراوای تورکیایە و ئاڵۆزیەکی یەکجار گەورە چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکات کە دەیانهەوێ ڕوونکردنەوەیەکی سادە لە واقیعی ئەمنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و جوغرافیایی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بدەن. سیستەمی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای دژوازی بنیات نراوە و هۆکاری ئەمەش بەپێی تیۆریی ڕێئالیزمی نوێ(New realism) ئانارشی سروشتی سیستەمی دەوڵەتەکان نییە بەڵکو سەپاندنی نەزمێکی دەرەکیی نوقسانە. ئەم ستراکتۆرە بەرهەمی شەڕ لەگەڵ ئیستعمار، دەستتێوەردانی دەرەکی، سەپاندنی سنوورە دەستکردەکان لە ڕێگەی سەرکوتی شوناسە نەتەوەیییەکان، شەڕ لەسەر نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانە. سازبوونی ئەم ستراکتۆرە ناوچەکەی بەرەو سیستەمێکی هابزی(Hobbesian system) بردووە کە تێیدا دۆخێکی هەمیشەیی لە نائەمنی و ململانێی سەپاندووە کە خۆی سەرچاوەی بەردەوامیی شەڕە. ئەم سیستەمە وەک چۆن کارل بڕاون(Carl Brown) دەڵێت سیستەمێکی دزەتێکراوە(Penetrated System) کە بەشێوەی قووڵ لەژێر کاریگەریی دەستتێوەردانی دەرەکیدایە، بەڵام ئەم دەستتێوەردانانە هیچکات نەبووەتە هۆی ئەوەی لایەنێک بەتەواوەتی دەستی بەسەردا بگرێت.
ئەم ناوچەیە لە کاکڵەیەکی عەرەب کە خاوەن شوناسێکی هاوبەشن، بەڵام پارچەکراو لە چوارچێوەی چەندین دەوڵەت نەتەوەی جۆراوجۆر و کەنارێکی ناعەرەب وەکو ئێران، تورکیە و ئیسڕائیل پێک هاتووە کە ململانێیەکان و باڵانسی هێز دەباتە ئاستێکی سەرەوە و هەروەها بوونی کوردەکان لەناو دڵی ئەم ناوەند-کەنارە ئاڵۆزاوییەدا قەیران و ململانێیەکانی گەیاندووەتە لووتکە. لە ڕووی سیاسییەوە لە لایەک عەرەبەکان لە بەرانبەر ئیسڕائیل، هاوکات و لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لە بەرانبەر تورکەکان و لە هەمبەر ئێران و هێلالی شیعەشدا لە سەنگەرگرتندان. دواتر هاتنی مۆدێرنە پرۆسەکانی جیهانگیری و هاتنی زلهێزەکان بۆ ئەم ناوچەیە چەند جۆر پەرچەکرداری بەکۆمەڵ وەکو ئیسلامگەرایی، نەتەوەخوازیی سەرەتایی و مارکسیزمی دروست کرد. کۆی ئەمانەش لە جێگەی دروستکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی، کێشەکانی لە ئاستی ناوخۆیی دەوڵەتان و ناوچەکە ئاڵۆزتر کرد و ئەم جار ململانێیەکان چوونە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕێبەرایەتیی جیهانی عەرەب و جیهانی ئیسلامەوە، ئەمەش ململانێیەکانی قورستر و هاوپەیمانییەکانی ئاڵۆزتر کرد. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێکهاتەیەکی هەیە کە لەناو ململانێ و ئاڵۆزیی بەردەوامدا دەژیت و داینامۆیەکی بەهێز لە باری ئەمنییەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەتان بوونی هەیە و ئەمە وادەکات بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێی گەورەدا بژین. ململانێ و ئاڵۆزییەکان پانتایییەکی یەکجار پان و بەرین دەگرێتەوە کە ململانێیەکان لەسەر بابەتی خاک، ئەتنیکی، فەرهەنگی، ئایدۆلۆژی، دەسەڵات، ئاو و نەوت لە گرینگترینەکانیانن. ئەم ستراکتۆرانە لە باری ئەمنییەوە لەوپەڕی لاوازیدان، لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسی دابڕاو و نایەکگرتوو، دێمۆکراسی بەدەگمەن پەیدا دەبێت، پاوانخوازی و دیکتاتۆری بەرفراوانە و کەڵکوەرگرتن لە زۆر و سەرکوت لە ژیانی سیاسیی نێوخۆییدا بنج بەستووە و لە ناوخۆدا تووشی قەیرانی شەرعییەتن، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو لاوازییانە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ئافریقا سەقامگرتووترن و تاڕادەیەک توانیویانە توندوتیژییە ناوخۆیییەکان مەهار بکەن و بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا زاڵ ببن، هەر ئەمە وایکردووە نەزمی پاش وێستفاڵی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەپێچەوانەی ئافریقا بەتەواوەتی شکستخواردوو نەبێت و کارکردی خۆی بگێڕێت و جیهانی ڕۆژاوا بەتەواوەتی لە شکستی پرۆژەی دەوڵەت- نەتەوە لەم ناوچەیە بێهیوا نەبێت.
سەرەڕای بوونی ئەکتەری دەوڵەتی لە ناوچەکە و زلهێزە جیهانییەکان، کۆمەڵێک ئەکتەری نادەوڵەتیش وەکو کوردەکان و فەلەستینییەکان هەن کە کاریگەریی خۆیان لە ئاستی ناوچەکەدا بەجێ هێشتووە، هەڵبەت لە پاش ژێئۆپۆلتیکی شەڕی ساردەوە(١٩٩١ بە دواوە) هەژماری ئەم ئەکتەرە نادەوڵەتییانە لە زیادبوون و بەهێزبووندان و ئەمە وایکردووە ئاڵۆزیی ناوچەکە بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لە هەڵکشاندا بێت. کوردەکان کە لە دەستپێکی ژێئۆپۆلتیکی تەمەدۆنیدا(١٥١٤) بە هاوپەیمانییەک لەگەڵ عوسمانی کۆی دیزاینی ناوچەکەیان گۆڕی و خۆیان کەوتنە ناو زیندانێکی ژێئۆپۆلتکییەوە و تا پاش ژێئۆپۆلتیکی مۆدێرن(سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوە مۆدێرنەکان) و ژێئۆپۆلتیکی شەڕی سارد(جیهانی دوو جەمسەریی١٩٩١) تەواوی شۆڕشەکانیان بۆ دەرچوون لەو زیندانە تووشی شکست بوو. ئەوان کە لەناو ململانێی قووڵی حزبی، خێڵەکی، پارچەبوونی سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و جوغرافیاییی گەورەدا دەژین، بەردەوام قوربانیی سیاسەتی کوشتن و پاکتاوی کولتووری و ڕەگەزی بوون. لە سەردەمی ژێئۆپۆلتیکی پۆست مۆدێرن و دوای ڕووخانی جیهانی دوو جەمسەری دیوارەکانی ئەو زیندانە ژێئۆپۆلیتیکییە ڕووخا و یەک لە گەورەترین ئاکامەکانی بەهێزبوونی ستراکتۆرە نادەوڵەتییەکان و لەوانەش کوردەکان بوو کە وایکرد لە ڕۆژاوا و باشوور لەسەر مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەی بێهێز(Weak nation state) و نادەوڵەت نەتەوەی بەهێز(Strong none nation state) ببن بە خاوەن ستاتووسی سیاسی و جێگە و پێگەی فەرمی لە ئاستی ناوچەکە و لە هەناوی جوغرافیای ترس، دڵەڕاوکێ و سەرکوتەوە ، جوغرافیای هیوای کوردەکان سەری هەڵدا.
ئێستاکە و بەتایبەت لە پاش ڕووداوەکانی ٧ ئۆکتۆبرەوە دیسان ژێئۆپۆلتیکی ناوچەکە بزۆز بووەوە و نەزمی ژێئۆپۆلیتیکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە. ئاشکرایە کە سنوورەکان، نەزمی سیاسی و ڕژیمە سیاسییەکانی ناوچەکە لە پاش شەڕ و قەیرانە گەورەکانەوە دووبارە پێناسە دەکرێنەوە. هەندێک پرۆژە وەکو دۆکتۆریەنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەتر(Greater Middle east)، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ( (New Middle East کە کاندۆلیزا ڕایس لە ٢٠٠٦ بە فەرمی باسی لێکرد، دۆکتۆریەنی ئاڵۆزی داهێنەرانە(Creative chaos)، دۆکتۆرینەی ئیسڕائیلی گەورە(Greater Israel) و یان پرۆژەی بێرنارد لووییس( Bernard Lewis) بۆ پارچەکردنی وڵاتانی ئیسلامی لە دوای ١١ سپتامبرەوە کاری لەسەر دەکرێت و بە هەندێک چاکسازی و دەستتێوەردانەوە دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ داڕشتنەوەی نەزمی ناوچەکە. ئاشکرایە ئامانجی ئەم پرۆژانە بریتین لە شکاندنی بلووکە دژە ئامریکایییەکان(ئێران، ئێراق، سوریە)، لاوازکردنی دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەکە(ئێران و تورکیە)، گۆڕینی ستراکتۆری وڵاتانی عەرەبی- ئیسلامیی چواردەوری ئیسڕائیل بۆ دەستەبەرکردنی ئەمن و ئاسایشی ئەو وڵاتە، کۆنترۆڵی سەرچاوەکان و مۆهەندسیی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە بێرژێنڤسکی(Brzezinski) ناوچەی ئووراسیا وەکو گەورەترین سەفحەی شەترەنجی جیهان دەبینێت و لەوێدا بەتوندی هۆشداری دەدات لە دروستبوونی هاوپەیمانیی نێوان ڕووسیە، چین و ئێران و پێشنیاری سنووردارکردن و لاوازکردنی ئێران لە ڕێگەی دامەزراندنی حکومەتگەلی نیمچە سەربەخۆ دەدات. یان لە پرۆژەی ئیسڕائیلی گەورەدا ئامانجی سەرەکی لابردنی هەڕەشەی ئەمنییە لەسەر جوولەکەکان و ئەمە شوناسە هەڕەشە لەسەرەکان وەکو کورد، دەرووزی، عەلەوی و ئاشووری لە داهاتووی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دەکات بە هاوپەیمانی ستراتیژی ئیسڕائیلییەکان و بەهێزبوونیان زامنکەری ئاسایشی نەتەوەییی ئەوانە. بێگومان لایەنی ئابووریی، سیاسی، بشێوی و فەوزا گرینگییەکی گەورەی هەیە. هەرواکە بارنێت(Barnett) دەڵێت ئەو شوێنانەی جیهانگیریی داخڵی نەبووە ئەڕتەشی ئامریکا داخڵی دەبێت. ئەمە تێزێکە کە شەڕی ئێراق و باقیی شەڕەکانی داهاتوو لەم ناوچەیە بەشێک لە شەرعییەتی خۆی لێوە دەگرێت. بارنێت جیهان بە ناوەندێکی سەرمایەداری و ناوەندێکی پڕ لە کەلێن و دابڕاو لە نەزمی جیهانی و دژبەری ئامریکا دابەش دەکات. تێزەکەی بارنێت باس لە دەستتێوەردانی دوو قۆناغ دەکات کە قۆناغی یەکەم لە ڕێگەی هێزی لۆیاتانیەوە(Leviathan Force) دوژمن تێک دەشکێنرێت و دواتر لە ڕێگەی هێزی بەڕێوبەری سیستەمەوە(System Administrator Force) سەرلەنوێ بنیات دەنرێتەوە و پەیوەست دەکرێت بە سیستەمی جیهانییەوە. سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئێراق و سووریە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و پەیوەست کردنیان بە نەزمی جیهانی نموونەی بەرچاو و نزیکی ئەم تێزەن. گەشەی پرۆسەی جیهانگیری بۆ ئەو ناوچانەی قەیراناوی و پڕ لە کەلێنن، بێگومان هەم بەرژەوەندییەکانی ئامریکا دابین دەکات و هەمیش پاساوێکە بۆ دەستتێوەردان. بەگشتی لەم پرۆژانەدا بشێوی و فەوزا، هەڵبەت داهێنەرانە و کۆنترۆڵکراو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرن و بەشێکی دانەبڕاون لە ستراتیژیی ژێئۆپۆلتیکی وڵاتانی زلهێز کە دەتوانێت نەزمێکی باشتر بهێنێتە ئاراوە و بەرژەوەندییەکانیان دەستەبەر بکات.
ستراکتۆرە کلاسیکەکانی دەوڵەت – نەتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی قەیرانی شەرعییەت، شکستهێنانی پرۆسەی نەتەوەسازی و ئیدارەدانی ژیانی خەڵک و هاوکات قەیرانە دەرەکییەکان و ململانێ ژێئۆپۆلتیکی لاواز دەبن. لە ئاکامی ئەم قەیرانانەدا شوناسە ئایینی و نەتەوەیییەکان دووبارە پێناسە دەکرێنەوە، هاوپەیمانیی نوێ دروست دەبن و دەسەڵاتی ئەکتۆرە نادەوڵەتییەکان بەهێز دەبێت و دەکرێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گەڕانەوە بێت بۆ پرۆژەی ڕاڵف پیتێر(Ralph Peters, blood borders) کە تێیدا مۆدێلی ژێئۆپۆلتیکی فەرهەنگی و قەوم تەوەر پێشنیار دەکات و لێرەدایە کە بەرژەوەندییە ژێئۆپۆلتیکییەکانی زلهێزەکان هاوجووت دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی عەداڵەت بۆ نەتەوە پارچەکراوەکان و لەنێوبردن یان لاوازکردنی سنوورە خوێناوییەکان. هەڵبەت دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە کوردەکان لەم پرۆژانەدا ئێستاکەش ئامرازێکن بۆ سەقامگرتووکردنی دۆخی دوای قەیران و بشێوی و ئێستەشی لەگەڵدا بێت وەکو ئەکتۆرێک کە بەتەواوەتی خاوەن مافی چارەی خۆنووسین بن، نابینرێن ؛ ئەمەش وادەکات ئەو مۆدێلە لە حاکمییەت کە بۆ داهاتووی کوردەکان باس دەکرێت، حاکمییەتی نافەرمییە.
ژێئۆپۆلتیکی شوناس:
لە نەریتی ژێئۆپۆلتیکی کلاسیکدا لە مەکیندێرەوە(Mackinder) تا کێسینجێر(Kesinger) شوناس بایەخێکی ئەوتۆی نییە، ئەوە هێز، بەرژەوەندی و سەرزەمینە کە گرینگییان هەیە. بەڵام لە سەردەمی ژێئۆپۆلتیکی پاش مۆدێرندا شوناسی دەستەجەمعی دەبێتە دەلاقەیەک بۆ ناسین و شیکردنەوەی سیاسەتی نێونەتەوەیی. لێرەدایە کە هیوا بۆ شوناسە سەرکوتکراوەکان چی دی هەستێکی دەروونیی پەتی نییە، بەڵکو ستراتیژیی مانەوە، سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی خود و سەرزەمینە. هیوا هێزی ژێئۆپۆلتیکی شوناسە سەرکوتکراوەکانە کە لە هەناوی خۆیاندا دەسەڵات و هێزی گەڕانەوەی هەڵگرتووە، گەڕانەوە یان بەدەستهێنانەوەی سەرزەمینی بەڵێندراو کە لە نموونەی فەلەستینییەکاندا لە “الحق فی العودە” و لای ئەرمەنییەکان لە گەڕانەوە بۆ قەرەباغ خۆی نیشان دەدات. لەم سەردەمەدا بینراو بوون و دەرکەوتن لەسەر ساحەی ژێئۆپۆلتیکی ناوچەکە چی دی وەکو سەردەمی کلاسیک پێویستی بە هێز و دەسەڵاتی ئەوتۆ نییە، بەڵکو شوناسی کولتووری و نەتەوەییی جیاواز خۆیان بنەمایەکی بەهێزن بۆ بینراوبوون. بەگشتی شوناس وەکوو فاکتەرێکی ژێئۆپۆلتیکی گرینگی لێهاتووە کە سنوورە مێژوویی، زمانی، جوغڕافیایی و کلتوورییەکانی، سنووری بەریەککەوتنە ژێئۆپۆلتیکییەکان و بەرژەوەندییە مادی و نامادییەکانی دیاری دەکات. شوناسەکان لەم ناوچەیە بەڕادەیەک دژواز و پێکناکۆکن کە ئیمکانی ڕێککەوتن و هاوپەیمانیی بنەمایی و هەمیشەیی زۆر لاوازە و ئەمە دەلاقەیەک دەکاتەوە لەسەر نزیکبوونەوەی شوناسە هەڕەشە لەسەرەکان و چارەنووسی ئەوان پێکەوە دەبەستێتەوە. ژێئۆپۆلتیکی شوناس لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمی پەیوەندیی ئاڵۆزی داینامیزمە ناوچەیی و جیهانییەکانن کە تێیدا ئەو فاکتەرانەی پەیوستن بە شوناسەوە وەکو ئایین، زمان و نەتەوایەتی لەسەر ململانێیەکانی دەسەڵات و ڕەفتاری سیاسیی ئەکتۆرەکان کاریگەری داناوە.
ژێئۆپۆلتیکی شوناس پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ جوغرافیای خەیاڵکراوی(Imagined Geography) نەتەوەکان هەیە. لە سەردەمی ژێئۆپۆلتیکی مۆدێرندا بەرژەوەندیی ماددیی ڕووتی زلهێزەکان وایکرد سنوورە جوغرافیایییەکان و سنوورە شوناسییەکان لە نموونەی هەندێک نەتەوەی وەکو کورددا هاوجووت نەبنەوە و بە سەر جوغرافیای خەیاڵکراوی نەتەوەکانی دیکەدا دابەش بکرێن. ئەمڕۆکە لە سەردەمی ژێئۆپۆلتیکی پاش مۆدێرندا شوناس گەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی ململانێیەکان لەسەر فەزای جوغرافیایی. لێرەدا ئەو دەرفەتە بۆ نەتەوە سەرکوتکراوەکان ڕەخساوە کە سەرلەنوێ شوناسی خۆیان بە جوغرافیاوە گرێ بدەن، فەزا ئیتر شوێنی نیشتەجێ بوون نییە، بەڵکو شوێنی مەعنایە. شوناس گرێ دەدرێت بە جوغرافیای مێژوویییەوە و لە ڕێگەی ئامرازە گوتارییەکانەوە ڕۆژانە و بەردەوام جوغرافیای خەیاڵکراوی نەتەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە. کوردستانی گەورە لە نموونەی کوردەکاندا ئەو جوغرافیا خەیاڵکراوەیە کە بەر لەوەی لەسەر نەخشەکان بوونی ببێت لە نەخشە زەینییەکاندا لەدایک دەبێت و ڕۆژانە و بەردەوام شوناسی تایبەت بە خۆی لە فەزادا دروست دەکات. فەزا پاسیڤ و بێ لایەن نییە، بەڵکو چێکراوێکی گوتارییە و هەر فەزایەک گێڕانەوە، یادەوەریی بەکۆمەڵ، نەخشە و ناوی تایبەت بە خۆی هەیە. بەدەستهێنانەوەی سەرزەمینی پیرۆز یان بەڵێندراو لە گۆڕینی ناوی شوێنەکانەوە(Toponymy) دەست پێدەکات، ورمێ لە بەرانبەر رضائیە، ڕۆژاوا لە بەرانبەر الاقلیم شمال و شرقی السوریه، باشووری کوردستان لە بەرانبەر شمال العراق. بە مانا ئەندێرسۆنییەکەی(Anderson) نەتەوە و خەیاڵدانی نەتەوەیی کاتێک لەدایک ببێت مانایەکی فەرهەنگیی تایبەت بە فەزا و جوغرافیا دەبەخشێت و پەیوەندیی ئەویترێتی(Othering) ئەهێنێتە ناو ململانێ جوغرافیایییەکانەوە و وەکو هێترۆتۆپیایەک(Heterotopia) نەزمی فەزای باڵادەست دەشێوێنێت و دەیخاتە بەر ئالنگاریی قووڵەوە. لێرەدایە کە نەخشەکان تەنیا ڕاستییەکان نیشان نادەن بەڵکو ئیمکانەکانی گۆڕان، ئارمان و هیواکانیش لەبەرچاو دەگرن. ئۆسکار وایڵد(Oscar Wilde) دەڵێت هەر نەخشەیەک لە جیهان جێگەی یۆتۆپیا لە خۆیدا نەکاتەوە شایانی چاو لێکردن نییە. نەخشەیەک بەبێ ئارمان و خەونی گۆڕان تەنیا بەڵگەی شکستە. نەخشەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست تا دوای کۆتاییی شەڕی سارد جوغرافیای خەیاڵکراوی ترس و سەرکوت بوو، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە بۆ کوردەکان و شوناسە سەرکوتکراوەکان فەزای ژیانبەخش و جوغرافیای هیوای دروست کردووە و کوردەکان دەبێت باش بزانن کە ئەم دەرفەتانە بەبێ خەون و ئارمانێکی بەدیل هەرچەندیش شیکردنەوەکانیان لە ڕاستییەکان دەقیق بێت ناتوانێت لەو دۆخەی تێیدان ڕزگاریان بکات.
بەردەوام بە کوردەکان دەگوترێت کە جگە لە هەڵکردن و پێکەوەژیان لەگەڵ دەوڵەتە سەردەستەکان هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە. تەسلیم بوون بەم ئایدۆلۆژیایە ئیمکانەکانی کردەوەی جەمعی لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوبەشی لەنێو بردووە و ئاسۆی خەیاڵدانی سیاسی و ژێئۆپۆلتیکی ئەوانی بە بنبەست گەیاندووە. ژێئۆپۆلتیکی شوناس زەمینەی بۆ خەیاڵی سیاسی و ژێئۆپۆلتیکی گەورەی بۆ کوردەکان ڕەخساندووە. ئەوان لە بەرانبەری ئەم بێهیوایییە سیستەماتیکەدا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ نەریتی یۆتۆپیایی کە هەڵبەت یۆتۆپیا لێرەدا نەک بە واتای خەیاڵپڵاو بەڵکو بە واتا بلۆخییەکەی(Ernst Bloch) وەکو پێویستییەک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی جێگە و پێگەی خۆیان و نەزمی ژێئۆپۆلتیکی ناوچەکەیە. یۆتۆپیا نەک خەیاڵێکی لە کردەوەنەهاتوو بەڵکو هوشیارییەکی مەیلەو داهاتوو و هیوایەکی چالاکە کە دەتوانێت هێزی ماددی و مەعنەوی بۆ گۆڕینی مێژوو بەرهەم بێنێت. بە واتایەکی دیکە هیوا تەنێ شتێکی دەروونناسانە نییە بەڵکو بزوێنەری ماددیی مێژووە و ئیمکانی کردەوەی جەمعی دەڕەخسێنێت. ڕەگەکانی لە ئێستادایە، بەڵام بەرەو داهاتوویەکی ڕزگاریدەر هەنگاو هەڵدێنێت. کوردەکان خۆیان بە سڕینەوەی بیرکردنەوەی یۆتۆپیایی ئیمکانی بەدیلیان لەنێو بردووە و خۆیان بوونە بەشێک لە سەپاندنی ئەم نەزم ژێئۆپۆلتیکییە نایەکسانە. پێکهاتەی زەینیی ئەوان کە لە چوارچێوەی عەقڵییەتی حزبی، خێڵەکی و ناوچەییدا داڕێژراوە، خەونی سیاسی و ژیئۆپۆلتیکی ئەوانی بە بنبەست گەیاندووە، بوێری، کردەوە و هیوای لێ زەوت کردوون و ترس، پاسیڤی و بێهیوایی بە سەریاندا سەپاندووە. بەشێکی گەورە لەو ستراکتۆرە ماددی، دەزگایی و زەینییانەی کوردەکان بە گۆڕانی بارودۆخ ماناکان و پێویستیی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست داوە و بە مانا ئۆنگێرییەکەی(Unger) لەناو جۆرێک پێویستیی درۆزنانەدا(False Necessity) دەژین. ئەم شێوە ڕوانینە لەژێر کاریگەریی تێگەیشتنێکی مارکسیستیدایە کە لەو باوەڕەدایە ستراکتۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن هەندێک یاسای نەگۆر یان حەتمییەتی مێژوویییەوە دەستنیشان دەکرێن. ئەمە وادەکات حزب و دامەزراوە کوردییەکان وەکو بوونەوەرێکی سروشتی و بێ بەدیل سەیر بکرێن. لە ڕاستیدا بوونەوەرێکی مێژوویی و مرۆڤکردن و دەکرێت بە ڕەتکردنەوەی ئەو پێویستییە درۆزنانە زەمینە بۆ دەستکاری یان گۆڕینی ئەو ستراکتۆرە عەینی و زەینییانەی کوردیان کردووە بە بوونەوەرێکی سەر بە زەمەنی ڕابردوو، دۆشداماو، چەقبەستوو و بێهیوا ئامادە بکرێت. ئەوەی هەستی سروشتی و بێ بەدیل بوون دەبەخشێت بەو ستراکتۆرانە، پێکهاتەی ئایدۆلۆژی و زەینیی کوردەکانە نەک ئەو دۆخە واقعییەی تێیدان. ئەوەی ڕاستی بێ، کوردەکان لەنێوان خەون و ئارمانێک کە ئیمکانی دەستەبەربوونی نییە و واقعییەتێکی تاقەتپڕووکێندا ماونەتەوە. ئەوەی لێرەدا دەکرێت کوردەکان لەم بنبەستە سیاسی و ستراتێژییە ڕزگار بکات، جۆرێک یۆتۆپیای عەمەڵگەرایە(pragmatic utopia) کە هەم وڵامدەری لایەنی ئارمانی و یۆتۆپیکە و هەم ڕەنج و ئازارەکانی ئەو دۆخە تا دوا پلە کەم دەکاتەوە. لێرەدا یۆتۆپیا دەکرێت وەکو پڕۆژەیەکی هاوکات ئەخلاقی و دەزگایی چاوی لێ بکرێت، یانی یۆتۆپیا خۆی لە پرۆسەی ڕەخنە و چاکسازیی دەزگاییدا دەبینێتەوە کە توانای بەکردەوە دەرهێنانی هەیە. لە لایەک ئاسۆی ئەرزشی و واتایی نوێی(سیاسەتی نەتەوەیی، بەها و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ئەمنیی نەتەوەیی، شوناسی نەتەوەیی) دەستنیشان دەکات و هاوکات لە لایەکی دیکە دەزگا و دامەزراوە کوردییەکان بە شێوەیەک کارا دەکاتەوە یان سەرلەنوێ بنیات دەنێتەوە کە توانای دەستەبەرکردنی ئەو بەها و مانا نوێیانەیان ببێت. دۆخی نوێ پێویستی بە ئەرزش و مانای نوێ هەیە و بۆ دەستەبەرکردنیان دامودەزگای نوێی پێویستە و ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە حزبەکان و دامەزراوە سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازییەکانی کوردەکان لەم قۆناغەدا توانای ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکانەیان نییە و ناچار دەبێت ملکەچی پرۆسەی نوێکردنەوەی ئەخلاقی و دەزگایی ببن.
ئەم نووسراوە باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی ژێئۆپۆلتیکی شوناسدا بەستێنەکە بۆ گۆڕانی ژێئۆپۆلتیکی گەورە لە دۆخی کوردەکاندا لەبارە و بۆ ئەوەی لە سەمەرەکانی ئەو دۆخە بێبەری نەبن، دەبێت سەرەتا لە ئاستی ناوخۆییدا پرۆسەی گۆڕانی زەینی و دەزگایی بەڕێوە بەرن و دواتر لە ئاستی ناوچەییدا بەرەو ئاقاری دامەزراندنی جۆرێک لە حاکمییەتی نافەرمی لە چوارچێوەی بلۆکی ژێئۆپۆلتیکدا بڕۆن. لێرەدا سەرەتا ئەرکی تیۆریی ناسینی دۆخەکەیە و دواتر دەربازبوونە لێی. تێورییەکە نەتوانێت ئیمکانە بەدیلەکان بهێنێتە سەر زار، خۆی بەشێکە لەو نەزمە سەرکوتکەرە. کردەوەی ڕادیکاڵ تەنیا ناسین و ڕەخنەکردنی دۆخی هەنووکە و بەرەنگاری و خەبات دژی ئەو دۆخە نییە، بەڵکو لە ناسینی ئیمکانەکان، نوێکردنەوە و گۆڕینی زەینییەت و دەزگاکاندا مانا پەیدا دەکات. کوردەکان چەنێک زیندانی ئەو ساختارە ژێئۆپۆلتیکییەن کە لە لایەن زلهێزەکان و سەردەستەکانیانەوە سەپێنراوە بە هەمان ئەندازەش یەخسیری ئەو ستراکتۆرە حزبی و زەینییانەن کە خۆیان دروستیان کردوون. بیرکردنەوە لە ئیمکانی ڕادیکاڵ و گەیشتن بەو قەناعەتە کە چی دی کایەکردن لە چوارچێوەی ئەم ستراکتۆرانەدا ئیمکانی نییە و دەکرێت جەبری دەزگایی و مێژوویی وەلا بنێن و ئەو ستراکتۆرانە کەوناوکەون بکەن، لەم دۆخەدا گرینگیی لەڕادەبەدەری هەیە. لە سەردەمی ژێئۆپۆلتیکی پاش مۆدێرندا کە بە ژێئۆپۆلتیکی شوناس دەناسرێت و شوناسەکان بنەمای ستراتیژە ژێئپۆلتیکییەکانن ئەمە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئەم دۆخە بۆ کورد وەکو شوناسێکی لەژێر هەڕەشەدا سەرەڕای کەمبوونەوەی بەشێک لە مەترسییەکان کۆمەڵێک دەرفەتی زێڕینی خوڵقاندووە کە نوێکردنەوەی زەینی و دەزگایی دەکات بە پێویستییەکی گرینگی مێژوویی.
بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی( Geopolitical bloc)
بلۆکی ژیئۆپۆلتیکی هەنگاو هەڵێنانە بەرەو جۆرێک لە حاکمییەتی نافەرمی(Informal sovereignty). ئەم چەمکە ئاماژە بە دۆخێک دەکات کە تێیدا حاکمییەتی فەرمیی دەوڵەت- نەتەوە بە واتا وێستفاڵیایییەکەی (دەوڵەت تاکە بوونەوەری شەرعییەت پێدراوە کە دەسەڵاتی خۆی لە ئاستی جوغرافیای نەتەوەدا بەو شێوەیەی کە خۆی دەیهەوێت، جێبەجێ بکات) چی دی ناتوانێت لە ئاستی کۆی جوغرافیای خۆیدا دەسەڵاتی جێبەجێ بکات. حاکمییەتی نافەرمی بەرهەمی لاوازیی دەسەڵات و شەرعییەتی سیاسییە، بەڵام ڕێگەچارەیەکە بۆ بۆشاییی دەسەڵات و دروستکردنی جۆرێک لە حاکمییەتی چەند ڕەگە(Hybrid). نموونەی ئەم حاکمییەتە نافەرمییانە ئەمڕۆکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەم نین و کوردیش لە دوو پارچەی باشوور و ڕۆژاوا بەشێکن لەم مودێلە. ئەوەی لێرەدا بۆ باسەکەی ئێمە گرینگە پەیوەندیی حاکمییەتی نافەرمییە لەگەڵ بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی. حاکمییەتی نافەرمی ئامرازی دەستەبەرکردن و کاراکردنی بلۆکی ژێئپۆلتیکییە. بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی بەو دۆخە دەڵێین کە تێیدا کۆمەڵێک بکەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی لە دەوری کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ژێئپۆلتیکی، ئەمنی و شوناسی هاوبەش کۆ دەبنەوە. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای بەهاری عەرەبییەوە ئەوەی سەلماند کە بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی لە چوارچێوە و بەستێنی حاکمییەتی نافەرمیدا بیچمی گرتووە و خۆی سەپاندووە. نموونەی گرووپەکانی سەر بە ئێران، بەرەی عەرەبستان، ئێمارات، بەرەی تورکیە و قەتەر نموونەگەلێکن لەم بلۆکە ژێئۆپۆلتیکییانە کە بەرهەمی لاوازبوونی دەوڵەت نەتەوەکان و دەزگا فەرمییەکان و هەروەها نەزمی نوێی ژێئۆپۆلتیکی ناوچەکەن کە نەزمێکی ناناوەندی، بزۆز و شوناستەوەرە. واڵبۆرن(Valbjørn) باس لەو دۆخە دەکات کە لە ٢٠١١ بە دواوە دەوڵەتە عەربییەکانی ناوچەکە وەکو سووریە، یەمەن، عێراق چی دی خاوەن دەوڵەتێکی یەکپارچە نین و دەسەڵات لەنێوان دەوڵەت و بکەرە نافەرمییەکاندا دابەش بووە. دەوڵەتی فەرمی لە لایەک، هێزە لۆکاڵییەکان و میلیشیاکان لە لایەکی دیکەوە، هەروەها بکەرە دەرەکییەکان وەکو ئامریکا، ئیسڕائیل، ڕووسیە لە لایەکی دیکەوە جۆرێک لە حاکمییەتی هیبریدی(چەند ڕەگە) و نافەرمییان پێک هێناوە کە سنوورەکانی نێوان سیاسەتی دەرەکی و ناوەکی، دەوڵەتی و نادەوڵەتی، ناشەرعی و شەرعییەتپێدراو کاڵ بوونەوە و لەناو چوونە. ئەم گۆڕانکارییانە و لەدایکبوونی حاکمییەتی نافەرمی وەکو لە سەرەوە باس کرا، بەستێنێکی خوڵقاند کە تێیدا بلۆکە ژێئۆپۆلتیکییەکان لەدایک بوون کە بلۆکی بەرەی مقاومەت، بەرەی میسر، عەربستان، ئێمارات و هەروەها بەرەی ئیسلامی سیاسی(قەتەر، تورکیە و ئیخوان) لە بەرچاوترینەکانی ئەم بلۆکانەن.
کاتێک حاکمییەتی فەرمی دەڕووخێت یان لاواز دەبێت، بلۆکە ژێئۆپۆلتیکییەکان لە ڕێگەی تۆڕێک لە بکەرە نافەرمییەکانەوە دێنە سەر ساحەی یارییەکە و نەزمێکی نوێ پێک دێنن کە نەزمێکی نافەرمییە، بەڵام بەشێوەیەکی قووڵ لەسەر ژیانی خەڵک لە ناوچەکە کاریگەری دادەنێن. ئەم دۆخە بەرهەمی بەریەککەوتنی پرۆژە ژێئۆپۆلتیکییەکانی ناوچەکە، دروستبوونی کەلێن لە نەزمی جیهانی، و لە کۆتاییدا جۆرێک لە دۆخی سەردەمی فیترەتە(interregnum) کە دوای داڕمانی نەزمی کۆن دروست دەبێت و دەکرێت وەکو قۆناغێکی کاتی سەیر بکرێت کە گۆڕانە ژێئۆپۆلتیکییەکانی ناوچەکە لە داهاتوودا لەسەر ئەم بەستێنە ڕوو دەدات. ئاکامی ئەم دۆخە دەربازبوونە لە ستراکتۆری دەوڵەتتەوەر بۆ نەزمی تۆڕی و بلۆکی، حاکمییەتی شکاو و چەند پارچە، بەریەککەوتن و ململانێی ژێئۆپۆلتیکی نوێ و ئیمکانی دروستبوونی نەزمی نوێ و بەدیل لە داهاتوودا کە دەکرێت هەڕەشە و مەترسی لەخۆ بگرن، سەرچاوەی هیوا و دەرفەتی گەورەش بن.
بێگومان داهاتووی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بازنەی بکەری نادەوڵەتیی بەهێز و جۆرێک لە حاکمییەتی نافەرمیدایە. گەورە ستراتیژی زلهێزە جیهانی و ناوچەیییەکان و بەریەککەوتنی پرۆژە ژێئۆپۆلتیکییەکانی ئەوان بەرەو لاوازکردنی دەوڵەت نەتەوە بەهێزەکانی ناوچەکە دەڕوات کە ئێراق و سووریە نموونەی زیندووی ئەم پرۆسەیەن و ئێرانیش لە داهاتووی نزیکدا بەرەو ئەم ئاراستەیە دەڕوات. داهاتووی کوردەکان بەستراوە بە تێگەیشتن لەم بەستێنە بزۆز و ئاڵۆزە ژێئۆپۆلتیکییەوە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوان نەیانتوانیوە بەپێی سروشتی دۆخەکە و ئاستی گۆڕانکارییەکان بەباشی خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکە بگونجێنن. ئەوەی ڕاستی بێ، هەر کام لە زلهێزانی ناوچەکە توانیویانە لە ڕێگەی بکەرە نافەرمییەکانەوە بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی خۆیان دروست بکەن و لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کاریگەر بن، بەڵام کوردەکان وەکو بکەرێکی ناکاریگەر لە پەراوێزی ئەم بلۆکانەدا ماونەتەوە و بەشێوەی نایەکگرتوو مان و نەمانیان بەتوندی گرێ دراوە بە مانەوە و بەرژەوەندیی زلهێزە جیهانییەکانەوە. کوردەکان لە دوو پارچە خاوەن حاکمییەتی نافەرمیی بەهێزن و لە داهاتووی نزیکدا وەکو ئەگەرێکی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبن بە خاوەنی حاکمییەتێکی لەو چەشنە. هەڵبەت ئەزموونی باشوور و ڕۆژاوا نیشانی داین کە کورد لە ڕۆژهەڵات گەر دەیهەوێت ئەو ستاستووسە نوێیە بەدەست بهێنێت، پێویستی بە یەکگرتوویی سیاسی، نیزامی و دیپلۆماتییە کە بتوانێت لە پرۆسەی لاوازکردنی حاکمییەتی ناوەندیدا ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت. لەم پارچەیەی کوردستان ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ بەشداریی کاریگەر لە پرۆسەی لاوازکردنی حاکمییەتی ناوەندی ئێران و بە ئاکام گەیاندنی پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ. ئەمە دەتوانێت بەشێک لەو نادڵنیایییەی خۆراوا لەسەر دروستبوونی بشێوی لە دوای گۆڕانی ڕژیم(Regime change) لە ئێران بڕەوێنێتەوە، هاوکات کورد خۆی وەکو ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز نیشان بدات کە جیاواز لە باقیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی جیا لە ئاستی سیاسی لەسەر زەویش لێهاتووە. لە ئاستێکی سەرتردا ئەو دۆخەی ئێستا کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیدا دەژین هەڵگری دەرفەتێکی گەورەی مێژوویییە کە لە دۆخی ئایدیالدا ئەوان دەتوانن لانی کەم لە ئاستی سێ پارچه لە کوردستان بلۆکێکی ژێئۆپۆلتیکی پێک بهێنن. هەروا کە لە سەرەوە باس کرا پێویستیی ئەم قۆناغە کە سەردەمی فیترەتە و نەزمی کۆن ڕووخاوە، بەڵام نەزمی نوێ لەدایک نەبووە، بۆ ئەوەی لە دەستکەوتەکانی نەزمی نوێ بێبەری نەبن، دەبێت بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی پێک بێنن. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، بێگومان نەخشەی ئەمنیی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕدرێت. ئەم بلۆکە خاوەنی چەند تایبەتمەندیی گرینگە: یەکەم بەشێوەیەکی پڕاگماتیک بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی کورددا ئیمکانی کردەوەی نەتەوەیی و دەستەجەمعییان پێ دەبەخشێت بەبێ ئەوەی ناچار بن سنوورە فەرمییەکانی ئەو دەوڵەت نەتەوانەی تێیدان، بگۆڕن. یانی ڕێگەچارەیەکی پڕاگماتیکە کە بەبێ ئەوەی دەستکاریی سنوورەکان بکرێت، کورد دەتوانێت لە ئێستا یان داهاتووی نزیکدا وەکو نەتەوە خاوەن ستاتووس و جێگە و پێگەی خۆی و سیاسەتی خۆی بێت. دووهەم، دەتوانن ژوورێکی دەنگدانەوە(Echo chamber) دروست بکەن کە لەناو ئەم ژوورەدا تەنیا گوێیان لە بەرژەوەندی و بەها هاوبەشەکانی خۆیان بێت و دیوارێکی ئاسنی لەنێوان گوتاری کوردی و ناکوردیدا دروست بکەن، هەر کام لەو بلۆکە ژێئۆپۆلتیکییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بوون، خاوەنی ژوورێکی دەنگدانەوەی بەهێزن کە گوتاری ئەمنی، شوناسی و سیاسی بەهێزیان تێدا دروست کردووە و توانیویانە یەکەیەکی جوغرافیایی و گوتاریی یەکگرتوو لەسەر نەخشەی ناوچەکە لە دەرەوەی سنوورە فەرمییەکان پێک بهێنن. سێهەم، ئەم بلۆکە دەتوانێت هاوپەیمانیی دەوڵەتی لە ئاستی ناوچەکە و لە ئاستی جیهانیش لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی هاوبەش بۆخۆی پەیدا بکات، چونکە لە پاڕادیمی نوێدا ئەمنییەتی جیهانی سروشتێکی ناوچەیی هەیە و زۆربەی مەترسییەکان لە ئاستی ناوچەکە لەسەر ئەمن و ئاسایشی جیهانی دروست دەبن و بێگومان کوردەکان دەتوانن بەشداریی کارایان بێت لە دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەیی و جیهانیدا.
وەکو پێشتر باس کرا، پێشمەرجی دروستکردنی بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی بەلاوەنانی جەبری دەزگایی، پێویستیی درۆزنانە و گۆڕینی ستراکتۆرەکانە لە ڕێگەی ئیمکانی ڕادیکاڵەوە. دەزگاکان(حزبەکان) هەموویان خاوەنی نەرماندنی دەزگایین(Institutional Plasticity) و دەبێت لە بەرانبەر قەیران و گۆڕانەکاندا نەرماندنیان بێت. دەکرێت سەرلەنوێ بنیات بنرێنەوە و ئاراستەیان بگۆڕدرێت و ئەمە دەستەبەر نابێت، مەگەر جەبری مێژوویی و دەزگایی وەلا بنرێت و دەزگاکان وەکو بوونەوەری مێژوویی و خاوەن بەدیل سەیر بکرێن. هاوکات دەبێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی حزبەکان و کۆمەڵگای کوردیش کارا بکرێنەوە. مرۆڤەکان تەنیا بەرکار و ئۆبیکتی دەزگاکان نین، بەڵکو دەتوانن دیزاینەری دەزگاکانیش بن. کەواتە پێشمەرجی دامەزراندنی بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی، گۆڕانی دەزگایییە کە تێیدا حزبەکان، دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان دەگۆڕدرێن بەو دامەزراوانەی کە ئیمکانی خەیاڵی بەکۆمەڵ دابین دەکەن و ئاسۆی سیاسیی نوێ بەرەوڕووی خۆیان و کۆمەڵگای کوردی دەکەنەوە. یۆتۆپیای کوردەکان لەناو جەرگەی وێرانەکانی شکستی یۆتۆپیاکانی ئیسلامگەرایی، پانعەرەبیزم، پانئێرانیزم و…هتد دێتە دەرەوە و لەسەر بنیاتێکی ماددی و مێژووییی ئێستا و ڕابردوو بنیات دەنرێت. ئەم یۆتۆپیایە پرۆسەیەکی داینامیکی و دیالکتیکییە لە گۆڕانی زەینی و دەزگایی کە لە هەناوی ئەم گۆڕانانەوە ئیمکانە ڕاستەقینە ماددی، مرۆڤی و دەزگایییەکانی داهاتوو لەدایک دەبن. کوردەکان گەر دەیانهەوێت لە داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشدار بن، دەبێت سەرەتا گۆڕان لە خۆیاندا دروست بکەن و گەیشتن بەو خاڵە پێویستی بە سەرپێخستنی پرۆسەیەک لە گۆڕانی زەینی و دەزگایییە کە یۆتۆپیا وەکو ئیمکانێکی ماددی لە هەناوی ئەم پرۆسەیەوە دێتە دەرەوە.
شەڕی ژێئۆپۆلتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی ناوچەکە:
ئەو شەڕەی ئێستاکە لە ئارادیە و لە دوای ٧ ئۆکتۆبرەوە چووەتە قۆناغی یەکلاکەرەوە، تەنیا شەڕ نییە لەسەر سنوورەکان و سەرچاوەکان، بەڵکو لە ئاستێکی سەرتردا شەڕی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی نەزمی ناوچەکەیە لەسەر بنەمای شوناس، دەسەڵات و تێگەیشتنی جیاوازە لە داهاتوو. یان ناوچەکە لەژێر هەیمەنەی ئیسلامی سوننە، ئێخوانی و ئیسلامی شێعەدا دەمێنێتەوە یان شوناسی کوردی، دەرووزی، عەلەوی و باقیی شوناسە سەرکوتکراوەکان فەزای حەیاتی و جوغرافیای خەیاڵکراوی خۆیان بنیات دەنێن. ئەم شەڕە دەکرێت لە چوارچێوەی تیۆریی کۆخانووی ئەمنیی ناوچەیی(Regional Security Complex) بوزان(Buzan) بخوێنرێتەوە کە بەباشی پەیوەندیی ئاڵۆزاو و لێکگرێدراوی ئەمنیی ئێران و ئیسڕائیل کە بەتوندی پەیوەندیی هەیە بە هاوپەیمانی گەورەتر لە ناوچەکە کە جۆرێک لە نزیکبوونەوەی عەرەب، کورد، ئیسڕائیلی لە بەرانبەر هاوپەیمانی بەرەی مقاومەتی دروست کردووە و بەتوندی باری ئەمنیی ئەم لایەنانەی پێکەوە گرێ داوە و دەستتێوەردانی ئامریکا دەتوانێت باڵانسی هێزەکان بگۆڕێت. هەروا کە لە دوای ٧ ئۆکتۆبرەوە تا شەڕی ١٢ ڕۆژە نیشانی دا کە ئامریکا کۆتا بزمار لە تابووتی ژێئۆپۆلتیکی فارس- شێعە دەکوتێ. بێگومان شەڕی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی نەزمی جیهانی لە هەناوی ناوچەیەکی زۆر هەستیار و قەیراناوییەوە دەستی پێ کردووە و پرۆسەی لێدان لە ژێئۆپۆلتیکی شێعە لە کۆتا قۆناغەکانی خۆیدایە و یەکێک لە بلۆکە گرینگە ژێئۆپۆلتیکییەکانی ناوچە کە بەشێوەیەکی ترسناک فەزای حەیاتیی کوردی بەرتەسک و سنووردار کردبوو، داڕماوە. ئەوەی ئاشکرایە دەرفەتێکی گرینگی مێژوویی لەبەردەستی وڵاتانی خۆراوا و ئیسڕائیلدایە بۆ سڕینەوەی ژێئپۆلتیکی فارس- شێعە و ئەم وڵاتە لە دوای ١٩٧٩وە لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە. لەوانەیە ئەم دەرفەتە مێژوویییە هیچکات دووپات نەبێتەوە، بێگومان ئەوان ئەم هەلە لەدەست نادەن. ئێران لە ماوەی تەمەنی زیادتر لە چوار دەیەی خۆیدا توانیبووی دیوارێکی ترس(Fear barrier) لەبەرخۆیدا دروست بکات بۆ ئەوەی کەس بیر لە هێرشکردنە سەری نەکاتەوە. بەڵام شەڕی ١٢ ڕۆژە نیشانی دا کە بەهۆی ڕووادوەکانی دوای ٧ ئۆکتۆبرەوە ئەم دیوارە ڕووخاوە، هەر بۆیە بێ هیچ ترسێک و بەئاسانی هێرش دەکرێتە سەر ئێران و ئەم لێدانە لە داهاتووی نزیکیشدا هەر بەردەوام دەبێت. پرۆژەی سڕینەوەی ژێئۆپۆلتیکی فارس- شیعی دوو فازی سەربازی و سیاسی لەخۆ دەگرێت کە فازە سەربازییەکەی لە لوبنان، فەلەستین و سووریە و تاڕادەیەک لە عێراق کۆتایی پێ هاتووە و فازە سیاسییەکەشی لە کۆتاییەکانیدایە. یەمەن بەهۆی بارودۆخی جوغرافیاییی تایبەت کۆتا وێستگەی ئەم بەرە ژێئۆپۆلتیکییەیە کە لەوانەیە دوای گۆڕانی ڕژیم لە ئێران فازی سیاسی و سەربازییەکەی ئەنجام بدرێت. فازی سەربازی و سیاسی بۆ ئێران دەستی پێ کردووە و شەڕی ١٢ ڕۆژە نیشانی دا کە حکومەتی فارس- شیعی لە بەرانبەر فازی سەربازیدا زۆر لاوازە و زۆر بەسانایی بەرەوڕووی ڕووخان دەبێتەوە. هەروەها بەهۆی تەنیاییی ژێئۆپۆلتیکی ئێران کە پێشووتر لە ژێئۆپۆلتیکی بزووتنەوەی ژینادا باسی لێ کرا، لەم شەڕەدا بەڕوونی دەرکەوت ئێران لە کاتی قەیراندا هیچ هاوپەیمانییەکی ستراتیژی نییە، چین پرسی وزەی زۆر بەلاوە گرینگترە و ڕووسیا بەهۆی دەرگیربوونی لە ئۆکراین لە شەڕی ئێران و گرانبوونی نرخی نەوت سوودمەند دەبێت و توانای تێوەگلانی سەربازی لە شوێنێکی دیکە نییە. خاڵی گرینگ لێرەدا فازی سیاسیی پرۆژەی لێدان لە ئێرانە. بە بڕوای زۆرێک لە چاودێران فازی سەربازی دەتوانێت بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە لە لایەن خۆراوا و ئیسڕائیلەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوەی تەماوی و ناڕوونە، فازە سیاسییەکەیەتی. دیارە ئیسڕائیل بەهۆی ئایزۆلەبوونی ڕێژەیی(Relative Isolation) و ناسکبوونی باری جوغرافیایی و ژێئۆپۆلتیکییەوە تەنیا بە ڕووخانی ژێئۆپۆلتیکی فارس- شیعی و گۆڕینی ڕژیم دەتوانێت پرۆژەی ئیسڕائیلی گەورە(Great Israel) جێبەجێ بکات و هەڕەشەی بوونناسانە لە باری شوناسی و کولتوورییەوە لەسەر خۆی لا بەرێ و ئێرادەیەکی بەهێزی لە خۆی نیشان داوە کە کۆتایی بە دۆخی باڵانسی شکست( Balance of the failure) بهێنێت. ئەو دۆخەی لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست حاکمە، هەر بەو بۆنەیەوە کۆهێن(Cohen) بە پشتوێنەی شکاو(Shatter belt) ناوی دەبات کە تێیدا هەموو بکەرەکان بەشێوەی بەردەوام تووشی شکستی بچووک دەبن و هیچ کامەیان توانای سەرکەوتنی ڕەها و هێرشی هەمەلایەنەیان بۆ سەر لایەنەکانی دیکە نییە و ئەمە بارودۆخی نە شەڕ نە ئاشتی سەپاندووە. بەڵام کۆی ئاماژەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن کە ئیسڕائیل دەیهەوێت لانی کەم لە بەرانبەر یەکێک لە بەرەکان(بەرەی ژێئۆپۆلتیکی فارس- شیعی) کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت. هەر وەکو پێشتر ئاماژەی پێ درا بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەیە هێز و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە فازی سیاسیەکەیدایە چونکە فازە سەربازییەکەی ئاڵۆزیی کەمتری هەیە و شیاوی جێبەجێکردنە. ئەوەی ڕاستی بێ، داهاتووی ناوچەکە بەستراوە بە ئاکامەکانی ئەم شەڕەوە، ئەم نووسراوەیە لەو باوەڕەدایە کە ژێئۆپۆلتیکی فارس- شیعی لە درێژخایەندا کۆتایی پێ دەهێنرێت و بێگومان وەکو نموونەی سووریە و ئێراق کورد بەهێزترین کاندیدە بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەم بۆشایییە ژێئۆپۆلتیکییە لە ئاستی ناوچەدا. دوو سێناریۆ چاوەڕوانی ئێران دەکات، یەکەم ئێران لە داهاتووی نزیکدا تووشی لێدانی زۆرتر دەبێتەوە و ئەم لێدانانە دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕژیم. سەردەمدارانی حکومەتی فارس- شیعی گرێبەستی نوێ واژۆ ناکەن، چونکە دەزانن بەستنی پەیمانیش ناتوانێت ڕزگاریان بکات. ئەوان لاواز بوونە و تەنیا یەک بژاردە لەپێشیاندایە و ئەویش تەسلیمبوونی بێ ئەملاوئەولایە(unconditional surrender). بەڵام هەر وەکو پێشتر باسم کرد، کێشەی سەرەکیی ئەم سناریۆیە فازی دووهەم واتە فازە سیاسییەکەیەتی و ئەویش ناڕوونە. لە ڕوانگەی ئامریکاوە مانەوەی ئێران بە لاوازی لە کورتخایەندا باشترە لە بشێویی کۆنترۆڵنەکراو، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئێران هەوڵ بۆ وەدەستهێنانەوەی بازدارەندگیی خۆی بدات و بەشێوەی شاراوە بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بڕوات کە ئەمەش ناوچەکە لە باڵانسی شکستەوە بەرەو باڵانسی تیرۆر (Balance of terror) دەبات و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی بەدیلی سیاسیش لە لایەن خۆراواوە چڕتر بکاتەوە. سێناریۆیەکی دیکە کە دەتوانێت ڕووخانی ڕژیم زیادتر بخاتە دواوە، سیناریۆی جێنشینی ڕێبەری ئێرانە کە بەشێک لە حکومەتی ئێستای ئێران و هەروەها بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزسیۆنی چەپ و ڕاستی فارس – شیعی لە ناوخۆ و دەرەوە پشتیوانی لێ دەکەن. هەڵگەڕانەوەی نەرمی حکومەتی ئێرانە بەرەو خۆراوا لە ڕێگەی هێنانە سەرکاری ڕێبەڕی میانەڕەو کە بتوانن بەر بە ڕووخانی حکومەت و لاوازبوونی تاران وەکو ناوەندی مێژووی فارس- شیعی و دەسەڵات گرتنی شوناسە سەرکوتکراوەکانی جوغرافیای ئێران بگرن. ئەم سیناریۆیە هەرچەند لە کورتخایەندا ئەگەری هەیە، بەڵام لە درێژخایەندا شانسی مانەوەی کەمە، چونکە بەبێ پڕکردنەوەی بۆشاییی ژێئۆپۆلتیکی فارس- شیعی لە باری سیاسییەوە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران لە ئاستی ناوچە لە داهاتوودا بەهێزە و ئەمە بۆ ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە قەبووڵ نەکراوە. لە هەر دوو سێناریۆکەدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە کورتخایەندا ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام لە درێژخایەندا ئەگەرێکی گەورە و بەهێزە و هەر لە ئێستاوە دروستبوونی هاوپەیمانییە نوێیەکان بۆ دواڕۆژی ناوچەکە بەبێ ژێئۆپۆلتیکی فارس-شیعی دەستی پێ کردووە و بێگومان ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێ لە ململانێی ناوچەیی و ئاستی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەکان بەتایبەت لەنێوان تورکیە و ئیسڕائیل و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی دەباتە سەرەوە. بە لاوازبوونی ئێران لە ناوچەکە بێگومان تورکیە و ئیسڕائیل کە هەر دوو هەڵگری دوو پرۆژەی جیاوازی ئابووریی، سیاسی و سەربازیی دژ بە یەک لە چوارچێوەی ئیسڕائیلی گەورە و عوسمانیزمی نوێدان، دەبنە دوو ئەکتۆری سەرەکیی ناوچەکە و بێگومان هەر ئێستاکەش لە ژێرەوە ململانێی گەورە هەیە لەنێوانی ئەم دووهێزەدا بۆ ئەوەی هاوپەیمانیی بەهێز دروست بکەن و کوردیش بە لای خۆیاندا بکێشن. پرۆسەی ئاشتی بەشێکی هەوڵی زیرەکانەی تورکەکان بوو بۆ خۆدوورخستنەوە لە ئاگری ئەم گۆڕانکارییانە و هەروەها پێویستیی پ.ک.ک بە دەربازبوون لەو بنبەستە سیاسی و سەربازییە. ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە لەوانەیە تورک و کورد لەسەر بنەمای پەیمانی ئیدریسی بەتلیسی پێش لە شەڕی چاڵدران و هەروەها هاوپەیمانیی پێش پەیماننامەی لۆزان بۆ دەرپەڕاندنی یوونانییەکان و ئەرمەنییەکان لە دوو پێچی گرینگی مێژووییدا یەکیان گرتبێت کە ئەزموونێکی مێژووییی هاوبەشە بۆ هەردوو لا، بەڵام ئاکامەکانی ئەو دوو یەکگرتنە بۆ کورد کارەساتبار بوو. هەڵبەت دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە بارودۆخی ناوچەکە ئێستا زۆر جیاوازە لە سەردەمی ئەو دوو هاوپەیمانییەی پێشوو و ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت بەشێوەیەکی کاتی بۆ هەر دوو لایەن کایەی براوە- براوە بێت. پ.ک.ک بە هەڵوەشاندنەوەی خۆی بەشێک لە هێزە سیاسی و سەربازییەکانی بخاتە پشتی دوو بەرەی سیاسی- سەربازیی ڕۆژاوا و بەرەی مەدەنی لە باکوور و ئەو دوو بەرەیە بەهێز و سەقامگرتوو بکات. هاوکات بەشێک لە هێزەکانی لە چوارچێوەی پەژاکدا هەڵگەڕێنێتەوە بەرەوڕووی ئێراندا و بەم شێوەیە خۆی داخڵی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە بکات و لەو بنبەستە سیاسی و سەربازییە خۆی ڕزگار بکات. تورکیەش بەشێوەی کاتی خۆی لە پڕیشکەکانی ئەم ئاگرە دوور خستبێتەوە. ئەوەی لەم دۆخەدا گرینگە هەرواکە ئاماژەی پێکرا بە ڕووخان و لاوازبوونی ژێئۆپۆلتیکی فارس- شیعی دەرفەتی گەورە بۆ کوردەکان دێتە پێشەوە. بێگومان کوردەکان لەم قۆناغەدا پێش هەموو شتێک دەبێت لە ڕێگەی پێشخستنی پرۆسەی گۆڕانی زەینی و دەزگایییەوە خۆیان لە باری سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسییەوە بەهێز و یەکگرتوو بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان وەکو کاندیدێکی بەهێز بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە سیاسی و سەربازییە ئامادە بکەن. دواتر دەکرێت بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیاندا بەبێ گۆڕانی سنوورەکان جۆرێک لە حاکمییەتی نافەرمی لە چوارچێوەی بەشێکی گەورە لە خاکی کوردستان بە پێکهێنانی بلۆکی ژیئۆپۆلتیک لە قۆناغی ڕاگوزەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا ڕۆڵی کارا بگێڕن. هەروا کە مۆرگێنتا(Morgenthau, 1948) دەڵێت سیاسەتی نێونەتەوەیی ساحەیەکە بۆ ململانێ و بەدەستهێنانی هێز و دەسەڵات. کوردەکان دەبێت باش بزانن کە لە سەردەمی ژێئۆپۆلتیکی پاش مۆدێرندا کە بە ژێئۆپۆلتیکی شوناس ناسراوە، دەسەڵات چی دیکە ماددی نییە، بەڵکو دەسەڵاتی بەوەکالەت، شوناسی و کولتووریشە و شوناس و کولتووری جیاوازی کوردەکان کە سەردەمانێک پاساوێک بوو بۆ چەوساندنەوە و سەرکوت، ئێستا کاندیدێکی بەهێزە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی دەوڵەتە شکستخواردووە شەڕەنگێزەکان و سەقامگرتوویی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی نەزمی ناوچەکە. پێشخستنی پرۆسەی گۆڕانی زەینی و دەزگایی و دواتر هاوپەیمانیی سیاسی و سەربازی بۆ کوردەکان لە ئاستی ڕۆژهەڵات و لە کۆتاییدا دروستکردنی بلۆکی ژێئۆپۆلتیکی لە ئاستی چەند پارچەی کوردستان لە داهاتووی نزیک و درێژخایەندا خەونێکی خەیاڵپڵاو نییە، بەڵکو بە مانا بلۆخییەکەی یۆتۆپیایەکی کۆنکرێتە(Concrete utopia) کە وەکو پرۆژەیەک دەکرێت هەر لە ئێستەوە لە هەناوی هەڕەشە و تەنگەبەرییەکانەوە بێتە دەرەوە و بە هیوا و ئێرادەی بەهێز و بە پشتبەستن بە ئیمکانییەتی ماددی و مەعنەوییەکانی خۆیان کاری لەسەر بکەن تا سبەینێی کورد خۆی وەکو ئیمکانییەتێکی ڕادیکاڵ بەسەر واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت. ئەگینا کوردەکان لە داهاتوودا دەستکەوتەکانیان تا دوا ئەندازە بچووک و سنووردار دەبێت و بە ناچار پەلکێشی ناو بلۆکە ژێئۆپۆلتیکییەکانی ئەوانی دیکە دەبن و جوغرافیای ترس و تۆقاندن دیسانەوە بەشێک دەبێت لە ژیانی سیاسیی ئەوان و لەمەدا خۆیان گەورەترین پشکیان بەر دەکەوێت. بێگومان تاقە ڕێگە بۆ ئەوەی بزانین دەستکەوتی کوردەکان لە دواڕۆژی پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا چەند گەورەیە، ئەوەیە کە دەبێت گوێمان لە بیرەوەرییەکانی سبەینێ بێت.
وتارەکانی تر
Nothing Found

