نۆستالۆژیای داگیرکراوان
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک، دووهەمین سمینار لە زنجیرە سێمینارەکانی ساڵی ٢٠٢٤، لەژێر ناونیشانی ” نۆستالۆژیای داگیرکراوان” بەڕێوە دەبات.
سێمیناری دووهەم لەگەڵ مەسعوود بابایی، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری بواری فەلسەفە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ی کوردی (٢٢ی سبتامبری ٢٠٢٤ ز.) کاتژمێر ٢٠:٣٠ بە کاتی کرماشان بەڕێوە دەچێت. مەسعوود بابایی بەکالریۆسی زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە. بابایی خاوەن چەندین بەرهەمی چاپکراو لە بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی، کۆمەڵناسی و فەلسەفەیە و هەر لەو بوارانەشدا بە وەرگێڕانی چەندین کتێب، جێ پەنجەی لەنێو کتێبخانەی کوردیدا دیارە.
نۆستالۆژیای داگیرکراوان سەردێڕی دوواهەمین لێکۆڵینەوەی باباییە کە لە بەشی زنجیرە لێکۆڵینەوەکانی تیشک بڵاوکراوەتەوە و ئەم سمینارە لەلایەن ئارام کەیخوسرەوی، دەرچووی بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی خارەزمی تاران، بەڕێوە دەچێت. زمانی سێمینارەکە بە کوردی دەبێت و کاتژمێر ١٩ی ئێوارە بەکاتی ناوەندیی ئەورووپا لە پلەتفۆڕمی زووم دەستپێئەکات.
ڕێزبەندی سێمینارەکە بەم شێوەیە دەبێت:
ناساندنی مەسعوود بابایی؛ پێشکەشکردنی سێمینارەکە لەلایەن بابایی؛ گفتوگۆ لەسەر بابەتی سێمینارەکە؛ پرسیار و وەڵام. کۆی سێمینارەکە نزیک یەک کاتژمێر دەخایەنێت.
زنجیرە سمینارەکانی تیشک
زنجیرە سمینارەکانی تیشک
نۆستالۆژیای داگیرکراوان
پوختەی توێژینەوەی “نۆستالۆژیای داگیرکراوان”
توێژینەوەی “نۆستالۆژیای داگیرکراوان” لە نووسینی مەسعوود بابایی، شیکاری بۆ هەستی قووڵی نۆستالۆژیا و تامەزرۆیی نیشتمان دەکات کە ئەدەب و بەتایبەت ئەدەبی کوردی گرتۆتەوە. ئەم خۆلیایە کە لە بەرهەمە کۆنەکانی وەک ئۆدیسێی هۆمەرەوە دیارە، بابەتێکی بەرچاوە لە گێڕانەوەی کوردیدا. “مەم و ژین”ی ئەحمەدی خانی نموونەی خواستی پاراستنی شوناسی کولتووری لە ڕێگەی زمان و ئەدەبی کوردییەوە نیشان دەدات. نۆستالژیی داگیرکراو دەرچوونە لە داگیرکراوی، هەر بۆیە ئەو دەیهەوێت نیشتمانێک لە خەیاڵدا بنیات بنێتەوە کە شەڕی گێڕانەوەی زاڵی داگیرکەری پێ بکات کە لە ڕێی میدیا، پەروەردە و دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی داگیرکەرەوە بەدامەزراوەیی دەکرێت. ئەگەر لە جیهانی خۆشبژیوی ڕۆژئاواییدا نۆستالژیبوون هەندێکجار بە واتای دەرچوون لە پێوەندی، پاشڤەڕۆبوون و تەنانت بێز لەبێگانەش لێکدەدرێتەوە، بۆ داگیرکراو دروستکردنەوەی پێوەندییە لەگەڵ ژینگە، هەست، یادەوەری و زێد.
ڕوانگەیەک کە لەبارەی “نۆستالۆژیا” لەم وتارەدا خراوەتە ڕوو، لە پێوەندی لەگەڵ “گێڕانەوە”دا خراوەتە بەرباس. بەڵام “گێڕانەوە” بەشێوەیەکی بەرین، نەک تەنیا وەک بابەتێکی ئەدەبی، خراوەتە بەرباس. پێوەندیی “یادگە” و گێڕانەوە” و ئەم پرسیارە کە ئاخۆ “گێڕانەوە” یادگە دروست دەکات یان “یادگە” گێڕانەوە بەرهەم دەهێنێت، پرسیارێکی ئاسان نییە. ڕەنگە بتوانین بڵێین پێوەندییەکی دیالکتیکی لە نێوان هەردووکیاندا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی “ڕوودان” و “ڕووداو”، دەتوانین لە سەنگی “گێڕانەوە” لە درووستبوونی “یادگە” تێبگەین کە خاڵێکە بۆ بیرکردنەوەی خوێنەران لەبارەی ئەم بابەتەوە.
زنجیرە سمینارەکانی تیشک لەسەر کاناڵی یووتیوبی ناوەند
زنجیرە سمینارەکانی تیشک
لە فەیسبووک بمانبینەوە