بانگەوازی «ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ـ تیشک» بۆ پڕۆژەی: وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا

بانگەوازی «ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ـ تیشک» بۆ پڕۆژەی: وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا

٣٧ ساڵ بەسەر تیرۆری دکتۆر عەبدوڵڕەحمانی قاسملوودا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەوەی دکتۆر قاسملووی لە کۆیادی کۆمەڵگای کوردستاندا بە زیندوویی هێشتووەتەوە، تەنیا نووسین یان ڕۆڵی مێژوویی ئەو ڕێبەرە گەورە نییە، بەڵکوو وێنایەکە کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، لە هزر و زمانی خەڵکدا دروست بووە و نەوە دوای نەوە گوازراوەتەوە. ئەم وێنەیە بەشێکە لە کۆیادی کوردستان؛ کۆیادێک کە لە گێڕانەوەی زارەکی، بیرەوەرییەکان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ، ئاخافتنی ڕۆژانە، قوتابخانەکان، زانکۆکان، شوێنی کار، گوند، شارەکان، ئەنجومەنە ئەدەبی و کولتوورییەکان و تەنانەت لە ڕوانگە و گێڕانەوەی خەڵکی دەرەوەی کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ـ تیشک بە بۆنەی ٣٧مین ساڵڕۆژی تیرۆری دکتۆر قاسملوو، داوا لە نووسەران، ئەکادیمیسییەن، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەکات کە لە پڕۆژەی ((وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا)) بەشدار بن. ئامانجی ئەم بانگەوازە کۆکردنەوەی ئەو بیرەوەری و گێڕانەوانەیە بۆ دەرخستنی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کۆمەڵگەی کوردستاندا.
نووسینەکانتان دەکرێ لەسەر بنەمای گێڕانەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خۆتان و بیرەوەرییەکانتان بێت، یان لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ڕوانگە و وێنای خۆتان و خەڵکی تر لەسەر دکتۆر قاسملوو بێت. بۆ نموونە دەتوانن وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە:
١. یەکەم وێنە یان بیرەوەریی دکتۆر قاسملوو لای ئێوە چ کاتێک و چۆن بووە؟
٢. لە پێشمەرگایەتی و خەبات، لە ماڵەوە، قوتابخانە، زانکۆ، شوێنی کار، شار یان گوندەکەتان چ شتێکتان لەسەر دکتۆر قاسملوو بینیوە یان بیستووە؟
٣. لە پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ خەڵکی غەیری کورد، ڕوانگەی ئەوان لەسەر دکتۆر قاسملوو چی بووە؟
٤. چ تایبەتمەندییەکی دکتۆر قاسملوو زیاتر لەناو یادگەی ئێوە و خەڵکدا زەق و بەرچاو بووە؟
ئامانجی سەرەکیی ئەم بانگەوازە تۆمارکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یان گێڕانەوەی ئێوەیە لەسەر دکتۆر قاسملوو، نەک نووسینەوەی ڕووداوێکی مێژوویی. هەر گێڕانەوەیەک، هەر بیرەوەرییەک و هەر پەیوەندییەک بەشێکە لە مێژووی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخی کوردستان و دەتوانێ لەپاڵ گێڕانەوەکانی دیکەدا وێنەیەکی ڕوونتر لە دکتۆر قاسملوو لە زەینی کۆمەڵگا بخاتە ڕوو.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ـ تیشک هیوادارە کۆی ئەم نووسین و وتارانەی ئێوە لەم پەیوەندییەدا، جگە لە ڕێزگرتن لە یاد و هزری دکتۆر قاسملوو، ببێتە سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو لە بواری مێژووی زارەکی.
داوا لە هەموو خۆشەویستان دەکەین نووسینەکانی خۆیان بنێرن بۆ «ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ـ تیشک» کە دوای تاوتوێکردن لە زنجیرەیەکی تایبەت بە ٣٧مین ساڵڕۆژی تیرۆری دکتۆر قاسملوودا بڵاو دەکرێنەوە.
تکایە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:
ژمارەی وشەی نووسینەکان نابێ لە ٢٠٠٠ وشە زیاتر بێت.
نووسینەکان دەبێ لە چوارچێوەی پلانی بانگەوازەکەدا بن.
ئەم پڕۆژەیە لە ئێستاوە دەست پێ دەکات و لە ساڵی ٢٠٢٦دا بەردەوام دەبێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٦ی پووشپەڕی  ٢٧٢٦ی کوردی