ئاگر لە تاران، دووکەڵ لە شام
کوردستان لە سایەی پرۆژەی مێگای ئەمریکاوە
هەردی مەهدی میکە
ئاگر لە تاران، دووکەڵ لە شام
کوردستان لە سایەی پرۆژەی مێگای ئەمریکاوە
بۆچی قەسەدە تەواوکرا؟ ئایا ئەمریکا پشتی تێکردین یان ئێمە ڕوومانکردەوە پشتتێکراوەکان؟
ئەوەی ئەمریکا ٣٥ ساڵە بۆ باشووری کوردستانی دەکات لەوە زیاتر ناکرێت، ئەمەش وەک پڕۆژەی خێرخوازی و خێر نا، بەڵکو ئەمە هەم نیشانەی وریابوونەوەی کورد(هەرێم) بووە و هەم نیشانەی تێگەیشتنی سیاسیی کورد و ئەمریکا بوو، کە فێربووین دەکرێت براوە-براوە هێز و توانا و هەڵوێست هاوبەرژەوەندیی بن لەگەڵ جەمسەرە براوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکادا. هەرێمی کوردستان لە سەرجەم ئەزمونەکانی بزوتنەوەیی ڕزگارییخوازیی کوردستاندا، تەمەندرێژترینە و ئەزمونێکی سەرکەوتووانەی لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا ڕاگرتووە. ئەمە سەرەڕای تێبینی و خوارووخێچییەکان دەبێت زیاتر پەرەی پێبدرێت.
بۆ کورد گرنگە ئەم ناونیشانە کلیلیە دەرک بکات: ستراتیژی سەرەکی ئێستای ئەمریکا سەرقاڵی گۆڕین یان لادانی لوتکەی هەرەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئەمە بڕیاری ئێستا نییە هی بەرنامەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکەیەتی و هەموو ڕۆژێک لە دوای دەرچوونەوەی کاری لەسەر دەکات. پێویستیی بە تەختکردن و سافکردنی گۆڕاوەکانی نێوچەکەیە، کێ یارە بەشدارە و کێش نەیارە و بەرپێ دەگرێ لەسەر ڕێ لادەدرێت یان سڕ دەکرێت.
ترەمپ بەر لەکۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی، دەیەوێت سەرێک لە تاران بداتەوە و پڕۆژە ناتەواوەکەی بخاتەوەگەڕ، وەک چۆن ساڵێک پێش هاتنی ڕوحەڵا خومەینی و بوونە ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیزەکراوی ئێران، (ئەوکات تەمەنی ٣٨ ساڵ بوو- بڕوانە وێنەی هاوپێچ) ڕۆشتە تاران ١٩٧٨ و بناغەی پرۆژەی بازرگانی دانا، بەڵام شۆڕش و کۆمارەکە لێی تێکدا. ئێستا دەیەوێت بچێتەوە بۆ تەواوکاریی و کردنەوەی ئەو گرێ ٤٧ ساڵییەی.
بۆ ئەمەش هەموو بەربەستێک پێشێل دەکات، ئەمە وەک کەسێتی، وەک وڵاتەکەشی ئەوا ٤٧ ساڵە ئێران بەرامبەر ئەمریکا خۆی نمایش کردووە و پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەو خۆی لەقەڵەم دەدات. بۆیە وەک وڵاتیش ئیتر ئەمریکیەکان بە کۆماری و دیموکراتەوە باوەڕیان بە چارەکردنی ئەم گرێ نیوسەدەییە(بەنزیکەیی) هەیە.
ڕوون دیارە هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیەنراوی تازەی شام-ئەنکەرە-واشتنتۆن لە کابینەی ترەمپ شێوەی گرتووە و جێکەوتەی لە سوریا جێهێشتووە و ڕۆڵی زیاتریشی دەبێت، ئەندازیاری ئەم هاوپەیمانێتییە تۆم باراک-ە کە باوەڕی بە گێڕانەوەی عوسمانیزمی کولتووری بۆ نێوچەکە و نینۆککردنی ئێران هەیە.
بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، سوننەی عێراق و سوریا (ئەحمەد شەرع) بەڵێنیانداوەتە تۆم باراک(نێردەی ئەمریکا) ببنە بەشێک لە قەڵغانی هێرشبەر و بەرەنگاربوونەوەی حەشدی شەعبیی عێراق و باڵەکانی سوپای قودس، وەک دیاریشە بوونەتە بەشێک لە پرۆژەی مێگاکەی ئەمریکا بۆ ئێران و عێراق (Make Iran great again)و(Make Iraq great again) MIGA# .
لەمەدا گەر قەسەدە و پەیەدە جێی خۆیانبکردایەتەوە ئەوا ڕەنگ بوو ڕۆژئاوا دۆخێکی تری هەبووایە جیا لەوەی ئێستا، بەڵام لەبەر دوو هۆکار قورس بوو و ئەمە ڕووی نەدا: یەکەم سەختە تورکیا بهێڵێت کورد لە هاوکێشەیەکی وادا جێبگرێت، دووەم سەختترە قەندیلی ئایدۆلۆژی و ئامانجگەرای بیر چەپ بیری خۆی وەرچەرخێنێ و دەست لە نزیکایەتیی بلۆکی ئێرانی هەڵبگرێت و ڕێگە بدات پەیەدە و قەسەدە هەنگاوێکی وا هەڵبگرن. ئیتر ڕۆژئاوا دووجار بووە قوربانی.
لە بری هیلالی شیعی کەەوانەی سوننی
بۆ زەمینەسازیی مێگای ئەمریکی لە عێراق و ئێران پێویستە سوریا واتە ئەحمەد شەرع و هاوپەیمانەکانی بە گوێڕایەڵی ئیسرائیل و تورکیا بن و لەبەرامبەردا خۆیان بمێننەوە، مێگای عێراق واتە بەعس و داعش و سوننەی پەراوێزی پرۆسەی سیاسیی عێراق (بە عەبای سوننیچێتییەوە) بۆ نێوەڕاست و نێوچەی جێناکۆک دێننەوە و حەشدی شەعبی بچوک و قەتیس یان دەیتوێننەوە و شیعەی عەرەبی (نەک وەلایی) جێی پرۆ ئێرانییەکان دەگرێتەوە، بەمەش «کەوانەی سوننی» جێی هیلالی شیعی دەگرێتەوە بۆ پشتیوانی «هاوپەیمانێتیی ڕانەگەیەنراوی ئەنکەرە-دیمەشق-واشنتۆن»، کەوانەک لە حەلەبەوە تا ئەنبار دەچەمێتەوە. ئەڵبەت ئەمە باسی ئامانجەکەیە ئیتر جێگرتن و سەرگرتنی دەکەوێتە سەر کەتوار و گۆڕاوە سیاسییەکان و هاوبەشەکان و توانای نەیارەکان.
لەم ستراتیژە بنەڕەتییەی ئەمریکادا (گۆڕینی سیستەمی سیاسیی تاران)، ڕۆژئاوا و بەتایبەت پەیوەندیی سیاسیی قەندیل و تاران و باری ئایدۆلۆژیی قەندیل کە ڕێگەی نەدا قەسەدە و پەیەدە بچنە ئەم هاوکێشەیەوە و تورکیاش بەهەلی زانی. بۆیە بە ئیرادە و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، زوو بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا لە چێوەی ستراتیژی ئەمریکا بۆ ئێران نەبێتە سەرئێشە و بۆ ئایندەی تورکیا و شامیش نەبنە مۆتەکە، ڕۆژئاوایان لە قاوغ دا و دوور نییە قەندیلیش وا لێبکەن (لە ڕێی پێواژووی ئۆجەلانەوە) و ڕامتری بکەن یان ببێتە جەمسەری شەڕ و مۆڵگەی بەرەنگاری و پەنای ئێران.
چونکە باوەڕێک لای ئەمریکییەکان هێشتا بەکارە کە گوایە: «قەندیل لە بەرەی تیرۆرە و بەشێک بووە لە پرۆژەی هیلالی شیعی و دوورنییە لە ئانی لێدانی ئێراندا قەندیل سەرئێشە دروستبکات!».
هەرێم لەمەدا هاوکاریان بێت بابەتێکە و بیری وردی دەوێت، بێلایەن بێت و هاوکاریان نەبێت هەر یەک شتە و دوور نییە (خوا نەکردە) وەک ڕۆژئاوا بچوک بکرێتەوە.
بەکورتی ئەمریکا گۆڕەپانەکەی وا یەک بەیەک لە لوبنان و یەمەن و شامەوە تەخت کرد بۆ ئامانجە ئەسڵەکەی (لێدانی ئێران چ لە نێوخۆوە بێت یان گورزی دەرەکی). ماوەتەوە نێوەڕاست و باشووری عێراق بڕیاربدەن بۆ هاوکاریی لە گۆڕینی ئێران یان پرژی مێگا بەر ئەمانیش بکەوێت.
ئایا ئەمریکا خیانەتی کردووە؟
ئەم پرسیارە لەوە سەرچاوە دەگرێت گوایە نسکۆی ١٩٧٥ی باشوور بە هۆی پشتێکردنی ئەمریکا بوو، لە کاتێکدا ئەم پرسیارە خۆی هەڵەیە بۆیە وەڵامەکەشی هەرچی بێت هەر هەڵەیە.
دەبێت پرسیارەکە ئاوا بکەین ئایا شۆڕشی ئەیلول تا ١٩٧٥ ئەمریکا پشتیوانی بووە تا پشتی تێبکات؟ ئایا ئەمریکا پشتیوانی ئێران بوو یان پشتیوانی شۆڕشی کوردان؟
گەر بەبەڵگەنامەکاندا بگەڕێن ئەو ڕاستیە سادە دەبینرێت کە ئەمریکا پشتیوانی ڕەزاشا و ئێران بوو نەک مستەفا بارزانی و کوردستان. بەڵگەکان ڕوون پێمان دەڵێن کۆمەکی سیاسی و دارایی شۆڕش و لایەنگریی شۆڕشی کورد لەسەر داوای حەمەڕەزاشای ئێران بووە و خودی پارەی ئەمریکاش کە دراوەتە کورد پارەی نەوتی ئێران بووە و محەمەد ڕەزاشا دابینی کردووە، بۆ ئەوەی کورد بکاتە کارتێک بۆ فشار لەسەر عێراق و لە میدیای ئێرانیشدا وا نیشانی کوردی بدات کە ئەمریکا پشتیوانی کوردە و ئەم بناغە پووچەی تێگەیشتنە وای کرد ڕای گشتیی کورد چەواشە تێبگات و وابزانێت ئەمریکا پشتیوانییەتی، ئەمەش لە سەرەتای حەفتاکاندا لەلایەن جێگری سەرۆکی CIAەوە بە خودی وەفدی کوردی لە ئەمریکا وترا کە کاک مەسعود بارزانی یەکێک بوو لە ئەندامانی وەفدەکە.
ئێستا کەمێک وێنەکە ڕوونبوویەوە، با بپرسینەوە ئایا ئەزموونی ڕۆژئاوا و نسکۆی ١٩٧٥ لەیەک دەچن؟ بێگومان لە هەندێ ڕووەوە بەڵێ، لەوەدا هەردووکیان سەرەتا ئێران لە پشتیان بوو و ڕۆژئاواش سەرەتاکەی بە ئەندازیاریی ئێرانی-ڕووسی سەرپەرشتیی پڕچەککردنی کرا و لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەدی سوریا هەماهەنگیان بۆ ڕێکخرا و بە ڕێککەوتنێک لە زۆر نێوچەدا حکومەتی ئەسەد کشایەوە بۆ پەیەدە و قەسەدە.
گرنگتر بۆ هەرێم
وەک باسکرا ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ سەرقاڵی ئێرانن، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە ڕۆژ بژمێرە و پرسی گۆڕین یان لاواترکردنی ئێران دەستپێدەکاتەوە یان لێیدەدرێت، لە سێ سیناریۆ زیاتریان پێ نییە بۆ تاران: گۆڕین، لاوازکردن و دووبارەکردنەوەی ئەزموونی عێراقی ١٩٩١ و دروستکردنی زۆنی ئارام بۆ ئۆپۆزسیۆن(ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لە بژاردەکانە)، یان کودەتایەک لە هەرەمی دەسەڵاتدا.
بۆ دەوڵەت و هێزە هەرێمی و ئایدۆلۆژی و مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەییەکانی دەوروبەری ئێرانیش دوو بژاردە زێدەتر نییە: یان لەگەڵی دەبیت و هاوبەش دەبیت و پشک و جێپەنجەت دەبێت لە ئایندەی نێوچەکەدا یان لە قاڵبدراو و پەراوێزی و دوور نییە سفربوونەوەش!
دەمێنێتەوە هەرێم و تاقیکردنەوە نوێکەی بەردەمی!
گرنگە ڕایگشتی چەواشە نەکرێ بەوەی سادەبیرانە بوترێت: ئەمریکا هیچ بۆ کورد ناکات و خیانەتی لێ دەکات لەکاتێکدا هیچ بنەمایەکی لۆژیکی نییە و قسە بێمانا و ڕیتۆریکی میدیای تورکی و ئێرانییە خراوەتەسەر دەمی کوردان کە ئەمریکا هەمیشە پشت لە کورد دەکات! شەقام بە عاتیفە و دروشمبازیی و قسەی ئاسان پڕ نەکرێت تا ئەوەش کە هەمانە لەدەست دەرنەچێت.
چونکە لە کەتواردا ئەمریکا هیچ نەماوە بۆ کوردستانی نەکات(ئەو کوردستانیانەی لە هاوکێشەی ئەمریکادا جێی خۆیان کردووەتەوە)، ٣٥ ساڵە ئەمریکا نەبووایە حاڵی شارەکانی هەرێم بەدەست تورک و فارس و عەرەب وەک سنە و کرماشان و قامیشلی و دیاربەکر دەبوو، کە کوردبوون تێیدا بە مانا ڕاستینە شوناسی و ئیرادییەکەی تیایاندا قەدەغەیە. هەر بەڕاست گەر ئەمریکا نەبێت ئێمە هەرێمان دەمێنێت و دەبێت؟!
خاتەمی نەرمترینی ئێرانی بوو ساڵی ١٩٩٨ چووە شام و بە حافیز ئەسەدی وت با هەرێم کۆتایی پێبهێنین و نەبێتە هەوێن بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣٠ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
مەهدی میکە، هەردی(٢٠٢٦):ئاگر لە تاران، دووکەڵ لە شام، کوردستان لە سایەی پرۆژەی مێگای ئەمریکاوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات…
بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات... ئازاد نارستی بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات... بوودجەی ساڵی ١٤٠٥ لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێرانەوە، لە کاتێکدا ڕەوانەی پەرلەمان [...]
عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا
عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ئاگری ئیسماعیلنژاد عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بەهاری عەرەبی، سەرەتای بناغەی ڕەوتێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بوو؛ سیاسەتێک کە تێیدا تیۆریی "گرژیی سفر"ی ئەحمەد داودئۆغلوو وەلا نرا و [...]
سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد
سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد لوقمان قەنبەری سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد ئەمڕۆ جیهانگیری تێگەیشتنی ئێمەی لە سیاسەت و سروشتی کارلێکی نێوان ئەکتەرەکان لە گۆڕەپانە سیاسییەکاندا بە تەواوی گۆڕیوە. لە ڕوانگەی نەریتیی سیاسەتدا [...]
جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛
جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛ لوقمان قەنبەری جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛ وەرگیراوە لە کتێبی «جیهانیبوون و ناسیۆنالیزمی کوردی»، نوێترین بەرهەمی لۆقمان قەنبەری، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان. [...]
کورد، مافی مرۆڤ و جیهانگیری
کورد، مافی مرۆڤ و جیهانگیری لوقمان قەنبەری پاراستنی بەها و کەرامەتی سروشتیی هەر تاکێک بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو زۆر گرنگە، چونکە هەر پێشێلکردنێک بۆ ئەم کەرامەتە دەتوانێت لێکەوتەی بەرچاوی بۆ تاکەکان [...]
زمان و نەتەوە
زمان و نەتەوە ئەشکان باوەڕ زمان و نەتەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زمانەوانیدا دوو چەمکی بنەڕەتین کە لە پێکهێنانی شوناسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵدا ڕۆڵی یەکتر دەگێڕن. زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، [...]







