ئێسقانی زمان
دانا حەمید
ئێسقانی زمان
نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە کەبابخانە، ئەو جوانی و قەرەباڵغییەی جارانی نەماوە. دانیشتبووم چام دەخواردەوە، پیاوێکی قۆز و سەروڕیش سپی، لە تەنیشتمەوە دانیشت و سڵاوی کرد، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، پاشان کەوتینە دەمەتەقێی پچڕ پچڕ دەربارەی هەندێک بابەتی جیاواز و دوایی هاتە سەر باسی زمان و ڕستەیەکی کورت و پوختی وت: کە لە دەربڕیندا سادە بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ واتا بوو. تێڕوانینی منی بۆ زمان لەو کاتەدا کەمێک وروژاند و وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، کە لە زاری مامۆستایەکی خانەنشینەوە دەرچوو، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سروشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا.
ئێسقان، ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە بوونی بایۆلۆجیی ئێمە ڕادەگرێت؛ لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە و شێوەی کۆتایی جەستە دیاری دەکات. زمانیش، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ قەوارە، هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناس. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (جوگرافیا و خاک) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدایە و گۆشتی جەستەکە (شارستانیەت و کەلتور) ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن دەبێتەوە، زمان وەک تاکە ئێسکەپەیکەری ئەبەدیی و نەمر ماوەتەوە و شوناسی کوردیی لە داڕمانی مێژوویی پاراستووە. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ئامرازی سادەیی پەیوەندییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی زگماکیی بیرکردنەوە؛ ئەو نەخشە جیناتییە کەلتورییەی کە لە قووڵایی ناخی هەر تاکێکدا چێنراوە و جیهانبینیی ئەو تاکە دادەڕێژێت. زمان لێرەدا دەبێتە ماڵی بوون، ئەو شوێنەی کە مرۆڤی کورد تێیدا هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە و جیهان بۆ خۆی مانا دەکاتەوە. هەر بۆیە، پاراستنی ئەم ئێسقانە تەنیا پاراستنی فەرهەنگێک نییە، بەڵکو پاراستنی شێوازێکی تایبەتە لە بوون و هەبوون لەم جیهانەدا.
مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەم گوزارشتە ڕادیکاڵە، زمان لە دۆخی بەرگریی ناکارا و خۆپارێزییەوە دەکاتە چەکێکی مەعریفی هێرشبەر. لێرەدا، زمان چیتر تەنیا ئەو قەڵا و پەناگەیە نییە کە بۆ پاراستنی ناسنامە خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، بەڵکو دەبێتە ئەو ماددە خاوە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستمە فیکرییەی هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەمە گواستنەوەیە لە «زمانی ماڵ» و دڵدانەوەی ناوخۆیی، بۆ «زمانی مەیدان» و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی؛ لە کەرەستەیەک بۆ تەنیا مانەوە، بۆ ئامرازێک بە ئاڕاستەی سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی کەلتوریی سەپێنراودا.
کاتێک زمان لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و شیعری کلاسیکدا قەتیس نامێنێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە زمانی بەرهەمهێنانی هزر، شیعری چڕ و ورد، تەکنۆلۆژیای سەردەم، ئەو «ئێسقانە» لە دۆخی وەستاو و بەرگریکارانە دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بزوێنەری داهێنەر. ئەو کاتە، زمان تەنیا گێڕەرەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەبێتە دروستکەری مێژوو و داڕێژەری ئایندە. هێزێک کە نەک هەر خۆی دەپارێزێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە سنوورەکانی هەژموونی فیکریی داگیرکەر ببەزێنێت، چەمک و زاراوەی خۆی بخوڵقێنێت، و بوونی خۆی وەک حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر لەسەر نەخشەی مەعریفەی جیهان بچەسپێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ئیسقانی زمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
بزووتنەوەی کوردستان و پرسی سەروەریخوازی
وتووێژ بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی نەبی، سەربەست (٢٠٢٥):بزووتنەوەی کوردستان و پرسی سەروەریخوازی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
لهپێناو سهنتێزێکی سیاسی بۆ رۆژههڵاتی کوردستان :سهروهریخوازی وهک رێگاچارهی نالێکی له دروشمی ستراتژیدا
وتار لهپێناو سهنتێزێکی سیاسی بۆ رۆژههڵاتی کوردستان :سهروهریخوازی وهک رێگاچارهی نالێکی له دروشمی ستراتژیدا بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ ئاماژە ئەم وتارە لە ژمارەی نوێی گۆڤاری تیشک(ژمارەی ۷۱) [...]
کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ٢٠٢٥
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی قارەمانی، حەسەن (٢٠٢٥): کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ٢٠٢٥. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - [...]
برایەتیی تورک-کورد لە نێوان باڵادەستی و پاراستنی هێزدا: لێکدانەوەیەکی دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی لە زمان بەڕێز ئۆجەلانەوە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ی کوردی سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٤): برایەتیی تورک-کورد لە نێوان باڵادەستی و پاراستنی هێزدا: لێکدانەوەیەکی دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی [...]
تحلیل و بررسی توافق آتشبس اسرائیل در لبنان و پیامدهای آن برای امنیت خاورمیانه
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ی کوردی کرماشانی، هژار (٢٠٢٤): تحلیل و بررسی توافق آتشبس اسرائیل در لبنان و پیامدهای آن برای امنیت [...]
ئەگەر ترامپ….؟!
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی شەریفی، ساکۆ (٢٠٢٤): ئەگەر ترامپ ...؟!. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان تیشک. [...]







