گوتاری تاران، لە نێوان شۆکی شەڕ و تاکتیکی مانەوەدا 

پێشەوا عەلیپوور

گوتاری تاران، لە نێوان شۆکی شەڕ و تاکتیکی مانەوەدا

 

پاش تێپەڕینی ۷ ڕۆژ بەسەر دەستپێکی گۆڕانکارییە سەربازییەکان و شڵەژانی ناوخۆیی ڕێژیم، مەسعوود پزیشکیان لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کتوپڕدا، ڕووی گوتارەکەی ئاراستەی حیزبە کوردستانییەکان و وڵاتانی دراوسێ کرد. ئەم پەیامە کە لەژێر گوشاری قەیراندا دەرچوو، هێشتا مەرەکەبەکەی وشک نەببووەوە کە لە لایەن “مۆحسینی ئێژەیی” و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕەخنەی لێ گیرا و بەشێکی ڕەت کرایەوە. ئەوەی لەم نێوەندەدا جێی تێڕامانی سیاسییە، گۆڕینی کتوپڕی تۆنی ئاخاوتنی سەرۆک‌کۆمار بوو؛ ئەو بەبێ بەکارهێنانی چەمکە باوەکانی وەک “جیاخوازی”، بە زمانێکی نەرم و لێپاڕانەوە داوای چارەسەری کێشەکانی دەکرد. هاوکات “لاریجانی”یش، بە “ناوخۆیی” ناساندنی پرسی کورد، هەوڵی دا لە زبریی گوتاری چەند دەیەی ڕابردووی ناوەند کەم بکاتەوە.

بەرپەرچدانەوەی ئەم گوتارە پێویستی بە وردبوونەوە لە مێژوو هەیە؛ دەبێ بە ڕاشکاوی بە کاربەدەستانی تاران بگوترێ: “ئەم خەنەیە ڕەنگی نەماوە”. ئەم گۆڕانکارییە لە ئاستی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی‌دا، لە کاتێکدا وڵات لە شەڕێکی پڕتێچوودا چەقیوە و ڕێبەرانی پلە یەکی تێرۆر کراون، بە هیچ شێوەیەک “وەرچەرخانێکی ستراتیژی” نییە، بەڵکوو تەنیا “تاکتیکی مانەوە”یە لە لێواری ڕووخانی ڕێژیمدا، کە دەکرێ لەم چەند خاڵەدا کورتی بکەینەوە:

١. پارادۆکسی یەکڕیزی و پێکهاتەی دەسەڵات:

ئەو کاربەدەستانەی لە کاتی قەیراندا پەنا بۆ چەمکی “یەکڕیزی” دەبەن، دەبێ بزانن یەکگرتوویی بە “زمانبازی” و کایەکردن بە وشە نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە “ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا” هەیە. ئەزموونی ٤٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەلماندوویەتی کە تاران تەنیا کاتێک دەست بۆ “دیالۆگ” درێژ دەکات کە پێگەی لەرزۆک بێت؛ هەر کە جێی پێی قایم بووەوە، وەڵامی داخوازییەکانی کوردی بە سیاسەتی سەرکوت و  “فتوای جیهاد” داوەتەوە. ئەمە “سندرۆمی ناوەندگەراییە” کە پێی وایە دەسەڵات تەنیا موڵکی نەتەوەی باڵادەستە و پێویستە نەتەوەکانی دیکە لە ناو “ئێرانیزم”ێکی سەپێنراودا بتوێنەوە. یەکێتیی ڕاستەقینە تەنیا بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، کشانەوەی سوپای داگیرکەر لە کوردستان و بەڕەسمی ناسینی مافی ئیدارەدانی نەتەوەکان لەسەر خاکی خۆیان دەست پێ دەکات.

٢. دابەزاندنی مافە نەتەوەییەکان بۆ “گازندە”:

حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تاران، سەد ساڵە بە سیستماتیک و شێوازێکی ڕێکخراو،  خەریکی چەوساندنەوەی نەتەوەی کوردن. ڕێبەرانی ئێمەیان لەسەر مێزی دانوستان تێرۆر کرد و بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر خاکی کوردستان، کەچی ئێستا پزیشکیان زۆر نابەرپرسانە و چەواشەکارانە،  ئەم مێژووە پڕ لە خوێنە بە “گلەیی” ناو لێ دەبات! دابەزاندنی پرسی نەتەوەیەک بۆ ئاستی “ناکۆکیی ناوخۆیی”، نیشانەی تێنەگەیشتنە لە قووڵیی قەیرانی “ناسنامە” و پرسی نەتەوایەتی لە ئێراندا. ئەوەی لەم نیو سەدەیەدا ڕووی داوە “کێشەیەکی سادە” نییە، بەڵکوو “ژینۆسایدێکی سیستماتیک و سیاسی”یە. بانگهێشتکردن بۆ ئاشتی بەبێ قبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانانە، ڕیتۆریکێکی سیاسییە و هیچ ئیعتبارێکی یاسایی نییە.

٣. مێژووی خیانەت لە دانوستان:

پزیشکیان وا دەزانێت نەتەوەی کورد مێژووی خۆی لەبیر کردووە. مێزی دانوستانی تاران بۆ کورد هەمیشە بۆسە و تەڵەی تێرۆر بووە. ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن، کۆماری ئیسلامی، تێرۆریستی ناردە سەر مێزی دانوستان و دکتۆر قاسملووی شەهید کرد. لە سیستمێکدا کە تێرۆر و دیپلۆماسی دوو ڕووی یەک دراون، دانوستان بێ‌مانایە. هەر جۆرە گفتوگۆیەک بێ “گەرانتیی نێودەوڵەتی” و بێ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە یاسای بنەڕەتیدا، تەنیا کات کوشتنە بۆ ڕێژیم.

٤. ڕەسەنایەتیی بزووتنەوە و مۆدێلی دەرەکی:

تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی کورد بە “پاشکۆیەتیی بێگانە” و دەرەکی،  بێڕێزییەکی گەورەیە بە تێگەیشتنی سیاسیی نەتەوەیەک کە پێش دروستبوونی ئەم ڕێژیمانەش خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژ بووە لە خەبات بۆ ناسنامە و مەفەکانی. ئەگەر حیزبە کوردییەکان سوود لە درزە نێودەوڵەتییەکان دەبینن، ئەوە نیشانەی لێهاتوویی سیاسیی ئەوان و “بنبەستی ستراتیژیی تاران”ە. داگیرکەرێک کە مافی خوێندن بە زمانی دایکیی پێشێل دەکات، ڕەوایی ئەوەی نییە تێکۆشانی ڕزگاریخوازی بە وڵاتانەوە بلکێنێت.

ئەنجام:

ئاغای پزیشکیان، سەروەریی وڵات بە “پاڕانەوەی کاتی تەنگانە” نایەتە دی. تا ئەو کاتەی “ڕوانگەی ئەمنی” جێگەی خۆی بۆ “ڕوانگەی مافتەوەر” و دانپێدانانی پرسی نەتەوایەتیی لە جوغرافیای سیاسی ئێران چۆڵ نەکات، ئەم پەیامانە تەنیا “کەپەنکی دوای باران”ن. دیواری متمانە لە نێوان کوردستان و تاراندا ئەوەندە بەرز بووەتەوە کە ئیتر بە “زمانبازی” و تەقییە نانووسرێتەوە. مۆسکۆ نیوەی ڕێگاتان بێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٨ی ڕەشەمەی  ٢٧٢٥ی کوردی

عەلیپوور، پێشەوا(٢٠٢٦): گوتاری تاران، لە نێوان شۆکی شەڕ و تاکتیکی مانەوەدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • خوێندنەوەیەکی "سی و نۆ بەهار"* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە

خوێندنەوەیەکی “سی و نۆ بەهار”* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە

 خوێندنەوەیەکی "سی و نۆ بەهار"* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە شەهلا دەباغی دکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە دوای خوێندنەوەی کتێبی "ڕەشەشەو و سەربازانی ون" لە نووسینی مامۆستا شێوەسەڵی کە بە "برینداری کورد" ناوی دەبا [...]

  • تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی

تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی

تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی کەیوان فاتحی بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای تاکی کورد، پێویستە وەرچەرخانێکی گەورە لە سایکۆلۆژیا و شوناسی ئەم تاکەدا، لە نێوان [...]

  • تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە

تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە

تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە کەیوان فاتحی لە سەردەمێکدا دەژین کە پشێوییەکی قووڵ و قەیرانێکی فرەڕەهەند بوارە جیاجیاکانی ژیانی مرۆیی و بەو پێیەش کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیوەتەوە. ڕەنگە دیارترین [...]

  • فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا

فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا

فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا حەسەن قارەمانی پرسی کورد یەکێکە لە ململانێ سیاسییە درێژخایەن و ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەڕای ئەوەی کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی جیهانن، [...]

  • ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟

ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟

ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟ ئەشکان باوەڕ ناوی "نیکۆلۆ ماکیاڤێلی" لە مێژووی بیری سیاسیدا هاوواتای "دەسەڵات" بووە. لە هەر [...]

  • سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا

سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا

سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا ڕێباز ڕۆژهەڵات مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وەرچەرخانانە کە تێیدا سەرکردە و فەیلەسوفە مەزنەکان لەبری هەڵبژاردنی ژیانێکی سەرشۆڕانە یان ڕاکردن لە بەردەم مەرگ، مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەری [...]