ئێسقانی زمان
دانا حەمید
ئێسقانی زمان
نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە کەبابخانە، ئەو جوانی و قەرەباڵغییەی جارانی نەماوە. دانیشتبووم چام دەخواردەوە، پیاوێکی قۆز و سەروڕیش سپی، لە تەنیشتمەوە دانیشت و سڵاوی کرد، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، پاشان کەوتینە دەمەتەقێی پچڕ پچڕ دەربارەی هەندێک بابەتی جیاواز و دوایی هاتە سەر باسی زمان و ڕستەیەکی کورت و پوختی وت: کە لە دەربڕیندا سادە بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ واتا بوو. تێڕوانینی منی بۆ زمان لەو کاتەدا کەمێک وروژاند و وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، کە لە زاری مامۆستایەکی خانەنشینەوە دەرچوو، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سروشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا.
ئێسقان، ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە بوونی بایۆلۆجیی ئێمە ڕادەگرێت؛ لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە و شێوەی کۆتایی جەستە دیاری دەکات. زمانیش، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ قەوارە، هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناس. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (جوگرافیا و خاک) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدایە و گۆشتی جەستەکە (شارستانیەت و کەلتور) ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن دەبێتەوە، زمان وەک تاکە ئێسکەپەیکەری ئەبەدیی و نەمر ماوەتەوە و شوناسی کوردیی لە داڕمانی مێژوویی پاراستووە. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ئامرازی سادەیی پەیوەندییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی زگماکیی بیرکردنەوە؛ ئەو نەخشە جیناتییە کەلتورییەی کە لە قووڵایی ناخی هەر تاکێکدا چێنراوە و جیهانبینیی ئەو تاکە دادەڕێژێت. زمان لێرەدا دەبێتە ماڵی بوون، ئەو شوێنەی کە مرۆڤی کورد تێیدا هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە و جیهان بۆ خۆی مانا دەکاتەوە. هەر بۆیە، پاراستنی ئەم ئێسقانە تەنیا پاراستنی فەرهەنگێک نییە، بەڵکو پاراستنی شێوازێکی تایبەتە لە بوون و هەبوون لەم جیهانەدا.
مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەم گوزارشتە ڕادیکاڵە، زمان لە دۆخی بەرگریی ناکارا و خۆپارێزییەوە دەکاتە چەکێکی مەعریفی هێرشبەر. لێرەدا، زمان چیتر تەنیا ئەو قەڵا و پەناگەیە نییە کە بۆ پاراستنی ناسنامە خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، بەڵکو دەبێتە ئەو ماددە خاوە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستمە فیکرییەی هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەمە گواستنەوەیە لە «زمانی ماڵ» و دڵدانەوەی ناوخۆیی، بۆ «زمانی مەیدان» و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی؛ لە کەرەستەیەک بۆ تەنیا مانەوە، بۆ ئامرازێک بە ئاڕاستەی سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی کەلتوریی سەپێنراودا.
کاتێک زمان لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و شیعری کلاسیکدا قەتیس نامێنێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە زمانی بەرهەمهێنانی هزر، شیعری چڕ و ورد، تەکنۆلۆژیای سەردەم، ئەو «ئێسقانە» لە دۆخی وەستاو و بەرگریکارانە دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بزوێنەری داهێنەر. ئەو کاتە، زمان تەنیا گێڕەرەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەبێتە دروستکەری مێژوو و داڕێژەری ئایندە. هێزێک کە نەک هەر خۆی دەپارێزێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە سنوورەکانی هەژموونی فیکریی داگیرکەر ببەزێنێت، چەمک و زاراوەی خۆی بخوڵقێنێت، و بوونی خۆی وەک حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر لەسەر نەخشەی مەعریفەی جیهان بچەسپێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ئیسقانی زمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
تئاتر انتخابات در ایران و فانتزی تشویق فرودستان در پردە آخر
سارو اردلان عضو هیات تحریریه نشریه تیشک انتخابات سنگ بنای حکومت دموکراتیک است که نماد صدای مردم و شالوده حکومت نمایندگی است. با این حال، در رژیمهای توتالیتر (تمامیتخواە)، مفهوم انتخابات شکل بسیار [...]
دفاع از سپاه پاسدارن به عنوان ابزار مجازات!
دفاع از سپاه پاسدارن به عنوان ابزار مجازات! هیوا تاسه، عضو هیات تحریریه نشریه تیشک مرگ طاهر خلیلی هنرمند شناخته شده کورد موجی موجی از ناراحتی و اندوه را در جامعه کوردستان به همراه [...]
ئەوێستا، ماندانا و تێگەیشتن
نووسین: برایم فەڕشی “ئەز ژیانم”، ” هەر ژنێک سیاسی نەبێ، دەحەلێ!” ئەوە وتەکانی ئەوێستایە، سەماکەر، شانۆگێڕ، شەڕوان. ئەو ماندانا، پرسۆناژی شانۆکەی من نییە، کە بە دەستی هاوسەرە نووسەر و ڕۆشنبیرەکەی کوژرا، ئەو خۆی [...]
برابری، تفاوت و امکان همزیستی مسالمت آمیز
نویسنده: دیاکو مرادی مسائل جامعەی جهانی بطور مستقیم یا غیر مستقیم بر تمام جنبەهای زندگی خصوصی و عمومی ما سایە افکندە است و "ما" نیز بە بخشی از مسائل جامعەی جهانی بدل شدە و میشویم. [...]
سێگۆشەی بەهێز لە داڤۆس: ئەستێرە ڕێنماییەکانی داهاتوو
حەسەن قارەمانی نووسەر و چالاکی سیاسی پێشەکی: داڤۆس، شارۆچکەیەکی شاخاوی لە سویسرا، ساڵانە لە بۆنەیەکی میوانداریدا، کاریگەرترین بڕیاردەران و سەرکردەکان و بەڕێوەبەرانی بازرگانیی جیهان کۆدەکاتەوە. لێرەدایە، لەم شوێنە بەرزاییەدا، سێگۆشەیەکی بەهێز دەست دەکات بە [...]
تولید تقابل سیر طبقاتی ملت شهرها، در وهم تجزیه طلبی
نویسنده: بهار حسینی، عضو تحریریه بلاگ ژیانەوە از رواج افتادن اسطورههای کلگرا و ارگانیکی قدیمی، راه را بر مناسبات اجتماعی و سیاسی تازه گشوده است. در دنیای حالای ما، قدرت انضباطی پیوسته در حال جابهجایی [...]







