نووسین: برایم فەڕشی

“ئەز ژیانم”، ” هەر ژنێک سیاسی نەبێ، دەحەلێ!” ئەوە وتەکانی ئەوێستایە، سەماکەر، شانۆگێڕ، شەڕوان. ئەو ماندانا، پرسۆناژی شانۆکەی من نییە، کە بە دەستی هاوسەرە نووسەر و ڕۆشنبیرەکەی کوژرا، ئەو خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی، مان و نەمان دەدا و ئێمە لەگەڵ پرسیار ڕووبەڕوو دەکاتەوە. یەک زەمی دەکا، یەک دەیلاوێنێتەوە!
فەیلەسووفەکانی مۆڕالیست، نووسەر و دەروونناسەکان، لەمەڕ پرسیاری خۆکوشتن، دەمێننەوە، کلیسای سەردەم لە حاند کۆتاییهێنان بە ژیانی نەخۆشە بێچارەسەرەکان، بێدەنگ دەمێننەوە!
بە پێی ئامار لە هەر چل چرکەدا(سانیە) یەک کەس، خۆی کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت و لە هەر سێ چرکەدا، کەسێک حەولی خۆکوشتن دەدات. یەک میلیۆن خۆکوشتن لە ساڵدا، پترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی دەکوژرێن یان لە شەڕدا گیان لەدەست دەدەن. ئەمە ڕاستیی جیهانی مودێرنی ئێمەیە!
دەگوترێ، تەنیا مرۆڤ توانایی خۆکوشتنی هەیە، ئەمەش بە مەیل و ویست و خواستی خۆی. هۆی خۆکوشتن و مەبەست لە خۆکوشتن، جیاوازە و ئەو کەسانەش کە خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، جیاوازن. لەناو ئەو یەک ملیۆن کەسە، کەسی ئاسایی، ژن، پیاو، نووسەر، شاعیر، بیرمەند، فەیلەسووف، دوکتور، موهەندیس، سیاسی، هونەرمەند، بازرگان دەبیندرێ.
هیچ فەیلەسووف، نووسەر، شاعیر، سیاسی، هونەرمەند و هیچ دامودەزگایەک لەسەر گۆی زەوی خۆکوشتن پێشنیار ناکات. بەڵام ئیدئۆلۆژی، ئایین و تێگەیشتنی گرووپی هەیە کە خۆکوشتن بۆ ئامانجی ئایینی، ئیدئۆلۆژی و سیاسی تەبلیغ دەکات و، ئەوەش دەچێتە خانەی جەنایەتەوە. حکومەتی ئیسلامیی ئێران سەتان و هەزاران منداڵی لە بەرەکانی شەڕ بەرەو مین کێشا، داعش، تالیبان، موجاهیدینی ئێران و گەلێک گرووپی تر ئەم کارەیان کرد، سێکتەکانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئامریکا زۆرجار دەستیان داوەتە خۆکوژیی بەکۆمەڵ.
ئێمانۆئل کانت دەبێژێ” خۆکوشتن پاشگەزبوونەوەیە لە بەرپرسیارەتیی بەرانبەر بە خۆت” کانت وڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە، کە گەر کەوتییە چرکەساتێکەوە و هەستت بە بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ڕزگاربوونی گیانی کەسانی دیکەدا کرد، چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرپرسیارەتیی خۆت نیسبەت بە خۆت و نیسبەت بە کەسانی تردا دەکەی؟
کارمەندێکی ئاورکوژانەوە، نازانێ لە کاتی ڕزگارکردنی کەسانی دیکەدا، ڕەنگە گیانی لەدەست بدات؟ مەگەر سەربازێک کە لە شەڕدا بەشدار دەبێ، نازانێ کە ڕەنگە بکوژرێ؟ ئەم کوشتن و ئەو کوشتن، کە هەردووکیان مەیلی کەسەکەی تێدایە، جیاوازییان چییە؟ ئەڵبەت جیاوازیی گەلێک زەریف هەیە، سەرباز چەک بەدەستە و لە حاڵەتی دووهەمدا خۆی دەبێتە چەك، دەبێتە کەرەسە، دەبێتە ئۆبیەکت، گەر خۆی بتەقێنێتەوە، کە ئەمە باسێکی نوێ دەخوڵقێنێ، کە بۆ سوبژێکت خۆی دەکاتە ئۆبیەکت بۆ ئەوەی سوبژێکت بمێنێ؟
زۆر جار شانازی بەو کەسانەوە دەکرێ کە گیانی خۆیان فیدای ڕزگاریی دەیان کەسی تر دەکەن، لێرە ژمارەی ژیانی چەند کەس لەگەڵ ژیانی تاکە کەسێک واتە ژیانی تاک و کۆ بەراوەرد دەکرێ. ئەم هەڵسەنگاندنە کە لە کۆمەڵگادا پەسەند کراوە، چەندە پێوەری ئینسانی، فەلسەفی و تێگەیشتنی لە دوایە؟ پێوەری هەر کام لە ئێمە کە ناتوانین خۆمان لە جێگای ئەو کەسە دابنێین، جیاوازە و ئەم جیاوازییە دیاردەکانی تریش وەک ئازادی، نیشتمان، خەڵک دەگرێتەوە.
لەم بەستێنەدا هیچ کام لە ئێمەی دەرەوەی ئەو کەسانە، ناتوانین لەو کەسانە تێبگەین. گەر هەڵوێستیش بگرین بە پێی تێگەیشتنی خۆمان کە هەڵقوڵاوی ئیدئۆلۆژی، فەلسەفە، ئایین، فەرهەنگە، بڕیار دەردەکەین. هەربۆیە لەگەڵ پرسێکی ساکار و وڵامێکی ساکار ڕووبەڕوو نین!
چرکەکانی شەڕ و هەڵوێست گرتنی شەڕوان لە چرکەساتەکانی چارەنووسسازدا، بە پێی هیچ فەلسەفە، ئایین و ئیدئۆلۆژییەک نییە و لە هیچ سناریۆیەکدا ناگونجێ. تانکێک بەڕێوەیە، ڕەنگە لەو چرکەساتەدا ببێتە هۆی کوشتنی دەیان کەس، شەڕوانێک هەموو گیانی دڵەخورپە دایگرتووە، پرسیار مێشکی تەنیوەتەوە، چ بکا، تانکەکە لەگەڵ خۆی بتەقێنێتەوە و کەسانی دی ڕزگار بکات و پێشڕەوی دوژمن بوەستێنێت، یان کارێکی تر بکات، چ کارێک؟ کەس ناتوانێ جگە لە شەڕوان لەم چرکەساتەدا وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
خۆکوژی، خۆقوربانیکردن لە فەرهەنگی ئایینی و دابونەریتی گەلێک میللەتدا هەیە و تایبەت بە ئیسلام نییە، بەڵام ئیسلامی قێزەونی ئەم سەردەمە کردوویەتە مەبەستێکی سیاسی. ئەوەی لە مێشکی هەر کام لە ئێمەدا و مێشکی شەڕوانیش پاشماوەی بیر و فەرهەنگی ئیسلامی هەبێ، نکۆڵی لێناکرێ. ئەوەی ئێمە لەسەر ئەم باسە بکەوینە باسێکی فەلسەفییەوە، بەو ئاکامە دەگەین، کە دژی بوەستین. ئەوەی ئەم شێوەیە تاکتیکی هەر حزبێکی کوردی بێت، دەبێ دژی بوەستین.
ئەوەی کەسێک بە سەری خۆی کارێکی وا بکات، بۆ ئێمە دەتوانێ ببێتە پرسیار و جێگای بیرلێکردنەوە. لەوە زیاتر لەگەڵ کەسێک ڕووبەڕووین کە گیانی فیدای خەڵک و خاک و نیشتمان کردووە. بەڵام بە هەموو شعوورمان، ئاواتەخوازی زیندوومانەوەی مرۆڤێکی وەها فیداکار بووین، بەڵام “بڕیار” ئەو داویەتی.
یەک میلیۆن کەس لە ساڵدا بۆ ڕزگاریی خۆی، گیانی خۆی دەگرێ، کەنیشکێکی کورد بۆ ڕزگاریی وڵات و خەڵک گیان دەبەخشێ. منی بیسەر و بینەر، گەر بتوانم لە هەست و بیری ئەو کەنیشکە بەرانبەر بە نیشتمان و خەڵک و ئازادی تێبگەم، لانیکەم نرخی ئازادی لای خۆم و ئەو دەتوانم بەراوەرد بکەم. کێ دەتوانێ بێژێت گەر هەر کام لە ئێمە لەم چرکەساتەدا لەگەڵ ئەوێستا بایەین، چمان دەکرد؟
- ڤیدیۆی سەمای ئەوێستا، شانۆگێڕێک کە تانک شانۆکەی وێران کردووە، کە ئازادی لێ زەوت کردووە، کە ژیانی لێ ئەستاندووە. گەر ئەو تانکە و تانکەکان لە ئاڵمانەوە بەرەو ئانکارا و بەرەو عەفرین نەکێشرابان، سەمای ئەوێستا بەردەوام دەبوو، سەمای ئەوێستا بەردەوام دەبوو!
- * شانۆنامەی ماندانا، ساڵی ١٩٩٧ لە شاری کۆڵن بە زمانی کوردی لە لایەن ناوەندی شانۆی کۆچەرەوە پێشکەش کرا و دەوری نوخبەی کورد لە مێژووی نەتەوەی کورددا تاوتوێ دەکات.
- ڕۆژانە لە وڵاتی ئێمە کچ و ژن خۆیان دەکوژن، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەم بارەیەوە بکرێ یان ببێتە باس لە میدیای کورد و ناوەندەکانی زانستی، سیاسی و کۆمەڵایەتی!
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]
خودکارەکەی قاسملوو
خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]







