ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری!

مەسعوود بابایی

ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری!

داوای ئەرک لە کەسێک بە ناوی ڕووناکبیر لە جیهانی سێیەم و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەڵبژاردنی پەتی سێدارەی دەسەڵاتە و فەرامۆشیی کۆمەڵگەیە!

ئەگەر لەم سەدەی بیست و یەکەمەدا ئەرکێک بۆ ڕووناکبیر پێناسە بکەین، لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکدا ئەرکەکەی دەستنیشان دەکەین کە هێشتا بە گرێبەستی جڤاکی لەنێوان خۆی و دەسەڵاتدا نەگەیشتووە. لە جێیەکدا کە هێشتا بنەماکانی ڕەواییی سیاسی لە دەرەوەی ڕای خەڵکدایە و یەزدانناسییەکی سیاسی سەرچاوەی فەرمانڕەواییە، ئەرکی ڕووناکبیر نەک هەر ئەرک، بەڵکو “گەمەی مەرگ”ە. ئەگەر لە لایەن دەسەڵاتەوە بەر بەزەیی بکەوێت، لە پێواری “جڤاکی مەدەنی”دا “توونی بابا و ئاوی ئاموون”ە!

  • ئەرک

“مرۆڤی ئازاد”، لە ئەنجامی ڕامان و بیرکردنەوە و بینینی دۆخی ژیاری و کولتووری و ڕۆحیی مرۆڤ، لە بارودۆخی هەنووکەیی خۆی و دەوروبەر تێدەگات. “تێگەیشتن” بەرپرسایەتییە و بەرپرسایەتی لە “هەڵوێست”دا ڕەنگ دەداتەوە. هەڵوێستنواندن ئەرکی سەرەکیی ڕووناکبیرە؛ ئەم هەڵوێستە کاتێک لەبەرانبەر دۆخێکی جڤاکی، سیاسی و کولتووریدا بەربەستی بۆ دروست دەکرێت، ئیدی لە “هەڵوێستنواندن”ەوە دەبێتە “هەڵوێستگرتن”. هەڵوێستگرتن، دەستنیشانی پێگەیە و دەستنیشانکردنی سنووری کۆمەڵگەیە کە دەسەڵات نابێت داگیری بکات. لەبەرانبەر هەر هەڵوێستێکی سیاسی  کە لە بڕیارێکی سیاسیدا خۆی دەنوێنێت، هەڵوێستگرتنێک هەیە کە ئەرکی ڕووناکبیر تێیدا بەرجەستە دەبێتەوە. ئەم بەرجەستەبوونەوەیە بەرەنجامی دەروەستبوونێکە کە لە پەیامنامەی ڕووناکبیریدا کە هەمان “ڕۆشنگەری”یە پێناسە کراوە.

پاشەکشێ لە هەڵوێست، پاشەکشێیە لە ئەرک و ئەم پاشەکشێیە دەبێتە مایەی سەندنەوەی پێناسەی ڕووناکبیرە لەو کەسەی کە ئەم ئەرکەی خستووەتە ئەستۆی خۆی. هەر پاشەکێشێیەک لە ماف و پێگەدا دەبێتە هۆی پێشڕەویی ڕووبەری دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگەی مەدەنیدا کە بەگوێرەی “گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ڕۆسۆ” نابێت ئەو ڕووبەرە داگیر بکرێت. لێرەوە مەترسیی ئەرکی ڕووناکبیری دەردەکەوێت؛ ڕووناکبیر ئەگەر نوێنەری “ویژدانی زیندوو”ی جڤاک بێت، دامراندنی ئەم ویژدانە، لەڕاستیدا کوشتنی ڕۆحی سەربزێوی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە پێگەی هۆشیاریی بە ڕووناکبیر بەخشیوە. ئەرکی ڕووناکبیری لە خۆیدا بەخشینی چەند تایبەتمەندییەکە بە ڕووناکبیر، واتە پێناسەی ئەرکەکە، تایبەتمەندییەکانی کەسێتیی ڕۆشنگەرانەی ڕووناکبیر دەستنیشان دەکات کە هەندێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە:

1- سەربەخۆییی هزری

2- دلێریی ڕەوشتی

3- هەستیاری بەرانبەر بە دەسەڵات

4- دەروەستبوون بە ڕاستی نەک بەرژەوەندی

5- ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژیا

6- گرێدانی ڕا و کەتواری (واقع) جڤاکی

7- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

8- بەرپرسایەتیی زمانی

بەگوێرەی ئەم خاڵانەی سەرەوە ڕووناکبیر “پەنددادەری(واعظ) ڕەوشت” نییە، هەروەها “پسپۆڕی دەسەڵات” یان “ڕاسپێردراوی دەسەڵات”یش نییە. جێگرەوەی دەسەڵاتی سیاسییش نییە. ڕووناکبیر کەسێکە کە – لە ڕوانگەی فۆکۆوە – لەنێوان  دەسەڵات و هەقیقەتدا مەودا دادەنێت، لە ڕوانگەی ئیدوار سەعیدەوە ڕووناکبیر نەک “پسپۆڕێکی ئۆقرەگر” بەڵکو چالاکێکی بێ ئۆقرەی ڕەخنەگری دەسەڵاتە.

بەگوێرەی تایبەتمەندییەکان تایبەتمەندیی کاری ڕووناکبیری دەتوانین دەستنیشان بکەین:

گوتنی ڕاستییەکان بە دەسەڵات نەک دژایەتیی دەسەڵات (بەو مەرجەی دەسەڵات گوێ بگرێت، مەبەست گوێگرتنە نەک ئەوەی هەموو داواکانی ڕووناکبیر جێبەجێ بکات)، خۆبەدوورگرتن و مانەوە لە پەراوێزی دامەزراوەکان، دژایەتی لەتەک پسپۆڕیگەراییی سنووردار، هەڵوێستنواندنی ڕەوشتی و هەڵوێستگرتنی سیاسی، لەقاودانی گێڕانەوە زاڵەکان، خۆڕاگری لەبەرانبەر توانەوە و ڕاکێشران بەرەو دەسەڵات، زمانی ڕوون و پاراوی دوور لە زمانی ئاکادیمیک.

ئەم ئەرک و تایبەتمەندییانە لانیکەم لە کۆمەڵگەی کراوەی مەدەنی و لانی زۆر لە کۆمەڵگەی دیمۆکراتیکدا دەستنیشان دەکرێن و لەلایەن سیاسەت و دەسەڵاتەوە لە چوارچێوەی کایە و گەمەی جڤاکی و سیاسیدا بەفەرمیی پەسند دەکرێن.

بەڵام بەداخەوە سپاردنی ئەرکێک بە کەسێک لە لایەن کۆمەڵگەوە بێ ئەوەی خودی جڤاک بەرپرسایەتییەکی ڕەوشتی لەبەرانبەر سپاردنەکەی وەربگرێت، تایبەتمەندییەکی زەقی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە! پاشەکشێی بەکۆمەڵ و بوێری تاک دوو بەرەنجامی هەن: سەری ژێر دار و ملی سەر دار! قسەی ڕۆشنگەرانەی بێ ئەرک، تووشی ئەم ساویرەمان دەکات کە گوایە ئێمە خەریکین کارێک دەکەین؛ بەدحاڵیبوون یان خۆخەڵەتاندن وا دەکات کە کردەی زمانی، جێی کردەی ڕاستەقینەی سیاسی بگرێتەوە. ئەو شتەی کە بە “دواندەریی سیاسی” (ڕیتۆریکی سیاسی) ناوی دەرکردووە، وەک “ئاگری بێ شەوقی دزان”ە! بەو واتایەی کە بژێروێژییەک (ئافۆریزم) دەتوانێت دۆخێکی دالەنگاوی (ڕیدەکتیڤ) کردەی سیاسی بەرهەم بهێنێت کە زیاتر هەڵکفینی هەڵمی مەنجەڵێکە کە دەسەڵات دەتوانێت لە ڕێگەیەوە کاردانەوەی جڤاک پێشبینی بکات.

هەر داوایەک بۆ ڕیفۆرمێک سەرەتا دەبێ لە کەشێکی ئازادیی دەربڕیندا بڕەخسێت. واتە ئێمە ئەو کاتە داوای گۆڕانکاری دەکەین کە پێش هەموو شتێک لانیکەمی ئازادیی دەربڕین دابین کرابێت تا بتوانین “نەخشە ڕێگە”ی خۆمان بخەینە ڕوو. لە بارودۆخی داپڵۆسین و چەوسانەوە و ستەمکاریدا کە تۆرەمی هەر دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایەتی و ڕەخنەیەک لەبار دەبرێت، باسکردن لە “نەخشە ڕێگە” کارێکی نەکردەیە! ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە ڕووناکبیرانی پێداگر، شۆڕشگێڕانی داهاتوون. بەو واتایەی ئەوانەی جۆرێک لە پێداگری و سەرسەختی و چاونەترسی لە ناخیاندا شک دەبەن، بەئاسانی واز لە یۆتۆپیاکەیان ناهێنن. ئەم کەسانە دەیانهەوێت لە جیهانێکدا بژین کە مەرجەکانی ژیانی دڵخوازی ئەوانی تێدا دابین کرابێت. دابەشبوونی جیهان بەسەر سێ بەرەی “ڕاست و چەپ و نێوەڕاست” بەرەنجامی بەریککەوتن و گفتوگۆی ئەو کەسانەیە کە واز لە مەرجەکانی ژیانی دڵخوازی خۆیان ناهێنن کە بە زاراوەی “ژیانی سیاسی” ناوی لێنراوە. ئەمە کە ڕووناکبیران دەتوانن شۆرشگێڕانی داهاتووی وڵاتێک بن لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. هیچ سیستمێکی سیاسی تاهەتایە ناتوانێت “تێزی زاڵی سیاسەت” بێت و بەناچار لەبەرانبەر جیهانسازیی بیروهۆشی بیرمەندانە یان ڕووناکبیرانە دەبێ هەڵوێست بگرێت. ئەگەر هەڵوێستەکەی ئەوە بێت کە دۆخی هەنووکەیی بگۆڕێت، شێوەی ئاشتییانەی گۆڕانکاریی سیاسی دەگرێتەبەر و ئەگەر بیهەوێت دۆخی هەنووکەیی بپارێزێت لەگەڵ بیری نوێدا دەکەوێتە ململانێ. کات بە قازانجی سیستمێکی سیاسی کە بیهەوێت دۆخی هەنووکەیی بە هەموو نرخێک بپارێزێت، نییە. دۆخی بەرەوپێشچوونی کات، دۆخی بوونبەیەتییە (صیرورة) و هەموو شتێک دەگۆڕدرێت؛ یان بەرەو گەشە یان بەرەو پووکانەوە. لە سیاسەتیشدا دۆخێکی “بوونبەیەتیی سیاسی” هەیە کە بەرەنجامی گۆڕانکارییەکی دیالکتیکییە لە بیروهۆشی مرۆڤاندا ڕوودەدات و گەلێ جار دەسەڵاتی سیاسی هەستی پێناکات. جۆرێک لە بنکۆڵکردنی سیاسی کە لەنەکاو بۆ دۆخی پێشبینینەکراوی “شۆڕش” وەردەگۆڕدرێت. هەموو “تۆتالیتاریزم”ێک مەرجەکانی ڕەواییدان بە شۆڕشێک لە هەناویدا دەپەروەرێنێت. لەبەر ئەوەی بەرەنگاری بوونبەیەتییەکی سیاسی دەبێتەوە لەنێوچوونی خۆی مسۆگەر دەکات. تەمەنی درێژی دیکتاتۆرییەکان هەندێ جار خەڵک دەخەڵەتێنێت یان بێهیوایان دەکات کە گوایە ئەم دەسەڵاتە هەمیشەییە. پێشبینیی ڕووخانی دیکتاتۆری ئاسان نییە بەڵام بیروهۆشی ڕووناک کە ڕەوتی “بوونبەیەتیی سیاسی” دەبینێت لە ڕووخانی ئەم جۆرە ڕێژیمانە دڵنیایە. بۆ نموونە دەرگایەکی ئاسنین، بە ڕێکاری جیاوازی وەک بۆیاخکردن تەمەنی درێژ دەبێتەوە بەڵام هیچ ئاسنێک ناتوانێت تاهەتایە لە هێزی کەشوهەوای داڕزێنەر خۆی ڕزگار بکات، چونکە ئەگەر دەرگای ئاسنەکەش دانەڕزێت ڕۆژێک لە ڕۆژان خاوەنی دەرگاکە وازی لێدەهێنێت، واتە بۆ دەرگایەکی نوێتر لێی دەگەڕێت تا بڕزێت! خاڵی یەکەم، واتە هێزی داڕزێنەری کەشوهەوا “بوونبەیەتیی سروشتی”یە و خاڵی دووەم. واتە وازهێنانی مرۆڤێک لە دەرگایەکی کۆن بە لەدەستدانی هۆگری پێی، کە نیشانەی وازهێنانی لە جیهانێکی کۆنە، بوونبەیەتییەکی سیاسییە! پێوەندیی خەڵک و دەسەڵاتیش هەر بەم چەشنەیە: ئەگەر بیروهۆشی کۆمەڵگەیەک لە دەسەڵاتێکی سیاسی تێپەڕێت، نیشانەی ئەوەیە لە داهاتوویەکی نەچەندان دووردا سیستمی سیاسی دەکەوێت!

  • دۆخ و کردە

ئەرکی ڕووناکبیر تەنیا نواندنی کردەی ڕووناکبیری – سیاسی نییە؛ لەڕاستیدا هیچ کردەیەکی ڕووناکبیری نییە کە سیاسی نەبێت. بەم گوێرەیە لەبەرانبەر دەسەڵاتدا هەر کردەیەکی ڕووناکبیر دەکرێ بە گەمەیەکی سیاسی لێک بدرێتەوە کە لە ژینگەی جڤاکیدا ڕوودەدات. گەمەیەک لە دەرەوەی ئۆرگانیزاسیۆنی دیاری سیستمی سیاسی؛ گەمەیەک کە هەموو هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ پاراستنی دۆخی هەنووکەییی سیاسەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. دەسەڵاتی ستەمکاری بەگوێرەی ڕێوڕەچەی دەسەڵاتداریی خۆی ئەم گەمەیە بە “کاری تێکدەرانە” لێک دەداتەوە و ئەگەر لە گۆشەنیگای ستراتیژیی “پاراستنی دۆخی هەنووکەیی”ەوە لێی بڕوانین، ئەم لێکدانەوەیەی دەسەڵات ڕاست و ڕەوایە؛ هەرچەند لە باری چەمکی دادپەروەرییەوە دزێو و تاوانبارانەیە. کە وابوو ئەرکی ڕووناکبیر لە “کۆمەڵگەی مەدەنی”دا گوتنە و لە دۆخی ستەمکاریی سیاسیدا “کردە”یە. بنبەست یان هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی بەناچار ڕووناکبیر دەکات بە “شۆڕشگێڕ”! بەگوێرەی سروشتی کاری ڕووناکبیر “ڕۆشنگەری” چ گوتن بێت و چ “کردە” ڕاستەوخۆ گەمەیە لەنێو گەمەدا. باڵادەستیی (ئوتۆریتی) بیروهۆشێکی نێو کۆمەڵگەی سیاسییە لەبەرانبەر باڵادەستیی ئۆرگانیزاسیۆنی زاڵ. ئەم بەریەککەوتنە لە قۆناخێکدا دەبێ یان بە “ململانێی توند” یان بە “گفتوگۆی بنیاتنەر” بگات. ئەگەر هیچکام لەمانە ڕوونەدات، گەندەڵیی سیاسیی بۆ نێو کۆمەڵگەی سیاسی شۆڕ دەبێتەوە و ئێمە بە دۆخی لەبەریەکهەڵوەشانی جڤاکی (Social Collapse) دەگەین. زیندانەکان پڕدەبن لە گیراوانی سیاسی، لەڕاستیدا لەبەر ئەوەی هەموو شتێک دەبێت بە سیاسی، هەموو بەندکراوان دەبن بە بەندکراوی سیاسی! کۆمەڵگە هەموو شتێک بە سیاسی لێک دەداتەوە، کە وابوو تاوانبارانیش دەتوانن بە ناوی بەندکراوی سیاسی شەرەفمەندیی “زیندانیی سیاسی” بخەنە ژێر پرسیارەوە. ئامانجی دەسەڵاتی سیاسی لەم بارودۆخەدا ئەوەیە کە مانای “کردەی سیاسی” وەها چەواشە بکات تا بتوانێت بە “تاوانی سیاسی” لەقەڵەمی بدات و دواجاریش هەوڵ دەدات ئەوەندە ئاسانی بکاتەوە تا شتێک بە ناوی “تاوانی سیاسی” نەمێنێت! ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بتوانێت لەم بارەوە هەستیاریی کۆمەڵگە بکوژێت، بەدڵنیاییەوە کاری ڕووناکبیری وەک “ئەرک” مانای خۆی لەدەست دەدات.

  • ململانێ و بەرەنگاری

ململانێی دەسەڵات و ڕووناکبیر هەمیشەییە و هیچکات کۆتایی نایەت! بە بڕوای من سروشتی بوونبەیەتیی سیاسی ئاشتیهەڵنەگربوونی ئەم دوو چەمکە دەسەلمێنێت. گفتوگۆی نێوان “ڕووناکبیران” و “دەسەڵات” بۆ ئەوەیە کە سروشتی ململانێیەکە لە پەڕانپەڕی جڤاکی(Social environment)دا بە کاروکارلێک بکات و دەسەڵات بتوانێت لە پێڤاژۆی بوونبەیەتیی سیاسیدا ئاگاداری گۆڕانکارییە جڤاکییەکان بێت. بەڵام تەنیا دەسەڵاتێکی کراوە، مەدەنی و لە دوایین وێستگەدا دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیک دەتوانێت بچێتە ژێر باری کاروکارلێک و گۆڕانکارییە جڤاکییەکان، چونکە ئەمە بە واتای “دەستاودەستی” دەسەڵاتە. واتە سیاسەتکاران بەوە ڕازی ببن کە گەمەی نێو بازنەگۆرکێ قبووڵ بکەن. بەوەی کە خۆیان لەگەڵ سووڕی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا بگونجێنن و بەناچار دەبێ مل بە ڕەوایی سالاریی خەڵک ڕابکێشن. هیچ تۆتالیتاریزمێک ناتوانێت ئەم کارە بکات. ئەم کارە پێویستیی بە وازهێنان لەو یەزدانناسییە سیاسییە یان ئەو شیرازە ئوستوورەیی و ئایدیۆلۆژیکە هەیە کە ڕەوایی سیاسیی پێبەخشیون. بەم گوێرەیە، ئەرکی ڕووناکبیر کارێکی سیاسیی مەترسیدارە کە دەسەڵاتی سیاسی وەک “گەمەی سیاسی” لێی دەڕوانێت و دەسەڵاتی ستەمکار چەشنی “تاوانی سیاسی” پێناسەی دەکات.

جاڕدانی “شۆڕش” لە لایەن ڕووناکبیرەوە تەنیا ئەو کاتە “ڕەوایی” پەیدا دەکات کە “کۆمەڵگەی مەدەنی” بەتەواوەتی هەڵوەشابێتەوە و چی دیکە “گوتن” وەک تایبەتمەندیی سەرەکیی “ڕۆشنگەری” قەدەخە کرابێت. ئەمە کە کۆمەڵگە چ کاتێک بە خاڵی تەقینەوە دەگات، پێشبینینەکراوە؛ بەڵام ئەگەر هەموو سنوورەکانی “گوتن” بەڕووی ڕووناکبیردا دابخرێت “ئەرکی ڕووناکبیر” ئەوەیە کە داوای هەڵوەشانەوەی ڕێژیمی سیاسیی زاڵ بکات، ئەگەر ئەم کارە نەکات دەتوانین بە خیانەت بە ئەرکی خۆی لەقەڵەمی بدەین! لەم پێناوەدا هاندانی کۆمەڵگەی سیاسی بۆ گۆڕانکاریی سیاسی ئەرکێکی ڕەوشتییە. “کۆمەڵگەی سیاسی” هەموو ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە دەتوانن لە گۆڕانکاریی سیاسیدا کاریگەرییان هەبێت؛ واتە دامەزراوەکانی خوارەوە و بیرۆکەی ڕووناکبیران نەخشەڕێگەی گۆڕانکاری دادەڕێژن و دەبن بە جێگرەوەی سیستمی سیاسی. ئەمە کە ئەم گۆڕانکارییە چۆن دەبێت و جێگرەوەی سیستمی سیاسی چ جۆرە خەباتێک هەڵدەبژێرێت، پێوەندیی بە سروشتی ململانێی هێزەکانەوە هەیە. هەندێ جار وا دێتەبەرچاو کە بەرەنگاری کارێکی ناچارییە و ئەو خاڵی تەنگەتاوی و تەقینەوەیە کەی و چۆنە، هیچکات پێشبینی ناکرێت. تەیارکردنی ڕای کۆمەڵایەتی لە “ڕا”وە بۆ کردە تەنیا ئەرکی ڕووناکبیر نییە، بەڵکو ئەرکی ئەو هێزە سیاسییانەی جڤاکی سیاسییە کە ڕووناکبیر بە “بیرۆکە” بۆ نواندنی کردەی سیاسی، هۆشیاری کردوونەتەوە.

  • لەبەریەکهەڵوەشانی جڤاکی (Social Collapse)

لەبەریەکهەڵوەشانی جڤاکی (یان لەبەریەکهەڵوەشانی ژیارەکی) بە داڕمانی کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزی مرۆیی دەگوترێت بە هۆی لەنێوچوونی ناسنامەی کولتووری و تێکتەنراویی جڤاکی – ئابووری، داماویی خزمەتگوزارییە جڤاکییەکان و گەشەی توندوتیژی.

 وەسفی لەبەریەکهەڵوەشانی جڤاکی، لە خودی زاراوەکە ترسێنیەرترە؛ سەرەتاکان بەم چەشنە دەست پێدەکەن: وێرانبوونی ئابووری و پاشان دارایی، لەکارکەوتنی ئۆرگانە جڤاکییەکان و پاشان بنبەستی سیاسەت، تێکچوونی پێوەندییە سیاسییەکان و دوابەدوای ئەوە پێوەندییە جڤاکییەکان. لەبەریەکهەڵوەشان سەرەتا لە دۆخی ناسەقامگیری ئابوورییەوە دەگات بە دارایی، ئنجا ئۆرگانی جڤاکی پەکی دەکەوێت و پەل بۆ ئۆرگانی سیاسی دەهاوێت؛ ڕەوتێکی پێچەوانەتر ئەمجارە لە تێکچوونی پێوەندییە سیاسییەکانەوە دەست پێدەکات و بەریەککەوتنەکان بەرەو کۆمەڵگە شۆڕ دەبنەوە. دەمارگیریی جڤاکی تەشەنە دەکات و دوابەدوای ئەمە گفتوگۆ پەکی دەکەوێت. بە هۆی لاوازبوونی دەزگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەزگای هاوتەریب و سێبەر لە هەموو لایەکەوە وەک قارچک هەڵدەتۆقێن و توندوتیژیی زمانی و کردەیی چاوی بینین و گوێی بیستن ناهێڵێت. نەخوێندەواریی گشتیی فراوان دەبێتەوە و ئامانجی قسەوباسەکان بەزاندنی یەکدییە، گەندەڵیی سیاسی و ئابووری ئاستەکانی پێوەندیی نێوان تاکەکانیش دەگرێتەوە و “هەلپەرستی” جێی بەرژەوەندیی گشتی دەگرێتەوە. لەم بارودۆخە ترسناکەدا ترس لە کۆمەڵگە جێی ترس لە دەسەڵات دەگرێتەوە بەو واتایەی کە “ڕووناکبیر و دوابەدوای ئەوە چالاکانی فەرهەنگی کە سەر بە چینی نێوەڕاستن هێزی جڤاکیی خۆیان لەدەست دەدەن. چین و توێژەکانی خواروو کە لە باری ئابووری و جڤاکی و کولتوورییەوە هەژارترن، دەبن بە دەمڕاستی کۆمەڵگە و دەمارگیری و توندوتیژیی نەریتی و ئایینی وردە وردە تەشەنە بە ترس لە کۆمەڵگە دەدەن. لەم دۆخەدا “ڕووناکبیر” ئەرک و دەوری خۆی لەدەست دەدات. ئایا لێرەوە ڕووناکبیر ئەو مافەی هەیە کە ببێت بە شۆڕشگێڕ یان جێگرەوەی ڕێبەرانی سیاسی؟! ئەم پرسیارە بەگوێرەی پێناسەکردنی ئەرکی ڕووناکبیر وڵامەکەی نەخێرە، بەڵام بەگوێرەی سروشتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی وڵامەکەی بەڵێیە. مرۆڤانی سەرسەخت یان باوەڕمەند لە هیچ قۆناخێکدا پاشەکشێ لە یۆتۆپیایان ناکەن و ئەرکی ڕەوشتیی ڕووناکبیر، پاش بێهیوابوون لە گۆڕانی ڕیفۆرمیستی دەلوێ بەرەو کردەی سیاسیی شۆڕشگێڕانە هانی بدات. ئەمە لە مێژوودا ڕووی داوە و دەکرێ لە داهاتووشدا لە هەموو کۆمەڵگەیەکی هەڵوەشاوەدا پاتەوپات ببێتەوە. بەکورتی ئەرکی ڕووناکبیر دەکرێ وەک ئەرکی ڕۆشنگەرانە و ڕەخنەگرانە بمێنێتەوە و لە بارودۆخی بنبەستدا بەرەو گەمەی سیاسی وەربگۆڕێت و ڕووناکبیر ئەرکی ڕێبەری سیاسی بگرێتە ئەستۆ.

تراویلکەی ڕۆشنگەری، لە کۆمەڵگەی هەڵوەشاوەدا بۆ ماوەیەک بە خەیاڵانی یۆتۆپیایی یان بە بیری نەرمونیانی عیرفانییەوە بەردەوام دەبێت. ئەم تراویلکەیە بەرەنجامی خوێندنەوەی ساویلکانە یان ئایدیۆلۆژیکە کە بە دۆخێکی قوربانیدانی عیرفانییانە بیروهۆشی چالاکانی فەرهەنگی و جڤاکی دادەپۆشێت. ترس لە گۆڕانی پێشبینینەکراو، ڕۆحی وەپارێز(موحافیزکار) بەرەو لاڕێیەکان دەبات تا بەشکم ڕێگەیەک بدۆزێتەوە تا کۆمەڵگە و دەسەڵات لە ڕێگەی ڕیفۆرمەوە بهێنێتەوە سەر ڕێچکەی دروست. ئەم تراویلکەیە لە چاکسازیدا کاتێکی زۆری مێژووییی کۆمەڵگەی هەڵوەشاوە بۆ بنیاتنانەوە بەفیڕۆ دەدات و لە چرکەساتێکی مێژووییدا ڕۆحی ڕادیکاڵ هێڵێکی ڕاست و چەوت بەسەر ڕەوتی شیرین شەل و سەمەنگوڵی ڕیفۆرمدا دەهێنێت؛ ئەم تراویلکەیە ئەو کاتە دەڕەوێتەوە کە “بێهیوایی” بگاتە لووتکە. وەک ئەوەیە هەموومان هەموو شتێک لەدەست بدەین. لە کۆمەڵگەی هەڵوەشاوەدا پێویستە هەموومان هەموو شتێک لەدەست بدەین تا لە کردەیەکی شۆڕشگێڕانەدا ببینەوە بە خاوەنی هەموو شتێک. مەبەست ئەوەیە تا ئەو کاتەی چینە خاوەن بەرژەوەندییەکان بتوانن سەرمایەی خۆیان بپارێزن کۆمەڵگەی هەڵوەشاوە ناتوانێت خۆی بنیات بنێت و ڕیفۆرمیش هیچی لێ ناوەشێتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ پەنا بۆ مەترسیدارترین کردەی سیاسی دەبەن کە ڕەنگە ڕەوشتی ڕووناکبیرییش بباتە ژێر پرسیار؛ بەو واتایەی کە دۆخی جڤاکیی شێواو ببێتە پاساو بۆ بەکارهێنانی کردەیەکی ناڕەوشتی؛ ئەویش بریتییە لەوەی کە پەنا ڕووخاندن و داماڵینی چینە خاوەن بەرژەوەندییەکان ببرێت تا ئەوانیش هەموو شتێکی خۆیان لەدەست بدەن و “شۆڕش” کۆتایی بە تراویلکەی ڕۆشنگەری بهێنێت. لەم دۆخەدا ئەرکی ڕووناکبیر هەڵدەپەسێردرێت و تا دامەزراندنی شیرازەیەکی نوێی جڤاکی و بنیاتنەوەی کۆمەڵگە ئەم ئەرکە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە. بەگوێرەی بنەماکان، “ڕیفۆرم” باشترە لە “شۆڕش”؛ بەڵام ئەگەر بە کۆمەڵگەی هەڵوەشاوە بگەین نە ئەرکی ڕۆشنگەرانەی ڕووناکبیر و نە ڕیفۆرم بە ئامانج ناگەن؛ تەنیا لەم دۆخەدایە کە بەشێوەیەکی سروشتی ئەرکی ڕووناکبیر کۆتایی دێت و بەدەر لەم دۆخە، هەر پاشەکشێیەکی ڕووناکبیر لە ئەرکی خۆی تەنیا ناوی “خیانەت” هەڵدەگرێت!

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی بەفرەنبار ٢٧٢٥ی کوردی

بابایی، مەسعوود(٢٠٢٥):ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری! . بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!