ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟
دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا
فاتح سەعیدی
پێشەکی
زۆربەمان ئەم شیعرەی مامۆستا هێمنمان بیستووە کە لە کاتی تەنگانە و نائۆمێدیی سیاسیدا دووپاتە دەبێتەوە و داوامان لێ دەکا دوور بڕوانین چونکە »ئاسۆ ڕوونە«. وای لێهاتووە کە ئەم دێڕە بووەتە بەشێکی جیانەکراوە لە ئەدەبیاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم وتەیە لە ئاستی یەکەمدا هەڵگری هیوایە: مژدەی داهاتوویەکمان پێ دەدا کە کورد سەروەریی سیاسی بەدەستەوە دەگرێ. بەڵام کاتێک زیاتر لێی ورد دەبینەوە، ئەم وتەیە هەڵگری لێڵییەکی بنەڕەتییە: ئەگەر ئاسۆ ڕوونە ڕێک لە کوێدایە؟ دەبێ بە کامە ڕێڕەودا تێپەڕێن و چ کاتێک پێی دەگەین؟ لە بەستێنی سیاسەتی کوردیدا ئاسۆی ڕوون شوێنێکی بەرچاوی نییە کە لێمانەوە دیار بێ، بەڵکوو هەندێک مێکانیزمی گوتارییە کە هاوکات لەگەڵ ئەوەیدا هیوا بەرهەم دەهێنێ، دەرفەتەکان هەڵدەپەسێرێ و لە چاوەڕوانیی ساتەوختێکی نادیاردا دەمانهێڵێتەوە. لە جیاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییەکانی خەبات، چاوەڕوانی هاتنی ئەو ساتەوەختە مەزنە دەبین کە کتوپڕ لە بوومەڵێڵدا ڕووناکییەک دەردەکەوێ.
ئەم چاوەڕوانییە ڕۆمانی دەشتی تاتارەکان (نووسینی دینۆ بوتزاتی) و بەسەرهاتی ئەفسەرێکی گەنجم بیر دەخاتەوە کە ڕەوانەی قەڵای باستیانی دەکرێ. شوێنێکی لاپەڕ و دووری سەر سنوور کە بەسەر دیمەنی چۆڵەوانییەکی کاکی بە کاکیدا دەڕوانێ. قەرارە هەر لێرەوە تاتارەکانی دوژمن هێرش بکەنە سەریان و شەڕێکی گەورە ڕوو بدا. لە سەرەتاوە ئەفسەرەکە دەیهەوێ ئەو شوێنە بەجێ بهێڵێ. بەڵام دیسیپلینی نیزامی، مزگێنیی سەرکەوتن و شانازی، و هەندێک نیشانەی ڵێڵی ئەگەری شەڕەکە ئەو لە قەڵاکە دەهێڵێتەوە. ناوبەناوێک دەنگۆی شەڕ ساز دەبێ و هەندێک جار جووڵەیەک لە دوورەدەستدا بەدی دەکرێ، بەڵام هیچ کات شەڕێکی ڕاستەقینە ڕوو نادا. ساڵ دێ و دەڕوا، ئەفسەرەکە پیر دەبێ و ژیانی لە سەیرکردنی ئاسۆی ئەو دەشتە چۆڵەدا تێدەپەڕێ. کاتێک کە سەرەنجام هەندێک نیشانەی جیددی شەڕەکە دەردەکەون، ئەو نەخۆش و پەککەوتەیە و چیتر ناتوانێ شەڕ بکا.
لەڕاستیدا، »ساتەوەختی مەزن« ڕێک کاتێک دەگا کە چیتر دەستی ئەفسەرەکە پێی ڕاناگا. لێرەدایە کە خوێنەر بۆی ڕوون دەبێتەوە تراژێدی نەک سازنەبوونی شەڕ، بەڵکوو بەسەرچوونی تەمەن لە چاوەڕوانیدا بووە. ڕەنگە ئەمە هەمان لۆژیکی سیاسەتی کوردی بێ کە چاوەڕوانی ئاسۆیەکە لە نادیاردا تا لە ڕێگەیەوە سوژەی سیاسی بەخۆیەوە سەرقاڵ بکا و ڕایبگرێ. ئوستوورەی ساتەوەختی مەزن مانا و مەشروعیەتی کردەی سیاسی بۆ ڕووداوێکی مەزن و لە ئاسۆیەکی دوورەدەستدا هەڵدەپەسێرێ؛ ڕووداوێک کە قەرارە هەموو کێشەکان چارەسەر بکا. ئەنجامی ئەم تێگەیشتنەش دەبێ بەوەی ساتەوەختی ئیستا، لە جیاتی ئەوەی ببێتە کاتی بەرهەمهێنانی ئیمکان، دەبێتە قۆناغی دواخستن. سوژەی سیاسیی کورد کە گیرۆدەی چوارچێوەی ئەم ئوستوورەیە بووە گوێ بە شێوازەکانی دیکەی کردەی سیاسی و سازکردنەوەی هێز نادا، چونکە نایهەوێ لەو ئاسۆ ڕوونەی مژدەی هاتنی دراوە دوور بکەوێتەوە.
بۆ دەربازبوون دەبێ لۆژیکی چاوەڕوانییەک هەڵبوەشێنینەوە کە بە تەمای ساتەوەختی مەزنی گەڕانەوە بۆ مەیدانی شەڕ، کردەی سیاسی ئیستامان لەبیر دەباتەوە. چونکە ئەگەر ئاسۆ تەنیا بۆ ساتەوەختێکی کۆتایی قەتیس بکەین، هەر وەدواکەوتنێک وەکوو شکستێک و هەر بێدەنگییەک وەکوو خەیانەت دێتە بەر چاو. بەڵام ئەگەر نیشانی بدەین هەر ئەم تێگەیشتنە لە ساتەوەختی مەزن بۆخۆی بەشێک لە کێشەکەیە، ئەو کات دەکرێ لێی داببڕێین. هەر وەک ئەفسەری ڕۆمانی دەشتی تاتارەکان کە ژیانی نەک لەبەر ترس، بەڵکوو لەبەر گیرۆدەبوون بە دەست ئاسۆیەکی نادیارەوە بەرەو کۆتایی هات، لە سیاسەتی کوردییشدا مەترسیی سەرەکی تەنیا وەدینەهاتنی ڕزگاری نییە، بەڵکوو بەردەوامبوونی شێوازێک لە خەیاڵی سیاسییە کە کردەوەکان بۆ داهاتوویەکی نادیار پەک دەخاتەوە. ئامانجی ئەم وتارە وڵامدانەوە بەم پرسیارەیە کە ئایا قەرارە ئەو ئاسۆ ڕوونە ساتەوەختێکی سەیر بێ کە هەموو کێشەکان چارەسەر بکا یا دەبێ هەوڵ بدەین وەک ئیمکانێک لە هەناوی ئیستادا سەر لەنوێ پێناسەی بکەینەوە؟
سیاسەتی چاوەڕوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەگەر ڕۆمانی دەشتی تاتارەکان تەنیا وەک خوازەیەکی ئەدەبی سەیر نەکەین و وەک داڕێژەیەکی شیکاری لێی ورد ببینەوە، دەکرێ بوترێ سیاسەتی کوردی لە ڕۆژهەڵات تووشی جۆرێک لە »سیاسەتی چاوەڕوانی« بووە کە تێیدا ئاسۆ نەک وەک ئاقارێکی دیاریکراو، بەڵکوو وەک ڕووداوێکی یەکلاییکەرەوە وێنا دەکرێ. ئەم پێکهاتەیە کردەی سیاسی ناسڕێتەوە بەڵکوو هەڵیدەپەسێرێ. بە واتایەکی تر، کێشەکە ئەوە نییە کە کردەیەک لەئارادا نییە، بەڵکوو کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێوەری هەڵسەنگاندنی کردەکان دەبێتە ئەو ساتەوەختە گریمانەییە. ساتەوەختێک کە هێشتا نەهاتووە، بەڵام بووەتە پێوانەی بایەخەکان و هەر بۆیە هەر هەوڵێک بەشێوەی کاتی سەیر دەکرێ. لە ئاکامدا ساتەوەختی ئیستا لەجیاتی ئەوەی ببێتە کاتی کۆکردنەوەی هێز، دەگۆڕدرێ بۆ ساتەوەختی وەدواخستن.
بەپێی تێگەیشتنی باو کە زۆربەی جار حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەرهەمی دەهێننەوە، ئاسۆ ڕوونە چونکە لە داهاتوویەکی دیاریکراودا ئەوان کۆنتڕۆڵی کوردستان بەدەستەوە دەگرن. لەم خوێندنەوەیەدا، »خەبات درێژەی هەیە« و »بەشی ئینسانی بێهیوا نەمانە«، هەر بۆیە ئاسۆ هەڵگری سەرەنجامێکی کۆتاییە و کات بەشێوەی هێڵێک سەیر دەکرێ کە ئەوسەریمان لێ دیارە. لەم شێوازەدا، پێناسەی سیاسەتی کوردی جووڵەیەکە کە دەبێ بەو خاڵە یەکلاییکەرەوەیە بگا. هەرچی وا هەست بکرێ بەو خاڵە نزیکتر بووینەتەوە، هیوامان زیاتر دەبێ؛ هەرچیش وای دابنێین لێی دوورتر کەوتووینەوە ناهۆمێدی پەرە دەستێنێ.
ئەم شێوە سیاسەتکردنە هەندێک کێشەی لێ کەوتووەتەوە: (١) ئاسۆ لەجیاتی ئەوەی پرسێکی بەردەوام بێ، دەبێتە ئەو وادەیەی ئەگەر بەدی نەهات دڵساردیی لێ بکەوێتەوە. (٢) بیرکردنەوە لە ئاسۆ دەبێتە هۆی ئەوەی لە هەنووکە ورد نەبینەوە و ساتەوەختی ئیستا گرنگییەکی لە سازکردنی مانادا نەمێنێ و بۆش ببێتەوە، چونکە مانای کۆتایی تەنیا لە ئایندەدایە. (٣) سیاسەتی کوردی کورت دەبێتەوە بۆ ساتەوەختێکی مێژوویی: پەلە نەکەین تا ئەو کاتەی سەردەکەوین. لە ئەنجامی ئەم دۆخەدا، هەر شێوازێک کە شۆڕشگێڕانە نەبێ وەک پاشەکشە و ئاشبەتاڵ و هەر جۆرە لە بەدینەهاتنی خەونەکان، وەکوو شکست باسی لێ دەکرێ. ڕێک لەم کاتانەدایە کە ناهۆمێدی هەناوی سیاسەتی کوردی دادەگرێ و بەرەبەرە هێندە بە جەستەی شۆڕشگێڕاندا شۆڕ دەبێتەوە کە لە ئاکامدا کردەی سیاسی ئیفلیج دەکا.
لە سیاسەتی کوردیدا هەر ڕەخنەیەک دەبێ لە ڕەخنە لە حیزبەوە دەست پێ بکا، چونکە بە هۆکاری مێژوویی حیزبەکان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر سازکردنی گوتاری نەتەوەیی هەبووە. هەر بۆیە بێ کار و کاردانەوەی کردەی سیاسی لەگەڵ حیزبەکان، ئیمکانی جووڵەی سیاسی لە بازنە داخراوەکاندا قەتیس دەمێنێتەوە. ئەمە بەو مانایە نییە کە چالاکانی سیاسی و کولتووریی دەرەوەی حیزبەکان دەکەونە دەرەوەی ڕەخنە یا دەوریان لە سازکردنی مانادا بەهەند وەرناگیرێ. بەپێچەوانەوە، یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی سیاسەتی کوردی، کارلێکی ئەم دووانە پێکەوەیە. ئەوەی لە درێژەدا دێ ئەگەرچی زیاتر ڕووی لە حیزبەکانە، بەڵام هەوڵ دەدا بەشێوەیەکی سازێنەرانە لەگەڵ گوتاری کوردایەتی بکەوێتە گفتوگۆ. ڕەنگە ئەمە بەشێک لەو ئاڵۆزییە بێ کە نووسەر پێی وایە بۆ خۆشی بەشێکە لە پرسەکە و خاوەنی زانستێکی حەکیمانە نییە کە لە دەرەوەی مەیدانی سیاسیی کوردایەتی، ڕێوشوێنێک بۆ خەبات دەستنیشان بکات.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی سەقامگیربوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سازبوونی هەرێم لە باشووری کوردستان، کارکردی دوولایەنەی ئاسۆیەکی ڕوون زیاتر خۆی دەرخستووە. لە لایەکەوە ئۆمێد بە سازبوونی هەرێمێکی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵات دڵخۆشی کردووین و لە لایەکیشەوە گوشاری هەمەلایەنەی سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی ڕژیم، خەم و نیگەرانییەکی پەرە پێداوە کە خەباتی کوردایەتی ناگاتە ئەنجام. ئەم شێوازە لە ڕوانین سێ خەساری سەرەکیی لێ کەوتووەتەوە:
(١) لەجیاتی ئەوەی سازکردنی ڕێبازی خەبات بایەخی هەبێ، سیاسەت بەو ساتەوەختە مەزنەوە گرێ دەدرێتەوە کە حیزبەکان قەرارە بۆ ڕۆژهەڵات بگەڕێنەوە. بۆ وێنە لە کاتی قەیرانێکی ناوچەیی وەکوو شەڕی ئامریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دیسانەوە چاوەڕوانییەک بۆ »هەلێکی مێژوویی« ساز بوو کە قەرارە حیزبەکان بۆ ڕۆژهەڵات بگەڕێنەوە و حکوومەت بەدەستەوە بگرن. بەڵام لە کردەوەدا، چونکە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پێویست بۆ ئەم ساتەوەختە دابین نەکراوە، کارێکی ئەوتۆ ئەنجام نادرێ. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە بەشێک لە چالاکانی سیاسیی کورد پێیان وایە هەلەکە لەکیس چووە، بێئەوەی پرسیار لەوە بکرێ کە ئایا لە بنەڕەتدا هەلومەرجی پێویست لەبەردەست بووە یا نا. لە نموونەی شەڕی ئەم ماوەیەدا، زۆر کەس پێیان وابوو کە کەرەسەی شەڕ و باوردۆخەکە هەموار و ئامادە نییە. بەڵام ئایا دەبێ حیزبەکان چاوەڕێی هەلی گونجاوتر بمێننەوە، یا ئەوەی لە بەستێنی هەلی ئیستادا دەرفەتی نوێ بخولقێنن؟
(٢) کەموکوڕی لە داهێنانی سیاسی. حیزبەکان تا ڕادەیەکی زۆر پشتیان بە شێوازە کۆنەکانی ڕێکخستن، هیرارشیی ناو ڕێکخراوە و خەبات بەستووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە مەیدانی کردەی سیاسی گۆڕاوە. مەیدانی کردەی سیاسیی ئیستا زۆر زیاتر لە جاران شەبەکەییتر، پرش و بڵاوتر، و چەند ڕەهەندیتر بووەتەوە. ناکارامەیی لە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی حیزبەکان لە هەندێک لە بەشەکانی ناو کۆمەڵگە، بەتایبەت نەسلی نوێ، دوور بکەونەوە.
(٣) قەیرانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە. پەیوەندیی تۆکمەی حیزبەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات تا ڕادەیەک تووشی کێشە بووە، چونکە ئەم پەیوەندییە لەناو ناڕوونی و مەودایەکدا خۆی دەبینێتەوە. خەڵک ئۆمێدی هەیە ئەو ئاسۆیە بەدی بێ بەڵام ئەو ڕێڕەوە نابینێ کە دەبێ پێیدا تێپەڕێ. بۆیە لە ئاکامدا لە جیاتی ئەوەی خەڵک کۆ ببنەوە و ڕێک بخرێن، بەرەبەرە وزەی سیاسی تووشی داکشان دەبێ و دەپووکێتەوە.
چ بکرێ؟ پێناسەکردنەوەی ئاسۆ
پرسیاری ئەم وتارە کە »ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟« وڵامێکی سادەی نییە، چونکە ڕێک لەو کاتەیدا کە دەمانەوێ دڵخۆشیی خۆمان بدەینەوە کە ئاسۆ ڕوونە، دیسان ناڕوون دەمێنێتەوە و تووشی دڵەڕاوکێمان دەکا. ئەم لێڵییە نیشانەی ئەوەیە کە لە نێوان خەونی ئێمە و عەرزی واقیعدا بۆشاییەک هەیە؛ یا دەکرێ بگوترێ مەودایەک لە نێوان ئیرادەی سیاسی و ئەو ئیمکانانەی لەبەر دەستن ساز بووە. بە هەمان ئەندازە کە هەوڵ بدەین ئەم بۆشاییە بچووکتر بێتەوە هیوای ئێمەش بە داهاتوو زیاتر دەبێ.
سەرەتا دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە دەکرێ ئاسۆ ڕوون بێ بەڵام نەک بەو مانایە کە ڕێک لێمانەوە دیار بێ تا لە هەلەمەرجێکی دیاریکراودا پێی بگەین، بەڵکوو بە واتایەک کە هێشتا ناچار نەبووین دەست لە جووڵە هەڵگرین. بەم شێوەیە دیسان ئاسۆ ڕوون دەبێتەوە چونکە هێشتا ئیمکانی ڕزگاری دانەخراوە. ڕێگاکە کوێر نەبووەتەوە و دەکرێ خەبات لە چەندین شێوازدا بەردەوام بێ. بەڵام ئەم پێناسەکردنەوەیە تەنیا کاتێک مانای دەبێ کە شێوازی دیکەی کردەی سیاسی ساز بکرێن و تەنیا باسەکان لە قسەدا قەتیس نەبنەوە. ئەمە مەرجی سەرەکی و داینامیکی بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە دەیهەوێ بەڕۆژ بێتەوە و خۆی لە ڕووداوەکان بەدوور نەگرێ. دەکرێ بەم شێوازە باس لەو کردە سیاسییانە بکرێ:
(١) لەجیاتی باسکردن لە ئاسۆیەک لە دوورەدەستدا، بیر لە چەندین ئاسۆی بەردەست بکەینەوە کە بکرێ پێ گەیشتن و نەگەیشتنەکەی ئەندازە بگرین. خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا تێچوویەکی زۆری بۆ خەبات داوە. سەیری شوێنەکانی دیکەی دونیا دەکەی خەباتی هاوشێوەی ئێمە ئەگەر بە ئەنجام نەگەیشتبێتن، هیچی نەماون و فەوتاون. کەواتە حیزبەکان دەبێ هەوڵ بدەن مانایەکی ڕزگاریدەرانە بە کردەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی تاکی کورد ساز بکەن. بەم شێوەیە تاکی کورد خۆی وەک بکەرێک سەیر دەکا کە لە سازکردنی داهاتوودا دەوری هەیە. ئەمە ڕەوتێکە کە ساڵانێکە دەستی پێ کردووە، بەڵام دەبێ زیاتر نەخشەڕێگاکەی ڕوون بکرێتەوە کە چۆن هەندێک کردەی کۆمەڵایەتی وەکوو ژینگەپارێزی یا فێرکاریی زمانی کوردی هەڵگری مانایەکی سیاسین. ئەمە ڕێک مەیدانی بەربەرەکانێی بیری کوردایەتی لەگەڵ گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییە. چونکە هەوڵی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەفۆلکلۆرکردنی ناسنامەی کوردییە تا بتوانێ خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە مانا سیاسییەکەی خۆی داببڕێ.
(٢) کردنەوەی فەزا بۆ نەسلی نوێ و شێوازە نوێیەکانی کردەی سیاسی. لە درێژەی چەندڕەهەندیکردنی خەباتدا، چیتر سیستەمی ڕێکخستن کە لەناو حیزبەکاندا (کە بە تەشکیلاتی حیزبی بەناوبانگە) وەک جاران وڵامدەر نییە. سەرەڕای ئەوەی ئەم شێوازە بە هۆی سیستەمە نوێیەکانی سیخوڕییەوە کارامەییان کەمتر بووەتەوە، دەبێ ڕێگەی زیاتر بۆ سازکردنی شەبەکەی بچووکتر بڕەخسێ. ئەم شەبەکانە کە لە کردەوەدا سەربەخۆن و چیتر پێویست ناکا بەشێوەی تەشکیلاتی لەگەڵ کەسانێک لەناو حیزبەکاندا لە پەیوەندیدا بن، بەڵام لە ڕێگەی گرێدانەوەی مەعریفی بە گوتاری ڕزگاری و بیری کوردایەتییەوە دەتوانن بۆشاییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی پڕ بکەنەوە. لە کاتێکدا گوتاری ئێرانچیەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر دێ و لاوازتر دەبێ و مەشروعیەتی ڕژیم لە کەمترین ئاستی خۆیدایە، شەبەکە لێکبڵاوەکانی کوردی دەتوانن ئاسۆی دواڕۆژ ڕوونتر بکەنەوە.
(٣) پابەندبوون بە شەفافییەت بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کارێکی دژوارە. چونکە هەموو جووڵەیەکیان لە ژێر چاوەدێریی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕژیمدایە. بەڵام لە سەردەمی ئیستادا شەفافییەت بەشێکی جیانەکراوە لە سیستەمی حیزبییە. خەڵک و ئەندامان دەبێ بزانن کە پێوەری بڕیاردان لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر چ بنەمایەکە. بۆیە ناکرێ بە بیانووی پاراستنی زانیارییەکان هەموو شتێک نهێنی بمێنێتەوە. بۆ وێنە خەڵک دەبێ بەڕوونی بزانن کە جووڵەی حیزبەکان لە چ کاتێکدا ئیمکانی هەیە و چ کاتێک وەختی نەهاتووە. ئەم شەفافییەتە لە جیاتی ئەوەی حیزبەکان لاواز بکا، متمانە بەدوای خۆیدا دێنێ. بەپێچەوانەی ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسەکان بە شوێن نهێنییەکانەوەن تا خێرا بیدرکێنن، پەیوەندی سازکردن لەسەر بنەمای متمانە بەو مانایە کە خەڵک لە ئاستی بڕیارداندا بەشداریی پێ دەکرێ.
(٤) سازکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی مەعریفەی کوردییەوە. سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی کە لەسەر بنەمای وەخۆگرتنی »قەومی کورد« و پیشاندانی مێژوو و کولتوورێکی هاوبەشی ساختەدا ساز بووە، دەبێ بشکێنرێ. ئەگەرچی هەم حیزبەکان و هەم ئاکادێمیای ڕۆژهەڵات هەنگاوی جیددییان بۆ ئەم ئەرکە هەڵێناوە، بەڵام بەڵگەنەویستە کە کاری نەکردە هێشتا زۆری بەبەرەوە ماوە. ژمارەیەکی زۆر لە نوخبەی کورد لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و دیاسپۆرا خەمخۆری داهاتوون و دەکرێ لە پێناوی ڕزگاریدا ڕێک بخرێنەوە. کێشەیەک کە پێشتر لەم بوارەدا بەدی دەکرا ئەوە بوو کە حیزبەکان هەوڵیان دەدا وەک بەشێک لە پێکهاتەی حیزبیی خۆیان کەڵک لە سەرمایەی مرۆییی ڕۆژهەڵات وەربگرن. بەڵام دەبێ بزانین کە پەروەردەی سیاسیی هاوچەرخ چیتر ئەم شێوازە پەسەند ناکا. دەبێ هاوکاریی نوخبەی کورد بکرێ تا بتوانن توانای خۆیان بۆ داهاتووی کوردستان وەگەڕ بخەن، ئەگەرچی هیچ گرێدراوەییەکی حیزبیشیان نەبێ.
(٥) لە بارودۆخێکدا کە گوشاری سیاسی و ئەمنیەتیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ مانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە، پرسی هێشتنەوەی هێزی پێشمەرگە تەنیا بابەتێکی سوپایی نییە، بەڵکوو مانەوەی ئەم هێزە، بەردەوامبوونی نەریتێکی سیاسی و کاکڵەی خەباتی کوردایەتی دەپارێزێ. بە واتایەکی تر، لەناوچوونی هێزی پێشمەرگە تەنیا نەمانی هێزێکی چەکداری نییە، بەڵکوو پچڕانی دامەزراوەیەکی لێ دەکەوێتەوە کە ئەزموون، لێهاتوویی و ناسنامەی سیاسیی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. لەم بارودۆخە دژوارەدا، ئەگەر ئیمکانی هێشتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شوێنێکی دیاریکراودا کەم ببێتەوە، دەکرێ بیر لە پەرشبوونەوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو بکرێ. گرنگیی هێزی پێشمەرگە لەوەدایە کە تەنانەت لە دۆخێکدا کە لە چەند لاوە چالاکییەکەی سنووردار کراوەتەوە (گوشاری ئەمنیەتی و دیپلۆماتیک لە هەرێمی کوردستان؛ داخرانی فەزای ڕۆژهەڵات؛ کەمبوونەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی) و لە دۆخی بچووکبوونەوەدایە، هێشتا ئیمکانی کردەوەی لە کاتی پێویستدا هەیە. نابێ لەم گۆڕانکارییە نیگەران بین، چونکە لە ئەنجامدا ئەوە یادگەی سیاسی و شەبەکەکانی کوردایەتین کە دەتوانن خێرا ئەم هێزە پەرە پێبدەن و بیبووژێننەوە، نەک ژمارە و ڕادەی چەکی ئیستای.

فۆتۆی سەربەرگ کاری هونەرمەندی خۆشەویست کاک کەیوان فاتحییە و لە سایتی گاردیەن بڵاو بووەتەوە. بۆ سەیرکردنی پڕۆژەکەی سەیری ئەم لینکە بکەن:
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی
سەعیدی، فاتح(٢٠٢٦): ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران
دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران هێلینا باوەرنفایند وتارەکەی بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیڕەوی لە لۆژیکێکی ڕوونی دڵنیایی ستراتیژی دەکات: ئەو پەرەسەندنە سەربازییەکان دەخاتە [...]
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە دانا حەمید چارەنووسی ئێران لەم ساتە مێژووییەدا، لەسەر لێواری پەتێکی تەنک و لەرزۆک ڕاوەستاوە کە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کێشراوە: نمایشکردنی کەڵبەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تیژ و هەڵگرتنی [...]
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا ڕێبوار سیوەیلی ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا "برادر گوش بدە.."! لەنێوان هەژموونی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا و پێویستییەکانی فرەیی نەتەوەیی ١. مێژووی سیاسیی ئێران هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری "گورزی کوشندە" و [...]
ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان
ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان هێلینا باوەرنفایند ئەوە ئەو ساتە بوو کە دەکرێت لە مێژووی ململانێ نوێیەکاندا وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژمار بکرێت: کاتێک یەکەم بۆمبەکان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی [...]
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی مەسعوود بابایی بەرایی: "لەکوردترسێنی" و "کوردترسێنی" دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە [...]
لە ستایشی پێشمەرگە
لە ستایشی پێشمەرگە ئارام کەیخوسرەوی پێشەکی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵات و تێپەڕبوون لە فۆرمە نەریتییەکانی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوە مۆدێرنەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا. مۆدێرنیتەی سیاسی، وەک پڕۆسەیەکی گشتگیر، تەنیا [...]







