ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…
ئارام کەیخوسرەوی
لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی سێ ڕووداوی سیاسیی گەورە بوونەتەوە: ڕاپەڕینی ژینا، شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، و پێکدادانە دوایییەکانی نێوان ئێران و بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا. هەرچەندە ئەم ئاڵۆزییانەی دوایی بەهۆی ئاگربەستێکی کاتییەوە هێور بوونەتەوە، بەڵام چارەنووسیان هێشتا لێڵە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە ئارادایە. ئەم دۆخە لە پانتایی سیاسیی کوردستاندا مشتومڕێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە؛ دەستەیەک پێیان وایە دەبوو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هێزی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ ببنە ئەکتەرێکی نێو گۆڕەپانەکە، بەڵام دەستەیەکی دیکە بە پارێزەوە دەڕواننە پرسەکە و پێیان وایە هەر جۆرە بەشدارییەک دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی.
ئەوانەی خوازیاری بەشداریی ڕاستەوخۆ بوون، ئەم ڕووداوانە وەک «دەرفەتێکی مێژوویی» و بەختێکی بێوێنە دەبینن کە دەتوانێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد چەند هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببات؛ ڕوانگەی ئەوان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە خەباتی ڕزگاریخوازانە بەبێ ریسک و سەرکێشی ناگاتە ئامانج. لە بەرامبەردا، دەستەکەی دیکە تەنیا ڕەهەندە مەترسیدارەکان و هەڕەشەکان دەبینن و جەخت لەسەر خوێندنەوەیەکی «عەقڵانی» بۆ دۆخەکە دەکەنەوە. لێرەوە دوانەیەکی دژبەیەک لە شێوەی «بڕیاری هەستەکی» بەرامبەر «بڕیاری ئاوەزمەندانە» دروست بووە، کە تێیدا لایەنەکان یەکتر بە «هەستەکی» یان «پارێزکار» ناوزەد دەکەن.
بە بڕوای من، ئەم جۆرە پۆلێنکردنە لەگەڵ سروشتی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕدا ناگونجێت. شۆڕش لە جەوهەری خۆیدا ناتوانێت تەنیا و تەنیا پابەندی ئاوەزێکی وشک بێت؛ چونکە مرۆڤێک کە تەنیا لە چاویلکەی ساردی ماتماتیکەوە سەیری جیهان بکات، هەرگیز خۆی لە قەرەی ڕزگاری و شۆڕش نادات. لە ڕوانگەی ئاوەزێکی حیسابکەرەوە، هیچ لۆژیکێک لەوەدا نییە دەستەیەکی پەنجا یان سەد کەسی بەرامبەر سوپایەکی زەبەلاح و تانگ و هاژەک بوەستنەوە. ئەگەر بەم لۆژیکەوە پرسەکان لێک بدەینەوە، ڕەنگە کۆی بزووتنەوەی کوردی هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بکەوێتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە. لە شۆڕشەکاندا هەمیشە ناهاوسەنگییەک لە نێوان دوو بەرەدا هەیە، بەرەیەک بەهێزترە و بەرەیەکی تر لاوازە. ئەگەر بە تەمای ئەوە بین دوو بەرە بە تەواوی هاوسەنگ بن، ئەوە خودی مانای شۆڕش لە بەین دەچێت و لە هەمان کاتدا کۆی بزووتنەوەی کوردی کە هەمیشە لە پێگەیەکی لاوازتر لە دەوڵەتەکان بووە، بێ مانا دەکرێت. کەواتە شۆڕش ناتوانێت لە پێگەی ئاوەزەوە، هەست و خەیاڵی شۆڕشگێڕانە مەحکووم بکات. بەڵام لە هەمان کاتدا، شۆڕش تەنیا لە هەست و جۆش و خرۆشیش پێک نایەت، بەڵکو پێویستی بە جۆرێک لە عەقڵانیەت و حیسابگەری هەیە کە ستراتیژی کارکردن و بەردەوامییەکەی دەستەبەر بکات. لە ڕاستیدا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی سەرکەوتوو، پێویستی بە ئاوێتەبوونی هاوسەنگیی هەردوو ڕەهەندی «ئاوەز» و «هەست» هەیە و هیچ کامیان بەبێ ئەوی دیکە ناتوانن درێژە بدەن.
من سەرەڕای ئەوەی ڕوانگەی خۆم بە دەستەی یەکەمەوە نزیک دەبینم، بەڵام نامەوێت ئەم ڕوانگەیە بسەپێنم. لە ڕاستیدا لەم نووسینەدا بەدوای دیاریکردنی بڕیاری «هەڵە» یان «دروست»دا ناگەڕێم؛ چونکە ڕەنگە هیچ کام لەو دوو دەستەیە بە تەواوی نەزانن بڕیاری ڕاستەقینە و بێوەی کامەیە. مێژوو پڕە لە ئەگەری پێشبینینەکراو؛ ڕەنگە بەشداریی هێزی پێشمەرگە دەستکەوتێکی بێوێنە بۆ کورد تۆمار بکات، یان بە پێچەوانەوە، کارەساتێکی گەورەی لێ بکەوێتەوە. بە هەمان شێوە، ڕەنگە بێدەنگبوون و بەشدارینەکردنیش ببێتە هۆی ئەوەی کۆی بزووتنەوەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی جەوهەری ببێتەوە. ئەوەی لێرەدا دەیخەمە ڕوو، ڕەنگە لە ڕواڵەتدا تەنیا سەرنجێکی لاوەکی بێت، بەڵام بە بڕوای من خاڵێکی سەرەکی و جێی تێڕامانە. لە ڕاستیدا وەرکە و خەمێکە دەمێک ساڵە لەگەڵم بووە و بەردەوام نکۆڵیم لێ کردووە، بەڵام ئێستا لەم دۆخەدا پێم وایە دەبێ باسی بکەم. بەڵام ئەو خەمە چییە؟
عەلی حەسەنیانی (هاوار) لە شیعرێکی بەناوبانگیدا، بە زمانێکی سادە و لێوانلێو لە ئومێد، مۆژدەی گەیشتن دەدات. ئەو کاتەی دەیخوێنیتەوە، ئاسوودەییەکی تەواو دەتگرێت؛ وەک ئەوەی جەبرێکی مێژوویی هەبێت و بزانیت دواجار ئەم ڕێگا سەختە مەنزڵگەیەکی هەیە. ئەو لە بەشێک لەم شیعرەدا دەڵێت:
مەلانی دوورەلانی تاسەبار، بە مۆسیقای ئەوینەوە،
بەرەو وڵاتی کوردەواری دێنەوە!
پەژارە لادەچێ و بە پێکەنینەوە دەڕۆینە گوڵچنین.
لە بەرزەکۆوە قاسپەقاسپی باڕەکەو،
سەما دەخاتە بەژنی ڕێکی خواژنی ئەوین!
گوڵم!
نزیکە خەم مەخۆ…
گرنگیی ئەم شیعرە لەو دێڕە کۆتایییەدایە؛ دڵنیاییەک کە بە سادەترین وشەکان دەربڕدراوە و خوێنەر لە ئامێز دەگرێت. بەڵام هۆکاری نووسینی ئەم یادداشتەی من لە ئێستادا، ڕێک پێچەوانەی ئەو شیعرە و ئەو دێڕەی کۆتایییە. دەپرسم: ئایا بە ڕاستی نزیکە و نابێت خەم بخۆین؟
چوونە نێو باس
ئەو کاتانەی کەناڵە کوردییەکان ڕوویان لە زیادبوون کرد، نەوەی ئێمە بۆ یەکەمجار پێشمەرگەی لە ڕێگەی شاشەی ئەم تەلەفزیۆنانەوە بینی؛ کۆمەڵێک مرۆڤی چەکبەشان کە لە باریکەڕێگەی شاخەکاندا، یەک لە دوای یەک ڕێیان دەکرد. گرنگیی ئەم دیمەنانە، جیا لە خودی پێشمەرگەکان، لە «ڕێگاکە»دا چڕ دەبووەوە. دووبارەبوونەوەی ئەو وێنانە- واتە قەتارەی پێشمەرگەکان لە ڕێگەیەکی سەخت و دژواردا- ئەو پەیامە مێژووییەی دەگواستەوە کە ڕێگایەکی دوورودرێژمان لە پێشە.
یەکێک لەو بەرنامانەی کە ئەو کات زۆرترین بینەری هەبوو و ئەم دیمەنانەی پتر لە هەر بەرنامەیەکی دیکە دووبارە دەکردەوە، ناوی «ڕێگایەک بەرەو خۆر» بوو. لە ناوی بەرنامەکەشدا سووژەی سەرەکی هەر «ڕێگاکە» بوو. لێرەدا «خۆر» تەنیا هێمای ڕووناکی نەبوو، بەڵکو مانایەکی پەراوێزیشی هەبوو: دوورەدەستی و درێژیی ڕێگاکە. هەندێک جار ئەو دیمەنانەی کە تێیدا کامێراکە لە پەنای ڕێگەکەوە دەوەستا و پۆلی پێشمەرگەکان یەک بە یەک لە بەردەمییەوە تێدەپەڕین و ون دەبوون، بە وتەیەکی دکتۆر قاسملوو دەڕازایەوە کە دەیگوت: «کاروانی شەهیدانمان درێژە و ڕەنگە لەوەش درێژتر ببێت.» یان دەیگوت: «ڕەنگە چل و پەنجا ساڵ بۆ تەمەنی مرۆڤ زۆر بێت، بەڵام بۆ نەتەوەیەک کە دەیهەوێت ئازاد بێت، تەمەنێکی زۆر نییە.» ئەم گوتانە هەم ڕێگاکەی زەق دەکردەوە و هەم مانا و دوورودرێژیی خەباتەکەی تێدا دەبینرا. ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵە، «ئیماژی پێشمەرگە» لە زەینی من و ڕەنگە زۆر کەسی دیکەی هاوتەمەنی مندا، هەر ئەو دیمەنانەیە: «پێشمەرگەیەک بە ڕێگاوە.»
«ڕێگا» و دوورودرێژییەکەی، بەردەوام گەیشتنی بە دوا دەخستەوە؛ بە جۆرێک کە خودی ڕێگاکە دەبووە ناوەندی پرسەکە و «گەیشتن» دەکەوتە پەراوێزەوە. ئەم پەراوێزخستنە لە ڕاستیدا زۆر ڕوون و ئاشکرا نییە، تەنیا خۆی لە گرنگینەدان بە دەرفەت و پێشهاتەکانەوە دەردەخات.
ساڵانێک دواتر، دروشمێکی نوێ هاتە نێو پانتایی سیاسەت و ئەدەبیاتی کوردایەتییەوە: «بەرخودان ژیانە». ئەم دروشمە دیمێکی تری ئەو ئیماژە زەینییە بوو کە لە پێشمەرگە دروست کرابوو. ئیتر بەرخودان و لەسەر ڕێگا مانەوە، تەنیا ڕێگەیەک نەبوون بۆ گەیشتن، بەڵکو خودی «بەرخودان»ەکە وەک مانیفێستی ژیان پێناسە کرایەوە. بەرخودان بووە ناسنامەی سووژەی کورد. لەم گوتارەدا، ژیان هیچ نەبوو جگە لە بەرخودانێکی هەمیشەیی. جیا لەوەی نییەت و مەبەستی بەکارهێنەرانی ئەم تێگە و چەمکانە چی بوو، بەڵام ئەم تێڕوانینە وردە وردە، «ڕێگا» و «بەرخۆدان»ی لە ئامرازێک بۆ ڕزگاری، گۆڕی بۆ خودی ئامانجەکە؛ بە جۆرێک کە مانەوە لەناو پرۆسەی خەباتدا بووە جێگرەوەی گەیشتن. جیا لەوەی چی دەقومێت و چی دەبێت، جۆرە ئیمانێکی هەمیشەییە بە ڕێگاکە دروست دەبێت، ئیمان بە بەردەوامیی ڕێگاکە.
لە گەرمەی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، لە هاوڕێیەکم پرسی: «پێتوایە چارەنووسی ئەم ڕاپەڕینە بە کوێ بگات؟»، ئەویش بە جۆرێک لە تەنز و پلارەوە وتی: «ئەمە ڕاپەڕینی کوردە؛ نە بە تەواوی سەردەکەوێت و نە کۆتاییشی دێت.» ئەم قسەیەی، ئەگەرچی بە گاڵتەوە بوو، بەڵام ڕاستییەک لە هەناویدا بوو؛ ئاماژەیەک بوو بۆ مێژوویەکی درێژ لە شۆڕشەکانی ئێمە کە هەمیشە لە نێوان «مان و نەمان»دا خولاونەتەوە. نە گەیشتوونەتە لووتکەی سەرکەوتنی ڕەها و نە بە تەواویش خامۆش بوون. ڕوخسار و فیگۆری مێژوویی ئێمە، فیگۆری «مانەوە»یە، بە جۆرێک وادەردەکەوێت لەم شێوازە لە مانەوەدا جۆرە چێژێکیش ببینین. فیگۆرێک کە نە فیگۆری سەرکەوتنە نە فیگۆری شکست، بەڵکوو تەنیا فیگۆر و قاڵبی مانەوەیە. ئێمە ماینەتەوە بێ ئەوەی سەربکەوین و بێ ئەوەی دوژمنانمان لە بنەوە لەناومان بەرن.
عیرفان مستەفا ئەم دۆخە وەک خاڵێکی پۆزەتیڤ و تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەی ناسنامەی کوردی دەبینێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، مۆدێرنیتە، جیهانی بەسەر دوو جەمسەری دژبەیەکدا دابەش کردووە: «سەردار و کۆیلە». بەڵام «کوردبوون» خاوەن جۆرە بوونێکی جیاوازە؛ کورد نە دەخوازێت ببێتە سەردار و نە کۆیلایەتیش قبووڵ دەکات. سەرنەکەوتنی کورد بەو مانا کلاسیکییەی لە مۆدێرنەدا هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کورد نایەوێت ببێتە سەردارێک کە بچەوسێنێتەوە، لە هەمان کاتدا زنجیرە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانیش ئەوەیان سەلماندووە کە هەرگیز نابێتە کۆیلە. ئەم ڕوانگەیەی مستەفا، لە ڕاستیدا وەڵامێکە بۆ ئەو کەسانەی خەباتی کورد بە «ئەفسانەی سیزیف» دەشوێنین و وەک کارێکی بێهودە وێنای دەکەن؛ سیزیفێک کە بەردەوام بەردێک بەرەو لووتکە دەبات و پێش گەیشتن لێی دەخلیسکێتەوە و سەرلەنوێ دەست پێ دەکاتەوە. لای مستەفا، ئەمە بێهودەیی نییە، بەڵکو خودی ئەو کۆڵنەدان و پرۆسەی بەرهەڵستکارییە ئامانجی سەرەکییە، نەک تەنیا گەیشتن بە لووتکە. مستەفا پێی وایە کورد بڕوای بە سیستمێکی جیاواز هەیە لەو سیستمە مۆدێرنەی جیهانی بەسەر سەردار و کۆیلەدا دابەش کردووە. بەردەوامبوونی کورد وەک سیزیف، هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی سیستمێک کە مستەفا وەک «سیستەمی بوونەوەرە ئازادەکان» پێناسەی دەکات. ئەو پێی وایە کورد لەناو ئەو چوار دەوڵەتەی بەسەریاندا دابەش بووە، هەر لە سەرەتاوە بەدوای ئەوەوە بووە کە هیچ لایەک نەبنە سەردار یان کۆیلە، بەڵکو ویستوویەتی هەمووان لە چوارچێوەی پەیمانێکی مرۆییدا کۆبکاتەوە کە ڕێگر بێت لە چەوسانەوە. ڕازی بەردەوامبوونی کوردیش ڕێک لەم خاڵەدایە.
ئەگەر تا ئێرە «ڕێگا» وەک سەرچاوەی مانا و بەردەوامی دەبینرا، ئێستا دەبێت بپرسین: ئایا خودی ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر «ڕێگا»، هێواشهێواش نەبووەتە بەربەست لە بەردەم «گەیشتن»دا؟
ئەو ئیماژە لە پێشمەرگە لە کاتی جووڵە لە نێو باریکەڕێگاکانی شاخدا، پێش ئەوەی هەڵگری بیرۆکەی سەرکەوتن بێت، هەڵگری بیرۆکەی «بەردەوامی»یە. لێرەدا «ڕێگا» چیتر ئامراز نییە، بەڵکو دەبێتە دۆخێکی هەمیشەیی؛ دۆخێک کە تێیدا وەستان بۆ بڕیارە گەورەکان یان قۆستنەوەی ساتەوەختە مێژووییەکان، بە ئاسانی پەراوێز دەخرێن. لە ئاسۆیەکی وەهادا، تەنانەت خوێندنەوەی ئەفسانەی سیزیفیش دەگۆڕێت. پرسەکە چیتر تەنیا ئەوە نییە کە ئایا کارەکەی بێهودەیە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە دووبارەبوونەوەی بێکۆتایی، دەبێتە کارێکی ئاسایی و تەنانەت قبووڵکراو. سیزیف چیتر تەنیا سیمبولی هۆشیارییەکی تراژیدی نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە سیمبولی جۆرێک لە «خوگرتن بە دۆخەکە». دەپرسم، نەدەکرا سیزیف لە جیاتی ئەوەی تەنیا لەناو بازنەی دووبارەبوونەوەدا بخولێتەوە، لەو پێدەشت و ڕووبەرەدا بگەڕایە و کەرەستەیەکی بۆ سەرکەوتنی خۆی بدۆزیبایەوە؟ دۆزینەوەی ئەم کەرەستەیە لە بەستێنە سیاسییەکەی ئێمەدا، ڕێک ئەو دەرفەت و بەختە مێژووییانەن کە دەگمەنن بەڵام هەن.
ئەم خوگرتنە، لێکەوتەی سیاسی هەیە؛ بزووتنەوەیەک کە بە شێوەیەکی پێشوەختە «دەزانێت» ڕێگاکە بەردەوام دەبێت، کەمتر هەست بە زەروورەتی وەڵامدانەوە بۆ ساتەوەختە یەکلاکەرەوەکانی مێژوو دەکات. ئەو دەرفەتانەی دەتوانن ڕێڕەوەکە بگۆڕن -ئەو ساتانەی پێویستیان بە بڕیار و مەترسیکردن هەیە- لە نێو دڵی ئەم بەردەوامییەدا دەتوێنەوە. بەم شێوەیە، ئەوەی لە دەرەوە وەک «بەردەوامییەکی ماندوویینەناسانە» دەبینرێت، لە ناوەوە دەکرێت ببێتە جۆرێک لە «هەڵپەسێردراویی درێژخایەن». کاتی خۆی ئەلکساندر کۆژێڤ، فیلەسۆفی فەرنسی لە بارەی بزووتنەوەی مای ٦٨ گوتەبووی: «کەسێک نەمردووە کە واتە هیچ ڕووی نەداوە.» مانای قسەکەی ئەوە بوو کە ئەو بزووتنەوەیە هێندەش گرنگ نەبوو کە ئاوا دەنگی داوەتەوە. ئەم قسەیە بۆ دۆخی خووگرتنی کوردیش دەکرێ بە چەشنێکی دیکە دارێژینەوە، واتە لەم گوتارەدا کە ڕێگا و بەرخودان بووەتە ناسنامە، گرنگ نییە چ دەرفەتێک دێتە ئاراوە، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، چونکە پێشوەختە ئیمانێک هەیە کە ڕێگاکە هەر بەردەوامە. بۆیە ئەوەی وەک لەدەستدانی دەرفەت پێناسە دەکرێت، لە خوێندنەوەی دیکەدا گومان لە دەرفەتبوونی دەکرێت، یان بە شێوازێکی دیکە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت دەخوێنرێتەوە؛ بە زمانێکی دیکە، چی دەقومێت با بقومێت ڕێگاکە هەر بەردەوامە. لێرە نکۆڵی لە بەربەستە دەرەکییەکان بۆ گەیشتن ناکەم، مەبەست ئەوەیە خووگرتنێک دروست بووە و بووەتە ناسنامەی سووژەی کورد کە بەردەوام خۆی بەم تایبەتمەندییە وێنا دەکات.
لەم مانایەدا، پرسەکە چیتر تەنیا دواخستنی «گەیشتن» نییە، بەڵکو «ئاساییبوونی نەگەیشتن»ە. کاتێک بزووتنەوەیەک پێشوەختە بەردەوامیی خۆی مسۆگەر دەبینێت، چیتر خێراییی بڕیارو بیرکردنەوە لە دەرفەتەکان گرنگیی خۆی لە دەست دەدات. لە کۆتاییدا، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەمەیە: ئایا «ڕێگا» هێشتا ئامرازێکە بۆ گەیشتن، یان خۆی بووەتە جێگرەوەی گەیشتن؟ ئەگەر وەڵامەکە دووەمیان بێت، ئەوا بەردەوامی چیتر نیشانەی خۆڕاگری نییە، بەڵکو نیشانەی جۆرێک لە چەقبەستووییە لە قاڵبێکی ماناداردا. ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە لە جیاتی تەنیا ستایشکردنی بەردەوامیی ڕێگاکە، جارێکی تر بیر لە ئەگەری «دابڕان»، «بڕیار» و «گەیشتن» بکەینەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
کەیخوسرەوی، ئارام(٢٠٢٦): ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە... ئارام کەیخوسرەوی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی سێ ڕووداوی سیاسیی گەورە بوونەتەوە: ڕاپەڕینی ژینا، شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، و پێکدادانە دوایییەکانی [...]
لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا
لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا کاوە عومەر خۆشناو لە ساڵی ١٩٧٦ ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی دەگمەنی لە ئێنتێبی پایتەختی ئۆگاندادا ئەنجام [...]
پەیامە هەستیارەکەی تاران
پەیامە هەستیارەکەی تاران هێلینا باوەرنفایند عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەم ڕۆژانەدا بە ڕاگەیەندراوێکی بە رواڵەت ئاسایی، ئاماژەیەکی نارد کە زۆر لە سنوورەکانی ناوچەکە تێدەپەڕێت: گەرووی هورمز، کە خاڵێکی دەمارگیری بازرگانیی [...]
مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە
مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە مەسعوود بابایی مانەوەی گەل، نەتەوە یان کۆمەڵگەیەک لە بارودۆخی چەتوون و دژواری وەک جەنگدا، دۆخێکی جیاوازی دەروونی و جڤاکی دەخوڵقێنێت. سەربازەکان لە دەمی [...]
بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ
بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ کاوە عومەر خۆشناو سەرەتا: بابەتی بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و [...]
یاد و لەبیرچوونەوە
یاد و لەبیرچوونەوە دانا حەمید «ئەوانەی ناتوانن ڕابردوو بەبیر بهێننەوە، مەحکومن بە دووبارەکردنەوەی». (جۆرج سانتایانا)… [واتە، مێژوو تەنها کۆمەڵێک چیرۆکی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە بۆ بینینی داهاتوو. فەرامۆشکردنی هەڵەکان، گەورەترین هەڵەیە [...]







