بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ی کوردی
سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٤): برایەتیی تورک-کورد لە نێوان باڵادەستی و پاراستنی هێزدا: لێکدانەوەیەکی دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی لە زمان بەڕێز ئۆجەلانەوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
پوختە
بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا سەڵاحییەتی فەرماندانی بەشێوەیەکی هاوپێچ بە پ.ک.ک. گەیاندووە:”من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن.” ئەمە دەکرێت وەڵامێکیشی بێت بۆ کاردانەوەکەی پ.ک.ک. بەرانبەر پەیامەکەی لە ڕۆژی ٢٣ی نۆڤەمبردا و لە درێژەدا دەڵێت: “شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات”، دەوری دەم پارتیش وەک ناوبژیوانێک دەنرخێنێت.

دەستەواژە گشتی و ناڕوونەکان
ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا زۆر تۆکمە داڕێژراوە. بەڵام هێندێک دەستەواژە و دەربڕینی تێدا هەن کە ئاماژەکانیان تا ڕادەیەک ناڕوون و گشتین کە هەوڵ دەدەم بە پێی بارودۆخی ئێستا و بەستێنە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانیان لەم وتارەدا ڕوونیان بکەمەوە کە بریتین لە: “دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد”؛ “چارەسەری ئەرێنی”؛ “سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێنرێن”؛ بەهێزکردنەوەی برایەتیی تورک-کورد”؛ “گیرۆدەنەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک”؛ “دەستوەردانی دەرەکی”؛ “هەنگاوی ئەرێنی و بانگەوازکردن بۆی”.
پێکهاتەی ئەم دەقە بە پێی بەستێنی سیاسیی تورکیا و ناوچەکە، دۆخی دیلێتیی بەڕێز ئۆجەلان، ژێردەستەییی کورد و باڵادەستیی دەوڵەتی تورک لەسەر بیرۆکەی “بەهێزکردنەوەی برایەتیی تورک-کورد”دامەزراوە. یەکەم ئەم بیرۆکەیە کە زیاتر چەمکێکی ئەخلاقی دەگەیەنێت تا ئەوەی زاراوەیەکی سیاسی بێت کە بکرێت بۆ هێندێک شتی کۆنکریت ورد بکرێتەوە، دەکرێت بگوترێت وەرگێردراوێکی چەمکی ئیخوانەکەی پارتەکەی ئەردۆغانیش بێت بەڵام بە پێی کەلێنی نەتەوەییی نێوان کورد و تورک، ڕواڵەتێکی سیاسیی پێ دراوە. دووەم، دەوڵەتی تورک لە دۆخی باڵادەستدایە. باڵادەستی وەک بەکارهێنانی تاکتیکێکی سەپێنەر، ترسێنەر و هێرشبەرانە بۆ گەیشتن بە کارتێکردنی کۆمەڵایەتی، پێگە و دەسەڵات پێناسە دەکرێت. هەرچەندی لایەنێک باڵادەستتر بێت، مەیلی هاودڵی بۆ ڕەچاوکردنی داوا و مافەکان لەگەڵ لایەنەکەی تر کەمترە. بەپێچەوانەوە، هەرچەندی هەوڵی پاراستنی دەسەڵات بدات، لە بەرژەوندییدایە مەیلی هاودڵی زیاتر پیشان بدات. هەروەک لەسەرەتادا تەحریرولشام وای دەنواند. بۆیە، ئەم وشەی “بەهێزکردنەوە”ی برایەتیی تورک کوردە، نازانین ئاماژەکەی بۆ کام قۆناغی بەهێزبوونی برایەتییەکە دەکات یان ئاخۆ هەر برایەتییەکە لە ئارادا هەبووە؟
پاڵنەری داڕشتنێکی کاریگەرانە بۆ وەرگری کورد
یەکەم شت کە ئاماژەی پێ دەکەن ئەوەیە کە بەڕێز ئۆجەلان “تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە”. دیارە ئەمە هەواڵێکی خۆشە کە دەزانین باری لەشساغیی بەڕێز ئۆجەلان باشە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم نواندنە ئەرێنییە بەردەنگی کورد ئامادە دەکات بۆ ڕوانینێکی ئەرێنی بۆ پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان، بەتایبەتی کە مزگێنیی “چارەسەری هەمیشەیی”ی بۆ دۆزی کورد پێیە. هەروەها دەگوترێت “بەڕێز ئۆجەلان پێشنیاری چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێنرێن”. چارەسەری هەمیشەیی و ئەرێنی لەبەرانبەر” سیناریۆ تاریکەکان”دایە کە “دەسەپێنرێن”. ڕاستییەکەی پاڵنەری ئەم دانیشتنە و بەرجەستەکردنەوەی دەوری سەرۆک ئۆجەلان لە ترسی ئەو بەناو سیناریۆیانەیە کە دەکرێت لە “گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ەوە هاتبێت کە ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات. لێرەدا، وشەی “سەپاندن” بۆ ئەو باڵادەستییە دەگەڕێتەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا هەیانە و تورکیا دەخاتە بیری پاراستنی هێز و دەسەڵاتەوە. چونکە کورد لە ڕۆژئاوا دەوری سەرەکیی لەم گۆڕانەدا دەبێت، تورکیا پێویستی بە “بەهێزکردنەوەی برایەتیی تورک-کورد”ە، وەک “پێویستییەکی چارەنووسساز” ناونراوە. هەڕەشە توندەکانی کاربەدەستانی تورک لە ڕۆژئاوا بە ڕژدی برایەتییەکە پێچەوانە دەکاتەوە و ناکرێت واتای ئاشتی، و ڕەچاوکردنی مافەکانی نەتەوەی کوردی لێ چاوەڕوان بکەین.
پەلەکردن و جەخت کردنەوە لەسەر کات
لەم ڕاگەیەنراوەدا، جەخت لەسەر کات بەفێڕۆنەدان و خێراییی پرۆسەکە کراوەتەوە و داوا کراوە: “بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تورکیا هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاکاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە “حیساباتی کاتی و تەسک”. هۆی ئەم پەلە کردنەش دیارە: “رووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە کە چیتر ناکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت کە هەوڵ دەدرێت لە رێگەی دەستوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت”. لێرەدایە کە نیگەرانییە سەرەکییەکەی تورکیا لە قەوارەی تورکییانەی وڵاتەکەی دەردەکەوێت، و هەروەها واتای “سیناریۆ تاریکەکان” و “سەپاندن”ەکەی بە هۆی دەستوەردانی دەرەکییەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە. جگە لەوەش ئەو جەختکردنەوەیە دەکرێت پێوەندیی بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەبێت، کە لە پێناو جێخستنی دەوڵەتی نوێی سوریادا بەکار بهێنرێت و هاوسەنگیی هێز بە قازانجی تەحریرولشام بگۆڕێت.
گۆڕینی باڵادەستانەی سەرچاوەی هێز لە قەندیلەوە بۆ ئیمرالی
بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا سەڵاحییەتی فەرماندانی بەشێوەیەکی هاوپێچ بە پ.ک.ک. گەیاندووە: “من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن.” ئەمە دەکرێت وڵامێکیش بێت بۆ کاردانەوەکەی پ.ک.ک. بەرانبەر پەیامەکەی لە ڕۆژی ٢٣ی نۆڤەمبردا و لە درێژەدا دەڵێت: “شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات”، دەوری دەم پارتیش وەک ناوبژیوانێک دەنرخێنێت. ئەم گەمەیەی تورکیە، بەڕێز ئۆجەلان و لەڕێگای ئەویشەوە، کوردی لەگەڵ کردەوەیەک بەرەوڕوو کردووە کە میکانیزمێک دێنێتە ئاراوە کە بە پێی ئەوە دەچێتە بازنەی گەمەی تورکیاوە، بەکار دەهێنرێیت و ڕێگە بە خۆشی دەدات کە لە بریتی ئەو دەور و ئیمتیازانەی دەیدرێتی بە شێوازی دڵخوازی ئەو ڕێکبخرێت، واتە، “لەبەر رۆشناییی ئەمانە، “ئامادەیە هەنگاوی ئەرێنی بنێت و بانگەوازیشی بۆ بکات”. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەوان دەسەڵاتی سوود وەرگرتن لە بەکارهاتنی کورد بۆ خۆیان دەپارێزن. تورکیا وەک باڵادەست، پێگەی فەرماندان و بڕیاردانی ناڕاستەوخۆ دەدات بەخۆی و پلەبەندییەک دێنێتە ئاراوە کە کورد لەو برایەتییەدا لە پلە نزمەکەیدایە و ژێردەستییەکەی هەمیشەیی دەکات.
ئەنجام
تورکییە لە ڕێگەی ئۆجەڵانەوە لە دووی مامەڵەیەکی واتادارە لە نێوان دەسەڵات و ئەو هەلومەرجە نوێیەی لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە و پێی وایە لەوانەیە بە زیادبوونی هێزی بەسەر قەندیلدا بە شێوەیەکی ئەرێنی هاودڵی و ڕەزایەتی ئەوان بەدەست بێنێت تا چەکیان پێ دابنێت. بەڵام تورکیا خۆی لە پێگەی باڵادەستەوە لە پەرلەماندا باڵادەستییەکەی بە یاسا مسۆگەر دەکات. شەڕی دەسەڵاتیشی بۆ سەپاندنی باڵادەستییەکەی خستووەتە ناو ماڵی کورد، تا بە قەولی ئۆجەلان “برایەتیی تورک-کورد بەهێز بکات”. برایەتیی گەلان لە نێوان باڵادەستی(dominance) و پاراستنی هێز(power)دایە و ژێردەستیی کورد درێژخایەنتر و ئاڵۆزتر دەکات.
لەم پێوەندییەدا باڵادەست مەیلی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان خۆی و ژێردەستکراوەکەی نییە و نایهەوێت لەو دۆخەی تێیدایە دەربچێت. شەڕی کورد لە باکوور لەگەڵ باڵادەستدایە و لە ڕۆژئاوا لە دۆخی پاراستنی هێزدایە. ئەم دۆخی پاراستنی هێزە بۆ تەحریرولشام و لایەنە سورییەکانی دیکەش وایە، چونکە ناجێگیرن. پێکهاتنی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا، بەرگریی ڕەوای کورد لە خاک و خەڵکەکەی بەهێزتر و بەردەوامتر دەکات. هەرچەندی دەوامیشی زیاتر بێت، تورکیا دەخاتە دۆخێکی دژوارترەوە. تورکیا هەوڵ دەدات دۆخی ڕۆژئاوا بگۆڕێت بۆ دۆخی باکوور و بیخاتە دۆخی ژێردەستییەوە. پەیامەکەی باخچەلی و ئەردۆغان و بەکارهێنانی بەڕێز ئۆجەلان ڕاست پێش هێرشی تەحریرولشام بۆ ئەوەیە ڕۆژئاوا تێکبشکێنێت و پێش بە گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت. هەڕەشە توندەکانی هاکان فیدان و ئەردۆغان لە ڕۆژئاوا دەربڕی ئەو ڕاستییەن.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی مەسعوود بابایی بەرایی: "لەکوردترسێنی" و "کوردترسێنی" دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە [...]
لە ستایشی پێشمەرگە
لە ستایشی پێشمەرگە ئارام کەیخوسرەوی پێشەکی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵات و تێپەڕبوون لە فۆرمە نەریتییەکانی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوە مۆدێرنەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا. مۆدێرنیتەی سیاسی، وەک پڕۆسەیەکی گشتگیر، تەنیا [...]
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – “بەرگریی مۆزاییکی”ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – "بەرگریی مۆزاییکی"ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا هێلینا باوەرینفایند یەکێ لە پارادۆکسەکانی ململانێ هاوچەرخەکان ئەوەیە، کە باڵادەستیی سەربازی حەتمن بە واتای کۆنترۆڵی سیاسی نایەت. لەکاتێکدا واشنتۆن و ئۆرشەلیم [...]
ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا
ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا ڕەحیم سورخی بەشێکی زۆر تایبەتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ئەو لێڵی(ابهام)یە کە لە گوتاری سیاسیی- میدیایی ترامپدا هەیە. [...]
گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا
گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا حەسەن قارەمانی گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا تێکانە توندەکانی وزە، جیۆپۆلەتیک و سەقامگیریی ئابووری! وزە یەکێکە لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنان لە ئابووریی [...]
نەخشە: لە جەبری جوگرافیاوە بۆ ئیمکانی ئیرادە
نەخشە: لە جەبری جوگرافیاوە بۆ ئیمکانی ئیرادە دانا حەمید نەخشە: لە جەبری جوگرافیاوە بۆ ئیمکانی ئیرادە ئەگەر جوگرافیا ئەو نەخشەیە بێت کە لەبەردەستماندایە، ئایا مرۆڤ ناچارە تەنها بەو ڕێگایانەدا بڕوات کە [...]







