بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی

ڕەسووڵی، داوود (٢٠٢٥):بنەما فەلسەفییەکانی ژینگەگەرایی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم دەلاقە فەلسەفییە، تێڕوانینێکی قووڵ و بنەماکانی چارەسەری قەیرانە ئیکۆلۆژییەکان پێشکەش دەکا؛ بە ئاراستەکردنی پرسیارەکانی بەها و بەرپرسیارێتی و پێکەوەژیان، بناغەی ئەخلاقی بۆ داهاتوویەکی بەردەوام و هاوسەنگ دادەنێت. تێگەیشتن لەم فەلسەفانە تەنیا تەوەرێکی هزری نییە بەڵکو لە سەردەمی تێکچوونی ژینگەییدا، هەڵوێستێکی ئەخلاقیشە.خاڵی گرنگە ئەوەیە کە پێویستە لایەنی کرداری فەلسەفەی ژینگەگەرایی ڕەچاو بگیرێت و لە سیاسەت و یاساداناندا بچەسپێت. ئەخلاقی ژینگەگەرایی، دەبێ یاسا و ناوەندەکانی سیاسەت بە پاراستنی ژینگە و ڕێککەوتنەکان پابەندبکات. 

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: د.داوود ڕەسووڵی، دوکتۆرای پاراستنی خاک و ئاو لە بەشی بەرهەمهێنانی بەروبووم و ژینگە. ئەندامی دەستەی ڕاوێژکارانی زانستیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک

  • وەرگێڕ: 

  • ڕێکەوت: ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

دەروازە

فەلسەفەی ژینگەگەرایی تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسیارە ئەخلاقی و چەمک و بوونگەراییانەی کە پەیوەندیی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت دیاری دەکەن. بنەمایەکی ڕەخنەگرانە بۆ ژینگەگەرایی پێک دەهێنێت، چوارچێوەیەک دادەنێت بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی پێویستە بایەخ بە سروشت بدەین و چۆن دەبێ لەگەڵیدا ڕفتار بکەین؟ لە نەریتە کۆنەکانەوە تا تیۆرییە هاوچەرخەکان، فەلسەفەی ژینگەگەرایی ناچارمان دەکات کە پێگەی خۆمان لەناو ئیکۆسیستەمی فراوانتردا و بەرپرسیارێتییەکانمان بەرانبەر بە سروشت دەستنیشان بکەین.

لە کاتێکدا زۆربەی نەریتە سەرەتایییەکان، گرنگیی سروشتیان ناسیبوو، بەڵام سەردەمی پیشەسازی و پێشکەوتنی زانست لە ڕۆژئاوا، ڕوانگەیەکی سوودخوازانەی هێنایە ئاراوە و سروشت وەک سەرچاوەیەک بۆ بەرژەوەندیی ڕەهای مرۆڤ سەیر کرا و مامەڵەی لەگەڵدا کرا. فەلسەفەی ژینگەگەرایی لە سەدەی بیستەمدا وەک وڵامێک بۆ ئەم پارادایمە سەری هەڵدا و هەوڵی دا ڕەچاوکردنی ئەخلاقی بۆ جیهانی سروشتی بگەڕێنێتەوە. لەم نێوەدا فەلسەفەی ژینگەگەرایی لە لایەنە ئەخلاقی و میتافیزیکییەکان و زانستی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی سروشت دەکۆڵێتەوە. چەندین ڕێبازی فەلسەفی لە بیری ژینگەگەراییدا سەریان هەڵداوە کە لێرەدا بەکورتی باسیان دەکەین:

١. ڕێبازی مرۆڤ‎تەوەر (Anthropocentrism)

ئەم ڕێبازە بەرانبەر ژینگە‎تەوەری (Ecocentrism) دەوەستێتەوە کە بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ دەخاتە ناوەندی ڕەچاوکردنی ژینگەیی. هەندێک لە فەیلەسوفان بانگەشە بۆ “مرۆڤ‎تەوەریی ڕۆشنگەر” دەکەن، دەڵێن ئەرکە ئەخلاقییەکانمان بەرانبەر بە ژینگە لە بەرپرسیارێتییەکانمان بەرانبەر بە دانیشتووانی مرۆڤی ئەو ژینگەیەوە سەرچاوە دەگرێت. 

ڕێبازی مرۆڤ‎تەوەر،‏ مرۆڤەکان دەخاتە ناوەندی خەمی ئەخلاقییەوە، بەهای سروشت بە پلەی یەکەم بۆ سوودی مرۆڤایەتی ‏دادەنێت. ئەم دیدگایە بنەمای بەشێکی زۆری کۆمەڵگە پیشەسازییەکانە کە تێیاندا سەرچاوە سروشتییەکان وەک کاڵا سەیر دەکرێن.‏ لە بەرانبەردا ئیکۆسەنتریزم بانگەشە بۆ ڕوانگەیەکی گشتگیرتر دەکات، جەخت لەسەر بەهای ناوەکیی هەموو توخمە ‏زیندوو و نازیندووەکانی ئیکۆسیستەمە جیاوازەکان دەکاتەوە. ئەم ڕێبازە دەڵێت سروشت بەهای لەوە زیاترە تەنیا سوودی بۆ ‏مرۆڤەکان هەبێت.

٢. ئیکۆلۆژی قووڵ (Deep Ecology)

ئەم ڕێبازە لەلایەن ئارن نێس (Arne Næss‎)ەوە پەرەی پێ دراوە؛ مرۆڤگەراییی ڕەها ڕەت دەکاتەوە و بانگەشە بۆ تێڕوانینێکی گشتگیرتر دەکات بۆ مرۆڤ وەک بەشێک لە سروشت. جەخت لەسەر بەهای ناوەکیی هەموو زیندەوەران دەکاتەوە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بەها و ئامانجەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ژینگە بەرەوپێش دەبات.

ئیکۆلۆژیای قووڵ داوای گۆڕانکارییەکی قووڵ دەکات لە چۆنیەتیی هەستکردن و کارلێککردنمان لەگەڵ ژینگەدا. جەخت لەسەر پەیوەستبوونی هەموو فۆرمەکانی ژیان و پێویستیی مرۆڤایەتی دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی ڕۆڵێکی کەمتر باڵادەست و هاوکاریی زیاتر لەناو ئیکۆسیستەمەکان.

پانتایی ئیکۆلۆژی قووڵ؛ پێوەرێکی دەژمارەییە کە لە ڕێبازی مرۆڤ‎تەوەردا، ژمارەی (0) و لە ڕێبازی ژینگە‎تەوەردا، ژمارەی (10)ی بەردەکەوێت. (Copyright HR Smith 2014. Reprinted with permission)

وێنەی ١. پانتایی ئیکۆلۆژی قووڵ؛ پێوەرێکی دەژمارەییە کە لە ڕێبازی مرۆڤ‎تەوەردا، ژمارەی (0) و لە ڕێبازی ژینگە‎تەوەردا، ژمارەی (10)ی بەردەکەوێت.
(Copyright HR Smith 2014. Reprinted with permission)

٣. ئیکۆلۆژی کۆمەڵایەتی (Social Ecology)

وەک فەلسەفەیەک لە لایەن مۆرای بووکچین (Murray Bookchin)ەوە پەرەی پێ دراوە کە سروشت وەک مەیلێک بۆ ئیکۆسیستەمێکی تەندروست، بەرەو هەمەچەشنی و تەواوکەریی زیاتر و ئازادی پێناسە دەکات. دەڵێت قەیرانی ئیکۆلۆژی لە بنەڕەتدا قەیرانێکی کۆمەڵایەتییە و پرسە ژینگەییەکان بە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە دەبەستێتەوە.

تیۆریی ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی مۆرای بووکچین، ڕەنگە گشتگیرترین و بەهێزترین فەلسەفەی ئیکۆلۆژی بێت کە تا ئێستا گەڵاڵەکراوە. چوارچێوەیەکی ئاڵۆز و ورد و نێوان ـ زانستەکان (Multidisciplinary‎) لەخۆدەگرێت کە لە ماوەی ژیانی پیشەییی بووکچیندا پەرەی پێ دراوە. ئەم زانایە، ڕێبازێکی گرنگ بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و سروشت و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی زیانەکانی مرۆڤ بە جیهانی سروشتی، پێناسەدەکات.

٤. یەکسانیخوازی زیندەوەر-تەوەر (Biocentric Egalitarianism)

ئەم ڕێبازە کە لە لەیەن پۆڵ تایلۆر (Paul Taylor)ەوە تیۆریزەکراوە؛ گریمانە دەکات کە مرۆڤەکان، تاقانە بەشی سروشت نین، بەڵکوو بەشێکی یەکسانن لێی. ئەمەش بەرانبەر بە چەمکی باڵادەستیی مرۆڤ بەسەر جۆرەکانی تردا دەوەستێتەوە. کارەکانی تایلۆر لە سێ تەوەردا کورت دەکرێنەوە ئەوانیش؛ هەڵوێستی ڕێزگرتن لە سروشت، تێڕوانینی بایۆسێنتریک بۆ سروشت و سیستەمی یاسا و ستانداردەکان. تایلۆر لەو بۆچوونەوە دەڕوانێت کە مرۆڤەکان ئەندامی کۆمەڵگەی ژیانی سەر زەوین؛ بە واتایەکی تر، هەر زیندەوەرێکی تاک، بۆخۆی ناوەندێکی ژیانە. لێرەوە، هەر ناوەندێکیش بۆ خۆی ئامانجێکە. ئەو کێشەیەی کە تایلۆر باسی دەکات، پەیوەندیی بە ڕوانگەی مرۆڤ بۆ پرسەکانی ژینگەوە هەیە.

٥. ئیکۆفێمینیزم (Ecofeminism‎)

ئیکۆفێمینیزم، خراپ سوودوەرگرتن لە سروشت بە چەوساندنەوەی ژنانەوە دەبەستێتەوە. بەو پێیەی هەردووکیان لە سیستەمی پیاوسالارییەوە سەرهەڵدەدەن کە باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن لە پێشینەدان. بیرمەندانی ئیکۆفێمینیست جەخت لەسەر گرنگیی پەیوەندیی هاوبەش و پەروەردەکردن لەگەڵ ژینگە دەکەنەوە. ئیکۆفێمینیزم وەک ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی لێیەوە سەری هەڵداوە، هەم چالاکیی سیاسییە و هەم ڕەخنەی فیکرییە.

ئیکۆفێمینیزم بە کۆکردنەوەی فێمینیزم و ژینگەپارێزی، باس لە ژێردەستەییی ژنان و تێکچوونی ژینگە دەکات وەک دەرئەنجامی پیاوسالاری و سەرمایەداری. هەر ستراتیژێک بۆ چارەسەرکردنی یەکێک، دەبێت کاریگەرییەکانی لەسەر ئەوی دیکە لەبەرچاو بگرێت بۆ ئەوەی یەکسانیی ژنان لەسەر حیسابی خراپترکردنی ژینگە بەدی نەهێنرێت، یاخود باشترکردنی ژینگە، لەسەر حیسابی ژنان دەستەبەر نەکرێت. لەڕاستیدا ئیکۆفێمینیزم پێشنیاری ئەوە دەکات کە تەنها بە پێچەوانەکردنەوەی بەهاکانی ئێستا، بەمەش گرنگیدان بە چاودێری بەسەر ڕەفتارە شەڕانگێز و باڵادەستەکاندا، هەم کۆمەڵگا و هەم ژینگە دەتوانن سوودمەند بن.

وێنەی 2. خۆپێشاندانی لاینگەرانی ئیکۆفێمینیزم ‏ (سەرچاوە: www.teenvogue.com)

وێنەی 2. خۆپێشاندانی لاینگەرانی ئیکۆفێمینیزم ‏
(سەرچاوە: www.teenvogue.com)

جیا لەو ڕێبازانەی سەرەوە، چەندین ڕێبازی تریش باسیان لێ دەکرێت کە فەلسەفەی ژینگەگەرایی دەبەستنەوە بە نەریتە فەلسەفییە جیاوازەکانەوە، وەک چەمکە کانتییەکان (Kantian concepts)، یاخود فەلسەفەی ڕۆمانسی کاریگەری لەسەر هەندێک ڕێباز بۆ بیرکردنەوەی ژینگەیی هەبووە. بە هەمان شێوە، هێرمێنۆتیکی ژینگەیی (Environmental Hermeneutics‎) و لاهووتگەراییی ژینگەیی (Environmental Theology) هەر کامیان دیدگایەکی تایبەت لەبارەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ و سروشت پێشکەش دەکەن. هێرمێنۆتیکی ژینگەیی هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک نوێیە لەناو فەلسەفە و ئەخلاقی ژینگەیی؛ خاڵی دەستپێکی، ئەو بیرۆکەیە ئەوەیە کە ئەو جیهانەی مرۆڤ تێیدا نیشتەجێیە هەمیشە پێشتر لێک دەدرێتەوە و ماناکانی تێدا جێگیرکراوە. لاهووتگەراییی ژینگەییش زاراوەیەکە کە زۆرجار لەلایەن گرووپە ئاینییەکانەوە بۆ وەسفی بیروباوەڕی تیۆلۆژی سەبارەت بە پەیوەندیی خوداوەند و ڕەفتار و ئەخلاقی ژینگەیی، بەکاردەهێنرێت.

ئەنجام

ئەم ڕێبازە فەلسەفییە هەمەچەشنانە بەردەوامن لە داڕشتنی تێگەیشتنمان لە سروشت، دانانی سیاسەتەکانی ژینگە و بڕیاردانی ئەخلاقی لە چارەسەرکردنی قەیران و ئاستەنگەکانی ژینگە. لەلایەکی ترەوە، مشتومڕە فەلسەفییەکان سەبارەت بە ژینگەگەرایی، بابەتێکی زیندوو و دەوڵەمەندن. ئەم تەوەرانە زۆر جێی باسن؛ کە ئایا سروشت لە خۆیدا بەهای هەیە، یا بەهاکەی تەنها لە سوودی بۆ مرۆڤەکاندایە؟ لایەنگرانی بەهای ناوەکی دەڵێن هەموو جۆرەکانی ژیان و سیستەمی سروشتی مافی بوونیان هەیە، لە کاتێکدا بەرانبەرەکانیان سەرنجیان لەسەر سوودەکانی سروشت بۆ مرۆڤایەتییە. یاخود هەندێک بانگەشە بۆ پاراستنی ناوچە بیابانییەکان دەکەن کە مرۆڤ دەستی لێ نەداوە، لە کاتێکدا هەندێکی تر بانگەشە بۆ تێکەڵکردنی کردارە بەردەوامەکانی مرۆڤ لە هەموو ئیکۆسیستەمەکاندا دەکەن. هەروەها فەیلەسوفەکان مشتومڕ لەسەر ڕۆڵی تەکنەلۆژی لە چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان دەکەن. ئایا تەکنۆلۆژی، ئامرازێکە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، یا هزرێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و سوودوەرگرتنی زیاتر لە سروشت؟

فەلسەفەی ژینگەگەرایی هانمان دەدات یاخود تەنانەت ناچارمان دەکات بیر لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی سروشتی بکەینەوە. ئەم دەلاقە فەلسەفییە، تێڕوانینێکی قووڵ و بنەماکانی چارەسەری قەیرانە ئیکۆلۆژییەکان پێشکەش دەکات و بە ئاراستەکردنی پرسیارەکانی بەها و بەرپرسیارێتی و پێکەوەژیان، بناغەی ئەخلاقی بۆ داهاتوویەکی بەردەوام و هاوسەنگ دادەنێت. تێگەیشتن لەم فەلسەفانە تەنیا تەوەرێکی هزری نییە بەڵکوو لە سەردەمی تێکچوونی ژینگەییدا، هەڵوێستێکی ئەخلاقییشە.

خاڵی گرنگ ئەوەیە کە پێویستە لایەنی کرداریی فەلسەفەی ژینگەگەرایی لەبەرچاو بگیرێت و لە سیاسەت و یاساداناندا بچەسپێت. ئەخلاقی ژینگەگەرایی، دەبێ یاسا و ناوەندەکانی سیاسەت بە پاراستنی ژینگە و ڕێککەوتنەکان پابەند بکات. بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک نیوزیلەندا و ئیکوادۆر، چەمکی ئیکۆسەنتریزم بووە بە بنەمای مافە یاساییەکانی پاراستنی ڕووبار و دارستان. لە لایەکی تر، پێویستە چوارچێوەی فەلسەفی و تیۆری، یارمەتیی هاوسەنگکردنی گەشەی ئابووری لەگەڵ پاراستنی ئیکۆلۆژی بدات؛ بۆ ئەم مەبەستە پێشخستنی وزەی نوێبووەوە و کشتوکاڵی بەردەوام زۆر گرنگن.

لە کۆتاییدا فەلسەفەی ژینگەگەرایی دەبێ ئیلهامبەخش بێت بۆ گۆڕانکاری لە بەها کەسی و کۆمەڵایەتییەکان و هاندەر بێت بۆ گرتنەبەری ڕەفتاری وەک مینیمالیزم (دەست پێوەگرتن)، پاراستن و بەکارهێنانی ئەخلاقییانەی سەرچاوە سروشتییەکان.

References

  1. Begum, A., Liu, J., Qayum, H. and Mamdouh, A., 2022. Environmental and moral education for effective environmentalism: An ideological and philosophical approach. International Journal of Environmental Research and Public Health, 19(23), p.15549.
  2. Catton Jr, W.R. and Dunlap, R.E., 1978. Environmental sociology: A new paradigm. The American sociologist, pp.41-49.
  3. Foss, J.E., 2009. Beyond environmentalism: A philosophy of nature. John Wiley & Sons.
  4. Kopnina, H., Washington, H., Taylor, B. et al. Anthropocentrism: More than Just a Misunderstood Problem. J Agric Environ Ethics 31, 109–127 (2018). https://doi.org/10.1007/s10806-018-9711-1
  5. Mathews, F., 2014. Environmental philosophy. History of philosophy in Australia and New Zealand, 6, pp.543-591.
  6. Murphy, P.D., 2009. Environmentalism. In The Routledge companion to science fiction (pp. 373-381). Routledge.
  7. Pepper, D., 2019. The roots of modern environmentalism. Routledge.
  8. Smith, William. 2015. Deep Ecology as a framework for student eco-philosophical thinking. Journal of Philosophy in Schools 2(1). http://dx.doi.org/10.21913/JPS.v2i1.1101
  9. Sober, E., 1986. Philosophical problems for environmentalism (pp. 173-195). na.
  10. رێبوار سیوەیلی (2020) فەلسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی، هەولێر، بەرهەمی هاوبەشی ڕێکخراوی زەریاب و ئاژانسی پایا.
  11. رحمان حریری، عباس سروستانی و رسول رضایی فرامانی. “محیط زیست گرایی در نظریه‌های متعارض روابط بین‌المل” . فصلنامه پژوهشهای روابط بین الملل، دوره سیزدهم، شماره 48، صص309-279.
  12. قاسم ترابي، “محيط زيست از منظر واقعگرايي، ليبراليسم وبومگرايان افراطي (با تأكيد بر پروتكل كيوتو). فصلناهه سياست خارجي، سال بيست و چهارم، شماره 3، پاییز 1389.
لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە