بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)
ڕەحیم سورخی
بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)
بۆ بەڕێوە بردنی سیاسەتی زمانی لە ئێران دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی دامەزراون. هەموو ئەم دامەزراوانە چەندین دەیەیە خزمەتی ستاندارد کردن، پەرەپێدان و فێرکردنی یەک زمان دەکەن لە ئێراندا. ئەمە دەربڕی ئەو ڕاستییە یە کە زمانی بەناو نیشتمانی وڵاتی ئێران کە فارسییە، نەک هەر بابەتی توێژینەوە ئەکادیمییەکان، بەڵکوو بە ڕەسمیش ناسراوە و لە ڕێی سیاسەتە زمانییەکانەوە بە هێز کراوە و لە بوارەکانی یاسا، پەروەرە و فێرکردن، بەڕێوەبردنی گشتییەوە پێگە، هێز و کاریگەریی ئەو زمانە بەسەر زمانەکانی دیکەدا زاڵ کراوە. ئەمەش بۆ ئەوە بووە کە زمانی کوردی و زمانە پەراوێزخراوەکانی دیکەی نەتەوە بێ دەسەڵاتەکان لە ئێراندا، بەکارهێنانێکی لاواز و کەم کەڵکیان هەبێت. سیاسەتە زمانییەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکەکانی ئێران لە پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرنەوە، هەوڵیان داوە، زمانی نەتەوە پەراوێزخراوەکان بۆ بوارە تایبەتەکانی وەک خێزان و کۆمەڵ سنووردار بکەن و بەم شێوەیە لە بایەخیان بخەن. هەر بۆیە، زۆربەی ئاخێوەرانی زمانە کەم دەسەڵاتەکانی وەک کوردی لە ئەنجامدا بۆ پێشکەوتن و دەست ڕاگەیین بە پلە بەرزە پیشەیی، زانستی و کارگێڕییەکان بەرەو زمانی زاڵ دەچن و زمانی خۆیان دەگۆڕن. کەوابوو لە ئەنجامی پلەبەندییەکی زمانییەوە، کولتوور و زمانی یەک نەتەوە زاڵکراوە و نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتیی مێژووییشی لێکەوتووەتەوە. ئاخێوەرانی زمانەکانی دیکەش هەر وەک زمانەکەیان کەوتوونەتە پلەبەندییەک لە پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پیشەیی، زانستی و بە گشتی خراونەتەوە پەراوێزەوە. هەر بۆیە، بواری مافە زمانییەکان وەڵامێکە بۆ ئەم پێڤاژۆیە کە زمانەکان و ئاخێوەرەکانیان دەخاتە دۆخێکی نایەکسانەوە.
جگە لە چالاکانی بواری زمان، یەکێک لەو لایەنانەی کە لە پێگەیەکی سیاسییەوە لەگەڵ دەوڵەت یان ئیلیت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی نەتەوە و زمانی زاڵ لە ئێراندا پرسی مافی زمانی دەخەنە بەرباس، حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانن. هەر بۆیە، شتێکی زۆر سەرەتایی بۆ کادرێکی سیاسیی ھەر حیزبێکی کوردستانی کە دەبێت بیزانێت، جا چ بگات بە وتەبێژ یان بەرپرسانی سەرەوەی حیزبەکە، ئەوەیە کە مافی زمانی خۆی بناسێت: واتە، “هەر ئاخێوەرێکی ڕەسەنی کورد بتوانێت بێ هەڵاواردن پێی بدوێت، پێی بخوێنێت، لە دامەزراوە ڕەسمییەکانی حکومەت، دادگاکان و پانتای گشتیدا بەکاری بهێنێت و بەو زمانە خزمەتی بکرێت، و میراتی زمانییەکەشی بپارێزێت و پەرەی پێ بدرێت”. بۆ ئەوەی زمانێک بتوانێت ئەم پێویستییانەی پێ دابین بکرێت، دەبێت وەک مافێکی ئاستی زۆرینە(حداکثری) لە هەر شێوازێکی حوکمڕانیدا پێداگری لەسەر بکرێت. ئەمە لە بنەڕەتدا وەک مافێکی کولتووری دانراوە، بەڵام چونکە گرێداری شوێن(جوگرافیا) و کۆمەڵگەی ئاخێوەرەکانێتی، بە قووڵی سیاسییە، و پێویستە بکرێتە بنەمایەکی سیاسی تا ستاتۆیەکی لەسەر بنیاد بنرێت. هەر زمانێک کە پێگە و پریستیژێکی سیاسی وەرنەگرێت، شانسی مانەوەی کەم دەبێت. هەر بۆیە، «زمانی سەرەکیی ڕەسمی لە کوردستان دەبێت کوردی بێت». “زمانی گەیەنەر و کارپێکەر”(medium)بۆ ھەموو بابەتەکان لەم پەروەردە، زانکۆ، کاروباری یاسایی و کارگێڕی دەبێت کوردی بێت». زمانەکانی دیکە دەکرێت «وەک بابەتێک”(subject) لە تەنیشت زمانی کوردی بخوێندرێن، تەنانەت ئەگەر ڕەسمییش بن. لەوانەیە، تەنانەت بە ھۆی ھێندێک ناوچەی تێکەڵاوی کورد و تورک، زمانی ھەڵبژاردە بۆ ئەوەی وەک بابەتێک بخوێندرێت، تورکیی ئازەری بێت نەک فارسی. دیارە، ئەوە بەواتای پشتگوێخستنی فارسی نییە، بەڵکوو پێویستییە تاکی و کۆمەڵایەتییەکانی تێکەڵاوی جەماوەری، ئابووری، کار و دەرفەتەکانی ژیانی پێکەوەیی کورد و ئازەرییەکان لەیەک شاردا وا دەخوازێت.
زۆرجاران وتە بێژی حیزبی دیموکرات لەبارەی مامڵە لەگەڵ زمانی فارسیدا، وەک کێشەیەک لەگەڵ لایەنە فارسییەکان لە زێھنییەتێکی ناوەندگەرایانەوە دەڵێت:«ئێمە دەڵێین زبانی فارسی زبانی ھاوبەش(مشترک) بێت لەگەڵ ھەموو ئێرانییەکان. لە تەنیشت ئەوە زبانی کوردیش دەخوێندرێت». ئەم پێکهاتە زمانییە، تەنیا بە بەکارهێنانەوەی “لە تەنیشت ئەوە[فارسی] زبانی کوردیش دەخوێندرێت”، زمانی کوردی جارێکی دیکە خستووەتەوە پەراوێز. هەرچەند ئەمە خۆی پێچەوانەی بڕگەی ١ی مادەی ١٩ی ئەساسنامەی حیزبەکەشێتی، بەڵام بەگشتی، بڕیاردان و دیاریکردنی ئەوە، کاری وتەبێژی حیزبێک نییە، ئەوە دەبێت بە پێی ڕێککەوتن و بڕیاری ھاوبەشی دەزگا یان ناوەندێکی ڕەوا(مشروع)ی کوردستانییەوە بێت. بەکورتی و لە کۆتاییدا، لە گوتار و زمانی سیاسیدا، دەبێت بزانرێت کە پێکھاتە زمانییە دەربڕاوەکە نوێنەری زێھنییەتی ئاخێوەرەکە و ئەو پێگەیەیە لێیەوە دەدوێت. چونکە ھەموو مرۆڤێک چەندین فۆرم و بژاردەی جیاوازی زمانیی بۆ یەک مەبەست ھەیە بەکاریان بھێنێت. لەسەر ئەو پێکھاتە زمانییانەی دەریان دەبڕێت گوتارەکەی شی دەکرێتەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٦):بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە). بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی ڕەحیم سورخی ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، زمانەکان لە پلەبەندییەکی ڕێژەییدا لەپاڵ یەکدا دەژین [...]
ئێسقانی زمان
ئێسقانی زمان دانا حەمید ئێسقانی زمان نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام [...]
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین ئەشکان باوەڕ زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین "زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو ئەو ئاوێنەیەیە کە مێژوو و [...]
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ پەرویز شێخی کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار [...]
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن ئارکان دادگەر رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن فرەتر لە سەد ساڵە ک نەتەوی کورد ها لە شوون دەسەڵات و نیشتمان کوردستان، "ئڕا نەڕەسیە؟" لە دو بەش جیەو گرێد: ١) بەش [...]
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک چۆمان زرێبار هێڵی سوور و چەند سەرنجێک لە مێژووی ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی کورددا، زۆر جار وشەی «هێڵی سوور» بەکار هاتووە؛ بەڵام ئەوەی کەمتر بینیومانە، پاراستنی ئەو [...]







