کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا
دانا حەمید
لە سەردەمێکدا کە سیاسەت پەردەی شەرمی لەسەر ڕوو لاداوە و گەڕاوەتەوە بۆ جەوهەرە ڕەسەن و دڕندەکەی خۆی، واتە کردەی ڕههای جیاکردنەوەی «دۆست» لە «دوژمن». گەلێک هەیە کە بوونی خۆی وەک برینێکی کراوە لەناو جەرگەی ئەم دابەشکارییە بێبەزەییەدا دەبینێتەوە: کورد. بۆ خوێندنەوەی واقیعی ئەم بوونە تراژیدییە، هیچ ڕێگەیەک هێندەی پەنابردن بۆ تێڕوانینە ڕاشکاو و بێپەردەکەی کارل شمیت، لەم چرکەساتەدا کە لەبەرچاومان بێت، یارمەتیمان نادات. شمیت، بە شێوەیەکی بێڕەحمانە، سیاسەتی لە هەموو ڕوپۆشێکی ئایدیالیستی داماڵی و ڕایگەیاند کە کایەی سیاسیی لەو ساتەدا لەدایک دەبێت کە یەکەیەکی سیاسیی، دوژمنێکی وجودی بۆ خۆی دیاری دەکات؛ «ئهوی دیكه»یهک که به خودی بوونی خۆی، نەک بە کردەوەکانی، ههڕهشه له شێوازی ژیانی «ئێمه» دهکات.
چارەنووسی کورد لەم نێوانەدا بە دوو ئاڕاستەی کوشندە و پێچەوانەدا کێشراوە. لە لایەکەوە، بۆ دەوڵەت-نەتەوەکانی دەوروبەری (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) کورد هەمیشە پڕۆژەی دوژمنی حەتمی و ناوخۆیی بووە. لێرەدا دوژمنایەتییەکە کەسی یان کاتی نییە، بەڵکو وجودییە. بوونی گەلێکی جیاواز لە ڕووی زمان، کەلتور و ناسنامەوە کە داوای مافی چارەی خۆی دەکات، بە شێوەیەکی خۆکارانە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پیرۆزترین بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن لێکدەدرێتەوە: «یەکپارچهیی خاک»و «سەروەریی نەتەوەیی»، «ئاسایشی دەوڵەت». ئەم لێکدانەوەیە، کە لە قووڵایی سیستەمی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەدا ڕەگی داکوتاوە، پاساو دەداتە توندترین کردەوەی سیاسی و سەربازی بۆ سڕینەوە یان کۆنترۆڵکردنی ئەم دوژمنە. لەم ڕوانگەیەوە، جینۆساید، گۆڕینی دیمۆگرافی، قەدەغەکردنی زمان و تواندنەوەی کەلتوریی، تاوانی ئەخلاقی نین، بەڵکو ئامرازی لۆژیکی و پێویستن بۆ پاراستنی بوونی سیاسیی ئێمه لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەوان.
لە لایەکی دیکەوە، کورد لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بەردەوام ڕۆڵی دۆستی کاتی و هاوپەیمانی هەڵبژاردەیی بۆ زلهێزەکان گێڕاوە. لە ساتەوەختی پێویستیدا، وەک جەنگی دژی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ یان شەڕی خوێناویی دژی داعش لە ٢٠١٤، کورد دەبێتە کارامەترین و دڵسۆزترین هاوپەیمانی سەر زەوی. بەڵام ئەم دۆستایەتییە هەرگیز ناگاتە ئاستی بەڵێنێکی ستراتیژی و وجودی. هۆکارەکەشی لە ڕوانگەی شمیتەوە ڕوونە: کورد یەکەیەکی سیاسیی سەروەر نییە. سەروەری، بەپێی پێناسەی شمیت، بریتییە لەو ئیرادەیەی کە «بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی دەدات». چونکە کورد خاوەنی ئەم ئیرادە سەروەرە نییە، ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دۆست و دوژمنی خۆی دیاری بکات و بیانسەپێنێت. بۆیە، هەمیشە وەک ئامرازێک لەناو یاریی زلهێزەکاندا دەمێنێتەوە. کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دێنە ئاراوە و هاوکێشەکان دەگۆڕێن، بۆ نموونە، کاتێک ڕازیکردنی تورکیای ئەندامی ناتۆ گرنگتر دەبێت لە مانەوەی کورد لە ڕۆژئاوا ئەم دۆستە بە ئاسانی دەکرێتە قوربانی. خیانەت لێکردن لە کورد، لەم ڕوانگەیەدا، تاوانێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو جوڵەیەکی لۆژیکی و حیساب بۆکراوە لەناو یارییەکی سیاسیی شمیتییانەدا کە تێیدا تەنها بەرژەوەندیی یەکە سیاسییە سەروەرەکان گرنگە.
کەواتە، کورد لەناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و کوشندەدا گیری خواردووە: لەلایەن دراوسێکانییەوە وەک «دوژمنی حەتمی» سەیر دەکرێت کە چارەنووسی سڕینەوە یان کۆنترۆڵکردنە، و لەلایەن زلهێزەکانیشەوە وەک «دۆستی کاتی» بەکاردەهێنرێت کە چارەنووسی پشتگوێخستن و مامەڵەپێکردنە. تا ئەو کاتەی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی لەسەر بنەمای لۆژیکی «دۆست-دوژمن» بسوڕێتەوە، و تا ئەو کاتەی کورد خۆی نەبێتە خاوەنی ئەو ئیرادە سەروەرەی کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر دۆخی ڕیزپەڕ و نائاسایی خۆی بدات و دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی دیاری بکات، وەک بوونێکی هەڵواسراو لەنێوان ئەم دوو بەرداشەدا دەمێنێتەوە. چارەنووسی کورد، شاهیدێکی زیندوو و خوێناوییە لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە کارل شمیت دەیان ساڵ لەمەوبەر تیۆریزەی کرد: سیاسهت، لە ئاکامدا، هونەری دیاریکردنی چارهنووسە لە ڕێگەی جەنگ و ململانێی مان و نەمانەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا (٢٠٢٦): کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
کاتێک تیۆری دەبێتە پەناگە: سڕینەوەی مێژوو لە پەنا “فەزای بێ شوێندا”
کاتێک تیۆری دەبێتە پەناگە: سڕینەوەی مێژوو لە پەنا "فەزای بێ شوێندا" ئیبراهیم مەلازادە پێشتر لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی مەترسی خۆجڵەوکردنی هەندێک لە نووسەر و توێژەرانی کوردم لە سێ بابەت بە [...]
نەوت و مەکینەی مەرگ
نەوت و مەکینەی مەرگ دانا حەمید ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دۆزەخێکی واقیعیدا دەسووتێت. لە غەززەی خاپوورکراو و گەڕەکە وێرانەکانی باشووری لوبنانەوە، تا دەگاتە شەڕە پچڕ پچڕەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ئەو درۆنانەی ئێران، [...]
گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا
گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا حەسەن قارەمانی ئەم بابەتە دوو مۆدێلی سیاسیی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد دەکات: پێشنیاری گەڵاڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی [...]
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی شاهۆ لە پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ز، زۆرێک لە توێژەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وابوو کە جیهان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەرەو قۆناغێکی تاکجەمسەری ڕۆیشتووە. [...]
فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد)
فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد) کامەران محەممەد ئەی ئەو مەخلوقە بچووکەی کە لەناو پۆشاکێکی پیرۆزدا خۆت حەشار داوە و وا دەزانیت کلیلی بەهەشت و دۆزەخت لە [...]
سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ
سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی: کاتێک ئەخلاق دەبێتە سیاسەت لە مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤدا، کەم پرسیار هەیە وەک پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت ئەوەندە مشتومڕی لەسەر کرابێت. [...]







