بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ

کاوە عومەر خۆشناو

سەرەتا:

بابەتی بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا، یەکێکە لە بابەتە یاساییە گرنگ و هەستیارەکانی یاسای نێودەوڵەتی لە ئێستادا، کە تێیدا یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (کە بە یاسای شەڕی چەکداری ناسراوە) و هەروەها یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەک پێکەوە کاردەکەن. ئەم وتارە دەربارەی ئەوەیە کە لە کاتێکدا ڕەتکردنەوە یان درەنگ پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی بۆ برینداران -بەوانەشەوە کە ئەندامی گرووپە چەکدارە ناحکومییەکانن- دەتوانێت وەک تاوانی شەڕ هەژمار بکرێت کاتێک بە شێوەیەکی ئامانجدار یان لەسەر بنەمای جیاوازی ئەنجام بدرێت، و هەروەها دەتوانێت پێشێلکارییەکی گەورەی مافی ژیان و قەدەغەکردنی هەڵسوکەوتی دژەمرۆیی بێت.

١. پێشەکی

کێشە و شەڕە چەکدارییەکانی سەردەمی ئێستا بەهۆی زیادبوونی لایەنە ناحکومییەکان و ئاڵۆزیی بوارەکانی شەڕ، ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی گەورە بوونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، گەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی تەنها داواکارییەکی مرۆیی نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی یاساییە کە دەکەوێتە سەر شانی هەموو لایەنە شەڕکەرەکان لە شەڕی چەکداریدا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە پراکتیکدا زۆرجار دەبینرێت کە برینداران بێبەش دەکرێن لە چارەسەری تەندروستی، نە بەهۆی هۆکارە پزیشکییەکان، بەڵکو بەهۆی ئەوەی سەر بە لایەنێکی “دوژمن” ئەژمار دەکرێن. ئەمەش پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتەڕوو: ئایا بێبەشکردنی برینداران لە چارەسەری تەندروستی دەتوانێت وەک تاوانی شەڕ هەژمار بکرێت؟

٢. پاراستنی برینداران لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی

یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بنەمایەکی ڕوون دادەنێت کە پێویستە برینداران و نەخۆشان بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەکی زیانبەخش ڕێزیان لێ بگیرێت و چارەسەریان بۆ بکرێت. بەپێی پەیماننامەکانی جەنێڤ، هەموو لایەنەکانی کێشەی چەکداری -بەوانەی گرووپە چەکدارەکانن بەبێ جیاوازی- پابەندن بە کۆکردنەوەی برینداران و دابینکردنی چارەسەری پزیشکی بۆیان لە هەموو کات و دۆخەکاندا. هەروەها، یاسای عورفی نێودەوڵەتی، وەک لە توێژینەوەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سووردا هاتووە لە مادەی ١١٠، ئەم پابەندبوونە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی گشتی دەگرێتەوە، و تەنها لە کاتی پێویستییە پزیشکییەکاندا ڕێگە بە جیاوازی دەدرێت، وەک لە پۆلێنکردنی پزیشکی (Triage) کە تەنها لەسەر بنەمای قەبارەی زیانەکە دەبێت، نەک لەسەر بنەمای ناسنامە یان ئەوەی کە سەر بە کام لایەنە؛ واتە جیاوازی نەکردن لە نێوان برینداری دۆست و دوژمن لە کاتی پێویستیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ پاراستنی ژیانی چەکدارەکان.

٣. چەمکی “لە دەرەوەی شەڕ” (Hors de combat)

کەسێک بە “لە دەرەوەی شەڕ” دادەنرێت کاتێک ناتوانێت بەشدار بێت لە کارە دژایەتییەکاندا، وەک یەکەم: بەهۆی برینداربوون، دووەم: دەستبەرداربوون واتە خۆبەدەستەوەدان، سێیەم: لەدەستدانی هۆشیاری واتە لەخۆچوون. لەم دۆخەدا، ئەو کەسانە لە بازنەی ئامانجە شەڕییەکان دەرچوون و مافی پاراستنی یاسایی تەواو بەدەست دەهێنن. ئەم بنەمایە هەموو بەشداربووانی شەڕی چەکداری دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، لەوانەش ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان و تەنانەت ئەو مەدەنییانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە شەڕ، کە دووبارە مافی پاراستنیان بۆ دەگەڕێتەوە کاتێک بەشداربوونیان وەستاند یان ناتوانن شەڕ بکەن بەهۆی برینداربوونیانەوە. بەم شێوەیە، بێبەشکردنی ئەم کەسانە لە چارەسەر هیچ جۆرە بنچینەیەکی یاسایی نییە.

٤. بێبەشکردنی چارەسەر وەک تاوانی شەڕ

بەپێی ڕێسای بنەڕەتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە بڕگەی (٨)، هەموو ئەو کردارانەی کە هەڵسوکەوتی دژەمرۆییان تێدایە یان بە شێوەیەکی ئامانجدار دەبنە هۆی ئازاری گەورە، دەکرێت وەک تاوانی شەڕ هەژمار بکرێن. دادگا نێودەوڵەتییەکان لە چەندین کەیسی جیاوازدا پشتگیرییان لەم بۆچوونە کردووەتەوە، بەوەی کە ڕەتکردنەوەی چارەسەر، ئەگەر ببێتە هۆی مردن یان ئازاری گەورە، دەتوانێت تاوانی جەنگ بێت.

٥. یاسای مافەکانی مرۆڤ: پاراستنی بەردەوام

یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی کێشە چەکدارییەکاندا لەکار ناکەون، بەڵکو بەردەوام دەبن. مافی ژیان و قەدەغەکردنی هەڵسوکەوتی دژەمرۆیی لە مافە بنەڕەتییەکانن کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ئەم مافانە زەوت بکات یان ڕایانبگرێت لە کاتی جەنگ و ململانێی چەکداریدا. دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی لە بابەتی بیروڕای دادگا سەبارەت بە یاسایی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، جەختی کردەوە کە ئەم مافانە لە کاتی شەڕدا بەردەوام دەبن و کاردەکەن.

٦. نموونەیەکی شایتحاڵ: کەیسی غەزاڵ مەولان

بەپێی چەند سەرچاوەیەک، دوای بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران بۆ سەر یەکێک لە ئۆردوگاکانی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق، یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی سەر بە هێزە چەکدارە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە خەبات دەکەن لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەختی بریندار بووە کە ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ بووە بە ناوی غەزاڵ مەولان. لە چەند نەخۆشخانەیەک لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕەتکراوەتەوە لە پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی و تەندروستی و تیمارکردن، کە لە ئەنجامدا غەزاڵ مەولان گیانی لەدەستداوە. بەهۆی ئەوەی تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام لە ئەگەری ئەوەی ئەم ڕووداوە بسەلمێنرێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و تاوانێکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی و هەتا ئاستی تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت. پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و بێلایەن ئەنجام بدات، وە لە ئەگەری ڕاستی ئەم تاوانە، دەبێت بەرپرسانی ئەم کارە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و دادگایی بکرێن.

کۆتایی

بێبەشکردنی برینداران لە چارەسەری تەندروستی نابێت تەنها وەک هەڵەیەکی سادە ببینرێت، بەڵکو دەتوانێت پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی بێت. لە کۆتاییدا، بنەمای سەرەکی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ ڕوون و ئاشکرایە کە: کرامەتی مرۆڤ لە کاتی شەڕدا نابێت پێشێل بکرێت بە هیچ جۆرە بیانوو و هۆکارێک.

دەربارەی نووسەر:

هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زانکۆی بەرگری سوید لە یاسای ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی، کە تایبەتە بە یاسای نێودەوڵەتی، یاسای جەنگ، مافی مرۆڤ، یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، بەرپرسیارییەتی دەوڵەت، و پڕۆسەی ئاشتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا لە زانکۆی دیل ڤاجی دێل مەکسیکۆ (زانکۆی دۆڵی مەکسیک)، دبلۆم لە مافی مرۆڤ بە سەرپەرشتی دادگای باڵای فیدراڵی مەکسیک، دبلۆم لە ڕۆڵی ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەجێندای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ٢٠٣٠ بە سەرپەرشتی کۆنگرێسی وڵاتە یەکگرتووەکانی مەکسیک و کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە مەکسیک. لە چەندین حکومەتی جیاواز لە بواری کارگێڕی و وەک بەشێک لە کادری دیپلۆماسی کاری کردووە.

زمانەکان:کوردی، عەرەبی، ئیسپانی، ئینگلیزی و سویدی.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی

عومەر خۆشناو، کاوە(٢٠٢٦): بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی پەرویز شێخی ​سیاسەت و ئەدەبیات، ئەگەرچی لە دوو جەستەدا دەژین، بەڵام لە ڕاستیدا یەک گیانن؛ یەکێکیان کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا، ئەوی تر دەچێتە ناو [...]

  • جەنگ و نیگەرانییەکانی

جەنگ و نیگەرانییەکانی

جەنگ و نیگەرانییەکانی دانا حەمید لە پێکهاتەی ئاستی دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا، هێزگەلێکی سەرەتایی و دژبەیەک بوونیان هەیە کە شارستانییەت و یاسا بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان دەدەن. دەرونشیکاری، بەتایبەت لە [...]

  • سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران عومەر ئیزەدخواە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بە هێرشێکی گەورە و کاریگەری سەربازییان بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٦دا [...]

  • بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟ هێلینا باوەرنفایند زۆربەی خەڵک پێشتر لێرە و لەوێ لە هەواڵەکان، سۆشیاڵ میدیا یان ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکان بیستوویانە: فڕۆکە جەنگییەکانی A-10 Thunderbolt IIی ئەمریکی [...]

  • لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا

لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا

لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا هێلینا باوەرنفایند هەولێر. لە شەوانی پایتەختی هەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم لە باکووری عێراق، ئاسمان چیتر تاریک نییە، بەڵکوو دەدرەوشێتەوە. دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە، تەقینەوە، [...]

  • دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران

دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران

دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران هێلینا باوەرنفایند وتارەکەی بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیڕەوی لە لۆژیکێکی ڕوونی دڵنیایی ستراتیژی دەکات: ئەو پەرەسەندنە سەربازییەکان دەخاتە [...]