شەهلا دەباغی
ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک
لە ڕۆژانی ژێر ڕنووکەوتنی سێ شاخەوانی کورد، هەرەوەزێکی جەماوەری لە ناوچەی نەغەدە و شنۆ بۆ دیتنەوە و ڕزگارکردنیان کرا و تەنانەت لە هەموو شارەکانی دیکەش خەڵک بەهانای خەڵکی دەڤەرەکەوە چوون. داخی گران و سەد مەخابن دوای چەند ڕۆژ تەرمی بێگیانی موحسین عەزیزی، محەممەد ڕۆیان و ڕەزا کاییشی لەبن بەفر دۆزراوە بەڵام بە شکۆیەکی نەتەوەیی و کەموێنە بەخاک سپێردران. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی ڕژێمی نگریسی ئیسلامی، بە بەهانەی بوونی جاسووسی ئیسرائیل لە هەولێر، بە چەند هاژەکی باڵستیکی و درۆن هێرشی کردە سەر ئەم شارە. بەداخەوە لەو هێرشە ناڕەوایەدا چەند کەس شەهید بوون، لەوان ژینای تەمەن یازدە مانگ. هاوکات دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر ڕۆژاوای نیشتمان و چەند کەس شەهید بوون.
ئەوەی لە کاتی گەڕان و دۆزینەوە و بەخاکسپاردنی شاخەوانەکان دیترا، تەنیا نیشانەی نەتەوەیی بوونی هەستی خەڵک و خۆبەخاوەنکردن لە هەر پرسێکی ڕۆژانەی ژیان و هەڵگەڕاندنەوەی کارەساتەکانە بۆ ئەکتی شۆڕشگێرانە. کوردانی دەڤەرەکە و زۆر شوێنی دیکەی ڕۆژهەڵات، لە مارشێکی سیهزار کەسیدا، یەکدەست وەک دەریایەک و متمانە بەخۆ، ئەم بەخاکسپاردنەیان کردە پەرفێرمانسێک بۆ نیشاندانی ئیڕادەی لەبن نەهاتووی نەتەوەیەک کە سەد ساڵە سەرەڕای جێنۆساید و قەڵاچۆکردن، چۆکی دانەدوە. هەر لەو ڕۆژانەدا بوو کە ئەم شیعرە لە نووسینی کاوە داشبەندی زار بە زار گوترا و سۆسیالمێدیای تەنییەوە:
ئەی ڕندۆڵەی سەربەرزی کورد
برای گیانیی چیای هەڵگورد
ئەمشەو نەکا سارد و سڕ بی
لەشتەزێن و جەرگبڕ بی
نەیکەی بە شەختە و بەستەڵەک
ڕنوو بەفرت نەکەی کەڵەک
چەند ڕۆڵەکورد میوانن لێت
نەکا ئەمشەو ڕووت گرژ بێت
دەمێک ساڵە لەم وڵاتە
چیا ڕووگەی سەد ئاواتە
سەدان شێرت پەروەردە کرد
ورەی مانت دەدا بە کورد
ئێستاش جێگەی هیوای بۆمان
پشت و پەنا و قەڵای بۆمان
ئەمشەو پەنای شاخەوانی
هاتوونە لات بە میوانی
نەکا دڵیان بێ هیوا کەی
سەرما و سۆڵیان بەگژدا کەی
ئەمشەو ئامێزی دایکانەت
ئەو ئامێزە گەرم و جوانەت
ئاواڵە کە تا بەربەیان
نەکەی سەودای مەرگ و ژیان
دایک و منداڵ چاویان لە ڕێن
چاوی دایکان پڕ بوو لە خوێن
دایکانی کورد لەمێژ ساڵە
کاریان بۆتە شین و ناڵە
نەکا زۆرکەی شین و ڕۆیان
ئەمشەو وەفات هەبێ بۆیان
دایکان چاویان ناچێتە خەو
بۆتە ساڵێک درێژیی شەو
دایکان بۆ هاتنەوەی ڕۆڵە
چاویان لە تۆیە ڕندۆڵە
کەش و هەوات هاوینی بێ
باوەشت گەرما و تینی بێ
وڵامی دایکی کورد دەوە
لە ژانی دڵیان کەم کەوە
بە دەستێکی پڕ خێرەوە
ڕۆڵەکانمان بنێرەوە
جارێک ڕەفقێکم کوتی “نیشتمان دایک نییە، نیشتمان منداڵە.”
دوای دەیان ساڵ ڕەخنەی فێمینیستەکانی دنیا لە بە هێما کردنی ژن وەک دایکی نیشتمان و شەڕەفی پیاو و ئەوە کە ژن وەک پیاو بەشێکە لە نیشتمان، لە کوردستانی خوێناویی کۆڵۆنیالکراوی ئێمەدا، لە دوای جووڵانەوەی ژینا، ئەم ڕاستییە زیاتر دەردەکەوێ کە نیشتمان منداڵی هەموومانە بە ژن و پیاوەوە و دەبێ دەستی بگری تا گاگۆڵکە بکا، پێ بگرێ، زمانی بپشکوێ و گەورە بێ تا بتوانێ ڕوژێک لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ. نیشتمانی کوڵۆنیالکراوی ئێمە کە کۆلۆنیالیسمی ڕۆژانەی (عوسمانزادە، داوود. تیشک. ٢٠٢٢) بەسەردا سەپاوە، پێویستی بە بەرخۆدانی ڕۆژانە هەیە. ئەوەی بۆ بەخاکسپاردنی ژینا و شاخەوانەکانمان کرا، بەرخۆدانێکی دژەکۆلۆنیالیستیی ڕۆژانەیە لە پێناو پێگەیاندنی منداڵ/ نیشتمانمان لەبەرانبەر سیستەمی کۆلۆنیالیستیدا.
سیستەمی کۆڵۆنیالیستی، ڕۆژانە هەوڵ دەدا نەک هەر ئاو، خاک و کانزات بدزی و بشێوێنێ، کە هەوڵ دەدا تانوپۆی هەست و نەستی خەڵک لەبەریەک بترازێنێ و هەوا و فەزای ناو خەڵک ژاراوی بکا. بەڵام کۆمەڵگای مەدەنیی کوردەواری و چالاکان و خەڵکی شار، بە خەلاقییەت و ئیبتکار لە هەر ڕووداوێکی شاد یا خەمین کەڵک وەدەگرن و فڕینێکی شاز دژی قاقڕستانی دەسەڵاتی فاشستیی تاران دروست دەکەن.
لەڕاستیدا کورد لە ڕۆژهەڵات نەک هەر دەستەوەستان نییە بگرە لەوپەڕی بیردۆزی و ئاگاهیدا، ورد و بەمشوور ڕێگاکانی هەناسەدان و گەشەکردن دەبینێتەوە و ڕابردوو و ئێستا، شار و شاخ لێک گرێ دەدا. ئێوە چاو لەو شێعرە بکەن کە چۆن ئێلمانەکانی مێژوو، بەرخۆدان و هێماکان لێک دەدرۆێ:
شاعیر داوا لە ڕندۆڵە دەکا، ئەو کە برای گیانی بە گیانیی هەڵگوردە، نەکا بە بەفر و سەرما و بەستەڵەک میوانەکانی ئازار بدا و بە سەرما سۆڵ بەگژیاندا بچێ. ئەو ڕوو لە ڕندۆڵە دەکا و دەڵێ چیا هەمیشە ڕووگەی ئاوات بووە و سەدان شێری لە دامێنی خۆیدا پەروەردە کردووە. چیا ئێستاش جێگەی هیوا و پشت و قەڵایە. شاعیر داوا دەکا ڕندۆڵە وەک دایکێک ئاگای لە منداڵەکانی بێ. دەبێ وەفای هەبێ بۆ دایکانی کورد کە بەردەوام بەشیان شین و گریان بووە. ڕندۆڵە دەبێ وڵامی دایکانی کورد بداتەوە و منداڵەکانیان بپارێزێ.
بەڵام سروشت زۆر جار بێڕەحمە و ڕنوو شاخەوانەکان لەژێر قورسایی و سەرمای خۆیدا دەخنکێنێ. کەچی هەرەوەزی جەماوەری بۆ دیتنەوی شاخەوانەکان و دواتر بەخاکسپاردنیان گڕ و تینێکی وەها ئینسانی و نیشتمانی دەخاتە گیانی خەڵک، کە ناشتنیان دەبێتە نمایشێکی کوردانە و دژی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیستی.
شەپۆلی دەریای هەزاران ئینسان بەسەر مێرگەکانی دەشتی شنۆ و نەغەدەدا وەڕێ دەکەوێ، هەر ئەو جۆرەی لە ناشتنی ژینادا سەدهەزار کەس بۆ گۆڕستانی ئایچی ڕێپێوانیان کرد.
هێزی بێسنووری خەڵک و ئیڕادەیان هەموو جارێ و لەگەڵ هەر ڕووداوێک فۆڕمێکی تازە لە بەرخۆدان لەخۆی نیشان دەدا و پەیامێکی ڕوونی هەیە: تا گەیشتن بە مافی ڕەوا، بەرخۆدانی ڕۆژانە دژی داگیرکاری و ستەمی ڕۆژانە بەردەوام دەبێ.
گەرچی ڕندۆڵە داوای شاعیر و دایکانی لە زەوی دا، بەڵام خەڵک بە دیتنەوەی جەستەی منداڵەکانیان و بە دەستی سەخی و خێرەوە، ڕۆڵەکانیان لە خاکی خۆیاندا حەشار دەدەن. وە بەمجۆرە مەرگ دەبێتە مەیدانی سەما و دەف لێدانی خەبات و سەرکەوتن بەرەو لوتکەکان.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
تحلیل و بررسی توافق آتشبس اسرائیل در لبنان و پیامدهای آن برای امنیت خاورمیانه
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ٢٠٢٤ پەیامێک بۆ ئێران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ
ڕوانگه هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ لە ماڵپەڕی [...]
ئیسرائیل جارێ بەتەما نییە دەست ڕاگرێ
بیروڕا ،و بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]
تکنیک سیدبال (Seedball) روشی برای احیای جنگلهای زاگرس
مقاله/دیدگاه تکنیک سیدبال (Seedball): روشی برای احیای جنگلهای زاگرس [...]
لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران
وتار لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا: سزادانی [...]