بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی
سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥): بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە “ئیمرالی”یەوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
یەکێک لە تەکنیکەکانی گوتاری سیاسی، بەکارهێنانی ناوی “شوێن” لە بری ناوی “کەس، دامەزراوەیەکی ڕەسمی یان تاقمێک”ە کە لە ڕەوانبێژیدا بەخوازە/ مەجاز(Metonymy) ناسراوە. ئەمە بەکارهێنانێکی ڕەوانێژییانەی زمانە بۆ ئەو کاتانەی هێز/دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا لە پشت بەکارهێنانەکەوەیە و دەیهەوێت ئەو پێکهاتە سیاسی-کۆمەڵایەتییەی زاڵە بەرهەم بهێنێتەوە. ئامانجەکەی دەکرێت، شاردنەوەی کارایەتیی کەسەکان، ئاساییکردنەوە و سادەکردنەوەی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا لە کەسایەتی بەخشین بە دامەزراوەکان و شوێنەکان بەسەر کەسەکاندا بۆ ڕەواییدان بەدەسەڵات بێت.
بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە “ئیمرالی”یەوە
زۆر جار ئێمە زمانی سیاسییەکان یان میدیاکارەکان لەبەر دووپات و چەندپاتبوونەوەیان بە ئاسایی وەردەگرین و زۆر لێیان ورد نابینەوە. بە تایبەتی، لەبەر پەیوەندیی بەکارهێنانی زمان بە بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕووداوێک یان بابەتێکەوە کە بۆخۆمان تێیداین، بەستێنەکە تاڕادەیەک بەشێک لە واتاکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و دەزانین مەبەست چییە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە دەرخستنی پەیوەندییەکانی زمان، ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات وا ئاسان نییە و پێویستییان بە لێکدانەوە و وردبوونەوەی زیاترە. لەم وتارە کورتەدا دەمهەوێت سەرنجێک بخەمە سەر بەکارهێنانی وشەی “ئیمرالی” لە گوتەیەکی ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی تورکیادا کە دەڵێت:
“ئیمراڵی هەموو پشتیوانییەکی بۆ پرۆسەی چارەسەری کردووە و دەکات”.
ئەمە پاڕچە گوتنێکی ئەردۆغانە لە نێو فرۆکەیەکی سەرۆککۆماریی تورکیادا لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس، کە لە پێناوی بە گوتەی ئەو “تورکیایەکی بێ تیرۆر”دا کردووەیەتی (21-07-2025، ڕووداو).
یەکێک لە تەکنیکەکانی گوتاری سیاسی، بەکارهێنانی ناوی “شوێن” لە بری ناوی “کەس، دامەزراوەیەکی ڕەسمی یان تاقمێک”ە کە لە ڕەوانبێژیدا بەخوازە/ مەجاز(Metonymy) ناسراوە. ئەمە بەکارهێنانێکی ڕەوانێژییانەی زمانە بۆ ئەو کاتانەی هێز/دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا لە پشت بەکارهێنانەکەوەیە و دەیهەوێت ئەو پێکهاتە سیاسی-کۆمەڵایەتییەی زاڵە بەرهەم بهێنێتەوە. ئامانجەکەی دەکرێت، شاردنەوەی کارایەتیی کەسەکان، ئاساییکردنەوە و سادەکردنەوەی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا لە کەسایەتی بەخشین بە دامەزراوەکان و شوێنەکان بەسەر کەسەکاندا بۆ ڕەواییدان بەدەسەڵات بێت (فێرکلاف٢٠٠٣؛ ڤاندایک ١٩٩٨؛ چارتریس-بلاک ٢٠٠٥ و چیلتۆن ٢٠٠٤).
لە ڕواڵەتدا، ئەم گوتەیەی ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش گوتنێکی ئاسایییە و لەوانەیە زۆر کەس بە ئاساییی وەربگرێت، بەڵام ئەمە چوارچێوەسازییەکی ئایدۆلۆژییانەی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە کە هێزی کۆنترۆڵی تورکیا و ئایدۆلۆژیای سەروەریی دەوڵەت نەتەوەی تورک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەنوێنێتەوە کە ئاماژەی لێکەوتە و کاریگەریی پەیوەندییەکانی، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە وتووێژی ئەمیرکەریمی، هاوسەرۆکی پژاک لەگەڵ بەشی فارسیی بی.بی.سی. یشدا خۆ دەردەخات. بە گشتی، خوازەکە لێرەدا لە وشەی “ئیمرالی”دا وەک ناوی شوێنێک (بەندیخانە) بەکار هاتووە، ستراتیژییەکی گوتارییە لەبری ناوی “کەسێک، کەسانێک یان دامەزراوەیەک” کە دەکرێت بۆ یەک لەم مەبەستانەی خوارەوە یان هەموویان بەکار هاتبێت:
١. بۆ شاردنەوەی کارایەتی بێت کە لێرەدا، ئەردۆغان نایهەوێت دان بە کارایەتیی سیاسیی ئۆجەلاندا بنێت و دەوری کارایەتییەکەی ئەو بەرجەستە بکات، بەڵکوو دەیدات بە دامەزراوەکە (بەندیخانەی ئیمرالی)، چونکە لە گوتاری سیاسی و دادوەریی تورکیادا بە ناوی “سەرکردەی تیرۆر” یان “بەندکراو” ناودەبرێت، ئەویش وەک لە بەشێک لە دەقی وتووێژەکەیدا ئاماژەی پێ دەکات، دەیهەوێت بەناو “تورکیایەکی بێ تیرۆر بونیاد بنێت” و ناویهەوێت ئەو ناوە ئاسایی بکاتەوە. چونکە ئەو کات پێویست دەکات، مافەکانیشی وەک کەسێکی ئاسایی ڕەچاو بکات و لە هەمووی گرنگتر لە ژێر ئەو شێوە پۆلینکردنە ناوییەدایە کە دەتوانێت بەکاری بهێنێت و سنوورەکانی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەی لە تورکیاوە بۆ گشت کوردستان و ناوچەکەش بەرفراوان بکات. چونکە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا، لە دەربڕینە سیاسییەکانی خۆیاندا نەیانشاردووەتەوە کە ئەوان لە ڕێی ئیمرالییەوە دەیانهەێت کورد نەک هەر لە باکوور، بەگشتی، لە پارچەکانی دیکەش بە ناوی برایەتیییەوە یان “کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ەوە کۆنترۆڵ بکەن. لێرەدایە کە پەیوەندییەکانی پێکهاتەی زمانی و پێکهاتی کۆمەڵایەتی دەردەکەون و دەزانین چۆن بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی وشەیەک، دەتوانێت نوێنەرەوەی ڕەوت و بەستێنێکی کۆمەڵایەتییش بێت و بەرهەمیشی بهێنێت.
بۆ نموونە، لێدوانەکانی ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک، ئەو کاریگەرییە لەسەر پژاکیش دەردەبڕێت و بە جەختکردنەوەی لەسەر تامەزرۆیی بۆ دامەزرانی پەیوەندیی ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ تورکیا، هەم وەفاداریی خۆی بە پەیامەکەی ئۆجەلان و شێوە چارەسەرەکەی بۆ پرسی کورد دەردەبڕێت، هەم ئاماژەیەکیشی تێدایە کە تورکیا دەتوانێت پژاک لە داهاتوودا لە ڕۆژهەڵات و لە ئێراندا بەکار بهێنێت و دەڵێت: “پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجەلان (بۆ چەکدانان) لە ڕەهەندی ستراتیژییەوە دەیپەژرێنین و پشتیوانیی لێ دەکەین. ئەو ڕەهەندە ستراتیژییە ئێمەش دەگرێتەو… ئێمە مەترسی نین بۆ تورکیا… ئێمە ئامادەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەبێت. بەڵام دەوڵەتی تورکییە تا ئێستا ئەوەی نەویستووە، چونکە کەڵک وەردەگرێت لەو دژایەتییەی لەگەڵ ئێمە هەیەتی. کەڵکی سیاسیی لێ وەردەگرێت و دەتوانێت لێکەوتەی زۆر مەترسیداری هەبێت. ئێمە گەلی کورد و گەلی تورکی ئازەربایجان ساڵانێک، سەدەگەلێکە پێکەوە برایانە دەژین، تورکیا دەیهەوێت ئەو پەیوەندییانە تێک بدات”. ئەمە بەگشتی، وا دەگەیەنێت کە ئامانجی ئەو چەشنە بەکارهێنانە هێژێمۆنییە، ڕازیبوون بە باڵادەستییەکەی دەسەڵاتی تورکیاشی وەرگرتووە.
٢. بەواتای کەسایەتیدان بە دامەزراوەی ئیمرالی کە نوێنەرایەتیی دەسەڵات و هێزی کۆنترۆڵی تورکیایە. بەتایبەتی، تورکیا وای نواندووە و لە قسەکانی ئەردۆغان و بەرپرسانی تری تورکیادا ویستوویانە لە ڕەوتی بردنە پێشی یەکلایەنەی خۆیاندا باڵادەستیی خۆیان نیشان بدەن و پێگەی ئۆجەلان لە ناو کورد لە باکوور و حیزبەکەشیدا بە پێی شوێنە کۆنترۆڵکراوەکەی لە بەندیخانەی ئیمرالیدا لە ژێر هێزی “دامەزراوەی زیندان”دا بەسەر ئەو و کوردیشدا بسەپێنن. ڕاستییەکەی، ئەمە بۆ ئەوەیە دامەزراوەکە و کەسەکە(ئۆجەلان) یەکدەنگ و ڕاهاتوو بنوێنێت کە لە بەشی کۆتایی ڕستەکەدا لە کارەکانی “پشتیوانیی کردووە و پشتیوانی دەکات”دا جەخت کراوەتەوە.
٣. ئەم شێوە بەکارهێنانە کۆمەک بە سروشتی نواندنی دەسەڵاتداری و شاردنەوەی بەرپرسیارێتی دەکات. لێرەدا لێڵ کردن و تەمومژ خستنە سەر ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم بەرپرسیارێتییە کێ وە ئەستۆی دەگرێت، ئۆجەلان یان دەزگای دیسیپلین و کۆنترۆڵی میت و دەوڵەتی تورکیا کە ئیمرالی بەڕێوە دەبەن. ئامانجەکە ئەوەیە کە جیاوازیی نێوان دامەزراوەی بەندیخانە (کە نوێنەرایەتیی هێزی کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکیا دەکات) و ئۆجەلان، هەڵگری و پێڤاژۆ و پرۆسەی چارەسەرییەکە، لەبەرچاوی کورد کە لەوانەیە ئاڵنگاریی سیاسەتی سەپاو بکات، ئاسایی پێشان بدات کە لە بنەڕەتدا، مەبەستی ئاسایی نواندنی سەپاندنی دەسەڵاتی زاڵی دەوڵەتی تورکە بەسەر کورددا.
بە کورتی، پەیوەندیی پێکهاتەی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکی دوولایەنەی بزێوە و هەروەک فێرکلاف(١٩٩٢، ٢٠٠٣) ئاماژەی پێ دەکات، هەم نوێنەرەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە و هەم بەرهەمهێنەرەوەشێتی. بۆیە بەکارهێنانی وشەی “ئیمرالی” بەکارهێنانێکی خەسیوو و بێ هۆ نییە، بەڵکوو ئامرازێکی بەهێزە بۆ نواندنەوە، ئاسایی نواندن و ئاراستەکردنی ئایدۆلۆژییانەی زمان کە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی بۆ ڕەواییدان بە هێز و دەسەڵاتی دامەزراوەیی لە ڕیی زمان و گوتارەوە بەرهەمیان هێناوە. ڕەواییدانە بە هێزی دەزگای کۆنترۆڵی دەوڵەت-نەتەوەی تورک و بەستنەوەی پرسی کورد بەگشتی بەو شوێنەوە، بەبێ دەرخستنی کارایەتیی ئەوکەسەی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە بەکار دەهێنرێت. لەهەمان کاتیشدا، ئەو دەسەڵاتدارییە سروشتی و ئاسایی دەنوێنێت و بەرپرسیارێتییەکەش بە تەمومژاویکردن دەشارێتەوە. ئەمە ستراتیژییەکی گوتاری سیاسیی تورکیایە بۆ سەپاندنێکی هێژێمۆنییانەی هێزی خۆی بەسەر کورددا. پاشنەی ئاشیلی کورد بەستراوەییی ڕۆحی و ویلاییی لقەکانی پەکەکەیە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەەوە لە ئیمرالیدا و تورکیاش ئەم ئایدۆلۆژیایە لە خزمەتی زاڵکردنی هێزی خۆیدا دەنوێنێتەوە و بەرهەم دەهێنێتەوە.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە “ئیمرالی”یەوە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]