بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی
کەیخوسرەوی، ئارام (٢٠٢٥):جیاوازیی خەبات و شۆڕش: شۆڕشی ژینا وەک نموونە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
مەبەست ئەوە نییە پێش شۆڕش “ئێمەی کورد” بوونی نییە، مەبەست ئەوەیە فرەییەکان کە لە دۆخی ئاساییدا هەن، لە دۆخی نائاساییدا سڕ دەبن. بەرژەوەندی و ویستی تاک لە نێو کۆدا دەتوێتەوە. مامۆستای ئایینی، بازاڕی، فەرمانبەر، کرێکار، خوێندکار و… هەموو بەرژەوەندییە کەسی و چینایەتییەکانیان لە پێناوی «ئێمەی کورد»دا سڕ دەبن. دوای شۆڕش “ئێمە” کاڵ دەبێتەوە. منی فەرمانبەر، منی مامۆستا، منی بازاڕی و… جێی “ئێمە” دەگرێتەوە. ویستی کەسی سەرلەنوێ بەسەر ویستی کۆییدا زاڵ دەبێت. ئەمە ئەو دۆخەیە کە خەبات تێیدا ڕوودەدات. رەنگە هۆی سەختی و ئەستەمبوونی خەباتیش هەر ئەمە بێت.

لە شۆڕشدا جیاوازییەکان، بەرژەوەندی و ویستی کەسی کاڵ دەبنەوە. تاک جێی خۆی دەدا بە کۆ، ویستی کەسی لە پێناوی ویستی کۆیی سڕ دەبێت. هەموو شتێک دەبێت بە کۆ.
شۆڕش کورتە، لەناکاوە، پێشبینی نەکراوە. چرکەی شۆڕش چەشنێک تێکەوتنە. مەبەست لە تێکەوتن ئەوەیە، شۆڕش دەتکێشێت و ئاوێتەت دەکات، بۆیە دەموچاوەکان لە شۆڕشدا پێچەوانەی خەبات هەمیشە ئاشنا نین، ئەوانەش پێشتر بە لای سیاسەتەوە نەدەچوون، تێیدەکەون. لە شۆڕشدا، دیسان بە شێوەیەکی کورت و چاوەڕواننەکراو، “ئێمەیەک” بیچم دەگرێت؛ ئێمەی کرێکار، ئێمەی ژنان، یان وەک شۆڕشی ژینا، ئێمەی کورد.
مەبەست ئەوە نییە پێش شۆڕش “ئێمەی کورد” بوونی نییە، مەبەست ئەوەیە فرەییەکان کە لە دۆخی ئاساییدا هەن، لە دۆخی نائاساییدا سڕ دەبن. بەرژەوەندی و ویستی تاک لە نێو کۆدا دەتوێتەوە. مامۆستای ئایینی، بازاڕی، فەرمانبەر، کرێکار، خوێندکار و… هەموو بەرژەوەندییە کەسی و چینایەتییەکانیان لە پێناوی «ئێمەی کورد»دا سڕ دەبن.
دوای شۆڕش “ئێمە” کاڵ دەبێتەوە. منی فەرمانبەر، منی مامۆستا، منی بازاڕی و… جێی “ئێمە” دەگرێتەوە. ویستی کەسی سەرلەنوێ بەسەر ویستی کۆییدا زاڵ دەبێت. ئەمە ئەو دۆخەیە کە خەبات تێیدا ڕوودەدات. رەنگە هۆی سەختی و ئەستەمبوونی خەباتیش هەر ئەمە بێت.
خەبات لە نێو دۆخێکی ئاساییدا ڕوودەدات. لە دۆخێکدا کە هەموو بەدووی بەرژەوەندیی کەسیی خۆیانن. ژیانێکی ئارام، ئابوورییەکی باش و…بەڵام خەبات خوازیاری ئەوەیە تاک ویستەکانی خۆی لە پێناوی ویستێکی کۆییدا سڕ بکات. لێرەدا بەریەککەوتنێک ڕوودەدات؛ بەریەککەوتنی نێوان ویستی کەسی و گشتی یان بە زمانێکی تر بەریەککەوتنی ژیان و ئایدیا. دەگێڕنەوە لاوێک دەیویست ببێت بە پێشمەرگە، باوکی پێی گوت: “ئەگەر دووسەد ساڵ تەمەن دەکەیت، چ نییە ببە بە پێشمەرگە، لێ ئەگەر شەست-حەفتا ساڵ دەژیت، بەس بژی و لە خەبات گەڕێ.” لە دۆخی ئاساییدا لۆژیکی تێچوو و سوود زاڵە. مرۆڤ تێچوو و سوودەکان دەخوێنێتەوە. خەبات تێچووی زۆرە و ڕەنگە لە کورتماوەدا سوودێکی دیاریش نەبێت. ئەگەر بڕیاری خەبات بدەیت، دەبێت لە زۆر شت دەست هەڵبگریت.
ئەمە لۆژیکی تێچوو و سوودە، لۆژیکێک کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەموو کەس نەچێتە خەباتەوە. لە ڕۆمانی «گابۆڕ»ی سەید قادری هیدایەتیدا، کارەکتەرێک هەیە بە ناوی «میرزا هادی». میرزا هادی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە نییە، بەڵام کەسێکە بەردەنگ بە تەواوی دەیناسێت. ئەو نموونەی بەرچاوی تێچوو-سوودە لە دۆخی خەباتدا. هۆی ئەوەش کە بەردەنگ بە تەواوی هەستی پێ دەکات ئەوەیە کە کەسی وا لە کۆمەڵگادا و لە دۆخی خەباتدا زۆر زۆرن.
ئەمە نموونەیەک لە قسەکانی میرزا هادییە لەوێدا کە لە کوڕەکەی قەڵس بووە کە سەری بۆ کوردایەتی و خەبات دەخورێ: «دەیگوت دایکی سەحەبت دەگێم خەریکە بە گرتنم بدەیت؟! ها؟! بە بۆنەی کتێب خوێندنەوەوە خەریکی چیت؟! ها؟! خودموختاریم بۆ وەردەگریت؟! ئەی شێڕررهوو! قوڕ بەو سەرەت بۆ عەقڵ و تێگەیشتنت. لەجیاتی ئەوەی دانیشیت دەرسەکانت بخوێنیت، شوێن دوو هەتیوە بەرەڵڵا کەوتوویت کە کەس نازانێ خەریکی چ بەزم و بەرەڵڵایەکن. خۆ خەمی تۆم نییە. پێت وایە خەمی تۆمە؟! خەمی خۆمە دوایی بە سەری پیری دەبمە پەند و مەسخەرەی سەگ، دەبمە پەتپەتی دەستی منداڵەوەرکە».
من ئەمانە وەکوو جیاوازیی نێوان کۆمەڵگای کوردی و نەتەوەی کورد دەبینم. نەتەوەی کورد و خواستەکانی تێچوویان هەیە، بۆیە کەسێک دەتوانێت بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی بێت بەڵام بەشێک لە نەتەوەی کورد نەبێت. ئەم جیاوازییە لە چرکەی شۆڕشی ژینادا لەبەرژەوەندیی نەتەوەدا کاڵ بوویەوە و پاش شۆڕشەکە دووبارە سەری هەڵداوە. نەیارانی کورد هەمیشە لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی قسە دەکەن، بەردەنگی ئەوان هەمیشە کۆمەڵگای کوردییە، نەک نەتەوەی کورد. لە شۆڕشی ژینادا ئەوە نەتەوەی کورد بوو کە زاڵ بوو، بەرژەوەندییەکان لە کۆدا توابوونەوە، بۆیە داگیرکەریش ئیتر بەردەنگێکی بۆ هێورکردنەوە و ڕاگرتنی کوردستان نەبوو.
تێبینی:ئەم باسە ماوەیەکە بووەتە بەشێک لە کەڵکەڵەی فیکریی من، رەنگەدواجار ببێت بە وتارێکی تێروتەسەڵ و رەنگەش بەس وەک کەڵکەڵەیەک لە لام بمێنێتەوە.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە دانا حەمید چارەنووسی ئێران لەم ساتە مێژووییەدا، لەسەر لێواری پەتێکی تەنک و لەرزۆک ڕاوەستاوە کە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کێشراوە: نمایشکردنی کەڵبەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تیژ و هەڵگرتنی [...]
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا ڕێبوار سیوەیلی ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا "برادر گوش بدە.."! لەنێوان هەژموونی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا و پێویستییەکانی فرەیی نەتەوەیی ١. مێژووی سیاسیی ئێران هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری "گورزی کوشندە" و [...]
ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان
ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان هێلینا باوەرنفایند ئەوە ئەو ساتە بوو کە دەکرێت لە مێژووی ململانێ نوێیەکاندا وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژمار بکرێت: کاتێک یەکەم بۆمبەکان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی [...]
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی مەسعوود بابایی بەرایی: "لەکوردترسێنی" و "کوردترسێنی" دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە [...]
لە ستایشی پێشمەرگە
لە ستایشی پێشمەرگە ئارام کەیخوسرەوی پێشەکی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵات و تێپەڕبوون لە فۆرمە نەریتییەکانی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوە مۆدێرنەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا. مۆدێرنیتەی سیاسی، وەک پڕۆسەیەکی گشتگیر، تەنیا [...]
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – “بەرگریی مۆزاییکی”ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – "بەرگریی مۆزاییکی"ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا هێلینا باوەرینفایند یەکێ لە پارادۆکسەکانی ململانێ هاوچەرخەکان ئەوەیە، کە باڵادەستیی سەربازی حەتمن بە واتای کۆنترۆڵی سیاسی نایەت. لەکاتێکدا واشنتۆن و ئۆرشەلیم [...]







