بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی

کۆنەپۆشی، دانا (٢٠٢٥): حیزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی نەتەوەیی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئاستەنگی کورد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی دەسەڵاتی داگیرکارانەی فارس/ئێرانە. ئەم دەسەڵاتە نزیک بە ١٠٠ ساڵ دەرفەتی بووە کە بیسەلمێنێت فاشیست نییە. بەڵام نەیکردووە و ڕۆژبەڕۆژ ئاورینتر بەرانبەر بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد جووڵاوەتەوە. دەسەڵات لە ئێراندا ڕێگایەک شک نابات کە بەسەر کوردەوە تاقیی نەکردبێتەوە. بۆیە هەرجۆرە بڕوایەک بەوەی کە ڕەنگە فارس/ئێرانی لە پاساوهێنانەوە و داشکاندنی خواستەکانی کورد تێبگەن( کە ئەمە لە بنەڕەتیشەوە بابەتی کورد نییە و کورد پێویستی بە تێگەیشتن و دانپێدانانی فارس نییە بۆ ڕزگاری)، تەنیا تراویلکەیەکە. ئەزموونی پێکەوەژیانی زۆرەملێ لەگەل فارس پڕە لە وێنەی وەها کە دەیسەلمێنن کورد دەبێت دواجار بڕیار بدات کە لە کوردستانەوە خۆی ڕزگار بکات. لە دواترین وێنەکانی ناو جوگرافیای ئێراندا، واتا لە ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨ی خەڵک دژ بە گرانیی بەنزین، بزووتنەوەی ژینا لە ١٤٠١، و هێرشی ئیسراییل لە جۆزەردانی ١٤٠٤ دا، فارس بە ڕاشکاوی پەیامی خۆی ناردووە کە خەونی پاوانی دەسەڵاتی بەرنەداوە. بگرە لە پێناو ئەو خەونەدا دەیەوێت تێچووی ئەوە بدات کە ئەگەر بزانێت بۆی دەچێتە سەر کۆماری ئیسلامیش بپارێزێت. یان لە ئەگەری نەمانی بێگەڕانەوەی کۆماری ئیسلامیدا، ئاڵتێرناتیڤی سەیروسەمەرە بۆ کورد و نەتەوەکانی تر بتاشێت.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  • یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: دانا کۆنەپۆشی

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ١٥ی پووشپەری ٢٧٢٥ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0

حیزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی نەتەوەیی

 

پێشەکی

حیزبی سیاسی لە باوترین جۆریدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان دامەزرا. بۆیە  بوو بە نوێنەری کەلێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەناو دیموکراسییەکاندا. بەگوێرەی ئاڵۆزبوونی ژیانی کۆمەڵگاکان و لە قۆناغە جیاجیاکانی گوتارە زاڵە جیهانی ( لیبراڵیزم، کۆمۆنیزم، ئانارشیزم، و …) و ناوخۆییەکانی یەکە دەوڵەتییەکاندا (فاشیزم، ناسیۆنالیزم، و …)، و لەلایەکی ترەوە بەهۆی یەکتربڕینی کەلێنە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ناو وڵاتەوە، حیزبی سیاسی ڕۆژبەڕۆژ ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندتر بوویەوە. لە لایەکی تریشەوە  خەسارەکانی زۆرتر بوون. بۆیە حیزبی سیاسیش وەک هەر دامەزراوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تر، لەگەل دەوروبەری خۆیدا، لە پێوەندییەکی دوولایەنەی کارتێکەری و کارتێکراویی بەردەوامدا ژیاوە و دەژی. بابەتیترین هەلومەرجی مانەوە و بەردەوامبوونی هەر حیزبێکی سیاسیش بەستراوەتەوە بە پێوەندیی ئەو بە کۆمەڵگا یان چین و توێژێکی دیاریکراو، و زەقکردنەوەی ئەو کەلێن یان بەگشتی پرسە سیاسییەوە کە دەیهەوێت نوێنەرایەتیی بکات.

دەستپێکی حیزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

حیزبی سیاسیی کورد بە کۆمەڵەی ژ.ک ەوە، لەسەر بەستێنی کەلێنی نەتەوایەتی دەستیپێکرد. لەڕاستیدا حیزبی کوردی ئەندازیارییەکی پێچەوانە بوو. واتا لەسەردەمی نوێ و لە وێنە باوەکەیدا،  یەکەی سیاسی بە سەروەریی سیاسیی تەواوەوە لە بیچمی دەوڵەت-نەتەوەدا چەسپابوو، پێکدادانی بەرژەوەندییەکان گەیشتبوونە لووتکە، کۆدەنگی لەسەر گواستنەوەی شەڕی توندوتیژ بۆ شەڕی دامەزراوەیی و دیاریکراو درووست بووبوو، و لە کۆتاییدا حیزبی سیاسی بوو بە چەکی شەڕی نوێی بەرژەوەندییە جیاجیاکان بە قانوونی گەمەی دیاریکراو و بەکۆدەنگییەکی ڕێژەیی( ئەمە وێنا ئیدەئالەکەی ڕەوتی کاری حیزبییە کە تێیدا خەسارەکانی حیزب و سیستەمی دیموکراسی تێیدا لەبەرچاو نەگیراوە). بەڵام حیزبی کوردی ڕێک بە پێچەوانەی وەها ڕەوتێکەوە دامەزرا. واتا حیزبی کوردی دامەزرا بۆ ئەوەی لەپێشدا یەکەیەکی سیاسی ( دەوڵەت-نەتەوە/سەروەریی سیاسی) بچەسپێنێت. لەپاشان دەبوو بپەژرێتە سەر بەرژەوەندییە پێکدژەکانی کۆمەڵگای کوردی، کە لەباری ئابوورییەوە کۆمەڵگایەکی سەرەتاییی و تێکەڵەیەک لە بەرهەمهێنانی دەرەبەگی و ئاژەڵداری بوو، و لەباری کۆمەڵایەتیشەوە لەسەر بنەمای هاوپێوەندییە خێڵەکییەکان بەڕێوەدەچوو. ئەگەر قۆناغە تایبەت و سەرەتاییەکانی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ.ک و حیزبی دیموکراتی لێ ڕێزپەڕ بکەین، لە درێژەیدا ئەو ڕەوشە ئاوارتەیەیشی دەکەوێتە سەر کە حیزبی کوردی بەهۆی چییەتیی پرسی سیاسیی کوردەوە، واتا بەهۆی ئەوەی کە نەتەوە و خاکێکی داگیرکراو بووە، حیزبە سیاسییەکەیشی لە ژینگە ڕاستەقینەکەی واتا لە هەناوی کۆمەڵگای کوردستان دابرڕا و دەرفەتی هەڵسووڕانی قانوونیی نەما. ئەم دابڕانە خاڵی وەرچەرخانێک بوو لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردی و کوردستانی و لەهەموو بزووتنەوەی سیاسیی کورددا بە هەموو بکەرەکانیەوە . واتا یەکەم ڕاستییەکی زبر کە هەر حیزبێکی سیاسیی کورد لەوە بەدواوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەوە بووە کە چۆن پێناسەی کەلێنی نەتەوەیی و پرسی نەتەوایەتی دەکات و چۆن هەڵسوکەوتی لەگەل دەکات. جا ئەگەر خۆیشی لێلادابێت هەر بەکردەوە لەژێر کاریگەری و قورساییەکەیدا کەوتووەتە دۆخی کاردانەوەوە.

پرسی کورد و حیزبی سیاسی

وەک ئاماژەی پێدرا یەکەمین حیزبی سیاسی لە کوردستان (ڕۆژهەڵات) لەسەر بەستێنی کەلێن و پرسی نەتەوەیی دامەزرا. ئەمە تەنیا بەهۆی تێگەیشتن یان حەزی ڕووتی تاک یان تاقمێک لە بژاردەی سیاسی و ڕۆشنبیرەوە نەبوو. بەپێچەوانەوە لە ئاستی ناوخۆییدا بەرهەمی دوو هەلومەرجی بابەتی بوو. یەکەم،  کورد بەهۆی بیرەوەرییەکی مێژوویی و جۆرێکیش لە خۆبژێوی و سەربەخۆییی ئابوورییەوە کە سرووشت و ژینگەکەی پێیدابوو، سیاسەتە داگیرکارانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی نەیتوانیبوو بیتوێنێتەوە. ئەو شێوازی ژیانە، سەربزێوییەکی لەشکاننەهاتوو و ڕۆحێکی یاخیی لە کورددا درووست کردبوو کە هەتا ئێستایش کەموزۆر، بووە بە ونهێزی جادووییی و سامانێکی نادیاری هەموو جووڵەیەکی سیاسیی ڕەسەن  کە لە کوردستاندا درووست ببێت. بۆیە لە کوردستان لەیەکەمین دەرفەتدا حیزبی سیاسی بۆ نواندن و زەقکردنەوەی ئەو دەستەمۆنەبوونە دامەزرا. دووهەم، بەهۆی دەستپێکی گەشەی شارەکان لە کوردستان و زیاتربوونی ڕێژەی دانیشتوانی شارەکانەوە، چینێکی مامناوەند تازە درووست دەبوو کە سەرەڕای لاوازبوونی لەباری قەبارەی بەرهەمهێنانی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسییەوە، بەڵام خەریک بوو خۆیدەگرت و دەبوو بە هێزێکی کۆمەڵایەتی. ئەم چینە و بژاردە و ڕۆشنبیرەکانی توانییان ڕۆحی یاخیی کوردی وەربگێڕنە سەر وێژمانێکی سیاسیی دیاریکراو و خواستێکی سیاسیی ڕوون. بۆیە لەیەکەمین دەرفەتدا کە هەڵکەوت توانی زۆر سەرکەوتوانە لە بیچمی کۆماری کوردستاندا بیگەیەنێت بە لووتکە.

بەهێزبوونی بەستێنی نەتەوەیی لە یەکەمین حیزبی کوردی و لە کۆماری کوردستاندا، بەوەدا زۆرتر دەردەکەوێت کە دەبینین لە نێوان دوو گەورەبەرەی شەڕی جیهانیی دووهەمدا، کە کۆماری کوردستان بەکردەوە پشتی بە دۆستایەتیی یەکیەتیی سۆڤیەتی بەستبوو، بەڵام پرسی نەتەوەیی بەسەر وێژمانی چەپدا زاڵ کرد و ترسی ئەوەی نەبوو کە بۆ ڕازیکردنی دڵی پاڵپشتەکەی پێچەوانەی ئەوە بکات. ئەمە دیسان کاتێک ڕوونتر دەردەکەوێت کە سەرنج دەدەینە کۆماری ئازربایجان کە ئەزموونی هاوشێوە و هاوکات و دراوسێی کۆماری کوردستان بوو.

کەلێن و پرسی نەتەوەیی لە کوردستاندا، نەک هەر بەستێنی سەرەکیی بۆ هەموو جووڵەیەکی سیاسیی کورد بووە، و سێبەری خستووەتە سەر کەلێنەکانی تر، بەڵکوو ئامانجی یەکەمی ئێرانی داگیرکەریش بووە بۆ تاقیکردنەوەی پیلانی جۆراوجۆری تواندنەوە و سڕینەوە لەپێناو دەسەڵاتی فاشیستیی قەومی فارسدا. لەسەر بنەمای ئەم خاڵە، تاران ستراتێژیی بەرەنگاربوونەی مەتەسیی کوردی بۆ سەر مەزنیخوازیی فارس و ئێرانیخوازییەکەی تیۆریزە و بەکردەوە کرد.

لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی ئێرانی و لەگەل بە دەسەڵاتگەیشتنی ڕەزای پەهلەویدا، فرەنەتەوەبوونی جوگرافیای دەستکردی ئێران یەکەمین و گرینگترین ئاستەنگی چەسپاندنی دەسەڵاتێکی ناوەندی بوو. خودی ڕەزا پەهلەوی پێش ئەوەی وەک شای ئێران بە دەسەڵات بگات، لە پێگەی گەورەفەرماندەی سپای قاجارەوە هەوڵی سەرکوتی بزووتنەوەی نەتەوەکانی کورد، تورکەمەن، عەرەب، بەختیاری، و بەلووچی دابوو و لە نەهێشتنی سەرکردەی بزووتنەوەکان یان سەرۆک خێڵەکان، و لە کۆتاییدا لە سەرکوتی توندوتۆڵی خەڵک و بزووتنەوەکاندا سەرکەوتوو بوو. بەڵام دیار بوو کە سەرکوتی ڕەزا پەهلەوی پرسی ناوەندپەرێزیی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێرانی بنبڕ نەکردبوو، و هەردەم ونهێزی(potential) سەرهەڵدانەوەی هەبوو.

کورد لە جوگرافیای ئێراندا مێژوویەکی دوورودرێژی بەرەنگاریی لەگەل دەسەڵاتی ناوەنددا هەبووە. بە دانپێدانانی بەرپرس و بژاردە جیاجیاکانی بەر و دوای نەتەوەی فارسیش، کورد هەموو کات لە ڕوانگەی ئەوانەوە سەری مارەکە بووە. بۆیە هەموو سیاسەتی تواندنەوەیش بە خەستتر و بەر لە هەمووی بەسەر کورددا تاقی کراوەتەوە. لە ئەم ڕوانگەیەوە کورد لەلایەن دەسەڵاتداری ئێرانییەوە وەک کێشەیەکی تەناهی پێناسە و وێنا کرا، و وردە وردە کۆمەڵێک پاشگر و چەمکی فاشیستییانە و بارگاویی بە ئیدیۆلۆژیی مەزنیخوازانەی پێوەلکێندراوە وەک؛ جیاییخواز( تجزیەطلب)، ئاژاوەچی (اغتشاشگر)، ڕێگر (راەزن)، و…. ئامانج لە ئەم لکێنەگەلە(Lable) ئەوە بوو کە لە ڕایەڵەی میکانیزمی باوی سیاسەتی نێونەتەوەیی و مافی نێونەتەوەییەوە، کە لەسەر بنەمای سەروەریی تەواوی دەوڵەت-نەتەوە داڕێژراوە، بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ سەرکوت و سڕینەوەی کورد (و نەتەوەکانی تر لە ناو سنووری دانپێدانراوی ئێراندا). ئەم لکێنانە لە ئەوەیشدا بە کەڵکی دەسەڵاتدارانی ئێرانی هاتووە، کە کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کوردی خستە دۆخی کاردانەوە و بەرگرییەوە. وردەوردە قورساییەکی ئەخلاقی و ماناییی وەها درا بە ئەو چەمک و لکێنانە، کە کورد بۆ خۆی باوەڕی هێنابوو بەوەی کە ئەگەر خۆی لە ئەو تۆمەتانە دانەماڵێت، ئەوا تاوانێکی کردووە و شایانی ئەوە هەیە کە سزا بدرێت. ئەمە وەهای کرد کە سیاسەتی کورد، بەردەوام بکەوێتە گێژەنی خۆپاساودانەوە و کاردانەوەی ڕووتەوە. داوێک کە هەتا ئێستایش کۆی سیاسەتی کورد و سیاسەتڤانی کوردی تووشی سووڕێکی بەتاڵ کردووە، کە لە داڕشتنەوەی خواستەکانیدا، نەک هەر تووشی خو-داشکاندن (self-reduction) بووە، بگرە بەردەوام لە باسکردن لە کەمترین خواستەکانیشیدا ئەوەندە بە پاساوهێنانەوەوە سەرقاڵ دەکرێت کە هەر لەبیر دەکات چیی دەویست!

لە قۆناغە جیاجیاکاندا کەسانی وەک پێشەوا قازی موحەممەد، د. قاسملوو، د. شەرەفکەندی و … لە بەستێنی گوتاری نەتەوەییەوە، بە وردبینی و بەهۆی ئەوەی کە بە قووڵی پرسەکەی خۆیانیان ناسیبوو، هەر کامە و بە شێوازی خۆیان بەرەنگاریی ئەم تاکتیکەی ئیدیۆلۆژیی مەزنیخوازیی ئێرانییە بوونەوە. بەڵام دەبیندرێت کە ئەو تاکتیکە هەتا ئێستایش خزمەت بە وەها ئیدیۆلۆژییەک دەکات و ئەگەریش کول بووبێت بەڵام هەر دەیبڕێت.

پێشەوا قازی موحەمەد لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە کردەوە ئەو چەکەی لە دەستی فارس و ئێرانی سەند، و دەسەڵاتی ڕەهای گەڕاندەوە بۆ نەتەوەکەی. ئەمە لووتکەی بڕیارێکی سیاسی بۆ کورد بوو کە پرسی نەتەوەییی تێیدا چەقی مانا و قورسایی بوو. لە ئەم وێنەیەدا گێڕانەوەی فارس/ ئێرانی سڕدرایەوە و کوردانە کورد وێنا کرایەوە.

لەپاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، بزووتنەوەی چەکداریی ٤٧-١٣٤٦ دیسان هەنگاوێکی متمانەبەخۆیانە بوو بۆ تێکدانی ئەو گێڕانەوەی فارس/ ئێرانییە. بزووتنەوەکە بەگوێی کپی فارس/ ئێرانیدا هاواری کردەوە کە ئێرادەی نەتەوەیەکی داگیرکراو ناکرێتە پەراوێزی حەز و خولیا مەزنیخوازانەکانی ئەوان.

لە سەردەمی شۆڕشی ١٣٥٧ لە ئێراندا، بەکردەوە حیزبی تری وەک کۆمەڵە ( ئەگەرچی لە سەرەتاکاندا هێشتا بە فەرمی خۆی ڕانەگەیاندبوو)، چریکە فیداییەکان، و مەکتەب قورئان  لەپاڵ حیزبی دیموکراتدا سەریانهەڵدا. پرسی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە سەرهەڵدانی حیزبی جیا و فرەحیزبی بەکردەوە ئاڵۆزتر بوو. جیا لە حیزبی دیموکرات کە بەڕوونی نوێنەرایەتیی پرس و کەلێنی نەتەوەییی دەکرد، حیزبەکانی تر لە بەرەی چەپ و کۆمۆنیستی یان ئیسلامیدا بوون. ئەمە بەتایبەتی ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە کە تێیدا کەفوکوڵی بەریەککەوتنی ئیدیۆلۆژییەکان لە لووتکەی خۆیدا بوو، قووڵاییی کارەساتەکە ڕوونتر دەردەخات. خاک و نەتەوەیەکی داگیرکراو، کە دەبوو هەموو هێزی خۆی تەرخان بکات بۆ ڕزگارکردنی نەتەوەکەی، لە تەنیشت ئەوەدا کە داگیرکەرەکەی هەموو هیز و فێڵی خۆی خستبووەگەڕ بۆ درێژەدان بە داگیرکارییەکەی، لەپڕ کەوتە دۆخێکەوە کە دەبوو هێزەکەی خۆیشی بەسەر شەڕێکی ئیدیۆلۆژیکدا دابەش بکات. ئەگەرچی هەموو حیزب و کەسایەتییە کوردەکان لە سەرەتای شۆڕشدا لەژێر قورساییی کەلێن و پرسی نەتەوەییدا، لەدەوری بەرنامەی ئۆتۆنۆمی کۆبوونەوە و چەندین چاوپێکەوتنیان لەگەل دەسەڵاتداران و نوێنەرانی نوێی داگیرکەردا کرد، بەڵام زۆر زوو ئەوەی نەدەبوو ڕوو بدات ڕووی دا، و کورد کەوتە شەڕێکی ناوخۆوە کە تەنیا ئامانجی سیاسیی نەبوو، دەنا هەموو ڕەهەندێکی تری کۆمەڵناسانە، دەروونناسانە، مێژوویی و … ی هەبوو. زۆر ئاساییە کە لە شەڕی ناوخۆدا، و ئەویش بۆ دۆخی نەتەوەیەکی داگیرکراوی وەک کورد کە لە هەموو گۆی زەویدا پرسەکەی تەنیا لەخۆی دەچێت، پرس و چارەنووسی نەتەوەیی یەکەمین قوربانییە. تێچووی کوردستان بۆ شەڕی ناوخۆ تەنانەت بە خوێن هەژمار ناکرێت. ئەوەی کوردستان و کورد لە شەڕی ناوخۆدا بەخشی، داهاتوو بوو، لەبریی ئەوەیش لە درێژماوەدا، کۆمەڵێک قەیرانی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی و …ی وەرگرت کە تا ئەمڕۆیش بەرۆکی بەرنەداوە.

لە ئاکامی لەدەستدانی دەرفەتی ڕزگاری و سووتاندنی داهاتوو لە ئەو سەردەمدا، حیزبی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر و تێچووی خەباتەکەی قورستر بوو. لەماوەی ٢٠ ساڵی یەکەمی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، کە بریکارانی نوێی داگیرکاری لە کوردستان بوون، توانییان هەموو حیزبەکان بە ئاستی جیاجیا بسڕنەوە یان پەراوێزیان بخەن. پەراوێزخرانێک کە بۆ حیزبی سیاسی ئەگەر نەڵێین هاوتایە لەگەل مەرگی سیاسیدا، لانیکەم چوونە کۆمای سیاسییە.

ڕێبازی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەدوای دۆخی خۆکردی ئاوەزی سیاسیی کوردەوە، حیزبی سیاسیی کوردی و بەتایبەتی دوو حیزبی سەرەکی واتا حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، ساڵ لە دوای ساڵ و لەگەل دەسەڵاتگرتنی زۆرتری کۆماری ئیسلامیدا لاوازتر دەبوون و گۆڕەپانەکەیان پێتەنگ دەکرا. لە ئاکامی ئەم دۆخەدا قەیرانی تەشکیلاتی و سیاسی و خۆپاراستن جێگای پرسی نەتەوەییی گرتەوە و تەشکیلاتی ئاشکرای ئەم دوو حیزبە ئەوەندەی تریش لەباری سیاسییەوە کەوتنە دۆخی بەرگری و کاردانەوەوە. ئاڵوگۆڕە ناوچەیی و جیهانییەکان بەردەوام دەبوون بە هۆی کەم یان زۆربوونی گوشار لەسەر حیزبەکان.  بەڵام بە گشتی توانای جووڵەی گەورەی لێ بڕیبوون.

لە قۆناغی لاوازبوون و گۆشەگیربوونی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەکاندا، لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تەشکیلاتی نهێنی، ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان ئەرکی زیندوو ڕاگرتنی حیزبەکانیان لەئەستۆ گرت. بەڵام ڕوونیشە کە ئەندام و تەشکیلاتی نهێنی بەربەستی زۆرتری لە پێشدایە. بۆیە هەنگاو بە هەنگاو تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ، حیزبی سیاسیی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە لایەنی حیزبی و ڕێکخراوەییەکەی کەم بووە و زۆرتر وەک ڕێبازێکی سیاسی دەرکەوتوون. ڕاستە کە ڕێبازی سیاسی بنەما و سەرەتایە بۆ هەموو جووڵەیەکی سیاسی و بەتایبەت بۆ بزووتنەوە سیاسییەکان. بەڵام هەموو ڕێبازێک پێویستی بە ڕێکخستنی تۆکمە و لێبڕاو هەیە. بۆیە کورد گەیشتووەتە ئەوەی کە چاوەڕوانە دەرفەتێکی ببێت حیزبەکان لە ئەو کۆما سیاسییە دەربهێنێت و بیانکاتەوە بە حیزب و ڕێکخراوی هەڵسووڕ.

کوردستانی نوێ

لەپاش چیرۆکی ٤٧ ساڵ کەوتن و هەستانەوەی دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، کورد گەیشتووەتە قۆناغێک کە لەسەر بەستێنی کەلێنی نەتەوەیی، و بە پێداگری لەسەر ڕێبازە سیاسییەکانی خۆی، و هەروەها بە مانادانەوە بە نۆستالژیی حیزبی سیاسی و پێشمەرگە و مێژووی دوور و نزیکی خۆی، خەریکە پرسەکەی بەهێزتر لە جاران دادەڕێژێتەوە. ئەمە وەک کوردستانێکی نوێ وەهایە. ئەم دۆخە نوێیە لە پێشدا ڕوونە کە هەڵقوڵاوی خواستی ڕاستەقینەی نەتەوەیەکی داگیرکراوە کە لە دنیای نوێدا چاوی کراوەتەوە، و د. شەرەفکەندی وتەنی هەموو مافەکانی یەک دانە ئینسانی ئازادی دەوێت. نە کەمتر و نە زۆرتر.

لەولایشەوە ئاکامی کۆمەڵێک هۆکارە وەک؛ ئاڵوگۆڕی دنیا بە گشتی لەباری شێوازی ژیانەوە، گۆڕانکارییە سیاسیی و ژیۆپۆلیتیکەکانی ناوچە، چوونەسەری تەمەنی دیکتاتۆری ئێران، کولبوونی مەکینەی هاڕینەکەی کۆماری ئیسلامی، باشتربوونی بژێوی ژیانی خەڵک بە گشتی و بەهێزتربوونی چینی مامناوەند، زیاتربوونی ژمارەی خوێندەواری کورد، و ..  .

دۆخی نوێ بەهۆی تایبەتمەندییەکەیەوە، لە هەناویدا مەترسی و هەڕەشە بەجارێک لەخۆ دەگرێت. مەترسییە لەبەر ئەوەی کە بەتایبەتی بۆ کورد کە خاوەن سەروەریی سیاسیی خۆی نییە و لەدۆخی داگیرکراویدا دەژی، لە ئەگەری نەبوونی ڕێکخراوی بەرپرس و هەڵسووڕدا، ئەگەر بە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگایەکی جەماوەرییەوە (Mass Society) بڕواتە شەڕی داگیرکەرەوە، نەک ئەگەری بەلاڕێدابردن و سەرقاڵکردنی بە شتی لاوەکییەوە زۆرە، بگرە مەترسیی ئەوەیش هەیە کە قۆناغێکی تر بەرەو خۆ-سەرقاڵی و شەڕی سەلیقەیی و تەنانەت شەڕی ناوخۆیش بڕواتەوە. کۆمەڵگای جەماوەری و بزووتنەوەی بێ ڕێکخراو لە باشترین جۆریدا لە ئاستی بیرۆکەی ڕۆشنبیرانە و باسوخواستی ڕۆشنبیریدا دەجووڵێتەوە، و ناگات بە کردەوەی ئامانجداری سیاسی. لە لایەکی ترەوە دەرفەتە، لەبەر ئەوەی کە لەئەگەری ڕێکخستنی هەموو ئەو ونهێزەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەتواندرێت هەنگاوەکانی ڕزگاری زۆر ساناتر لەوەی بیری لێدەکرێتەوە بپێورێن.

ڕزگاری لە کوردستانەوەیە، لە تارانەوە نییە

کوردستانی نوێ نەک خۆی لە بەستێنە مێژووییەکەی و لە ڕێبازە سیاسییەکانی دانەبڕیوە، بگرە قۆناغ بە قۆناغ پێوەندیی خۆی لەگەلیاندا بەهێزتر دەکات. بۆیە بەڕێوەبەرییەکەی ئەرکێکی هەستیارە. ئەرکی سەرەکیی دەکەوێتە سەر شانی حیزبەکان کە (لەپاش هەستانەوە لە کۆمای سیاسی) دەبێت پرسی نەتەوەیی بە بەهێزترین شێوە نوێنەرایەتی بکەن و ببنە ئاڵقەی پێوەندیی و گرێدانەوەی بەرژەوەندییە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردستان، و بیانخاتە خزمەت پرسی ڕزگارییەوە.

ئاستەنگی کورد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی دەسەڵاتی داگیرکارانەی فارس/ئێرانە. ئەم دەسەڵاتە نزیک بە ١٠٠ ساڵ دەرفەتی بووە کە بیسەلمێنێت فاشیست نییە. بەڵام نەیکردووە و ڕۆژبەڕۆژ ئاورینتر بەرانبەر بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد جووڵاوەتەوە. دەسەڵات لە ئێراندا ڕێگایەک شک نابات کە بەسەر کوردەوە تاقیی نەکردبێتەوە. بۆیە هەرجۆرە بڕوایەک بەوەی کە ڕەنگە فارس/ئێرانی لە پاساوهێنانەوە و داشکاندنی خواستەکانی کورد تێبگەن( کە ئەمە لە بنەڕەتیشەوە بابەتی کورد نییە و کورد پێویستی بە تێگەیشتن و دانپێدانانی فارس نییە بۆ ڕزگاری)، تەنیا تراویلکەیەکە.

ئەزموونی پێکەوەژیانی زۆرەملێ لەگەل فارس پڕە لە وێنەی وەها کە دەیسەلمێنن کورد دەبێت دواجار بڕیار بدات کە لە کوردستانەوە خۆی ڕزگار بکات. لە دواترین وێنەکانی ناو جوگرافیای ئێراندا، واتا لە ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨ی خەڵک دژ بە گرانیی بەنزین، بزووتنەوەی ژینا لە ١٤٠١، و هێرشی ئیسراییل لە جۆزەردانی ١٤٠٤ دا، فارس بە ڕاشکاوی پەیامی خۆی ناردووە کە خەونی پاوانی دەسەڵاتی بەرنەداوە. بگرە لە پێناو ئەو خەونەدا دەیەوێت تێچووی ئەوە بدات کە ئەگەر بزانێت بۆی دەچێتە سەر کۆماری ئیسلامیش بپارێزێت. یان لە ئەگەری نەمانی بێگەڕانەوەی کۆماری ئیسلامیدا، ئاڵتێرناتیڤی سەیروسەمەرە بۆ کورد و نەتەوەکانی تر بتاشێت.

گریمانە و هەڵەیەکی ڕۆمانتیسیستیی کورد ئەوەیە کە پێیوایە فارس/ئێرانی لە هەڵەتێگەیشتنەوە  بەرەو ئاراستەی تاوانبارکردن و لکێنەلێدانی (Labling)نەتەوەکان دەڕوات. ئەم گریمانەیە دۆخێکی وەهای درووست کردووە کە کورد بەردەوام لە خولگەیەکی بەتاڵبووندا دەخولێتەوە و بەردەوامیش لە وزەی کەم دەبێتەوە. بۆیە هەر دەبێت لە شوێنێکدا ئەو خولگەیە بپسێت و کۆتایی بەوە بێت. دەبێت لە شوێنێکدا پرسی سیاسیی کورد ببێتەوە بە ڕۆژەڤ و ئیتر بە پاساوهێنانەوە سەرقاڵ نەکرێین.

ئاکام

بە سەرنجدان بە کۆی دۆخی ئێستا، و بە لەبەرچاوگرتنی دەرفەت و هەڕەشەکانی سەر چارەنووسی کورد، جیا لە ئەوەی کە پرۆژەی سیاسیی فەرمیی حیزبی کوردی و ستراتێژییەکەی چۆن گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام دەتوانێت لە ئەو خاڵەوە دەست بە گۆڕان بکات کە تێگەیشتنەکەی لە پێوەندیی خۆی و فارس/ئێرانی ڕاست بکاتەوە. ڕاستکردنەوەی ئەم گریمانە هەڵەیە بەمانای  دۆزینەوەی ڕێگاکەیە. لە ئەو کاتەدا کە کورد پرسەکەی خۆی بەهۆی پاساو و داشکاندنەوە لەبیر نەکات، سیاسەت لە بیاڤی ژیانی سیاسیی کوردستاندا ڕەوتێکی نوێ دەگرێتە بەر. واتا تەنانەت ئەگەر ئامانجی فەرمی حیزبەکان فیدراڵیزم یان خۆبەڕێوەبەریش بێت، پێداگری لەسەر مافی تەواوی ئینسانێکی ئازاد و پێداگریی بەردەوام لەسەر مافی سەربەخۆبوون دەتوانێت ئەم دەسکەوتانەی ببێت:

– لەباری کردەییەوە فارس/ ئێرانی وەک نەیار و داگیرکەری کورد، تووشی شڵەژان دەکات و دەیخاتە دۆخی بەرگرییەوە و گەمەکەی لێ تێکدەدات.

– گوێی فارس بە خواستە ڕاستەقینەکانی کورد ئاشنا دەکات و ئەمە لەخۆیدا لە درێژماوەدا ئەو چەکی تۆمەتبارکردنەیان لێ دەستێنێت.

– متمانە بۆ تاکی کورد و بۆ بژاردەی سیاسیش دەگەڕێنێتەوە، کە دەتوانێت ببێت بە بەردی بناغەی جووڵە و دەسکەوتی گەورەی سیاسی.

– وێژمانی سەروەریخوازی بەهێز دەکات بۆ ئەوەی لە هەر دەرفەتێکی لەبار لە داهاتوودا، کورد بتوانێت بە تێچووی کەمتر بدات بۆ سەربەخۆبوون.

– و…

ئەمانە کۆکراوەی ئەو خاڵە ئەرێنییانەن کە دەتوانن لە خزمەتی پرۆژەیەکی وەک فیدراڵیزمدا بکەونە گەڕ، و تەنیا بۆ قۆناغی هەستانەوەی حیزبەکان کەمترین تێچوویان ببێت. بەگوێرەی ئەوەیش کە کورد حیزبێکی بەهێزی نییە کە خەبات بۆ سەربەخۆیی بکات، بۆیە وەها دیارە تاقە ڕێگا توندوتۆڵ کردنەوە و ڕادیکاڵکردنی گوتاری فیدراڵیزم بە شێوەی کاتی بێت. دەنا بە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە کوردستان و ناوچە و جیهان، و بە جۆری هەڵسوکەوتی فارس/ ئێرانی لە داهاتوودا، دوور نییە کورد ناچار بەوە بکرێت لە نێوان توانەوە و سەربەخۆییدا یەکیان هەڵبژێرێت. بۆیە لە هەموو ئەگەرەکاندا، کورد دەبێت بە بەرچاوڕوونییەوە لە پرسی نەتەوەییی خۆی بڕوانێت و خەباتی بۆ بکات.

      بەگوێرەی ئەزموونی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکان و بە خوێندنەوەی تیۆریی پێڤاژۆکەدا دەتوانین بگەین بەو ئاکامە کە، هەر جۆرە جووڵەیەکی جددی دەتوانێت ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە کە کۆماری ئیسلامی یان هەر داگیرکەرێکی داهاتووی کوردستان، ئەگەر کورد داوای مافی زۆرتر بکات بە ئازارێکی خراپتر  لە ئەمەی کوشتوویەتی، دەیکوژێت. داگیرکاری کوردستان ئەوەی توانیویەتی کوردی کوشتووە و سەرکوت کردووە. توانای درێژەدان بە کوشتنی کورد بەستراوەتەوە بەوەوە کە کورد چۆن دەڕوانێتە ژیان و کەرامەتی مرۆییی خۆی. ئەمەیش درووشم نییە. تەنیا پێویستی بە ڕێکخستنی نەتەوەیەکی زیندووە کە ئامادە بێت نرخی ئازادیی خۆی بدات. ئەویتر زۆر ئاسانتر لەوە دەستەبەر دەبێت کە بیر بکرێتەوە.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە