بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی

مێراوی، کاروان (٢٠٢٥): خوێندنەوەیەک بۆ لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ڕەمزی هێزی چەکداری و بەرگریی نیشتمانی و هەروەها لووتکەی باوەڕ و ئیرادەی تاکی کوردستانی لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ بەرگری و پارێزگاری لە نیشتمان بەرانبەر داگیرکەران و دوژمنان و نەیارانی نەتەوەی کورد. بە واتایەکی تر پاراستنی سەروەری و سنوورەکانی کوردستان و ڕاماڵینی داگیرکەران و پاشان دابینکردنی سەقامگیری و پەنای هاونیشتمانییانە بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنەوەی بێگانە. یان زۆر سادەتر دەکرێت بێژین: بە قەڵخانبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە نیشتمان و هاونیشتمانییان.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  • یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: کاروان مێراوی

  • وەرگێڕ: 

  • ڕێکەوت: ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0

خوێندنەوەیەک بۆ لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

پێشەکی

هەر ڕێکخستن و دامەزراوەیەکی سیاسی، سەربازی، پیشەیی، پیشەسازی، مەدەنی، ڕاگەیاندنی (میدیایی) و … تەنانەت حکوومەتەکانیش لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە کە ئاماژەیە بە چالاکی و ناوڕۆکەکانیان. لۆگۆ لە کۆمەڵێک یان یەک ڕنگ بە نەخش و نیگارێکی کێشراوی جوانکاریکراو یان سادە و هەروەها کۆمەڵێک یان یەک هێما پێک دێت، وەک سیمبول، نیشانە و بەگشتی پێناسەیەک لە ئامانجەکانی ڕێکخستن یان دامەزراوەکەیە. هەر ڕەنگ، نەخش، پیت یان تەنانەت هەر خاڵێک (.) لە لۆگۆدا ئاماژەیەکی دیاریکراوە بە نیشانەیەکی تایبەت و دەکرێت خۆی وەک هێمایەکی تایبەت ببینرێت، بۆیە دەبێت بە سەرەنج و وردبینی و گرنگییەکی زۆرەوە سەیری لۆگۆ بکرێت، چونکە لۆگۆ دەتوانێت بەکورتی زانیاریی پێویست بگەیەنێتە بینەرەکەی.

دەستپێک

هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەک ڕێکخستنێکی سەربازیی نیشتمانی کە مێژوویەکی زێڕین و دیار و پیرۆزی هەیە و بنەما و بناغەکەی بۆ کۆماری کوردستان ئەگەڕێتەوە، هەنووکە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییشدا وەک هێزێکی نیشتمانیی کوردستان دانپێدانراوە. ئەو هێزە نیشتمانییە لە دوو پارچەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەفەرمی پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە.

١- باشوور: ئێستە کە باشووری کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵی ــ هەرێمیی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە، وەزارەتی تایبەت بە پێشمەرگەی کوردستان هەیە کە ئەرک و کاروبارە دەوڵەتییەکانی ئەم وەزارەتە و پێشمەرگە دیاریکراون، ئەم وەزارەتەش لۆگۆی تایبەت بە خۆی هەیە و لۆگۆکەشی پێناسەیەکی نیشتمانیی بەرگریکارانە و پارێزگاریکارانەیە، تەنانەت یەکە و هێزەکانی سەر بەو وەزارەتەیش هەر کامێکیان لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە کە هەموویان لەژێر چەتری لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگەن.

٢- ڕۆژهەڵات: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زێدی لەدایکبوون و چرۆی سەرهەڵدان و گەشەی پێشمەرگەیە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی نیشتمانیی شۆڕشگیڕی ڕزگاریخواز و تێکۆشەری ڕاستەقینەی ڕزگاریی نیشتمانی داگیرکراو و هاوکات پاڵپشت، پارێزەر و بەرگریکاری خاک و سەرجەم خەڵکی کوردستانە، لۆگۆی جیاواز و تایبەتی هەیە کە دوورە لە لۆگۆی حیزبی و هێمای تایبەتی پێشمەرگەیە. لێرەدا زیاتر باس لەسەر لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ـ ڕۆژهەڵات ئەکەین.

لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێک هاتووە لە نووسینی ناوی فەرمیی “هێزی پێشمەرگەی کوردستان” بە زاری کوردیی ناوەندیی زمانی نەتەوەیی و زمانی پەیوندیی نێونەتەوەیی و نێودەوڵی (ئینگلیزی) لە سەرووی لۆگۆکە، هەروەها دوو بەشی ڕەنگەکان و هێماکان کە لە درێژەی ئەم بابەتەدا بەوردی باس لەسەر ئەم دوو بەشە دەکرێت.

 ڕەنگەکانی لۆگۆ

ڕەنگەکانی لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەر کامەیان دەربڕی بوارێک لە خەبات و تێکۆشان و قارەمانەتیی پێشمەرگەیە کە بریتین لە:

١ــ ڕەنگی سوور: هێمای هۆشیاریی نەتەوەیی، نیشتمانپەروەری، شۆڕشگێڕی، تێکۆشان، گیانفیدایی و فیداكاریی تاکی کوردستانییە لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرانبەر بە هێزی داگیركەر و هەروەها نیشانەی قارەمانەتی، ڕزگاریخوازی، سەربەستیخوازی و خۆشەویستی بۆ نیشتمانە.

٢ــ ڕەنگی زەرد یان زێڕی: هێمای ڕووناکبیری، پەروەردەی نیشتمانی، نیشتمانپارێزی و ئامادەگیی تاکی کوردستانییە کە ڕێبازی پێشمەرگایەتییان هەڵبژاردووە، هەروەها ڕووناكیدەری هێزی پێشمەرگە و ناوبانگی لێهاتوویی و خۆشەویستیی پێشمەرگەیە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵكی كوردستان. زۆر جار ڕەنگی زەرد یان زێڕی وەک هێمای ناسیۆنالیسزمیش پێناسە و ڕاڤە دەکرێت. کەواتە دەکرێت لێرەدا واتای ترۆپکی ناسیۆنالیستبوونی تاکی کوردستانی لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە کە ئامادەن پێش مەرگ بکەون لەپێناو نیشتمان، بدات.

٣ــ ڕەنگی زەیتوونیی قاوەیی: بە واتای دەربڕینی ئامادەگیی هێزی پێشمەرگەیە لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجەكانی نەتەوەی كورد و خەڵکی کوردستان و هاوكات ڕەمزی هێز و توانای چەكداریی بەرگریکارانەیە بۆ بەرگری لە بیروباوەڕی تاکی سەربەستیخواز کە ڕێبازی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و بەرگری لە نیشتمانی هەڵبژاردووە. هەروەها واتای پاراستنی سەروەری و ئاوەدانیی نیشتمان و هەردەم ئامادەی شەڕکردن بۆ سەقامگیریی ئەو سەروەری و ئاوەدانییە و بەگشتی وڵات و نیشتمانە.

هێماکانی لۆگۆ

هێماکانی لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەر کامەیان دەربڕی مانایەکی تایبەت بە پێشمەرگەن و بریتین لە:

١ــ قەڵخان: ڕەمزی هێزی چەکداری و بەرگریی نیشتمانی و هەروەها لووتکەی باوەڕ و ئیرادەی تاکی کوردستانی لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ بەرگری و پارێزگاری لە نیشتمان بەرانبەر داگیرکەران و دوژمنان و نەیارانی نەتەوەی کورد. بە واتایەکی تر پاراستنی سەروەری و سنوورەکانی کوردستان و ڕاماڵینی داگیرکەران و پاشان دابینکردنی سەقامگیری و پەنای هاونیشتمانییانە بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنەوەی بێگانە. یان زۆر سادەتر دەکرێت بێژین: بە قەڵخانبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە نیشتمان و هاونیشتمانییان.

٢ــ باڵی کراوەی هەڵۆ: هێمای هێزی پێشمەرگەیە بۆ ئازایەتی، کارامەیی، بەهێزی، چاوتیژی و چاوەدێریی نیشتمان، ئامادەگی و تێکۆشانی بەردەوامی بێ ماندووبوون، لەخۆبردوویی، شەڕکەر و فیداکاری لەپێناو ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان و هەروەها ئاستبەرزی و ژیانی سەربەرزانەی پێشمەرگە و هەوڵدانی بێبڕانەوە و بەربەستشکێنییە بۆ گەیشتن بە هیوا و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان.

٣ــ ئارمی کۆماری کوردستان: ئەم ئارمە لەنێو لۆگۆکە، ئاماژەیە بە مێژووی پێشمەرگە و بە واتای دروستبوونی هێزی پێشمەرگەیە وەک میراتگری کۆماری کوردستان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کۆمار و بۆ ئەم ڕەوایەتە مێژوویییەیە کە لەپێناو ڕزگاریی کوردستان، سەروەریی نیشتمانی و سەربەستیی نەتەوەیی تێ دەکۆشێت. بە واتایەکی تر، هێزە پێشمەرگەی کوردستان درێژەدەری ڕێبازی کۆماری کوردستانە و ئەو تاکە کوردستانییانەی پەیوەست دەبن بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، خۆیان لەو ڕێبازەدا دەبیننەوە.

لێرەدا تەنیا باس لە ئارمی کۆمار لەنێو لۆگۆی هێزی پێشمەرگە کراوە، پێویستە خودی ئارمەکەی کۆماری کوردستانیس وەک بەشێکی گرنگ و سەرەکیی لۆگۆکە، بە کورتی شی بکرێتەوە.

ئارمی کۆماری کوردستان

ئارمی نیشتمانیی کۆماری کوردستان کە لە لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێمایەکی سەرەکی و دیرۆکی نەخشێنراوە، واتایەکی تایبەتی بە لۆگۆکەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەخشیوە و ئەم ئارمەش کۆمەڵێک هێمای تێدا کە هەر کامەیان دەربڕی مانایەکی دیاریکراوە و بریتین لە:

١ــ خۆرێکی زێڕینی ٢١ تیشکی لە کاتی وەرخێزی کە دەکرێت بە چەند واتایەک پێناسە بکرێت، وەک:

١-١- نەخشێنراویی ئەم خۆرە لە کاتی هەڵاتن ئاماژەیە بە ڕزگاریی کوردستان، سپێدەی هیوای نەتەوەی کوردە بۆ گەیشتن بە ئامانج و هەڵاتنی خۆری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.

١-٢- ئاماژەیە بە هەڵکەوتەی جوگرافیاییی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان وەک بەشێک لە کوردستانی گەورە.

١-٣ خۆر بە واتای ڕووناکیدەری و ڕووناکیی کۆماری کوردستان بەسەر کوردستانی مەزن و هەروەها بە واتای خۆشەویستیی وڵات، هیوای داهاتوو و ئاسۆی ڕوونی نیشتمانە.

١-٤- هێمای میترایزم کە ئایینی کۆن و دێرینی کوردستانە و … هەورەها نیشانەی مێژووی زێڕینی کورد و نیشتمانەمانە.

١-۵- بیست تیشکی خۆرەکە لەگەڵ پێنووس و تێنووسێک کە لەسەر یەکتر و لە ناوەڕاستی تیشکەکان دانراون، دە تیشک لە لای ڕاست و دە تیشکیش لە لای چەپیانە؛ دەکرێت بە تیشکی بیست و یەک لەقەڵەم بدرێن، بە واتای ڕۆژی ٢١ی مارس بەرانبەر بە ڕۆژی نەورۆزی کوردستانە وەک جەژنێکی نەتەوەیی و کۆن و دێرین لە کوردستاندا.

٢ــ پێنووس  و تێنووس: پێنووسەکە بە واتای گرنگیدان بە ڕووناکبیری، بلیمەتبوون، پێگەیاندنی خەڵکی کوردستان، پێگەیشتوویی و تێگەیشتووییی تاکی کوردستانی و هەروەها تێنووسەکەش بە واتای گرنگیدان بە زانست و زانستخوازی و پەروەردەی نەتەوەیی و نیشتمانییە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا. لە واتای هەردووکیان پێکەوە دەکرێت بە پەروەردەی نیشتمانی، گەشەپێدانی خوێندن، نووسین، خوێندنەوە، فەرهەنگ و کولتووری خەڵکی کوردستان ڕاڤە بکرێت.

٣- دوو گوڵەگەنم لە لای چەپ و ڕاستی خۆرەکە کە بە ڕووبان پێچراوە، دوو پێناسەی جیای هەیە کە بریتین لە:

٣-١- گوڵەگەنم: نیشانەی بەپیتوبەرەکتبوونی خاکی کوردستان بۆ کشتوکاڵ و دەوڵەمەندیی جوگرافیای کوردستانە لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان و هەروەها پشتبەستنی کۆماری کوردستان بە سەرچاوە خۆماڵییەکان بۆ سەربەخۆییی ئابووری و ماڵی و دابینکردنی بژێویی ژیان و دابیبنوونی ئاسایشی خۆراکی هاونیشتمانییانی کوردستانە.

٣-٢- گوڵەگەنمی ڕووبانپێچ: نیشانەی خاوەندرایەتیی خاکی کوردستان لەلایەن نەتەوەی کورد و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کوردستانی بۆ پاراستنی کۆماری کوردستان، هێمای جووتیاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و کاریگەرییان لەسەر کۆمارە کە لەو سەردەمەدا زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردستان جووتیار و زەحمەتکێش بوون و هەروەها دەستەبەربوون و پارێزراوبوونی مافەکانیان، بەتایبەت بوون بە خاوەن زەوین و دەربازبوونیان لە وەرزێڕیی ئاغاواتە.

دەرەنجام

بەکورتی: لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لۆگۆیەکی بەناوەڕۆک و سەردەمیانەی سەربازیی نیشتمانییە کە لە کۆمەڵێک ڕەنگ و هێمای ئامانجدار و پڕواتا پێک هاتووە و سەرەڕای ڕاڤەکردنی ڕەنگ و هێماکانی، کۆی گشتیی لۆگۆکە پێناسەیەکی پڕبەباڵای پێشمەرگە لە مێژوو، فەلسەفە، ئامانج و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.

پەراوێز: بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە، یارمەتی لە ئاییننامەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەرگیراوە.

 

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە