بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی

سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥): دەمجی ‘نادیموکراتیک’ی هێزی هەسەدە لە سوریای ‘دەوڵەتی قانوون و هاووڵاتیبوون’دا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەگەر هەسەدە و پەیەدە نوێنەرایەتیی پێکهاتەیەکی دیاریکراو (نەتەوەی کورد)ناکەن، کەواتە دەبێت بەرنامەیەکی تۆکمەی سیاسی، ئابووری، و ئاسایشیی بەهێزیان هەبێت، تا سەرنجی کۆمەڵگەی نەتەوەی زاڵ و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانی دیکە، ڕای گشتی و دنیا ڕابکێشن کە ئەمان کارایەکی تایبەتین؛ دەتوانن بەرژەوەندیی و ئاسایشی ئەو کۆمەڵگایانە، دەوڵەتە هەرێمییەکان، وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکانیش دابین بکەن و سەرنجیان ڕابکێشن کە مایەی سەقامگیری، ئاشتی، ئاوەدانی، پەرەپێدانی ئابووری و نەزمی جیهانین تا زۆرترین دەنگ و لایەنگر بۆخۆیان پەیدا بکەن. چونکە ئیتر ئەو تاقم و پۆلە سیاسییانەی دیکە ڕکابەری سیاسیی ئەمانن، نەک دوژمنیان. ئەگەر ئاوا لە پرسی دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕوانین، دابینکردنی دیموکراسی پرۆسەیەکی سیاسییە، هێزی چەکداری ناوێت و بەشەڕ بەدەست نایەت. دەبێت بزانن بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکەیاندا گوتارەکەیان لەسەر کامانە چەمکی سەرەکی دابمەزرێنین کە زۆرترین لایەنگری بۆ پەیدا بکەن.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: ڕەحیم سورخی

  • ڕێکەوت: ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

دەمجی ‘نادیموکراتیک’ی هێزی هەسەدە لە سوریای ‘دەوڵەتی قانوون و هاووڵاتیبوون’دا

بە پێی قسەکانی بەڕێز سیپان حەمۆ، یەک لە فەرماندەکانی هەسەدە، کێشەیان لەسەر زاراوەی سیاسیی (دەمج)ە. زاراوەی دەمج لە عەرەبیدا هاوتا ئینگلیزییەکەی (merge)ە، و ”تێکەڵکردنی دوو یان زیاتری شتەکان بۆ پێکهێنانی دانەیەکی گەورەتر” دەگەیەنێت.  بەر لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دەوڵەتی نوێی سوریا لە ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ دا، هاوواتای ئەم  وشەیە، وەک زاراوەیەکی سیاسی بە ناوی ئەنتیگراسیۆن (integration) لە لایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بۆ دەمجی کۆمەڵگای کوردی لە کۆمەڵگای بەناو ئاشتی و دیموکراسیی تورکیادا هاتە ئاراوە، پەیەدەش پێشوازیی لەو پەیامە کرد . بە پێی ڕەچاوکردنی تیۆرەکانی ڕێبەری ئیدئۆلۆگی پەیەدە و هەسەدە، ئاساییە بە پێشوازی زاراوەکانییەوە بچن. هەربۆیە، لە ڕێککەوتنەکەی نێوان فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و  سەرۆکی دەوڵەتی کاتیی سوریادا لە بڕگەیەکدا بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە سوپای گشتی ‘دەوڵەتی سوریای عەرەبی’دا بە بێ پاشگری ‘دیموکراتیک’گونجێندرا.

هەر ئەو دەم، ئەمریکا، تورکیا و لایەنە کوردییەکانیش ڕێککەوتنەکەیان پەسند کرد. ئەمەش وا دەگەیەنێت هاوڕای ئەحمەد شەرعن کە لە تازەترین وتوێژی لەگەڵ (CBS NEWS )دا دەڵێت: “هێزی هەسەدە له کاتی شەڕی داعشدا به پاڵپشتی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژاوا دامەزراوه ، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو جۆره ڕێکخراوانه دوای ئه وەی دەوڵەتی سوریا کۆنتڕۆڵی گرتەوە دەست، پێویست ناکات. ڕوونیشی کردەوە، ئەم دابەشبوونە سەربازی و ئەمنییانە، یەکڕیزیی وڵاتەکە لاواز دەکەن و سەقامگیریی وڵاتەکەش دەخەنە مەترسییەوە”. بەڵام وادیارە، سەرەڕای چەندین دانیشتن، لەبەر لێڵی لە وردەکاریدا وچۆنێتی دەمجەکە، نەگەیشتبوونە ئەنجام کە بە پێی قسەکانی بەڕێز سیپان حەمۆ، دەکرێت  لەم زاراوە سیاسییەوە سەری هەڵدابێت کە بە وتەی ناوبراو، سورییەکان ئەوە وەک ‘تووناکردن’ لێکیدەدەنەوە،  بەڵام ئەمان مەبستیان ‘دەمجی دیموکراتیک’ە! ئەوە لە حاڵێکدایە کە سیپان حەمۆ دەڵێت: “ئێمە ئەم ڕەوشەی(باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا)مان تەنیا بۆ کورد ناوێت، بەڵکو کوردیشی پێوە ئازاد دەبێت، بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریامان دەوێت، دەمانەوێت لە شامێش جێبەجێ ببێت، ئێمە خیانەت لە دیموکراسی ناکەین”. هاوشێوەی دەقی ئەم وتەیە زۆر جاران لەلایەن سەرکردەکانی پەیەدە، و بە گشتی تەڤگەری ئاپۆییەوە دەگوترێنەوە.

ئەگەر هەسەدە و پەیەدە نوێنەرایەتیی پێکهاتەیەکی دیاریکراو (نەتەوەی کورد)ناکەن، کەواتە دەبێت بەرنامەیەکی تۆکمەی سیاسی، ئابووری، و ئاسایشیی بەهێزیان هەبێت، تا سەرنجی کۆمەڵگەی نەتەوەی زاڵ و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانی دیکە، ڕای گشتی و دنیا ڕابکێشن کە ئەمان کارایەکی تایبەتین؛ دەتوانن بەرژەوەندیی و ئاسایشی ئەو کۆمەڵگایانە، دەوڵەتە هەرێمییەکان، وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکانیش دابین بکەن و سەرنجیان ڕابکێشن کە مایەی سەقامگیری، ئاشتی، ئاوەدانی، پەرەپێدانی ئابووری و نەزمی جیهانین تا زۆرترین دەنگ و لایەنگر بۆخۆیان پەیدا بکەن. چونکە ئیتر ئەو تاقم و پۆلە سیاسییانەی دیکە ڕکابەری سیاسیی ئەمانن، نەک دوژمنیان. ئەگەر ئاوا لە پرسی دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕوانین، دابینکردنی دیموکراسی پرۆسەیەکی سیاسییە، هێزی چەکداری ناوێت و بەشەڕ بەدەست نایەت. دەبێت بزانن بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکەیاندا گوتارەکەیان لەسەر کامانە چەمکی سەرەکی دابمەزرێنین کە زۆرترین لایەنگری بۆ پەیدا بکەن.

 بە پێی بارودۆخی ئێستای سوریا، وا دیارە بە هۆی ئەو کارایانە(وڵاتانی عەرەبی، ئەمریکا و تورکیا)ی لە دۆخی سوریاوە تێوە گلاون، بە تایبەتی، وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی کە سیستەمێکی بنەماڵەیی فەرمانڕەواییان دەکات، “دیموکراسی” لە بەراییەکانی سوریادا نییە، وڵاتانی ڕۆژاواییش تەناهیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبییان بۆ گرنگە، بەهاری عەرەبی بۆ دابین بوونی دیموکراسی، بەشێکی لەبەر بەرژەوەندیی وڵاتانی عەرەبی بە ناکامی کۆتایی هات.  سەرەڕای ئەوەش، وڵاتی سوریا وێران کراوە، ١٤ ملیۆن کەس هەڵوەدای هەندەرانی هەیە، بەڵای شەڕ لێی داوە و ئاسایش، کار و ئاوەدانی دەوێت هەموو ئەوانەش یەکەم بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەکرێت. دووەم ،بەرژەوەندیی ئەوانیشی بۆ سەرمایەدانان (استثمار) تێدایە.  هەموو ئەوانەش ئێستا ئەحمەد شەرع دەڵێت کە پێی جێبەجێ دەبێت(وڵاتانی بنەماڵەیی عەرەب وەڕێان خستووە). کاریگەریی تورکیاشی لەسەرە و سنووری ئاسایشی دەوڵەتی تورکیش دەپارێزێت. بە پێشنیاری ئەردۆغان لە کۆبوونەی ‘قیبلە’ی وڵاتی ئازەربایجان بۆ پێکهێنانی ‘بلۆکی چەکداریی وڵاتانی تورک’دا، داوا کراوە سوریاشی تێدا بێت.

ئەحمەد شەرع لە لێدوانەکانی بۆ میدیاکان یان ڕاگەیەنراوە تایبەتەکانیدا، لە هیچ کوێ بە یەک وشەش ئاماژە بە دیموکراسی ناکات. وشەکانی سوریا، ‘شەعب’، ‘نیزام’، ‘قانوون’، و ‘هاووڵاتی’ هەن. کاتێ کە پەیامنێری (CBS) لێی دەپرسێت، “هێشتا دەستوور نەنووسراوەتەوە، پارلەمان پێک نەهاتووە و تۆ یەک لەسێی ئەندامەکانی دیاری دەکەی، ئایا ئەمە دیموکراسییە؟”  ئەحمەد شەرع دەڵێت: “سوریا دەوڵەتی قانوون و هاووڵاتی بوونە”. لەو وتوێژەدا، ئەحمەد شەرع دەڵێت: “باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئێستا بەشێکی ‘ڕەسەن'(اصیل) لە سوریایە. خەڵکێکی زۆری سوریا و کورد داکۆکی لە ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ‘هسەدە’ دەکەن، و ئەمریکا و تورکیاش پەسندیان کردووە. ئەو ڕێککەوتنە وەک خۆی ماوە و زەمانەتی مافەکانی کوردەکان دەکات…بە پێی ئەوەش لە دەستووری سوریادا دا بە قانوون، بە تایبەتی لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی(ما شعب ذالک) دەپارێزرێت”.  لە درێژەی قسەکانیدا سەرەڕای ئەوەی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زۆربەی دانیشتوانەکە عەرەبن و، تەنانەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیشدا ڕێککەوتنی تەواو لەسەر ‘هسد’ە نییە(..حتى داخل المجتمع الكردي لا يوجد توافق كامل على “قسد”).

بە قسەکانی بەڕێز سیپان حەمۆ، لە دانیشتنەکانی نێوانیان لەگەڵ شامدا، “هەموو شتەکان زارەکین؛ هیچ بەڵگەیەکی نووسراو، قەرار و قانوونێک  لە نێوانیاندا نییە”. بەڕێزیان لە فکر و ڕامانی ڕێکخستنەکەیەوە، دەڵێت: ” ڕەوشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لە باکووری سوریا بۆ  بۆ گشت دەوڵەتی سوریا دەوێت”. ئەوەش لەگەڵ ئەوەی شەرع، تورکیا، وڵاتانی عەربی، و سوریا دەیڵێن نایەتەوە. شتێکی زۆر تایبەتی، کە ئەم ڕامانەی بەڕێزیان تووشی ناکامی دەکات، ئەوەیە کە ئەمان کێشەکەیان ئەگەر لە هەسەدەش بترازێنن، لەباری شێوەی حکوومەتەوە بۆ سوریا دیموکراسییان دەوێت، بەڵام دیموکراسیی بێ پاڵپشتی ئابووری  و نەبوونی پلانێکی ئابووری بۆ وڵاتێکی وێران کراوی وەک سوریا هەر لە ئەولەویەتی نەتەوەی زاڵدا نییە، کە پشتگیریی واڵاتانی عەرەبی هەیە، و تەنانەت هەسەدە و پەیەدە بە جیاوازی خواز و دابەشکەری سوریا تۆمەتبار دەکەن.

بە کورتی، مەنتقی سیاسیی گوتاری هێزی هەسەدە  وەک هێزێک بۆ سەرانسەری سوریا لاوازە، چونکە ئەوان هێزێکی چەکدارین، ئەو کۆمەڵگەیەی کە هێزەکەیان لەسەر پێکهێناوە، کوردن (بەڵام نوێنەرایەتیی هەموو سووریا ناکەن، خۆشیان نایانهەوێت بە تەنیا نوێنەرایەتیی تەنیا کورد بکەن)، شێوەی دیاریکردنی حکومەت بە هەڵبژاردن دەکرێت، هەڵبژاردنیش پێشوەخت یەک لە سێی پەرلەمانتارەکانی ئەحمەد شەرع دیارییان دەکات، دەوڵەتی سوریاش پێشوەخت سەرۆکی بۆ دیاری کراوە، هەسەدە بە فشاری ئەمریکا و تورکیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ شەرع ئیمزا کردووە. شەرع خەریکە نەک هەر وەک سەرۆکی سوریا، بەڵکوو لە نیۆرک بە لایەنگری تیۆریی ‘میلتۆن بریدمەن’ی ئابووریناس دەناسێندرێت کە ‘لایەنگری بازاڕی ئازاد’ە. باوەڕی بەو دیموکراسییەش نییە کە ‘هەسەدە’ مەبەستێتی. کەواتە، لە دۆخی ئێستای باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا، وادیارە چارەنووسی هەموو کورد بە پارت و ڕێکخراوە جیاوازەکانیشییەوە، بە هێزی هەسەدەوە بەستراوە. ئەم هێزەش لە هێزی سەربازیی و وەزارەتی بەرگریی سوریادا خەریکە تێکەڵ دەکرێت. بەر لە تێکەڵکردنەکە، پێویستە ڕێکخراو و پارتە سیاسییە کوردییەکان مافی ئازادیی ڕێکخستنی کوردی لە ناوچەی خۆیان و پەیەدەش مافی پاراستنی چالاکیی سیاسیی خۆی وەک پارتێکی دیموکراتیکی سوریا لە دەستووری نوێی سوریادا بە پێی یاسا (وەک ئەحمەد شەرع ئاماژە بە هێندێک لایەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەکات) بپارێزێن تا لە دواڕۆژدا ئەو کاتانەی خەڵک لە ژیانی نەمر نەژییەوە پێویستییان بە دیموکراسیش دەبێت، بکرێت لە ڕێی کۆمەڵگەی دیموکراسییەوە بەختەوەریی زیاتر بۆ کۆمەڵگای سوریا مسۆگەر بکرێت وئەو پارەتە کوردییانەی داکۆکی لە مافی نەتەوەیی کورد وەک پێکهاتەیەک دەکەن بتوانن بزوتنەوەی كورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی زیندوو ڕابگرن.

https://www.cbsnews.com/video/syrian-president-ahmed-al-sharaas-full-60-minutes-interview-in-arabic/

https://www.youtube.com/watch?v=pJNdzYkp4AI

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

04/09/2025|لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]