بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی کوردی
سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥): زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا
بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
پاش ئەوەی هەردوو ڤیدۆی تایبەت بە ئەو ڕاپۆرتەهەواڵەم بینی توانیم ئەم پوختەیە دەربهێنم بۆ ئەوەی بزانین کێشەکە چییە:
لە بەرنامەی “بە ڕزگار بڵێ” ی تەلەڤزیۆنی ئاڤا میدا، دوو ڕاپۆرتە هەواڵی بەدواداچوون لەسەر بنەماڵەیەک لە کۆمەڵگەی تۆپزاوەی ناحیەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بڵاو کراوەتەوە کە دوو منداڵی کوڕی تەمەن ١٠ و ١٣ ساڵان ڕۆژانە بتڵێک گازی سرووشتی بۆن دەکەن و هەڵدەمژن. لە خانوویەکی کەمتر لە ١٠٠ مەتردا دەژین، لە ڤیدۆیەکدا یەک لە منداڵەکان هێندێک جار گازەکە دەکاتە بتڵی پەلاستیکەوە، ئاگری دەدات و بۆنی دەکات وهەڵی دەمژێت. پاکوخاوێنیی خۆیان پێ ناکرێت و هیچ شوێنێکی ماڵەکە نابینرێت پاکوخاوێنیی پێوە دیار بێت. شێوازی پێوەندیی ئەم منداڵانە هێماییە و لە هێمای کۆتر، کەروێشک و کەڵەشێر بەسەر دیوارەکانەوە بیرۆکەکانیان دەنوێنن. دایکوباوکی ئەم منداڵانە خۆشیان لە باری جەستەیی و و دەروونییش (بە وتەی شایەتحاڵەکان)کێشەیان هەیە و پێویستییان بە چارەیە. دایکوباوکیان زۆر وردەکاری لەبارەی منداڵەکانیانەوە نازانن یان باس ناکەن و زانیارییەکانیان لەسەر ئەوەی لە کەیەوە منداڵەکانیان نەخۆش کەوتوون، لەگەڵ دەروجیرانەکانیان ناکۆکن. منداڵەکان بە وتەی باوکیان(تەمەن ٤٥ ساڵ) تا پۆلی ١ و ٢ی سەرەتاییان خوێندووە و لە قوتابخانە وازیان هێناوە. لە ڤیدۆکەدا نابینرێت کە منداڵەکان دەست بوەشێنن و ڕەفتاری توندوتیژ بنوێنن (ئەم پوختەیەم لە پاش بینینی هەردوو ڕاپۆرتی پەیامنێرەکەوە دەست کەوتووە).
زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا
- سەرەتا
هەرچەند هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە لە دڵان خۆش نییە و لە کوردستان زۆرجار دەبێتە هۆی ناشیرین بوون و خوێنتاڵ بوونی ڕەخنەگرەکە، بە بینینی دوو ڕاپۆرتی ئاڤا میدیا کە تایبەت بە ئەو دوو منداڵەی لە کۆمەڵگەی تۆپزاوەی ناحیەی خەبات سەر بە پارێزگای هەولێر گیرۆدەی گاز هەڵمژین بوون، بە پێویستم زانی چەند تێبینییەکی لەسەر بنووسم، چونکە کێشە ڕاستەقینەکەی منداڵەکان و بنەماڵەکە، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی پێوەندییەکانی دەسەڵات، میدیا و زێهنییەتە کۆنەپارێزە نەریتییەکان و بینەریش لە پێوەندی لەگەڵ چارەسەری کێشە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکاندا تووشی سەرگەردانی دەکات.
پێشەکی دەرکی ئەوە دەکەم کە ئێمە لە زۆر بواراندا کەموکورتیمان هەیە؛ ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکانمان کەمە، سەلیقە، کڵیشە باوە نەریتییەکان و پێوەندییەکانی هێز بەسەرماندا زاڵە. بەرهەمەکانیشمان هەر لە خزمەت بەرهەمهێنانەوەی ئەو هێز، سەلیقە و کڵیشە باوانەدایە. دامەزراوەکانمان وەک پێویست دەروەستی کێشە پێوەندیدارەکان بەخۆیانەوە نایەن یان هێندێک لە بەرپرسانی دەزگاکان بە خراپ هێزەکەیان بەکار دەهێنن. زنیارییە تەندروستییەکان بە زمانی کوردی کەمن. خەڵکەکەمان کەوتوونەتە بەر شەپۆلێکی بەردەوامی هەواڵی پێکدادانە کۆمەڵایەتی، سیاسییەکان و بەرهەمهێنانی زانستییانەمان بە کوردی خراوەتە پەڕاوێزەوە.
- خستنەڕووی بابەتەکە
پاش ئەوەی هەردوو ڤیدۆی تایبەت بە ئەو ڕاپۆرتەهەواڵەم بینی توانیم ئەم پوختەیە دەربهێنم بۆ ئەوەی بزانین کێشەکە چییە:
لە بەرنامەی “بە ڕزگار بڵێ” ی تەلەڤزیۆنی ئاڤا میدا، دوو ڕاپۆرتە هەواڵی بەدواداچوون لەسەر بنەماڵەیەک لە کۆمەڵگەی تۆپزاوەی ناحیەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بڵاو کراوەتەوە کە دوو منداڵی کوڕی تەمەن ١٠ و ١٣ ساڵان ڕۆژانە بتڵێک گازی سرووشتی بۆن دەکەن و هەڵدەمژن. لە خانوویەکی کەمتر لە ١٠٠ مەتردا دەژین، لە ڤیدۆیەکدا یەک لە منداڵەکان هێندێک جار گازەکە دەکاتە بتڵی پەلاستیکەوە، ئاگری دەدات و بۆنی دەکات وهەڵی دەمژێت. پاکوخاوێنیی خۆیان پێ ناکرێت و هیچ شوێنێکی ماڵەکە نابینرێت پاکوخاوێنیی پێوە دیار بێت. شێوازی پێوەندیی ئەم منداڵانە هێماییە و لە هێمای کۆتر، کەروێشک و کەڵەشێر بەسەر دیوارەکانەوە بیرۆکەکانیان دەنوێنن. دایکوباوکی ئەم منداڵانە خۆشیان لە باری جەستەیی و و دەروونییش (بە وتەی شایەتحاڵەکان)کێشەیان هەیە و پێویستییان بە چارەیە. دایکوباوکیان زۆر وردەکاری لەبارەی منداڵەکانیانەوە نازانن یان باس ناکەن و زانیارییەکانیان لەسەر ئەوەی لە کەیەوە منداڵەکانیان نەخۆش کەوتوون، لەگەڵ دەروجیرانەکانیان ناکۆکن. منداڵەکان بە وتەی باوکیان(تەمەن ٤٥ ساڵ) تا پۆلی ١ و ٢ی سەرەتاییان خوێندووە و لە قوتابخانە وازیان هێناوە. لە ڤیدۆکەدا نابینرێت کە منداڵەکان دەست بوەشێنن و ڕەفتاری توندوتیژ بنوێنن (ئەم پوختەیەم لە پاش بینینی هەردوو ڕاپۆرتی پەیامنێرەکەوە دەست کەوتووە).
- تەکنیکی ڕووماڵکردنی بابەتەکە
ڕاپۆرتەهەواڵە تەلەڤزیۆنییەکان ئەم تایبەتمەندییانەیان هەیە: لە سەر یەکێتیی بابەتێکی واقعی دامەزراوە، پێکهاتەیەکی (سەرەتا، ناوەند و کۆتایی) هەیە کە هەڵگری ئاخاوتنی دەقی ئەو ڕاپۆرەتەیە کە پەیامنێرەکە بۆ تێگەیاندنی بینەردەیڵێت تا بزانێت چی ڕوودەدات، چاوپێکەوتن/وتووێژ(پسپۆڕان، بەرپرسان، شایەتەکان و خەڵکی پێوەندیدار)، دەنگ (دەنگی بەستێنی هەواڵەکە، ئەفێکت و زیادکردنی مۆسیقا و دەنگی تایبەت)، دەرکەوتە وێنەییەکان (گرافیک و …) و یەکێتیی دەنگ و وێنە، داڕشتن و مونتاژی هەواڵەکە و کاتەکەین. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەواڵ دەبێت سیناریۆیەکی هەبێت، بەڵام سیناریۆکە بابەتی(عینی) و بەرچاوە نەک شتێکی دروستکراو. ڕاپۆرتەهەواڵێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی بابەتەکەی لە شێوەیەکی سنووردارکراو و ورددا دەپارێزێت، لەسەر واقعیەتی بابەتەکە زانیاریی گونجاو و پێویست کۆدەکاتەوە و لایەنە گرنگ و پێوەندیدارەکان بە واقعیەتی بابەتەکەوە دەگەیەنێت تا بتوانێت تێگەیشتنێکی ڕووڕاست و شەفاف بۆ وەرگرەکانی بەدی بهێنێت.
لەم ڕاپۆرتە هەواڵەدا، یەکێتیی بابەتەکە، “ئەو دوو منداڵە و دایک و باوکیان”، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دوو لایەنی بەرپرسانی دەزگا حکومییەکان و کاناڵە میدیاییەکە. دیاردەکە بەکار دەهێنرێت تا دەسەڵاتەکە بە میدیاکەشەوە بنرخێنرێت و بەردەوام لە ڤیدۆکەدا ئاماژەی پێ دەکرێت تا سپاس و ستایش وەربگرێت. لە شوێنێکدا پەیامنێرەکە بە قوربانییەکە، دایکی منداڵەکان دەڵێت: “تۆ چ شتێکت هەیە بیڵێیت بۆ ئەو هەموو بەڕێزانە لە هەولێرەوە هاتینە”؟ لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافدا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەبات، نوێنەری پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەری تەندروستیی خەبات، بەڕێوەبەری شارەوانیی و موختاری گەڕەکیش ئامادەن.
پەیامنێرەکە پێناچێت سیناریۆیەکی هەبێت کە بتوانێت ڕاپۆرتێکی پوخت، پڕ زانیاری و تۆکمەکراو بە بینەر بگەیەنێت و بینەر لەگەڵ بینینی ڤیدۆکە و بەشداربووەکانیدا، دەرهاویشتنی دیاردەکە لە واقعەوە بۆ بیر و بۆچوونە نەریتییە بانسروشتی و فەرهەنگییەکان؛ منداڵەکان دەکرێنە تاوانبارانێکی لە مرۆڤ دەرچوو. لەسەرەتای ڕاپۆرتەکەدا زانیارییەکان لەسەر بابەتەکە، شوێنەکەی، کۆمەڵگەی تۆپزاوا، بنەماڵەکەی، پاشخانی نەخۆشیی دایکوباوکی منداڵەکان، قوتابخانە و مامۆستاکانی ئەو قوتابییانە (بۆ ڕەفتارناسیی منداڵەکان، هۆکاری گەڕانەوەیان لە قوتابخانە)، پێوەندییەکانیان بە هاوپۆلەکانیانەوە و شێوازی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی دەوروبەریان هیچ زانیارییەک نادات. باوکیان دەڵێت: “کە لە مەکتەب گەڕانەوە، فێری ئەوە بوون” (مەبەستی گاز هەڵمژینەکەیە). بە گشتی لە ئاخاوتنی پەیامنێرەکەدا هیچ لەم زانیارییانە نازانین. هەواڵەکە بە وردی ئیدیت نەکراوە و دانەڕێژراوەتەوە؛ پرسیاری دووبارە لەچەندین کەس دەکرێت کە یەک شت وڵام دەدەنەوە. بینەر دەباتە سەرگەردانییەکەوە کە ڕاست دایک و باوکەکە تێیدان، کە سەرنجی تێچن(کۆمێنت)ی بینەرانی ڤیدیۆکە بدەین ئەم سەرگەردانییە لە فیدباک و کاردانەوەی بینەرداندا و لە پێشنیارەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکە بە زەقی دەردەکەوێت.
- زاڵکردنی ڕوونکردنەوە بانسروشتییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکاندا
لە ڕاپۆرتەهەواڵەی دووەمدا، ئەو کەسانەی دەتوانن خاوەن ڕاو و بۆچوون بن، وەک پزیشکی پسپۆڕ لەباری بایۆلۆژی و دەرروونناسی لەوێ نین و لەبەرانبەردا نوێنەرانی دەزگا حکومییەکان بەرجەستە دەکرێن کە خەریکی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانیانن، بەڵام لە وتەکانیاندا دەردەکەوێت کە دابینکردنی پێویستییەکان دەخەنەوە ئەستۆی خەڵکی خێرخواز و ئەوان تەنیا ڕایدەگەیەنن. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەوڵێر، مامۆستایەکی ئاینی، دەڵێت: “دوو منداڵەکەی غاز هەڵدەمژن، جنیان هەیە. منداڵەکە دەڵێت: “درۆ”. مەلا دەڵێت: “خەلەلی ئەو منداڵانە دایکیانە. دایکیان کە زەواجی کردییە، پاش زەواجەکەی یان نەفس لێیدایە یان سێحری لێ کرایە؛ تووشی حاڵەتێکی نەفسی بووە. ئەو حاڵەتە نەفسییە کە ئەو منداڵانە لە زگی ئەو دایکە بوونە، ئەو حاڵەتەیان تووش بووە”. پەیامنێرەکە لە مەلا دەپرسێت: دڵنیای؟ مەڵا دەڵێت: سەتلەسەت(٪١٠٠).. مەلاکە دەڵێت: “جنەکە لەلایەن کەسێکی دیکەوە نێردراوە. ئەو جنە خزمەتکار (خادیم)ە، ئەو جنە دەزانێ کێ ناردیتی و ئەوەی ئەوی ناردییە کێیە. لە بارەی هێما وێناکراوەکانی منداڵەکان لەسەر دیوارەکانەوە دەڵێت: “هێماکان هەموو تەلاسوم(تەلەسم)ن”. مەلا بەتەنێ ڕۆڵی هەردوو پزیشکی تەندروستیی بایۆلۆژی و دەروونی دەگێڕێت و پێشوەختە حوکمی داوە کێشەی منداڵەکان چییە و باوەڕی گشتیی خەڵکی بۆ چارەسەرە عەقڵانی و زانستییەکان بەلاڕێدا بردووە. بە کورتی، میدیاکە و کاربەدەستەکان دەبنە هۆی ئەوەی شێوەی ڕوونکردنەوەی نەخۆشییەکە بریتی بێت لەو بیرۆکە تاکەکەسییانە لەسەر چییەتیی کێشەکە، هۆیەکانی، جیدی بوونەکەی، ڕەوتی نەخۆشییەکە و چارەسەرە بەراییەکانی.
- بە شەڕ پیشاندان/شەیتانکردنی منداڵەکان
شایەتێک : “ئەوانە لە مرۆڤ بوون یاغی ببوون. دایک و باوکیان لەڕووی عەقڵی و جەستەییەوە تەواو نەبوون”. مۆسیقایەکی تایبەت “هوو هوو….ئااااا، هووو…..” مۆسیقاکە هاوڕێیەتی ئەو بیرۆکانە دەکات کە منداڵەکان بە جنلێدراو، شەڕ و لەمرۆڤ دەرچوو دەنوێننن. لە ڤیدۆکەدا تیمێکی پزیشکی کە ڕاستەوخۆ لەوێ بە یارمەتییە پزیشکییەکانەوە ئامادەبێت نابینرێت. کۆمەڵێک بەرپرسی قات و ڕیبات لەبەری بۆشناغ و مەلایەک و خەڵکێکی زۆر لە ژوورێ، لەو فەزا تەسکەدا کۆبوونەوەتە کە منداڵەکانیشی لێیەوە و هەمووکەس بۆی هەیە چی بیهەوێت لەبارەی منداڵەکان و بنەماڵەکەوە بیڵێت. زوومی کامێرکە لەسەر منداڵەکانە تا مەلا هەبوونی جن لە جەستەیاندا بسەلمێنێت. لەم دۆخەدا ئەوەی جەختی لەسەر دەکرێت، بەرهۆ(مەعلوول)ەکانە نەک هۆ(علت)ەکان. لە لێدوانی خزم و کەسی بنەماڵەکەدا، خوشکی باوکیان، دەردەکەوێت کە منداڵەکان توندوتیژیشیان دەرهەق دەکرێت و باوکیان لە ڤیدۆی یەکەمدا لە بێزارییان دەڵێت: “مەگەر بیانکوژم”. لە ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە دایک و باوکیان لەبەر دۆخی خۆیان، پێوەندییان لەگەڵ منداڵەکان نەماوە و سەرنجیان نادەنێ. پێوەندییەکانییان لە ئاخاوتنەوە بۆ پێوەندییەکی هێمایی گۆڕاوە و شێوەی وێنەکێشەکانیان بە پێی تەمەنیان شپرزە و ترسناک نایەنە بەرچاو.
- ئەنجام
ئەم ڕاپۆرتە هەواڵە پێمان دەڵێت چاوەدێرییە تەندروستییەکان کە دەبێت لە ژێر کاریگەریی هێزی زانستدا بن، لە ژێر کاریگەریی هۆکارە دامەزراوەیی و هێزە نەریتخوازەکانی چارەسەریدان. پێکناکۆکیی مۆدێلی ڕوونکردنەوەی بانسروشتی و ناواقعی لەگەڵ چارەسەری زانستیدا، واقعی کێشە تەندروستییەکان دەگۆڕێت و کۆمەڵگە بەرەو بێدەسەڵاتی لە بەکارهێنانی عەقڵ و ڕێگا چارەکانی پێشگرتن لەو دیاردانە یان فریاکەوتنێکی خێرا و بەرپرسانەی دەزگاکان دەبات، چونکە بڕیاری چاوەدێرییە پزیشکییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بە هۆی ئەو پاڵنەر و شیمانانەوە کە لە پاشخانی کولتوور، و بەها نەریتخوازییەکاندا هەن، بیرۆکەی دژ و پێچەوانەی چارەسەرە دروستەکان پێکدەهێنن. لە گێڕانەوەکانی ناو ڤیدیۆکان و دایک و باوکەکەدا وا دەردەکەوێت بە هۆی دۆخێکی دەروونی و جەستەییی ناتەندروست کە خۆیان گیرۆدەین، تاقەتی پێوەندییەکی کۆمەڵایەتیی گونجاویان لەگەڵ منداڵەکانیان نەبووە، لەوانەیە هەر ئەوەش وای کردبێت منداڵەکان بەرەو شێوازێکی تری پێوەندیکردن لە ڕێگای هێماکانەوە بڕۆن (من لەمە دڵنیا نیم و پێویستە دەروونزانەکان ئەم لایەنە شرۆڤە بکەن)، یان شێوەی گونجاوی پێوەندیی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ دەوروبەر و هاوپۆلەکنیان دابمێنن و زیاتر دوورەپەرێزی هەڵبژێرن و بەگشتی ڕەوتێکی تەندروستی کۆمەڵایەتیبوونیان بۆ نەڕەخسێت(لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەک لە ڕاپۆرتە هەواڵەکەدا نییە و تەنانەت دایکوباوکیان نازانن منداڵەکانیان لە خوێندن چۆن بوون و بۆچی دەستیان هەڵگرتووە. لە زمان خەڵکەوە دەگێڕنەوە کە منداڵەکانیان زیرەک بوون).
ئەم ڕاپۆرتە هەواڵە بەشێک لە کەموکورتییەکانی هەڵسوکەوتی کۆمەڵی کوردەواریمان سەبارەت بە چارەویستەکان بۆ دەخەنەڕوو. شێوازی نواندنەوەی دەسەڵات و بەکارهێنانەکەشی دیوێکی تری ڕاپۆرتەکەن، کە ئەوان وەک پۆلیس دوای خوڵقانی کارەساتەکان ئامادە دەبن و کەمتەرخەمیی پێشوەختەی خۆیان لە نواندنێکی دەسەڵاتدارانەدا بە ئەستۆی بنەماڵەکەدا دەهێنن یان دابینکردنی پێویستییەکانی دایکوباوک و بنەماڵەکەش وەک سەرچاوەی کێشەکە دەخەنەوە ئەستۆی کۆمەڵگەکە. سپاس بۆ ئەو ڕۆژنامە نووسەی کارەساتەی لە قەدەرتوانا و ئەزموونی ڕۆژنامەنووسیی خۆی زەقکردەوە.
https://www.youtube.com/watch?v=4ChrjaUYP2Y&ab_channel=AVAMedia
https://www.youtube.com/watch?v=l_5bJDVV66w&ab_channel=AVAMedia
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
ایرانیت به مثابه پروژه هویتزدایی: نقدی بر سازوکارهای فرهنگی و سیاسی استیلاطلبی
نظرات به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - [...]
دەوڵەت بۆ ئەوان و ئاکار بۆ ئێوە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
كوردستان؛ گذر از تابعیت در آلترناتیوهای بادكنكی
نظرات به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - [...]
خوێندنەوەیەک بۆ لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
پێشکەش بە شەهیدانی ژینگەپارێزی کوردستان، ماسییەکانی ناو ئاگر
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]