بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی

فەیزی، هۆمەر (٢٠٢٥): زمان، ناسنامە و دەسەڵات. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

لەچوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەی مودێڕندا، زمان هەم ئامڕازێکە بۆ یەکخستنی کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و هەم ئامڕازێکیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بندیکت ئاندرسۆن لە تێگەی “کۆمەڵگەی خەیاڵی”دا باس لەوە دەکات کە زمانە سەپێنراوەکان ئامرازێکن بۆ دروستکردنی هەستێکی هاوبەش لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ناو دەوڵەتێکی تایبەتدا. بەڵام زۆرجار بەتێچووی یەکسانکردن و تواندنەوە، سەرکوت و سڕینەوەی ناسنامەی ئاخێوەرانی ئەو زمانانە کۆتایی دێت.ناسینی زمانی کوردی و دانپێدانان بە بوونی ئەو زمانە و پێشخستنی، تەنیا بابەتێکی کولتوری نییە، بەڵکو خاڵی ناوەندی ڕزگاریخوازیی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. ئەم زمانە کە بەردی بناغەی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کوردە دەتوانێ پێکهینەری ژیان-جیهانی کوردیی بێت چەمکێک کە یۆرگن هابرماس باسی کردووە و ئاماژەیەکی گرنگیشە بۆ پاشخانی کولتوریی هاوبەش کە تێگەیشتنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ بونیات دەنێت.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: د. هۆمەر فەیزی

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

لە نێوان زمان و ناسنامە و دەسەڵاتدا پەیوەندییەکی نئینترسێکشناڵ بوونی هەیە، زمان تەنیا ئامڕازی پەیوەندیگرتن نییە، بەڵکوو بەردی بناغەی بونیاتنانی مانایە، گێڕانەوەی کولتوری لە قاڵب دەدات و هۆی سەرەکی دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیشە. لە ڕوانینی کۆمەڵناسییەوە، زمان بەقووڵی تێکەڵ بە پێکهاتەی کۆمەڵگا و دابەشکردنی دەسەڵات دەبێت. پییر بۆردیۆ پێیوایە کە زمان وەک فورمێک لە سەرمایەی هێمایی کار دەکات کە ڕادەی شارەزایی لە زمانی نەتەوەی باڵادەست کاریگەری دەنێتە سەر جوولەی کۆمەڵایەتی و شێوازی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و هەروەها ڕادەی نفوز و بەرژەوەندی سیاسی کەسەکانیش بەقووڵی دیاری دەکات. بەڵام پەڕاوێزخستنی زمانی دایکیی تاکەکان، پاترنێکی بەرفراونی جیاکاری کۆمەڵایەتی و زاڵبوونی سیاسی و کولتوری نەتەوەی باڵادەست دەخاتە ڕوو.
لەچوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەی مودێڕندا، زمان هەم ئامڕازێکە بۆ یەکخستنی کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و هەم ئامڕازێکیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بندیکت ئاندرسۆن لە تێگەی “کۆمەڵگەی خەیاڵی”دا باس لەوە دەکات کە زمانە سەپێنراوەکان ئامرازێکن بۆ دروستکردنی هەستێکی هاوبەش لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ناو دەوڵەتێکی تایبەتدا. بەڵام زۆرجار بەتێچووی یەکسانکردن و تواندنەوە، سەرکوت و سڕینەوەی ناسنامەی ئاخێوەرانی ئەو زمانانە کۆتایی دێت
ناسینی زمانی کوردی و دانپێدانان بە بوونی ئەو زمانە و پێشخستنی، تەنیا بابەتێکی کولتوری نییە، بەڵکو خاڵی ناوەندی ڕزگاریخوازیی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. ئەم زمانە کە بەردی بناغەی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کوردە دەتوانێ پێکهینەری ژیان-جیهانی کوردیی بێت چەمکێک کە یۆرگن هابرماس باسی کردووە و ئاماژەیەکی گرنگیشە بۆ پاشخانی کولتوریی هاوبەش کە تێگەیشتنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ بونیات دەنێت، کەوابوو دانانی سیاسەتێکی بەهێزی زمانیی لە کوردستاندا هەنگاوێکی پڕبایەخە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزمی کولتوری و پەروەردەکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ. جگە لەوەش لە فەلسەفەی زماندا، زمان جەوهەری بوونە، مارتین هایدگر زمان بە ماڵی بوون دەزانێ و لەم ڕێگەوە تاک و پێکهاتەکان، جیهانی خۆیان ئاشکرا دەکەن و بوونی خۆیان بە مانای سەرەکی خۆیان دەزانن، دەبێ سەرکوتی زمانی کوردی لەم ڕووەوە وەک هەوڵ و کردەوەیەک بزانین کە مرۆڤی کورد لە بوونەکەی خۆی دوور دەخاتەوە. داگیرکەر بە سنووردارکردنی دەربڕینی زمانیی، بەشێوەیەکی کاریگەر توانای کۆمەڵگەی کوردی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕەسەنانە لەگەڵ جیهانەکەیاندا دادەبەزێنێ کە لە کۆتاییدا دەرئەنجامەکەی فۆرمێکە لە نامۆبوونی بوونگەرایانەیە. ئەم نامۆبوونە، تەنیا کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ئەنتۆلۆژیشە و کاریگەری لە سەر ئەو شێوازە دادەنێ کە تاکەکان ڕۆژانە بوونی خۆیان ئەزموون دەکەن. ڕێگریکردن لەوەی کە مرۆڤی کورد نەتوانێ بەزمانی دایکیی خۆی، شێوازی بیرکردنەوەی کولتوری و مێژووی خۆی بخاتە ڕوو دەبێتە هۆی ئاوارە بوونیان لە جیهان-ژیانیاندا و بەتەواوی پەیوەندی نێوان ئەوان و جیهانیان دەپچڕێنێت
هیگڵ و فەیلەسوفی هاوچەرخ چارڵز تەیلۆر لە پەرەپێدانی ناسنامەی تاک و بەکۆمەڵدا جەخت لەسەر گرنگی دانپێدانان دەکەنەوە. لای هیگڵ، خۆئاگایی لە چوارچێوەی ناسینی یەکتردا سەرهەڵدەدات- پرۆسەیەک کە بە قووڵی پەیوەستە بە زمان و دەربڕینی کولتوورییەوە. تەیلۆر سەبارەت بە سیاسەتی دانپێدانان دەڵێت، نەناساندن تەنها نەبوونی دانپێدانان نییە بەڵکو جۆرێکە لە ستەمکردن کە دەتوانێت زیان بە تاک و گروپەکان بگەیەنێت و لە کۆتاییشدا توانای خوبەدێهێنانی مرۆڤی کورد بۆ هەمیشە دەکوژێت. بەم پێیە دەتوانرێت سەرکوتکردنی زمانی کوردی وەک نکۆڵیکردن لە دانپێدانان سەیر بکرێت. دەوڵەت بە ڕەتکردنەوەی چەسپاندنی شوناسی زمانەوانی و کولتووری کوردی، فۆرمێک لە نادادپەروەریی ئەخلاقی بەشێوەی بەردەوام پەیڕەو دەکات. ئەم دانپێدانەنانە ڕێگری لە توانای گەلی کورد دەکات بۆ گەیشتن بە کەرامەت و لە بازنەی پەراوێزخستن و چەواشەکاریشدا دەیخاتە داوەوە.
. تیۆرییەکانی میشێل فۆکۆ سەبارەت بە دەسەڵات، زانین و گوتار، تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە پێشکەش دەکەن کە چۆن سەرکوتکردنی زمان وەک میکانیزمێکی کۆنترۆڵکردن کاردەکات. بە بڕوای فۆکۆ، دەسەڵات تەنیا سەرکوتکەر نییە بەڵکو بەرههێنەرەوەی سەرکوت و کۆنترۆڵکردنە- لەڕاستیدا دەسەڵات بە میکانیزمی سەرکوت و کۆنتۆڵکردن، زانین و بیر و تەواوی ئەو شتانە لەقاڵب دەدات کە دەکرێ وەک پەیڤێک بگوترێ. دەوڵەتی ئێران بە سەرکوتکردنی زمانی کوردی، گوتاری دەوروبەری شوناس و مێژوو و کولتووری کوردی کۆنترۆڵ دەکات. ئەم سەرکوتکردنە توانای کۆمەڵگای کوردی بۆ پێناسەکردنی گێڕانەوەی خۆی سنووردار دەکات، بەمەش کۆنترۆڵی هەژموونانە بەسەر بەرهەمهێنانی مەعریفەدا دەپارێزێت. هەروەها سەرکوتکردنی زمان ڕەنگدانەوەی ئەو شتەیە کە فۆکۆ بە “ملکەچکردنی مەعریفە” وەسفی دەکات. زانستە خۆجێی و ڕەسەن و کەمینەکان- ئەوانەی لە زمانی کوردیدا چەسپاون- بە شێوەیەکی سیستماتیک بێ بەها دەکرێن و لە گێڕانەوەی فەرمی دوور دەخرێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی نادادپەروەرییەکی زانستی کە فۆڕمەکانی زانین و بوون دەخەنە سێبەرەوە و نادیار و نەبینراوی دکەن بەتایبەت ئەو فورمانە کە پەیوەستن بە زانین و بوونی ڕەسەنی کوردانەوە.
هانس جۆرج گادامر جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەمکی تێگەیشتن ڕەگ و ڕیشەی لە هۆشیاری مێژووییدا هەیە و لە ڕێگەی زمانەوە نێوەندگیری دەکرێت. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ دەربڕینی مانا؛ بەڵکوو ئامڕازێکە کە خۆی مانا دروست دەکات و بەرهەمیدەهێنێتەوە. بۆیە سەرکوتکردنی زمانی کوردی لەم ڕوانگەوە دەبێ وەک پرۆسەیەکی هێرمێنۆتیکی سەیر بکرێت کە توانای نەتەوەی کورد بۆ ڕاڤە و تێگەیشتن و گواستنەوەی میراتی کولتوری خۆی تێکدەدات. کورد بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە بە زمانی دایکی، ڕووبەڕووی بۆشایییەکی هێرمێنۆتیک دەبێتەوە و ناتوانێ بە تەواوی خۆی لەگەڵ ڕابردووی خۆیدا تەبا بکات و نەریتەکانی خۆی لەسەرڕا ڕاڤە بکاتەوە، یان لەگەڵ کۆنتێکستە هاوچەرخەکاندا بیانگونجێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی جۆرێک لە لەبیرچونەوەی کولتووری، کە دەوڵەمەندی مێژوو و هزری کورد وردە وردە هەژارتر دەکات و لە کۆتاییشدا دەیمرێنێت. مۆریس مێرلۆ-پۆنتی ئەوە پیشان دەدات کە زمان ئامرازێکی دەرەکی نییە بەڵکو ئەزموونێکی بەرجەستەکراوە- ئەوە لە ڕێگەی زمانەوەیە کە ئێمە جیهان هەست پێدەکەین و مانای پێدەدەین. سەرکوتکردنی زمانی کوردی ئەم پەیوەندییە بەرجەستەکراوە لەگەڵ جیهاندا تێکدەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی، کە بە دوورکەوتنەوەی زمانەوانی وەسف دەکرێت. کوردزمانان ناچارن بە زمانێک کە هی خۆیان نییە، بە جیهاندا بگەڕێن، ئەمەش دەتوانێ لە نێوان ئەزموونە ناوەکییەکانیان و واقیعە دەرەکییەکانیان دابڕانێک دروست بکات. ئەم دیاردەیە تەنیا دەروونناسی نییە بەڵکو دیاردەناسیشە: خودی پێکهاتەی ئەزموون دەگۆڕێت، وا دەکات جیهان هەست بە نامۆیی و سەرلێشێواوی بکات. کردەی ڕۆژانەی قسەکردن پڕ دەبێت لە گرژی، چونکە تاکەکان ناچار دەبن بیرکردنەوەکانیان وەربگێڕن بۆ زمانێک کە ڕەنگە بە تەواوی ئەزموونە ژیاوەکانیان نەگرێتە خۆی. چەمکی خود-گێڕانەوەی پۆڵ ڕیکۆر ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە ئێمە لە ڕێگەی ئەو چیرۆکانەی کە لەبارەی خۆمان و کۆمەڵگاکانمانەوە دەیگێڕینەوە، ناسنامەکانمان بنیات دەنێین. ئەم گێڕانەوەیانە لە بنەڕەتدا زمانەوانین؛ لە ڕێگەی زمانەوە لە قاڵب دەدرێن و هاوبەش دەکرێن. سەرکوتکردنی زمانی کوردی توانای مرۆڤی کورد بۆ داڕشتنی گێڕانەوەی خۆی تێکدەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی بۆشایی گێڕانەوە، کە مێژوو و ناسنامەی کورد یان دەشێوێنرێت یان لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا دەسڕدرێتەوە. بە نەبوونی توانای گێڕانەوەی ئەزموونەکانیان بە زمانی خۆیان، تاک و پێکهاتەکانی کورد ڕووبەڕووی پارچەپارچەبوونی شوناس دەبنەوە، کە چیرۆکە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانیان لە لایەن گێڕانەوەی کولتووری باڵادەستەوە بێدەنگ دەکرێن یان کولتوری باڵدەست دەیاندزێ و دەیانکاتە موڵکی خۆی. سەرکوتکردنی زمانی کوردی تەنیا پرسێکی سەرکوتی سیاسی یان نایەکسانی پەروەردەیی نییە- قەیرانێکی قووڵی وجودییە کە نوێنەرایەتی ئینکارکردن و نادادپەروەرییەکی ئەخلاقی و و فۆرمێک لە پێشێلکارییەکی زانستی دەکات. دەوڵەت بە سنووردارکردنی توانای دەربڕین و ڕاڤە و گێڕانەوەی ئەزموونەکانی نەتەوەی کورد بە زمانی دایکی، بە شێوەیەکی کاریگەرانە لە بوونی خۆیان نامۆیان دەکات و شوناسی کولتوورییان دەشێوێنێت و دەنگی بەکۆمەڵیان کپ دەکات. ئەم سەرکوتکردنە ئەو پرۆسە بنەڕەتییانە تێکدەدات کە تاک و پێکهاتەکان لە ڕێگەیانەوە لە خۆیان و جیهانەکەیان تێدەگەن. لە ڕوانگەی ڕاڤەکارییەوە پەیوەندی نێوان زمان و مانا دەپچڕێنێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەردەوامیی کولتووری و شکاندنی هەست بەخۆ کردن.
لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، سەرکوتکردنی زمانی دایکی، دەتوانێ ببێتە هۆی ململانێی قووڵی ناسنامەیی و دەڵەڕاوکێی سۆزدارییانە. زمان پێکهاتەی سەرکیی لە دروستبوونی چەمکی خودە و کاریگەری لە سەر چۆنییەتی هەستی تاکەکەسی و شوینی ئەوان لە جیهاندا هەیە. دەروونناسەکان لەمێژە دانیان بەو راستیەدا ناوە کە سەرکوتکردنی زمانی دایکی دەبێتە هۆی هەست بەنامۆیی کردن و خۆبەکەمزانین و سەرلێشێوایی کولتوری. لە ڕوانینی لیڤ ڤگوستکی دەروونناسی سۆڤییەتی کونەوە، زمانی دایکی گرنگترین هۆکاری گەشەی مەعریفی منداڵەوە وبۆ پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ئاست بەرزی منداڵ و کارلێکی کۆمەڵایەتی ئەوان دەبێ لە پێشدا زمانی دایکی گەشەی کردبێت و بەبێ ئەو زمانە هیچکام لەو ئامانجانە بەدی نایەن کە دەبێ گەشە بەبیرکردنەوەی منداڵ بدرێت. منداڵێک کە بەزمانی دایکی خۆی پەروەردە ناکرێ لە باشترین حاڵەتدا، کەسێکی ترسەنۆک و شەرمێونە کە ناتوانێ وەک منداڵێکی ئاسایی و بەتەنیایی لەگەڵ کێشەکانی خۆیدا بەرەوڕوو بێتەوە چونکە پەیوەندی ئەو لەگەڵ میراتی کولتوری کۆمەڵگاکەی پچڕاوە و هەر ئەمەش دواتر دەبێتە گەورەترین ئاستەنگی گەشەی ئاکادمیکی و هەروەها گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتیان. ئەم دیاردەیە کە زۆرجار پێی دەوترێ ترۆمای زمانی، کاریگەری درێژخایەنی لە سەر تەندروستی دەروونی و یەکگرتوویی کۆمەڵگا هەیە.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە