سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

سولەیمان چوکەڵی

سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

بە کوێ دەبێ بگوترێ “ڕۆژهەڵاتی کوردستان” و سنوورەکانیشی تا کوێ دەبێ درێژ ببنەوە؟

هەستیاریی هەلومەرجەکە هانی دام تا بابەتی جوگرافیا و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی چەند پرسیارێکدا بێنمە گۆڕێ. وەک ئاشکرایە، زۆربەمان لە ئەدەبیاتی ڕۆژانەماندا، چەمکی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”، بەبێ وردبوونەوە لە سنوور و ڕووبەرەکەی، دەڵێینەوە و دووپاتی دەکەینەوە. وردبوونەوە لەو بابەتە کۆمەڵێک پرسیار بەدوای خۆیدا دێنێ، چ ئەو کاتەی سنوور وەک هێڵێکی خەیاڵی یان دواجار لە چوارچێوەی پەیماننامەیەکدا وێنای بکەین.

وەک لە سەدەی ڕابردوودا ئەزموونمان کردووە، بزاڤی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە خاوی سنوورەکانی خۆی بەرین کردۆتەوە. دەکرێ بڵێین دەوروبەری ٣٠ ساڵ جارێک. یەک لە نموونەکانی، جوگرافیای سیاسیی “کۆماری کوردستان”ە لە ساڵی ١٩٤٦ زایینیدا. کۆمارێک بە جوگرافیایەکی بەرتەسکەوە، نیزیک بە سی ساڵ دوای ڕاپەڕێنی سمکۆی شکاک (١٩١٨ زایینی) پێک دێ و تەنیا بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی موکریان دەگرێتەوە (بڕواننە نەخشەکانی ژمارە ١ و ٢). ٣٣ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، لە ساڵی ١٩٧٩ زایینی شۆرشی ئێران ڕوو دەدا. بزاڤی کوردی بواری بۆ دەڕەخسێ و جوگرافیاکەی بەرینتر دەکاتەوە. ئەوجار بەشێکی زۆر لە پارێزگای سنە و ناوچەیەکی بەرتەسکی ڕۆژاوای پارێزگای کرماشانیش دەبنە بەشێک لەو جوگرافیایە (بڕواننە نەخشەی ژمارە ٣).

بە وردبوونەوە لە نەخشەکان، بۆمان دەردەکەوێ کە جوگرافیای ژێۆپۆلیتیکی بزاڤی کوردی لەچاو قەبارە و گەورەییی خۆی، جوگرافیایەکی سنووردار و بەرتەسک بووە. هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە مەبەستی ئەم بابەتە نییە. لێرەدا ئەگەر ئەو قەبارەیە بە پێوەری ئایینی بپێوین، دەبینین کە جوگرافیای کوردی شیعە مەزهەب لەو بزاڤانەدا ونە. جوگرافیایەک کە نیزیک بە نیوەی هەموو جوگرافیای کوردی ئەو پارچەیە لە کوردستان پێک دێنێ. گرینگایەتیی ئەو بابەتە لەوەدایە کە، لە بەراوردکردنی ڕووبەری جوگرافیای شیعە و سوننی مەزهەب بۆمان دەردەکەوێ ڕووبەری ئەو دوو ڕەوتە کەم تا کورت هاوشێوەن. (بڕوانە نەخشەی بەربڵاوی ئایین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پۆستی ٢٥ دێسامبری ٢٠٢٥) ڕەوتی شیعە لە هیچ کام لەو سێ بزاڤەی لە سەرەوە ئاماژەم پێدان، یان هەر بوونی نەبووە، یان زۆر کەمڕەنگ بووە. ئەمێستاکە بزاڤی کوردی دەیهەوێ ئەو سنوورە دەرباز بکا. سنوورێک کە بزاڤی سوننی مەزهەبی کوردی، جوگرافیا زمانییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو سۆرانیتەوەر بوو.

لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دەهێنمە گۆڕێ، بێ ئەوەی وەڵامێکیان بۆ بنووسم. دواجار رەنگبێ کۆمەڵێک پرسیاری دیکەش لە زەینی خوێنەردا بەرهەم بێ. تا بەڵکوو هەوێنی مژارێکی جیدیی ئامادە بکا و بواری لێوردبوونەوەیەکی زیاتر بڕەخسێنێ.

١- بەردەوام و بە شێوەیەکی سوننەتی پێمان وا بووە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلامه. ئایا ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا ئەو چوار پارێزگایەیە؟

٢ – بۆچی بزووتنەوەی کوردی نەیتوانیوە لە سنوورە سوننەتییەکانی خۆی دەرباز بێ؟ ئایا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کوردستان تەنیا بە واتای وێژمان و گوتاری سیاسی دێ یا بریتییە لەو جوگرافیایەی کە کوردی تێدایە؟

٣- وەک دیارە تاکوو ئێستا، بزاڤی کوردی نەیتوانیوە خۆی بگەیەنێتە پارێزگاکانی لوڕسۆ – لوڕستان و هەمەدان. ئەدی چارەنوسی ئەو دوو پارێزگایە چی لێ دێ؟ کوردی لەکزمان جوگرافیایەکی پێکەوەلکاوی لە نیوان چوار پارێزگای کرماشان، ئیلام و لوڕسۆ و هەمەداندا هەیە. زۆرینەی کوردی لەکزمانیش دانیشتووی لوڕسۆ یان لورستانن، نیزیک بە ٨٠٠٠٠٠ (هەشت سەد هەزار) کەس. لە پارێزگای هەمەدانیش دەوروبەری ١٩٠٠٠٠ (سەت ونەوەد هەزار) کوردی لەک، کەڵوڕ، چەرداوڕی و … دەژین.

٤- بزاڤی کوردی تا چ رادەیەک لەسەر پێکهاتەکانی ئایینی و زمانەوانی ئەو شەش پارێزگایە شارەزایی هەیە؟

٥- لە ئەگەری گۆڕانێکی کتووپڕدا، ئایا بزاڤی کوردی هەر وا بەو چەشنەی کە باو بووە چاوی بڕیوێتە ناوچەکانی موکریان وەک شنۆ، مهاباد، سەردەشت، بۆکان، ناوچەکانی ئەردەڵان و هەوارمانات؟

٦- ئەدی ڕۆانینی بۆ جوگرافیای باکووری ئوستانی ورمێ و نیوەی باشووری و لای ڕۆژهەڵاتی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان” وەک سایین قەڵا، بیجار، سونقوڕ، کەنگاوەر، سەحنە، هەرسین، بەشێک لە کەوڕەنگ یان کەبودەرئاهەنگ، بەهار، سەداوا و نیاڤەن، دلفۆن، سلسلە، کوویەشت، هلێران، دەرێشار، دێلرۆن و کەڵوڕایەتی چۆنە و چۆن دەبێ؟

٧- ڕایەک هەیە کە دەڵێ وەک وێژمان سەیری ئیلام و مەلەکشاهی ناکرێ و نەکراوە، دەنا ناوچەکانی موکریان دەبوو سەبارەت بە دوایین ڕووداوەکان هەڵوێستی بوایە. ئەگەر وێژمانی نییە، دەبێ چ بکرێ کە ئەو مەجالە بەرهەم بێت و ئەو دوو جوگرافیایە پێکەوە هاودیسکۆرس بن؟

٨- بزاڤی کوردی بیری لەوە کردۆتەوە کە ئایا بژاردەکانی ژیانی هاوبەشی نەتەوەکان، برایەتیی گەلان و سەربەخۆیی توانستی ئەوەیان تیدایە دەگەڵ لایەنی بەرانبەر دیسکۆرس ساز بکەن؟ یان لانی کەم بتوانێ تورک بە قەناعەت بگەیەنێ بەشی باکووری ئەو پارێزگایە بە هاوبەشی بەڕێوە بەڕن؟

٩- ئەگەر بژاردەکانی ژیانی هاوبەشی نەتەوەکان و برایەتیی گەلان وەڵامدەر بوون، سنووری جوگرافیاییی ئەو هاوبەشی و برایەتییە تا کوێ دەبێ؟ ئایا ئەو تایبەتمەندییە تەنیا هەر ئەو پارێزگایە دەگرێتەوە؟ ئەدی لە ئاکامدا چارەنووس و خولیای دیاریکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کوێ دەگا؟

١٠- ئەگەر بژاردەی شەڕ لە ئاکامی بە قەناعەتنەگەیشتن و ئینکاری ئەوەی بەرانبەر ئاڵترناتیڤ بێ، بیری لەوە کردۆتەوە سنوورەکانی بەرئەنجامی ئەو شەڕە دەگاتە کوێ؟ ئەگەر کورد ناچار بوو کۆتا بێ، لە بەرانبەر چیدا دەبێ دەستبەرداری بەشی باکووری ورمێ بێ؟ دیسان ئەگەر قەناعەتی نەهێنا، چارەنووسی هاونیشتمانیانی کوردزمانی ماکۆ تا ورمێ چی لێ دێ؟ لە نیوەی باکووری ئەو پارێزگایە، کورد نیزیکەی ٨٢٠٠٠٠ و تورک ١٠٣٠٠٠٠ کەس دەبن.

١١- ئاماژەکان وا نێشان دەدەن کە ئەو جوگرافیایە دێتوو بەرینتر دەبێتەوە. ئایا بزاڤی کوردی بیری لەوە کردۆتەوە بەرینایەتی و ڕووبەری ئەو چوارچێوەیە دەبێ تا کوێ درێژەی هەبێ؟ داڕشتنەوەی سنوورەکان لەسەر بنەمای تەنیا کوردزمان بێ یان تێکەڵاوێکی فرەڕەنگ و فرەنەتەوە (بڕواننە نەخشەکانی ژمارە ٤ و ٥)؟ ئایا نموونەی ڕۆژاڤا یان ڕۆژهەڵاتی فوراتی ناسەرکەوتوو (کەمینەی کورد و ڕووبەری زۆر و زۆرینەی عەڕەب) دەکرێ مودێلێکی باش بێ؟ ئایا نموونەی ناسەرکەوتووی باشووری کوردستانی دوای ڕێفراندۆمەکە، دەبێتە ئەزموونێک بۆ ئەوەی کە میلۆن یان بە سەدان هەزار کەس نەکەونە ئەودیوی سنوورەکانی؟ وەک ڕوونە نێوە دابڕاوەکەی تێکەڵییەکی فرەنەتەوە بوو.

١٢- جیاواز لەوە، بزاڤی کوردی لەسەر بنەمای چ مۆدێلێکی سیاسی دەیهەوێ سنوورێکی جوگرافیایی لەنێو ئەو هەمووە تێکەڵاوییە ئتنیکییەدا دیاری بکا؟ ئەو مۆدێلەی کە بزاڤی کوردی بانگەشەی بۆ دەکا، بە کام هێز و تواناییەوە دەتوانێ سەرنجی پێکهاتەکانی دیکەی نێو ئێران بۆ مۆدێلی دڵخوازی خۆی رابکێشێ و ببێتە داواکاری ئەوانیش؟

١٣- لەسەر بنەمای چوار پارێزگاکە و بەشێک لە دوو پارێزگاکەی دیکە (بڕواننە نەخشەکانی ژمارە ٤ و ٥)، بزاڤی کوردی چۆناوچۆن و بە کام هێزی مادی و مەعنەوی بەتەمایە قەناعەت بە دانیشتووانی سەدان گوند، دەیان شاری تورک، لوڕ و عەڕەب یان تێکەڵێک لەو چەند پێکهاتەیە بێنێ کە، ئێوە لەمەو بەدوا هاونیشتمانیانی ئەوە شوێنەن کە پێ دەگوترێ “ڕۆژهەڵاتی کوردستان” و دەبێ پارێزگاری لەو دەستکەوتە و سنوورەکانی بکەن؟ ئەو پرسیارە بە سەرنجدان بەوەیە کە تەنیا لە چوار پارێزگا سەرەکییەکە نیزیکەی یەک میلیۆن و نیو تورکزمانی تێدا نیشتەجێیە. لە درێژەی بابەتەکەدا ئاماژە بە هێندێک ئامار دەکەم.

١٤- گریمان لە دواڕۆژدا هاوپەیمانێتیەک لە نێوان کورد و لانی کەم بەشێک لە لوڕدا پێک هات. سنوورەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە تا کوێ درێژ دەبێتەوە؟ وای دادەنێن نە تەنیا لوڕ بەڵکوو تورکیش کەوتە نێو ئەو جوگرافیایە، ئەدی ئەو جوگرافیایە دەبێ چ نێوێکی لێ بندرێ؟ ئەگەر بڕیارە هەر کوردستانی نێو بێ، ڕا و سەرنجی لوڕ و تورک چۆن چارەسەر دەکرێ؟

١٥- دەرئەنجامە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لکاندنی لوڕ و تا ڕادەیەکیش بەشێک لە لەک بە کورد وەک بوونەوەرێکی سیاسی دەبی کامانە بن و مژاری ئەو لکاندنە تا چەند ڕەوایە؟ ڕەنگە لەبەر ئەو پرسیارە بکەومە بەر ڕەخنەیەکی زۆرەوە، بەڵام ئەگەر بەراوردەکەشم هەڵە بێ، پێویستە ئاوڕێک لەو ڕووداوانە بدەینەوە ئەو رۆژانە لە دێرەزوو و ڕەقە و بەگشتی ڕۆژاڤا ڕوویان دا. هەر چەند سروشتی کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسی ئەو دوو شوێنە، جیاوازییەکی بنچینەییان هەیە.

١٦- دواجار چۆناوچۆن ڕای گشتی دەرەوەی ئەو سنوورانە، چ ناوخۆی ئێران و چ دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە سنووری ژێۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێ دەگەیەندرێ؟ لێرەدا بەگشتی، ئەگەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک وەک یەکەیەکی سیاسی بەڵکوو لە بەستێنێکی فرەڕەهەندی ناوچەییدا خوێندنەوەی بۆ بکەین.

١٧- ئەگەر جیاوازیی ئایینی لەمپەر و بەربەست بوون لە پەرەسەندنی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵات، ڕێگاچارەکانی بزووتنەوەی کوردی بۆ چارەسەری ئەو ئالەنگارییە کامانەن؟ بەلاییککردن، بە نرخ و بەهادان بە شیعە، ئەدی دەرئەنجامەکانی؟

————————-

ئاماژەیەکی کورت بە هێندێک ئامار:

ژمارەی سەرجەم گوندەکانی چوار پارێزگا سەرەکییەکە و بەشێک لە دوو پارێزگاکە ١٠٥٨٠ گوندە.

ژمارەی سەرجەم شارەکانی چوار پارێزگا سەرەکییەکە و بەشێک لە دوو پارێزگاکە ١٩٠ شارە.

گوندی تورکزمان ١٠٩٤

گوندی تورک و کوردزمان ٣٠٩

شاری تورکزمان ٢٦

شاری کورد و تورکزمان ٢٢

گوندی کورد و لوڕزمان ١٩

شاری کورد، لوڕ و تورکزمان ٢

حەشیمەتی چوار پارێزگاکە بەپێی دوایین سەرژمێری حەشیمەتی ساڵی ١٣٩٥ خۆری واتا ٢٠١٦ زایینی، نیزیک ٧٤٠٠٠٠٠ (حەوت میلۆن و چوارسەد هەزار) کەس بووە.

لەو بڕە، حەشیمەتی کوردزمان نیزیک ٥٧٥٠٠٠٠ (پێنج میلۆن و حەوسەد و پەنجا هەزار) کەس بووە. 

هاوکات کۆی گشتیی حەشیمەتی پێکهاتەکانی جگە لە کورد، نیزیک ١٦٥٠٠٠٠ (یەک میلۆن و شەسەت هەزار و پەنجا هەزار) کەس بووە.

بەراوردەکە لەسەر بنەمای سەرژمێرییەکانی حەشیمەتی ساڵی ١٣٩٥ خۆری واتا ٢٠١٦ زایینی بووە. ئەو شارستانانەی کوردزمانیان تێدا نییە لەو خەمڵاندنە وەبەرچاو نەهاتوون. پێشبینی دەکرێ ئێستا ژمارەی حەشیمەتی ئەو چوار پاریزگایە تا نیزیک بە ٨١٠٠٠٠٠ (هەشت میلۆن و یەکسەد هەزار) کەس بەرز بووبێتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

چوکەڵی، سولەیمان (٢٠٢٦): سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران: پەیماننامەیەکی بێ هاوپەیمان

ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران: پەیماننامەیەکی بێ هاوپەیمان

ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران: پەیماننامەیەکی بێ هاوپەیمان هێلێنا باوەرنفایند ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران: پەیماننامەیەکی بێ هاوپەیمان کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەین، ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ کەمتر وەک دیپلۆماسییەکی شکستهێناو دەردەکەوێت، بەڵکوو زیاتر وەک خۆخەڵەتاندنێکی [...]

  • ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی

ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی

ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی هێلێنا باوەرنفایند ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکێک نییە کە بە زمانێکی نەرم و دیپلۆماسییانە بدوێت. شێوازی سیاسیی ئەو زۆر جار پەرشوبڵاو، هەندێک جار [...]

  • پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە شاهۆ حەسەنپوور پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە لە پلانی فێربوون و خوێندنی[1] وەڵاتی سوئێد دا بابەتی [...]

  • ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دانا حەمید ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی [...]

  • ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم تەها ڕەحیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم نزیکەی زۆربەی هەرە زۆری ئەم ڕووداوە سیاسییانەی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن یان بەرەو ڕوودانن، [...]

  • سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" سولەیمان چوکەڵی سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بە کوێ دەبێ بگوترێ "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و سنوورەکانیشی تا کوێ دەبێ درێژ ببنەوە؟ هەستیاریی هەلومەرجەکە هانی دام تا بابەتی جوگرافیا و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی [...]