سوریا و کوردەکان
کشانەوە، مەرسووم و هاوسەنگییە لەرزۆکەکەی سەر فورات
هێلێنا باوەرنفایند
سوریا و کوردەکان
کشانەوە، مەرسووم و هاوسەنگییە لەرزۆکەکەی سەر فورات
چەندین ساڵە لە سوریا، ڕووباری فورات لە تەنها ڕووبارێک زیاترە. ئەو نیشانەی هێڵێکی جیاکەرەوەی سەربازی، سیاسی و سیمبۆلییە لە وڵاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١١وە سیستەمی دەوڵەتی تێیدا پارچەپارچە بووە.
ئەو ڕووداوانەی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەم ڕووبارە ڕوویان داوە، بەشێکن لە مێژوویەکی درێژی گۆڕانی هاوپەیمانییەکان، بەڵێنە شکێنراوەکان و دەستێوەردانی دەرەکی – هاوکات ئەوەش نیشان دەدەن کە هاوسەنگیی ئێستای هێز چەندە لەرزۆکە.
ئێوارەی دوێنێ، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە کورد تێیدا باڵادەستە، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ “وڵاتانی دۆست”، کشانەوەی یەکەکانانی لە ناوچەی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی فورات ڕاگەیاند.
دەربڕینەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ناڕوون بوون، بەڵام پەیامەکە ڕوون بوو: کوردەکان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە پاڵپشتی ئەمریکا “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش)یان تێکشکاندبوو، لە ناوچەیەک دەکشێنەوە کە لە ڕووی ستراتیژی و سیمبۆلییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە.
تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر، دیمەشق سوودی لەو بۆشاییە وەگرت کە دروست بوو.
بەیانییەکەی، یەکەکانی سوپای سوریا چوونە ناو دێرەزوور و بەبێ شەڕ شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
بۆ ڕژێم، ئەمە سەرکەوتنێکە کە قۆناغەکانی پێشووی جەنگ وەبیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا نەک باڵادەستیی سەربازی، بەڵکوو بەکارهێنانی زیرەکانەی هەلومەرجە سیاسییەکان دەرفەتی دەستکەوتی زەوی و زاری بۆ ڕەخساندوون.
لە شەودا هەنگاوێک نرا کە ئامانج لێی گەیشتنە بە سازان – یان لانی کەم دەکرێت، بەو شێوەیە بخوێنرێتەوە.
ئەحمەد ئەلشەرع دەقێکی واژۆ کرد کە مافەکانی کورد گەرەنتی دەکات و ڕێگەیان پێدەدات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەو مەرجەی چەکدار نەبن.
ئەم جۆرە بەڵێنانە لە مێژووی سوریادا نەریتێکی درێژ و دووفاقیانەیان هەیە؛ هەر لە سەردەمی حافز ئەلئەسەد و دواتریش لە سەردەمی بەشاری کوڕیدا، دڵسۆزیی کورد و پێدانی ئیمتیازاتی سنووردار هەمیشە وەک ئامرازێک بەرامبەر یەک بەکارهێنراون، بەبێ ئەوەی کۆتایی بە پەراوێزخستنی بنەڕەتیی کورد بهێنرێت.
دەرکردنی ئەم دەقە لەم کاتەدا، لە واشنتۆن وەک ڕێکەوت نابینرێت. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ باس لە نیگەرانییەکی گەورەی حکومەتی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە هەنگاوەکانی تورکیا و سوریا دژی هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، واشنتۆن دەترسێت کە کردەوە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەنقەرە و دیمەشق بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوراتیش پەرە بستێنێت – ئەو ناوچانەی کە تا ئێستا وەک دوا پەناگەی ئارامی هەسەدە دەبینران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە پشت پەردەوە هەڕەشەی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی لە سوریا کردووە ئەگەر دیمەشق پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد ئاسایی نەکاتەوە.
باس لەوە دەکرێت کە ئەم هەڕەشەیە کاریگەریی سەرەکی هەبووە لەسەر ڕاگەیاندنی مەرسوومە سەرۆکایەتییەکەی دوێنێ.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لە بەشێکی سوریا کشاوەتەوە، جارێکی دیکە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گوشاری ئابوورییەوە کاریگەریی سیاسی خۆی بسەپێنێت.
ئەم بارودۆخە وەرچەرخانەکانی پێشووی جەنگی سوریا وەبیر دەهێنێتەوە: کوردەکان لە نێوان هێزە ناوچەییەکان و بەرژەوەندییە جیهانییەکاندا گیریان خواردووە، سوودە سەربازییەکەیان دانی پێدا دەنرێت، بەڵام پارێزبەندییە سیاسییەکەیان بە لەرزۆکی دەمێنێتەوە.
تورکیا هەر جۆرە ئۆتۆنۆمییەکی کوردی لەسەر سنوورە باشوورییەکانی وەک هەڕەشە دەبینێت، دیمەشق دەیەوێت کۆنترۆڵی خاکەکەی وەربگرێتەوە، و واشنتۆنیش بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت بەبێ ئەوەی خۆی بە شێوەیەکی هەمیشەیی پابەند بکات.
ئەوەی کە ئایا کشانەوەی هەسەدە و مەرسوومەکەی دیمەشق دەبنە هۆی هێوربوونەوەیەکی بەردەوام یان تەنها قۆناغێکی کاتی دەبن لە ململانێیەکی درێژخایەندا، هێشتا ڕوون نییە. تەنها شتێک کە پشتڕاستە ئەوەیە: لەسەر ڕووباری فورات جارێکی دیکە هێڵەکان دەگۆڕدرێن – و لەگەڵیاندا هیوا و ترسەکانی گەلێک کە لە مێژووی سوریادا زۆر جار بووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی هێزە بیانییەکان.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
باوەرنفایند، هێلێنا (٢٠٢٥): سوریا و کوردەکان، کشانەوە، مەرسووم و هاوسەنگییە لەرزۆکەکەی سەر فورات. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]
خودکارەکەی قاسملوو
خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]
ڕووخساری بەئۆبێکتکراو
ڕووخساری بەئۆبێکتکراو دانا حەمید ڕۆژانە کە پەنجەکانمان بەسەر شاشەی مۆبایلەکانماندا دەخشێنین و دەیبەین، بەناو لێشاوێک لە وێنە و ڤیدیۆدا تێدەپەڕین. سەدان ڕووخسار لە هەردوو ڕەگەز، پیر و گەنج دەبینین؛ ڕووخساری پڕ [...]







