سیرکی سیاسی لە نێوان دەمامکی هەلپەرست و ئیرادەی ڕەسەندا
پەرویز شێخی
سیرکی سیاسی لە نێوان دەمامکی هەلپەرست و ئیرادەی ڕەسەندا
سیاسەت بۆ مرۆڤی هەلپەرست تەنیا «دەمامکێکی پلاستیکییە»، بەڵام بۆ مرۆڤی خاوەن بڕوا «ئێسکی شوناسە». کاتێک مانا دەبێتە قوربانیی مانەوە و بڕوا دەبێتە کاڵایەکی سێنتێتیکی، ئێمە چیتر لەبەردەم خەباتدا نین، بەڵکو لەبەردەم «سیرکێکی ئۆنتۆلۆژی» داین؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا مرۆڤ، بە سیناریۆی بەرژەوەندی، دەبێتە ئەکتەرێکی فرەماسک. ئەو کەسەی کە بەیانییەک لە ژێر ئاڵایەک و ئێوارەیەک لە سایەی دروشمێکی دژبەیەکدا دەردەکەوێت، تەنیا سەرلێشێواو نییە، بەڵکو نموونەی ئەو «ئیفلاسییە ڕەوانکاوانەیە» کە لە ناو جەرگەی فەرهەنگی «فێڵ بۆ ژیان»دا بەرهەم هاتووە.
لێرەدا پێویستە جیاکارییەکی ورد بکەین؛ گۆڕینی ستراتیژ و میتۆد لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێکی باڵاتر، نیشانەی زیندوێتیی عەقڵ و داینامیکییەتی سیاسەتە. بەڵام ئەوەی لەم سێرکەدا دەیبینین، گۆڕانکاریی فیکری نییە، بەڵکو «کۆچەرییەکی بێنیشتمانە» لە ناو دنیای بڕواکاندا. لای هەلپەرست، مانا ناگۆڕێت، بەڵکو بەرژەوەندی دەگۆڕێت؛ ئەو بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانجی چەوت، هەموو ڕۆژێک پۆشاکێکی نوێ لەبەر دەکات. دژایەتیکردنی ستەم لای ئەم جۆرە کەسانە تەنیا شانۆیەکی کاتییە؛ ئەوان ڕقیان لە ستەمکار نییە، بەڵکو تەنیا لاسایی فێڵەکانی دەکەنەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتێکی تر. ئەوان خوێن و ئازاری سەر شەقامەکان وەک «پردێکی تێپەڕین» دەبینن بۆ ڕاکردن لە خۆ و پەنابردن بۆ مەنزڵێکی بێمانا.
ئەم بێئیرادەییە سیاسییە نیشانەی تێکشکانی مانا ڕەهاکانە لە ناو ناخی مرۆڤی دەرفەتخوازدا. لێرەدا مرۆڤ چیتر سۆبژێکتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو «ئاوێنەیەکی شکاوە» کە تەنیا ئەو وێنەیە نیشان دەدات کە بازاڕی سیاسەت دەیەوێت بیبینێت. ئەمە هەڕاجکردنی مێژووە لە پێناو پاراستنی جەستەدا. لای ئەم عەقڵییەتە، شۆڕش بزنسێکی وەرزییە بۆ ڕازاندنەوەی دۆسیەیەکی قاقەزی و بەدەستهێنانی مافێکی ساختە. ئەوانەی ڕاهاتەن بڕواکانیان هەرزانفرۆش بکەن، جەستەگەلێکی مردوون کە لە ناو تەمێکی درۆدا دەسوڕێنەوە.
لە بەرامبەر ئەم هەرزەفکرییەدا، «ئیرادەی یەکدەنگ» وەک جەمسەرێکی ڕەسەن ڕاوەستاوە. بڕوا لێرەدا نەک تەنها دروشم، بەڵکو «میتۆدێکی کارکردنە». کاتێک مرۆڤ لە دوڕیانی «ئیمتیازی ئامادەکراو» و «بڕوای ناوەکی»دا، ڕێگە سەختەکە هەڵدەبژێرێت، ئەو خەریکی پاراستنی سەروەریی ویژدانی خۆیەتی. ئەم یەکدەنگییەی نێوان بڕوا و ئاکار، تەنیا هەڵوێستێکی ڕەوشتی نییە، بەڵکو «کردەیەکی بەرگرییە»؛ قەڵایەکە کە دەتوانێت مانا بۆ سیاسەت بگێڕێتەوە و ڕێگری بکات لەوەی مرۆڤ ببێتە ئامراز.
ئەگەرچی سیرکی سیاسی بە هەموو تواناوە خەریکی نمایش و نواندنە، بەڵام ئەم نواندنە لە ناوەوە بەردەوام لە لێواری هەرەسهێناندایە، چونکە لەسەر لمی درۆ بنیات نراوە. مێژوو ئەوانە نانووسێتەوە کە بۆ گەیشتن بە کەنارێکی ئارام، ناسنامەیان وەک پۆشاک گۆڕی، بەڵکو ئەوانە دەنووسێتەوە کە لە ناو گەردەلوولدا، ئازایەتیی ئەوەیان هەبوو تەنیا «خۆیان» بن. بوونی تەنیا یەک مرۆڤی ڕەسەن بەسە بۆ ئەوەی هەموو ساختەکارییەکانی ئەم سیرکە بێمانا بکات. سیاسەت گاڵتە کردن بە پیرۆزییەکان نییە، بەڵکو ئازایەتیی وەستانە لەسەر ئەو بڕوایەی کە مرۆڤ لە «ئامرازبوون» ڕزگار دەکات و دەیکاتە خاوەن شکۆ.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
شێخی، پەرویز(٢٠٢٥): سیرکی سیاسی لە نێوان دەمامکی هەلپەرست و ئیرادەی ڕەسەندا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]
ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟
ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟ ئیبراهیم مەلازادە یەکێک لەو چەمکانەی کە نووسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاردەهێنن، جیاوازنەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای [...]
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی جەمیل ئەحمەدی وەڵامەکەی کاک ئیبراهیم لاجانی هەوڵ دەدات بە تێپەڕین لە دووانەی تەقلیل گەرایانەی گۆشەگیریی ڕەها و تێکەڵاوبوونی ساویلکانه، ئاسۆیەکی [...]
دکتۆر قاسملوو: سیاسەت، ئابووری و خەباتی نەتەوەیی؛ دوای ٣٧ ساڵ هێشتا بیرۆکەکانی دەژین
دکتۆر قاسملوو: سیاسەت، ئابووری و خەباتی نەتەوەیی؛ دوای ٣٧ ساڵ هێشتا بیرۆکەکانی دەژین حەسەن قارەمانی مێژوو تەنیا بە شەڕ، سنووربەندی و بڕیاری فەرمانڕەوایان ناخولقێت؛ بەڵکو بەرهەمی بیر و هزری ئەو کەسانەشە کە بیرۆکەکانیان کاریگەریی بەردەوامیان لەسەر نەوەکان هەیە. لە [...]
یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»!
یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»! عەلی لەیلاخ لە سەردەمی ڕۆمدا، لە ١٠٥ی پێش زایین تا ٤٠٤ی پاش زایین، گلادیاتۆرە چەوساوەکان یاریی مەرگیان دەکرد بۆ چێژبەخشین و سەرقاڵکردنی چینی دەستڕۆیشتوو. دەگوترێت [...]







