سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

عومەر ئیزەدخواە

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بە هێرشێکی گەورە و کاریگەری سەربازییان بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٦دا دەستی پێکرد، هێرشە ئاسمانی و دەریایییەکان بە پێشبڕکێی نێوان هێزە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان، لەلایەن ئەمریکاوە ناونرا “تووڕەیی ئەفسانەیی – Epic Fury” و لەلایەن ئیسرائیلیشەوە ناونرا “نەڕەی شێر – Rising Lion”.

ئەمەش دوای ئەوەی کە لە ڕۆژی ١٣ی مانگی شەشی ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگێکی ١٢ ڕۆژەدا، هێرشێکی گەورەی ئاسمانییان کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران و دەرەنجام کوژرانی دەیان بەرپرسی سیاسیی پلەباڵا و ئەفسەری سەربازیی باڵای کۆماری ئیسلامیی لێکەوتەوە؛ جیا لەمەش هێرشەکان زیانی گەورەیان لە دیارترین بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دا، بە جۆرێک دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکان، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەهۆی لێدانە سەربازییەکانیانەوە بەشێوەیەکی بنبڕانە توانا ئەتۆمییەکان لەناو براون.

هاوکات خاڵی جەوهەریی نێوان جەنگی دوازدە ڕۆژە و لەگەڵ ئەو جەنگەی لە ئێستادا لە ئارادایە، یەکەم لە ڕووی سەربازییەوە هێرشەکان بە ڕادەیەکی گەورە فراوانتر و کاریگەرترن؛ هێرشەکان تەنیا بە لێدان لە بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکاندا نەماونەتەوە، بەڵکوو چوارچێوەی هێرشەکان زۆر فراوانتر بوونە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و سەرچاوەکانی وزە، ئەمە جگە لەوەی کە لە ڕووی کاتەوە، هێرشەکان کاتی زۆر زیاتریان خایاندووە و جەنگێکی زۆر هیلاککەرە بەتایبەت بۆ ئێران. ئەو زیانانەی کە لە لێدانەکاندا بەر سوپای پاسداران و سەکۆ موشەکی و درۆنییەکانیان کەوتوون زۆر گەورەترن، بە جۆرێک بە تەواوی لایەنی ئاسمانیی ئێران کەوتووەتە دەست یەکەی ئاسمانیی ئەمریکی و ئیسرائیلی. لە هەمووی مەزنتر بریتی بوو لە کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژ و یەکەم هێرشەکاندا، واتە یەکەم لێدانی سەربازی، لێدان بوو لە کەسی یەکەمی ڕژێمەکە، جگە لە کوژرانی دەیان بەرپرسی سیاسیی پلەباڵا. بە جۆرێک کە لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەواوی جیاواز بوو، لە جەنگی یەکەمدا پلانەکان خۆبەدوورگرتن لە هێرشێکی کۆتاییپێهێنەر بوو، بە پێچەوانەوە لە جەنگی دووەمدا پلانی هێرشەکان گۆڕدران بۆ هێرشێکی لەناوبردنی پایە هەرە گرنگەکانی ڕژێمەکە، نەک تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

 قەیرانی وزە و گەرووی هورمز

دوای هێرشەکان، ڕاستەوخۆ بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی وزەی جیهانی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئێران تاکوو ئێستاش بووەتە بەربەستی تێپەڕینی کەشتییە بازرگانییەکان لەم ڕێڕەوەدا، کە ڕێژەیەکی گەورەی وزەی جیهانی بەتایبەت گازی سروشتی و بازرگانیی وڵاتانی کەنداوی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەمەش گرانبوونێکی گەورەی نەوتی خاوی جیهانی لێکەوتەوە کە ئێستا لە سەروو ١٠٠ دۆلارەوەیە بۆ هەر بەرمیلێک، کە بە نزیکەیی دوو هێندەی نرخی پێش دەستپێکی جەنگەکەیە. هەروەها بووەتە هۆی گرانبوونێکی زۆری گازی سروشتیی وڵاتانی ئەورووپا. خاڵی جەوهەریی قەیرانەکە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوەیە نەک تەنیا دۆخە ئابوورییەکە، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە کۆنترۆڵی ناوچەکانی دەرچەی هورمز و دەوروبەری وەک دوورگەی خارگ.

دەستپێشخەرییە ١٥ خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمریکا کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو خرایە ڕوو، لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت:

١. هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی بە شێوەی هەمیشەیی.

٢. سنووردارکردنی توانا موشەکییەکان و هەڵوەشاندنەوەی هێزە پرۆکسییەکان.

٣. پلانی ڕێڕەوی ئازاد بۆ گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی دەریاییی ئازاد.

٤. لابردنی سزاکانی سەر ئێران.

بەڵام لە بەرامبەردا ئێران هەر زوو ئەم دەستپێشخەرییەی ڕەت کردەوە. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە هاوکاتن لەگەڵ ناردنی چەندین کەشتیی هێزی زەمینیی ئەمریکی بۆ دەوروبەری کەنداو و ئامادەکارییان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە ئەمە بە ڕوونی لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە ڕوو. لە ئێستادا گوتاری سیاسیی ئەمریکی بە شێوەیەکی گەورە زیاتر خۆی لە چەند بابەتێکی سەرەکیدا دەبینێتەوە، ئەوانیش: بەرنامەی ئەتۆمی، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و هتد.: لێکدانەوەی جەنگەکە بەپێی سروشتی سەربازییانەی هێرشەکان

ئەگەرچی جیاوازیی ئەم جەنگە لەگەڵ جەنگی دوازدە ڕۆژەدا لە ڕووی لێدان لە دڵی کۆماری ئیسلامی جیاوازیی گەورەی هەیە و لە سەرەتادا پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکە بوو، بەڵام ئێستا ئەوەی زیاتر لە شیکارە سەربازییەکانەوە دەوترێت و ئاماژەی بۆ دەکەن ئەوەیە کە ئامانج لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران نییە، بەڵکوو دروستکردنی سیستمێکی پاڵپێوەنانی سەربازی و ئابوورییە کە ئێران لە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و موشەکی سنووردار بکات.

بەڵگەی ئەم بۆچوونانەش خۆی دەبینێتەوە لە سروشتی جەنگەکە لە ڕووی سەربازییەوە؛ لەکاتێکدا هێرشەکان بۆ سەر هێزی دەریایی و موشەکیی ئێران بەردەوامە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ڕەتی دەکەنەوە هێزی زەمینی ڕەوانەی ناو خاکی ئێران بکەن بۆ جەنگێکی بەرفراوان، تەنانەت کەمپەینی هێرشەکان بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە پەڵەی تێدا نییە و درێژخایەنە بۆ ئەوەی ئێران لە ناوچەی هورمز و پڕۆژەی ئەتۆمی بێتوانا بکات.

 تیۆری مۆدێلی ڤەنزوێلا (The Venezuelan model theory)

شیکردنەوەی ئەم تیۆرە دەڵێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خواستی لە وەرگۆڕینی دەرەنجامی جەنگەکە لەگەڵ ئێران جۆرێک لە هاوشێوەی ئەو مۆدێلە بێت کە لە ٣ی ١ی ٢٠٢٦دا تێیدا بە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، کۆنترۆڵی سیاسی و ئابووریی ئەم وڵاتەی گرتە دەست. لە ئێرانیش دوای لەناوبردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕژێمەکە و دەیان بەرپرسی پلەباڵا، ئەمریکا هەوڵ دەدات لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناو ڕژێمی ئێستای ئێران کار بکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئابووری و سوودوەرگرتن لە سامانە نەوتییەکان، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی تەواو سیستەمی حکومڕانی بگۆڕێت. وتوێژ لەگەڵ کەسایەتییە میانڕەوەکانی وەک حەسەن ڕۆحانی و مەسعوود پزیشکیان بە بەشێک لەم ستراتیژە دادەنرێت؛ واتە لە جیاتی گۆڕینی سەرلەبەری ڕژێمەکە، گۆڕینی ڕەفتاری بەشێکی تازەی ئەو سەرکردانەی کە دەچنە شوێنی سەرکردە لەناوبراوەکان.

 تیۆری مانەوەی خودی (The Survival Theory)

بەپێی ئەم تیۆرە، تاکە ئامانجی ڕژێمی ئێران لەم جەنگەدا بریتییە لە مانەوەی (Survival)ی خۆی. ڕژێمی ئێران ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە جۆرێک لە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام پێویستیشی بە سەرکەوتن نییە، بەڵکوو داواکاریی بنەڕەتیی ڕژێمەکە بریتییە لە مانەوەی سیستمەکە. ستراتیژی بەرگری کە سیستەمی فەرماندەیی لە ناوەندی وەڵامدانەوە خێرا و بڵاوەکان، لەوانەش تاکتیکی داخستنی تەنگەی هورمز، بەشێکن لە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی جەنگەکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، بە ئامانجی وازهێنانیان لە گۆڕینی ڕژێمەکە.

 پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی نوێ (The New Middle East Theory)

پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی نوێ کە بریتییە لە دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگییە جیۆستراتیژییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ستراتیژی دوورمەودای ئەمریکی-ئیسرائیلی. شیکردنەوەکان دەڵێن ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا لاوازکردن یان لەناوبردنی ئێران نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی گەورەترە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزەکان و هاوسەنگییەکان بەپێی قەڵغانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە جۆرێک هەژموونی ئیسرائیل مسۆگەر بکرێت، ئەمەش لە ڕێگەی:

١. بنبڕکردن و بچووککردنەوەی هێزە هەرێمییەکانی وەک ئێران.

٢. کۆتاییهێنان بە پرسی فەلەستین (حەماس، حیزبوڵا و هتد).

٣. بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سەربازی و ئابووری لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە ستراتیژییەکانی وەک تەنگەی هورمز و سەرچاوەکانی وزە.

 تیۆری ئێران لە سندوقدا (Iran In The Box)

ئەم تیۆرە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک بەشێک لە ستراتیژییەتی هاوبەشی زۆرلێکردن دەبینێت نەک تەنیا ئامانجە سەربازییە سەربەخۆکان. ئەم ستراتیژە شەش ئامرازی پێکهێنەر لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە: کردە ئاسمانییەکان، لێدانی سەرکردایەتی، لاوازکردنی پرۆکسییەکان، فشاری ئابووری لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر سەرچاوەکانی وزە، نیشاندانی توانای هێرشی بەردەوام و هەڕەشەی هێرشی نوێ. ئامانج لە کۆی ئەم تاکتیکانە دروستکردنی سندوقێک (BOX)ە کە ئێران لە ناویدا جۆرێک لە کۆت و بەند بکرێت، بەم ڕێگەیەش توانای پڕۆژەکردنی هێز و پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکرێت، هاوشێوەی سیستەمی کۆنترۆڵکردنی عێراق دوای جەنگی ١٩٩١.

تیۆری تەڵەی پەرەسەندن (Escalation Trap)

بەپێی شیکردنەوەی ئەم بۆچوونە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، ئەمریکا پێشبینیی شەڕێکی کورتخایەن و بڕیاردەری کردبوو، بەڵام دوای بەرگری و وەڵامدانەوەی ئێران، خۆی لە تەڵەیەکی گەورەکردندا بینییەوە؛ نە دەتوانێت بە ئاسانی لە جەنگەکە بکشێتەوە و نە دەتوانێت هێرشەکان فراوانتر بکات بەبێ بەریکردنی زیانێکی گەورەی ئابووریی جیهانی. واتە دروستبوونی دۆخێکی دیفاکتۆی نوێ کە جۆرێک لە ئیحراجی بۆ ئەمریکا بێنێتە کایەوە. هەر بۆیە ئەمریکا کەوتووەتە نێوان دوو بەرداش: یەکەم، وازهێنان کە بە شکستی ئەمریکا لەقەڵەم دەدرێت؛ دووەم، گەورەکردنی جەنگەکە کە مەترسیی قەیرانێکی گەورەی جیهانیی وەک ڤێتنامی لێ بکەوێتەوە.

هەروەها بەپێی شیکردنەوە لەژێر ڕۆشناییی تیۆری ڕیاڵیزم کە پرۆفیسۆر د. ئەنوەر فەرەج شیکردنەوەی تایبەتی لەم بارەیەوە کردووە، دەڵێت: “ئەم جەنگە بە ڕێککەوتنی ئاشتییانە کۆتایی نایەت، بەڵکوو لە دوو دۆخی دیاریکراودا دەوەستێت؛ یەکەمیان گەیشتنی کۆی توانای لایەنێکی جەنگ بۆ سفر، یانیش هەردوو لایەنی جەنگەکە دەگەنە دۆخێکی چەقبەستوو”.

 دیارترین سیناریۆکان بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ

لەژێر ڕۆشناییی ئەو بارودۆخانەی کە لە دەرەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و لە لایەکەی تریش کاردانەوە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتیش دوای هاتنە ئارای قەیرانی تەنگەی هورمز، لەپاڵ دەستپێشخەرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی دیپلۆماسی، ئاماژەی بەرچاون بۆ سەختبوونی خێرا هاتنە ئارای پلانی “A” وەک کۆی ئامانجە شاراوەکانی دیوی پشتەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران. بەڵام ئەوەی دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت، پێدەچێت پلانی جیاواز بۆ کۆتاییهاتنی جەنگەکە و لەوەش گرنگتر ئیدراکی گرنگترین ئامانجەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بن دژ بە کۆماری ئیسلامی.

لە خراپترین دۆخدا ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەنی بەهێزترین و زەبەلاحترین هێزی سەربازی و هەواڵگریین، پێدەچێت پلانی مەزنیان بۆ هێنانەدیی ئامانجە ستراتیژییەکانیان داڕشتبێت و لێی نزیک بووبنەوە. دەکرێ گۆڕینی دەم و چاوی زۆربەی سەرانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتیش کەسی یەکەم، بە یەکێک لە هەرە ئامانجە گرنگەکان وێنا بکرێت، لەپاڵ ئەوەشدا لەناوبردنی بەرنامە و کێڵگە ئەتۆمییەکان و سەکۆ موشەکییەکان دیسان ئەم ئامانجانەش بە دەستکەوت و ئامانجی گەورەی ئەمریکا و ئیسرائیل دێنە هەژمار.

بە ڕوونی دیارە کە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز یەکێکە لە ئامانجە باڵاکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران. وەک پێشتر ئاماژەمان بە پێگەی گەرووی هورمز کرد کە بە ناوچەیەکی ستراتیژیی گەورەی جیهانی دادەنرێت لە ڕووی گرنگیی ئابوورییەکەیەوە، بەڵام بۆ ئێران ڕۆڵێکی زۆر گەورەتری هەیە، کە ڕێژەی نزیکەی ٩٠٪ی نەوتی ئێران لەوێوە هەناردە دەکرێت. هەر بۆیە بە لایەنی کەمەوە دەکرێت بڵێین کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەبێ کۆنترۆڵکردنی پێگەی ئەم ناوچەیە لەلایەن ئەمریکاوە جۆرێک لە شکست و لەمپەری ستراتیژی دەبێت، بەڵام هەنگاوەکانی ئەمریکا بە ڕوونی بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە دیارن.

هەر بۆیە دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە دیارترین سیناریۆکان بخەینە ڕوو:

یەکەم: ڕێککەوتنی دیپلۆماسی و کشانەوەی ئەمریکا

بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە بەندە بەو ئامانجە بنەڕەتییانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەستپێکردنی هێرشەکانیاندا هەیانە؛ واتە لە ئەگەری نەهاتنەدیی ئامانجەکان لە ڕێگەی هێرشە سەربازییەکانەوە، بەدیهاتنی بەشێکیان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ڕێککەوتنەوە. ئاماژەی ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەرییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و لەوانەش ١٥ خاڵەکەی دۆناڵد ترەمپ وەک پێشتر ئاماژەمان دا بە بەشە گرنگەکانی. واتە پێش ئەو هێرشە زەمینییە دیاریکراوانەی کە ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ تاکوو ئێستا ڕایانگەیاندوون و بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان پێکدێن لە هێرشی زەمینیی سنووردار بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی ئاوی کەنداو و لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی، جۆرێک ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ هاتنەدیی هەمان ئامانج بە تێچوویەکی کەمتر؛ واتە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتیی کۆتاییپێهێنەر بە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی جەنگەکە، ئەوەش واتای نەمانی هەڕەشەی لەناوبردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکات.

دووەم: شەڕی بێ کۆتایی و جەنجاڵی ناوچەیی

بەردەوامبوونی جەنگەکە و بە پلانی تری سەربازی، یان لە پاڵیدا ئاگربەستی تاکلایەنەی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکێکی ترە لە ئەگەرەکان. واتە کۆتاییهاتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دوای هاتنە ئارای بەشێکی بەرچاوی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمەش دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکا و هێنانەدیی خەونی سەرۆکی ئەمریکا وەک خۆیان ڕایانگەیاندبوو. لە لایەکی تریشەوە ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان بەردەوام باسی مەترسییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکەن کە بە جۆرێک هێشتا بنبڕ نەکراوە و قەیرانێکی گەورەی هاتنە ئارای پلانەکان پێک دەهێنێت. دوای هاتنە ئارای ئەم ئامانجانەش، هێشتا ناتوانرێت ئامانجەکانی ئیسرائیل فەرامۆش بکرێن کە بریتین لە بنبڕکردنی هێزە پڕۆکسییەکانی ئێران و توانای موشەکییەکان کە بەردەوام بوونەتە مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل. لە کۆی گشتیی ئەمەدا دەتوانین بڵێین کە ئەگەر بە شێوەیەکی کاتی جەنگ کۆتایی بێت یان هێرشەکان زۆر کەم ببنەوە بۆ ئاستێکی نزم، ئەوا هێشتا ناتوانرێت گەرەنتیی سەرهەڵدانەوەی هەمان جەنگ نەکرێتەوە هاوشێوەی جەنگی ١٢ ڕۆژە، بەمەش ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر سەرقاڵ دەبێت بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و جەنجاڵبوونی بەردەوام.

سێیەم: پەلکەزێڕینەی ئەتۆمی

ئەم سیناریۆیە بە لاوازترین ئەگەری دوای ئەم جەنگە دێتە هەژمار، ئەویش بریتییە لە بەرگەگرتنی ئێران بەرامبەر ئەم هەموو هێرشە سەربازییە تاقەتپڕوکێنانەی کە بە هاوبەشیی دوو وڵاتی بەهێزی جیهان بەڕێوە دەچن و بە بەهێزترین بۆمب و کەرەستەی سەربازی بەشدارییان لە لەناوبردنی کۆی ژێرخانی سەربازی و ئابووری و بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەدا کردووە. بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵە ئەمریکا بە گوتار و سزای ئابووری و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی پێشگرتنی ئێراندایە بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆم و چەکی ئەتۆمی، ئێستاش دەستی بردووەتە بینەقاقا و دوا هەناسەی مانەوەی ڕژێمەکە. لەم هەلومەرجەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بتوانێت ببێتە خاوەنی خەونی لەمێژ ساڵەی خۆی کە گەیشتنە بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم و چەکی ئەتۆمی. وەک دەبینرێت نەک توانای بەرەوپێشچوون، بەڵکوو بەپێی زانیارییەکان ئێران لەم بارەیەوە زۆر گەڕاوەتەوە دواوە و پێدەچێت پەلکەزێڕینەی ئەتۆمی ببێتە ئەو خەونەی کە تێیدا لە جیاتی ئەوە سه‌ره‌خۆره‌ی نەمانی ڕژێمەکە لەلایەن سەرانیەوە ببینرێت.

چوارەم: ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا

بەپێی ئەم سیناریۆیە، لە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، ڕژێمەکە لە ناوخۆی خۆیدا تووشی هەرەس و داڕمان دەبێتەوە بەبێ ئەوەی ئەمریکا هێرشی زەمینیی بەرفراوان ئەنجام بدات. ئەمەش بەبێ هاوکاری و هاوپەیمانیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی ڕژێمەکە ناگونجێت، بەڵکوو ئەلتەرناتیڤێک بە جۆرێک لە تارانەوە وەک حکومەتی نوێ سەرهەڵدەدەن و ڕژێمێکی نوێ بۆ وڵاتەکە ڕادەگەیەنن؛ دەسەڵاتێک کە بە تەواوی بەپێی خواستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت. بەمەش سەرکەوتنی گەورەی ئەمریکا و ئیسرائیلی لێ دەکەوێتەوە و دەبنە هاتنەدیی ئامانجەکانیان بە زیادەوە؛ خواستی گەورەی سیاسی و ئابووریی ئەمریکا بە تەواوی جێبەجێ دەبێت و هاوسەنگیی هێزەکانیش لە ناوچەکە دووبارە لە قازانج و بەپێی داواکارییەکانی ئیسرائیل دادەڕێژرێنەوە و پڕۆکسییەکانی وەک حیزبوڵا و حەماس بنبڕ دەبن. بەڵام ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی کێشەی گەورەیە وەک ئامادەییی ئەو ئەلتەرناتیڤەی کە باسی لێوە کرا، هاوکات لەگەڵ بەرهەنگاریی دووەم کە بریتییە لە ڕادەی بەهێزی و توانای ئەلتەرناتیڤێک کە بوونی هەبێت جگە لە هێزە کوردییەکان، کە تاکوو ئێستاش بە بەهێزترین هێزی سیاسی و سەربازیی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێن.

پێنجەم: مانەوەی ڕژێمی ئێستای ئێران لەسەر تەختی دەسەڵات، تاکوو دواتر لە ناوخۆی خۆیدا ڕووبەڕووی گۆڕان دەبێتەوە

مانەوەی ڕژێمەکە دوابەدوای هاتنە ئارای بەشێکی گەورەی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مانەوەیەکی بێهێز لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە. هەر وەک پێشتریش ئاماژەمان کرد بۆ تەنگژەی گەرووی هورمز، کە ئەگەری گەورە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئەمریکاوە، بەمەش زیانێکی یەکجار گەورەی ڕاستەوخۆ بەر ئابووریی ئێران دەکەوێت بە ڕادەیەک کە لە پەل و پۆی دەخات؛ جیا لە هێرشە گەورەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە وەک کارگە گەورەکان لە قوڵاییی خاکی ئێراندا، سەرباری ئەمەش زیانی گەورەی سەربازی کە لەناوبردنی مرۆیی و لۆجیستیی بەرچاوی هێزەکانی ئێرانی لێکەوتەوە.

گۆڕانی ڕۆڵی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان دەبێتە کاریگەرییەکی گەورەی نەرێنی بۆ سەر پەیوەندییە سیاسییەکان. لە لایەکی ترەوە، ئەم هەموو هێرشانەی ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتانی کەنداو، ئەگەر لە ئێستاشدا بەبێ وەڵام بمێننەوە، ئەوا بۆ داهاتوو دەبنە هەوێنی گەورەی گەلەکۆمەی پاڵنانی ڕژێمی ئێستای ئێران بەرەو هەڵدێری یەکجاری.

لەلایەکی ترەوە ڕۆڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە ئێستادا کورد بە ڕێکخراوترین و بەهێزترین هێزی مەیدانەکە دێتە هەژمار و هەموو دنیا چاوێکی لەسەر کوردە، بۆ خۆی فشارێکی گەورەی ناوەکییە بۆ گۆڕینی ڕژێمەکە لە ڕەگ و ڕیشەوە. ڕەنگە دۆخێک بێتە ئاراوە کە شۆڕش و ڕاپەڕین سەرتاسەری وڵاتەکە بە تاران و تەورێزیشەوە بگرێتەوە؛ ئەو شکستە گەورانەی کە سوپای پاسداران ڕووبەڕوویان بووەتەوە، دەبێتە دەرفەتێکی گەورەی بەردەم هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.

 ئەنجام

دوای خوێندنەوەیەکی وردی کۆی جەنگەکە و باکگراوەندەکانی پێشووتر و تێڕامان لە ستراتیژیی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بوون بە نێچیرێکی ڕاوکراو، ئەگەر بە ناو واقیعی جەنگەکە و تیۆر و سیناریۆکاندا گوزەر بکەین، دەتوانین ئاماژە بۆ کۆمەڵێک ڕاستیی پەیوەست بەم بابەتە بکەین:

١. جەنگەکە کاتی زیاتری پێویست بوو وەک لەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان بۆ دانابوو، واتە پێدەچێت بژاردەکان سەبارەت بە دەرەنجامی جەنگەکە لە “A”وە بەرەو “B” یان “C” ڕۆشتبن، بەڵام ئەمە بە واتای شکستی سەربازی و سیاسیی ئەمریکی و ئیسرائیلی نایەت، چونکە ئەوەی گۆڕاوە بریتییە لە زیادبوونی تێچووی ئابووری و کاتی زیاتر بۆ هێنانەدیی ئامانجەکان لە ڕێگەی پلانە جۆربەجۆرەکانی جەنگەوە.

٢. مانەوەی ڕژێمی ئێستای ئێران، تەنیا وەک مانەوەی سیستمەکە و داماڵدراو لە زۆربەی توانا سەربازی و ئابوورییەکانی، ئەگەرێکی بەهێزە؛ ئەگەرچی ڕەنگە لە کۆتاییدا وەک تاکە دەستکەوتی ئێران لە جەنگەکەدا وەک ئاماژەی سەرکەوتن ڕابگەیەنرێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە سەرەتایەکی کوشندە بۆ زوو لەناوچوونی لە ناوخۆی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوخۆی ئێرانی دەرەوەی ڕژێمەکە. بەشداری نەکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگێکی بەرفراوانی زەمینیدا، ئەگەرەکانی مانەوەی ڕژێمەکەی لە حاڵەتی لاوازیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەدەر لە کورد زیاتر کردووە. سەرباری هاتنە ئارای ئامانجە گرنگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام دەرفەتێک هەیە تاکوو ماوەیەک هەبوونی ڕژێمەکە بەردەوامیی هەبێت، بەڵام چۆن هەبوونێک کە پایە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی لەناو برابن یان زۆر تێک شکابن.

٣. درێژەکێشانی ئەم جەنگە لەوە زیاتر، سەرباری زیانە سەربازی و ئابوورییەکانی ئێران، وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرەو ئاقارێکی بێزارکەردا بردووە، ئەمەش بە ڕوونی لە گوتاری سەرۆکایەتیی ئەمریکادا هەستی پێ دەکرێت؛ سەرباری زیانە ئابوورییە ڕاستەوخۆکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی. لەبەر ئەمە پێدەچێت پلانی تری ڕانەگەیەنراوی شۆکهێنەر بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگەکە و خۆدەربازکردن لەم جۆره‌ قەیرانە بخرێنە ڕوو. ئەگەرچی نکۆڵی لە سەرکەوتنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئێراندا وەک گرتنی تیشکی خۆر بە بێژینگ وایە، جگە لەو زیانانەی کە لە ڕێگەی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانەوە بەر بنکە ئەمریکییەکان و کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل کەوتوون کە زیاتر زیانی ماددی و مەعنەویین. لە هەمان کاتدا، ئەوەی تاکوو ئێستا بە ڕوونی دەبینرێت ئەوەیە کە دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا لە ڕێگەی هێرشە سەربازییە تەواونەکراوەکاندا، وەک ئەوەی ئەمریکا پلانی بۆ داناوە، سەرکەوتن لە هاتنە ئارای ئامانجە سەرەکییەکاندا ڕابگەیەنرێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی

 ئیزەدخواه، عومەر(٢٠٢٦): سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان

ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان

ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان هێلینا باوەرنفایند ئەوە ئەو ساتە بوو کە دەکرێت لە مێژووی ململانێ نوێیەکاندا وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژمار بکرێت: کاتێک یەکەم بۆمبەکان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی [...]

  • لەکوردترسێنی و کوردترسێنی

لەکوردترسێنی و کوردترسێنی

لەکوردترسێنی و کوردترسێنی مەسعوود بابایی بەرایی: "لەکوردترسێنی" و "کوردترسێنی" دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە [...]

  • لە ستایشی پێشمەرگە

لە ستایشی پێشمەرگە

لە ستایشی پێشمەرگە ئارام کەیخوسرەوی پێشەکی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵات و تێپەڕبوون لە فۆرمە نەریتییەکانی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوە مۆدێرنەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا. مۆدێرنیتەی سیاسی، وەک پڕۆسەیەکی گشتگیر، تەنیا [...]

  • لۆژیکی پارچەپارچەکردن – "بەرگریی مۆزاییکی"ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا

لۆژیکی پارچەپارچەکردن – “بەرگریی مۆزاییکی”ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا

لۆژیکی پارچەپارچەکردن – "بەرگریی مۆزاییکی"ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا هێلینا باوەرینفایند یەکێ لە پارادۆکسەکانی ململانێ هاوچەرخەکان ئەوەیە، کە باڵادەستیی سەربازی حەتمن بە واتای کۆنترۆڵی سیاسی نایەت. لەکاتێکدا واشنتۆن و ئۆرشەلیم [...]

ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا

ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا ڕەحیم سورخی بەشێکی زۆر تایبەتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ئەو لێڵی(ابهام)یە کە لە گوتاری سیاسیی- میدیایی ترامپدا هەیە. [...]

  • گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا

گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا

گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا حەسەن قارەمانی گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا تێکانە توندەکانی وزە، جیۆپۆلەتیک و سەقامگیریی ئابووری! وزە یەکێکە لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنان لە ئابووریی [...]