سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد

لوقمان قەنبەری 

سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد

ئەمڕۆ جیهانگیری تێگەیشتنی ئێمەی لە سیاسەت و سروشتی کارلێکی نێوان ئەکتەرەکان لە گۆڕەپانە سیاسییەکاندا بە تەواوی گۆڕیوە.

لە ڕوانگەی نەریتیی سیاسەتدا دەوڵەت لە ناوەندی سەرنجدا بووە، واتە دەوڵەت تاکە ئەکتەری سیاسی بووە لە ناوەندی توێژینەوەی سیاسیدا.

لەم پرۆسەیەدا دەوڵەت گرنگترین فاکتەر بوو کە کاریگەریی لەسەر ڕەفتار و کردار و ئاراستەی سیاسیی خەڵک هەبوو؛ بەڵام جیهانگیری کۆتاییە بەم تێڕوانینە تەقلیدییە، چونکە دەوڵەت لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و کرداری سیاسیدا نەماوە.

لە ڕاستیدا پرۆسەکانی جیهانگیری بە ناچاری دامەزراوەی نەریتیی دەوڵەت دەگۆڕن و دواتریش قەوارەی جیۆپۆلیتیکیی دەوڵەتی نەتەوەیی پێگەی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو لەدەست دەدات.

بەڵام سەبارەت بە بارودۆخی کورد لە سەردەمی جیهانگیریدا، پێویستە بگوترێ کە جیهانگیری لە لایەک تەحەدای ئۆنتۆلۆژییە بۆ حکومەتەکانی سایکس پیکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە لایەکی دیکەشەوە دەرفەت و ئەگەرێکە بۆ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد بۆ تێپەڕاندنی پێکهاتە ئیستغلالکار و سەپێنراوەکەی جیۆپۆلیتیک بەسەر خاکی کوردستانی گەورە و گەلی کورددا.

جیۆپۆلیتیکی کۆلۆنیالیزم جەخت لەسەر هەژموون و کۆنترۆڵکردنی خاکی کورد دەکاتەوە، لە کاتێکدا جیهانگیری بە پرۆسەیەک دادەنرێت کە سنوورەکان کاڵ دەکاتەوە و کارلێک و دەرفەتی بێشومار بۆ ڕزگاریی کورد دەڕەخسێنێت؛ بۆیە هەر کاریگەرییەکی پڕۆسەکانی جیهانگیری لەسەر گۆڕینی نەزمی جیۆپۆلیتیکی کۆلۆنیالیستیی سایکس پیکۆی دەوڵەت لە ناوچەکەدا، دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەدەی بیست و یەکەمدا بۆ تەحەدای نەزمی دەوڵەتئاڕاستەکراو لە ناوچەکەدا کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

بە واتایەکی تر، لە ڕوانگەیەکی پۆستمۆدێرنیستییەوە، جیهانگیری دەرفەتێکە بۆ کورد کە تەحەدای میتافیزیکیی دەسەڵات بکات لە لۆژیکی سایکس پیکۆ و دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکاندا کە لە مێژە هەوڵی کۆیلەکردنی سوبژێکتیڤیتیی کوردیان داوە، و سەرهەڵبدەن و خۆیان وەک سوبێکتێکی نوێی جیۆپۆلیتیکی دووپات بکەنەوە.

لە ڕاستیدا سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد بە واتای بارودۆخێکە کە بە هۆی نائارامی و سەرهەڵدانی نائارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەی گوتاریی پێکهاتەی جیۆپۆلیتیکیی زاڵ لە ناوچەکەدا دەلەرزێت؛ لەم کاتەدا سوژەی کورد ئازادیی کردار دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی وەک “بریکار” یان “بریکاری سیاسی” مامەڵە بکات و تەحەدای گوتاری هەژموونی بکات و لە هەمان کاتدا بە دەرچوون لە خنکاندنی جیۆپۆلیتیکی، دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر نەزمی خوازراوی خۆیدا لە ناوچەکەدا.

لە ڕاستیدا جیهانگیری سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکیی تایبەتی بە کورد وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی بەخشیوە.

جیهانگیری بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی جیۆپۆلیتیکی، دەرفەتێکی بۆ کورد ڕەخساندووە بۆ ڕەخنەگرتن و هەڵوەشاندنەوەی جیۆپۆلیتیکی دەوڵەتە کۆلۆنیالیست و ئیستغلالکارەکان لە جوگرافیای سیاسیی کوردستانی گەورەدا بە نیشاندانی کارایی سیاسی/ئایدیۆلۆژیی گوتاری جیۆپۆلیتیکی کلاسیک.

لە ڕاستیدا جیۆپۆلیتیکی ڕەخنەگرانە تیۆرییە جیۆپۆلیتیکییە کلاسیکییەکان بە نیشاندانی ئەرکە سیاسی/ئایدیۆلۆژییەکانیان بۆ دەسەڵاتی گەورەی جیهانی دەشێوێنێت.

بۆیە جیهانگیری و ئەو لۆژیکە ترانزێتریتۆریاڵییەی کە هاوڕێیەتی دەکات، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێتە دەرفەتێک و مۆڵەتێک بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک کورد بۆ ئەوەی ڕۆڵ ببینن وەک بریکاری جیۆپۆلیتیکی لە هاوکێشە فرە نەناسراوەکانی سیاسەت و دەسەڵات لە ناوچەکەدا.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو تەوەری پێشوودا، یەکێک لەو دەرفەتە مێژووییانە بۆ ڕۆڵی سوژەی جیۆپۆلیتیکی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین شەڕی کەنداوی فارس. لە ڕاستیدا دوای یەکەم جەنگی کەنداو و دواتر ڕاپەڕینی کورد لە باکووری عێراق و دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین، کورد سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆ. هەروەها شەڕی دووەمی کەنداو و ڕووخاندنی سەدام حوسێنی دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کورد توانی ئەم دەستکەوتانە چەسپێنێت بۆ ناوچەیەکی تاڕادەیەکی زۆر ئۆتۆنۆم لە سەرانسەری باکووری عێراق و بە شێوەیەکی کاریگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ پێکهێنا.

بەڵام ئەوە تەنیا کوردانی باشوور نەبوون کە توانیان لە دوو دەیەی ڕابردوودا، لانیکەم لە بەشێکی کوردستانی گەورە، ئاواتە ناسیۆنالیستییەکانی کورد لە شێوەی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریدا بەدی بهێنن، چونکە هاوشان لەگەڵ ئەوان، کوردانی دانیشتووی سوریا، یان بە واتایەکی تر کوردانی ڕۆژاڤا، توانیان سوود لە قەیرانی ناوخۆی سوریا وەربگرن و خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی پێکبهێنن.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣ی بەفرەنبار ٢٧٢٥ی کوردی

قەنبەری، لوقمان (٢٠٢٥):سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

Nothing Found

  • تێڕوانینەکانی دوکتۆر قاسملوو سەبارەت بە ئابووریی کوردستان لەسەر بنەمای کتێبی"کوردستان و کورد"!

تێڕوانینەکانی دوکتۆر قاسملوو سەبارەت بە ئابووریی کوردستان لەسەر بنەمای کتێبی”کوردستان و کورد”!

حەسەن قارەمانی ماستەری باڵای ئابووری نەتەوەیی   پێشەکی دوکتۆر قاسملوو بە یەکێک لە پێشەنگترین ئابوریناسە کوردەکان و ئابووریناسێکی بەرچاو لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا. کتێبە کاریگەرەکەی بە ناوی "کوردستان و کورد" شیکارییەکی زانستیانەی کوردستان و [...]

گاڵتەجاڕیی کوردبوونی سومەری

نووسەر: سوداد ڕەسوول، مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەر لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند نووسەرێکی کورد کەوتووونەتە ساغکردنەوەی زمانی سومەری و پەیوەندی بە زمانی ئەمڕۆی کوردییەوە، ساغکردنەوەکان و شیکردنەوەکان ئەوەندە سەرەتایی و سادەن، ئەوەی زانستی زمان، مێژوو [...]

زاراوەسازی لە وەرگێڕاندا

نووسەر: مەسعوود بابایی، نووسەر، لێکۆڵەر و وەرگێڕ ئەرکی وەرگێڕان ئەوەیە کە فێری نووسینمان بکات. پێناسە باوەکانی وەرگێڕان لەگەڵ ئەوەی دەتوانن تا ڕادەیەک ئەرکی وەرگێڕان بۆ ئێمە شی بکەنەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا ڕەنگە [...]

خندیدن، علیه سیاستِ کمیک

نویسنده: بهار حسینی، عضو تحریریه بلاگ ژیانه‌وە خنده هم پتانسیل این را دارد که  عَلَقه های اجتماعی را محکم کند و هم می تواند موجب افتراق و جدایی شود. ایجاد  عَلَقه در ساختار جامعه ای [...]

قووتدانی جیهان بە شێوازی چینی !

حەسەن قارەمانی ماستەری باڵای ئابووری نەتەوەیی پێشەکی: "قووتدانی جیهان بە شێوازی چینی و ڕۆڵی چین لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی سەدەی بیست و یەکەمدا" دەستەواژەیەکە کە یەکێک لە دیاردە هەرە گرنگ و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی جیهانیی مۆدێرن دەکاتەوە. [...]

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل: پەردەلادان لەسەر ئەفسانە ٢٥٠٠ ساڵەکە

داود عوسمانزادە لێکۆڵەری کۆمەڵناسیی سیاسی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ لە جوگرافییای سیاسیی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە سەرەکیترین دروشمەکانی ئەو ڕژێمە لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل و "سڕینەوەی ئەم وڵاتە [...]