شۆڕشی کەزی
هیوا جەمال
شۆڕشی کەزی
لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت و پێی دەگوترێت هۆنینەوەی پرچ “کەزی”، تەنیا ئەکتێکی سادەی پشتگیری یان نمایشێکی کاتی نییە؛ بەڵکو بە بڕوای شارەزایانی زانستە سیاسییەکان، ئەمە لە رەهەندە سەرەتاییەکەی دەرچووە و گۆڕاوە بۆ “شۆڕشێکی نەرم” کە تەواوی تێڕوانینە جیهانییەکانی بەرامبەر بە ناسنامە و جەوهەری تێکۆشانی کورد گۆڕیوە. ئەمڕۆ “شۆڕشی کەزی” گوزارشت لە قۆناخێکی نوێی هۆشیاریی نەتەوەیی دەکات.
یەکێک لە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین رەهەندەکانی ئەم جووڵە فراوانەی کەزی ( پرچ هۆنینەوە)، ناسنامەی بەشداربووانێتی. بۆ ماوەیەکی درێژ، دەنگۆ و تێڕوانینێکی باو هەبوو گوایە نەوەی نوێ و گەنجان لە هەستی نیشتمانی دابڕاون و سەرقاڵی ژیانێکی دوور لە خەمە نەتەوەییەکانن، چیدیکە سەرپێسپاردن نەماوە. بەڵام “شۆڕشی کەزی” ئەم تێڕوانینەی بەتەواوی هەڵوەشاندەوە. زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە ریزەکانی پێشەوەی ئەم بەرخودانە مەدەنییەدا دەبینرێن، گەنجان و تازەپێگەیشتووانن. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە هەستی سەرپێسپاردن لەناو ئەم نەوەیەدا نەک کاڵ نەبووەتەوە، بەڵکو بە فۆرمێکی مۆدێرن و کاریگەرتر سەری هەڵداوەتەوە. گەنجان نیشانیان دا دەتوانن لە رێگەی هێماکانەوە، گەورەترین پەیامی سیاسی بگەیەنن و ببنە پێشڕەوی خۆپێشاندانەکان.
شارەزایانی سیاسی پێمان دەڵێن کە “شۆڕشی نەرم” یان بەکارهێنانی سیمبوولەکان بۆ گۆڕانکاری، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە. لە شۆڕشی فەڕەنسادا لە ساڵی 1789، کاتێک ژنانی پاریس رێپێوانێکی مێژووییان بەرەو کۆشکی “ڤێرسای” دەستپێکرد، چەکی سەربازییان بەکارنەهێنا، بەڵکو تەنیا بە هێزی ئیرادە و رێپێوانێکی مەدەنی توانیان پاشایەتیی فەڕەنسا بلەرزێنن. ئەو رێپێوانە بووە سیمبوول تێکشکاندنی ستەمکاریی.
کڵاوی “فریجی” (Phrygian cap) نموونەیەکی دیکەی جیهانییە. ئەم کڵاوە کە رەگەکەی بۆ سەردەمی رۆمەکان دەگەڕێتەوە و دواتر لە شۆڕشی فەڕەنسادا بووە هێمایەکی سەرەکی، هێمای رزگاربوون بوو لە نایەکسانی و هەژموونی چینایەتی. هەر کەسێک ئەو کڵاوەی لەسەر بکردایە، پەیامێکی سیاسیی روونی دەدا: “من ئازادم”. ئەمڕۆ پرچکردن بە کەزی هەمان ئەو رۆڵە دەبینێت؛ بووەتە زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو ئەوانەی تینووی دادپەروەری و ئازادین.
لە مێژووی نێوخۆیی خۆماندا، نموونەی هەرە دیار “جامەدانیی سوور”ە. ئەوەی لە ناوچەی بارزانەوە وەک پۆشاکێکی ناوچەیی دەستی پێکرد، بەهۆی زوڵم و ستەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، گۆڕا بۆ هێمایەکی نەتەوەیی و سیاسیی گەورە. جامەدانیی سوور تەنیا پارچە قوماشێک نەبوو، بەڵکو ناسنامەیەک بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نیشاندانی ئازایەتی.
ئەمڕۆ “کەزی” تەواکاری ئەو مێژووەیە. ئەگەر دوێنێ جامەدانیی سوور رەمزی بەرگریی شاخ و پێشمەرگایەتی بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ کەزی هۆنینەوە بووەتە رەمزی بەرگریی مەدەنیی شار و گەنجان. ئەم شۆڕشە پێمان دەڵێت کورد هەمیشە دەزانێت چۆن لە ناو جەرگەی ئازار و ستەمدا، هێمایەک بۆ ژیان و ئازادی دابهێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
جەمال، هیوا(٢٠٢٦): شۆڕشی کەزی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە... ئارام کەیخوسرەوی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی سێ ڕووداوی سیاسیی گەورە بوونەتەوە: ڕاپەڕینی ژینا، شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، و پێکدادانە دوایییەکانی [...]
لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا
لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا کاوە عومەر خۆشناو لە ساڵی ١٩٧٦ ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی دەگمەنی لە ئێنتێبی پایتەختی ئۆگاندادا ئەنجام [...]
پەیامە هەستیارەکەی تاران
پەیامە هەستیارەکەی تاران هێلینا باوەرنفایند عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەم ڕۆژانەدا بە ڕاگەیەندراوێکی بە رواڵەت ئاسایی، ئاماژەیەکی نارد کە زۆر لە سنوورەکانی ناوچەکە تێدەپەڕێت: گەرووی هورمز، کە خاڵێکی دەمارگیری بازرگانیی [...]
مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە
مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە مەسعوود بابایی مانەوەی گەل، نەتەوە یان کۆمەڵگەیەک لە بارودۆخی چەتوون و دژواری وەک جەنگدا، دۆخێکی جیاوازی دەروونی و جڤاکی دەخوڵقێنێت. سەربازەکان لە دەمی [...]
بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ
بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ کاوە عومەر خۆشناو سەرەتا: بابەتی بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و [...]
یاد و لەبیرچوونەوە
یاد و لەبیرچوونەوە دانا حەمید «ئەوانەی ناتوانن ڕابردوو بەبیر بهێننەوە، مەحکومن بە دووبارەکردنەوەی». (جۆرج سانتایانا)… [واتە، مێژوو تەنها کۆمەڵێک چیرۆکی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە بۆ بینینی داهاتوو. فەرامۆشکردنی هەڵەکان، گەورەترین هەڵەیە [...]







