شۆڕشی کەزی
هیوا جەمال
شۆڕشی کەزی
لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت و پێی دەگوترێت هۆنینەوەی پرچ “کەزی”، تەنیا ئەکتێکی سادەی پشتگیری یان نمایشێکی کاتی نییە؛ بەڵکو بە بڕوای شارەزایانی زانستە سیاسییەکان، ئەمە لە رەهەندە سەرەتاییەکەی دەرچووە و گۆڕاوە بۆ “شۆڕشێکی نەرم” کە تەواوی تێڕوانینە جیهانییەکانی بەرامبەر بە ناسنامە و جەوهەری تێکۆشانی کورد گۆڕیوە. ئەمڕۆ “شۆڕشی کەزی” گوزارشت لە قۆناخێکی نوێی هۆشیاریی نەتەوەیی دەکات.
یەکێک لە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین رەهەندەکانی ئەم جووڵە فراوانەی کەزی ( پرچ هۆنینەوە)، ناسنامەی بەشداربووانێتی. بۆ ماوەیەکی درێژ، دەنگۆ و تێڕوانینێکی باو هەبوو گوایە نەوەی نوێ و گەنجان لە هەستی نیشتمانی دابڕاون و سەرقاڵی ژیانێکی دوور لە خەمە نەتەوەییەکانن، چیدیکە سەرپێسپاردن نەماوە. بەڵام “شۆڕشی کەزی” ئەم تێڕوانینەی بەتەواوی هەڵوەشاندەوە. زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە ریزەکانی پێشەوەی ئەم بەرخودانە مەدەنییەدا دەبینرێن، گەنجان و تازەپێگەیشتووانن. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە هەستی سەرپێسپاردن لەناو ئەم نەوەیەدا نەک کاڵ نەبووەتەوە، بەڵکو بە فۆرمێکی مۆدێرن و کاریگەرتر سەری هەڵداوەتەوە. گەنجان نیشانیان دا دەتوانن لە رێگەی هێماکانەوە، گەورەترین پەیامی سیاسی بگەیەنن و ببنە پێشڕەوی خۆپێشاندانەکان.
شارەزایانی سیاسی پێمان دەڵێن کە “شۆڕشی نەرم” یان بەکارهێنانی سیمبوولەکان بۆ گۆڕانکاری، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە. لە شۆڕشی فەڕەنسادا لە ساڵی 1789، کاتێک ژنانی پاریس رێپێوانێکی مێژووییان بەرەو کۆشکی “ڤێرسای” دەستپێکرد، چەکی سەربازییان بەکارنەهێنا، بەڵکو تەنیا بە هێزی ئیرادە و رێپێوانێکی مەدەنی توانیان پاشایەتیی فەڕەنسا بلەرزێنن. ئەو رێپێوانە بووە سیمبوول تێکشکاندنی ستەمکاریی.
کڵاوی “فریجی” (Phrygian cap) نموونەیەکی دیکەی جیهانییە. ئەم کڵاوە کە رەگەکەی بۆ سەردەمی رۆمەکان دەگەڕێتەوە و دواتر لە شۆڕشی فەڕەنسادا بووە هێمایەکی سەرەکی، هێمای رزگاربوون بوو لە نایەکسانی و هەژموونی چینایەتی. هەر کەسێک ئەو کڵاوەی لەسەر بکردایە، پەیامێکی سیاسیی روونی دەدا: “من ئازادم”. ئەمڕۆ پرچکردن بە کەزی هەمان ئەو رۆڵە دەبینێت؛ بووەتە زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو ئەوانەی تینووی دادپەروەری و ئازادین.
لە مێژووی نێوخۆیی خۆماندا، نموونەی هەرە دیار “جامەدانیی سوور”ە. ئەوەی لە ناوچەی بارزانەوە وەک پۆشاکێکی ناوچەیی دەستی پێکرد، بەهۆی زوڵم و ستەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، گۆڕا بۆ هێمایەکی نەتەوەیی و سیاسیی گەورە. جامەدانیی سوور تەنیا پارچە قوماشێک نەبوو، بەڵکو ناسنامەیەک بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نیشاندانی ئازایەتی.
ئەمڕۆ “کەزی” تەواکاری ئەو مێژووەیە. ئەگەر دوێنێ جامەدانیی سوور رەمزی بەرگریی شاخ و پێشمەرگایەتی بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ کەزی هۆنینەوە بووەتە رەمزی بەرگریی مەدەنیی شار و گەنجان. ئەم شۆڕشە پێمان دەڵێت کورد هەمیشە دەزانێت چۆن لە ناو جەرگەی ئازار و ستەمدا، هێمایەک بۆ ژیان و ئازادی دابهێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
جەمال، هیوا(٢٠٢٦): شۆڕشی کەزی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا
عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ئاگری ئیسماعیلنژاد عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بەهاری عەرەبی، سەرەتای بناغەی ڕەوتێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بوو؛ سیاسەتێک کە تێیدا تیۆریی "گرژیی سفر"ی ئەحمەد داودئۆغلوو وەلا نرا و [...]
سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد
سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد لوقمان قەنبەری سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد ئەمڕۆ جیهانگیری تێگەیشتنی ئێمەی لە سیاسەت و سروشتی کارلێکی نێوان ئەکتەرەکان لە گۆڕەپانە سیاسییەکاندا بە تەواوی گۆڕیوە. لە ڕوانگەی نەریتیی سیاسەتدا [...]
جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛
جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛ لوقمان قەنبەری جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛ وەرگیراوە لە کتێبی «جیهانیبوون و ناسیۆنالیزمی کوردی»، نوێترین بەرهەمی لۆقمان قەنبەری، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان. [...]
کورد، مافی مرۆڤ و جیهانگیری
کورد، مافی مرۆڤ و جیهانگیری لوقمان قەنبەری پاراستنی بەها و کەرامەتی سروشتیی هەر تاکێک بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو زۆر گرنگە، چونکە هەر پێشێلکردنێک بۆ ئەم کەرامەتە دەتوانێت لێکەوتەی بەرچاوی بۆ تاکەکان [...]
زمان و نەتەوە
زمان و نەتەوە ئەشکان باوەڕ زمان و نەتەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زمانەوانیدا دوو چەمکی بنەڕەتین کە لە پێکهێنانی شوناسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵدا ڕۆڵی یەکتر دەگێڕن. زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، [...]
بەناو ڕاپۆرتە شیکارییەکەی قەندیل پرێس و جوڵەی نوێی پەکەکە-پەژاک
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی سەرماوەز ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥): بەناو ڕاپۆرتە شیکارییەکەی قەندیل پرێس و جوڵەی نوێی پەکەکە-پەژاک. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان [...]







