شەڕی ئێران و پرسی کورد: شۆڤێنیزم، دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی هەڵبژاردە
شنە پاسبار
شەڕی ئێران و پرسی کورد: شۆڤێنیزم، دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی هەڵبژاردە
ئێران چووەتە قۆناغێکی بەرچاو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ئاشکرا؛ لەم کاتانەدا ئاراستە سیاسییەکان کە پێشتر تەنیا تیۆری بوون، ئێستا دەبنە ستراتیژ. شەڕ ناکۆکییەکان تیژتر دەکات و نە تەنیا لاوازییەکانی سیستەمی ڕژێمی ناوەند وەدەر دەخات، بەڵکوو پێشینە و خاڵە لاواز و گرنگەکانی ئۆپۆزسیۆنیش زەقتر دەکاتەوە.
یەکێک لە دیارترین ڕەوتەکان لەم قۆناغەدا، هەڵوێستی ڕەزا پەهلەوی و بەشێکی بەرچاو لە گرووپەکەیەتی سەبارەت بە هێزە سیاسییەکانی کورد لە ناو ئێراندا. لە جیاتی ئەوەی ستراتیژێکی ڕوون بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دواتریش نیشاندانی ئێرانێکی دیموکراتیک دیار بکەن، هێز و وزەیەکی زۆر بۆ دژایەتیکردنی کورد و ڕێکخستنە کوردییەکان خەرج دەکەن. هێزە کوردییەکان لە گوتار و لە کەمپەینەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نە تەنیا وەک دژبەر و هێزێکی بەرچاو ناناسرێن، بەڵکوو وەک مەترسییەکی گەورە بۆ یەکپارچەیی خاک پێناسە دەکرێن. ئەم ڕەوتە تەنیا جیاوازیی تاکتیکی نیشان نادەن، بەڵکوو زۆر قووڵتر دەڕۆن:
شۆڤێنیزمێکی بنەڕەتی کە لە زۆربەی ئایدیۆلۆژیای پانئێرانیسمدا بوونی هەیە و بەشێکی زۆری ڕەوتی پەهلەوی ڕێک ڕەچاوی ئەم ئایدیۆلۆژییە دەکەن. ئەگەر ئامانج ئێرانێکی ئازاد بێت، چاوەڕێ دەکرێت سەرنج بخرێتە سەر لاوازکردنی دامەزراوە ئەمنی و دەسەڵاتدارییەکانی ڕژێمی هەنووکەیی. بەرچاوترین خاڵەکانی هێزە کوردییەکان بریتین لە:
* ڕێکخستنی پێکهاتەی حیزبی.
* گرووپ و تۆڕەکانی بەڕێوەبردن و فەرماندەیی.
* هێزی چەکداری ئاشنا بە ناوچەکان.
* سەدەیەک شۆڕش و چالاکیی پتەوی سیاسی.
ئەو هێزانە تەنیا سیمبۆل و هێما نین، بەڵکوو تەنیا هێزی ڕاستەقینەی دژبەرن کە لە ئێراندا بوونیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لەبری ئەوەی هەوڵ بدرێت بۆ پشکنینی بەشداریی سیاسی یان دانانی چوارچێوەیەک بۆ دیموکراتیزەکردنی ئێرانی داهاتوو، کەمپەینەکانی پەهلەوی توانای کورد وەک مەترسییەکی سەرەکی دەبینن. دووبارەکردنەوەی ئەو نیگەرانییەی کە چۆن ڕێگری بکرێت لە بەرفراوانبوونی هەژموونی کورد و هێزە کوردییەکان لە ئێراندا و لە ناوچەکانی خۆیاندا، بووەتە هۆی ئەوەی ئەو دژایەتییە زیاتر بەرچاو بێت وەک لە دژایەتیکردنی دیکتاتۆریی ئێستا. هەر ئەوەش ڕیزبەندیی ترسەکانیان زیاتر ئاشکرا دەکات؛ واتە دیاربوونی پێگەی کورد بۆ ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شۆڤێنیست قورسترە وەک لە ڕژێمی دیکتاتۆر.
میراتی ناوەندگەرایی:
بناغەی ئەو ئایدیۆلۆژییە تەواو مێژووییە. شێوازی دامەزراندنی دەوڵەت لە سەردەمی پەهلەویدا هەندێک خاڵی سەرەکیی هەبوو:
* ناوەندگەراییەکی زۆر خەست.
* یەکسانسازیی کولتووری.
* بەڕێوەبردنی پارێزگا کوردییەکان بە هێزی ئەمنی و چەکدار.
* سەرکوتکردنی هەموو بۆچوونە سیاسییە نافارسییەکان.
بۆ کۆمەڵگەی کورد ئەو سەردەمە بە هێرشی سەربازی، سنووردارکردنی زمان و ئەمنیکردنی سیستماتیکی ناوچەکان دەناسرێت و هەر بۆ ئێستاش بووەتە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ متمانەنەکردن بەو تاقمە. کاتێک دارودەستەی پەهلەوی دروشم و وتاری یەک نەتەوە و یەک ناسنامە زەق دەکەنەوە، بۆ کورد ئەمە نیشانەی گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی یەکسانسازیی زۆرەملی.
شەڕ وەک هاندەری شۆڤێنیزم:
ژینگەی شەڕ هەستی ناسیۆنالیزم تۆخ دەکاتەوە، هەروەها گوتارە دژبەر و ناڕازییەکانیش قەبارەدارتر دەکات. لەم فەزایەدا ڕەوتە پانئێرانیستەکان خۆیان وەک پارێزەری وڵات و نەتەوە نیشان دەدەن و هێزی چەکداری کورد وەک سەرچاوەی نائارامی و مەترسی دەناسێنن. لێرەدا لە جیاتی ناساندنی کورد و هێزی بوونی وەک کارەکتەرێکی بەرچاوی سیاسی و ناوخۆیی کە لە ئەنجامی چەندین دەیە سەرکوت و شەڕ خۆی ڕێکخستووە، وەک هێزێکی جوداییخواز ناوی دێت. ئەم جۆرە گێڕانەوەیە واقیعی سیاسی دەگۆڕێت بۆ مەترسیی ئەمنی و ئاسایشی وڵات، هەر بۆیەش دەبێتە هۆی زۆرتر پەرتەوازەبوونی ئۆپۆزسیۆن.
دەسەڵات لە دوورەوە دروست ناکرێت:
واقیعی سیاسی لە کاتی گۆڕانکاریی گەورەدا تەنیا بە سیمبۆل و هێما دروست نابێت، بەڵکوو پێویستی بە توانای ڕێکخراوەیی، هێزی چەکداری سەر زەوی و تۆڕە ڕێکخراوەیی و دیسپلیندارەکان هەیە کە هەموو ئەو تایبەتمەندییانە لە هێزە سیاسییەکانی کورددا هەن. لە بەرامبەردا، ڕەوتەکانی دەرەوەی وڵات کە هێز و ڕێکخراوەی ناوخۆیان نییە، زیاتر پشت بە میدیا و وتاری ناسیۆنالیزم دەبەستن. کاتێک ئەم وتارانە بەرەو ناحەزکردنی هێزێکی ناوخۆیی دەچن، لاوازبوونی ستراتیژیکی جوانتر دەردەخەن.
ئەگەر ئامانج گۆڕینی ڕژێم و دروستکردنی سیستمێکی پلوڕاڵ بێت، یەکەم هەنگاو دەبێ دانوستان لەگەڵ کارەکتەر و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بێت. بەردەوامیی ئەو دوژمنایەتییانە ئامانجێکی تر نیشان دەدات: پاراستنی مۆدێلی ناوەندگەرایی ناسیۆنالیزم تەنانەت پاش ڕووخانی ڕژێم.
ناکۆکیی بنەڕەتی:
کێشە قووڵەکە تەنیا لە نێوان شاخواز و کۆماریخوازدا نییە، بەڵکوو کێشەی سەرەکی لەسەر دوو شێوازی سیستەمی سیاسییە لە ئێرانی داهاتوودا:
* گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرای توندڕەو کە پلوڕالیزم وەک مەترسی دەبینێت.
* ڕێکخستنی سیستمێکی فرەجەمسەری کە لەسەر بنەمای دانوستانی هێز و ڕێکخراوەکانی ناو ئێران دادەمەزرێت.
شۆڤێنیزم لە ڕەوتی پەهلەویدا نیشان دەدات کە پاراستنی ڕەوایەتیی یەک نەتەوە، لە دامەزراندنی هاوپەیمانییەک کە دژایەتیی حکومەتی ناوەند بکات، گرنگترە. کێشەی داهاتووی ئێران تەنیا بە وتار چارەسەر نابێت، بەڵکوو تەنیا ئەو هێزانەی کە لە نێو خەڵکەوە سەرچاوە دەگرن و دەتوانن ببنە دەنگی میللەت و نەتەوەکان، دەتوانن بە خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای یاسا و داد ببنە چارەسەری تاکجەمسەری و ناوەندگەرایی. پشتگوێخستنی هێزە کوردییەکان و تەنانەت بێبایەخ نیشاندانی ڕۆڵی ئەوان لەو شۆڕشەی ئێستادا، دڵنیایی ئەوە دەدات کە هەر گواستنەوەیەکی داهاتوو – ئەگەر ڕوو بدات – لە جیاتی گفتوگۆ، بە ناکۆکیی قووڵ دەبێت. لە کۆمەڵگەیەکی پلوڕاڵی وەک ئێراندا، بەزۆر یەکسانسازی لە مێژوودا بەرگریی دروست کردووە نەک سەقامگیری.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
پاسبار، شنە(٢٠٢٦):شەڕی ئێران و پرسی کورد: شۆڤێنیزم، دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی هەڵبژاردە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ستراتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچە
هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ستراتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچە دکتۆر ڕامین مەفاخری هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ستراتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە خێرا و قووڵە ستراتیژییەکانی [...]
شەڕی ئێران و پرسی کورد: شۆڤێنیزم، دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی هەڵبژاردە
شەڕی ئێران و پرسی کورد: شۆڤێنیزم، دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی هەڵبژاردە شنە پاسبار شەڕی ئێران و پرسی کورد: شۆڤێنیزم، دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی هەڵبژاردە ئێران چووەتە قۆناغێکی بەرچاو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ئاشکرا؛ [...]
سیناریۆی عێراقیزەکردن بە مۆدێلی ١٩٩١ی ئێران
سیناریۆی عێراقیزەکردن بە مۆدێلی ١٩٩١ی ئێران هەردی مەهدی میکە مەرج نییە بۆ دەستپێکردنی جەنگێک ئەوەی لەسەر کاغەز بە شێوەی پلان دادەنرێت سەد لەسەد جێبەجێبکرێت، بەڵکو گۆڕدراوە مەیدانییەکان و هاوبەشە تازە [...]
دۆزی كورد له كڵاوڕۆژنهی ڕۆژئاوای كوردستانهوه
دۆزی كورد له كڵاوڕۆژنهی ڕۆژئاوای كوردستانهوه دكتۆر سهباح غالیب له دوای جهنگی یهكهمی جیهانی، له تازهترین دابهشكردنی كوردستاندا، بهشه ڕۆژئاواكهی له ههموو بهشهكانی دیكه زیاتر بهر شاڵاوی داگیركهران و نكوولیكردن [...]
ئافرهت له شیعری “دوا سهرنج”ی گۆران و “ئهپۆلۆی ماچ”ی هێمن دا
ئافرهت له شیعری "دوا سهرنج"ی گۆران و "ئهپۆلۆی ماچ"ی هێمن دا دكتۆر سهباح غالیب دوو تێگەیشتن لە دوو ڕوانیندا گۆران و هێمن شنەبای دڵفێنککەرەوەن، هەر یەکەیان جۆرە نەغمە و لای لایەکی [...]
کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا
کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا دانا حەمید لە سەردەمێکدا کە سیاسەت پەردەی شەرمی لەسەر ڕوو لاداوە و گەڕاوەتەوە بۆ جەوهەرە ڕەسەن و دڕندەکەی خۆی، واتە کردەی ڕههای جیاکردنەوەی «دۆست» لە «دوژمن». گەلێک هەیە [...]







