عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا

بەهاری عەرەبی، سەرەتای بناغەی ڕەوتێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بوو؛ سیاسەتێک کە تێیدا تیۆریی “گرژیی سفر”ی ئەحمەد داودئۆغلوو وەلا نرا و لە جیاتی ئەو ڕوانگەیە، لەسەر دوو پێناسەی “ئیسلامی سوننە” و “تورکبوون” هەوڵ درا پێگەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر سنووری دەسەڵاتداریی پێشووی عوسمانلی دابمەزرێتەوە.

تورکیا پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، لە قۆڵی ئیسلامی سوننەوە لەگەڵ دەوڵەتانی میسر و سعوودیە تووشی کێشە هات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئاراستەی کێشەکانی لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە بەو لایەدا ببات کە خۆی دەیەوێت. لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بەهۆی مانەوەی دەوڵەتی ئەسەد و هەروەها قەیران لەگەڵ میسر و سعوودیە، بە شێوەیەکی کاتی یان ڕواڵەتی، وازی لە قۆڵی سوننە-عەرەبی هێنا.

لە قۆناغی پاش ٧ی ئۆکتۆبەر و ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا، تورکیا بە یارمەتیی پرسی فەلەستین کە ئێستا وەک پرسێکی ئیسلامی سەیری دەکرێت، هەوڵی دا سەرلەنوێ ستراتیژیی “پرۆکسی‌سازی” لە سنووری وڵاتانی عەرەبی-سوننەدا دەست پێ بکاتەوە؛ بەو جیاوازییەی ئەمجارەیان خۆی لەوە دەپاراست بەرەوڕووی بەرژەوەندییەکانی میسر و سعوودیە ببێتەوە. لە پێناو ئەم خۆدوورخستنەوەیەشدا، زیاتر پێداگریی لەسەر پرسی فەلەستین و دژایەتیکردنی ئیسرائیل دەکرد.

لە قۆناغی پێش ٧ی ئۆکتۆبەردا، دەوڵەتی ئیسرائیل دزەکردنی تورکیا و ئێرانی لە جوگرافیای سوننە-عەرەبیدا وەک دەرفەتێک بۆ خۆی دەبینی؛ چونکە ئاکامی ئەو دزەکردنە ببووە هۆی ڕووخانی دەوڵەتانی عەرەبی و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتانەدا. ڕوونە کە لێرەدا ئیسرائیل بناغەی ئاسایشی نەتەوەییی خۆی لەسەر مەترسییە کلاسیکییەکانی وەک دوژمنایەتیی دەوڵەتانی عەرەبی دانابوو، هاوکات دڵنیابوو لەوەی گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان، هەرچەندە دژی ئیسرائیلن، بەڵام لەو پێگەیەدا نین مەترسیی بنەڕەتی بن.

٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەوەی دەرخست کە گرووپە چەکدارە دژە ئیسرائیلییەکان، لە ڕێگای بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلەوە، دەتوانن ئاسایشی ئەم وڵاتە تووشی قەیرانی بنەڕەتی بکەن. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، هێرشی گرووپە جیاوازەکان بۆ سەر دامەزراوە، جەژن و کۆمەڵگە جووەکان لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەر (بە تایبەت هێرشی ١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ لە سیدنیی ئوسترالیا)، ئاسایشی ئیسرائیلی تووشی ئەو قەیرانە کردووە کە هەر شوێن و کەسێکی جوو ببێتە ئامانجێکی فەرمی بۆ پەلاماری گرووپە ئیسلامییەکان.

ئەگەر دیاردەی بەئامانجگرتنی دامەزراوە و کۆمەڵگە جووەکان، لەگەڵ ستراتیژیی بەرەوڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل (کە لە چوارچێوەی “گەمارۆی ئاگر”دا تیۆریزە کراوە) بخەینە پاڵ یەک، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی پێویستە ئاسایشی نوێی ئیسرائیل گرێ بدرێتەوە بەوەی چ وڵاتێک ڕکێفی پرسی فەلەستینی بەدەستەوەیە و چ گرووپێکی ئیسلامی دروشمی دژە ئیسرائیل دەدات.

بەپێی ئەم ڕوانگەیە، ئەگەر سەیری سیاسەتی تورکیا لە پاش ڕووخانی ئەسەد بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە:

١- تورکیا بۆ پێشخستنی ستراتیژیی نێودەوڵەتیی خۆی و خەونی وەدیهێنانی “عوسمانلیی نوێ” لە جوگرافیای سوننە-عەرەبیدا، دژایەتیی ئیسرائیلی وەک یەکێک لە بناغەکانی هەڵسوکەوتی خۆی داناوە و هەوڵ دەدات ڕکێفی پرسی فەلەستین لە ناوچەکەدا بەدەستەوە بگرێت.

٢- سەیر نییە کە تورکیا لەسەر خوانی “گەمارۆی ئاگر”ی کۆماری ئیسلامی دانیشێت و هەمان ڕێچکە بکاتە ژێرخانی سیاسەتی ناوچەییی خۆی.

٣- تورکیا سیاسەتی “پرۆکسی‌سازی”ی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی لە ساڵی ٢٠١٠وە پەیڕەو کردووە؛ ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جووەکانی دەرەوەی ئیسرائیل، تەنانەت ئەگەر پێکهاتەی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل هێندە قایم بێت کە ئەو گرووپانە نەتوانن زەفەری پێ ببەن.

کەواتە، تورکیا هاوکات لەگەڵ خەونی عوسمانلی، دژایەتیی ئیسرائیلی کردووەتە بناغەی کارەکانی. لەبەر ئەوەی ئیسرائیل بەرانبەر بە تاک و ڕێکخراوە جووەکان لە هەموو جیهاندا بەرپرسیارە، تورکیای عوسمانلی دەبێتە نوێترین مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل.

هاوکات دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت کە مان و نەمانی پرۆکسییەکان گرێدراوە بەوەی تا چەند دەوڵەتی خاوەن‌پرۆکسی پشتگیرییان لێ دەکات. بۆ نموونە حیزبوڵڵای لوبنان؛ ئەم حیزبە دوو جار تووشی زەبری گورچووبڕ بووە (لە ٢٠٠٦ و جارێکی تر لە ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥)، بەڵام مەترسییەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لاواز نەبووە، چونکە هەمیشە بە یارمەتیی ئێران برینەکانی ساڕێژ کردووەتەوە. لێرەدا دەکرێت بڵێین “دۆکتۆرینی سەری ئەختەبووت” باشترین ڕێگەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆکسییەکان.

ڕوونە ئیسرائیلییەکان هەستیان بەم مەترسییە نوێیە کردووە، بۆیە بەشدارنەبوونی سوپای تورکیا لە “هێزی ئاشتیی غەزە” وەک هێڵی سوور دادەنێن. ئەگەر پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک زنجیرەیەک ببینین، لێرەدا پرسێکی کۆنتر لە فەلەستین دێتە گۆڕێ، ئەویش پرسی کوردە. تورکیا پرسی کورد لە “ڕۆژئاوا” بە مەترسیی سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت. ئەگەر ئیسرائیل، میسر و سعوودیە پشتگیریی پرسی کورد لە سووریا بکەن، هەبوونی هەرێمێکی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا تووشی قەیرانێکی ناوخۆیی دەکات کە خەونی عوسمانلی لەبار دەبات.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بە هەڵوەشانەوەی پەکەکە (کە تورکیا وەک پاساو بۆ دژایەتیی ڕۆژئاوا بەکاری دەهێنێت)، پرسی کورد لە تورکیا کۆتایی نایەت، بەڵکوو ئەگەری هەیە هێزێکی نەتەوەیی جێگەی بگرێتەوە کە بۆ دەوڵەتی تورک مەترسیدارتر بێت؛ هێزێک کە وەک پەکەکە میراتگری ڕێبازی چەپ نەبێت و دژایەتیی ئیسرائیل وەک پرەنسیپ نەبینێت.

بۆ کۆکردنەوەی باسەکە، دەبێت بڵێین: دۆستایەتیی ستراتیژیی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و ئیسرائیل، هەم “گەمارۆی ئاگر”ی ئێران تووشی کێشە دەکات و هەم جێگرەوەی ئێران لە سووریا (واتە تورکیا) تووشی قەیران دەکات. ئەم دۆستایەتییە بە قازانجی هەردوولایە؛ ئیسرائیل ئاسایشی نەتەوەیی خۆی پێ دەپارێزێت و کوردیش مانەوە و شەرعییەتی نێودەوڵەتیی خۆی پێ زامن دەکات.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٥ی بەفرەنبار ٢٧٢٥ی کوردی

ئیسماعیل‌نژاد، ئاگری(٢٠٢٥):عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!